داتا, ڕاپۆرتی گێڕانەوە: کەلێنی خوێندن لە عێراق دوو هێندە زیادی کردووە… کۆرۆنا نایەکسانی دوو هێندە دەکات و وازهێنان لە خوێندن زیاد دەکات

کەلێنی خوێندن لە عێراق دوو هێندە زیادی کردووە… کۆرۆنا نایەکسانی دوو هێندە دەکات و وازهێنان لە خوێندن زیاد دەکات

کچان گەورەترین قوربانی وازهێنان و بێبەش بوونن لە خوێندن

دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ لە پەیوەندیکردنی بە قوتابخانە بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا لە پاییزی 2018، ئایە سالم (6 ساڵ) توانی ناوی خۆی و ناوی دایک و باوکی و قوتابخانەکەی بنووسێت کە دەکەوێتە گەڕەکی نور لە شاری موسڵ، و دەستی کرد بە زانینی چۆنیەتی کۆکردنەوە و کەمکردنەوەی ژمارەکان.

باوکی ئەمەی بەباشی لەبیرە، سەیری موحەممەدی برای دەکات کە دوو ساڵ لە خۆی بچووکترە، “پێش کۆتایی وەرزی دووەم لە هاوینی 2019، ئایە خەریکی ڕێنووسی وشەکان و بەستنەوەیان بوو بە ڕستە و کێبڕکێی لەگەڵ هاوپۆلەکانی دەکرد لە نووسینی پیتەکان، بەڵام موحەممەد کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چووە قوتابخانە، بەزەحمەت پیتەکانی دەناسی کاتێک ساڵی یەکەمی خوێندنی تەواو کرد و چووە پۆلی دووەم.

باوکەکە کەوا وەک فەرمانبەرێکی کارگێڕی کاردەکات و بەخێوکردنی خێزانێکی حەوت کەسی لەسەرە کە پێنج منداڵیان لە ئاستی خوێندنی جیاوازدان، ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە ئاستی زانستي ئایە هاوشێوەی ئاستی خوێندنی موحەممەد و منداڵەکانی دیکە، بەڕوونی کاریگەری لەسەر بووە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهۆی پچڕانیان لە قوتابخانە بەهۆی نەبوونی دەرفەتی خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین “ئاگاداری ئەوەم لە ڕێگەی ئەو وانە و زانیارییانەی کە هەر کەسێکیان بەدەستی هێناوە بەراورد بەوانەی پێش خۆیان لە هەمان قۆناغدا”.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2020، یازدە ملیۆن خوێندکاری عێراقی نەیانتوانی بچنە قوتابخانە. پەتای كۆڤيد -19، لەگەڵ ئەو ڕێوشوێنانەی کە بۆ خۆپاراستن و کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە سەپێنرا، وەک داخستنی سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییەکان، مەترسی لەسەر ڕەوتی خوێندن بۆ وڵاتێکی تازەپێگەیشتووی وەک عێراق دروستکرد، بەو پێیەی داخستنی بەشێکی بۆ ماوەی 55 ڕۆژی خوێندن بەردەوام بوو، لە کاتێکدا کۆی داخستنی قوتابخانەکان گەیشتە 255 ڕۆژی خوێندن، بەپێی ئامارەکانی یونیسێف و یونسکۆ.

داخستنی بەشەکی لە عێراق گەیشتە 55 ڕۆژ، داخستنی تەواوەتییش گەیشتە 255 ڕۆژی خوێندن

کۆرۆنا و لەدەستدانی خوێندن

پچڕانی درێژخایەن لە خوێندن لە ئەنجامی داخستنی بەشەکی و تەواوەتی، کەلێنی نێوان واقیعی ئەوەی خوێندکار فێری بووە و ئەوەی دەبوو لە پۆلەکانی ئێستایاندا فێری ببێت زیاتر کردووە. ئەو هۆکارەی بووە هۆی زیادبوونی لەدەستدانی پەروەردەیی، کە خۆی “لەو پرۆگرامە پەروەردەیی و بابەتانە دەبینێتەوە کە بەدەستیان نەهێناوە”، لەگەڵ بەردەوامبوونیان لە پرۆسەی خوێندن. ئەمە کاریگەری لەسەر کارامەییە ئەکادیمییەکانیان هەبوو و بەدەستهێنانی زانیارییە پێویستەکانی بۆیان قورس کرد، ئەمەش بۆشایی پەروەردەیی لە بابەتی زانستیدا دروستکرد.

لەیلا عومەر (تەمەن 22 ساڵ)، خوێندکاری قۆناغی سێیەمی کۆلێژی پزیشکیە لە زانکۆی مووسڵ، کە لاپەڕەی وانە کۆنەکانی لە ناو دەستی ئاودیو دەکرد و بە هاوڕێیەکی قۆناغی پێنجەمی نیشان دەدا. سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لە نەزانینی زانیارییەکی پزیشکی زۆر گرنگ، “ئەم زانیارییەمان وەرنەگرت، ئەمانە وانەکانی ئێمەن بۆ ئەو بابەتە، ئەم زانیاریانە بوونیان نییە”.

لەیلا کە لەبەردەم نووسینگەی فۆتۆکۆپی لە کۆلێژەکەی وەستابوو، بۆ لەبەرگرتنەوەی وتارەکانی هاوکارێکی کە ساڵانێک لەمەوبەر دەرچووبوو، دەشڵێت: “کۆرۆنا بۆشاییەکی زانستی دروستکرد کە کاریگەری لەسەر ڕەوتی خوێندنمان لە کۆلێژی پزیشکی هەبوو لە ماوەی داخستن و قەدەغەی هاتوچۆ و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی، بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە وانە کردارییەکانمان لەدەست بچێت، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە سەردانی مەیدانی بۆ نەخۆشخانەکان و چاودێری نەخۆش، ئەمە هۆکاری لەدەستدانی زانیاری گرنگ و نیگەرانکەر بوو”. بەردەوام دەبێت و دەڵێت، “ئەوەی لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا لەدەستمان دا، بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێتەوە”.

فاتن مەحمود (21 ساڵ)، خوێندکاری بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی ئەنبار، هەمان بابەت پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: “پچڕانی خوێندن و وەرگرتنی خوێندنی ئەلیکترۆنی وەک جێگرەوەیەک بۆ فێربوونی ناو-پۆل کاریگەری لەسەر هەموو خوێندکاران هەبوو، تەنانەت خوێندکارە یەکەمەکانیش بە تێپەڕبوونی کات ڕووبەڕووی کەلێنێکی زانستی فراوان دەبینەوە و هەمووان ناتوانین ئەم بۆشاییە بەرتەسک بکەینەوە لە ئەنجامی دوو هێندەبوونی ڕێژەی ئەو زانیاریانەی کە بەدەستمان نەهێناوە بەهۆی کەمتەرخەمی فێرکردنی پێشووتر”.

فاتن دەڵێت، “خوێندکار هەیە پرۆگرامی گرنگی بیرکاری و گرافیک نازانێت بۆ تەواوکردنی توێژینەوە ئەکادیمییەکانیان، چونکە لە ئەنجامی وەستانی خوێندن بێبەش بوون لە وەرگرتنی بابەتەکان. بە سادەیی ئاسان نییە لە ماوەی ساڵێکدا بابەتەکانی سێ ساڵ وەربگریت”.

فاتن لە قۆناغی یەکەمی ساڵی خوێندنی 2019-2020 وەرگیرا، دوای ماوەی خوێندن کە لە سێ مانگ زیاتر نەبوو، بڕیاری داخستنی دامەزراوە پەروەردەییەکان هات، بەمەش بەشێکی زۆری بابەتە زانستییە سەرەتاییەکان وازیان لێهێنرا، دوای چوار ساڵ خۆی بینیەوە کەوا ناتوانێت لە زۆرێک لە پێداویستییەکانی توێژینەوەی دەرچوون تێبگات و چارەسەری بکات، بە تایبەت کە زۆرینەی مادەکان بەیەکەوە گرێدراون.

ئەوەی گەورەیی کێشەکەی زیاتر کردووە بریتیە لە کەمتەرخەمی و پشتگوێخستن لە خوێندنی هەندێک بابەت و سڕینەوەیان لە پرۆگرامی خوێندن کە پێویست بوو تەواو بکرێن.

سەلیم حەمزە توێژەری ئەکادیمی ئاماژە بەم بابەتە دەکات و دەڵێت “زەبر و قەیرانەکان لە کۆمەڵگا گەشەسەندووەکاندا ژینگەیەک دروست دەکەن کە هاندەری کەمتەرخەمی و پشتگوێخستن بێت، ئەمەش بۆشایی زانستی فراوانتر دەکات و گەندەڵی زانستی زیاتر دەکات”.

نموونەیەک بۆ ئەم بابەتە دەهێنێتەوە: “ئەو شۆکەی کە ئابووری جیهانی لە ئەنجامی پەتای کۆڤید بەری کەوت، و چۆن کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان هەبوو، بەڵام قووڵترین کاریگەری لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا چڕبووەوە کە ئێستا بەدەست لاوازی و شلۆقی دەناڵێنن”.

خالید حوسێن، خوێندکاری پۆلی سێی ناوەندی، خەڵکی شاری موسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەوا، باس لەوە دەکات، ساڵانێکی زۆر پێش کۆرۆنا، نمرەکانی لە زۆربەی تاقیکردنەوەکاندا کەم بوون و بەزەحمەت 50%ی لە بیرکاری و کیمیا بەدەست دەهێنا. بەڵام لە کاتی کۆرۆنا و خوێندنی ئەلیکترۆنی، ئەو بە ئاسانی لە تاقیکردنەوەکان دەردەچوو، “بەهۆی ئەوەی ئەو بابەتانەی بەدرێژایی ماوەی داخستن وەرمانگرت کەم بوون بە بەراورد بەو بابەتانەی کە پێویست بوون، بە تایبەت کە ئیدارەی قوتابخانەکان نەرمتر بوون سەبارەت بە ئاستی ئەکادیمی دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە”.

حاڵەتی حوسێن هاوشێوەی حاڵەتی زۆرێک لە خوێندکارانە لە ئاستە جیاجیاکانی خوێندن کە بارودۆخی قەدەغەی هاتوچۆ هاوکار بوون بۆ بەرزکردنەوەی نمرەکانیان و بەدەستهێنانی نمرەی دەرچوون بەبێ شایستە بوونی ئەکادیمی، بۆ ئەوەی بتوانن بچنە پۆلێکی تر بەبێ ئەوەی ئاستێکی بەرزتری زانیاری پێویست لەگەڵ خۆیان بگوازنەوە، و ئەمەش کێشەکەی لە ساڵی دواتردا زیاتر بەرچاوکرد، بەجۆرێک ڕێژەی شکستهێنان لە ساڵی خوێندنی 2021-2022 بەرز بوویەوە.

د. فەدوا عەلی، مامۆستای زانکۆی تەکنیکی، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر لەدەستدانی خوێندن دەڵێت: “ڕەنگە بۆ ئێمە قورس بێت قەبارەی ڕاستەقینەی کاریگەرییەکان لەسەر ئاستی زانستی ئێستا دیاری بکەین. پەروەردە و فێرکردن ئامرازێکە کە خوێندکار لە ڕێگەیەوە زانست بەدەست دەهێنێت کە لێهاتوویی بۆ دابین دەکات، بۆیە زۆرێک لەو خوێندکارانەی کە وازیان لە خوێندن هێناوە یان نەیانتوانی قەرەبووی ئەو بابەتە ئەکادیمییانە بکەنەوە کە لەدەستیان داوە، بۆ چەندین ساڵ زیانەکانی خوێندنیان لەسەر دەبێت”.

هەروەها دەڵێت: “بە دڵنیاییەوە ئەمە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم چوونە ناو بازاڕی کار لە ژێر ڕۆشنایی نەبوونی کارامەیی پێویست، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی خێرایی تەکنەلۆژیی و فراوانبوونی ژمارەی خاوەن بڕوانامەکان”.

دابەزینی ڕێژەی خوێندەواری بۆ ساڵانی خوێندنی 2021 و 2022 لە عێراق لە ئەنجامی پەتای کۆرۆنا

ڕێژەی خوێندەواری قوتابیانی تەمەن دە ساڵان دابەزینی ڕێژەی خوێندەواری لە دوای كوڤيد -19 نیشان دەدات و بە پشتبەستن بە ئەنجامی ڕاپرسییەک کە لەلایەن یونیسێفەوە ئەنجامدراوە بۆ هەڵسەنگاندنی تواناکانی خوێندنەوە لە پۆلەکانی یەکەمدا، ئەوە نیشان دەدات کە زۆرینەی ڕەهای خوێندکارە عێراقییەکان لە پۆلەکانی دووەم و سێیەمی سەرەتاییدا لە بابەتەکانی پەیوەست بە تەمەنیان تێنەگەیشتوون. لە ڕاپرسییەکی دیکە کە لەلایەن یونیسێفەوە لە ساڵی 2022 ئەنجامدراوە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە تەنها 75%ی منداڵانی قوتابخانە سەرەتاییەکان و کەمتر لە 50%ی منداڵان لە قۆناغە ناوەندییەکان بەڕاستی خوێندنیان تەواو کردووە.

بانکی نێودەوڵەتی لە یەکێک لە توێژینەوەکانیدا لە ساڵی 2022، دەریخست کە خوێندکارانی عێراق زۆر لە دواوەی هاوتاکانی خۆیانن تەنانەت پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناش، لە ڕووی پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆییەوە، کە بە پێوەرەکانی سەرمایەی مرۆیی بانکی نێودەوڵەتی پێوانە دەکرێت.بە گوێرەی ئەوەی بانکی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات، خوێندکارێک لە عێراقدا تەنها تێکڕای 41% ـی تواناکانی بەرهەمهێنانی خۆی بەدەست دەهێنێت کاتێک گەورە دەبێت یان کاتێک دەگاتە ئاستە باڵاکانی خوێندن.

کۆرۆنا وازهێنان لە خوێندن زیاد دەکات

تێکچوونی دۆخی ئابوری و ئەمنی عێراق هاوکات بوو لەگەڵ پەتای کۆرۆنا، ئەمەش وایکرد وڵاتەکە ڕووبەڕووی دوو قەیران ببێتەوە کە زۆرێک لە خوێندکارانی ناچار کرد واز لە خوێندن بهێنن. بە سەیرکردنی ئەو شێوەیەی خوارەوە دەبینین ژمارەی ئەو خوێندکارانەی واز لە خوێندن دەهێنن، بە تایبەتی لە ساڵی خوێندنی 2020-2021 زیاتر دەبێت، کە تێیدا ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە.

زوحا ئیبراهیم، مامۆستا لە زانکۆی موسڵ، هۆکاری ڕاستەقینەی وازهێنانی زۆرێک لە قوتابیان لە خوێندن لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ تێکچوونی ڕەوشی ئابووری لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دەگەڕێنێتەوە، سەرەڕای لاوازی سەقامگیری ئەمنی لە زۆرێک لە پارێزگاکانی عێراق کە هاوکات بوو لەگەڵ کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا، کە ڕێژەی هەژاری بەرزکردەوە.

ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات زۆرێک لە خوێندکاران لە ناوچەکانی دەرەوەی پارێزگاکەوە دێن و بارودۆخی داراییان یارمەتیدەر نییە بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی خوێندن. بەگوێرەی ئەوەی باسی لێوەکرد، ڕێژەی وازهێنانی خوێندکارە کچەکان زۆر زیاترە لە خوێندکارە کوڕەکان، پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە کەوا “لەکاتی کۆرۆنادا ڕەوتێکی بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە”.

بە سەیرکردنی ئەو ژمارەیەی خوارەوە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕێژەی وازهێنان لە خوێندنی کچان زیاترە لە ڕێژەی وازهێنانی کوڕان، کەوا بۆ کچان گەیشتە (11.4) بەراورد بە (5.4) بۆ کوڕان، واتە ڕێژەکە دوو هێندە لەسەدا.

بەگوێرەی ڕێکخراوی یونسکۆ، داخستنی قوتابخانەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا، مەترسی وێرانکەری لێدەکەوێتەوە، بەتایبەتی بۆ گروپە لاوازەکان، بەتایبەتی کچان، کە دوو هێندە و نیو زیاتر ئەگەری وازهێنانیان لە قوتابخانە هەیە بەراورد بە پیاوان. وەک لە شێوەی سەرەوەدا دەردەکەوێت ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن بۆ کچان گەیشتووەتە 11.4 لە کاتێکدا بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021 بۆ کوڕان 5.4 بووە.

لەمبارەیەوە، شەیما عەبدولعەزیز، توێژەری کۆمەڵایەتی (37 ساڵ) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ژنان و کچانی کۆمەڵگاکانی ئێمە کە بە دواکەوتوو وەسفی دەکات، “بارگرانی زۆر هەڵدەگرن کە لە توانای خۆیان زیاترە، بەو پێیەی هەلومەرج ناچاریان دەکات کارێکی زۆری ماڵەوە بکەن، و ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕێڕەوی گەشەپێدانی پەروەردەیی و پیشەییان هەیە.”

هەروەها ئەوە ڕوون دەکاتەوە: “بەهۆی ئەوەی زۆرێکیان پیشە و کارەکانیان لەدەستدا ئەنجامی داخستن و قەدەغەی هاتوچۆ، زۆرێک لە خێزانەکان کچەکانیان ناچارکرد هاوسەرگیری بکەن بۆ کەمکردنەوەی بارگرانییە داراییەکان، بەتایبەتی کە بەشێکی زۆریان لە توانایان نەبوو لە خوێندنی ئۆنلاین بەردەوام بن بەهۆی بەردەست نەبوونی بارودۆخی گونجاو بەراورد بەوەی بۆ کوڕان بەردەست بوو.زۆرێکیان هیچ بژاردەیەکیان نەبوو، یان هاوسەرگیری کردن لە تەمەنێکی بچووک یان مانەو لە ماڵەوە و بەرگەگرتنی فشارێکی زۆر و بێبەش بوون.”

نەغەم حازم (20 ساڵ) نەیتوانی هاوشێوەی هاوپۆلەکانی درێژە بە خوێندن بدات دوای ئەوەی باوکی بڕیاریدا هاوسەرگیری لەگەڵ یەکێک لە خزمەکانی پێ بکات. هەموو هەوڵەکانی بۆ ڕەتکردنەوە بەهۆی پێداگری باوکی و ڕەزامەندی دایکیەوە شکستی هێنا. بە خەمەوە دەڵێت: “لە ساڵی 2020 لە قۆناغی پێنجەمی ناوەندی بووم وازم لە خوێندن هێنا لە ئەنجامی داخستنی قوتابخانەکان بەهۆی پەتاکە، نەمتوانی وەک زۆرێک لە هاوڕێکانم درێژە بە خوێندنی ئۆنلاین بدەم، خێزانەکەم ناچاریان کردم هاوسەرگیری لەگەڵ خزمێک بکەم بەهۆی هەژاریمانەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی باوکم کارەکەی لە بواری بیناسازیدا لەدەستدا”.

بۆ ساتێک بێدەنگ بوو، پاشان بە چاوی پڕ فرمێسکەوە بەردەوام بوو: “بە ناچاری ڕازی بووم هاوسەرگیری بکەم، کەسم نەدۆزیەوە پشتگیریم بکات و دەستم بگرێت” دەستی چەپی بەرز دەکاتەوە، کە ئەڵقەی هاوسەرگیری لە پەنجەیەتی و دەڵێت: “ئێمە قوربانی کۆمەڵگەیەکی تەقلیدی ناڕەواین، هیوادارم خوشکە بچووکەکەم تووشی هەمان چارەنووس نەبێت.”

نەغەم یەکێکە لەو سەدان کچانەی کە خوێندنیان لەدەستداوە و ناچاربوون لە بارودۆخێکی ناسەقامگیردا هاوسەرگیری بکەن و باجی دواکەوتوویی و هەژاری خێزانەکانیان بدەن، لەگەڵ ئەو فشارە کۆمەڵایەتییانەی لەسەریان دروست بووە کە لە ژێر ڕۆشنایی داخستن و قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی پەتای کۆرۆنا خراپتر بوو.

هەروەها مامەڵەی خراپ لە ماڵەوە و ناچارکردنی کچان بۆ ئەنجامدانی کارەکانی ماڵەوە بەهۆی نەبوونی قوتابخانە زۆرێکیانی ناچار کرد هاوسەرگیری بکەن، ئەمەیان پێ باشتر بوو لە مانەوە ماڵی باوکیان.

لە ساڵی 2021 بارودۆخی سەخت و هەژاریی لە ڕادەبەدەر وایکرد خالید یوسف خوێندنی لە کۆلێژی کشتوکاڵ لە زانکۆی تکریت بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی خێزانەکەی لە دوای مردنی باوکی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دابین بکات، هەروەها بەهۆی ئەوەی کوڕی گەورەی ماڵ بوو، بەرپرسیارێتی پشتگیریکردنی شەش ئەندامی خێزانەکەی لە ئەستۆ گرت. خالد، کە ماندووبوون لە ڕووخساریدا دیار بوو، لە کاتێکدا لە چێشتخانە بچووکە بەناوبانگەکەی شارۆچکەی خالیدیە خەریکی پاککردنەوەی مێزێک بوو، وتی: “پێشبینی ئەوەم نەدەکرد ئەمە بەسەر ئێمەدا بێت و بۆ منیش وا بە ئاسانی واز لە خوێندن بێنم”.  بە زەردەخەنەوە ووتی: “ڕەنگە ڕۆژێک شتەکان باشتر ببن، منیش بگەڕێمەوە بۆ تەواوکردنی خوێندن و بڕوانامەیەکی زانکۆیی بەدەست بێنم.”

بەگوێرەی زۆرێک لەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن یونیسێفەوە بڵاوکراونەتەوە، وازهێنان لە خوێندن قەرەبووکردنەوەی کاتە لەدەستچووەکان لەماوەی پەتاکەدا بۆ زۆر کەس قورس دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەو کەلێنەی لە خوێندن و لێهاتوویی و زانیاری لایان بەراورد بەوانەی پێش خۆیان لە هەمان قۆناغی خوێندن. بابەتەکە لای ئەو خوێندکارانەوە خراپتر دەبێت کە کێشەی تێگەیشتنیان هەیە، ئەمەش وادەکات زۆر لە هاوتەمەنەکانیان دوور بکەونەوە تا ئەو ڕادەیەی کە لە کۆتاییدا واز لە خوێندن دێنن.

هەرچەندە لە ماوەی ساڵی خوێندنی 2019-2020 ژمارەی ئەوانەی وازیان لە خوێندن هێناوە (73,884) بووە، لە کۆتایی ساڵی خوێندنی 2020-2021 بۆ (75,963) بەرز بووەتەوە، ، بەڵام جیاوازییەکی تایبەت بە شوێن هەیە لە دابەشبوونی ڕێژەیی وازهێنان لە خوێندن لە پارێزگاکانی عێراقدا، وەک لەم ئامارەی خوارەوەدا دەردەکەوێت، بەو پێیەی پارێزگاری نەینەوا زۆرترین ڕێژەی وازهێنانی لە خوێندن هەبووە، گەیشتووەتە (14.18)، لەدوای ئەویش لە گرنگی ڕێژەیی پارێزگاری بابل دێت بە ڕێژەی (10.43)، دواتریش پارێزگای بەسرە دێت بە ڕێژەی (8.31).

هۆکارەکانی ئەم زیادبوونەی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن بۆ لاوازی ئاسایشی ئابووری و تێکچوونی دۆخی سیاسی عێراق بە گشتی و لەو پارێزگایانە بەتایبەتی دەگەڕێتەوە، هەروەها زۆرێک لە کەسە ئەکادیمییەکان و چالاکوانانی مەدەنی زیادبوونی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن دەبەستنەوە بە زیادبوونی هەژاری و تێکچوونی بارودۆخی ژیان، بە گەیشتنی ڕێژەی هەژاری بۆ (31.7%) لە کۆتایی ساڵی 2022 بە بەراورد بە (22%) لە کۆتایی ساڵی 2019 بارودۆخی خوێندنی خراپتر کرد و لە بەرامبەردا هۆکار بوو بۆ وازهێنانی زۆرێک لە خوێندکاران.

ئەمەش لە دابەزینی ژمارەی قوتابیانی دەرچووی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021 بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو دەردەکەوێت، کە کاریگەری پەتای کۆرۆنا لە سەر خوێندنی خوێندکاران دەردەخات.

دوای پەتای کۆرۆنا ژمارەی دەرچووانی ئامادەیی لە عێراق کەمیکردووە

لای خۆیەوە د. هاشم موحەمەد سەعید، مامۆستا لە زانکۆی زاخۆ دەڵێت، زیادبوونی هەژاری دەبێتە هۆی زیادبوونی بەهای پێوەرە فرە ڕەهەندەکانی هەژاری، کە ڕادەی ناجێگیری کۆمەڵگا نیشان دەدات.لەبەر ڕۆشنایی ئەم بەها و ڕێژانەی ئەو نیشاندەرانە کەوا ئەم شێوەیەی خوارەوە نیشانی دەدات، دەتوانین ڕادەی ناجێگیری ئابووری عێراق و بارودۆخی هەژاری تێیدا دەستنیشان بکەین. لە ساڵی 2022 و لە کاتی پەتای کۆرۆنادا، زۆرترین نیشاندەر لەم ڕێنماییەدا کە هەڵکشانی بەخۆوە بینی، خۆی لە دەستکەوتی ئەکادیمی، فڕێدانی پاشماوە، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، و ناونوسکردن لە خوێندن بینیەوە، کە لە ڕێگەی ئەمەوە پەیوەندی دوو لایەنەی نێوان هەژاری و پەروەردەی نیشاندا، کە لە کۆمەڵگای عێراقیدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە.

نەخشەی سەرەوە دابەشبوونی جوگرافیی ڕێژەی هەژاری و ناجێگیری لە پارێزگاکانی عێراق نیشان دەدات و بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە پارێزگاکانی واست و زیقار و بابل زۆرترین ڕێژەی هەژاری و ناجێگیرییان هەیە، بەدوای ئەوانیشدا نەجەف، میسان، بەسرە، و دیالە دێن.

پەروەردە و فێرکردن لە عێراق پێش و دوای پەتای کۆرۆنا

ساڵانی پێش کۆرۆنا ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری بەخۆوە بینی، لە هەشتاکانەوە دەستی پێکرد، کە شەڕی عێراق و ئێرانی بەخۆوە بینی، تا نەوەدەکان، قۆناغی گەمارۆی ئابووری و سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، کە عێراقی دووچاری چەندین ئاستەنگ کردەوە کە کاریگەرییان لەسەر هەموو ئاست و بوارەکان هەبوو.  دوای ئەوە عێراق ڕووبەڕووی قۆناغی داگیرکاری ئەمریکا بوویەوە، واتە لە ساڵی 2033ەوە، ئەمەش بووە هۆی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کەوا کاریگەریی لەسەر هەموو کەرت و چالاکییەکان هەبوو، بە کەرتی پەروەردەشەوە، بەتایبەتی لەگەڵ ڕووداوە ئەمنیە ناسەقامگیرەکان لە وڵات و لە ژێر ڕۆشنایی کۆنترۆڵی داعش بەسەر بەشێکی زۆری عێراق لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017. ئەمەش بووە هۆی وەستانی تەواوەتی پڕۆسەی خوێندن لە هەندێک ناوچە و پارێزگاکان و دواتر شەڕەکانی ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە لە دەستی داعش بووە هۆی لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانە و زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان و زیادبوونی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن.

لەسەرەتای مانگی ئازاری 2020 خوێندکاران بەبێ ئاگادارکردنەوە خۆیان بینیەوە ڕووبەڕووی بڕیاری ڕاگرتنی خوێندن بوونەتەوە، ئەمەش وایکرد لەڕووی دەروونییەوە سەرقاڵ بن سەبارەت بە چارەنووسی خوێندن و میکانیزمەکانی دەرچوونیان، هەروەها دڵەڕاوکێیان لەسەر ڕادەی ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانە و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بە شێوەی تەقلیدی خۆیان یان نا بە شێوازی دیکە.

ئەمە دابەزینی زۆرێک لە پێوەرە بنەڕەتییەکانی پەروەردەی زیاد کرد، و بۆ ئەوەی بە ڕوونی لە واقیعی پرۆسەی خوێندن لە عێراق تێبگەین، دەتوانین پێداچوونەوە بە هەندێک لە دیارترین پێوەرەکاندا بکەین:

بڕی خەرجی بۆ پەروەردە لە عێراق

خەرجی گشتی بۆ پەروەردە هەموو ئەو بڕە پارانە دەگرێتەوە کە لە چوارچێوەی هەیکەلی خەرجی ئێستا و وەبەرهێنان بۆ هەموو قۆناغ و ئاستەکانی خوێندن تەرخانکراون، لە باخچەی ساوایان و خوێندنی سەرەتاییەوە تا زانکۆ و خوێندنی باڵا، کە بەپێی ئەو گۆڕانکاریانەی لە بودجەی گشتیدا ڕوودەدەن، کەم دەکرێن و زیاد دەکرێن.

ئەو داتایانەی کە لە داتاکانی شێوەکەی خوارەوە بەردەستە ئاماژە بۆ ڕێژەی خەرجییەکانی خوێندن دەکات بەرامبەر بە کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆی عێراق بۆ ماوەی (2015-2022)، دەریدەخات کە زۆرترین ڕێژەی خەرجی بۆ پەروەردە لە ساڵی 2016 بووە، ئەو کاتە گەیشتۆتە (4.9%). سەرەڕای ئەوەی تەرخانکردنی خەرجی بۆ کەرتی پەروەردە لەگەڵ گۆڕانکاری بودجەی گشتی وڵاتدا دەگۆڕێت، بەڵام ڕێژەی ئەوەی بۆ خەرجکردن بۆ پەروەردە تەرخانکراوە زۆر کەمە بەراورد بە پێویستی ڕاستەقینەی کەرتی پەروەردە و قەبارەی داهاتی گشتی عێراق. پشکی خەرجییەکانی خوێندن لە کۆی خەرجییە گشتییەکاندا لە (21%) زیاتر نەبووە کەوا بە بەرزترین ڕێژە دادەنرێت، بەراورد بە ساڵانی پێشوو.

دکتۆرە وەفا سەباح مامۆستا لە زانکۆی دهۆک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە نەبوونی بودجە و لاوازی تەرخانکردن بۆ کەرتی پەروەردە کاریگەری نەرێنی لەسەر پەرەپێدانی ژێرخانی پەروەردەیی دەبێت. ئەو بڕە پارەیەی تەرخانکراوە هاوتەریب نییە لەگەڵ پێویستی ڕاستەقینەی گەشەکردن و پەرەپێدانی کەرتێکی سەرەکی وەها کە ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە گەشەپێدان و پێشکەوتنی گەڵدا هەیە. هەروەها دەڵێت: هەموو پارێزگاکان بەدەست کەمیەکی زۆری ژمارەی قوتابخانەکان دەناڵێنن، ئەمەش وایکردووە زۆریی خوێندکاران و قوتابخانەی دوو دەوامی یان سێ دەوامی ببێتە تایبەتمەندییەکی دیار لە سیستەمی پەروەردەی عێراقى، هەموو ئەمانە کاریگەری نەرێنی لەسەر مامۆستا و خوێندکار بەهەمان شێوە دروست دەکەن، و ڕەنگدانەوەی لەسەر واقیعی پەروەردە هەیە ودۆخەکەی خراپتر دەکات”.

میلاکاتی مامۆستایان و قوتابخانەکان

بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی عێراق کە لە ناوەڕاستی مانگی ئابی 2023 لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بڵاوکراوەتەوە، وڵاتەکە کەمی میلاکاتی پەروەردەی هەیە سەرەڕای ئەو دامەزراندنانەی لەلایەن ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی بۆ هەزاران وانەبێژی خۆاڕیی لە پلەی کار و پسپۆڕی جۆراوجۆر کراوە بۆ مامۆستایانی باخچەی ساوایان و سەرەتایی و ناوەندی.

هەروەها ئامارەکانی حکومەت ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بۆشایی کەڵەکەبوو لە کادیرە پەروەردەییە جیاوازەکاندا هەیە کە بە 87 هەزار و 743 کادیری پەروەردەیی مەزەندە دەکرێت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، پێویستی ڕاستەقینەی میلاکاتی پەروەردەیی بەسەر 3 هەزار و 199 مامۆستای باخچەی ساوایاندا دابەش بووە، هاوکات پێویستی خوێندنی سەرەتایی بە 66 هەزار و 353 مامۆستا مەزەندە دەکرێت، لە کاتێکدا قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی و ئامادەیی پێویستی بە 18 هەزار و 191 مامۆستا هەیە.

سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان، بەڵام ڕێژەی گەشەی دانیشتوان خێراترە لە زیادبوونی خوێندنگەکان، بۆیە پێویستی ڕاستەقینە بریتیە لە 8000 قوتابخانە، بەگوێرەی ئەوەی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە ڕاگەیەندراوە.

لە عێراقیش وەک زۆرێک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتو، بەزۆری بە شێوازی دوو دەوامی یان سێ دەوامی چارەسەری کەمیی قوتابخانەکان دەکرێت. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، تێکڕای ژمارەی قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی 45 خوێندکارە بۆ هەر پۆلێک.

ژمارەی خوێندکارانی قۆناغی ناوەندی لە هەر پۆلێکدا 41 خوێندکارە، لە کاتێکدا ژمارەی قوتابیانی قۆناغی ئامادەیی بۆ هەر پۆلێک 37-40 خوێندکارە.

قەرەباڵغبوونی پۆلەکان بە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکار دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە پرۆسەی وانەوتنەوە و گەیاندنی زانیاری زانستی لە لایەن مامۆستایان بۆ خوێندکاران قورس دەکات و ڕێژەی کارلێککردن لەناو پۆلدا کەم دەکاتەوە.

چارەسەرە پەسەندکراوەکان بۆ تەواوکردنی ساڵی خوێندن

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی یونسکۆ بڵاویکردۆتەوە، ژمارەی ئەو قوتابیانەی بەهۆی کۆرۆناوە وازیان لە خوێندن هێناوە گەیشتووەتە یەک ملیار و 344 ملیۆن و 914 هەزار خوێندکاری نێر و مێ لە 138 وڵاتی جیهان، کە ڕێژەی 82.2%ی ئەو خوێندکارانەن کە ناویان لە قوتابخانەکان تۆمارکردووە، لەنێویاندا نزیکەی 83 ملیۆن خوێندکار لە وڵاتانی عەرەبین.

ئەمەش وای لە یونسکۆ کرد کە سیستەمی فێربوونی ئەلیکترۆنی وەک قەرەبووی ئامادەبوونی ناوپۆل پەسەند بکات بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی خوێندن لە ڕێگەی هەندێک ئەپڵیکەیشن و پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنیەکان. گەرچی وڵاتان جیاوازن و هەمەچەشنن لەڕووی ئامادەییان لەڕووی تەکنەلۆجی و سروشتی ئەو میکانیزمانەی کە لە خوێندنی ئۆنلایندا بەکاردەهێنرێن، لەگەڵ بڕی پارەی خەرجکراو بۆیان، بەتایبەتی بەهۆی ئەو بۆشاییە دیجیتاڵییەی کە زۆرێک لە وڵاتان بەدەستیەوە دەناڵێنن.

بۆ تەواوکردنی ساڵی خوێندن، عێراق پشتی بە خوێندنی ئۆنلاین بەست لەڕێگەی هەندێک ئەپڵیکەیشن و پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیەوە، جگە لە پێشکەشکردنی بەرنامەی تەلەفزیۆنی، بەجۆرێک ساڵی خوێندن بە تاقیکردنەوەی ئەلیکترۆنی کۆتایی هات. بەگوێرەی ئەو هەوڵانەی کە بۆ ئاشناکردنی قوتابیان بە کەرەستەی زانستی و بابەتەکان دراون و لەگەڵ دروستکردنی پەیوەندی لە پڕۆسەی خوێندن، سیستەمی ئەلیکترۆنی و فێربوونی ئۆنلاین بەس نەبوو بۆ ئەوەی زانیاری پێویست بە خوێندکاران بگەیەنێت.

لەم بارەیەوە د. موحەمەد ئەحمەد، مامۆستا لە پەروەردەی ئەنبار دەڵێت، “سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵانەی لە خوێندنی ئۆنلاین درابوون، نەمانتوانی لە ڕێگەی پلاتفۆرم و ئەپلیکەیشنە پەسەندکراوەکانەوە کەشێکی پەروەردەیی فەراهەم بکەین”. زۆرێک لە بابەتە زانستیەکان و بۆ هەموو ئاستەکانی خوێندن پێویستیان بە لایەنی پراکتیکی و کرداریی و کارلێککردن هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەموو خوێندکارەکان توانای بەدەستهێنانی زانیاری و فێربوونیان لە هەمان کاتدا نیە بەهۆی جیاوازی ئاستی زانستی و توانای مەعریفییانەوە. هەندێک خوێندکار هەن کە پێویستیان بە ڕوونکردنەوە و وەڵامدانەوەی زیاترە بۆ پرسیاری زیاتر و فراوانتر لە چاو خوێندکارانی دیکە.”

هەروەها دەڵێت: “ئێمە وەک مامۆستا شێوازی زۆر بۆ گەیاندنی زانیاری بە خوێندکار بەکاردەهێنین، هەندێک جار پەنا بۆ گۆڕینی شێوازی ڕوونکردنەوە و بەکارهێنانی هاندەرە جیاوازەکان دەبەین، وەک بەکارهێنانی نموونە، شێوازی هاندان، گۆڕینی تۆنی دەنگ، شێوازی پێشکەشکردنی زانیارییەکان”.

“خوێندنی ئەلیکترۆنی هەوڵێکی زۆری زیادکرد، ئەرکی مامۆستایانی قورستر کرد و خوێندکارەکانی پەرش و بڵاکرد” بەم دەستەواژەیە، فادیە حازم، مامۆستا لە زانکۆی دهۆک، باسی لە وانەوتنەوەی ئۆنلاین کرد، و وتی کە ئەنجامێکی دڵخۆشکەری نەبوو “بەهۆی نەبوونی زانیاری تەکنیکی لەنێو زۆرێک لە خوێندکاران و مامۆستایاندا، بە تایبەتی کە ئەزموونێکی نوێ بوو”. وەک مامۆستایەک، ئاشنا نەبووم بەو هەموو ئەپلیکەیشنانەی کە دواتر بەکارمان هێنا”.

بەڵام نەوال حامید، مامۆستا لە زانکۆی کەرکوک، دەڵێت، وانەوتنەوە بە شێوەی ئۆنلاین زۆربەی کاتەکانی ڕۆژەکەی دەبرد، لەگەڵ چەندین ئالنگاری، دیارترینیان پچڕانی بەردەوامی کارەبا و خراپی تۆڕی ئینتەرنێت بوو، کەوا لە ئەنجامی فشارەکان و خراپی تۆڕی ئینتەرنێت بەکارهێنانیان لە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ خراپتر بوو.

سەرەڕای ژمارەی زۆری خوێندکاران لە هەر پۆلێک، کە وای لێدەکرد زۆربەی کاتەکانی بە پێشکەشکردنی وانە و دابەزاندن و ناردنی بۆ قوتابیان و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان بەسەر ببات، ڕۆژی وانەووتنەوە لە بەیانیەوە دەستیپێکرد و ئێواران کۆتایی پێدەهات، کە بووە هۆی ماندوێتی زۆری ئەو و زۆرێک لە مامۆستایان، بەتایبەتی ئەوانەی خێزان و منداڵی تەمەنی قوتابخانەیان هەیە.

خوێندنی ئۆنلاین لەو وڵاتانەی کە لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە پێشکەوتوون یان ژێرخانی دیجیتاڵی باش و تۆڕی ئینتەرنێتی خێرایان هەیە خزمەت بە پرۆسەی خوێندن دەکات، بەڵام بۆ وڵاتێکی وەک عێراق کە بەدەست لاوازی کارەبا و لاوازی ژێرخان و خاوبوونەوەی خێرایی ئینتەرنێتەوە دەناڵێنێت کە بەهۆی زیادبوون و بەردەوامی بەکارهێنانەوە لە ماوەی کۆرۆنا خراپتر بوو، ئەمە شتێکی زۆر قورس بوو. 

ئەمە بووە هۆی بێبەشکردنی زۆرێک لە خوێندکاران لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ مەبەستی خوێندنی ئۆنلاین /و پەیوەندیکردن لەگەڵ قوتابخانە و زانکۆ، بەو هۆیەی زۆرێکیان ئامێری پەیوەندیکردن و کۆمپیوتەر و کتێب و پرۆگرام و کارامەیییان نەبوو، ئەمە سەرەڕای سەختی پەیوەندیکردن بە تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە زۆرێک لە شوێنەکان.

وەک ڕوونە، کاریگەری فێربوونی ئۆنلاین پەیوەستە بەو ئامراز و ئامێرانەی کە لە ماڵی خوێندکار یان مامۆستادا بەردەستن، وەک ئینتەرنێت، ئامێرە دیجیتاڵییەکان و بەشداریکردنی دایک و باوک، بەتایبەتی بۆ منداڵانی بچووکتر.

زیاد عەلی، خوێندکاری کۆلێژی زانست لە زانکۆی بەغدا دەڵێت، لە قۆناغی سێیەمدا دەرنەچووم، چونکە نەمتوانی بە ئۆنلاین پەیوەندی بکەم و تاقیکردنەوەی ئەلیکترۆنی بکەم. هەروەها دەڵێت ئەمە یەکەم ساڵی شکستم بوو بە درێژایی ساڵانی خوێندنم.

بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا، منداڵانی خێزانە کەمدەرامەتەکان زۆرترین بێبەشن لە فێربوونی ئۆنلاین، چونکە توانای کڕینی ئینتەرنێت یان ئامێری گونجاویان نییە.

سەبارەت بە دامودەزگاکانی خوێندن لە عێراق، هیومان ڕایتس وۆچ بۆی دەرکەوت کە کاتێک پەتاکە دەستی پێکرد، قوتابخانەکان ئامادەکارییەکی باشیان نەکردبوو بۆ ئەوەی خوێندنی ئۆنلاین بۆ سەرجەم قوتابیان دابین بکەن. بە لەبەرچاوگرتنی شکستی درێژخایەنی حکومەتەکان لە چارەسەرکردنی هەڵاواردن و نایەکسانی لە سیستەمە پەروەردەییەکانیان، یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا لە ماڵەکاندا، یان ئاسانکاریکردنی ئینتەرنێتی هەرزان لەلایەن حکومەتەوە.

بەم پێیە زۆرێک لە دامەزراوە پەروەردەییەکان لاوازییەکی گەورەیان  لە توانای هاوچەرخ بوون لەگەڵ پێشهاتەکان دەرخستووە، جا چ لە جیهانی کارەسات و پەتاکاندا بێت، یان لە جیهانی دیجیتاڵیدا.

عێراق لە دەرەوەی ڕیزبەندی پەروەردەی نێودەوڵەتییە

لە عێراق زیاتر لە 46 زانکۆی حکومی و 45 زانکۆی ئەهلی هەن، جگە لە زۆرێک لە پەیمانگا حکومی و ئەهلیەکان، بەڵام بەپێی ستاندەرە نێودەوڵەتییەکان ئەم زانکۆ و پەیمانگایانە لە دەرەوەی پۆلێنکردنەکانن، بەگوێرەی ڕیزبەندی QS بۆ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان کە لە ساڵی 2022 دەرچووە، هیچ زانکۆیەکی عێراقی لە ڕیزبەندی سەدی یەکەمدا نەبووە لە جیهاندا.

لە دوایین ڕیزبەندی وێبۆمێتریکسدا (Webometrics) کە لە مانگی یەکی ساڵی 2023 دەرچووە، زانکۆی بەغدا بە باشترین زانکۆی عێراق پۆلێن کراوە و پلەی 1779ی جیهانیی بەدەستهێناوە، دواتر زانکۆی موسڵ بە پلەی 2706 و زانکۆی ئەلنەهرەین بە پلەی 2816 دێت، ئەم ڕیزبەندیانە بە ڕیزبەندی دواکەوتوو دادەنرێن.

سەبارەت بە ڕیزبەندی شەنگەهای 2021 بۆ زانکۆکانی جیهان، هیچ زانکۆیەکی عێراقی لە ڕیزبەندی 100 زانکۆی یەکەمی جیهانیدا نەبووە. هەروەها ڕاگەیەندرا کە عێراق لە پێوەرەکانی کوالیتی خوێندن لە ڕیزبەندی داڤۆسی ساڵی 2022 دەرهێنراوە. مادەکە بە پاڵپشتی سەنتەری نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان لە چوارچێوەی پڕۆژەی Engage بەرهەم هێنراوە.

داتا

داتا, ڕاپۆرتی گێڕانەوە","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":23291}" data-page="1" data-max-pages="2">