ڕاپۆرتی گێڕانەوە: “پیاوسالاری کۆمەڵگە یان ئایین؟”، کێ لە پشت ڕێگریکردنە لە دەرکردنی یاسای “پاراستنی منداڵ”؟

“پیاوسالاری کۆمەڵگە یان ئایین؟”، کێ لە پشت ڕێگریکردنە لە دەرکردنی یاسای “پاراستنی منداڵ”؟

پیاوسالاری کۆمەڵگە و دیدێکی ئایینی ڕێگری لە یاسای “پاراستنی منداڵ” لە عێراق دەکات

نەوزەت شەمدین/ نێریج – دەرەج:

لەگەڵ یەکەم کازیوەی بەیانیدا، دەیان منداڵ لە شوێنی “زبڵدانی پاشماوەی تەندروستی” لە ناوچەی عبور لە ڕۆژئاوای شاری موسڵ (405 کم لە بەغداوە دوورە) کۆدەبنەوە، چاوەڕێی بارهەڵگرەکانی پاشماوەی شارەوانییەکان دەکەن، بۆ ئەوەی ئەو شتانە هەڵگرنەوە کە لەوێ ڕۆی بکەن بەدوای دەبە ئاو و خواردنەوە گازییەکان و کەرەستەی پلاستیکی و پارچە ئاسن و هەر شتێکی تر دەگەڕێن کە بتوانرێت بفرۆشرێت، سەرەڕای ئەگەری خواردنی.

ئەو کوڕە جەمال غانم (١٣ ساڵ) نزیکەی سێ ساڵە لەم کاتە دوا نەکەوتووە، بە تایبەتی لەو کاتەوەی خێزانەکەی کەمپی “ئەلسەلامیە” یان بەجێهێشتووە کە تایبەت بووە بە ئاوارەکانی شەڕی داعش لە ڕۆژهەڵاتی موسڵ. خانوویەکی بچووک و تەواونەکراویان لە گەڕەکی هەڕەمەکی عبور دۆزیەوە و لە بەرامبەر کرێیەکی بچووکی مانگانەدا تێیدا نیشتەجێ بوون، کە جەمال لەگەڵ سێ برا گەورەکەی و دایکیان لە ڕێگەی کارەکانیانەوە لە شەقامەکان پارەی کرێیەکەی دابین دەکەن.

باوکی بیر ناکەوێتەوە و تەنها ئەوە دەزانێت کە شۆفێری تاکسی بووە، لە ناوەڕاستی ساڵی 2011 لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە نزیک ئۆتۆمبێلەکەی لە لای چەپی شاری موسڵ گیانی لەدەستداوە. دایکی دەڵێت کەوا بۆمبەکە کاروانێکی ئۆتۆمبێلی سوپای ئەمریکای کردۆتە ئامانج کە هاوکات بووە لەگەڵ تێپەڕبوونی پیاوەکەی لە نزیک شوێنەکە.

جەمال یەکێکە لەو دەیان هەزار منداڵە بێ باوکەی کە ساڵانێکە بەرکەوتەی توندوتیژی خوێناوی بوون. ئەو تاکێکە لە نێو توێژێکی گەورەی منداڵانی وڵات کە بەهۆی هەژاری بنەماڵەکانیانەوە بێبەشن. قوربانی شکستی دەوڵەتە لە پاراستن و گرنگیدان بە منداڵەکانی، تەنانەت ئەگەر یاسایەکیش دەربکرێت کە لەسەر کاغەز مافی ژیانیان بە کەرامەتەوە بۆ دابین بکات کەوا لە توندویژی پارێزراو بن، ئەمە بە وتەی چالاکوانانی بواری داکۆکی مافەکانی منداڵان .

بە گوتەی عەبدولزەهرا ئەلهینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵی عێراقی لە تەندروستی و خۆراک و خوێندن  بێبەشن، و بەشێکی زۆریشیان بەهۆی هەژارییەوە لەلایەن خێزانەکانیانەوە بە زۆر خراونەتە بازاڕی کارەوە. ئەو دەڵێت “توێژینەوە جۆراوجۆرەکان” بوونی جیاکاری لە نێوان نێر و مێ لە لایەنی پەروەردەیی و کات بەسەربردن نیشان دەەدەن، بە تایبەت لە ناوچە گوندنشینەکان، و پاراستنیان بەرپرسیاریەتێکە کە دەوڵەت و کۆمەڵگە لە ئەستۆی دەگرن”.

بەڵام پێدەچێت ئەم پاراستنە بەهۆی هۆکارەکانی ناسەقامگیری ئەمنی و بێکاری و هەژاری و گەندەڵیدا بەدەست نەیەت کە پرۆگرامەکانی پشتیوانی منداڵان پەک دەخەن. بوونی عەقڵیەتی کۆمەڵایەتی پیاوسالاری کەوا ڕێگە بە دەستێوەردان نادات بۆ ڕێگریکردن لە چەوساندنەوەی منداڵان لەناو خێزاندا، بەتایبەتی لەگەڵ نەبوونی یاسای ڕێگریکردن لە دژی توندوتیژی خێزانی.

ئەو کوڕەی کە بەهۆی گەرمی خۆرەوە پێستی ئەسمەر بووە، باس لەوە دەکات کە خەونی ئەوە دەبینێت ببێتە یاریزانێکی بەناوبانگی تۆپی پێ – حەزی لەو یارییەیە کە تاکە سەرچاوەی دڵخۆشییەتی – بۆ ئەوەی خێزانەکەی لە هەژاری ڕزگار بکات. بە نیگایەکی پڕ لە گومانەوە عەرەبانەکەی پاڵ دەنێت: “بەڵام نازانم لەبەر ئەوەی بڕوانامەی قوتابخانەم نییە قبوڵم دەکەن یان نا؟”

میراتی چەندین ساڵ توندوتیژی

ئاسایشی خراپی وڵات لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و سەرهەڵدانی “گروپە چەکدارە بەرگریکارەکان” کە دژی بوونی ئەمەریکییەکان خەباتیان کرد، هەروەها پەرەسەندنی چالاکی گروپە ئاینییە چەکدارەکان و شەڕی ڕزگاربوون لێیان تا هاوینی 2017، و بوونی میلیشیا ئاینییە چەکدارەکان، کە هەموو ئەمانە بوونە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان هەزار عێراقی کە چەندین بێوەژن و منداڵێ بێ باوکیان دوای خۆیان جێهێشت.

هاوکات بوو لەگەڵ زنجیرەی شەڕەکان و توندوتیژی دووبارە لەگەڵ پەککەوتنی تەواوەتی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و وەستانی نزیکەی تەواوەتی چالاکییە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان لە وڵات، لەگەڵ گەندەڵی بەربڵاو لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری بۆ 40% لە هەندێک لە پارێزگاکان، و لە ئەنجامدا، هەژارییەکی بەرفراوان بڵاو بوویەوە کە هیچ بژاردەیەکی بۆ خێزانە هەژارەکان نەهێشتەوە جگە لەوەی منداڵەکانیان ناچار بکەن کار بکەن لە پێناو پشتیوانیکردنی خێزانەکانیان.

جەمال ئەوەی کۆی دەکاتەوە بە بەکارهێنانی عەرەبانەیەکی بچووکی دار دەیباتەوە ماڵەوە، دایکی یارمەتی دەدات بۆ جیاکردنەوەیان و دواتر ئەوەی شیاوی فرۆشتنە دەیکێشێت بۆ ئەوەی بدرێت بە  بازرگانان و گوێزەرەوەکان کەوا بە بارهەڵگرەکانیان لە خاڵە دیاریکراوەکانی نزیک ناوچەی نیشتەجێبوونیان چاوەڕێ دەکەن، کە سەرچاوەی پیسبوونی هەمەچەشنی لێیە و زۆر بە دەگمەن خزمەتگوزاری لێیە. پاشان دەگەڕێتەوە بۆ خولێکی تری گەڕانی ئێوارە لە زبڵخانەکە و هەندێک ڕۆژ لەگەڵ یەکێک لە براکانیدا دەچێت بۆ فرۆشتنی دەبەی “بەنزینی ئۆتۆمبێل” لە سەر شۆستەی شەقامی گشتی.

ئەو کوڕەی کە بەهۆی گەرمی خۆرەوە پێستی ئەسمەر بووە، باس لەوە دەکات کە خەونی ئەوە دەبینێت ببێتە یاریزانێکی بەناوبانگی تۆپی پێ – حەزی لەو یارییەیە کە تاکە سەرچاوەی دڵخۆشییەتی – بۆ ئەوەی خێزانەکەی لە هەژاری ڕزگار بکات. بە نیگایەکی پڕ لە گومانەوە عەرەبانەکەی پاڵ دەنێت: “بەڵام نازانم لەبەر ئەوەی بڕوانامەی قوتابخانەم نییە قبوڵم دەکەن یان نا؟”

 منداڵان قوربانین

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان، یونیسێف، لە بەیاننامەیەکدا کە لە مانگی حوزەیرانی 2023دا بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند، لە ساڵی 2008 تا کۆتایی ساڵی 2022 زیاتر لە نۆ هەزار منداڵی عێراقی کوژراون یان کەم ئەندام بوون، بە ڕێژەی منداڵێک یان چەند منداڵێک ڕۆژانە کەم ئەندام یان بریندار دەبن. ڕاگەیەندراوەکە بە دووری نازانێت کە ژمارەکە لەوە زیاتر بێت، چونکە ئەو ژمارانەی کە پێشکەشکراون بۆ حاڵەتە پشتڕاستکراوەکانە کە لەڕاستیدا پشتڕاستکراونەتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چەندین حاڵەتی دیکەی تۆمارنەکراو هەن.

لە بەیاننامەکەدا لە زاری نوێنەری یونیسێف لە عێراق، شیما سێن گوپتا، جەختی لەسەر پێویستی ئاوێتەکردنەوەی منداڵان لە عێراق کردووەتەوە “دوای چەندین ساڵ لە ململانێکان، لەوانەش گەڕانەوەی منداڵان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا (کەمپی هۆل) کەوا باوەڕدەکرێت منداڵانی سەر بە گروپە چەکدارەکان بن، و لەگەڵ منداڵانی تر کە لە مەترسیدان.”

ڕێکخراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی بەیاننامەکەیەوە داوای لە حکوومەتی عێراق کرد بۆ “پشتیوانیکردن و چالاککردنی یاسا و ڕێکارە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی منداڵان لە شەڕدا، و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی پێشێلکارانی مافی منداڵان، و چڕکردنەوەی سەرچاوە گرنگەکان بە خێرایی و قەبارەی پێویست بۆ دابینکردنی دارایی بۆ پاراستنی منداڵان لە دۆخی ناکۆکیەکان”.

توێژەری پسپۆڕی کۆمەڵایەتی، عەبدولسەلام غازی، پرسیار لەو ژمارانە دەکات کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان یان وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە پێشکەشکراون سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی منداڵ یان ئەوانەی لە مافەکانیان بێبەشکراون، وەک خۆی دەڵێت، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانان بۆ ساڵی 2023 لە 43 ملیۆن کەس زیاترە، کە 40%ـیان تەمەنیان لە خوار 15 ساڵاندایە.

دەڵێت “لە ماوەی ساڵانی توندوتیژیدا، نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارەبوون و سەرچاوە سەرەتاییەکانی بژێوی ژیانیان لەدەستدا. لە بارودۆخێکی سەختی مرۆیی و خزمەتگوزاریی ژیانیان بەسەربرد، پێدەچێت زیاتر لە یەک لەسەر سێیان منداڵ بوو بن.”

هەروەها دەڵێت “زۆرێک لەو کەسانە پێش و لە کاتی شەپۆلی گەورەی ئاوارەبوون لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 لەدایک بوون، کاتێک داعش نزیکەی یەک لەسەر سێی ڕووبەری وڵاتەکەی داگیر کرد، خۆیان لە دۆخێک بینیەوە کە لە کەمپە کاتیەکاندا گیریان خواردووە، لە سەرەتاییترین مافە تەندروستییەکانیان و پەروەردەییەکانیان  بێبەشکراون. بەشێکی زۆریشیان چەند جارێک لەگەڵ خێزانەکانیان لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تردا باریان کردووە کردووە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەریان هەبووە”.

باسی لەوەشکرد، دەیان هەزار خێزان بەهۆی هەژارییەوە کە لە هەندێک لە پارێزگاکان گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی، وەک (موسەننا 52% و میسان 48%) ناچار بوون پشت بە گشت ئەندامانی خێزان ببەستن بۆ بژێوی ژیان، یان بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئاسایش لەگەڵ پەرەسەندنی توندوتیژییە چەکدارییەکان لە ساڵی 2006 تا شەڕ بۆ نەهێشتنی داعش لە ساڵی 2017، یان ئەو خێزانانەی کەسی کارکەر یان موڵک و ماڵی خۆیان لەدەستدا، ئەوانەش ناچار بوون بۆ بەمەبەستی پەیداکردنی بژێوی ژیانیان پشت بە گشت ئەندامەکانی خێزان ببەستن، لە نێوانیان ئەو منداڵانەی کە وازیان لە خوێندن هێنا و چوونە ناو بازاڕی کارەوە.

توێژەرەکە ئاماژەی بۆ ئەو ڕێکارانە کرد کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گیراونەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی کاری منداڵان، وەک ئەوەی لە مادەی 52ی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025دا هاتووە، بە خەرجکردنی بەخشینێکی دارایی بۆ خوێندکاران و قوتابیانی ئەو خێزانانەی کە لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیدان، کە مانگانە 30 هەزار دینارە، واتە نزیکەی 23 دۆلار.

هەروەها دەڵێت  “ئەمە بەس نییە، پێویستە پەرلەمانی عێراق یاسایەک بۆ منداڵان دەربکات، نەک تەنها بۆ پاراستنیان لە توندوتیژی لە ناوەوە و دەرەوەی خێزان، بەڵکو بۆ پاراستنیان لە ڕەتاندن و ناچارکردن بۆ کارکردن، و دەرکردنی یاسایەک کە ڕێگری بکات لە وازهێنانی منداڵان لە قوتابخانە تا تەمەنێکی دیاریکراو، بۆ نموونە 16 ساڵ”.

هەموو ئەمانە بە مەرجی: “بەدەستهێنانی سەقامگیری ئابووری بۆ سنووردارکردنی هەژاری” بەبێ ئەمە، توێژەر عەبدولسەلام پێی وایە بەشێکی زۆر لە منداڵان لە عێراق لە مافەکانیان بێبەش دەمێننەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە تەمەنی منداڵییان.

جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان، مەحمود حوسێن ئەلقەیسی، لە لای خۆی دووپاتیکردەوە کە دەرماڵەی خوێندکاران تەنها ئەو خێزانانەی لەخۆگرتبوو کە لە چوارچێوەی پرۆگرامی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتیدا تۆمارکراون. ئاماژەی بەوەشکرد دەرماڵەکان “کە تا ئێستا خەرجنەکراون” لە بودجەی ساڵی 2023دا جێگیرکراون. بڕی پارەکە لە یاسای دەرماڵەی قوتابیان و خوێندکارانی قوتابخانە حکومییەکانی ژمارە (3)ی ساڵی 2014 دیاریکراوە، هەروەها یاسای دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی عێراق ژمارە (63)ی ساڵی 2012 کەوا دەرماڵەکە لە بودجەی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دیاری دەکات.

لە ژینگەیەکی خراپی یاساییدا کە هیچ یاسایەک نییە مافی کرێکاران زامن بکات، زۆرێک لە پسپۆڕان و ئەوانەی پەیوەندییان بە مافی منداڵانەوە هەیە پێیان وایە ناردنی منداڵان بۆ بازاڕی کار جۆرێکە لە توندوتیژی. چونکە زۆرێکیان بەرکەوتەی جۆرەها ڕەتاندن دەبن، لەوانەش ڕەتاندنی سێکسی، هەروەها توندوتیژی جەستەیی و دەروونی، لەگەڵ زیانێکی زۆر لەسەر داهاتوویان، بەهۆی ئەوەی لە خوێندن بێبەش دەبن و بەمەش لە هەموو دەرفەتێک بۆ باشترکردنی دۆخی پیشەییان بێبەش دەبن.

“لە ماوەی ساڵانی توندوتیژیدا، نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارەبوون و سەرچاوە سەرەتاییەکانی بژێوی ژیانیان لەدەستدا. لە بارودۆخێکی سەختی مرۆیی و خزمەتگوزاریی ژیانیان بەسەربرد، پێدەچێت زیاتر لە یەک لەسەر سێیان منداڵ بوو بن.”

یاسای پاراستنی هەڵپەسێردراو

چالاکوانی مەدەنی، هەنا ئەدور، کە سەرۆکایەتی ڕێکخراوێکی تایبەت بە مافەکانی منداڵان و ژنان دەکات، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کەوا هەندێک گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی عێراقدا ڕوویداوە، پێویستی دەکات یاسای نوێ بۆ پاراستنی خێزان و منداڵان دەربکرێت. دووپاتی کردەوە کە یاسای توندوتیژی خێزانی لە ساڵی 2015 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خراوەتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران، دواتریش پڕۆژە یاسایەک بۆ پاراستنی منداڵ، بەڵام سەرەڕای پێویستی بەپەلە بۆ یاساکان، تا ئێستا پەسەند نەکراون.

دەڵێت “لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ هەیە کەوا دژایەتی دەرچوونی ئەو دوو یاسایە دەکەن، چونکە یاساکان دەسەڵاتی پیاوسالاری لەناو خێزان دەخەنە مەترسیەوە”. دواتر ڕوونیکردەوە  “بە پیاوسالاری، مەبەستم ئەوەیە کە دەسەڵاتی ناو ماڵ بە تەواوی لە دەستی سەرۆکی خێزاندایە و ئەو بە هەر شێوەیەک بیەوێت کۆنترۆڵی دەکات و ئەم بیرۆکەیە چەندین تاوانی لێدەکەوێتەوە، وەک هاوسەرگیریی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی، بێبەشکردن لە خوێندن و چاودێری تەندروستی و دەروونی و کاری زۆرەملێ”.

دکتۆر وەعد ئیبراهیم خەلیل، توێژەری کۆمەڵایەتی هاوڕایە لەگەڵ ئەدور کە کۆمەڵگەی عێراقی، بە سروشت، “کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارە کە دەسەڵات دەداتە پیاو، کە باوک، مێردە… کە ڕێگەی پێدەدات، بە شێوەیەک یان شێوازێکی تر توندوتیژی دژی منداڵان بەکاربهێنن، کە لاوازترین گروپن لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە”.

بەڵام گومانی لە توانای هەر یاسایەک هەیە بۆ گۆڕینی ئەو جۆرە نەریتانە، کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێنەوە، بەتایبەتی پەیوەستە بە دەسەڵاتی ناو خێزان، و پێی وایە ئەستەمە پرۆژەی یاسای پاراستنی منداڵ چارەسەری هەموو دیاردەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵانی عێراق بکات. “لەبەرئەوەی توندوتیژی دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی قووڵترە و چەندین هۆکاری لە کۆمەڵگەی عێراقدا هەیە. دۆخە باوەکە لە عێراقدا ئەوەیە کە شێوازی تەمبێکردنی منداڵ بە لێدانە یان سزادانیەیتی بە شێوەیەکی جەستەیی یان دەروونی”.

لەسەر ئەم بنەمایە دکتۆر وەعد پێی وایە مەحاڵە کۆمەڵگە یاساکە پەسەند بکات، بۆیە ئەگەری جێبەجێکردنی سنووردارە “چونکە بەم شێوەیە یاساکە  پەروەردەی کۆمەڵایەتی بۆماوەیی پێشێل دەکات”.

بەڵام ئایا بەڕاستی دەسەڵاتی پیاو لە کۆمەڵگەی عێراقیدا ڕێگری لە دەرکردنی یاسای پاراستنی منداڵ دەکات؟ پرسیارێکە کە لەلایەن پارێزەر عەلی یونسەوە وەڵامی درایەوە، کە دەڵێت هەموو کۆمەڵگەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەروەها سیمای خێڵەکی لە کۆمەڵگەی عێراقدا زاڵە. هەروەها تایبەتمەندیەتی “ئاینداری بە گشتی لە سەر ڕوڵەتی تاک زاڵە”، بۆیە ئەم دوو هۆکارە (خێڵەکی و ئایینی)، بە گوتەی پارێزەر عەلی، بەربەستن لەبەردەم دەرکردنی یاسا پەیوەستەکان بە خێزان و منداڵ.

هەروەها دەڵێت “زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پێشینەی نەتەوەیی، خێڵەکی یان ئایینییان هەیە، بۆیە زۆر ئەستەمە یاسایەک دەربکرێت کە لەگەڵ بیرۆکە و ئاراستەکانیاندا ناکۆک بێت، ئەوپەڕی هەوڵیان دەدەن بۆ ئەوەی بەربەست بۆ یاساکە دروستبکەن یان بەشێوەیەک هەمواریان بکەنەوە لەگەڵ خووەکانیان بگونجێت.”

بەڵام پێی وایە دەکرێت ئەو یاسایانە کارابکرێن کە ڕێگری لە ناچارکردنی منداڵان بە کارکردن دەکەن، لەڕێگەی بەهێزکردنی چاودێری کاریگەر لە ڕێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی، هەروەها سەپاندنی سزای توند بەرامبەر بەو خاوەنکارانەی کە منداڵ دادەمەزرێنن، بەتایبەتی لەو کار و پیشانەی کە لەگەڵ تەمەن و توانا جەستەییەکانی منداڵان ناگونجێت و منداڵان دەخاتە مەترسیەوە.

پارێزەر عەلی یونس ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە مەترسی زۆر هەیە لە بوونی منداڵان لەسەر شەقامەکان لەبری ئەوەی لە قوتابخانەکان بن “نەک تەنها لە داهاتووی درێژخایەن، بەڵکو ئێستا هەیەتی، کاتێک حاڵەتی زۆر لە دادگاکاندا دەبینین کە پەیوەندییان بە ئیستغلالکردنی منداڵانەوە هەیە بۆ برەودان بە ماددە هۆشبەرەکان، چونکە بەزۆری دوورن لە گومان و چاودێریکردنی دەزگا ئەمنییەکان”.

شایانی باسە کە بنکە تەندروستییە تایبەتمەندەکان حاڵەتی ئالوودەبوونیان بە حەبی مادەی هۆشبەر لە نێوان منداڵانی تەمەن 10 بۆ 15 ساڵدا تۆمار کردووە، “ئەمەش بە واتای مەترسییەکی نزیکە کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی عێراق دەبێتەوە ئەگەر ڕێکاری خێرا و کاریگەر نەگیرێتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکە”.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی هەشتەمی خۆیدا کە لە 6ی تشرینی دووەمی 2022 لە بەغدا بەڕێوەچوو، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ڕەشنووسی یاسای پاراستنی منداڵ کرد، کە 14 مادەی لەخۆگرتووە، مادەی یەکەم تەمەنی منداڵی بە کەمتر لە 18 ساڵ دیاری کردووە، ئامانجەکانی یاساکەش لە مادەی دووەمدا یەکەمیان بریتین لە “دابینکردنی ژیانێکی ئازاد و سەلامەت و شکۆمەند بۆ منداڵ” و دووەمیش “دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ منداڵ لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، هێز، ئازاردانی جەستەیی و دەروونی، پشتگوێخستن یان ڕەتاندن”.

سێیەم: “قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە منداڵان، کۆیلایەتی، ناچارکردن بە کارکردن، ڕەتاندن بە هەموو شێوەیەک، تێوەگلان لە شەڕە چەکدارییەکان، یان بەکارهێنانی منداڵان لە لەشفرۆشی، بابەتی سێکسی و پۆرنۆگرافی، جا بۆ هەر مەبەستێک بێت.”

سەرەڕای تێپەڕبوونی دە مانگ بەسەر خوێندنەوەی یەکەم، بەڵام ئەنجوومەنی نوێنەران دواکەوتووە لە پێشکەشکردنی بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە پەسەندکردنی.  ئەمەش گومانی لەسەر ئەگەری بردنی یاساکە بۆ دانیشتنەکانی داهاتوو دروستکرد بەهۆی ناڕەزایەتی بەرامبەر هەندێک لە بڕگەکانی، سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی پێشێلکاریە تۆمارکراوەکان بەرامبەر منداڵان (بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆ)، بەڵام سەرچاوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران باس لەوە دەکەن کە پڕۆژەکە دوا نەخراوە و دواکەوتنەکەش بەهۆی گفتوگۆی بەرفراوانە بۆ هەموارکردنەوەی هەندێک ماددە کە لە پەرلەمان ناڕەزایەتیان بەرامبەریان هەبووە.

هەروەها سەرچاوەکان دووپاتیان کردەوە کە لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمان کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەکە. فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاندبوو کەوا لە 22ی ئایاری 2023، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی یاسایی، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە پڕۆژەکە ئەنجامدرا، کە تێبینی هەموارکردنەوەیان خستەڕوو، لەوانە “پێویستی گرنگیدان بە پێناسەکان، ڕوونکردنەوەی ئەوەی توندوتیژی چیە، هۆکارەکانی چین و ئەو سزایانە چین کە پێویستە باس بکرێن”.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەران، کە لە سەر داواکاری خۆی ئاماژە بە ناوی ناکەین، ووتی کەوا عێراق لە حوزەیرانی ساڵی 1994 ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی مافەکانی منداڵی پەسەند کردووە، ئێستاش پابەندە بە دەرکردنی یاسایەک بۆ منداڵ، و بێگومان یاساکە دەردەکرێت، “بەڵام کەسانێک هەن نایانەوێت بڕگەکانی یاساکە لەگەڵ داب و نەریتی کۆمەڵگەی عێراقیدا ناکۆک بێت، بەتایبەتی سەبارەت بە سکاڵای منداڵان لەسەر دایک و باوکیان، و بابەتی دیکەش.”

عێراق لە ڕیزبەندی 163ـەم هات لە کۆی 189 وڵات، لە پێوەرەکانی ساڵی 2021ی دامەزراوەی مافی منداڵان (Kids Rights)، کە ڕێکخراوێکە تایبەت بە بەرگریکردن و یارمەتیدانی منداڵان لە سەرانسەری جیهان و بنکەکەی لە ئەمستردامی هۆڵەندایە. لە ڕاسپاردەکانیدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، عێراق کە زیاتر لە پێنج ملیۆن منداڵی هەیە، بەدەست لاوازی دامەزراوەییەوە دەناڵێنێت سەبارەت بە مافەکانیان، چونکە ئەو مافانەی هەن لە خوار ستاندەری داواکراون، هەروەها بەشێکن لە دامەزراوەکانی دیکە و سەربەخۆ نین، وەک تەندروستی، پەروەردە، و کولتوور.

https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2022/01/jhgefgw31.pdf

پێویستە لە عێراق گرنگی بە پەروەردەی جۆریی بدرێت نەک چەندایەتی و دابینکردنی لە ئاستی پێویستدا. هەروەها لە عێراق منداڵان لە ئاستێکی باشی تەندروستی بێبەشن، و دەبێت کار بۆ پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی منداڵان و دابینکردنی نەخۆشخانە و کارمەندانی پێویست بکرێت.

لە کۆتاییدا، کارکردن بۆ بنیاتنانی کولتوورێک کە منداڵ وەک مرۆڤێک سەیر بکات کە مافی هەیە کەوا پێویستە دابین بکرێت و بپارێزرێت، هەروەها لەگەڵ کارکردن بۆ بەهێزکردنی سیستەمی یاسایی و دادوەری و ئەمنی کە بەرپرسیارە لە پاراستنی مافەکانی منداڵ.

بەڕێوەبەری نووسینگەی دەزگای چاودێری منداڵان، غادە موحسین ئەلڕوفەیعی، لە بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکاندا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کەوا ڕێژەی وەرگرتنی خوێندکاران لە قۆناغی سەرەتایی بۆ ساڵی 2023 گەیشتووەتە 89%. بەگوێرەی پسپۆڕانی تایبەتمەند، ئەمەش واتە کەوا 11% وازیان لە خوێندن هێناوە یان تەنانەت ناویان لە خوێندن تۆمار نەکردووە،  ژمارەیان بەلایەنی کەمەوە لە یەک ملیۆن منداڵ زیاترە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا موحەمەد شیاع ئەلسودانی سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی دەزگای چاودێری منداڵان دەکات، لاوازی هەیە لە جێبەجێکردنی یاسای تایبەت بە پرسەکانی منداڵ، هەروەها دەزگاکە هەوڵدەدات یاسای پاراستنی منداڵان دەربکات، بەتایبەتی کە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان عێراق ناچار دەکەن یاسای منداڵان دەربکات.

ڕێکارە ناتەواوەکان

حەسەن عەبدولساحیب، بەرپرسی بەشی نەهێشتنی کاری منداڵان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، بەشەکەی ڕۆژانە چاودێری مەیدانی بۆ کاری منداڵان لە بازاڕی کار لە بەغدا و پارێزگاکان دەکات لە ڕێگەی “لیژنەکانی پشکنین”. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەم لیژنانە چاودێری منداڵان و نەوجەوانانی خوار تەمەنی یاسایی دەکەن بەپێی مادەی حەوتەمی یاسای کاری ژمارە 37ی ساڵی 2015 کە “ڕێگری لە کاری منداڵان دەکات”.

باسی لەوەشکرد، زۆرێک لەو منداڵانەی لە بازاڕی کاردا چاودێری دەکرێن دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە، هەروەها لە ماوەی ئەمساڵ و ساڵانی پێشووش پەیوەندی بە وەزارەتی پەروەردەوە کراوە لەو بارەیەوە.

فەرمانبەرێک لە وەزارەتی کار، کە داوای کردووە ناوی نەهێنرێت، ووتی لیژنەکانی پشکنین دەسەڵاتی ئەوەیان نییە خاوەنکار پابەند بکەن بە ڕێگریکردن لە دامەزراندنی منداڵ، بەتایبەت ئەگەر خاوەنکارەکە بەخێوکاری منداڵەکە بێت، هەروەها لیژنەکان کاری ڕۆتینی لە هەندێک بازاڕدا ئەنجام دەدەن بەبێ ئەوەی ئەنجامێکی بەرجەستەی هەبێت، لە کاتێکدا شەقامەکان پڕن لە منداڵانی “فرۆشیاری مۆبایڵ، کوڕان لە وەرشەی میکانیکی لە ناوچە پیشەسازییەکان، لە فرۆشگاکانی خۆراک، سواڵکەر، کچانی کەم تەمەن لە یانەکان و دیسکۆی شەوانە”.

دەڵێت ئەمە لەناو شاردایە، بەڵام لە گوند و لادێدا “سروشتییە منداڵان لە کێڵگە و باخەکاندا کار بکەن و شوانی بکەن و لیژنەکانیش بە هیچ شێوەیەک پێیان ناگەن، و تەنانەت ئەگەر بگەنە ئەو شوێنانەش ئەوە ڕووبەڕووی دەسەڵاتێکی خێڵەکی دەبنەوە کە تەنانەت لە دەسەڵاتی یاساش بەهێزترە”. بەگوێرەی قسەکانی ئەو.

باسی لەوەشکرد، یاسای کاری ژمارە (37)ی ساڵی 2015، لە ماددەی حەوتەمیدا، ئاماژەی بەوەکردووە کە “کەمترین تەمەنی کارکردن لە کۆماری عێراقدا (15) پانزە ساڵە”. بەڵام لە ڕاستیدا دەکرێت منداڵان لە تەمەنی بچووکتردا لە بازاڕی کاردا ببینرێن.

لەنێویاندا زەید موخلیس (12 ساڵ)، کە لە فرۆشگایەکی خۆراک کە خاوەنەکەی مامیەتی لە شاری سەدر لە بەغدای پایتەخت کار دەکات. مامی باس لەوە دەکات کە براکەی چوار ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کردووە و سێ منداڵی بەجێهێشتووە، لەنێویاندا زەید و دەشڵێت: بوونی ئەو لەبەردەم چاومدا لە دوکانەکەمدا باشترە لەوەی لەسەر شەقام بێت، لێرەدا زیاتر خووی پێدەگرێت و دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا بکات، فێری پیشەیەک دەبێت کە بتوانێت بەهۆیەوە بژی و یارمەتی خێزانەکەی بدات”.

هەروەها ووتی “من تەنیا کاری بۆ دابین ناکەم، بەڵکو پارێزگاریشی بۆ دابین دەکەم، پێویستی بە ساڵانێکی زۆر دەبێت بۆ خوێندن  بۆ ئەوەی بڕوانامە بەدەست بهێنێت، و دواتر کارێک نادۆزێتەوە، من بەبێ هیچ بڕوانامەیەک کاری بۆ دابین دەکەم!”

  • ڕاپۆرتەکە بە پاڵپشتی و سەرپەرشتی تۆڕی ڕاپۆرتکردنی لێکۆڵینەوەی NIRIJ و بە پشتیوانی “سندووقی پشتیوانی لێکۆڵینەوەکانی باکووری ئەفریقا و ڕۆژئاوای ئاسیا” تەواوکراوە.

ڕاپۆرتی گێڕانەوە

Reports

ڕاپۆرتی گێڕانەوە","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":22752}" data-page="1" data-max-pages="1">