بنکۆڵکاری: دەرمانی قڕکردن بەهەڕەمەکی دەفرۆشرێت و زیانەکان لەبن نایەن

دەرمانی قڕکردن بەهەڕەمەکی دەفرۆشرێت و زیانەکان لەبن نایەن

كۆچەر عەزیز و چراخان ئاسۆ 11/2023:

“ماوەی چوار ساڵە نەخۆشم بەردەوام دەپژمم، چاوەکانم سور دەبنەوەو پڕدەبن لە ئاو، هەناسەم توند دەبێت، نەخۆشی تەواو بێزاری کردوم و بەردەوام دەبێت پێیەکم لای پزیشک بێت” ئەمە وتەی جوتیارێکی سنوری قەزای پێنجوێنە كه‌ له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌یدا توشی نه‌خۆشی بوه‌ و ده‌ڵێت، پزیشکەکەیان پێیان راگەیاندون کە سەرچاوەی توشبونیان دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی دەرمانی قڕکەرە بۆ لەناوبردنی مێروە زیانبەخشەکان.

لوقمان ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە لە قەزای پێنجوێن سەرقاڵی کاری جوتیارییە، لەگەڵ کوڕەکەی بە تراکتۆرەکەیان سەرقاڵی کاری دەرمانڕشتنن بەسەر خاک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی خۆیان و جوتیارانی دیکەش، بەهۆیەوە هەردوکیان نەخۆشکەوتون.

پزیشکەکەیان پێیان راگەیاندون کە سەرچاوەی توشبونیان دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی دەرمانی قڕکەرە بۆ لەناوبردنی مێروە زیانبەخشەکان

نەخۆشییەکەی لوقمان و کوڕەکەی هاوشێوەن، پزیشکەکەیان پێیان راگەیاندون کە سەرچاوەی توشبونیان دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی دەرمانی قڕکەرە بۆ لەناوبردنی مێروە زیانبەخشەکان، ئەوان رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ ناکەن و لوقمان دەڵێت، “ئێمە دەرمان بە هۆڵدەری مەکینەی تراکتۆر دەڕێژین، بەڵام لەبەرئەوەی کەپس نییە و زۆرجاریش بای بەهێزەوە دەرمانەکە دەگەڕێتەوە بۆ جەستەو کۆئەندامی هەناسەمان، ئێمەش جگە لە ماسکێک هیچی تر بەکارناهێنین، زۆر جار ئەویشمان بیر دەچێت، یان باوەڕمان پێی نییە و دەڵێین فشەیە”.

بە دەست خراپی بەرهەمەکانمانەوە گیرۆدە بوین، چونکە جۆرە مێروییەک لێیداوە

جیهاد سەبری، جوتیارێکی دیکەیە لە سنوری برادۆست لە هەولێر خراپی بەرهەمەکەی و زۆری مێروە زیانبەخشەکان بڕستی لە بەرهەمەکانی و خۆیشی بڕیوە و ده‌ڵێت، “بە دەست خراپی بەرهەمەکانمانەوە گیرۆدە بوین، چونکە جۆرە مێروییەک لێیداوە کە بە هیچ شێوەیەک لە ناو ناچێت بۆیە ئێمە ناچارین کام دەرمانە باش بێت هەرچەندە گرانیش بێت بەکاریبهێنن”.

 دەگێڕنەوە ساڵانی رابردو پێش زۆر بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە، بەرهەمەکانیان زۆرترو باشترو تەندروستر بون

جیهاد، لایەنێکی دیکەی خراپی بە کارهێنانی ئەو ماددە قڕکەرانە دەخاتەڕو دەڵێت، “جگە لە لایەنی تەندروستی خۆمان، ئەو دەرمانانە کاریگەری خراپ دەکەنە سەر کەمبونەوەی بەرهەمەکانمان و تێکدانی خاکەکەش”، وەک دەگێڕنەوە ساڵانی رابردو پێش زۆر بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە، بەرهەمەکانیان زۆرترو باشترو تەندروستر بون، ئەو باس لەوە دەکات کە هەندێک دەرمان بەکاردەهێنرێن لە بنەڕەتدا بۆ شوێنی رشاندنی مەڕوماڵاتن، بەڵام بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەکاریان دەهێنن.

بەهۆی زۆری بەکارهێنانی ماددە قڕکەرەکانەوە، بەرگری مێروەکان زیاتر بوە

فاتیح رەحیم، جوتیارێکی دیکەیە لە پێنجوێن باس له‌وه‌ده‌كات، “بەهۆی زۆری بەکارهێنانی ماددە قڕکەرەکانەوە، بەرگری مێروەکان زیاتر بوە، وایلێهاتوە بە قورسترین دەرمان لەناو نەچن و بەشێکی زۆری جوتیاران بەدەست ئەو حاڵەتەوە گیرۆدەن”، فاتیح باسی ئەوەش دەکات کە ماوەی لێکردنەوە و بەکارهێنانی بەرهەمەکە زۆر کەمە، هەندێک جار ماوەی دەرمانەکە هەفتەیەکە، بەڵام جوتیاران بە ناچاری دوای 24 کاتژمێر دەست دەکەن بە چنینەوە.
بەگوێرەی گێڕانەوەی لوقمان، دەرمان و بەرهەمی کشتوکاڵیی خراپ رێژەی نەخۆشی لە پێنجوێندا زیادکردوە، بەتایبەتی نەخۆشی شێرپەنجە کە لە رابردودا لە پێنجوێن سفر بو، بەڵام ئێستا چوەتە ئاستێکی مەترسیدار، بەجۆرێک وایلێهاتوە زۆربەی ماڵ توشبویەکی شێرپەنجە یان نەخۆشییەکی کۆئەندامی هەناسەی هەیە.

لەگەڵ ئەوەی هیچ پشکنینێکی تایبەت بۆ هۆکاری بەرزبونەوەی ژمارەی توشبوانی شێرپەنجە نەکراوە

لەگەڵ ئەوەی هیچ پشکنینێکی تایبەت بۆ هۆکاری بەرزبونەوەی ژمارەی توشبوانی شێرپەنجە نەکراوە، ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا بۆ شێرپەنجە، ئەو قسەیەی لوقمان پشتڕاست دەکەنەوە، بەجۆرێک لە شەش ساڵی رابردودا لەو قەزایە 181 کەس وەک توشبوی شێرپەنجە تۆمارکراون و شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2023) 21 حاڵەتی نوێ تۆمارکراون.

“دەرمانی قەدەغەکراوی نایاسایی هەیە و لەلایەن بەشێک لە جوتیارانەوە بەکاردەهێنرێت”، ئەوە قسەی ئیدریس تاهیر، ئەندازیارێکی کشتوکاڵییە لە سنوری پێنجوێن.

 بەردەوام داوادەکەن کام دەرمانە کاریگەری زیاتری هەیە ئەوەیان پێبدەن یاخود زیاد لە پێویست بەکاریدەهێنن

ئەندازیارەکە باس لەوە دەکات کە چۆن جوتیاران رێنماییان نییە لەسەر بەکارهێنانی ماددەقڕکەرەکان، بەردەوام داوادەکەن کام دەرمانە کاریگەری زیاتری هەیە ئەوەیان پێبدەن یاخود زیاد لە پێویست بەکاریدەهێنن، بێئەوەی بزانن لە داهاتودا ئەو بەکارهێنانە زیانی بۆ تەندروستی خۆیان و زەوییەکانیشیان هەیە. 

ئەگەر زەوییە کشتوکاڵییەکان بەراورد بکەین بە 10 ساڵ پێش ئێستا، دەبینین بەرهەمەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبونەتەوە

ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ باس له‌وه‌شده‌كات، “بۆ نمونە ئەگەر زەوییە کشتوکاڵییەکان بەراورد بکەین بە 10 ساڵ پێش ئێستا، دەبینین بەرهەمەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبونەتەوە”، بەگوێرەی چاودێریکردنی ئەو ئەندیازیارە، ژمارەیەک لە جوتیاران بەرهەمی قەدەغەکراو بەکاردەهێنن، ماددەی قڕکەر هەیە کە لە جیهان و لە عێراقیش قەدەغەکراون، بەڵام هێشتا لە هەرێمی کوردستانیش بەکاردەهێنرێن، لەگەڵ ئەوەشدا وای دەبینێت، بەراورد بە ساڵانی رابردو جوتیارەکان هۆشیارترن، لە بەکارهێنانی ئەو ماددانەو زیانەکانیان.

جوتیار هەیە داوای دەرمانێک دەکات بۆ دو رۆژ بمێنێتەوە، چونکە خەڵک لە بەرهەمەکانی دەخوات

نەورۆز زاهیر کە لە بازاڕی بەریدەکەی شاری سلێمانی نوسینگەی کشتوکاڵیی هەیە لەم بارەیەوە دەڵێت، “جوتیار هەیە داوای دەرمانێک دەکات بۆ دو رۆژ بمێنێتەوە، چونکە خەڵک لە بەرهەمەکانی دەخوات، بەڵام بە پێچەوانەشەوە هەندیک جوتیار ماددەی قەدەغەکراویش ببات کێشەی نییە، دەیەوێت هەر چۆنێک بێت مێرووەکان لەناوببات”.

بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ، هەرێمی کوردستان خاوەنی پێنج ملیۆن و 473 هەزار و 552 دۆنم زەوی دێم و ملیۆنێک و 313 هەزار و 712 دۆنم زەوی بەراوە بۆ کشتوکاڵ.

لەپاڵ ئەو بڕەی زەوی کشتوکاڵیدا، کۆمپانیا تایبەتەکان لەبری حکومەت دەرمانی قڕکەر دەهێننە هەرێمی کوردستان و هاوردەکردنیشی لە ژێر چاودێری وردا نییە، لە جیهاندا توێژینەوە زانستییەکان ئەوەیان پشتڕاستکردوەتەوە کە هەندێك لە ماددە قڕکەرەکان هۆکاری سەرەکی توشبونن بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، بەڵام تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ توێژینەوەیەک لەم بارەیەوە نەکراوە بۆ ئەوەی بڕیاری قەدەغەکردنیان بدرێت.

ساڵی 2021 لە هەرێمی کوردستان 7 هەزار و 904 کەس توشی شێرپەنجە بون

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ساڵی 2021 لە هەرێمی کوردستان 7 هەزار و 904 کەس توشی شێرپەنجە بون، کە 3808 توشبو لە هەولێر، 3080 سلێمانی، بەڵام لە ساڵی 2022 رێژەکە زیادیکردوە بۆ نۆ هەزار و 61 کەس، 4304 توشبو لە هەولێر، 3323 لە سلێمانی، 1434 لە دهۆک تۆمارکراوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، کە ئاماری ساڵی 2023 بەردەست نییە.

هەرچەندە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە تەندروستییەکان هیچ توێژینەوەیەکیان لەسەر ئەو بابەتە نەکردوە کە بەکارهێنانی ماددە قڕکەرەکان هۆکارن بۆ توشبونی مرۆڤ بە شێرپەنجە، بەڵام  بە دڵنیاییەوە ئەو ماددانە هۆکارن لە پشت نەخۆشییەکەوە ئەوەش بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەو توێژینەوە جیهانییەکان بەگوێرەی وتەی دکتۆر چنار سنجاوی، سەرۆکی بەشی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

داوایانکردوە وەزارەتی کشتوکاڵ بەدوایدا بچێت و رێکاری و پێویست بگرێتە بەر بۆ قەدەغەکردنی ئەو ماددانە

د. محەمەد عەبدولوەهاب، لێپرسراوی هۆبەی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی لە بارەی دەرمانی قڕکەرەوە ئەوە ناشارێتەوە کە بینویانە دەرمانی قەدەغەکراوی کشتوکاڵیی لە نوسینگەکاندا بونی هەیە، ئەوەش دەخاتەڕو کە داوایانکردوە وەزارەتی کشتوکاڵ بەدوایدا بچێت و رێکاری و پێویست بگرێتە بەر بۆ قەدەغەکردنی ئەو ماددانە.
د محەمەد دەڵێت، “ئێمە هەوڵمانداوە لەگەڵ زانکۆیەک یان دامەزراوەیەک تاقیگەیەک دروست بکەین بۆ قڕکەرە بایۆلۆجیەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە و تەنانەت داواشمان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد کە توێژینەوەیەک لەسەر بەکارهێنانی ئەو ماددانە بکەین کە ئایا تاوەکو چەند هۆکاری توشبونن بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دیکە بۆ ئەوەی رێگری لێبکەین، بەڵام وەڵامییان نەداینەوە”.

پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان نەخۆشی شێرپەنجە و ماددە قڕکەرەکان بۆ ئەو کەسانەی بەکاریدەهێنن 

د. شوان عەلی تۆفیق، پزیشکی پسپۆڕی خوێن و نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لەبارەی بەکارهێنانی ماددە قڕەکەرەکانەوە دەڵێت، “پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان نەخۆشی شێرپەنجە و ماددە قڕکەرەکان بۆ ئەو کەسانەی بەکاریدەهێنن و ئەو کەسانەشی بەرهەمەکان دەیخۆن، هەرچەندە لێرە پشکنینی تایبەت بە ماددە قڕەکەرەکان نییە، بەڵام بەگوێرەی توێژینەوە جیهانییەکان دو جۆری شێرپەنج لیمفە گرێکان و خانە پلازمییەکان پەیوەندی راستەوخۆیان هەیە لەگەڵ پێکهاتە کیماییەکان”، بەلای ئەوەوە باڵانسی سروشتی خاكی كوردستان بەهۆی بەکارهێنانی ماددە قڕکەرەکانەوە تێكچوە، چونکە زۆربەی ئەو قڕەکەرانەی لە کوردستان بەکاردەهێنرێن سەرچاوەکانیان نادیارە و نازانرێت پێكهاتەکانی ناویان چییه.

رێبوار ئەحمەد، پسپۆڕی پاراستنی ڕوەك و مامۆستا له پەیمانگای كشتوكاڵی بەکرەجۆ پێی وایە زۆرینەی ئەو دەرمانانەی به قاچاغ هاوردەی بازاڕەکانی كوردستان دەکرێن ماوەی ئەمانیان کەمتر لەسەر نوسراوه، هەروەها زۆرجار ئەو قڕکەرانەی به قاچاغ داخڵ دەكرێت ماددەی ناو كیسەكه یان قوتوەكه جیاوازه لەو  ماددەیەی لەسەر قتوەکە نوسراوە”.

ئەو پسپۆڕە ئەوەش ناشارێتەوە، کە مادده قڕکەرەکان هۆكاری لەناوبردنی زیندەوەرە سروشتیییەكانن

ئەو پسپۆڕە ئەوەش ناشارێتەوە، کە مادده قڕکەرەکان هۆكاری لەناوبردنی زیندەوەرە سروشتیییەكانن كه سودبەخشن و بەشێوەیەکی سروشتیش مێروه زیانبەخشەکان لەناودەبەن، لەم بارەیەوە دەڵێت، “ئەگەر خاكی بازیان هەڵبکەندرێت و چاڵێك لێبدرێت ئەوا ئەو جۆرە کرمە نادۆزینەوە کە 10 ساڵ پێش ئێستا لە خاکەکەدا بوە، ئەوەش بەهۆی زۆر بەکارهێنانی قڕكەره كیمیاییەكانەوە، دەتوانین بڵێین باڵانسی سروشتی خاكی كوردستان بەهۆی ئەم مادده كیمیاویانه تێكچون”.

بەلای رێبوار ئەحەمەدەوە لە جیهاندا چاودێریی تایبەت لە شوێنی كشتوكاڵدا هەیە، کە کاری هەڵسەنگاندنی ڕێژەی شێ و پلەی گەرمای خاك و هەوایە، بەگوێرەی ئەو ڕووەکەی له روبەرێکدا چێنراوە، خاوەنی كێڵگەکە ئاگادار دەكاتەوه لەوەی کە ئەگەری هەیە  بەهۆی بەرزی و نزمی شێ یان پلەی گەرماوە، نەخۆشی له كێڵگەکەیدا بڵاوببێتەوه، باشتروایه دەرمانی پارێزەر بەكاربێت، بەڵام بەگوێرەی ئەو له كوردستان ئەم چاودێریکرنە نییه، لەکاتێکدا جیاوازی زۆری پلەكانی گەرما له خاكی پێنجوێن و چۆمان و حاجی ئۆمەران وادەكات زۆر به ئاسانی بەرهەمه كشتوكاڵییەكان توشی نەخۆشی ببێت.

قڕكەرەكان ناوی خۆیان بەخۆیانەوەیه، واته قڕكەر مەرج نییه تەنها ئەو بونەوەره قڕبكات کە بۆ لەناوبردنی بەكاردەهێنرێت

بەلای پسپۆڕی ژینگه و مامۆستای زانكۆوە، دكتۆر ساڵح نەجیب، قڕكەرەكان ناوی خۆیان بەخۆیانەوەیه، واته قڕكەر مەرج نییه تەنها ئەو بونەوەره قڕبكات کە بۆ لەناوبردنی بەكاردەهێنرێت، بەڵكو زیان به زۆرینەی زیندەوەران دەگەیەنێت و زۆربەی جوتیارانیش بەبێ زانیاری بەکاریدەهێنن و گوێ به رێنمایی چۆنیەتی بەكارهێنان نادەن، جگه لەوەش زۆربەی قڕكەرەكان سەرچاوەكانیان نادیارن و نازانرێت پێكهاتەكەی ناویان چییه!

سەبارەت به كاریگەری قڕكەرەكان لەسەر ژینگه دكتۆر ساڵح وتی، “ئەو كاتەی مادده قڕكەره كیمیاییەكان تێكەڵ بەخەسڵەتە ژینگەییەکان دەبێت، دەكەوێته ژێر هەندێك كاریگەری ژینگەیی لەوانه كاریگەری تیشكی خۆر کە بەشێکیان بەهۆیەوە شیتەڵ دەبن، هەروەها بەشێكی دیكەیان تێكەڵاوی ئاو دەبێت و بونەوەره ئاوییەكان زیانیان پێدەگات، بەشێكی دیكەشی دەچێته هەواوەو بەشێوەی تەنۆلكەی بچووك ڕاستەوخۆ تێكەڵاوی هەوا دەبێت، کە زیانی تەندروستی دەبێت، بێجگه لەوەش مێروی هەنگ بەهۆی تێكەڵاوبونی قڕكەره كیمیاییەكان كاریگەری گەورەی لەسەر دروست دەبێت”.

ئەم دەرمانە قڕکەرانە بە دەنكۆڵەی خاكەوه دەلكێن و زیان به مرۆڤ دەگەیەنێت

دكتۆر ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد کە بەشێك له قڕكەره كیمیاییەكان، زیندەوەره سودبەخشەكانی ناو خاكیش لەناو دەبات كه لە سەرچاوەی دەوڵەمەندی و بەپیتیی خاك و بەرهەمه كشتوكاڵیەكانن، ئەم دەرمانە قڕکەرانە بە دەنكۆڵەی خاكەوه دەلكێن و بەركەوتن بەم خاكه یان رواندنی بەرهەمی كشتوكاڵی تێیدا دوبارە زیان به مرۆڤ دەگەیەنێت، جگه لەوەش ئەو قوتوه پلاستیکیانەی مادده قڕكەرەكانیان تیادا هەڵگیراوه هەندێكجار لەلایەن خاوەن كێڵگەكان بەكاردەهێندرێتەوه کە ئەمەش زیانی زۆری هەیە.

بیرمان لەوە کردوەتەوە ئەو شوێنە کە ئەو ماددانە دەفرۆشێت مۆڵەتی کارکردنی لێوەربگیرێتەوە

نەبەرد قابیل، ئەندازیاری کشتوکاڵی و سەرۆکی لیژنەی نوسینگە کشتوکاڵییەکان و ماددەی قڕکەر لە قائیمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، “هەر نوسینگەیەک ئەو ماددانە بفرۆشێت کە بەسەرچون تا 20 ماددە ئاگادارکردنەوەی بۆ دەکەن، ئەگەر ماددەکە قەدەغە کراو بێت یەک ماددەش بێت دادەخرێت، بەڵام داخستنەکە کەمە بۆ ماوەی یەک هەفتەیە کە ئەمە سزای قورس نییە وادەکات جارێکی دیکە دوبارەی بکاتەوە، بۆیە بیرمان لە رێگەیەکی دیکە کردوەتەوە بە هاوکاری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی ئەو شوێنە کە ئەو ماددانە دەفرۆشێت مۆڵەتی کارکردنی لێوەربگیرێتەوە”.

بەهەمان شێوە بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی و هەڵەبجە، پێیانوایە سزاکان سوکن بۆ ئەو نوسینگانەی ئەو دەرمانانە دەفرۆشن، چونکە تەنها بۆ هەفتەیەک دادەخرێت یان سزایەکی ماددیە، بۆیە پێویستە یاسایەک بەدەست بەڕێوەبەرایتییەکانەوە بێت و دادگاش هەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت سزایەکی وابسەپێنرێت کە جارێکی دیکە دوبارەی نەکاتەوە، فرۆشتنی هەڕەمەکی دەرمانی قڕکەر دوبارە نەبێتەوە.

ئیدریس تاهیر، ئەندازیاری کشتوکاڵیی رێنمایی داوەتە سەرجەم ئەو جوتیارانەی لەو نوسینگەیەی کاری تێدا دەکات، ئەو رێنمایی ئەوە دەکات کە جوتیاران لە بری قڕکەرەکان، رێگەی سروشتی وەک دانانی تەڵەو لەزگەو بەکارهێنانی چەند زەیتێک و پاشماوەی ئاژەڵەکان بۆ زیادکردنی بەرهەم بەکاربهێنن، چونکە ئەم جۆرە چارەسەرانە، یارمەتی دەدەن خاک وەک خۆی بمێنێتەوەو بەردەوام بەپیت بێت، بەڵام وەک دەگێڕێتەوە دەرمانەکان بەلای جوتیارانەوە باشترن و زو کاریگەرییان دەردەکەوێت و سەرئێشەیان کەمترە.

ناکرێت هەرچی وتیان باشە یان بەردەست بو بۆ بەرهەمەکانمان بەکاریان بهێنین

ئازاد محەمەد، جوتیارە نمونەییەکەی هەڵەبجە کە کەمترین ماددەی قڕکەر بەکاردەهێنێت لەم بارەیەوە دەڵێت، “ناکرێت هەرچی وتیان باشە یان بەردەست بو بۆ بەرهەمەکانمان بەکاریان بهێنین، چونکە هەندێ دەرمان هەیە لەبری سود زیانی هەیە بۆ بەرهەمەکە، هەروەها بۆ خاک و تەندروستی خۆشمان، بۆیە دەبێت سەرەتا پەنا ببەینە بەر رێگەی سروشتی وەک بڕینەوەی لق و چڵی هەندێک لەو روەکانەی کە ماددەقڕکەرەکانی پێوەیە یاخود دانانی لەزگە و بەکارهێنانی تەڵە بۆ مێروە زیانبەخشەکان، دواجار رەنگە بەم رێگایانە 80%ی مێروەکان لە ناو بچن و ئەو بڕەی دیکەشی کە دەمێنێتەوە دەتوانرێت بە بڕێکی کەم دەرمان کە کاریگەری لەسەر بەرهەم و تەندروستیش نابێت لەناوببرێت”.

بەهرە مەحمود، ئەندازیاری کشتوکاڵییە و لە نوسینگەیەکی کشتوکاڵی کاردەکات توێژینەوەی زانستی دەرچوونی پەیمانگای لەسەر چاندنی بەرهەمی خەیارو تەماتە ئەنجامداوە، دەگێڕێتەوە بەرهەمەکەی ئەوانیش مێرووە زیانبەخشەکان لێیداون، بەڵام ئەوان دەرمانی کیمیایی و ماددەی قڕکەریان بۆ بەکارنەهێناوە.

کیلۆیەک پیازمان لە دو لیتر ئاودا کوڵاند و دوای پاڵاوتنی، کردمانە 16 لیتر ئاو رشاندمان بەسەر ڕوەکەکاندا

چارەسەرەکەی بەهرە مەحمود وەک دەڵێت بەم شێوەیە بوە، “کیلۆیەک پیازمان لە دو لیتر ئاودا کوڵاند و دوای پاڵاوتنی، کردمانە 16 لیتر ئاو رشاندمان بەسەر ڕوەکەکاندا، بەوجۆرە کێشەکەمان چارەسەر بو”، هەروەها بەدەر لەو ڕێگەش دەتوانرێت، تایت یاخود زەیتی سیر، یاخود رۆسماری، بەکاربهێندرێت، ئەو باسی ئەوەش دەکات کە چۆن لە زانکۆوە فێربون جوتیارەکان دەتوانن لەنێو زەوییە کشتوکاڵییەکان سیر بڕوێنن کە هۆکارێکی باشە بۆ دروخستنەوەی مێروە زیانبەخشەکان، “ئێمە هەمو ئەو ڕێنماییانە بە جوتیاران دەڵێین، بەڵام بەشێکی زۆر کەمیان جێبەجێی دەکەن.”

جوتیارەکان دەتوانن جگە لە بەکارهێنانی دەرمان، رێگەی سروشتی بەکاربهێنن بۆ نمونە هەندێک مێرو هەیە بە رشاندن لەناوناچن

نەورۆز زاهیر، خاوەنی نوسینگەی کشتوکاڵی باس له‌وه‌ده‌كات، “جوتیارەکان دەتوانن جگە لە بەکارهێنانی دەرمان، رێگەی سروشتی بەکاربهێنن بۆ نمونە هەندێک مێرو هەیە بە رشاندن لەناوناچن، چونکە دەفڕن دەبێت لەبری ئەوە تەڵە بەکاربهێنرێت، یاخود لەزگە هەیە کە بە تۆپ دەفرۆشرێت دەتوانرێت بەکاربهێنرێت، بەڵام جوتیارەکان دەڵێن ئەوە ئەرکی زۆرە تاقەتیان نییەو حەز بە چارەسەری خێرا دەکەن.”

لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە لوقمان و جوتیارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی بەرهەمەکانیان و دوربونیان لە نەخۆشی و پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەتوانن رێگەی سروشتی وەک تەڵەو بەکارهێنانی زەیتەکان و لەزگە بەکاربهێنن بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کە ئەمە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییە کشتوکاڵییەکان و وەزارەتی کشتوکاڵەوە جێبەجێ بکرێت.

بنکۆڵکاری

Investigations

بنکۆڵکاری","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":21460}" data-page="1" data-max-pages="1">