ڕاپۆرتی گێڕانەوە: “وڵاتی مردوو” … دوای نۆ ساڵ بەسەر جینۆساید، گەڕانەوەی ئێزیدییەکان هێشتا هەڵپەسێردراوە

“وڵاتی مردوو” … دوای نۆ ساڵ بەسەر جینۆساید، گەڕانەوەی ئێزیدییەکان هێشتا هەڵپەسێردراوە

ئێزیدییەکان، ئەو بێسەروشوێن و ئاوارە و کۆچبەرانەی کە بەدوای نیشتمانێکدا دەگەڕێن

مەيسەر ئەدانی/ نيريج/ دەرەج ميديا:

لە تەنیشت چادرێکی بچوک کە لەسەر وێرانەی خانووە قوڕاوییە تێکدراوەکەی لە قەزای ئەلقەحتانیە لە باشووری شەنگال (125 کم باکووری ڕۆژئاوای موسڵ) هەڵیداوە، مام خەڵەف (72 ساڵ) ڕۆژانە چەندین کاتژمێر دادەنیشێت و سەیری خانووە وێرانبوو و پەرشوبڵاوەکان و ئەو کێڵگە کشتوکاڵیانەی کە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە جێهێڵراون دەکات، هیچ ئاماژەیەکی ژیان لەوێدا بەدی ناکرێت.

نۆ ساڵ بەسەر کوشتنی بەکۆمەڵی ئێزیدییەکان لە شەنگال لەسەر دەستی ئەندامانی داعش لە 3ی ئابی 2014 تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا دیمەنی وێرانکاری لە سەنتەری شارەکە و لە گوندە پەرشوبڵاووەکانی دەوروبەری ماوە، و بە دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ کە سەدان قوربانی لەخۆدەگرێت، بەدەوری شوێنەکەدا بڵاوبوونەتەوە.

لە هاوینی 2022، مام خەڵەف لەگەڵ سەدان خێزانی تری ئێزیدی گەڕایەوە بۆ شەنگال، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی گەڕانەوەی خۆبەخشی خەڵك بوو کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هاندەدرا بۆ ئەوەی ژیان بگەڕێتەوە بۆ شارەکە و گوندەکانی، پاش ئەو وێرانکاریەی لە کاتی دەستبەسەرداگرتنیان لە لایەن “داعش”ەوە و دواتریش بەهۆی شەڕەکانی کۆنترۆڵکردنەوەیان دووچاری هاتبوون.

بەڵام ئەم گەڕانەوەیە سنووردار مایەوە، تەنانەت زۆر حاڵەتی ئاوارەبوونی پێچەوانەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەویش لەبەر هۆکاری نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، دواکەوتنی قەرەبووی دووبارە بنیاتنانەوە، و نەبوونی هەلی کار، هاوکات لەگەڵ ململانێی لایەنە جیاوازەکانی ناوچەکە (کوردی، شیعی، سوننی) و بەردەوامی بۆردومانی تورکیا، و ململانێی نێوان حکومەتەکانی هەولێر و بەغدا.

ئەم بارودۆخە بووە هۆی کۆچکردنی نزیکەی چارەکێکی ئێزیدییەکان بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ گەڕان بەدوای نیشتمانێکی جێگرەوەدا، و هێشتا نزیکەی 300 هەزار ئێزیدی و کوردانی موسڵمان لە دووری زێدی خۆیان دەژین و زۆربەیان بەسەر 16 کەمپدا دابەشکراون.

خاڵە خەلەف دەڵێت “هیچ شتێک ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێش جینۆسایدەکە هەبووە”. بە تۆنێکی خەمناکەوە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: “چی هانیان دەدات بۆ گەڕانەوە؟” ڕوو لە چادرەکە دەکات کە خێزانە چوار کەسییەکەی ئەوی تێدایە و دەڵێت “ئێمە کۆمەک نەکراین بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ماڵەکانمان.. و منداڵەکانمان هەلی کاریان نەدۆزیەوە… هەموو کەسێک توانای ئەوەی نییە لەم وڵاتی مردووەدا بژی.”

بە لێواری جەمەدانییە سوورەکەی (یەشماق)، کە زۆرینەی ئێزیدییەکان لەسەری دەکەن، ئارەقەی نێوچەوانی دەسڕێتەوە و دەپرسێت: “چۆن سەرلەنوێ دەست بە ژیانمان بکەینەوە؟.. من هەموو ژیانم وەک جووتیارێک بەسەر برد، ئەمڕۆش ناوچەکە کێشەی کەم ئاوی هەیە، بۆیە ناتوانین کشتوکاڵ بکەین.. هەندێک کەس بۆ بژێوی ژیانیان پشتیان بە لەوەڕاندن و بەخێوکردنی ئاژەڵ بەستبوو، بەڵام لەکاتی هێرشی داعشدا هەموو شتێکیان لەدەستدا.”

چەند ساتێک بێدەنگ دەبێت پێش ئەوەی بە دەستی ئاماژە بە ماڵە چۆڵ و کێڵگە بێ بەرەکانی بەردەمی بکات، “وەک ئەوەی هەرگیز ژیانی لێ نەبووبێ، وەک ئەوەی هیچ مرۆڤێکی لێ نەژیابێت.”

لە دوایین ئاماری ژمارەی کوژراو و بێسەروشوێنەکاندا، کە لەلایەن “نووسینگەی رزگارکردنی ئێزیدییە ڕفێندراوەکان” تۆمارکراوە، 6417 کەس لە لایەن ڕێکخراوی داعشەوە دەستگیرکراون، لەوانە 3554 کەسیان ئازادکراون، کە 1205 ژن و 333 پیاو و 1992 یان منداڵن، ئەوانی تریش هێشتا بێسەروشوێنن.

ئەم نووسینگەیە، کە بەدواداچوون بۆ دۆخی ئاوارەکانی شەنگال دەکات، هەژماری 135 هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و 189 هەزاری تر لە ناوچە جیاجیاکانی دەرەوەی کەمپەکانی کردووە. هەروەها دۆزینەوەی زیاتر لە 60 گۆڕی بەکۆمەڵ و وێرانکردنی 70 مەزارگەی ئایینی ئێزیدی پشتڕاست دەکاتەوە.

“بە دەنگێکی لەرزۆکەوە کە هەوڵی دەدا منداڵەکانی لە ئاگرەکە نزیک نەبنەوە وتی “ئەمە بارودۆخی ئێمەیە، ئەگەر بگەڕێینەوە شەنگال لە برسێتیدا دەمرین، ئەگەر لێرە بمێنینەوە، ڕەنگە رۆژێک لە ژێر چادرەکاندا بسووتێین.”

کەمپەکانی مەرگ

لە زاخۆ، لەوپەڕی باکووری عێراق، نزیک لە سنووری تورکیا، دەیان هەزار ئێزیدی دەژین، لە نێوانیاندا ئەوانەی لەوێ لەدایک بوون و ئەوانی دیکەش کە لە کاتی ئاوارەبووندا منداڵ بوون و لە نێو چادرەکاندا گەورە بوون، لەوانەش “عیماد”، کە نزیکەی نیوەی ژیانی لە کەمپی ” چەمشکۆ” بەسەر بردووە، کە نزیکەی هەموو جیهانبینی و یادەوەرییەکانی پێکدەهێنێت.

زۆرێک لەوانە خواستی گەڕانەوەیان هەیە بۆ شەنگال بەتایبەت دوای دابەزینی باری ئابووری هەرێم و نەمانی دەرفەتەکانی کۆچکردن بۆ ئەوروپا ئەویش لە ئەنجامی مەترسی ڕێگاکانی قاچاخ و تێچووی زۆرە. عیماد لەکاتێکدا لەگەڵ دەیان کرێکاری بیناسازی دیکە لەسەر ڕێگای سەرەکی چاوەڕێی دەکرد، دەڵێت: “بەڵام هیچ شتێکی وا نییە هانمان بدات بۆ گەڕانەوە.”

لەوێ گەنجێک، کە وازی لە خوێندنی ناوەندی هێناوە، ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک دەوەستێ، بەو هیوایەی ئۆتۆمبێلێک لەبەردەمیدا بوەستێت، کە خاوەنەکەی پێویستی بە کرێکاری بیناسازی، خزمەتگوزاری، یان گواستنەوەی مۆبیلیات هەبێت. “ژیان لە شەنگال وەستاوە، ناتوانین بەبێ هەلی کار بگەڕێینەوە… هەموو سێکتەرە ئابوورییەکان وێرانن…؟.”

ئاماژە بە هاوەڵەکانی دەکات، کە ڕوخساریان هەر وەک ئەو بە خۆر دەدرەوشایەوە: “لەم شوێنەدا، لە ژێر گەرمای خۆردا، هەندێک جار چوار کاتژمێر چاوەڕێ دەکەین تا کارێکمان دەست دەکەوێت.. چەند ڕۆژ جارێک چانسی بەدەستهێنانی 15 یان 20 هەزار دینارمان هەیە، ڕاستە بڕە پارەیەکی کەمە، بەڵام لە شەنگال تەنانەت ئەمەش نییە.”

عیماد، کە خێزانەکەی نۆ ساڵ لەمەوبەر لە ماڵەکەی خۆیان لە باشووری شەنگال هەڵاتوون، هەموو خەونی ئەوەیە ڕۆژێک ئەو چادرە بچووکە بەجێبهێڵێت کە تیایدا گەورە بووە، و سنووری عێراقی بەردەمی ببڕێت. ئاماژە بۆ ئەودیوی شاخەکان دەکات، و بە ئاهێکەوە دەڵێت “تاکە هیوای ڕزگاربوونمان ئەوێیە”، ئاماژە بە کۆچکردن بەرەو ئەوروپا دەکات.

بەگوێرەی ڕێکخراوە ئێزیدییەکان، لە ساڵەکانی سەرەتای دوای هێرشی داعش و ئاوارەبوونە مەزنەکەیان، زیاتر لە 120 هەزار ئێزیدی کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی عێراق، بەڵام ئەم ژمارانە ڕۆژانە بەرز دەبێتەوە، ئەویش چ لەڕێگەی کۆچی یاسایی یان قاچاخ، بەزەحمەت بەلەمێک هەبێت هەوڵی پەڕینەوەی دەریا بدات لە تورکیاوە بۆ یۆنان یان ئیتالیا کە ئێزیدی عێراقی تێدا نەبێت.

ئەو زەردەخەنە دەکات کاتێک بە چاوی شڵەژاوەوە لە کۆمەڵێک هاوەڵی دەڕوانێت کە چەند مەترێک لە شەقامەکەوە لە ژێر سێبەری دارێکدا بوون: “زۆر باسی ئێمەی ئێزیدی دەکەن، بەڵام لە واقیعدا ئێمە لەبیرکراوین.. ئێمە لەبیرکراوین، ئێمە لە ژێر چادرەکاندا دەژین و دەسوتێین و دەمرین.”

زۆرینەی ئێزیدییەکان لە پیشە سەختەکاندا و بە کرێی رۆژانە کاردەکەن، وەک دروستکردنی خانوو و کارکردن لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان. ئەم کارانە زۆربەیان وەرزین و بەزەحمەت کەمترین پێداویستیی ژیانیان دابین دەکەن، ئەمەش وایکردووە بژاردەی کۆچ هەمیشە خوازراوتربێت.

برینی بێسەروشوێنەکان

حەسەن خدر (43 ساڵ) یادەوەرییەکانی دوایین ڕۆژەکانی لە شەنگال بەبیر دێنێتەوە و دەڵێت: بە ئۆتۆمبێلی دراوسێمان بەرەو شاخ هەڵاتین، لەوێ لەگەڵ سەدان خێزانی گەمارۆدراو پێنج ڕۆژ بەبێ خواردن ژیاین.. زۆرێکیان لەبەر گەرمای سووتێنەر بەهۆی تینوێتی گیانیان لەدەستدا.”

خدر، لە گوندی هەردان لە باکوری چیای شەنگال دەژیا، خۆی و هاوسەرەکەی لە مەفرەزەکانی مەرگ ڕزگاریان بوو کە داعش ناردبوونی، بەڵام سێ منداڵی بێسەروشوێن بوون کە نەیانتوانی لەگەڵیدا هەڵبێن، دەڵێت “ناخۆشترین ڕۆژەکانی ژیانمان بوو، ئێمە تووشی شۆک و ترس بووین لە چارەنووسی منداڵەکانمان، هیچ دەربارەی ئەوان نازانین… لە کاتەکانی شەودا، دەنگی گریانی ژنان و ناڵە ناڵی نەخۆشەکان کە لەسەر بەردەکان پاڵکەوتبوون، لە تاریکیدا بەرز دەبوویەوە.. هەندێک جار گوێمان لە دەنگی فیشەک دەبوو.. تا ئەمڕۆش مۆتەکەکانی ئەو ڕۆژانە بەدوامانەوەن.”

ئەو پیاوە کە سەری سپی بووە، دەشڵێت: دوای کەوتنی تەلعەفەر (75 کم لە موسڵەوە) بە دەستی ڕێکخراوەکە (حوزەیرانی 2014)، هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا دڵنیایان کردینەوە و بەڵێنی پاراستنی ئێمەیان دا، بەڵام ئەوە ڕووینەدا.. ڕێکخراوەکە لە رێگای یەکتربڕی گوندەکەمان و لەسەر ئەو ڕێگاکانی بەرەو شاخ دەیان کەسیان کوشت.. منداڵەکانم تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، نازانین لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندان یان لای خێزانەکانی ڕێکخراوەکە دیلن.. ئەمە برینێکی قووڵە کە ساڕێژ نابێت، لەبەر ئەوەی هەموو رۆژێک لەگەڵ ئەم کارەساتەدا دەژین.”

بە تۆنێکی خەمناکەوە درێژە بە قسەکانی دەدات “لە شەنگال هیچ شتێک نەگۆڕاوە بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە ئەوێ، هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و سوپا لەوێ هەبوون، بەڵام هەموویان بەجێیانهێشتین و کشانەوە، ئەمڕۆش هێزەکانی سوپا و پۆلیس لەوێ هەن، بەڵام لەسەر خاکێکی وێرانکراو.”

“لەم شوێنەدا، لە ژێر گەرمای خۆردا، هەندێک جار چوار کاتژمێر چاوەڕێ دەکەین تا کارێکمان دەست دەکەوێت. چەند ڕۆژ جارێک چانسی بەدەستهێنانی 15 یان 20 هەزار دینارمان هەیە، ڕاستە بڕە پارەیەکی کەمە، بەڵام لە شەنگال تەنانەت ئەمەش نییە.”

“جینۆسایدی” بەردەوام

فارس کەتی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی باڵای ڕۆحانی ئێزیدی و بەرپرسی پەیوەندییەکان لە بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش دەڵێت: “دوای نۆ ساڵ هیچ شتێک لە واقیعی ئێزیدیدا نەگۆڕاوە، بۆیە دەڵێین جینۆساید بەردەوامە، کاریگەری و پایەکانی هێشتا ماون و لە هەموو شوێنێک کاریگەرییەکانی لەسەر ئێزیدییەکان هەیە.”

کەتی سەبارەت بەوەی زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپایی دانیان بەجینۆسایدی ئێزیدییەکان ناوە، دەڵێت، “تەنانەت دانپێدانانی نێودەوڵەتیش بەهای ڕاستەقینەی نەماوە، چونکە دانپێدانانی نێودەوڵەتی لە قۆناغی دانپێدانان تێنەپەڕیوە و هیچ شتێک لە واقیعدا نەگۆڕاوە.”

ئاماژەی بەوەشکرد “بەڵێ، ئێزیدییەکان پێویستیان بە ناساندنی فەرمی نێودەوڵەتی و دانپێدانانی دادوەری بە تاوانەکانی جینۆساید هەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دووبارە نەبنەوە، بەڵام دەبێت ئەمە هاوپێچ بێت لەگەڵ فشاری نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی عێراق پابەند بکات بە ڕەخساندنی هەلومەرج و گەرەنتیکردنی ژیانی ئێزیدییەکان بۆ ئەوەی بە سەلامەتی لە جوگرافیای خۆیاندا بژین.”

نووسەر شەهاب ئەحمەد، قەیرانێک دەخاتە ڕوو کە زۆرینەی ئێزیدییەکان کۆدەکاتەوە، ئەویش “بێزاری”یە، دەڵێت “ئەوەی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا گۆڕاوە ژمارەی ساڵەکانە، هێشتا زۆربەی خانووەکان وێرانن، چارەنووسی سەدان ژنی ڕفێنراو نادیارە، دەیان هەزار منداڵیش هەن کە لە کامپە کاتییەکاندا لەدایک بوون و گەورە بوون، ئەوان جگە لەوە هیچی تر نازانن و هیچ هیوایەکیان نەماوە جگە لە کۆچکردن بە ڕێگا کوشندەکانی قاچاخ.”

نووسەری پسپۆر لە کاروباری ئێزیدییەکان، خالد تەعلۆ، هەمان دیدگا پشتڕاست دەکاتەوە و دۆخی ئێزیدییەکان بە خراپ بۆ خراپتر وەسف دەکات “هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی نییە، بە پێچەوانەوە بارودۆخیان خراپتر بووە، ژیانی ناو چادرەکان گۆڕدراوە و بووە بە شاری قوماش، ولە جێبەجێنەکردنی دادپەروەری ڕاگوزەردا، و جددی نەبوون لە گەڕان بەدوای ڕفێنراوەکان یان دەرهێنانی روفات لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان، و قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە لە ڕووی دارایی و ئەخلاقییەوە”.

تەعلۆ هۆشداری دەدات کە نیمچە کۆدەنگییەک هەیە لە نێو ئێزیدییەکان ئەویش، وەکو ئەو وەسفی دەکات “گەڕانە بەدوای نیشتمانێکی بەدیلدا لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەتی عێراق.”

چالاکوان سەعد حسێن پێی وایە کە هەموو ئێزیدییەکان لە نێوان دوو بژاردەی سەختتدان یەکیان گەڕانەوەیە بۆ شەنگالی وێرانکراو، کە شوێنی ململانێی هەژمونی چەند هێزێکی ناوخۆیی و هەرێمییە، ئەوی تریان رازیبوونە بە ژیانی کەمپ “بەڵام هەلومەرجەکان قورسترن بۆ ئەو کەسانەی کە کوڕ و کچیان بێسەروشوێنن، چونکە نازانن ئەوان زیندوون یان مردوون.”

ئەوان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی پشکنینی وردی کەمپی خێزانەکانی داعشن لە ئەلهۆل لە سوریا، یان کردنەوەی گۆڕەکان و دیاریکردنی ناسنامەی قوربانییەکان، ئەمەش پێویستی بە چەندین ساڵی تر چاوەڕوانی دەبێت، ئەو دووپاتی دەکاتەوە، “لە کۆتاییدا هەموو ئێزیدییەک لە بێزاری و دڵەڕاوکێدا دەژی و دەبینێت کە زۆرێک لە جەلادەکان ئەمڕۆ ئازادن لە کاتێکدا قوربانییەکان بۆ هەمیشە ئاوارەن.”

دابەشبوون و ململانێ

کوشتاری بەکۆمەڵی ئێزیدییەکان لەسەر دەستی ئەندامانی داعش و شکستی هێزەکانی سوپا و پۆلیسی عێراق و پێشمەرگە لە بەرگریکردن لێیان، شۆکێکی گەورە بوو بۆ ئێزیدییەکان، کە بووە هۆی دابەشبوونێکی توند و سەرهەڵدانی دیدگای جیاواز سەبارەت بە ڕێگاکانی خۆپاراستن، لەگەڵ ئەمەدا هێزی سیاسی و پێکهاتەی ئەمنی جۆراوجۆر سەریان هەڵدا، ئەمەش لەبەر نەبوونی مەرجەعێکی سیاسی یەکگرتوو و دەسەڵاتێکی ئایینیی لاواز بوو.

ئەو پێکهاتانە کە لە سەرەتای دامەزراندنیاندا جۆرێک لە سەربەخۆیییان هەبوو، دواجار لە ژێر گوشاری پێویستی دارایی و چەکداری، ناچار بوون بچنە نێو گرووپە ئەمنی و سەربازییەکانی پەیوەست بە هێزە تەقلیدییەکانی کورد یان عەرەبی عێراقی و هەندێک جاریش هێزی هەرێمیی.

ئێزیدییەکان لەناو هەندێک یەکەی سەربازی بوون کە لەلایەن پێشمەرگەوە پاڵپشتی دەکران و هەندێکی تریش لەناو یەکەی سەربازی تردا بوون و لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە پاڵپشتی دەکران، هەروەها ئێزیدی لە ناو هێزەکانی ‌حەشدی شەعبی نزیک لە ئێرانیش هەبوون، ئەمە جگە لەوەی کە هەندێکی تریان بەشداری هێزەکانی سوپا و پۆلیسی عێراق بوون. هەموو ئەو لایەنانە شوێنپێی خۆیان لە شەنگالدا داناوە، ئەمڕۆش ئەمانە بەرژەوەندی تایبەتیان هەیە و بە توندی بەرگری لێدەکەن.

بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی ئێزیدییەکان دەگرێتەوە، هەمان شت موسڵمانانی شەنگالیش دەگرێتەوە، بە تایبەت شیعەکان.

بۆیە نووسەر شەهاب ئەحمەد، پێی وایە دووبەرەکی و ناکۆکییەکان خراپتر بوون، لە کاتێکدا پێویست بوو ئالنگارییەکان وا لە ئێزیدییەکان بکات یەکڕیزبن، “ئەوەی ڕوویدا وایکرد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر جیاببینەوە و دوورکەوینەوە لە یەکتر.”

نموونەیەک لەسەر ئەمە دەهێنێتەوە، کە لە نۆیەمین ساڵیادی جینۆساید دا هێزە جۆراوجۆرەکانی ئێزیدی هەڵساون بە چالاکی تایبەت لە شوێنی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا “لە زۆر شوێن چالاکی و وتاردان هەبوون، و هەر یەکەیان دروشم و ئاڵای تایبەت بەخۆیانیان بەرزکردبۆوە.”

ئەو ئاماژە بەم دابەشبوونە دەکات تەنانەت لەسەر ئاستی کارگێڕیش، بەرپرسانی ئیدارەی قەزای شەنگال و بەشی خزمەتگوزاری لە شارەکەدا نین و شوێنی کاری تریان بۆ خۆیان لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە، ناوچە هەیە لەلایەن لایەنێک بەڕێوەدەبرێت کە لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە هاوسۆزە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، وناوچە هەیە ‌حەشدی شەعبی ئیرادەی خۆیان تیایدا دەسەپێنن، ساڵانێکە هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر هەڵبژاردنی قائیمقامی قەزاکە نییە، کاری هاوبەش تەنانەت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریشدا نییە.

سامیا، یەکێک لە قوربانیانی ڕفاندن، نزیکەی نۆ ساڵ دوور لە خێزانەکەی لە دۆزەخی ڕێکخراوەکەدا ژیاوە

ڕێککەوتنێک کە بە مردوویی لەدایک بوو

“ڕێککەوتنی شەنگال” هەوڵی چارەسەرکردنی بێسەروبەری بڕیاردانی ئەمنی و ئیداری و سیاسی لەم قەزا ناکۆکی لەسەرەی نێوان حکومەتەکانی هەولێر و بەغدا دا، بە ڕێککەوتن لەسەر بەرقەراربوونی ئاسایش و دیاریکردنی چوارچێوەی کارگێڕی بۆ کارکردن و ڕۆڵی هەر لایەنێک تێیدا، هەروەها رێگەیەک بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە، بۆ ئەوەی ببێتە خاڵی سەرەتای چارەسەرکردنی کێشەکانی تر.

بەڵام سنووردارکردنی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە 10/10/2020 واژۆ کرا، تەنیا لە نێوان بەرپرسانی بەغدا و هەولێر، و بەبێ ڕەچاوکردنی ڕای هێزەکانی تری ئێزیدییەکان، و بەبێ ڕەچاوکردنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە،  لە نێویاندا بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئەو داواکاری و مەرجانەی کە دەیانسەپێنێت، و بەشداری پێنەکردنی زۆربەی هێزە کاریگەرەکانی تری ناوچەکە لە ڕێککەوتنەکەدا وایکرد کە بە مردوویی لەدایک بێت سەرەڕای پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆی.

سەعید حسێن، نووسەرێکە گرنگی بە بارودۆخی شەنگال دەدات، دەڵێت، “بەرپرسانی هەردوو حکومەتی (هەولێر و بەغدا) بەندەکانی ڕێککەوتنەکەیان دانا، و بۆچوونی ئێزیدییەکان و خەڵکی ناوچەکەیان لە وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە وەرنەگرت. بە تەواوی ڕێککەوتنێکی سیاسی بوو، بۆیە یەک بەندی لێ جێبەجێ نەکراوە.”

دەشڵێت: “ئێزیدییەکانی ئەمڕۆ وەک هی دوێنێ نین، ئێمەش دەزانین لە پشت پەردەوە چی دەگوزەرێت، ئەوەی داعش وێرانی کرد، ناکرێت بە موجامەلەی سیاسی بنیات بنرێتەوە.”

ئەو ڕێککەوتنە کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی دەکرا و وەک ڕزگارکەری دۆخەکە سەیر دەکرا، بوو بە سەرچاوەیەکی نوێی ناکۆکی، بەو پێیەی هێزە ئێزیدییەکان ڕەتیانکردەوە، و هێزەکانی حەشدی شەعبیش پێشوازییان لێ نەکرد، دواجار ناکۆکی و دووبەرەکی لەناو کۆمەڵگەی ئێزیدی خۆیدا دروست کرد.”

زۆرینەی چالاکوانانی مەدەنی ئێزیدی هاوڕان لەسەر ئەوەی کە بێسەروبەری واقعی ئەمنی و سیاسی و ئیداری، هەموو هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی خۆبەخشانەی پەکخستووە، لەبەر ئەو دابەشبوونەی لەسەر ئەولەویەت و داواکارییەکاندا هەیە، و ئەو بێهیواییەی لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکاندا هەیە لە واقیعدا، لەوانەش ئاوەدانکردنەوە و دابەشکردنی قەرەبوو، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، و دەستپێکردنی ئەو پڕۆژانەی کە هەلی کار دەڕەخسێنن، لەگەڵ دادگاییکردنی تاوانبارانی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ئێزیدییەکان.

قوربانیانی کۆیلایەتی

لە نێو ژێرخانێکی وێرانبوودا، و لەگەڵ پەکخستنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و لە ژینگەیەکی ئاڵۆزی ئەمنیدا، ناتوانرێت باس لە “باشکردنی واقیعی ڕزگاربووان و یەکخستنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگەدا بکرێت”، ئەمە قسەی شیرین خێرۆی (26) ساڵانە کە دوای سێ ساڵ لە ڕفاندنی، لە چنگی داعش ڕزگاری بووە.

ئەو ڕزگاربووە کە ئێستا لە شارۆچکەی خانکێی ئێزیدیی دەوروبەری دهۆک دا دەژی، دەڵێت، قوربانیانی ڕفاندن و کۆیلایەتی سێکسی کە تووشی زەبر و زەنگی گەورە بوون، ساڵانێک دوای ڕزگاربوون، هێشتا لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین تەنانەت دوای دەرکردنی یاسای ڕزگاربووانی ژنانی ئێزیدی. ئەو پێی وایە بۆ هەر گروپێک کە تووشی زۆرداری بۆتەوە بۆ ئەوەی چاک بێتەوە، پێویستە ژینگەیەکی تەندروست فەراهەم بکرێت کە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەو کارە، “بەڵام ئەوەی لێرەدا دووچاری ڕزگاربووان بووە، نەهامەتی و بێهیواییە لە دۆزەخی چادر یان کۆچکردندا.”

خێرۆ، کە لە بواری داکۆکیکردندا وەک ئەندامی تۆڕی ژنانی ڕزگاربووانی ئێزیدی کاردەکات، دەڵێت “شەرمەزارییە حکومەت لەم هەلومەرجەدا داوای گەڕانەوەی ئاوارەکان بکات”. ئەو پێی وایە تاکە گۆڕانکارییەک کە ڕوویداوە ئەوەیە کە “ئێمە واقیعی ژیانمان لەگەڵ ئەم ئازارەدا قبوڵ کردووە تا کۆتایی تەمەنمان.”

بۆ ئەو خێزانانەی کە تووشی کوشتن و ڕفاندن بوون، قبوڵکردنی واقیع بەس نییە بۆ چاکبوونەوە، بەو پێیەی تێکچوونی دەروونی بەرۆکی قوربانییەکانی گرتووە، ئەوەش لە ئەنجامی چارەسەرنەکردنی کاریگەرییەکانی ئەو زەبر و زەنگانەیە کە بەریان کەوتوو، هەروەها لە ئەنجامی تەشەنەکردنی هەژاری و بێکاری و سەرگەردانی لە کەمپەکاندا.

نوری سەعید، پسپۆڕی دەروونناس لە زانکۆی دهۆک دەڵێت، ئەوان تێبینی “بەردەوامی نەخۆشییە دەروونییەکان دەکەن لەنێو قوربانییەکاندا، بەتایبەتی نەخۆشی زەبری دەروونی دوای کارەسات، لەگەڵ خەمۆکی، کە کێشەی کۆمەڵایەتی و سۆزداری دروستدەکات، و هەندێکجار دەبێتە هۆی خۆکوشتن”.

سەعید پێی وایە هێشتا کۆمەڵگەی ئێزیدی نەگەیشتووەتە قۆناغی چاکبوونەوە “بە هۆی کەمی خزمەتگوزاری پەیوەست بە لایەنی دەروونی لە ئەنجامی نەبوونی سەنتەری تایبەتمەند و کەمی پسپۆڕ لەم بوارەدا”.

دانپێدانانی نێودەوڵەتی و داهاتوویەکی نادیار

هاوکات لەگەڵ یادی نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدەکە، حکومەتی بەریتانیا ئێزیدییەکانی وەک قوربانی جینۆساید لەسەر دەستی رێکخراوی داعش ناساند. ئەمەش لە بەیاننامەیەکدا هات کە لە 1ی ئابی 2023 لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاوە دەرچووە و بووە پێنجەم وڵات کە دانی بە جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا ناوە، پێش ئەوە وڵاتانی (ئەڵمانیا، ئوسترالیا، بەلجیکا، هۆڵەندا) دانیانپێداناوە.

تاریق ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەیاننامەیەکی جیادا ڕایگەیاند: ئێزیدییەکان نۆ ساڵ لەمەوبەر لەسەر دەستی داعش زیانێکی زۆریان بەرکەوت و تا ئەمڕۆش هەستی پێدەکرێت. ئەوەشی خستەڕوو کە “دادپەروەری و لێپرسینەوە پێویستە بۆ ئەو کەسانەی ژیانیان وێران بووە”، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم دانپێدانانە “مێژووییە”، “پابەندبوونی شانشینی یەکگرتوو بەهێزتر دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە “ئەو قەرەبووە وەردەگرن کە شایەنیانە و دەتوانن دادپەروەری بەدەستبهێنن.”

زینە عەباس (19 ساڵ) “دادپەروەری، دادپەروەری” دەڵێتەوە، دەستەکانی لەسەر سنگی داناوە، خەم بە ڕوخسارییەوە دیارە، و پرسیار دەکات: “زۆر گوێبیستی ئەوە دەبین، بەڵام نازانین کەی جێبەجێ دەکرێت؟”

زینە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا ڕفێندرا، چوار خوشکە گەورەکەی لەگەڵیدا ڕفێندران، سێ کەسیان ئازادکران، تا ئێستاش چارەنووسی یەکێکیان نادیارە.

بە تۆنێکی خەمناکەوە دەڵێت: “سەدان کچی دیکە هەن کە هێشتا لە کەمپەکانی ڕێکخراوەکەدا لە سوریا دەژێن، ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان دەشارنەوە و ئاشکرای ناکەن کە ئێزیدین.. پێویستیان بە یارمەتی هەیە بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن.”

“دایە شامی، ژنێکە لە شەستەکانی تەمەنیدایە، 33 لە منداڵ و نەوەکانی لەلایەن داعشەوە ڕفێندران و 15 یان کوژران، ئەو ئێزیدییەکان بە فەرامۆشکراو وەسف دەکات و دەڵێت “نۆ ساڵ تێپەڕیوە و لە چادردا دەژین، 4 مەتر نایلۆنیان داوە بە هەر خێزانێک بۆ ئەوەی تەمەنی خۆیانیان تێدا بەسەرببەن و نازانین کەی دەسوتێن و دەبنە کفن بۆ ئێمە.”

دوای چەند ڕۆژێک لە قسەکانی، ڕێک لە 10ی ئاب، ئاگر لە چوار چادری کەمپی “کەپرتو” بەربوو لە باشوری دهۆک، ئەم ڕووداوانە دووبارە دەبنەوە، زۆرجار زیانی ماددی گەورەی لێدەکەوێتەوە، هەندێکجاریش ئاوارەکان دەبنە قوربانی، وەک ئەوەی لە مانگی شوباتدا ڕوویدا، کاتێک دوو منداڵی خوار تەمەنی شەش ساڵ مردن، لە کەمپی “چەمشکۆ”ی نزیک شاری زاخۆ.

جەمیل عەلی، دانیشتووی کەمپەکە،  پێدەچوو تووشی شۆک بووبێت لەوەی ئاگرەکە چەندە خێرا چادرەکانی گرتەوە، چونکە خاوەنەکانیان بەزەحمەت توانیویانە گیانی خۆیان دەرباز بکەن.

عەلی، کە تەمەنی پەنجا ساڵە، پێش هێرشی داعش، لە گوندەکەی خۆی لە باشووری شەنگال کاری کشتوکاڵی دەکرد، بەڵام ئێستا هیچ ئومێدێکی نییە بگەڕێتەوە سەر کاری پێشووی، بەهۆی کاولکاری و کەمئاوی.

بە دەنگێکی لەرزۆکەوە کە هەوڵی دەدا منداڵەکانی لە ئاگرەکە نزیک نەبنەوە وتی “ئەمە بارودۆخی ئێمەیە، ئەگەر بگەڕێینەوە شەنگال لە برسێتیدا دەمرین، ئەگەر لێرە بمێنینەوە، ڕەنگە رۆژێک لە ژێر چادرەکاندا بسووتێین.”

  • ئەم راپۆرتە بە پاڵپشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەری بنکۆڵکاری تەواو کرا و لە ماڵپەری دەرەج میدیا بڵاوکرایەوە.

ڕاپۆرتی گێڕانەوە

Reports

ڕاپۆرتی گێڕانەوە","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":22711}" data-page="1" data-max-pages="1">