ڕاپۆرتی گێڕانەوە: بێئاویی لە سنوری ئاکرێ دەبێتە هۆکاری کۆچ و کێشەکان دەگەنە دادگا

بێئاویی لە سنوری ئاکرێ دەبێتە هۆکاری کۆچ و کێشەکان دەگەنە دادگا

“رۆژێک چومە گەرماو دەستنوێژ بگرم، ویستم کاسە ئاوێک بەکاربهێنم بۆ دەموچاو شۆردن، لە پڕ دەنگی کچەکەم گوێ لێ بو، وتی باوکە تەنیا ئەو کاسە ئاوەمان ماوە، با بیکەینە ناو موبەریدەکەوە، ئەوکاتەی کە گوێبیستی ئەو قسەیە بوم، وتم تەواو ژیان لەم گوندە نەما”.

ئەمە قسەی رێبەر تاهیری تەمەن 35 ساڵە کە پیشەی پێشمەرگەیە و چەند مانگێکە بەهۆی بێئاوی، خۆی و خێزانەکەی گوندی (دودی خوارو)یان جێهیشتوە و لە قەزای ئاکرێ لە خانویەکی هەیکەلی تەواونەکراودا نیشتەجێ بون.

گوندی دودی خوارو سەر بە ناحیەی دینارتەیە کە بە دوریی 20 کیلۆمەترێک دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆك. لەو ناحیەیەدا 76 گوند هەن، بەشێک لە ئاوی کانی و کارێزی گوندەکان کەمی کردوە، کە زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پشتیان پێ دەبەستن. جگە لە کشتوكاڵ و ئاژەڵداریی، ناوچەکە گەشتیارییە و هەروەها بە باخ و بێستانی زۆر بەناوبانگە، بە تایبەتی سماق و سێو و ترێ و خۆخ.

دینارتە روبەرەكەی 843 كیلۆمەتر دوجایەو ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە نزیکەی 50 هەزار کەس، لە ساڵی 1942 بوە بە ناحیە و پێشتر سەنتەری ناحیەكە لە مێركەپرا بوە و دەكەوێتە نێوان هەردو چیای ئاكرێ و پێرسەوە، لە ساڵی 1953 سەنتەری ناحیەكە بۆ دینارتە گوازراوەتەوە.

رێبەر تاهیر گلەیی لە دەسەڵاتی ئیداریی ناوچەکەی هەیە بەوەی هاوکاری گوندەکەیانی نەکردوە و لە هەمان کاتدا دەڵێت، رۆژی وا هەبوە، نیو سەعات لە گوندەکەمان گەڕاوم تا ئاوی خواردنەوەم دەستکەوتوە. ئەو لەم بارەیەوە دەگێڕێتەوە دەڵێت، “ئەوانەشی لە گوندەکە ماونەتەوە نایانەوێ زیدی خۆیان بەجێبهێڵن، ئەگەرنا دۆخی ئێستای گوندەکە مەمرە و بژییە”.

بە حەسرەتەوە باس لە مەینەتییەکانی خۆی دەکات وتی “کاتێك مرۆڤ لە شوێنی نیشتەجێبونی خۆی دوردەکەوێتەوە هەمان ئەو هەستەیە وەك ئەوەی لە دایکی دور کەوتبێتەوە”.

هیچ یەکێک لەو گوندانە وەك هەردو گوندی دودی خوارو و دودی سەرو لە ناوچەکەدا چیرۆکەکەیان بەرچاوتر نییە، ئەو دو گوندە لەیەکترەوە نزیکن و تەنیا یەك کانییان هەیە کە بوە بە سەرچاوەی هاوبەشی ئاوەکەیان و دانیشتوانی گوندی دودی سەرو بەسەریدا زاڵن.

هەرچی گوندی دودی خواروە ئێستا تەنیا سەرچاوەی ئاوی جۆگە ئاوێک و ژمارەیەک بیری دەستکردە کە تەنیا یەک وەرزی ئاویان تێدایە، و دو ساڵە زیاتر ئەو بێئاوییە پەرێشانی کردون، بەو هۆیەوە لە کۆی 120 ماڵی گوندەکە 44 ماڵ گوندەکەیان بەرەو گوندی تر و ناحیەی دینارتە و قەزای ئاکرێ جێهێشتوە و تەنیا 76 ماڵی تێدا ماونەتەوە، ئەوانیش لەلایەک شەڕی بەدەستهێنانی ئاو لەگەڵ گوندی دودی سەرو دەکەن، و لەلایەکی دیکە پشت بەو تانکەرە ئاوانە دەبەستن کە ئاو بۆ ماڵان دەگوازنەوە، ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر بێبەشن لە سەرچاوەی ئاو و کشتوکاڵکردنیش وەستاوە، ئەوەی هەیە ژمارەیەک بیری “نایاسایی دەستکرد”ە کە بۆ خۆشۆردن و کاری رۆژانە بەکاریدەهێنن، هاوکات بە تانکەر ئاوی خواردنەوە لە دینارتە و کانییە ئاوەکانی گوندەکانی دیکە پەیدا دەکەن. 

سەرچاوەی ئاو

قادر پیرۆ، موختاری گوندی دودی خواروە دەڵێت، سەرچاوەی ئاوی هەردو گوندەکە سێ لقی لێ دەبێتەوە، دوانیان بۆ گوندی دودی سەرون و دانەیەکیشیان بۆ دودی خوارو دەڕوات، لەبەر ئەوەی لە نزیك سەرچاوەی ئاوەکە باخچە و زەوی کشتوکاڵی کراون و غەتاس و ماتۆڕ دانراون، بە زەحمەت ئاو دەگاتە گوندی دودی خوارو.

رونیشی دەکاتەوە کشتوکاڵکردن لە گوندەکەی وەستاوە، هەروەها دەڵێت، “ئەو لقە ئاوەی دێتە گوندەکەیان پێش ساڵی 2000 بە بڕی 10 هەزار دینار کڕیویانە، بەڵام دواتر ئەوەشیان لێ کەمکراوەتەوە و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ خەڵکی گوندی دودی سەرو قسەیان کردوە، دەڵێن ئاوەکە بەشی خۆیان ناکات”.

پیرۆ باس لەوە دەکات کە “لە ماوەی 2022 و 2023 و تا ئێستاش پەیداکردنی ئاو زەحمەتتر بوە و 20 ماڵی گوندەکەمان بیریان هەڵکەندوە، کە قوڵییەکەیان دەگاتە 25 بۆ 35 مەتر، بەڵام بیرەکانیش لە هەردو وەرزی هاوین و پایزدا وشك دەبن”. دوپاتیشی دەکاتەوە کە “لە هەردو وەرزەکەدا بە تانکەر ئاو دەکڕن، یان فەرمانگەی ئاو تانکەریان بۆ دەنێرێ”.

هەروەها ئاشکراشی کرد کە تا ئێستا 44 ماڵی گوندەکەیان بەهۆی ئەو بێئاوییەوە کۆچییان کردوە و زۆرینەیان چونەتە قەزای ئاکرێ، ناحیەی دینارتە، گردەسین، گوندی سوسنا و چەمانکێ و بەشێكیان کشتوکاڵ و ئاژەڵداریان بۆ ئەو گوندانە گواستوەتەوە کە هێشتا سەرچاوەی ئاویان باشترە، ئەوانەشی چونەتە شار، بە تەواوەتی دەستبەرداری ماڵ و ژیانی گوند بون، دوکاندارن یان کرێکار.

قەیرانی کەمئاوی و وشکەساڵی یەکێکە لەو ئاستەنگە گەورانەی ساڵانێکە روبەڕوی زۆر ناوچەی جیهان بوەتەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و تیایدا عێراق، لە ناوچە بەرکەوتوەکانە. بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقی لەماوەی کەمتر لە چوار ساڵی رابردودا عێراق کە لە ریزبەندی پێنجەمی ئاماژەی وشکەساڵی جیهانیدایە نزیکەی 53 ملیار مەتر سێجای ئەمباری ئاوی خۆی لەدەستداوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی دەستەبەرکردنی ئاشتی عێراق epic چەندین هۆکار بۆ ئەو کێشەیە هەن، لەوانە؛ خراپ بەڕێوەبردنی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبونەوەی ئەو ئاوەی لە وڵاتانی تورکیا و ئێران و سوریاوە دێتە ناو خاکی عێراق، پێشیوایە نەبونی ویستی سیاسی رێگربوە لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەکەدا.

سەبارەت بەو کێشەیەی کە لە هەردو گوندەکەدا هەیە، رەمەزان شەریف، بەڕێوبەری ئاودێریی ئاکرێ ئەوەی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت “گوندی بامشمش کە دەکەوێتە نزیک گوندی دودی سەرو، لە رێگەی ماتۆڕ و سۆندەی پلاستیکەوە ئاویان لەسەر سەرچاوەی ئاوی ئەو جۆگەیە راکێشاوە کە بۆ گوندی دودی خوارو دەچێت و ئەوەندەی دیکە پێگەیشتنی ئاوی بە گوندی دودی خوارو کەمکردوەتەوە”.

گوندی بامشمش 500 مەتر لە جۆگە ئاوەکەی نێوان دودی سەر و دوی خوارو دورە، محەمەد سەعید، کە موختاری گوندی بامشمشە و ریشسپێتی بۆ 550 ماڵی گوندەکە دەکات، گوتی: ئێمە کانییەکی ئاومان لە گەلی زێوە هەیە، کە نزیکە لێمانەوە و سەرچاوەی ئاوی ئێمەیە، هەرچەندە کەمی کردوە، بەڵام پێویستمان بە ئاوی گوندی دیکە نییە.

بە قسەی موختار بێت خۆشی 500 بنەداری وشکیان کردوە، ئەوە نەبێ ئاوەکە لەلای ئەوان زۆر بێت، بەڵام گوتی، “هیچ ئاوێکمان لە گوندی دودی سەرو نییە و ئەو قسانە دورن لە راستی، تەنیا کەسێکی گوندەکەمان ئاوی لە گوندی دودی سەرو بردبو بۆ زەوییەکەی خۆی کە نزیک بو لە سەرچاوەی ئاوەکەوە، دواتر ئەوەش نەما”.

بەڕێوەبەری ئاودێریی ئاکرێ باس لەوەش دەکات کە “بیر هەڵکەندن لەو گوندەدا بە بێ پرس ئەنجامدراوە، بەڵام لەترسی چۆڵکردنی گوندەکەدا چاوپۆشیکراوە و رێگادراوە نزیکەی 20 بیر هەڵبکەنرێن بێ ئەوەی هیچ رێکارێکی یاسایی بگیرێتەبەر”. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پێویستە هەر بیرێك  150 مەتر لە کانی و بیرەکانی دیکەدا دوربێت”. گوتیشی “لە کۆی 76 گوندی سەر بە ئاکرێدا لە 7 گوندی دیکەدا کێشەی کەمئاوی هەیە”.

هاوکات، قادر پیرۆ نایشارێتەوە کە بەهۆی دۆخی کتوپڕی گوندەکەیانەوە بیریان هەڵکەندوە و کشتوکاڵی ئاکرێ چاوپۆشی لێکردون.

کشتوکاڵ لە دودی خوارو وەستاوە

گوندی دودی خوارو، بە برنج، کونجی و سماقێکی نایاب بەناوبانگە و چەند جۆرێکی جیاوازی کشتوکاڵی تێدا دەکرا، بەڵام قەیرانی کەمبونەوەی ئاو لە ساڵی 2022 بە جۆرێک کاریگەری دروستکرد وا خەریکە ئەو نازناوەشی نەمێنێت، بە قسەی بەڕێوەبەری ئاودێریی ئاکرێ بێت “تەواوی روبەری کشتوکاڵی گوندەکە نەپێوراوە، بەڵام مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 300 دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەبێت، ئەوا ئێستا %40ی ئەو زەوییانە کاری کشتوکاڵی تێدا دەکرێت”، ئەوانەشی بژێویان لە گوند پەیدا نەبێت، لە بری کشتوکاڵکردن بەرەو شار و گوندەکانی تر ئاوارەبون.

عەبدولخالق حەسەن دانیشتوی گوندی دودی خواروە و باس لەوە دەکات نزیکەی 60 دۆنم زەوی کشتوکاڵ لە گوندەکەیان بەهۆی بێ ئاوییەوە وشک بون، ئێستا ئەوەی جوتیارانی هەیانبێت ئاوی بارانە، یان ئەو کەمە ئاوەیە کە لە دودی سەروەوە دێت، ئەگەرنا کشتوکاڵ لە دوی خوارو وەستاوە و ئەو جوتیارانەشی کە ماونەتەوە بەو ئومێدەن جارێکی دیکە بتوانن زەوییەکانیان بەکاربهێننەوە. هێماش بۆ ئەوە دەکات کە بەهۆی لەدەستدانی داهاتی شیرەمەنی و کاری کشتوکاڵییەوە خەرجیی رۆژانەیان بۆ دابین ناکرێت، سەرەڕای ئەوەی خەرجی هێنانی ئاویشیان کەوتوەتە ئەستۆ.

سەرهەڵدانی کێشە

بەهۆی نیگەرانیی خەڵکی گوندی دودی خوارو “کە وای دەبینن دەست بەسەر سەرچاوەی ئاوەکەدا گیراوە”، سکاڵایان لەسەر خەڵک گوندی دودی سەرو تۆمارکردوە، لای خۆشییەوە ڕەشید ئیبراهیم، موختاری گوندی دودی سەرو ئەو لە بارەی نیگەرانی گوندی دودی خواروە قسەکانیان رەتدەکاتەوە کە گوایە غەتاس و باخچەکانیان بوبن بە هۆکاری ئەوەی ئاو بە گوندی دوی خوارو نەگات. ئەو دەڵێت، “تەنیا سودمان لە سێ ماتۆڕی بچوک بینیوە، تا ئاوی خواردنەوەی ماڵەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان دابین بکەین”.

وتیشی “لە دو ساڵی رابردودا ئاو لە کانییەکەدا کەمی کردوە، ئەو گلەییەی دودی خوارو دەیکەن لە نەبونی کشتوکاڵ ئێمەش هەمانە، بەدڵنیاییەوە ئێمە هەرگیز ئاو ناگرینەوە”.

لە بارەی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ لە سنوری قەزای ئاکرێ و گوندەکانی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزاکە، فازڵ مستەفا، ئاماژە دەدات بەوەی کە لە وەرزی دابارینی 2023-2024 تا رۆژی 27.1.2024 لە ئاکرێ 551.2 ملیم باران باریوە، لە کاتێکدا پار 156.4ملیم باران باری بو، هاوکات لە تێکڕایی رێژەی گوندەکان ئەمساڵ تا هەمان رۆژ 1096.5 ملیم باران باریوە، لە کاتێکدا پار لە هەمان روبەری گوندەکان تەنیان 263.1 ملیم باری بو.

بەڕێوبەری ناوبراو لە بارەی کاریگەری رێژەی ئەو باران بارینە لە سەر گوندەکانی قەزای ئاکرێ دەڵێت “لە چەند رۆژی رابردو ژمارەیەک کانی بچوک تەقیون و هەندێک لە سەرچاوەکان بوژاونەتەوە، بەلام هێشتا هیوامان بە خودایە رێژەکە زیاتر بێت و تا رۆژانێکی زۆر بەشی پێداویستی گوندەکان بکات”.

ئاوارەبونەکە تەنیا گوندی دودی خواروی نەگرتوەتەوە، موختاری گوندی دودی سەرو دەڵێت “لە کۆی 100 ماڵ 90 ماڵ لەناو گوندی دودی سەرو ماونەتەوە و لە ماوەی ئەم دو ساڵەدا نزیکەی 10 ماڵ بەهۆی کەمبونەوەی ئاوەوە گوندی دودی سەرویان جێهێشتوە لەنێویاندا دو براو سێ لە کوڕەکانم هەر بەو هۆیەوە گوندەکەیان جێهێشتو و لە ئاژەڵداریی دابڕاون”.

لە بارەی سکاڵاکەی گوندی دودی خوارو موختاری گوند ئەوەی گوت، “کانییەکە لە سنوری گوند و ماڵەکانی دودی سەروە، مافی خۆمانە مامەڵەی پێکەوە بکەین، بەڵام خەڵکی گوندی دودی خوارو لە بیانوەکانی ئێمە تێناگەن کە ئاوی گوند وەکو جاران نەماوە، بۆیە لە بەرانبەردا 17 ماڵی گوندەکەمان بەیەکەوە سکاڵایان کردوە”. 

سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەکردنی ئاوی هەردو گوندەکە گوتی، “تا ئێستا سێ جار بە رێگا و دانیشتنی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خەڵکی گوند هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەمان دا، بەڵام ئێستا لە دەستی ئێمە نەماوە و چوەتە دادگا، رەنگە ئەوەش ساڵان و مانگان بخایەنێت”.

دادگای بێئاوی

هەردو گوند لەلای خۆیانەوە بە بنبەست گەیشتون و پێیان وایە تاکە هۆکار کەیسەکەیان بۆ چارە بکات دادگایە، تەنانەت رێکارە ئیدارییەکەش نەیتوانیوە بەهۆی هەبونی خواست و کەمی ئاوەوە، ئاوێکی یەکسان بۆ هەردو گوندەکە دابین بکات.

عیسا عەبدوڵا، پارێزەری گوندی دودی خواروە لەبارەی سکاڵای گوندەکەوە کە لە دادگا تۆماریان کردوە گوتی، “بەهۆی ئەوەی ریشسپی و کەسایەتی ناو گوندەکە لەسەر دابەشکاری ئاوی گوندەکە نەگەیشتون بە رێککەوتن، گوندی دودی خوارو سکاڵایان لە دادگا تۆمارکردوە، تاکە هۆکاری تۆماری سکاڵاکەش کەمبونەوەی ئاوە”.

بە گوتەی ئەم پارێزەرە “دانیشتوانی گوندی دودی خوارو لە سکاڵاکەیاندا داوایان کردوە، لە کانییەکەی دودی سەرو پشکی ئاوی خۆیان بەبێ گرفت پێ بدرێت، یان بیریان بۆ لێبدرێت، بەڵام تا ئیستا هیچ کام لە داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکراوە.”

تروسکاییەک روناکی هەیە

بە گوێرەی نوسراوێک کە دەست ئامادەکاری ئەم راپۆرتە کەوتوە، پارێزگای دهۆک لە 22.11.2023، رەزامەندی لەسەر داخوازییەکی قەزای ئاکرێ داوە، کە بەشێوەی بەڵێندەرایەتی و بە خەرجکردنی گوژمەی پێویستی “لێدانی پڕۆژەیەکی ئاو” بۆ گوندی دودی خوارو لە ناحیەی دینارتەی قەزای ئاکرێ جێبەجێ بکرێت. 

زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ لەبارەی نوسراوەکە دەڵێت، ستافێکی جیۆلۆجی ئاوی ئاکرێ سەردانی گوندەکەیان کردوە، جگە لەو ناوچایەی کەشفی بۆ کراوە لە 300 مەتردا ئاوی تێدا بەدی نەکراوە، جێگایەکی دیکەیان کەشفکردوە، کە ئەگەر هەیە بگەن بە دەماری ئاو و گوندی دودی خوارو ببێت بە سەرچاوەی ئاوی خۆی.

هەروەها دەڵێت، “ئەگەر پێشبینی جیۆلۆجی بیسەلمێنێت ئەگەری بونی ئاو لەو گوندەدا هەیە، ئەوا بودجەی پێویستی بۆ تەرخان دەکرێت و سەرچاوەیەکی تایبەتی ئاو بۆ دودی خوارو دابین دەکرێت، ئەگەر نا لە هەوڵەکانی پێدانی ئاو بە تانکەری ئاو بەردەوام دەبین تا ئەو کاتەی بۆڕی ئاوی بۆ رادەکیشرێت”.

لەکۆتاییدا هێمای بۆ ئەوەکرد کە هەوڵدراوە بیر هەڵکەنرێت، بانگەوازیشیان بۆ ئەم مەبەستە کردوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵێندەرێك ئامادە نەبوە ئەو کارە ئەنجامبدات، بێئەوەی هۆکارەکەی بزانرێت ئاخۆ لەبەر کەمی قازانجە یان گومانی نەگەیشتنە بەسەرچاوەی ئاو لەو گوندەدا. 

کەمبونی سەرچاوە ئاوییەکان سەرەڕای ئەوەی بوەتە کێشەیەکی جددی لەسەر ژیان و بژێوی خەڵک بە شێوەیەکی گشتی و جوتیاران بە تایبەتی، زۆر جار گرفت و کێشەی کۆمەڵایەتیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و دەبێتە هۆکاری ململانێی توند لەنێوان دانیشتوانە لۆکاڵەکاندا.

ڕاپۆرتی گێڕانەوە

Reports

ڕاپۆرتی گێڕانەوە","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":23979}" data-page="1" data-max-pages="1">