بنکۆڵکاری: گەڕان بەدوای خودێکی ونبوو لەنێو وێرانکاریی و ترس لەدوژمنێک، کە بەهێواشی هەنگاودەنێت

گەڕان بەدوای خودێکی ونبوو لەنێو وێرانکاریی و ترس لەدوژمنێک، کە بەهێواشی هەنگاودەنێت

لەمیا ئەحمەدو سەعد وەردی

لەناوەراستی حوزەیرانی ٢٠١٤دا فەرمانڕەواکانی عێراق بەسەر زنجیرەیەک شکستی سەربازیدا خەبەریان بووە، کە بوونە هۆی شپرزەیی دامودەزگاکانی ئەمنی و ئیداری و سیاسی و دەوڵەت کەوتە سەر لێواری روخان، لەگەڵ هەڕەشەکانی “سوپاکانی دەوڵەتی ئیسلامی” بەوەی کە لەسنورەکانی خۆرئاواو باکوری بەغدا نزیک بوونەتەوە.

لەکاتێکدا باوەڕ ناکرێ نەبەغداو نەهیچ پایتەختێکی جیهانی بەخێرایی لەلایەن رێکخراوی “داعش”ەوە کۆنتڕۆل بکرێن، کەچی لەبونیادنانی هێڵی بەرگرتن لەدەوروبەری بەغداو کەرکوک و سامەڕادا سەرگەردانی پێوەدیاربوو، ئا لەم کاتەدا فەتواکەی “جیهادی کیفائی” مەڕجەعی نەجەف راگەیەنرا بەمەبەستی دانانی هێڵی بەرگرتنی یەکەم، نەبادا بەغدای پایتەختی عێراق و شارەکانی دیکەی باشووری شیعەنشینەکان داگیربکرێن، ئەمەش لەڕێگەی پێکهێنانی هێزی بەرگری میللییەوە کەدواتر بەحەشدی شەعبی ناسران.

رۆژنامەنوس محەمەد ئەمیر کە لەوکاتەدا لەو شوێنانە بوو، دەڵیت “شۆکەکە زۆر گەورە دەبوو، ترسیش باڵی بەسەر وڵاتدا دەکێشا، ناوەندەکانی دەرکردنی بڕیارە ئەمنی و سیاسییەکانیش سەرگەردان ببوون، تائەوکاتەی فەتواکەی مەڕجەعیەت دەرکرا هیچ کەسێک نەیدەزانی چ شتێک پێویستە لەسەری ئەنجامیبدات”.

وتیشی “دوای راگەیاندنی فەتواکە دەتتوانی لەهەر ماڵێکی شیعەمەزهەبدا ژمارەیەک خۆبەخش بدۆزیتەوە، لەنێویاندا هەرزەکارو بەساڵاچوو هەبوون، لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا لەنێو باڵەخانەی خوێندنگاکان و گۆڕەپان و بارەگا حزبییەکان کۆببوونەوە، لەوکاتەدا ئەو ناوەندانەی بۆ ناوسکردنی خۆبەخشان کرابوونەوە، هیچ پلانێکیان نەبوو، نەیاندەتوانی ئەم خەڵکە زۆرە وەرگرن و ناونوسیان بکەن”.

هێماشی بۆ ئەوەکرد کە ئەو پەیامەی لەتەلەعفەرو موسڵەوە هات روون بوو “بۆیە هەر شیعەمەزهەبێک ١٣ ساڵی تەمەنی خۆی تێپەڕاندبێ هەڕەشەی کوشتنی لەسەر بوو بەدەستی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، لەبەر ئەمە ژمارەی خۆبەخشان زۆر بوو، هەرزەکارانیش دەهاتنە نێو ریزی خۆبەخشان”.

ئاشکرابوو کە دەوڵەت و دامەزراوەکانی لەبەرامبەر داڕمانە خێراکەی سوپای نیزامیدا ئەو توانەیەیان نەبوو بەپەلە هێزێکی وەک حەشد پێکببهێنن، بێجگە لەوەی هیچ دیدگایەکی روونیان نەبوو، لەبەر ئەوە ئەرکەکەیان بۆ رێکخراوە حزبییە چەکدارەکان جێهێشت”.

بەمشێوەیە هێزەکانی حەشد ملکەچی رێکارە یاساییەکان نەبوون بەتایبەت لەوەی پەیوەست بوو بەشێوازی کارکردن و مەرجەکانی وەرگرتنی خەڵک و چەکدارکردنیان، بۆیە “ئاسایی بوو کەسانی تەمەن بچوک و هەرزەکاران بێنە ناو ریزەکانییەوە”. وەک شێخ جەواد کینانی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی لە گروپی “عەسائیبی ئەهلی حەق” روونیدەکاتەوە.

کینانی (٤٩)ساڵەو پێشتر لەنوسینگەی ئەو بزوتنەوە چەکدارییەی کە تێیدا ئەندامە لە شاری صەدردا خۆی سەرپەرشتی خۆبەخشینی سەدان چەکداری کردووە بەچەکداری هەرزەکاریشەوە، دەڵیت “رۆڵی من سەرەتا ئاسانکاریکردن بوو لە ناردنی خۆبەشەکان  بۆ بەرەکانی شەڕ بێگوێدانە راهێنان و ئامادەکردنیان، تەنانەت هەندێکیان چەکەکانی خۆیان هێنابوو، لەبەر ئەوەی چەکی پێویست لەبەردەستدا نەبوو”.

کینانی دەربارەی رەزامەندی نیشاندان لەسەر داواکاری چەکدارکردنی ئەوانەی کەنەگەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خۆیان پاساو دێنێتەوەو دەلێت “وڵات لەو کاتەدا لەدۆخێکی ئاژاوەدابوو، دوای ئەو داڕمانەی سوپاو دەستبەرداربوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەپاڵپشتیکردنی حکومەتەکەی نوری مالیکی(سەرۆک وەزیرانی پێشوو)و پەرتوبڵاوبوونی چینی سیاسی”.

ئەم پیاوە کەبە پێشەنگی ئەو کەسانە دادەنرێت لەشاری صەدردا بەدەم بانگەوازو فەتوای جیهادەوە چوو، وتیشی “چەکدارکردنەکە کەوتبووە ژێر چەند ئیعتیباراتێکی ئەو قۆناغە، کە بارودۆخێکی نائاسایی سەپاندبووی”. لەبەر ئەوە بەشێوەیەکی “هاکەزایی” و بەبێ وردبینیکردن لەتەمەنی خۆبەخشان وەرگیران و پێشوازیان لێکرا.

یاساکانی رەتکردنەوەی بەسەربازگرتن

هیچ دەقێکی یاسایی نییە لەپێکهێنانی حەشدی شەعبیدا پشتی پێببەسترێت، بەڵکو فەتوای جیهادی کیفائیە وایکردووە هێزەکەی حەشد بەهەموو گروپ و پێکهاتە جیاجیاکانییەوە پێکبهێنرێت.

ریاز جەبارە بەهادلی، توێژەرێکی بواری یاسای نێودەوڵەتییە لە کەربەلا، دەلێت “سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی دووجار هەوڵیداوە هێزەکەی حەشد بخاتە ژێر دەسەلاتی دەوڵەت، بەڵام شکستی هێناوە، یەکەمینیان لەڕێگەی پڕۆژە یاسایەکەوە بوو بەناوی “پاسەوانی نیشتیمانی” کە دامەزراوەیەکی ئەمنی فەرمییەو دەبێ چەکدارە نا نیزامییەکانی شیعەو سوننە وەرگرێت، بۆ ئەوەی لەدەست سەرکردەی گروپ و سەرۆک هۆزەکان دەربهێنرێت، دووهەمیشیان ئەوکاتە بوو کە لە١٠ی نیسانی رابردوودا بریاردرا هێزەکەی حەشد ملکەچی یاساکانی سەربازی بکرێت، بەڵام بڕیارەکە شکستی هێنا، بەپێی یاسای سزادانیش دەبێ کەسانێک ملکەچی بن کە تەمەنیان لەسەرووی ١٨ ساڵییەوە بێت.

بەبۆچونی ئەم توێژەرە، هێزەکانی حەشدی شەعبی بەهۆی چەکدارکردنی نەوجەوان و هەرزەکارانەوە بەرامبەر بەیاساکانی عێراقی و بەڵگەنامە نێودەولەتییەکاندا “سەرپێچییەکی راشکاوانەیان” ئەنجامداوە، یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٠ کە یاسای خزمەت و خانەنشینی سەربازییە مەرجی تەمەنی ١٨ ساڵی داناوە بۆ خۆبەخشین،  هەروەها یاسای (خزمەتی سەربازی بەزۆر)ی عێراقی ژمارە ٦٥ی ساڵی ١٩٦٩، خزمەتەکەی بەسەر رەگەزی نێردا سەپاندووە بەو مەرجەی تەمەنی لەسەرووی ١٩ ساڵییەوە بێت.

بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانیش لەمبارەیەوە لەگەڵ رۆحی یاساکانی عێراقیدا جیاواز نین، لەپرۆتۆکۆلی رێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ سەبارەت بەبەشداریپێکردنی منداڵ لەململانێ و ناکۆکییە چەکدارییەکان، ژمارە ١٨٢ی ساڵی ١٩٩٩دا هاتووە “بەزۆر چەکدارکردن و بەسەربازگرتنی منداڵ بۆئەوەی لەناکۆکییە چەکدارییەکاندا بەکاربهێنرێن قەدەغەیە”. ئەم یاسایە تەمەنی منداڵێتی دەستنیشانکردووە کە خوار ١٨ ساڵییە، ئەمەش لەگەڵ یاسا ناوخۆیەکاندا ناکۆک نییە.

خۆبەشن ناچارنەکراون

لەگەڵ ئەوەشدا شێخ جەواد کینانی لەو بروایەدایە “هیچ کێشەیەک نییە لەوەرگرتنی هەرزەکاران، تائەوکاتەی لەچوارچێوەی بەزۆر چەکدارکردندا نییە”. دەشڵێت “ئەم خۆبەخشانە خۆیان ئارەزوویان لەروبەڕوبوونەوەی چەکدارییەو هیچ کەسێک ناچاری نەکردوون، لەمانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوو تائێستا دەیان کەسیان لە ناوچەی صەدر لەشاری بەغدا خۆیان ناونوسکردووەو هاتوون بێئەوەی هیچ کەسێک فشاری کردبێ یان ناچاری کردبن”.

یەکێک لەو هەرزەکارانەی لەنوسینگەکەی شێخ کینانیدا وەک خۆبەخش خۆی ناونوسکردبوو، ناوی عەباس جومعە بووەو تەمەنی ١٦ سالان بووەو بەمدواییانەو لەتەمموزی ٢٠١٤دا پەیوەندیکردبوو بەچەکدارانی “سرییەکانی ئەنساری عەقیدە” لە ئەنباڕ.

ئەو کاتە هێشتا شارەکە نەکەوتبووە دەست رێکخراوی”داعش”، ئەمەش وای لەحکومەتی عێراقی کردووە بەپەلە کەرتە سەربازییەکانی ناوچەکە بەهێز بکات بەناردنی سەدان خۆبەخش.

عەباس تەنها دوو رۆژ لەئەنباڕدا مایەوە، گوللەی قەنناس بەدەستێک کوشتی و دواتر لەنێو تابوتێکی لەتەختە دروستکراوی بەئاڵای عێراقی داپۆشراودا رەوانەی گۆرستانی”وادی سەلام”کرا لەشاری نەجەف.

مەترسیدارترین شەڕەکان

عەباس مەشقێکی گونجاوی پێنەکرابوو لەسەر بەکارهێنانی چەک، ئەمەش حاڵی زۆربەی خۆبەخشە مێردمنداڵەکانە، وەک لێدوانی کەسوکارەکانیان ئاشکرایدەکەن، گروپەکان تەنها پشتیان بەستووە بەخولی مەشقی خێرا، تەنها چەند وانەیەکیان وەرگرتووە لەبوارەکانی هەڵوەشاندنەوەو پێکهێنانی کلاشینکۆفی عەیار 7.62 ملیم ، هەروەها لەبواری تەقاندن و هاویشتن، و بەربڵاوبوون و خۆپاراستن لەکاتی روبەڕوبوونەوەکاندا.

عەقیدی خانەنشینکراو ئەحمەد عەبدولحوسێن(٦٥ ساڵ) کەلەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە لە شەڕە جۆراوجۆرەکانی پێشووتری عێراقدا بەشداری کردووە، ئێستاش راهێنەرە لەسەربازگەکانی حەشدی شەعبی لەپارێزگای زیقاڕ، دانبەوەدا دەنێت منداڵان لەشەڕەکاندا بەشداربوون و ئەمەش کارێکی “ئێجگار مەترسیدارە”، “چونکە ئێمە شەڕی پارتیزانی و ناوشار دەکەین، ئەمانەیش مەترسیدارترین و ئاڵۆزترین جۆرەکانی شەڕن”.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا عەبدوڵحوسێن خۆی مەشق و راهێنان بە منداڵان دەکات لەسەر بەکارهێنانی چەک.

– بۆچی؟

– لەوەڵامدا دەڵێ “چونکە بارودۆخی شەڕی ئێستا وادەخوازێ”.

ئامادەکارانی ئەم بەدواداچوونە ناوی ٥٨ مێردمنداڵیان دەستکەوتووە کە لەخوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوەن و لەمانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ەوە  لەسەربازگەکانی ناوچەی شیوخ لەلایەن عەبدولحوسێنەوە مەشقیان پێدەکرێت و لەم ژمارەیەدا ٢٠ یان لەبەرەکانی جەنگی دژ بەرێکخراوی”داعش”دا کوژراون.

ئەم مەشق و راهێنانە لەگۆڕەپانی خاڵییەوە ئەنجامدراون، عەبدوڵحوسێن بەپێی شارەزاییە سەربازییەکەی رەتیدەکاتەوە گۆڕەپانەکان ناوبنێت “سەربازگە” بەهۆی نەبوونی مەرجی گونجاوەوە.

تائێستا هیچ ئامارێکی فەرمی تایبەت بەکوژراوانی چەکدارانی حەشدی شەعبی لەبەردەستدا نییە، هاوکات گروپەکانی ناو حەشدی شەعبیش نایانەوێ دەربارەی ژمارەی کوژراوان قسە بکەن، بەڵام جەواد طائی (٣٦ ساڵ) گۆڕهەڵکەنێکە لەگۆڕستانی نەجەف، کە بەگۆرستانی سەرەکی موسڵمانانی شیعە دادەنرێت لەعێراقدا، دەڵێت “رۆژانە تێکڕای ١٠ کوژراو لەم گۆڕستانەدا دەنێژرێن”. ” هەندێکجاریش کە شەڕ روودەدات ئەم ژمارەیە زیاد دەکات. روونیشیکردەوە کە “لەدوای دەرچوونی فەتواکەدا ژمارەکە ٤٠٠٠ شەهیدی تێپەڕاندووە”.

بەهەمان شێوە تەرمنێژ و گۆڕهەڵکەن عەبدولئەمیر حوسێن ئەبو ئوسەیبەع، هاوڕایە لەگەڵ ئەو ژمارەیەی جەواد تائی، ئاشکرایدەکات، بەپێی کارەکەی ئاماژەدەدات بەوەی لەهەر ١٠ کوژراودا یەکێکیان منداڵە یان هەرزەکار، ئەوەشی وت کە “ژمارەکە لەپێنج  مانگی دوای راگەیاندنی فەتواکەدا زۆر زیاتر بوو بەهۆی ئەو دۆخە ئاژاوەئامێزەی لەوکاتەدا هەبوو”.

هەرچی دەربارەی ژمارەی کوژراوانی سوننەمەزهەبی سەر بەهێزەکانی حەشدی شەعبییە، زەحمەتە بەتەواوەتی بزانرێت، چونکە ئەوان لەگۆڕستانی تایبەت بەتایفەکەیان دەنێژرێن، وەک گۆڕستانی حەسەن بەصری لەقەزای زوبێری سەر بەپارێزگای بەسرە.

 

تۆڵە یان ئابڕوچوون

وێڕای کەمی مەشق و راهێنانەکان، چەکدارانی حەشدی شەعبی چەکی گونجاویان بەدەست نەگەیشتووە بەشێوەیەک بتوانن بەهۆیەوە روبەڕووی رێکخراوی”داعش”ببنەوە، بەپێی چەند سەرچاوەیەک سەرەتا چەکی کلاشینکۆف و رەشاشی مامناوەندی جۆری”بی کەی سی” و چەکی”ئار پی چی 7″ بۆ هێزەکە دابینکراوە، لەکاتێکدا “داعش” چەکی رەشاشی قورسی دوورهاوێژی هەبوو کە سەرەتا کاریگەری زۆری هەبوو زیانێکی گەورەی گیانی بەهێزەکانی حەشدی شەعبی گەیاندووە.

هەندێک لەچەکدارانی حەشدی شەعبی لەسەر حسابی خۆیان چەکیان کڕیوە، خانەوادەی چەکدار لازم یەحیا صەعێجل لە ناحیەی عەزیری سەر بەپارێزگای میساندا نیشتەجێن. لازم یەحیا سەر بەگروپی”درعی شیعە”بوو، لەمانگی نیسانی ٢٠١٥ لەناحیەی عەلەمی سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین و لەمیانی شەڕێکی قورسی هێزەکەی لەگەڵ”داعش”دا کوژرا.

ناحیەی عەزیر ناوچەیەکی لادێیەو لەسەر کەناری روباری دیجلەیە، کە لە ناوەڕاستیدا مەزارگەی پێغەمبەری خوا عەزیر هەیە، یان عەزرا کوڕی شەریا. دانیشتوانەکەی پابەندن بەنەریتێکی عەشایەری بەتین، زۆرجار لەم ناحیەیەو شوێنەکانی دیکەی دەوروپشتیدا پێکدادانی چەکداری روودەدات و خەڵکەکەی جۆرەها چەکی سوک و مامناوەندیان هەیە.

مێردمنداڵ عەبدوڵلا لازم یەحیا صەعێجل(١٥ ساڵ) دوای کوژرانی باوکی و بەمەبەستی جەنگان دژی”داعش”و “تۆڵە”ی خوێنی باوکی، پەیوەندیکردووە بە گروپی”جوندی ئیمام”، کەیەکێکە لە گروپەکانی سەر بەهێزەکانی حەشدی شەعبی،

عەبدوڵلا چەند رۆژێک لەسەر بەکارهێنانی چەکی سوک مەشقی پێکراوەو پێیوایە پێویستی بەمەشق نییە، بەو پێیەی لەماڵی خۆیاندا دوو چەکی کلاشینکۆف و رەشاشێکی مامناوەندی هەیەو دەتوانێ هەردووکیان بەکاربهێنێت، هەروەها دەزانێت هاوەنی عەیار 60 ملیم بەکاربهێنێت، بەوەی کە هۆزەکەیان ژمارەیەک هاوەنی لەم جۆرەی هەیەو هەندێکجار لەپێکدادن و ناکۆکییە عەشایەرییەکاندا بەکارهاتوون، ئەو بەدەنگێک هەوڵیدەدا گەورەکان بترسێنێت، سوێند بەگۆڕی پێغەمبەر عەزیر دەخوات، تا تۆڵەی باوکی دەکاتەوە دەجەنگێت و دەکوژێت، وتیشی “شکست و دانیشتنی من، بۆتاهەتایە ئابڕوی خۆم و هۆزەکەم دەبات”.

رەخنەگرتن  رەتدەکرێتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لەحوزەیرانی رابردووداو لەمیانی بەشداریکرنی لەکۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی تایبەت بەدانانی سنورێک بۆ چەکدارکردنی منداڵان لەلایەن”داعش”دا، وتی “ئەم کۆنگرەیە پەیامێکە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان تا سەرنجبدەنە مەترسیەکانی چەکدارکردن و بەسربازگرتنی منداڵان”، وتیشی “منداڵێتیی لاپەڕەیەکی سپییە نابێ بۆ کوشتن و سەربڕین و تەقاندنەوە بقۆزرێنەوەو بەکاربهێنرێن”. بەڵام عەبادی لەوتەکەیدا نەچووە سەر چەکدارکردنی منداڵان لای گروپەکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن حکومەتەکەیەوە بەفەرمی ناسراوەو دانیپێدانراوە، وێڕای ئەوەی مەترسییەکان لێرەو لەوێ وەکو یەکن، لەگەڵ هەبوونی جیاوازی لەبارەی سروشتی چەکدارکردن و میکانیزمەکانی.

هەڵوێستی فەرمی حکومی دەربارەی ئەم دیاردەیە تەنها رەتکردنەوە بووە، کە هاوکات هەڵوێستی گروپەکانی حەشدی شەعبیشە، ئەوەتا کەریم نوری وتەبێژ بەناوی گروپەکان دەڵێت “ئێمە بەدەست کەمی ژمارەی پیاوانەوە ناناڵێنین و لەوانەش نین کردەوەی خۆکوشتن ئەنجامبدەین تا بڕۆین منداڵان بهێنینە ریزەکانمان و چەکداریان بکەین”. بەڵام ناوبراو بەدووری نەزانی هەندێک هەرزەکار پەیوەندییان بەشەڕەکانەوە کردبێ “بەوپێیەی سوودیان لەم ئاژاوەیە بینیوە کەلەدوای کەوتنی موسڵەوە هاتۆتەئاراوە”. ئەم کارەشی بە”زۆر سنووردار” وەسفکرد.

بەیرەق ئیبراهیمی(ناوێکی خوازراوە) بەڕێوبەری رێکخراوێکی ناحکومیی مافەکانی مرۆڤە لەشاری نەجەف، دەڵیت “ئەرکە لەسەر حکومەتی عێراقی پابەند بێ بەدیسپلین و یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، کە رێگرن لەبەردەم بەسەربازگرتنی منداڵاندا”.

ئیبراهیمی لەرووی ئەمنییەوە ترسی هەبوو، بۆیە داوایکرد ناوە راستەقینەکەی ئاشکرانەکرێت، وتی “رێکخراوە مەدەنییەکان لەعیراقدا دەترسن رەخنە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی بگرن”. پێشیوایە “ئەمە هێڵی سوورەو زۆر کەس ناوێرێ تێیپەڕێنێ،” لەکاتێکدا وڵات لەدۆخێکی پڕ لەگرژیدایەو هەستی مەزهەبی باڵی بەسەردا کێشاوە.

ئاماژەشیدا بەوەی کە ” ئەوەی بەئاشکرایی رەخنە لەچەکدارکردنی مندالان بگرێ، خۆی دەخاتە بەردەم توڕەیی گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبییەوە، چونکە بەبۆچونی ئەوان رەخنەی لەم شێوەیە رێگریکردنە لەبەردەم جیهاددا”. پێشیوایە هەر لەبەر ئەمەیە دەزگاکانی راگەیاندنی ناوچەکە چاوپۆشی لەم دیاردەیە دەکەن.

جیهاد و خوێندن

ئەحمەد صافی، باوەڕپێکراوی مەڕجەعی باڵا عەلی سیستانی، لەوتاری نوێژی هەینی رێکەوتی ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥ داوای لەخوێندکاران کرد پەیوەندی بەخولەکانی مەشق و راهێنانی چەک بکەن، داواکارییەکەش گشتی بوو لەکاتێکدا بوو پشووی هاوینە بوو دەویسترا سوود لەکاتەکە وەربگیرێت، هەروەها داوایکرد خۆیان ئامادەبکەن بۆ روبەڕوبوونەوەی مەترسی گروپە تیرۆریستییەکان کە لەبەرەوپێشچوونی بەردەوامدان. هەر دوای چەند رۆژێکی کەم گروپە چەکدارەکان هەوڵی خۆیان خستەگەڕ بۆ پێشوازیکردن لەسەدان خوێندکار و مەشقپێکردنیان.

لەمبارەیەوە توێژەر محەمەد موسا زەیدی دەلێت “گروپە چەکدارەکان هەمیشە ناڕوونبوونی هەندێک لەرێنماییەکان بۆخۆیان دەقۆزنەوە کەلەلایەن مەڕجەعە شیعییەکانەوە رادەگەیەنران و رێگە نەدراوە بچنە نێو وردەکارییەکانەوە. بۆ نموونە “(مەڕجەعیەت) چەکدارکردنی منداڵانی قەدەغە نەکردووە هەروەک تەئکیدیشی لێنەکردۆتەوە، لەمەشدا پێکهاتە چەکدارییەکان کەشێکی گونجاو دەبینن بۆ چەکدارکردنی خوێندکاران بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەرجەکانی تەمەن”.

لەدووری ٣٠ کم لەکەربەلاوە بەئاراستەی خۆرئاوا، سەربازگەی رەزازە لە حوزەیرانی ٢٠١٥دا بەدوو شیفت ٦٠٠ خوێندکاری خوێندنگاو زانکۆو پەیمانگاکانی وەرگرتووەو دوو خولی مەشق و راهێنانیان بۆکراوەتەوە، ئەم سەربازگەیە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر گۆڕەپانێک بوو تایبەتکرابوو بەمەشق و راهێنانی گروپەکانی حەشدی شەعبی لەسەردەستی راهێنەرانی پیشەگەری لوبنانی و ئێرانی.

پرۆگرامی رۆژانەی مەشقەکان لە کاتژمێر چواری بەرەبەیانەوە دەستپێدەکات و تا چواری ئێوارە بەردەوام دەبێ، بەدرێژایی ئەم ماوەیە تەنها سێ کاتژمێر پشووە، هەرچی کاتژمێرەکانی دیکەیە دابەشدەبێتە سەر راهێنانی وەرزشی و وانەی تەکتیکی و زانستی و مەشق لەسەر جۆرەها چەکی سوک و ناوەڕاست.

لەمیانی مەشق و راهێنانەکاندا زۆربەی خوێندکارەکان بەبێ دوو دڵی دەستبەکاربوون، تەمەنیان لەنیوان ١٥ و ٢٣ ساڵیدا بوو، ئەوان خۆیان ئامادەدەکرد بۆ ئەوەی ئەگەر پێویست بکات پەیوەندی بەبەرەکانی شەڕی دژ بە’داعش”ەوە بکەن، بەڵام هەندێک لەخوێندکارەکان بەکردار ئەم کارەیان ئەنجامداو بەشداریان کرد.

ئەحمەد عەبدولعەباس(١٧ سال) دەلێت “بڕیارمدا لەدوای کۆتاییهاتنی خولی مەشقی سەربازگەی رەزازەدا پەیوەندی بە لیوای ٩ی ئەبو فەزڵی عەباسی هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە بکەم، کە لەقەزای بێجی سەر بەپاریزگای سەڵاحەدینە.

هۆکاری راگەیەنراوی پەیوەندیکردنەکەی ئەحمەد، شەڕکردن بووە دژی”داعش” ئەو هێزەی پێیوایە مەترسییە بۆسەر شاری کەربەلاو مەزارگە پیرۆزەکانی.

بەلام ئەمە رێگر نییە لەبەردەم هەبوونی هۆکاری دیکەی پەیوەست بەسەرکەوتوو نەبوونی لەخوێندن و مەینەتییەکانی هەژاریی خانەوادەکەی. خانەوادەکەی لەناو خانوێکی سادەی یەکێک لەکۆڵانە هاکەزاییەکانی گەڕەکی نەسری باشوری کەربەلا نیشتەجێیە، ئەو مووچەیەی هەر چەکدارێکی حەشدی شەعبی وەریدەگرێت ٧٥٠ هەزار دیناری عێراقییە(نزیکەی ٥٧٠ دۆلاری ئەمریکی) بڕێکی زۆر گرنگە بۆبەخێوکردنی کەسوکارەکەی. ئەحمەد وتیشی “جیهاد لەپێش خوێندنەوەیە، چونکە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی رەزامەندی خوداو باوکم”.

ئیمتیازاتی تایبەت

ئەندامانی حەشدی شەعبی بێجگە لەمووجەکانیان ئیمتیازاتی دیکەیان هەیە، بەشێوەیەک هەندێک لەدەسەلاتەکانی پارێزگاکان زەوی و پارەیان داوە بەبرینداران و کەسوکاری کوژراوان، ئەنجومەنی پارێزگای کەربەلا مانگی ئایاری رابردوو بڕی ١٠ ملیۆن دیناری دا بەخانەوادەی هەر کوژراوێکی حەشد هەروەها بڕی ٥ ملیۆن دیناریشی دا بەخانەوادەی هەر بریندارێک.

قەبارەو بڕی ئیمتیازاتەکان و خێرایی وەرگرتنیان پەیوەندی بەدەسەڵات و نزیکی هەر گروپێکەوە هەیە لەپارتە شیعییە جێبەجێکارو دەسەڵاتدارەکان، هەروەها پشت بەوەدەبەستێت ئاخۆ گروپەکە تاچەند هاوکاری دەرەکی وەردەگرێت.

فارس سەباح حەسان، (١٥ ساڵ)، کوڕی فەرمانبەرێکی بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی زیقاڕە، لەگەڵ خانەوادە پێنج کەسییەکەیدا لەخانوێکی سادەی قەزای سوق شیوخدا دەژی، ئاماژەدەدات بەوەی موچەی باوکی بەشی پێداویستییەکانی خانەوادەکەیان ناکات، ئەمەش وایکردووە خۆی و حەسەنی برای(١٧ساڵ) لەتەک مامیان کە ئەفسەرێکی فەوجی زولفەقاڕە وەک خۆبەخش ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

فارس بەجلی سەربازی و چاویلکەیەکی دژە خۆر کە دەموچاوە منداڵییەکەی داپۆشیبوو، قسەی کرد و وتی “سەرەتا ئارەزووم نەدەکرد ببم بەخۆبەخش بەلکو تەنها دەمەویست هاوکاری باوکم بکەم، بەڵام ئەمڕۆ شانازی دەکەم و سوپاسی خوا دەکەم. هەموو لایەک بەچاوی رێزەوە سەیرم دەکات و هاوڕێیانم وا مامەلەم لەگەلدا دەکەن وەک ئەوەی تەمەنی من لەوان گەورەتر بێ”.

وەک بەسەرهاتی ئەم مێردمنداڵە، هەریەکە لە پێویستبوون بە پارەو رێزگرتنی کۆمەڵایەتی دوو پاڵنەری دیارن بۆ پەیوەندیکردنی هەرزەکاران بەگروپە چەکدارەکان، بەپێی بۆچونی توێژەر محەمەد موسا زەیدی.

توێژەری ناوبراو روونیشیدەکاتەوە کە نەداری و هەژاریی لەپارێزگاکانی باشوری عێراق و دەوروبەری بەغدا هۆکارن بۆ ئەوەی سەدان منداڵ و هەرزەکار بەدوای کاردا بگەڕێن “زۆربەی جار هێزو گروپە شیعییەکانی نزیک لە ئێران دەتوانن بۆلای خۆیان رایانکێشن، چونکە پارەدارن و دەتوانن بەبەردەوامی مووچە دابەش بکەن، لەکاتێکدا گروپەکانی تری پاڵپشتیکراو لەلایەن هێزە تەقلیدییە شیعییەکان و مەڕجەعیەت مووچەکانیان بۆچەند مانگێک دوادەکەویت.

بەڵام گروپەکە هەرکێ بێت و پێشینە سیاسییەکەی هەرچییەک بێت، ناوەندی کۆمەلایەتی وەک پاڵنەرو مۆتیڤێکی سەرەکی دەمێنێتەوە بۆ راکێشانی چەکدارەکان، ” ئەمەش هۆکاری مانەوەیان لەریزەکانی حەشدی شەعبی رووندەکاتەوە، هەرچەندە هەندێکجار مووچەکانیان بۆماوەی سێ یان چوار مانگ لەسەر یەک دوادەکەوێت، وێڕای باوەڕیان بەپیرۆزی ئەو کارەی کەپێیهەلدەستن”. هەروەک زەیدیی ئاماژەی پێدەدات.

شایانی سەرکەوتن نین

رێژەیەکی زۆری منداڵان خوێندنیان جێهێشت و پەیوەندیان بەریزەکانی حەشدی شەعبییەوە کردووە. مورتەزا قاسم (١٦ ساڵ) یەکێکە لەوان و دوای چەند رۆژێک لەدەرچوونی فەتوای جیهادی کیفایە وەک خۆبەخش پەیوەندی کردو بەخێرایی چووە بەرەکانی شەڕ و لەیەکێک لەشەڕەکانی خۆرئاوای عێراقدا کوژرا.

کەسانی دیکەش پەیوەندیان بەحەشدەوە کردوەو تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامنەدا، لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی پەروەردە دواتر رێگەی پێدابوون تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامبدەن، ئەوان شەڕیان لەخوێندن بەباشترزانی، ئەم دۆخەش بەتەنها کاریگەری نەکردۆتە سەر داهاتوی خوێندن و فێرکردنی خۆبەخشەکان، بەڵکو رەنگدانەوی هەبووە بەسەر تەواوی پرۆسەی فێرکردنەوە.

وەزیری پەروەردە محەمەد ئیقبال مانگی نیسانی رابردوو، لەبەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “وەزارەت بڕیاریداوە تاقیکردنەوەو ئەزمونەکانی قوتابیانی ئاوارەو حەشدی شەعبی و دەستبەسەرکراوانی کەلەخولی دووەمدا سەرکەوتوو نەبوون یان لەخوێندندا دواکەوتوون، خولێکی تریان بۆدووبارە بکرێتەوە”، ئەمەش ئاماژەیەکە بەقەبارەی ئەو شپرزەییەی بەهۆی شەڕەکەوە توشی کەرتی فێرکردن بووە.

وێڕای ئەم شپرزەییە، پاشەکشەیەکی روون و ئاشکرا بەبایەخی خوێندنەوە دیارەو ئاسانکاری دەکرێت بۆ دەرچوون و تێپەڕاندنی قۆناغەکانی خوێندن، بەپێی لێدوانی مامۆستا عەباس جەواد، کە لەسنوری پەروەردەی کەربەلا کاردەکات(١٠٠ کم باشوری خۆرئاوای بەغدا).

وتیشی “زۆربەی ئەو خوێندکارانەی پەیوەندییان بەریزەکانی حەشدی شەعبییەوە کردووە، بەهاوکاری مامۆستاکانیان لەوانەکانیان دەرچون، هەرچەندە لەواقیعدا شایانی دەرچوون نەبوون”.

جەواد هۆشداریدا لەوەی ” بەهۆی شەڕەکان و پەیوەندیکردنی خوێندکاران بەهێزەکانی حەشدەوە رێژەی سەرکەوتن لەسنوری پارێزگاکەیاندا پاشەکشە بکات، بەشی زانستی سنوری کەربەلا لەوەرزی خوێندنی 2014-2015 دا لەپلەی 11 بوو، ئەمەش لەکاتێکدایە ساڵانی رابردوو لەریزبەندی پێشەوەی شارەکانی دیکەدابوو.

گۆڕستانەکە بەرفراوانتر دەبێت

وێڕای بەنهێنێ پاڵپشتیکردنی هەندێک لەگروپە چەکدارەکان بۆچەکدارکردنی هەرزەکاران و بێدەنگی مێدیاکان لەبەرامبەریاندا، هێشتا پەیوەندیکردنی نەوجەوانان بەریزەکانی حەشدی شەعبی، جێگەی نیگەرانی توێژەرەکانە ئەوانەی کە لەبارەی دەرەنجامەکانەوە هۆشداری دەدەن.

رائید وائیلی، بەڕێوبەری بەشی دەرامەتە مرۆییەکان لەرێکخراوی”ئەهداف” کەرێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنییە، دەڵێت “عێراق تواناکانی لاوان و منداڵەکانی لەدەستدەدات و بابەتەکەش خەریکە ئاڵۆزدەبێت”.

داواشی لە حکومەت کرد “بەپەلە چەکدارکردنی منداڵان راگرێت و پرۆسەی خۆبەخشین بەشێوەیەکی شەفافانە لەنێو ریزەکانی حەشدی شەعبیدا رێکبخات”.

هێماشی بۆ ئەوەکرد کە “چەند حاڵەتێکی چەکدارکردن و خۆبەخشینی منداڵان روویداوە تەنانەت کەسوکارەکانیشیان ئاگاداری نەبوون، هەروەک بەسەر عەباس خەفاجی تەمەن ١٧ ساڵاندا هاتووە، کەسەر بە گروپی “کەتیبەکانی سەیدی شوهەدا”یە لەکەربەلا، کەسوکارەکەی نەیانزانیوە کوڕەکەیان لەناو حەشدی شەعبیدایە تا ئەو کاتەی تەرمەکەیان بۆ هاتۆتەوە، هاوکات دەربارەی هۆکاری دوورکەوتنەوەی خۆی بەخانەوادەکەی وتووە لەچێشتخانەیەکی شاری بەغدا کاردەکات.

وائیلی ئەوەشی وت “بەهۆی بەدواداچوونمەوە بۆم دەرکەوتووە هەندێک گروپ و ژمارەیەک کەناڵی تەلەفزیۆنی سەربە ئەوان بەمدواییانە لەکاتی ناساندنیان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا لەترسی رەخنەگرتنەکان دەستکاری ساڵی لەدایکبونی چەکدارە هەرزەکارەکانیان دەکرد، بۆ ئەمەش نموونەی یەکێک لەقوربانیانی شاری کەربەلا دەهێنێتەوە بەوەی کە ئەو کاتەی کوژراوە تەمەنی ١٦ ساڵان بووە، بەڵام گروپەکەی لەرێگەی سایتی یوتیوبەوە بە ١٩ ساڵان ناساندویەتی.

عامر جبوری پزیشکی دەروونی تەئکیدیدەکاتەوە کە “بەشداریکردنی منداڵان لەشەڕەکاندا رەنگدانەوەی ترسناکی دەبێت بەسەر هەڵسوکەوت و گەشەی کۆمەڵایەتییانەوە کەرەنگە لەداهاتوودا کوشتن بەلایانەوە ئاسایی بێ.

هەروەها ئاماژەدەدات بەوەی “گروپە چەکدارەکان لەو وڵاتانەی ململانێ و ناکۆکیان هەیە بەدوای ئەو منداڵانەدا دەگەڕێن کە بێ باوکن یان کەسوکاریان نییە و مەیلی تۆڵەکردنەوەی منداڵەکان بۆخۆیان بەکاردەهێنن” و دەڵێت “ئەم گروپانە دەزانن منداڵان هێشتا هەڵوێستی سیاسی و مەزهەبیان تاقی نەکردۆتەوە، بەمەش ئاسانتر رازی دەبن، هەروەها دەزانن نەوەی نوێی تەمەن بچوک و هەرزەکاران توندڕەوترن و رقیان لە لایەنی بەرامبەرە کە نەوەی بەتەمەنترن”.

لەگەڵ بەردەوامی تێکەڵکردنی منداڵان لەریزەکانی گروپە چەکدارەکاندا، بەڕێوڕەسم تەرمەکان دەبرێنە عەتەبەی عەلەوی لەشاری نەجەف، لەوێشەوە بەدەوری مەزارگەکەدا دەخولێنرێنەوە، پێشئەوەی رەوانەی گۆڕستانی وادی سەلام  بکرێن و بەئامادەبوونی نوێنەرانی گروپە چەکدارییەکان بنێژرێن کە نزیکە لەم شوێنەو بەدووەم گەورەترین گۆڕستان دادەنرێت لەجیهاندا.

لەوێ هەر گروپێک گۆڕستانێکی بۆ دابینکراوە، تێیدا رووبەری رێکخراو بۆ وێنەی قوربانیان تەرخانکراوەو لەنێویاندا زۆر وێنەی قوربانیانی هەرزەکارو مێردمنداڵ دەبینرێن، هەندێکیان دین و مەزهەب پاڵنەربوون چەکهەلگرن، وەک حالەتەکەی ئەحمەد جەلاوو ئیبراهیم برێسەم، هەندێکیشیان پێیانوابوو چەک رێگەیەکی خێرایە بۆ خۆپێگەیاندن یان هاوکاریکردنی خانەوادەکانیان، وەک عەبدوڵلا صعێجل و ئەحمەد عەبدولعەباس، هەروەها بەشێکیان ویستیان لەگۆرەپانەکانی شەردا لەتەک باوکیان بن، وەک حاڵەتەکەی عەلی و کەرار.

پاڵنەرەکان هەرچی بووبن، لەسایەی سەروەری هەستو شعوری شەڕێکی بارگاوی بە رق و توندوتیژیدا، دەرفەتی وەستانی خوێنبەربوون دوورمەودا دەبێت، و لەگەڵ بەردەوامی شەڕیشدا دووبارە گەڕانەوەی شەڕکەرەکان بۆ گۆڕەپانەکانی یاری، یان بۆ سەر کورسیەکانی خوێندن بەدووردەزانرێت، لەگەڵ بەردەوامی شەڕو بەرزبوونەوی ژمارەی قوربانیان و هەڕەشەکردنی رۆژانە بۆناوچەی دیکەی تازە.

*****

دیارترین گروپە چەکدارییەکانی ناو حەشدی شەعبی: سەرایای سەلامی سەر بەرەوتی صەدر، رێکخراوی بەدر(باڵی سەربازیی)، کەتیبەکانی حزبوڵلای عێراقی، عەصائیبی ئەهلی حەق، بزوتنەوەی حزبوڵلای نەجیبەکان، کەتیبەکانی سەیدی شەهیدان، سرییەکانی جیهاد و بونیادنان، کەتیبەکانی رەوتی ریسالی، سرییەکانی خوراسانی، سرییەکانی عاشورا سرییەکانی عەتەبات، فەیلەقی وەعدی صآدق، لیوای ئەسەدوڵلای غائیب، کەتیبەکانی ئەنساری حوجە، لیوای قارعە، سرییەکانی زەهرا، سریەکانی ئەنساری عەقیدە، کەتیبەکانی غەزەب، بزوتنەوەی ئەبدال، لیوای مونتەزیر، کەتیبەکانی دەرعی شیعە، سوپای موختار و حزبوڵلای تۆڵەکار.

كانون الاول ديسمبر 2015

December 2015

لەم چەند گرتە ڤیدیۆیەدا منداڵ و هەرزەکارانی ناو حەشدی شەعبی دەردەکەون

https://www.youtube.com/watch?v=-nJsBRlxm78

https://www.youtube.com/watch?v=cQb-Onf8kDk

https://www.youtube.com/watch?v=IsFRkFMHQ3U

https://www.youtube.com/watch?v=6ctwWQBXYKQ

https://www.youtube.com/watch?v=nrKLnIhDh1E

https://www.youtube.com/watch?v=YMiTbWSp2tM

https://www.youtube.com/watch?v=x8sBxLHhxKY

https://www.youtube.com/watch?v=Xp-1yXTsFCc

http://hakaek.net/?p=20295

  • ئەم بەدواداچوونە بەهاوکاری تۆڕی رۆژنامەوانی بەدواداچوونی عێراقی(نیریج)و بەسەرپەرشتی رۆژنامەنوس کمي مولحم بەرهەمهاتووە.

بنکۆڵکاری

Investigations

بنکۆڵکاری","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":21481}" data-page="1" data-max-pages="1">