بنکۆڵکاری: لاوازى بەشداری ژنانی کورد لە سیاسەتدا

لاوازى بەشداری ژنانی کورد لە سیاسەتدا

سەرەڕاى پێشکەوتنێکى بەرچاو، تاکو ئێستا سیاسەتوانە ئافرەتەکان لە کوردستاندا پشت بە سیستەمى پشک دەبەستن بۆ کەمکردنەوەى جیاوازى نێوان ڕەگەزەکان

ڕاوێژ کامەران:

هەرچەندە ئافرەتان ڕۆڵێکى سەرەکى دەگێڕن لە پەرلەمانى کوردستاندا، هێشتا پێویستیان بە پشتبەستنە بەو پشکە ڕەگەزییەى کە بۆ چوونە نێو پەرلەمان داندراوە بۆ هاوسەنگڕاگرتنى جیاوازى نێوان ژمارەى پیاوان و ئافرەتان بەتایبەتى لەو ناوچانەدا کە ژمارەیەکى کەمى ئافرەتان لەدەرەوەى ماڵەکانى خۆیاندا کار دەکەن.

پشکى ڕەگەزى یاسایەکى پەرلەمانى کوردستانە کە تیایدا %٣٠ ڕێژەى لیستى کاندیدانى پارتەکان و ئەندامانى پەرلەمان بۆ ئافرەتان تەرخان کردووە. ئەمەش لە ساڵى ٢٠٠٩ وە لە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا جێگیر کراوە.

ئەنجامەکانى دوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لە ٣٠ ئەیلولى ٢٠١٨ دا بەڕێوە چوو دەریدەخەن کە لە کۆى ١١٠ پەرلەمانتار ٣٥ئەندام ئافرەتن. لەوانەشدا ١٣یان لەڕێگەى دەنگدانەوە و لەدەرەوەى سیستەمى پشکى ئافرەتان بوون بە پەرلەمانتار و ٢٢ ئافرەتیشیان لەڕیگەى سیستەمەکەوە بوون بە پەرلەمانتار.

زۆرێک لە ئافرەتە کاندیدکراوەکان لەڕێگەى ئەم سیستەمەوە کورسییەکانى پەرلەمان پڕدەکەنەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ بۆچى ئافرەتان ناتوانن بە پێى پێویست دەنگەکانى خۆیان بەدەست بهێنن؟ هەڵسەنگاندنمان بۆ داتاکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و ڕاپرسى و داتاکانى دەزگاى نێودەوڵەتى بۆ سیستەمەکانى هەڵبژاردن و نوسینگەى ئامارى هەرێمى کوردستان و ماڵپەڕى پەرلەمانى کوردستان و بارۆمیتەرى عەرەبی پەیوەندى داهاتووى ئافرەتە سیاسییەکان بە یەکسانى ڕەگەزییەوە نیشان دەدات لە هەرێمى کوردستاندا.

 

 

سیستەمى پشک ڕێگە بۆ ئافرەتان خۆش دەکات لە پێشبڕکێیەکدا کێبڕکێ بکەن کە پیاوان تیایدا باڵادەستن

لەڕواڵەتدا، وادەردەکەوێت کە پیاوان و ئافرەتان بەشێوەیەکى یەکسان کێبڕکێ دەکەن. لەکۆى گشت ٧ ئافرەتێک کە بۆ وەدەستهێنانى کورسییەک کاندید بوونە، یەک ئافرەت ئەو کورسییەى بەدەست هێناوە، ئەمەش هەمان ئەو بڕەیە کە پیاوان تیایدا براوە بوونە وەک ڕەگەزى باڵادەست. بەڵام سەرەڕاى ئەوەى پیاوان و ئافرەتانى کاندیدکراو نزیکەى ١ لە حەوتى دەرفەتیان هەیە بۆ بردنەوەى کورسییەکانیان لەکاتى هەڵبژاردندا، سیستەمى پشک هاریکارى ئافرەتان دەکات بۆئەوەى بگەن بەو ئاستەى پێشبڕکێکردن کە پێویستە.

 

تەنها یەک یەک ئافرەت لە کۆى سێ دانە توانیویەتى بەبێ یارمەتى سیستەمى پشکى ئافرەتان کۆرسییەکەى بەدەست بهێنێت، ئەمەش بەو واتایەدێت کە دەرفەتى ڕاستەقینەى بردنەوە لە هەڵبژاردنەکاندا بەبەراورد لەگەڵ ئەو پیاوانەى دەچنە پڕۆسەى هەڵبژاردنەوە تەواو لاوازە.

سەرەڕاى ئەمەش، ئەو ئافرەتانەى لەدەرەوەى سیستەمى پشکى ئافرەتان کێبڕکێدەکەن لە بەشەکانى ترى عێراقدا دەرفەتێکى کەمتریان هەیە بەبەراورد لەگەڵ ئەوانەى کوردستاندا. چەند فاکتەرێک هەن کە ڕەنگە کاریگەرییان بەسەر ئەگەرى تواناى پێشبڕکێکردنى ئافرەتانەوە هەیە لەدەرەوەى سیستەمى پشک و زۆریک لەو هۆکارانە پەیوەنییان بە بەرەوپێشچوونى ئافرەتانەوە هەیە لە دەستکەوتنى یەکسانى ڕەگەزى لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکى گشتى.

 

ئەو ئافرەتانەى لەو شوینانەدا دەچنە کێبڕکێى هەڵبژاردنەوە کە خودى ئافرەتان تیایاندا کارى زیاتر دەکەن دەرفەتى زیاتریان هەیە بۆ بردنەوەى کورسییەکان لە هەڵبژاردندا

بەپێى هەندێک داتاى سنوردار لە کوردستاندا، پشتیوانییەکى زیاتر بۆ سیستەمى پشک هەیە لەو شوێنانەى ئافرەتان بەتەواوى پشتى پێنابەستن بۆئەوەى هەڵبژێردرێن. لە شارى سلێمانیدا کە ئافرەتان تیایدا دەرفەتى بردنەوەیان هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا بۆچوونە نێو پەرلەمانیان، یەک لە کۆى ١٤ کەس بڕواى بە پشکى ئافرەتان نییە. لەهەولێردا ئەم ڕێژەیە بەرزترە: ٢ لە کۆى ١٤ کەس بڕوایان پێى نییە. ئافرەتان لە هەولێردا تا ڕادەیەکى زۆر پشت بە سیستەمى پشک دەبەستن بۆ ئەوەى بچنە پەرلەمانەوە.

هەروەها پەیوەندییەکى بەهێز لە نیوان پێکهاتەى ئافرەتان لە هێزى کار و بردنەوەى کورسییەکانى پەرلەمان لەلایەن ئافرەتانەوە لە دەرەوەى سیستەمى پشک هەیە. لە سلێمانیدا، ٤ لە کۆى ٢٠ ئافرەت کاردەکەن و زۆرینەى کورسییەکانى دەرەوەى سیستەمى پشکیان بەدەستهێناوە. لە شارى هەولێردا، ٣ لەکۆى ٢٠ ئافرەت کاردەکات و لە پلەى دووەمدا دێت بۆ بردنەوەى کورسییەکانى دەرەوەى سیستەمى پشک. هەرچى شاری دهۆکە، ٢ لە کۆى ٢٠ ئافرەت لە هێزى کاردا بەشدارن و زۆرینەى ئەندام پەرلەمانە ئافرەتەکانیان لەڕێگەى سیستەمى پشکەوە کورسى پەرلەمانیان پێدراوە.

ڕۆژان سەعید حەمە ڕەش ى تەمەن ٣٧ ساڵ کە ئەندامى پەرلەمانە لەسەر سلێمانى گوتى کە پشتى بە ناوبانگى خۆى بەستووە وەک پیشەگەرێک بۆ چوونە نێو پڕۆسەى هەڵبژاردنەوە. هەروەها بەڕێزیان کە کچى حەمەڕەشە کە شەهیدێکى نێودارى کوردستانە، چووە نێو پڕۆسەى هەڵبژاردن و بەبێ پشتبەستن بە سیستەمى پشک توانى براوە بێت. هەروەها گوتى کە نێوبانگى پیشەگەرى خۆى کلیلى سەرکەوتنى بووە لە هەڵبژاردنەکاندا. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: “من پارێزەرێکى سەرکەوتوو بووم و بووم بە بەرپرسى بەشى یاسا و مافەکانى مرۆڤ لە بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى فڕۆکەخانەى نیودەوڵەتى سلێمانى دا. لەبەر ئەوەى نێوبانگێکى باشم هەبوو لەو کارەمدا، توانیم دواتر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتووبم.”

ئافرەتان لەوشوێنانەدا پشت بە سیستەمى پشک دەبەستن کە پیاوان تیایاندا بە سەرکردەیەکى باشتر هەژمار دەکرێن

شێوازى بیرکردنەوە لەڕووى سەرکردایەتیکردنەوە لە لایەن ئافرەتانەوە لە سەرکەوتنى هەڵبژاردنەکاندا ڕەنگیداوەتەوە. لە هەولێر، ١٨ لە کۆى ٢٠ کەس پێیان وایە پیاوان لە سەرکردایەتی سیاسیدا لە ئافرەتان باشترن و لە سلێمانیدا ڕێژەکە کەمترە، بە بڕى ١٥ لە ٢٠ کەس، کە بڕوایان وابێت پیاوان سەرکردەى باشترن لە ئافرەتان. ئەمەش بەربەستێکى گەورەیە بۆ ئافرەتە کاندیدکراوەکان بۆئەوەى بەسەریدا زاڵبن. خاتو لەیلا عبدالجبارى تەمەن ٣٧ ساڵى ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەسەر لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان لە دهۆک لەڕێى سیستەمى پشکەوە وەک ئەندامى پەرلەمانى کوردستان دەستنیشان کراوە و پێیوایە کە تاکو ئێستاش سیستەمى پشک بۆ بەرەنگاربوونەوەى جیاکارى ڕەگەزى گرینگى خۆى هەیە. پێشتر لە سەرکردایەتى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان بووە، کە ڕیکخراوێکى ئافرەتانى سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستانە، و گەواهیدەرى گشت ئەو بەربەستانەیە کە ئافرەتان ڕووبەڕووى بوونەتەوە. بەڕێزیان بڕواى وایە کە تێڕوانینى کۆمەڵگا بۆ بەشداریکردنى ئافرەتان لە سیاسەتدا وایکردووە کە سیستەمى پشک ئەوەندە گرینگ بیت. هەروەها بەڕێزیان لەو بارەیەوە دوا و گوتى: “لە وڵاتە پێشکەوتوو و دیموکراسییەکاندا، ئافرەتان وەک هەر مرۆفێک بە تواناى خۆیان چوونەتە پەرلەمان نەک تەنها لەبەر ئەوەى کە ئافرەتن. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە سیستەمى پشکى ئافرەتان بۆ پاراستنى ئەو مافە دانراوە و بۆئەوەیە ئافرەتان بتوانن تواناکانى خۆیان بسەلمێنن.”

خاتو لەیلا بڕواى وایە کە گرینگە ئافرەتان زیاتر هەوڵ بدەن بۆ سەلماندنى تواناکانیان و کێشەکانى ئافرەتان و یەکسانى ڕەگەزى بۆ ئەجێنداى سیاسى بەرز بکەنەوە و وەبیر کۆمەڵگاى بهێننەوە کە کلتور قابیلى گۆڕانە و ئافرەتانیش لە ڕابردوودا ڕۆڵى بەرچاویان هەبووە لە کۆمەڵگاى کوردستاندا. هەر لەو بارەیەوە گوتى: “هێشتا ڕێگایەکى زۆرمان لەبەردەم ماوە بۆئەوەى بتوانین ئەم سیستەمەى پشک لاببەین و پێویستە کارى زیاتر بکەین بۆئەوەى کۆمەڵگا ئافرەتان وەک مرۆڤێک قبوڵ بکەن. چونکە لە ڕابردوودا ئافرەتان لە نێو کورددا هەبوون کە سەرکردایەتى خێڵەکانیان دەکرد.”

زۆربەى کات ئاشکراکردنى جیاکارى دژى ئافرەتان لە شوینى کار و سیاسەتدا هاوشان و لە نوێنەرایەتیکردنى ئافرەتان لە پەرلەماندا ڕەنگى داوەتەوە. بۆ نموونە، ئافرەتانى سلێمانى زیاتر لە نیوەى ئەو ١٣ کورسییەیان پڕکردووەتەوە کە لەدەرەوەى سیستەمى پشک دەستیان کەوتووە. شارى سلێمانى تاکە شوێنە لە کوردستاندا کە تیایدا زۆرینەى ئافرەتان کاردەکەن و بەشێکى زۆرى دانیشتوانەکەى بڕوایان بە بەشدارى ئافرەتان هەیە لە پڕۆسەى سیاسیدا.

ڕۆژان حەمە ڕەشى لیستى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کە لەدەرەوەى سیستەمى پشکدا براوە بووە، پێیوایە کە سیستەمى پشکى ئافرەتان گرینگى خۆى هەیە بۆ پەرەسەندنى ئافرەتان لە کوردستاندا. بەڕێزیان لەو بارەیەوە دەڵێت: “هێشتا ئەرکێکمان لەسەر شانە بۆئەوەى وەک پەرلەمانتارى ئافرەت ڕۆڵى خۆمان بگێڕێن بۆئەوەى متمانەى خەڵکى بە ئافرەتان بەهێزتر بێت و بۆیان بسەلمێنین کە دەتوانین لە ئاست پێویستى و چاوەڕوانییەکانیانداین. ئەمەش ڕێگاى چوونە پەرلەمان بۆ ئافرەتان خۆشتر دەکات بەبێ پشتبەستن بە سیستەمى پشک.”

ئەو پارتانەى پێشکەوتوتربوون توانیویانە ئافرەتى زیاتر بەبێ سیستەمى پشک هەڵببژێرن

https://infogram.com/–1h7z2l87ren9x6o?live

شوێن و ئەداى ئافرەتان بەپێى پارتە سیاسییەکان دەگۆڕدرێت و زۆربەى کات بەگوێرەى هەڵسوکەوتى پارتەکەیە بەرامبەر ئافرەتان. بۆ نموونە، بەشێوەیەکى ڕێژەیى، ١٦ ئافرەت لەکۆى ئەوە ٢٠ ئەندام پەرلەمانتارە ئافرەتانەى سەر بە یەکێتى نیشتیمانى کوردستانن بەبێ پشتبەستن بە سیستەمى پشک کورسییەکانى پەرلەمانیان بەدەست هێناوە. یەکێتى نیشتیمانى حیزبێکى پێشکەوتنخوازە بەبەراورد لەگەڵ ئەوانیتر لە کوردستاندا. لەپاش ئەو نزیکترین پارت بزوتنەوەى گۆڕانە کە ١٥ ئافرەت لە کۆى ٢٠ لەدەرەوەى ئەم سیستەمە کورسییەکانیان بەدەستهێناوە. بزوتنەوەى گۆڕان پارتێکى پێشکەوتنخوازە و بارەگاکەى لە شارى سلێمانییە. هەرچى پارتى دیموکراتى کوردستانە کە پارتێکى پارێزگارە، تەنها ٤ ئافرەت لە کۆى ٢٠ لەدەرەوەى ئەم سیستەمە دەنگى تەواویان هێناوە، لەکاتێکدا گشت ئافرەتانى سەر بە پارتەکانى تر لەڕێگەى سیستەمى پشکى ئافرەتانەوە کورسییەکانى پەرلەمانیان بەدەست هێناوە.

خاتو ڕۆژان حەمە ڕەشى پەرلەمانتارى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان گوتى کە سەرکەوتنى ئافرەتان لە پارتەکەیدا ناچارییە. لەوبارەیەوە بەم شێوەیە دوا، “لە بەرنامەى پارتەکەماندا ئاماژە بەوە دراوە کە پێویستە ئافرەتان ڕۆڵى گرینگ ببینن و هێنانەپێشەوەى ئافرەتان ئامانجى پارتەکەمانە.” هەروەها گوتى کە پارتەکە ئەو ئافرەتانە دەخاتە لیستى کاندیدانەوە کە پیشەگەرى سەرکەوتوون، چ لە نێو حکومەتدا یاخود لە نێو کارى حزبیدا یان کەرتى تایبەتدا بۆئەوەى پشت بە هێزى ناوبانگیان ببەستن لە هەڵبژاردنەکاندا. هەروەها بەڕێزیان ئاماژەى بەوە دا کە متمانەى دانیشتوان کلیلى سەرکەوتن بووە بۆئەوەى لەدەرەوەى سیستەمى پشکى ئافرەتاندا دەنگ بهێنن.

ڕەنگە سیستەمى پشک گرینگ بێت بۆ هێنانەناوەوەى ئافرەتان بۆ کارى سیاسى، بەڵام دەکرێت لەهەمان کاتیشدا ببێت بە بەربەست بۆیان

دکتۆر هەتاو حەمە ساڵح، بەڕێوەبەرى ناوەندى یەکسانى ڕەگەزى لە زانکۆى هەڵەبجە، چەندین ساڵە لێکۆڵینەوە لەبارەى لایەنە ئەرێنى و نەرێنییەکانى سیستەمى پشکى ئافرەتاندا دەکات. بەڕێزیان پێیانوایە کە ئەم سیستەمى پشکە بۆ دڵنیاییدان بووە لەپاراستنى مافى ئافرەتان لە سیاسەتدا، سەرەڕاى ئەوەش گرینگە کە کەمپین بۆ دانیشتوان بکەین بۆئەوەى لەسەر بنەماى توانا دەنگ بە کاندیدەکان بدەن نک لەسەر بنەماى ڕەگەز.

خاتو هەتاو پێیوایە کە سیستەمى پشکى ئافرەتان دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى توانایان هەرکە چوونە پەرلەمانەوە بەهۆى ئەو شەرمەوە کە بەهۆى چوونە نێو پەرلەمانەوە لەڕێگەى پشکەوە بۆیان دروست دەبێت. لەو بارەیەوە گوتى،” کاتێک ئافرەتێک لەڕێگەى سیستەمى پشکەوە دەچێتە پەرلەمان متمانەى تەواوى بەخۆى نییە چونکە دەنگى تەواوى نەهێناوە بۆئەوەى براوەبێت. هەروەها دەنگدەران دەڵێن کە ئافرەتان لەڕێگەى سیستەمى پشکەوە دەچنە پەرلەمان و لەبەر ئەمەشە دەنگ بە پیاوان دەدەن.”

ئافرەتان گەیشتوون بە پلە و پۆستى بەرز پەرلەماندا، بەڵام بەبێ کاریگەرى

 

دەنگهێنان یەکەم بەربەستى بەردەم زۆرێک لە ئافرەتانەوە و هەبوونى کاریگەرى تەواو بەسەر یاسادانانەوە ئاستەنگێکى ترە. لە کۆى سێ ئەندامى سەرۆکایەتى پەرلەمانى ئێستاى کوردستاندا دووانیان ئافرەتن: دکتۆرە ڕێواس فایەق حسێن، کە نوێنەرایەتى یەکێتى نیشتیوانى کوردستان دەکات، سەرۆکى پەرلەمانە و پۆستى سکرتێرى پەرلەمانیش دراوە بە خاتو مونا قەهوەچى، کە ئافرەتێکە لە پێکهاتەى کەمینەى تورکمانەکانە. لە چوار خولى پەرلەمانى ڕابردوودا، تەنها یەک ئافرەت پۆستى لە سەرکردایەتى پەرلەمان وەرگرتبوو. ئەویش خاتو بێگەرت دڵشاد شکرالله بوو، لە لیستى یەکێتى نیشتیمانى کوردستاندا، و بۆ ماوەى دوو ساڵ سکردتێرى پەرلەمان بوو. بێجگە لەوە، لە ساڵى ١٩٩٢ تاکو ٢٠١٨، هیچ ئافرەتێک لە سەرۆکایەتى پەرلەماندا نەبینرا.

سەرەڕاى ئەوەى ئافرەتان توانیویانە پۆستى باڵا لە پەرلەماندا بگرنە دەست، بەڵام ئەم ڕێچکەیە لەنێو پارتەکان و حکومەتدا نەگیراوەتە بەر. تاڤگە ڕەئوف عەزیز، بەڕێوەبەرى پڕۆژەیە لە Heartland Alliance International، پێیوایە ئەگەر ئافرەتان لە پۆستەکانى سەرکردایەتیدا نەبن لە پەرلەماندا کاریگەرییان سنوردار دەبێت.

خاتو تاڤگە هەماهەنگکارى پڕۆژەى داهاتوو لە پێشمانەوەیە بوو کە دەستپێشخەرى سەرکردایەتى ئافرەتانى عێراقى بوو بۆ برەودان بە ڕۆڵى ئافرەتان لە سیاسەتدا و خۆى گەواهیدەرى ئەو بەربەستانەبووە کە هاتبوونە بەردەم کاریگەرى ئەندام پەرلەمانە ئافرەتەکان لە ئەجێنداى یاساداناندا. بەڕێزیان لەو بارەیەوە گوتى: “سیستەمى پشکى ئافرەتان لە پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاکان دەرفەتێکى باشى خستووەتە بەردەم ئافرەتان بۆ ئەوەى لە سیاسەتدا بەشداربن، بەڵام بۆئەوەى بتوانن خۆیان بسەلمێنن… هەندێک هەنگاوى گرینگ هەیە کە دەبێت بیگرنە بەر. پێویستمان بە زیادکردنى ژمارەى ئافرەتانە لە پۆستە باڵاکانى نێو پارتە سیاسییەکاندا چونکە ئەوان زۆربەى کات ناوەندى بڕیاردانن لە نێو پارتەکاندا.”

پیاوان حومەت بەڕێوەدەبەن و ستافەکەیان ئافرەتە

تاکو ئێستاش بنمیچێکى شوشەیى لە زۆرێک لە دامودەزگا حکومییەکاندا هەیە کە دەکریت تواناى ئەندام پەرلەمانە ئافرەتەکان سنوردار بکات بۆ کاریگەریخستنە سەر بەڕێوەبردنیان. خاتو تاڤگە دەڵێت کە پێویستە ئافرەتان دەرفەتیان پێ بدرێت بۆ ئەوەى کاریگەرى لەسەر چەند کەرتێک دروست بکەن لەڕێگەى ڕۆڵەکانى سەرکردایەتیکردنى وەزارەتەکانەوە. هەروەها پێیوایە کە پێویستە سیستەمى پشکى ئافرەتان بهێندرێتە نیو خودى حکومەتەوە بۆئەوەى سەرکردە ئافرەتەکان بتوانن تواناى خۆیان بسەلمێنن و متمانەى کۆمەڵگا بەدەست بهێنن.

خاتو تاڤگە کۆمەڵێک داتاى کۆکردووەتەوە دەریدەخەن کە ئافرەتان لەدەرەوەى سەرکردایەتیکردنى ڕۆڵە سەرەکییە وزارییەکان هێڵدراونەتەوە. لەو بارەیەوە دەڵێت: “تەنها سێ وەزیرى ئافرەت هەن لە کۆى ١٩ وەزیر، و لە کابینەى پێشوشدا تەنها یەک وەزیرى ئافرەت هەبوو، لە کاتێکدا ئافرەتان لە نێو خودى وەزارەتەکاندا ژمارەیان زۆرە وەک فەرمانبەر. بۆ نمونە، بەگوێرەى داتاکانى بەڕێزیان، زیاتر لە نیوەى فەرمانبەرانى هەردوو وەزارەتى تەندروستى و پەروەردە ئافرەتن، بەڵام زۆربەى ئەو دامەزرامانە لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبرێن. لە وەزارەتێکى وەک وەزارەتى پێشمەرگە، نزیکەى ٩٩% ى فەرمانبەرەکانى پیاوە.” خاتو تاڤگە پێیوایە کە پێویستە بەشداریپێکردنى ئافرەتان سەرکردایەتیکردنى وەزارەتەکانیش بگرێتەوە بۆئەوەى برەو بە یەکسانییەکى تەواوى ڕەگەزى لە نیو حکومەتدا بەرجەستە ببێت.

تیشکخستنە سەر سەرکەوتنى ئافرەتان لە حکومەتدا

زۆرێک لەو ئافرەتانەى لەگەڵیاندا دواین پێیان وایە کە بەشداری ئافرەتان سنوردار دەبێت تاکو ئەو کاتەى دانیشتوان دان بە بەشداریکردنیاندا دەنێن. خاتو ڕۆژان لەو بارەیەوە ڕوونکردنەوەى داو گەتى کە دەستکەوتە پیشەگەراییەکانى ئافرەتان هۆکارى هەڵبژاردنیانن و ئافرەتان پێویستیان بە دەرفەتە بۆئەوەى لە بوارى سیاسیشدا بدرەوشێنەوە. بەڕێزیان گوتى: “لەبەر ئەم هۆیەیە کە گرینگە پۆستە باڵاکانى نێو حکومەت و پارتەکان بدرێن بە ئافرەتانیش. بۆئەوەى خەڵکى ببینن کە ئافرەتان دەتوانن وەکو پیاوان ئەو پۆستانە بە شێوەیەکى باش بەڕێوە ببەن.”

هەروەها بەڕێزیان بڕوایان وایە کە “کۆمەڵگا بە شێوەیەکى گشتى ڕۆڵێکى بەرچاویان هەیە لە گۆڕانى شێوازى بیرکردنەوەى کۆمەڵایەتى بەرامبەر بە ئافرەتان لە حکومەتدا لە ڕیگەى دڵنیاییدان لەوەى کە دەستکەوتەکانى ئافرەتان ون نەبن. پێویستە هونەر و سینەما و میدیا و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى ڕۆڵێکى بەردەوام ببینن لە وێناکردنێکى جوان و ڕاستەقینەى ڕۆڵى ئافرەتان لە سیاسەتدا.”

بنکۆڵکاری

Investigations

بنکۆڵکاری","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":21466}" data-page="1" data-max-pages="1">