ڕاپۆرتی گێڕانەوە: گێچەڵی سێکسی لە زانکۆکان.. بێدەنگی لە ناوەندە ئەکادیمییەکان سەبارەت بەو تاوانەی لە پەرەسەندندایە

گێچەڵی سێکسی لە زانکۆکان.. بێدەنگی لە ناوەندە ئەکادیمییەکان سەبارەت بەو تاوانەی لە پەرەسەندندایە

گێچەڵی سێکسی لە زانکۆکان.. بێدەنگی لە ناوەندە ئەکادیمییەکان سەبارەت بەو تاوانەی لە پەرەسەندندایە

یاسا نەرم و نیانە و کۆمەڵگە وەک تاوانبار سەیری قوربانییەکە دەکات

بەنین ئیلیاس/ ڕەسیف 22:

شەزا (تەمەن 30 ساڵ، ناوی خوازراو) چەند ساڵێک لەمەوبەر لە یەکەمەکانی پۆلەکەیدا دەرچووە و  وەک یاریدەدەری توێژەر لە هەمان کۆلێژ لە یەکێک لە زانکۆکانی بەغدا دامەزراوە. پێش ئەوەی وەربگیرێت بۆ خوێندنی ماستەر، پێیوابوو کە ڕێگاکەی ڕوونە بەرەو گەیشتن بە گەورەترین خەونی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا، ئەگەر مامۆستاکەی نەبوایە کە ڕێگاکەی گرت، داوای “پەیوەندییەکی نهێنی” لێکرد بۆ ئەوەی خەونەکەی بۆ مۆتەکە بگۆڕێت!

زانکۆکانی عێراق دووچاری سەدان حاڵەتی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە، ئەمەش وادەکات دەیان کچ دەستبەرداری خەونی تەواوکردنی خوێندن بن، یان ملکەچی فشارەکان بن و بکەونە نێو پەیوەندییەک کە ژیانیان دەکاتە دۆزەخ. بە گوتەی چالاکوانانی مەدەنی، ئەوان خەریکی دۆکیۆمێنتکردنی هەندێک بەسەرهاتی گێچەڵی سێکسین لە نێو کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکان کە ڕێگری دەکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی کە بووەتە نیمچە دیاردە.

شەزا دەڵێت، لەکاتێکدا خەریکە بگری، ئەو مامۆستایەی کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی بەشەکە بوو و هەروەها سەرپەرشتی توێژینەوەکەشی دەکرد، کەسێکی میهرەبان و هاوکار بوو لەگەڵ خۆی و هاوپۆلەکانی. لە ساڵی یەکەمی خوێندندا هیچ شتێکی نائاسایی لە هەڵسوکەوتی مامۆستاکە بەدی نەکرد، بە تایبەت کە تەمەنی سی ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو.

بەڵام مامۆستاکە لە ساڵی دواتری خوێندنەکەیدا بە شێوەیەکی جیاواز دەرکەوت کاتێک شەزا کارمەندێکی گەنجی کۆلێژەکەی ناسی و پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیاندا پەرەی سەند و لەسەر هاوسەرگیری ڕێککەوتن. ناکۆکییەکی شەخسیی کۆن لەنێوان خۆشەویستەکەی و مامۆستاکەیدا هەبوو و وا دیار بوو مامۆستاکە هەوڵی تۆڵەسەندنەوەی لە کارمەندەکە دەکرد لەڕێگەی شەزا. مامۆستاکە شەوانە تەلەفۆنی بۆ دەکردم و نامەی دڵداریی بۆ دەناردم.

کاتێک بینیم، داوام لێکرد واز لەو کارە بهێنێت، ئەویش توڕەیی خۆی دەربڕی لەوەی خۆشەویستەکەم بەسەریدا پەسەند دەکەم، و وتی کە هەرگیز ڕێگە بە هاوسەرگیریەکەیان نادات، و بیری هێنایەوە کە دەتوانێت ژیانی ئەکادیمی لەناوببات.

بە ڕاستی بەڵێنەکەی جێبەجێ کرد، بە ئەنقەست کەمتەرخەم بوو لە خوێندنەوەی ئەوەی پێویست بوو لە نامەکەی ڕاست بکرێتەوە بۆ ئەوەی کاتەکەی بەفیڕۆ بدات، هەروەها داوای سەرچاوەی وەهای لێدەکرد کە بەپێی گێڕانەوەی ئەو مەحاڵ بوو دەست بخرێت. بەڵام کاتێک باسی ئەم بابەتەی لەگەڵ کرد، بە هێمنی وەڵامی دەدایەوە، وەک ئەوەی دەرمانێک بۆ چارەسەرکردنی بارێکی پزیشکی چارەسەرنەکراوی بۆ بنووسێت: “پەیوەندییەکی نهێنی یان هاوسەرگیرییەکی نهێنی، و ئازارەکانت کۆتایی دێت.”

کاتێک ڕەتکردنەوەی تەواوەتی خۆی بۆ دەربڕی، بە دەستەواژەیەک هەڕەشەی لێکرد کە بە دەنگێکی بەرز بە ڕوویدا دووبارەی کردەوە و وتی “پەشیمان دەبیتەوە” دوای هەفتەیەک هەڕەشەکەی جێبەجێ کرد بە گەیاندنی زانیاری بە خێزانەکەی، بەو پێیەی سەرۆکی بەشێکە لە کۆلێژەکەی و بەرژەوەندی ئەوی دەوێت. بە خێزانەکەی ووت کەوا پەیوەندی لەگەڵ کارمەندێکی بەدناو هەیە کە تێکەڵاوی لەگەڵ ژنان هەیە، بۆیە باوکی، کە کەسێکی خێڵەکی بوو، ناچاری کرد واز لە خوێندن بهێنێت و لە ماڵەوە بمێنێتەوە و لە هەمان کاتدا دووچاری توندوتیژی جەستەیی بوویەوە.

شەزا هەوڵیدا لە زیندانەکەی ماڵەوە دەربچێت لەڕێگەی پەیوەندیکردن بە هەندێک چالاکوانان کە لە ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بە مافەکانی ژنان کاردەکەن بۆ دەستوەردان و ڕازیکردنی باوکی بۆ درێژەدانی بە خوێندن، بەڵام بێ سوود بوو. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دایک و باوکی خۆشەویستەکەی خوازبێنیان کردووە، بەڵام باوکی بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی کە لەلایەن سەرۆکی بەشەکەیەوە پێی دراوە، بە توندی هاوسەرگیریەکەی ڕەتکردووەتەوە.

شەزا دوای ئەوەی کۆنترۆڵی گریانی کرد دەڵێت: “مامۆستاکە کە هێمای ئەخلاق و بێگەردیە، هەر بەوەوە نەوەستا”. “ئەو ئەوەندە نەفرەت لێکراو بوو، داوای لە هاوڕێیەکم کرد پێم بڵێت کە دەتوانێت باوکم ڕازی بکات کە بمنێرێتەوە بۆ خوێندن و تەنانەت دوای ئەوە یارمەتیم بدات لە دکتۆراکەم، بەو مەرجەی بەو شتە ڕازی بم کە ئەو دەیەوێت.” ئاماژەی بەوەشکردووە، “دەسەڵاتی کارگێڕی مامۆستاکە و لاوازی یاسا و چەواشەکاری کۆمەڵایەتی ناچارمان دەکات تا دەمرین بێدەنگ بین.”

“ئاماری پەیوەندیدار بە گێچەڵی سێکسی نییە و سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی ناوخۆ پێی وایە هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نهێنیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە کەیسانە و زۆربەیان بە سوڵح کۆتایی دێت، یان بەهۆی نەبوونی بەڵگە بەدواداچوون بۆ سکاڵاکە ناکرێت”

یاسا ڕێگر نییە

زۆرینەی چیرۆکەکانی گێچەڵکردن لە زانکۆکانی عێراق، چ حکومی یان تایبەت بن، وردەکارییەکانیان بە شاراوەیی لە لای قوربانییەکان دەمێنێتەوە، قوربانییەکان یان مامۆستان، یان فەرمانبەرن، یان خوێندکارن، لەترسی ئابڕووچوونی کۆمەڵایەتی و گۆڕینیان لە تاوانلێکراو و مافخوراو بۆ تاوانبار، بەمەش لە لایەن کەسوکارەکانیانەوە سزایان بەسەردا بسەپێندرێت، ڕێگرییان لێدەکرێت لە کارەکانیان یان لە خوێندن بەردەوام بن، بە ووتەی چالاکوانان و ستافی فێربوون.

تەنانەت ڕەنگە بابەتەکە بۆ زیاتر لەمە بڕوات، بە کوشتنیان لە پێناو پاککردنەوەی شەرەف. جگە لەوەش، بێتوانایی لە پێشکەشکردنی بەڵگە کە لەلایەن ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاکانەوە داوا دەکرێت دەبێتە بەربەست لە بەردەم درێژەدان بە سکاڵاکانیان.

بۆیە هیچ ئامارێکی پەیوەندیدار بە گێچەڵی سێکسی نییە و سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی ناوخۆ پێی وایە هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نهێنیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە کەیسانە و زۆربەیان بە سوڵح کۆتایی دێت، یان بەهۆی نەبوونی بەڵگە بەدواداچوون بۆ سکاڵاکە ناکرێت.

هەروەها بەهۆی ئەوەی سەرۆکایەتی زانکۆکان ئامڕازی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر سکاڵایەک کە وەریدەگرن بەبێ ئەوەی پێویست بە دەستێوەردانی وەزارەتی ناوخۆ بکات، زانکۆکان دەتوانن سزای کارگێڕی بسەپێنن، هەروەها ئەو سکاڵایانە بە نهێنی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بۆ پاراستنی ناوبانگی سکاڵاکار یان کۆلێژ و زانکۆ بە گشتی، بەگوێرەی ئەوەی ووترا.

سەرچاوەکە داوای ووریایی کرد لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی گێچەڵکردن لە زانکۆکان، هەروەک دەڵێت: “سەلماندنی کەیسەکانی گێچەڵکردن بە بێ بەڵگە قورسە، هەموو وشەیەک کە مامۆستای زانکۆ دەیڵێت بە مانای گێچەڵی سێکسی نییە، هەروەها داواکردنی سێکسیش لە بەرامبەر نمرەی تاقیکردنەوەدا پرسێکی ئاڵۆزە و تەنها گێچەڵکردن نییە، بەڵکو خراپ بەکارهێنان و ڕەتاندنی کارە”،  ئاماژەی بەوەشکرد: “لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی کەیسێک هەبێت، پێویستە بەڵگە بەردەست بێت”.

نووسەری ڕاپۆرتەکە پێداچوونەوەی بۆ ماڵپەڕ و پەیجی بەشێک لە گەورەترین زانکۆکانی عێراقدا کرد، لە نێو هەواڵەکانیاندا هیچ شتێکی نەدۆزیەوە کە ئاماژە بێت بۆ بوونی حاڵەتی گێچەڵکردن کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت یان ڕێوشوێنێک لە دژی گێچەڵکاران بگیرێتەبەر، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی دەیان چیرۆکی گێچەڵکردن کە هەندێک جار لە دەوروبەری زانکۆوە بۆ دەرەوەی زانکۆ دێن. هەروەها هیچ دۆسیەیەکی دادگاییکردنی لەم بوارەدا نەدۆزیوەتەوە، کە ڕادەی ئاڵۆزیی ئەم جۆرە کەیسانە و بێتوانایی بنەڕەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەیان ئاشکرا بکات، کە ئەمەش گۆڕانکارییان بۆ دیاردەیەک ڕوون دەکاتەوە.

بەڵام هەموو چیرۆکەکانی گێچەڵکردن بە نهێنی نامێننەوە، لە ڕووداوێکی دەگمەندا، خوێندکارێک لە کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەری زانکۆی بەغدا سوودی لە بۆنەیەک وەرگرت، کەوا لە کۆلێژەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران و مامۆستایانی کۆلێژ لە مانگی نیسانی 2023 بەشدارییان تێدا کرد،  بۆ باسکردنی ئەوەی کەوا خوێندکارە کچەکان لەلایەن کارمەندانی ئەمنی زانکۆوە لە دەرگای چوونە ژوورەوە و دەروازەکان دووچاری گێچەڵکردن بوونەتەوە.

کاتێک ڕاگرەکە داوای لێکرد لە ژوورەکەی سەردانی بکات بۆ ئەوەی باسی بابەتەکە بکات، خوێندکارەکە بە دەنگی بەرز ئەمەی ڕەتکردەوە، و وتی پێویست ناکات بابەتەکە بە نهێنی بهێڵرێتەوە، چونکە من گێچەڵکەرەکە دەناسم و ئێستا لەبەردەممدا وەستاوە، پاشان بە دەستی ئاماژەی بۆ یەکێک لە کارمەندە ئەمنییەکان کرد کە ئەو ساتە هۆڵەکەی بەجێهێشت. هەندێک سەرچاوە لە کۆلێژەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو کەسەی کاری گێچەڵکردنی کردووە، ڕۆژی دواتر گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی، لەبری ئەوەی سزا بدرێت، لە هەمان کاتدا ڕاگرایەتی سزایەکی بەسەر خوێندکاراندا سەپاندووە بە ڕێگریکردن لە بردنەوە ژوورەوەی مۆبایڵ بۆ ناو کۆلێژەکە.

ماددەی 402 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 سزای “بەندکردن بۆ ماوەی سێ مانگ زیاتر نەبێت و پێبژرادن کە لە سی دینار زیاتر نەبێت، یان یەکێک لەم دوو سزایە” دەسەپێنێت، بە سەر هەرکەسێک داوای شتی بێ ئەخلاقی لە کەسێکی تر بکات، نێر بێت یان مێ، یان هێرش بکاتە سەر مێینەیەک لە شوێنێکی گشتیدا بە قسە، کردار، یان ئاماژە بە شێوەیەک کە حەیا و ئابڕووی لەکەدار بکات، سزاکە بریتیە لە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک لە شەش مانگ زیاتر نەبێت و پێبژاردن کە لە سەد دینار زیاتر نەبێت ئەگەر تاوانبار لە ماوەی ساڵێکدا لە ڕێکەوتی بڕیارەکەی پێشوو بگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی تر لە هەمان جۆری تاوان کە سزای بەسەردا سەپێندرابوو.

بە گوتەی دادوەر ئەیاد موحسن، ئەم مادەیە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە لەبەر چەند هۆکارێک کە لە وتارێکیدا ئاماژەی پێکردووە و لە ماڵپەڕی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریدا بڵاویکردووەتەوە، کە یەکەمیان پەیوەندی بە سزای دیاریکراوەوە هەیە، کەوا هەست دەکات سزاکە “سووکە و هاوتا نییە لەگەڵ قورسایی کردەوە تاوانکارییەکە و ڕێگرییەکی سزای گونجاو دروست ناکات، بە تایبەت کە زۆربەی وڵاتان دەقە یاساییەکانی پەیوەست بە تاوانی گێچەڵکردنیان بە شێوەیەک هەموار کردووەتەوە کە بڵاوبوونەوەی تاوانەکە لە کۆمەڵگەدا سنووردار دەکات”.

دووەمیان، چونکە ماددەکە باس لە دوو بەش دەکات: “یەکەم  داوای بابەتی ناشایستە لە پیاوێک یان ئافرەتێک دەکات و ئەم بەشەش تاوانە کە جیاوازە لە تاوانی گێچەڵکردن، وەک ئەوەی کەسێک داوای لە کەسێکی دیکە بکات بەشێک لە جلەکانی هەڵبداتەوە، سەبارەت بە بەشی دووەمیش پەیوەندی بە تاوانی گێچەڵکردن هەیە، مەرج کراوە بۆ سزادانی تاوانبارەکە کەوا پێویستە لە شوێنێکی گشتیدا ڕوویدابێت، لە کاتێکدا هەندێک تاوان ڕەنگە لە شوێنی تایبەت ئەنجام بدرێن، وەک فرۆشگا یان ماڵێکی تایبەت. بە هەمان شێوە ئەم بەشە چاوپۆشی لەو تاوانانەی گێچەڵکردن دەکات کە منداڵانی نێر و مێ دووچاری دەبن”.

هۆکارێکی دیکە کە پێویست بوون بە هەموارکردنەوەی ئەم مادەیە زیاد دەکات، هاوڕێک بوونە لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەی کە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ سۆشیال میدیا هاتۆتە کایەوە، کە وایکردووە زۆرێک لە تاکەکان ببنە قوربانی گێچەڵکردن.

یاسای کاری عێراقی ژمارە 37 ـی ساڵی 2015، گێچەڵی سێکسی لە شوێنی کاردا وەک جۆرێک لە جیاکاری سێکسی نایاسایی پۆلێن دەکات، هەروەها گێچەڵی سێکسی بەم شێوەیەی خوارەوە پێناسە دەکات: “هەر ڕەفتارێکی جەستەیی یان زارەکی کە سروشتی سێکسی هەبێت، یان هەر ڕەفتارێکی دیکە کە لەسەر بنەمای سێکس بێت، کە شکۆی ژن و پیاو پێشێل بکات، و نەخوازراو و ناعەقڵانی و زبر بێت بۆ سەر ئەو کەسەی بەرامبەری دەکرێت؛  لە ئەنجامدا هەر کەسێک ئەم ڕەفتارە ڕەت بکاتەوە یان ملکەچی نەبێت – بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ – بۆ ئەوەی بڕیارێک بدرێت کە کاریگەری لەسەر کارەکەی هەبێت”.

ئەم یاسایە سزایەک بەسەر گێچەڵکەردا دەسەپێنێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک شەش مانگ زیاتر نەبێت یان پێبژاردنی یەک ملیۆن دیناری عێراقی، یان یەکێک لەو دوو سزایە.

“گێچەڵکەرەکان لە زانکۆکانی عێراق، چ مامۆستای زانکۆ بن یان سەرۆک بەشەکان، کەسانێکن کە پێگەی سیاسییان هەیە یان لایەنە کاریگەرەکان پاڵپشتییان دەکەن، ئەوان بە وریاییەوە نێچیرەکانیان هەڵدەبژێرن، بۆیە گێچەڵ بەو کەسانە ناکەن کە پشتیوانی یان کاریگەرییان هەیە”.

دیاردەیەکی پەرەسەندوو

پارێزەر و داکۆکیکاری مافی ژنان زەینەب محمد دیاردەی گێچەڵکردن لە عێراقدا بە “پەتایەکی مەترسیدار وەسف دەکات، ژنان لە شوێنی کارەکەیان، کاتێک سەردانی فەرمانگە حکومییەکان دەکەن تووشی گێچەڵ دەبنەوە، هەروەها لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەیاندا تووشی گێچەڵکردن دەبن، تا وای لێهاتووە هەموو ئەمانە بوونەتە شتێکی ئاسایی، هەروەها، بەدەستهێنانی پۆست و کار زۆرجار پێویستی بە تێرکردنی غەریزەی دەسەڵاتدارەکانە”.

کۆمەڵگە تۆمەتبار دەکات بە هاندانی پەرەسەندن و بەردەوامبوونی دیاردەی گێچەڵکردن بە ژنان، و دووپاتی دەکاتەوە: “لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەیان ڕاوێژم لە مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ و پزیشک و مامۆستا و فەرمانبەرانی ژن وەرگرتووە کە داوای دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی دووچار بوون بە گێچەڵ پێکردن دەکەن بەبێ پەنابردن بۆ دەسەڵاتی دادوەری، چونکە پێشوەختە دەزانن کە زانینی خێزانەکان لەوەی کە بەسەریان دێت دەبێتە هۆی ئەوەی بێبەش بن لە پیشە یان کارکردن، و دووچاری توندوتیژی و لەکەدارکردنی ناوبانگیان دەکات…”.

ئەو پارێزەرە باسی لەوەشکرد، کەوا سەختی زۆر ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە دەیانەوێت سکاڵا لەسەر گێچەڵکەرەکەی تۆمار بکات، سەرەتا لە بنکەی پۆلیس و ڕێکارەکانی ئەوێ، لەگەڵ لێکۆڵینەوە و ناردنی دۆسیەکە بۆ دادگای تایبەتمەند، و تیشک دەخاتە سەر: “گێچەڵکەرەکان، بەتایبەت لە زانکۆکان، چ مامۆستای زانکۆ بن یان سەرۆک بەشەکان، کەسانێکن کە پێگەی سیاسییان هەیە یان لایەنە کاریگەرەکان پاڵپشتییان دەکەن، ئەوان بە وریاییەوە نێچیرەکانیان هەڵدەبژێرن، بۆیە گێچەڵ بەو کەسانە ناکەن کە پشتیوانی یان کاریگەرییان هەیە”.

پێی وایە زۆرێک لە مامۆستایانی زانکۆ لە دوای ساڵی 2003، ئەو ساڵەی کە ڕژێمی پێشووی عێراق ڕووخا، “بڕوانامەی باڵایان لە زانکۆ بێ-ناوبانگەکان بەدەست هێناوە، یان لە وڵاتانی دراوسێ دەکڕرێن و لەسەر بنەمای ئەوانە پۆستە ئەکادیمییەکانیان گرتۆتە دەست”.

پارێزەر زەینەب، ئێمەی بە یەکێک لە بریکارەکانی گەیاند کە ناوی هەیام بوو، کە بە گرێبەستێک لە کۆلێژێکی ئەهلی لە بەغدا وەکو فەرمانبەری کارگێڕی کاردەکات، وتی وەبەرهێنەرێک لە کۆلێژەکەدا بە شێوەیەکی زارەکی گێچەڵی پێدەکات، بەڵام بە شێوەیەکی دیبلۆماسی ڕووبەڕووی ئەمە دەبێتەوە و شوێنەکە بەجێ دەهێڵێت یان وا نیشان دەدات کە سەرقاڵە یان وەڵامی تەلەفۆن دەداتەوە “لە پێناو ئەوەی کارەکەم لەدەست نەدەم، بەتایبەتی کە بە ناڕەحەت دەستم کەوتووە.”

بە دووبارە بوونەوەی گێچەڵکردنەکەی، و خوێندکارێکی کچ کە خۆی گێچەڵی پێکردبوو، پەنای بۆ برد، ئەویش ڕووبەڕووی بووەوە بۆ ئەوەی وازی لێ بهێنێت، “پێم گوت واز لە ڕەفتارەکانی بهێنێت کە لە ڕەفتاری هەرزەکاران دەچێت، و ئێمە لە کۆلێژێکی ڕێزدارداین و نەوەک لە بازاڕ و کوچەیەکدا بین…”

ناڕەزایەتییەکەی بووە هۆی دروستبوونی دەمەقاڵە لە نێوانیاندا کە قووڵتر بوویەوە بۆ ناکۆکییەکی ئاشکرا و بووە هۆی دروستبوونی ئەنجومەنێکی لێکۆڵینەوە، کە ئەنجامەکەی دەرکردنی بوو لە کارەکەی بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی. سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت “پێشبینی ئەوەم دەکرد ئەمە ڕووبدات، چونکە دامەزراوەکە تایبەتە و ناکەوێتە ژێر چاودێری حکومەت، و وەبەرهێنەر واتە خاوەنی پارەکە، واتە خاوەن بڕیار، و من تەنها کارمەندێکی گرێبەست بووم.”

هەیام ویستی پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات لە ڕێگەی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر کۆلێژەکە و وەبەرهێنەرە گێچەڵکەرەکە، بەڵام ڕووبەڕووی پرسی بەڵگەهێنانەوە بوویەوە، چونکە باسکردنی گێچەڵکردنەکە بەس نەبوو. ئەو کەسانەی دەیانناسێت کە لەلایەن ئەو کەسە گێچەڵیان پێکراوە وەک ژنە کارمەند و خوێندکارەکان، بەلەخۆگرتنی ئەو کەسەی پەنای بۆ ئەو بردبوو، ڕەتیان کردەوە شایەتی بدەن “لە ترسی ئابڕووچوون، ئەندامانی خێزان، یان لەدەستدانی کارەکانیان”، ئەو بە پەشیمانییەکی زۆرەوە دەڵێت.

مامۆستایەکی کۆلێژی زانستە مرۆییەکان لە یەکێک لە زانکۆکانی بەغدا (ئێمە  لەسەر داوای خۆیان ئاماژە بە ناوی ڕوون و ئاشکرای قسەکەرەکان و شوێنی کارکردنیان ناکەین) دووپاتی کردەوە کە ئێستا گێچەڵکردن بووەتە دیاردەیەک لە زانکۆکاندا، هەروەها خوێندکارە کچەکان “زۆرترین قوربانین بەهۆی نەبوونی ئەزموونەوە، و هەوڵدانیان بۆ پەردەپۆشکردنی بابەتەکە تا بتوانن، لە ترسی کاردانەوەی سەرۆکی خێزانەکانیان”.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە ماوەی دوو دەیەی کاری وانەوتنەوەدا، دەیان حاڵەتی گێچەڵکردنی لە زانکۆکەدا بەدیکردووە، کە دوایین حاڵەتیان خوێندکارێکی کچ بووە لە قۆناغی یەکەمدا، و ووتی: “کاتێک داوای هاوکاریی لێکردم زۆر ترسا بوو، پێی وتم کە کارمەندی خزمەتگوزاری لەو کۆلێژەی کە تێیدا دەخوێنێت گێچەڵی پێدەکات، و بۆ هەر شوێنێکی ناو زانکۆکە بچێت چاودێری دەکات. جارێکیان بینیویەتی کە لە باخچەی کۆلێژەکە  لە تەنیشت هاوپۆلێکی دانیشتووە، وێنە و ڤیدیۆی گرتووە، بۆی ناردووە و هەڕەشەی لێکردووە کە بۆ خێزانەکەی دەنێرێنت”.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەگەر ئەم کارمەندی خزمەتگوزاریە نەیزانیبایە کە مامۆستا هەیە کچە گێچەڵ بە خوێندکارە کچەکان دەکات، سەرەڕای پاسەوانی زانکۆش، بەبێ ئەوەی تووشی ئەو سزایە بکرێن کە شایستەین، ئەو کات ئەویش ئەو کارەی نەدەکرد. دووپاتی کردەوە کە پەیوەندی پێوەکردووە و هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای لە سەرۆکایەتی زانکۆ لێکردووە، بۆیە ئەویش ملکەچ بووە و وازی لە خوێندکارەکە هێناوە.

مامۆستا ئافرەتەکە پرسی: “چەند خوێندکار تووشی گێچەڵ بووە بەبێ ئەوەی کەسێک بدۆزێتەوە کە سکاڵای لا بکات؟ ڕەنگە ئەمەش بوو بێتە هۆی لادانی یان وازهێنانی لە خوێندن یان دووچاری زیانی دەروونی بووە.”

قوربانییەکە زۆرجار ناتوانێت کەسێک بدۆزێتەوە کە لەگەڵی دادپەروەربێت یان لە گێچەڵکردن بیپارێزێت چونکە: “چاودێریکردن لە زانکۆکانی عێراق زۆر لاوازە، و هیچ دەستێوەردانێکیش ناکرێت مەگەر بابەتەکە بۆ سکاڵا پەرەی سەندبێت یان بوو بێتە پرسێکی ڕای گشتی” گەرچی زۆرێک لە کارگێڕییەکانی کۆلێژە جیاوازەکان دەزانن کە بەشێک لە مامۆستا و کارمەندەکان گێچەڵکەرن، و زۆرجاریش چاوپۆشیان لێدەکرێت”

دەرئەنجامە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان

پسپۆڕی بواری دەروونناسی، د. زیاد ئەلنەجم دەڵێت، کاریگەریی شۆکەکە دوای ڕووداوی گێچەڵکردنەکە کۆتایی نایەت، و کەسی گێچەڵ پێکراو لەوانەیە تووشی حاڵەتێکی شۆکێ نوێبووەوە بێت کاتێک کە “بیرەوەرییەکانی پەیوەست بەو ڕووداوەی بیردەکەوێتەوە، یان کاتێک هاندەرە دەروونییەکان بەردەست بن کە وا دەکات بە هەمان هەستدا تێپەڕێت کە لەو ئەزموونەدا چێشتوویەتی، چونکە گێچەڵی سێکسی یەکێکە لە دیارترین زەبرە دەروونیە توندەکان کە زۆرێک لە ژنان لە سەرانسەری جیهان بەدەستیەوە دەناڵێنن.”

قۆناغەکانی گێچەڵکردن هەمەجۆرن، لە قۆناغی شۆکەوە دەست پێدەکات، واتە “کاتێک کردەی گێچەڵکردن ڕوودەدات، چ بە شێوەی زارەکی، یان جەستەیی، یان بە هەر شێوازێکی تر.” شۆک لە ئەنجامی چاوەڕواننەکردنی ئەو کارە، و ئەزموونکردنی کۆمەڵێک هەست و سۆز بە خێرایی و لەناکاو و یەک لە دوای یەک ڕوودەدات، کە هەستی ترس و تۆقاندن و گرژی و بێدەسەڵاتی زاڵن، ئەمە جگە لە هەستکردن بە نادادپەروەری”.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، هەندێک کچ کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کردەوەی گێچەڵکردن یان مامەڵەکردنیان لەگەڵ دەستدرێژکارەکەدا هەیە، لەوانەیە بەم قۆناغانەی خوارەوەدا تێنەپەڕن، توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەو ژن و کچانەی توانای بەرگریکردنیان لە خۆیان هەیە لە بەرامبەر گێچەڵکەرەکە کەمتر هەست بە فشار دەکەن لە چاو ئەوانی دیکە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان نییە.

قۆناغی دووەم بە وتەی د. زیاد، بریتییە لە “تێکچوونی زەبری دوای کارەسات”، کە لەم ماوەیەدا قوربانیەکە هەست بە نادادپەروەری و چەوساندنەوە و خۆتۆمەتبارکردن دەکات، ئەمەش بەهۆی بێتوانایی بەرگریکردن لە خۆی یان شکستهێنان لە گرتنەبەری هیچ ڕێوشوێنێک بەرامبەر هێرشبەرەکە. لەوانەیە هەست بە کەمی متمانە بەخۆبوون بکات، و تووشی هەندێک نیشانەی دەروونی و جەستەیی ببێت، کە بریتین لە “فشاری دەروونی، تێکچوونی خەو، تێکچوونی ئارەزووی خواردن، دڵتەنگی، دابڕانی کۆمەڵایەتی، خەمۆکی و کاردانەوەی توند.”

قۆناغی سێیەم پەیوەستە بە یادەوەرییەکان، بەم جۆرەی خوارەوە ڕوونی دەکاتەوە: “کاتێک قوربانیەکە ئەو ئەزموونەی بیردەکەوێتەوە، لەوانەیە بە هەمان ئەو هەستانە تێپەڕێت کە لە کاتی ڕوودانی ڕووداوەکەدا تووشی بووە، و هەست بە هەمان ترس و دڵەڕاوکێ دەکات، و هەستکردنی بەرامبەر خۆی دەگۆڕێت، و هەست بە ڕق و تووڕەیی و لۆمەکردن دەکات،  ڕەنگە هەندێکیان سیناریۆیەکی دیکە بۆ ئەو ڕووداوە لە خەیاڵیاندا بکێشن کە تێیدا بتوانن مافەکانیان لە تاوانبارەکە وەربگرنەوە.

چاوان حوسێن، توێژەری پسپۆڕی دەروونی، دەڵێت، دیاردەی گێچەڵی سێکسی بووەتە “بەشێک لە ژیانی ئێمە، ژنانی عێراقی لە بەسرە تا هەرێمی کوردستان”، هۆکارەکانیشی دەگێڕێتەوە بۆ “پەروەردە، فێرکردن، بارودۆخی کۆمەڵایەتی، تێکچوونی دەروونی لەلای گێچەڵکەر، و گەڕان بەدوای چێژ لە ڕێگەی هەستکردن بە لاوازی و شکاندنەوە”.

بۆ هەموو ئەمانە هۆکارێکی سەرەکی زیاد دەکات: “ئەو کرانەوە لەناکاوەی زانکۆ و دامەزراوە حکومییەکان و کۆمپانیا و ڕێکخراوەکان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بەبێ ئەوەی ڕێسای ڕەفتاری ڕوون هەبێت کە پەیوەندی نێوان فەرمانبەران دیاری بکات، لەگەڵ ئەو سنوورانەی کە بڕیارە بوونیان هەبێت، و ئەو سزایانەی بۆ پێشێلکردنیان دەسەپێنرێن.”

ئەو توێژەرە ڕەخنەکانی ئاراستەی کۆمەڵگەی عێراقی دەکات و بە بەرپرسیاری دەزانێت بەرامبەر دیاردەی گێچەڵکردن، “دایک و باوک زۆربەی سەرنجەکانیان دەخەنە سەر کچان بەهۆی ئەو لەکە کۆمەڵایەتی و بیرۆکە ئایینی و خێڵەکیانەی کە زاڵن بەسەر پەروەردە و فێرکردندا، هەروەها نێرەکان بەبێ پەروەردەکردنی دروست بەجێدەهێڵن، بە مەزەندەکردنی ئەوەی کە پیاوان لە کۆمەڵگەی عێراقیدا ئابڕوویان زیانی بەرناکەوێت هاوشێوەی ئەوەی بە سەر ژنان دێت.”

بەم پێیە و بەپێی ئەزموونی خۆی وەک توێژەرێکی دەروونی و چالاکوانێکی مەدەنی کە لە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیدا کاردەکات، چاوان دووپاتی دەکاتەوە کە: “هەروەها گێچەڵکەرەکەش قوربانییە، بەهۆی ئەوەی ژیانێکی خراپ دەژی یان لانیکەم بە شکۆ و کەرامەت ناژی هاوشێوەی هاوتەمەنەکانی لە وڵاتە شارستانییەکان، بۆ ئەوەی وزەی خۆی بەتاڵ بکات یان لانیکەم ئەو هۆشیاری و تێگەیشتنەی لا دروست بێت کەوا مافی ئەوەی نیە کە گێچەڵی سێکسی ئەنجام بدات، بۆیە پێش ئەوەی پەنجەی تۆمەت ئاڕاستە بکەین و سزا بەسەر گێچەڵکەردا بسەپێنین، دەبێت لە خۆمان بپرسین: بۆچی ئەمەی کردووە؟”

لەگەڵ ئەو بۆچوونانەدا هاوڕایە کە دەڵێن ترسی قوربانی لە کۆمەڵگە کە وەک تاوانبارێک سەیری دەکات ئەگەر داوای یارمەتی لە دۆسیەی گێچەڵکردن بکات، ئەوەیە کە پاڵیدەنێت بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت، “کەسانێک هەن بابەتەکە تێدەپەڕێنن بەوەی قەناعەت بە خۆیان دێنن کە ئەمە دۆخێکی واقعیە لە عێراق، بۆیە خۆیان ملکەچی دەکەن، یان هۆشیارییەکی ئەوتۆیان نییە کە گێچەڵکردن بەرامبەریان بە پێشێلکارییەکی یاسایی بۆ مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بزانن.”

سەبارەت بەو کاریگەرییە دەروونیانەی کە گێچەڵکردن لەسەر قوربانییەکە دروستی دەکات، توێژەرەکە دەڵێت کە بەپێی جۆری گێچەڵکردنەکە دەگۆڕێت، “کاریگەریی گێچەڵی زارەکی لە کاریگەریی گێچەڵی جەستەیی جیاوازە.” میدیا و لایەنە تایبەتمەندەکان تاوانبار دەکات بەهۆی گرنگیدانیان بە گێچەڵکردنی جەستەیی، و هێشتنەوەی گێچەڵکردنی زارەکی تەنها بۆ ئاماژەی سێکسی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ” ئەوەیە کە ژنان و کچان لە عێراقدا زیاتر دووچاری دەبن، و کاریگەریی لەسەریان زۆرە، و ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە متمانە بەخۆیان لەدەست بدەن”.

“کاتێک ناتوانیت لێپرسینەوە لەم کەسانە بکەیت، ئەو کات ناتوانیت لێپرسینەوە لە کەسانی دیکەش بکەیت. وێرانکارییان بەسەردا هێنا و هەموو جۆرە پێشێلکارییەک بڵاوبووەوە، لە سەرکەوتنی کەسانی ناشایستەوە، تا فرۆشتنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان و نووسینی توێژینەوە و گەیشتن بە پێشێلکاری ئەخلاقی و گێچەڵکردن بە هەموو جۆرەکانیەوە”

لەسەر ئاستی جەستەیی، توێژەر ئەو حاڵەتە باوانە دیاری دەکات کە قوربانیی گێچەڵکردن دووچاری دەبێت: “وەک لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، کەمخەوی، کێشەکانی هەرسکردن، قەڵەوی، کێشەی خەو، هەوکردن و لە ئەگەری دەستدرێژی سێکسیدا ڕەنگە تووشی ڤایرۆسی سێکسی و نەخۆشییەکانی دڵ ببن. ئەمە سەرەڕای کاردانەوەی دەروونی وەک مۆتەکە و گریان و لەدەستدانی متمانە بە دەوروبەر و خەمۆکی توند”.

چاوان ئاماژە بەوە دەکات کەوا زۆر گرنگە بۆ ئەو ژنانەی کەوا دووچاری گێچەڵکردن دەبن چارەسەری دەروونییان بۆ بکرێت، بەڵام ئەمە بەگوێرەی بۆچوونی چاوان، ڕووبەڕووی کەمی سەنتەری چارەسەری دەروونی دەبێتەوە لە عێراق. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی گرنگیدانی گشتی لەم بوارەدا لە ئەنجامی لەدەستدانی هۆشیاری لەبارەی گرنگییەکەی، بەداخەوە توێژەر پشتڕاستی ئەمە دەکاتەوە.

مامۆستای زانکۆی پسپۆڕی کۆمەڵناسی، د. وەلید قاسم پێی وایە کە گێچەڵکردنی سێکسی بە خوێندکارە کچەکان لە زانکۆکانی عێراقدا باوە و بە ڕێژەیەکی کەم گێچەڵکردن بە فەرمانبەر و مامۆستای کچ هەیە و هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە بریتیە لە: “هەندێکیان بڕوانامەیان بەدەست هێناوە کە شایستەی نین و ئەمە وایکردووە پۆستی ئەکادیمی وەربگرن، لەئەنجامی قۆستنەوەی ئەو هەلومەرجەی عێراق بەسەریدا تێپەڕیوە لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا و ئەو یاسا و دەرفەتانەی کە ڕێگەیان پێداون لەڕێگەی پەیوەندییەکانەوە یان نێوەندگیری لەلایەن سیاسەتمەداران یان لایەنە کاریگەرەکانەوە”.

دەشڵێت، پرسی گێچەڵکردن یەکێکە لەو بابەتانەی کە فەرامۆشکراوە، چونکە: “کۆمەڵگەی ئێمە نایەوێت ئابڕووی خۆی ببات، بۆیە هەوڵدەدات ڕووداوەکانی گێچەڵکردن بشارێتەوە و ئەمەش ئەرکی کۆتاییهێنان بەو دیاردەیە، یان لانیکەم کەمکردنەوەی، زۆر قورس دەکات.”

ئەو پێی وایە بێدەنگی قوربانییەکە، جا خوێندکار، مامۆستای زانکۆ، یان فەرمانبەر بێت، هەڵەیەکە کە بە هەڵەیەکی گەورە وەسفی دەکات چونکە ئەوە “دەبێتە هۆی ئەوەی کە گێچەڵکەرەکە بۆ جاری دووەم و سێیەم کارەکەی دووبارە بکاتەوە تا وای لێ دێت بە یەکێک لە مافەکانی سەیری بکات”. بەڵام لە هەمان کاتدا دان بەوەدا دەنێت کە قوربانییەکە زۆرجار ناتوانێت کەسێک بدۆزێتەوە کە لەگەڵی دادپەروەربێت یان لە گێچەڵکردن بیپارێزێت چونکە: “چاودێریکردن لە زانکۆکانی عێراق زۆر لاوازە، و هیچ دەستێوەردانێکیش ناکرێت مەگەر بابەتەکە بۆ سکاڵا پەرەی سەندبێت یان بووبێتە پرسێکی ڕای گشتی”. بە زانینی ئەوەی کە زۆرێک لە کارگێڕییەکانی کۆلێژە جیاوازەکان دەزانن کە بەشێک لە مامۆستا و کارمەندەکان گێچەڵکەرن، و زۆرجاریش چاوپۆشیان لێدەکرێت”.

دکتۆر وەلید پشتڕاستی پێویستی هۆشیارکردنەوەی کچە خوێندکارەکانی زانکۆ دەکاتەوە سەبارەت بە گێچەڵکردن و ئەوەی کە پێویستە بیکەن ئەگەر دووچاری ئەو گێچەڵکردنە بوونەوە خۆ بەدوورگرتن لە تووش بوون پێی، بەتایبەتی ئەوانەی تازەن لە ژینگەی زانکۆدا چونکە “ئەزموونیان کەمە”. پێویستە ئەم هۆشیارییە لەڕێگەی ڕاگەیاندنی زانکۆ یان کۆلێژ، یان خێزانەکانەوە بێت، هەروەها “پێویستە دایکان و باوکان دەرگاکان بە کراوەیی بهێڵنەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ خوێندکارە کچەکانی زانکۆ و وەک تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ نەکەن و بەرپرسیاریەتی تووش بوونیان بە گێچەڵ نەخەنە ئەستۆیان، بەڵکو پێویستە بە ئامۆژگاری و ڕێنمایی پاڵپشتیان بکەن و تەنانەت دەستوەردان بکەن بۆ وەستاندنی ئەوەی تووشی دەبن لەڕێگەی تۆمارکردنی سکاڵا ئەگەر پێویست بوو”.

ئەو ڕەتیدەکاتەوە کە بابەتەکە تەنها پەیوەندی بە گێچەڵکەرەوە هەبێت، بەپێی دیدگای ئەو، ڕەنگە لایەنی دووەمیش واتە قوربانیەکەش، ئەو کەسە بووبێت کە کەشوهەوای بۆ ئەمە ڕەخساندبێت، دەڵێت: “هەندێکیان سود لە لاوازی وانەبێژ بەرامبەر ژنان وەردەگرن، و هەوڵدەدەن لێیان نزیک ببنەوە بۆ بەدەستهێنانی نمرەی زیادە، بەتایبەتی ئەگەر بابەتەکە قورس بێت، بۆیە پەلە دەکات “لە گێچەڵکردنی زارەکی یان تەنانەت دەستدرێژی سێکسی ئەگەر دەرفەتی ئەوەی هەبێت”.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڕەنگە هەندێک لە مامۆستا یان فەرمانبەرانی ژن پرسی گێچەڵکردن بوروژێنن ئەگەر کێشەی شەخسی لە نێوان ئەوان و مامۆستا یان فەرمانبەرانی دیکەدا هەبێت: “ئەمە بەزۆری سکاڵای فەرمی لەگەڵدایە، چ لە ناو کەمپی زانکۆ یان تەنانەت لە دەرەوەی کەمپی زانکۆ، بە ئامانجی تۆڵەسەندنەوە”.

شاهەندە (38 ساڵ – ناوی خوازراو) لە زانکۆی بەغدا فەرمانبەر بوو، لە ساڵی 2015 هاوسەرگیری لەگەڵ مامۆستایەکی هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرای هەمان زانکۆ کرد، دوای ئەوەی منداڵێکی بوو، قەناعەتی پێکرد لە ماڵەوە بمێنێتەوە بۆ بەخێوکردنی منداڵەکە و ئەویش پابەند بوو. ڕۆژێک منداڵەکەی نەخۆش بوو، بۆیە بڕیاریدا بچێتە ماڵی باوکی کە نزیکەی 20 خولەک بە ئۆتۆمبێل لێیەوە دوور بوو، بۆ ئەوەی یارمەتی خێزانەکەی وەربگرێت بۆ ئاگاداربوون لە منداڵەکە.

دەڵێت: “جل و بەرگی کوڕەکەمم لە گەرماو کۆکردەوە، خەریک بوو بچمە ژووری نووستن، گوێم لە دەنگی هاوسەرەکەم بوو لە مۆبایڵەکەیەوە بە کەسێکی دەگوت هەر بە گەیشتنم بۆ ماڵی باوکم ئەو کارە دەکات؟” پرسیاری ئەوەی لێ نەکرد کە بڕیارە چی بکات، بەڵام بابەتەکە سەرقاڵی کرد بوو.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دواتر کاتێک گەڕایەوە ماڵەوە، دەفتەرێکی بینی کە لەسەر مێزەکە لە چێشتخانەکەدا بەجێما بوو، هی کچە خوێندکارێکی قۆناغی سێیەم بوو کە لە لاپەڕەی یەکەمی دەفتەرەکە ناوی نووسرابوو. دڵنیا بوو لەوەی کە دەفتەرەکە ڕۆژی پێشووتر لەوێ نەبووە و دەستی کرد بە گومان بردن.

مانگێکی پێچوو تا کۆدی مۆبایڵەکەی بەدەست هێنا، دوای بەدواداچوون و چاودێری بەردەوام. کاتێک بەبێ ئاگاداری پیاوەکەی مۆبایڵەکەی کردەوە تووشی شۆک بوو و گفتوگۆکانی لەگەڵ خوێندکارە کچەکانی لە ئەپڵیکەیشنی واتسئەپ دۆزیەوە. هیچی پێ نەگوت، هەر جارێک کە دەچووە گەرماو یان خەوی لێدەکەوت بەردەوام مۆبایڵەکەی دەپشکنی.

دەڵێت، لە ماوەی دوو مانگ لە بەدواداچوون، “بۆم دەرکەوت کە لەگەڵ حەوت خوێندکاری کچدا هاوسەرگیری کاتیی (موتعەی) کردووە، بۆ ماوەی کورت. کەسێکە نەخۆشی دەروونیی هەیە، لەگەڵ هەموویان گفتوگۆ دەکات، جگە لەوانەی کە هەوڵی فریودانیان دەدات”.

سیمای گرژ دەبێت و بە تووڕەییەوە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: “یەکێکیان داوای لێکرد پارەی هەفتانەی پێ بدات، یەکێکی دیکەش داوای پارەی لێدەکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ماڵەکەی لە پارێزگایەکی دراوسێ، وەڵامەکانیشی هاوشێوە بوون و دەیگوت پارە بەرامبەر سێکس دەدات…”.

شاهەندا بۆ چه ند ساتێک بێده نگ بوو، دواتر به ده نگێکی به رز ووتی: “هه ندێک له خوێندکارەکان پرسیاریان دەربارەی ناوی باڵندەکانی ماڵەکەمان کرد، هه ندێکی تریش سەرسامی خۆیان به مۆبیلیاتەکانمان دەربڕی و پرسیاری نرخەکەیان کرد”، بە دەستەکانی لە ڕوومەتی خۆیدا وەک شۆک بوونێک “کچەکانی بۆ ماڵەوە دەهێنا کاتێک من لە ماڵەوە نە دەبووم”.

دواتر بیری کەوتەوە: “خۆی و کۆمەڵێک لە هاوڕێ مامۆستاکانی لە زانکۆکە گروپێکیان لە واتسئەپ هەیە، و گفتوگۆی قێزەونیان دەربارەی جەستەی خوێندکارە کچەکان هەیە و کامیان گونجاوە بۆ بەسەربردنی چەند ڕۆژێک لەگەڵی لە جێگادا لە ڕێگەی هاوسەرگیری کاتیی.”

دەڵێت کەوا ڕووبەڕووی بووەتەوە و بە چەندین جار خیانەتکردن تۆمەتباری کردووە، و پیاوەکەشی بە هێمنی وەڵامی داوەتەوە کە لە یاسای شەریعەت لای نەداوە: “هەر ژنێک داوای یارمەتی دارایی لە من بکات، هاوسەرگیری کاتیی بۆ پێشنیار دەکەم، منیش هیچ کامیانم لە سەر ئەمە ناچار نەکردووە، بە هاوسەرگیری کردن ڕێگریم لێکردوون لە لادان و فرۆشتنی جەستەیان بەرامبەر پارە!”.

ئەو ئافرەتە نەیتوانی واقیعی هاوسەربوونی بۆ پیاوەکە پەسەند بکات، بۆیە پەنای بۆ ماڵی باوکی بردووە و داوای جیابوونەوە دەکات، بەردەوامە لەسەر ڕێکارەکانی ئەو داوایەی جیابوونەوە کە لەسەری تۆماری کردووە، بەڵام هەست بە خەمباری دەکات بەوەی کە ئەمە پارێزگاری لە کچە خوێندکارانی زانکۆ ناکات لە دەستی ئەو.

گێچەڵکەرانی بەهێز

پرسی گێچەڵکردنی سێکسی تەنها لە زانکۆکانی بەغدای پایتەختدا نییە، بەو پێیەی نووسەری ڕاپۆرتەکە پەیوەندیی لەگەڵ فەرمانبەر و مامۆستای ژنی ژمارەیەک زانکۆی پارێزگاکانی دیکەدا کردووە، هەروەها شایەتحاڵی بەدەستهێناوە کە چیرۆکی هاوشێوەیان پیشانداوە. لە کۆلێژێکی مرۆیی لە زانکۆی موسڵ، کارمەندێکی ژن باسی لەوە کردووە کەوا یاریدەدەری ڕاگر بۆ کاروباری کارگێڕی لە سەرتاسەری کۆلێژەکە و تەنانەت لە ئاستی زانکۆکەش وەک گێچەڵکار ناسراوە، “بەڵام لەلایەن لایەنێکی سیاسییەوە پاڵپشتی دەکرێت کە ڕێگری دەکات لەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت تەنانەت کوڕێکی دۆکیومێنتی ساختەی پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی لە خوێندنی ماستەر لە کۆلێژەکە وەربگیرێت، کاتێک بابەتەکەی ئاشکرا بووە، بۆم دەرکەوت سەرۆکایەتی زانکۆ فەرمانی لێکۆڵینەوەی دەرکرد بەبێ ئەوەی هیچ سزایەک بسەپێنێت”، بە گوێرەی ووتەی کارمەندەکە.

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “ئەو تەنها ژنانی خێزاندار، فەرمانبەران یان تەنانەت خوێندکارانی خوێندنی باڵا دەکاتە ئامانج، و بژاردەیەکیان پێدەدات لە نێوان سوودەکانی وەرگرتنیان وەک خۆشەویستی ئەو یان دواکەوتن لە پلەبەرزکردنەوە و کێشەکانی داواکاری بۆ خوێندنی باڵا یان ڕێگریکردن لێیان، پێیان دەڵێت کە لە هەولێر شوقەیەکی هەیە، دوور لە چاوی خەڵک لە موسڵ”.

پێش ئەوەی وەڵامی پرسیاری نووسەری ڕاپۆرتەکە بداتەوە، بیر دەکاتەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو گێچەڵی پێکردووە یان نا، پاشان وەڵامی دایەوە: “بەڵێ، ئەو کارەی کردووە، و منیش ویستم بچم چاوم بە سەرۆکی زانکۆ، دکتۆر. قوسەی ئەلئەحمەدی، بکەوێت لە میانەی دیدارە هەفتانەییەکانی لەگەڵ فەرمانبەران، و ئاگادارکردنەوەی لەوەی چیم بەسەرم هاتووە، بەڵام هاوکارەکانم ڕێگریان لێکردم چونکە پێشتر سکاڵا پێشکەشکرابوو و هیچ ئەنجامی نەبوو بوو، هەروەها ترسم لە کاردانەوەی هاوسەرەکەم بوو لە ئەگەری ڕێگریکردنی هاوسەرەکەم لە درێژەدان بە کارەکانم”.

لە بەسرە خانمە-مامۆستایەکی زانکۆ بە کەمێک گاڵتەجاڕیەوە دەڵێت: “هەر فەرمانبەرێک یان مامۆستایەکی زانکۆ کە لە ژیانی هاوسەرگیریدا شکستی هێنا، بۆسەیەکم بۆ دادەنێت و پەیوەندییەکی کاتی یان هاوسەرگیریم بۆ پێشنیار دەکات، تەنها لەبەر ئەوەی بێوەژنم و بەلاوازی دەردەکەوم”.

دوایین ئەزموونی لەگەڵ کەسێکدا بوو کە پۆستێکی باڵای کارگێڕی لە زانکۆکەیدا هەبوو و سەر بە پارتێکی سیاسی بوو کە خاوەنی میلیشیایەکی ناسراوە، ڕەتیکردەوە نووسراوی پلە بەرزکردنەوەی من بەرز بکاتەوە تەنها بەرامبەر هاوسەرگیری کاتیی و بە گوێرەی چیرۆکەکەی، ئەو بەڵێنی پێدا ئەگەر ڕازی بێت “وەک جیمناستیک لە نێوان پۆستەکاندا باز بدەم”!

لەکاتێکدا ئەمە دەڵێت سەری دەهەژێنێت، و بەردەوام دەبێت: “تەنانەت ئەگەر دەنگی ئەویشم تۆمار بکردایە و بە شێوەیەکی شەخسی بۆ وەزیری خوێندنی باڵام نارد بوایە، هیچ ڕووی نەدەدا، چونکە ئەو لایەنەی پشتیوانی ئەم گێچەڵکەرە دەکات، هەمان ئەو لایەنەیە کە وەزیرەکەی گەیاندۆتە پۆستەکەی”!

سەجا، خوێندکاری زانکۆی کوفەیە، پێی وایە کە بێدەنگ بوون باشترین شتە لە حاڵەتەکانی گێچەڵکردندا و دەڵێت: “ئێمەی خوێندکاری کچ لاوازین، زۆرێک لە ئێمەش بە وورەی بەرز گەیشتینە زانکۆ، بەهۆی بارودۆخی ژیان و ڕەتکردنەوەی دایک و باوکانەوە بۆ تەواوکردنی خوێندن، بۆ نموونە، کێ باوەڕم بە من دەکات مامۆستایەکی زانکۆ بە درۆ دەخاتەوە کە بە ڕێزەوە بەرامبەر خەڵک دەردەکەوێت و کەسێکی پابەندی ئایینە. بە کورتی ئێمە هیچ پشتیوانییەکمان نییە و ئەگەر سکاڵا تۆمار بکەین، لانیکەم دەبینە جێگەی قسەوباسی هەمووان.” و هەموو کەسێک لە کۆلێژ و زانکۆ وەک مرۆڤی خراپ سەیرمان دەکات.”

سەجا پێی وایە کە گێچەڵکردن بووەتە شتێکی ئاسایی “بە چوونمان بۆ زانکۆ دەست پێدەکات لە پاسەوانەکانەوە، دواتر خوێندکارەکان، دواتر دەچینە سەر گێچەڵکردنی مامۆستا، کە ئەگەر بە ڕەتکردنەوە بەرەوڕووی ببینەوە، ئەو کات بیانوو لە دژی خوێندکارەکە دەست پێدەکات، وەک ئامادەنەبوون، یەکپۆشی و هتد”.

مەریەم، مامۆستایەکە کە 23 ساڵ خزمەتی زانکۆیی هەیە، باس لەوە دەکات کە زانکۆ حکومی و ئەهلیەکان زیاتر لە دە ساڵە دووچاری “کارەساتی پەروەردەیی و ئەخلاقین” بەهۆی نەبوونی ئیدارەی پتەو و جێبەجێ نەکردنی یاساکان، لەگەڵ سەرهەڵدانی هەڕەشەی کەسانێک کە زۆرجار کەسانی کاریگەرن و بە دەسەڵاتی حزبەکان چوونەتە ناو زانکۆکان.

هەوەها دەڵێت “کاتێک ناتوانیت لێپرسینەوە لەم کەسانە بکەیت، ئەو کات ناتوانیت لێپرسینەوە لە کەسانی دیکەش بکەیت. وێرانکارییان بەسەردا هێنا و هەموو جۆرە پێشێلکارییەک بڵاوبووەوە، لە سەرکەوتنی کەسانی ناشایستەوە، تا فرۆشتنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان و نووسینی توێژینەوە و گەیشتن بە پێشێلکاری ئەخلاقی و گێچەڵکردن بە هەموو جۆرەکانیەوە”.

ئەو پرسیاری ئەوە دەکات، لەکاتێکدا دەستەکانی لەسەر سەریدا داناوە، “ئەگەر دۆخی خوێندنی باڵا و ئەوانەی کە بڕیارە نوێنەرایەتی نوخبەی کۆمەڵگە بکەن بەم جۆرە بێت، دۆخەکە لە شوێنەکانی دیکەدا چۆن دەبێت؟ هەموو بەهاکان بەرەو داڕمان دەچن، ئەم کەسانەش بەردەوامن لە داپۆشینی خۆیان لە وتار و کۆبوونەوە گشتییەکانیاندا بە پۆشاکی ئایین”.

  • ڕاپۆرتەکە بە سەرپەرشتی تۆڕی NIRIJ بۆ ڕاپۆرتە لێکۆڵینەوەکان تەواوکراوە و لە ماڵپەڕی ڕەسیف 22 بڵاوکراوەتەوە.

ڕاپۆرتی گێڕانەوە

Reports

ڕاپۆرتی گێڕانەوە","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":22723}" data-page="1" data-max-pages="1">