شیکاری: “دەروێش و سوڵتان”.. پەیوەندی سۆفیگەری بە سیاسەتەوە لە عێراق

“دەروێش و سوڵتان”.. پەیوەندی سۆفیگەری بە سیاسەتەوە لە عێراق

هزری سەلەفیی پەتەکەی لەسەر سۆفیگەری توندتر کردووە، و سۆفییەکانی بێبەشکرد لەو دەستکەوتانەی کە لە ڕێگەی سەدانەی هەندێک مەزارگەی پیاوچاکان بەدەستیاندەهێنا، هەروەها بوونی ڕۆحی شێخەکانیان لە کۆمەڵگادا لاواز کرد. بەڵام گەشتی سۆفییەکان بۆ ناو سیاسەت و “ئاسایش” چۆن دەستیپێکرد و لە کوێ کۆتایی هات؟

مەروان ئەلجبوري/ ئەیلولی 2023:

لە پێنجی مانگی تەمموزی ڕابردوودا، شەقامەکانی شاری ڕەمادی، ناوەندی پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق، پڕبوون لە سەدان خۆپیشاندەری پارێزگاکە و دەرەوەی، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە “گەندەڵی” و بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی محەمەد شەیاع ئەلسودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ بەرەنگاربوونەوەی، بەگوێرەی لێدوانی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، کە هوتافیان دەکێشا و ئاڵای پەیوەست بە تەریقەتی سۆفی کەسنەزانی و سەرکردەکەی، نەهرۆ محەمەد عەبدولکەریم یان بەرزکردەوە.

دیمەنی قەرەباڵغی گردبوونەوەکە قسەی لەسەر ئەو ڕۆڵە هێنایەوە کە تەریقەت و کۆمەڵە سۆفیگەرییەکان بەگشتی و تەریقەتی کەسنەزانی بەتایبەتی، لە ژیانی سیاسی عێراقدا، چەند سەدەیەک دوای سەرهەڵدانیان، و بەردەوامیی دوورەپەرێزی شێخەکانیان لە ژیانی گشتی و کشانەوە بۆ ناو تەکیەکان بۆ پەیڕەوکردنی ئایینداریی سوننەتی، کە هەڵوێستێکی نەرێنی لەبارەی سیاسەت و ئەوانەی بەشداربوون تێیدا گرتەبەر.

سۆفیگەری لە ژیانی سیاسی لە عێراقدا ئامادەییان هەبوو، لەدوای ساڵی 2003 ەوە چڕتر بووەوە، کاتێک گروپەکان لەژێر ئاڵای سۆفیگەریدا دەرکەوتن و لەڕووی سیاسی و سەربازی و ئابوورییەوە هاتنە ناو کایەی گشتی، و کاریگەری کەسانی جیاواز هەبوو لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگا سوننییەکاندا.

لەگەڵ هاتنیان بۆ ناو کاری سیاسی، تۆڕێکی بەرفراوانی پەیوەندیی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی، و بەرژەوەندی ئابووری زەبەلاح سەریان هەڵدا، خوێنێکی تازەیان بەم گڕووپانە دا و هێزی جەماوەرییانی فراوانکرد، ئەمەش جۆرێک لە شەرعیەتی پێبەخشین کە پاڵێوراوبن بۆ ئەوەی ڕۆڵی جیاواز له‌ وڵاته‌كه‌دا بگێڕن.

دامەزرێنەران و سیاسەت

لە سەرەتاوە عێراق لانکەیەکی سەرەکی دروستبوونی سۆفیگەری ئیسلامی بوو، بەتایبەتی لەژێر دەسەڵاتی عەباسییەکاندا و ئەو خۆشگوزەرانییەی کە لەوێ سەریهەڵدا و پەیدابوونی مەیلی ماتریالیستی کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە بێ ئەخلاقیدا داگرتبوو.

سۆفیگەری، لەو سەردەمەدا، هاوارێکی ناڕەزایەتی بوو بەرامبەر بە زیادەڕەوی لە تێوەگلان لە خۆشگوزەرانی و چێژە دونیاییەکان. کتێبە میراتییەکان چەندین وتەی پیاوە یەکەمەکانی سۆفیگەری تێدایە وەک حەسەن ئەلبەسری، مەعروف ئەلکەرخی، سەری ئەلسەقەتی، ئەبوبەکر ئەلشیبلی، جونەید ئەلبەغدادی و ڕابیعەی عەدەویە و ئەوانی تر. کە زەمی “دنیا و خەڵکەکەی” دەکەن، و داوای زاهید بوون و وازهێنان لە بەختەوەرییەکانی هەوەس دەکەن،  و داوا لێخۆش و بە تامەزرۆییەوە سەیری ژیانی دوای مردن دەکات.

دوای داڕمانی عەباسیەکان و پاشهاتەکانی، تەریقەتە سۆفییەکان زیاتر بوون و بە خێرایی گەشەیان کرد، بە تایبەت کە بە رۆژهەڵات و رۆژئاوای جیهانی ئیسلامیدا بڵاوبوونەوە. سەرەڕای سەختی پەیوەندی و گەیاندن لەو سەردەمەدا، هەموو ئەو تەریقەتانە خۆیان دوورگرت لە سیاسەت و کاروباری گشتی، کە ئەمەش لەسەر بنەمای گێڕانەوەی ئایینی و فەرمانەکانی باوکانی دامەزرێنەر بوو، کە لە ڕێگەی کتێبەکانیانەوە یان لە ڕێگەی موریدەکانیانەوە دەگوازرایەوە.

بەڵام لە دوای ئەوە سۆفیگەری دەستی بە گەشەسەندنی “دامەزراوەیی” کرد، و تەریقەتە سۆفیگەرییەکانی پەیوەست بەو کەسانەوە دەرکەوتن کە دواتر بە “ئەقتاب” ناسران، کە شێخە سەرەکییەکانی سۆفیگەرین کە بە “زانست و ئیجتیهاد و کەراماتەکانیان” ناوبانگیان دەرکردبوو.

 دوای ئەو بڵاوبوونەوە بەرفراوانە؛ حاکم و سوڵتانەکان دەستیان کرد بە دیاری باراندن بەسەر سۆفییەکاندا و بەشداریکردن لە بنیاتنان و فراوانکردنی تەکیە و زاویەکانیان (‌مەدرەسە)، وەک جۆرێک لە خۆنزیککردنەوە لێیان، بەهۆی ئەو پێگە جەماوەرییەی کە هەیانبوو، ئەمانەش ئامرازێک بوون بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەت لە نێو جەماوەردا.

هەموو ئەمانە هاوکات بوون لەگەڵ سەرهەڵدانی مەیلی فەلسەفی لای هەندێک لە سۆفییەکان، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن شوێنکەوتوانی تەریقەتەکان پەیڕەوەنەکران، ئەم کاریگەرییانە لە نووسین و شیعرەکانی ئەلحەلاج، ئیبن عەرەبی، ئیبن ئەلفارز و ئیبن سەبعین و ئەوانی تردا بەدی دەکرێت.

“میوەی قەدەخەکراو”

هەرچەندە سۆفیگەری لە سەرەتای مێژووی خۆیدا مەیلی دوورەپەرێزی لە ژیانی سیاسی هەبوو، بەڵام بە قۆناغگەلێکدا تێپەڕی کە تیایدا خەریکی شەڕی چەکداری بوو بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکانیان لە دەستی داگیرکەران، وەک ئەوەی لە جەزائیر لەگەڵ میر عەبدولقادری جەزائیری ڕوویدا، و لە داغستانیش لەسەر دەستی شێخ شامل داغستانی، و هەندێک ناوچەی ئەفریقا و ئاسیا.

سیاسەت، لە دۆخێکی وا دا، لە نێو زۆربەی سۆفییەکاندا، وەکو “میوەیەکی قەدەخەکراو” بوو، وتەکانی وەک “بەندەکانی ئەوە دەکەن ئەوەی ویستی ئەوی لەسەرە” و “موڵک بۆ خاوەنەکەی بەجێبهێڵە” لە نێویاندا بەربڵاو بوو، ئەم مەیلانە لە لایەن فوقەهاکانەوە بە شێوەیەکی گشتی بە “نەرێنی” وەسف دەکرا، بە پاساوی ئەوەی کە ئەمە وازهێنانە لە بەگژداچوونەوەی “باتڵ و شکستپێهێنانی” و لە “فەرمانکردن بە چاکە و نەهیکردن لە خراپە.”

سەرەڕای ئەمەش، کەسایەتییە دیارەکانی سۆفیگەری ڕۆڵی ڕیفۆرمخوازی جەماوەرییان بینی، وەک شێخ عەبدولقادری گەیلانی کە بە یەکێک لە کەسایەتییە دیار و گرنگەکانی سۆفیگەری دادەنرێت و پەیڕەوی لە عەقیدەی ئیمام ئەحمەدی کوڕی حەنبەل دەکرد کە سەر بە قوتابخانەی هاوەڵانی فەرمودە (ئەهلی حەدیس) بوو کە بە پەیڕەوکەری نەریتەکان ناسرابوو، سەرەڕای پەیوەستبوونی سۆفیگەری بە مەیلی “تەئویلی” لە سەردەمانی دواتردا.

شێخ عەبدولقادر حەنبەلی بوو، هەرچەندە زۆرێک لە شوێنکەوتووانی لە ڕێبازی بیروباوەڕ و ڕەفتارەکانی ئەو لایاندا، بەڵام گەیلانی لە کۆتایی سەردەمی عەباسیدا وەک کاریگەرترین کەسایەتی شەقامی بەغدا مایەوە، بۆیە لە کاتی وەفاتیدا ساڵی 561ی کۆچی هەموو بەغدا هاتنە دەرەوە بۆ ناشتنی.

دوای ئەوە سۆفیگەری لە عێراقدا بە قەتیسی مایەوە، بەو پێیەی سۆفیەکان گەڕانەوە نێو بازنەی خۆیان، تا ئەو کاتەی “حەملەی ئیمانی” لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەستیپێکرد، کاتێک بیروباوەڕی بەعس و سەرکردەکانی لە عەلمانیەوە گۆڕا بۆ بیروباوەڕی ئیسلامی.

دەستکەوتەکانی “حەملەی ئیمانی”

عیزەت ئەلدووری، جێگری سەرۆک  کۆمار سەدام حوسێن لەو دەیە پڕ لە ڕووداو و گۆڕانکاری چڕ و پڕەدا، تەریقەتی کەسنەزانی گرتەبەر و پشتیوانییەکی زۆری لێکرد، ئەمەش لەسەر حیسابی گروپە ئایینیەکانی تر بوو، بە سۆفی و ئەوانی ترەوە.

لە ناخۆشترین ڕۆژەکانی گەمارۆدانی عێراقدا، تەریقەتی کەسنەزانی بە درێژایی ڕۆژ خوان و خواردنی بۆ موریدەکانیان دابین دەکرد، لە کاتێکدا ئەندامانی ئەو تەریقەتە ناکۆکیەکانیان لەگەڵ نەیارە سەلەفییەکانیان بە نووسینی ڕاپۆرت یەکلایی دەکردەوە کە تۆمەتباریان دەکردن بە پەیڕەوکردنی “بیری وەهابی”. تۆمەتێک کە دەیان کەسی  خستە زیندانەوە، ئەمە سەرەڕای تۆمەتەکانی نزیکییان لە عەرەبستانی سعودی، لەبەر ڕکابەرییەکەی لەگەڵ وڵاتە دراوسێکە.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕژێمی بەعس بۆیانی فەراهەم کردبوو، هەندێک لە ئەندامەکانیان لە ڕۆژانی یەکەمی داگیرکردندا پەیوەندییان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکادا هەبوو و دەزگاکانی ڕژێمی پێشوو لە کاتی شەڕدا هەندێک لە ئەندامانی تەریقەتەکەی لەناوبرد.

لەگەڵ ئەو هەژانەی کە دوای لەشکرکێشی ئەمریکا تووشی کۆمەڵگای عێراقی بوو، تەریقەتە سۆفیگەرییەکان دەستیان کرد بە دووبارە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانیان، بۆ ئەوەی ڕۆڵی جیاواز لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا بگێڕن.

ئالنگاری گەورەی بەردەم ئەم تەریقەتانە، کزبوونی باوەڕی بە سۆفیگەری و دابەزینی کاریگەری بوو، بە تایبەت لە نێو گەنجاندا. لە بەرامبەردا ڕەوتە سەلەفییەکان بە هەموو مەدرەسەکانییەوە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی. بۆیە ئەم ڕەوتە و چەکدارەکانی دەستیانکرد بە بەرەنگاربوونەوەی سۆفیگەری لە شوێنە تەقلیدییەکانی خۆیان، وەک بەغدا و فەلوجە و حەویجە و دیالە.

هزری سەلەفی تەنگی بە سۆفیگەری هەڵچنی، و بێبەشیان کردن لەو دەستکەوتانەی کە لە ڕێگەی سەدانەی هەندێک مەزاری پیاوچاکان بەدەستیان دەهێنان، هەروەها بوونی مەعنەوی شێخەکانیان لە کۆمەڵگادا لاوازکرد، بەمەش زۆرێک لە سەرچاوەی هێز و کاریگەرییان لێ سەندرایەوە، و لە زۆر شوێندا بوونە بابەتی “گاڵتەجاڕی” و تۆمەتبارکردن.

پیاوانی چەکدار و دەروێش

دیارترین دەرکەوتنی سۆفیگەری لە دوای ساڵی 2003 لە ڕێگەی “تەریقەتی نەقشبەندی” بوو، کە بەپێی لێدوانە فەرمییەکانی سوپای عێراق، نوێنەرایەتی گرنگترین باڵی چەکداری حزبی بەعس دەکرد، و بە توندی بەرگریان لە “شەرعییەتی ڕژێمی پێشوو” دەکرد، و دوژمنایەتی بۆ دەسەڵاتی نوێی ڕاگەیاند کە “دروستکراوی داگیرکارە.”

نەقشبەندییەکان خۆیان وەک بەرگریکار لە ناسنامەی عەرەبی- ئیسلامیی عێراق نیشان دا، هەروەها سیستەمی پشک پشکێنەی تائیفییان ڕەتکردەوە، بەپێی بڵاوکراوە و پلاتفۆرمە فەرمییەکانیان.

چالاکیی ئەم گڕووپە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەلاحەددین و دیالە و نەینەوا و کەرکوک چڕبووەوە و توانی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەفسەرانی پێشووی سوپا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، و سوود لە ئەزموونیان وەربگرن و هەندێک لەو چەکە سادانەی کە هەیانبوو پەرەپێبدات و ڕیزەکانی چەکدارەکان بە شێوەیەکی هەماهەنگتر و ڕێکخراوتر ڕێکبخاتەوە.

وتاری چەکداریی تەریقەتی نەقشبەندی بە شێوەیەکی سەرەکی ئاراستەی ئەمریکییەکان بوو، ئەوان بە ئاشکرا بیرۆکەی پێکدادان لەگەڵ سوپای نوێیان ڕانەگەیاند، بەڵام دواتر شتەکە پەرەی سەند بۆ شەڕکردن لەگەڵ سوپا و پۆلیسی فیدراڵی، ئەمەش زیانێکی گەورەی لێدان.

بەڵام توندترین گورز کە لەم گروپە درابێت لەسەر دەستی ڕێکخراوی “داعش” بوو، کە بە کوفر و هەڵگەڕانەوە و کارکردن بۆ ‌حکومەت تۆمەتباری کردن، و کاری کرد لەسەر ڕاوەدوونانی ئەندامەکانیان دوای کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە حوزەیرانی 2014، و دەیان کەسیانی لێ کوشت، ئەمەش وای لێکردن کە لە ژیانی گشتی بکشێنەوە و بێدەنگ بن تا ئەو کاتەی شارەکە لە دەستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە ڕزگار دەکرێت.

بە پێچەوانەی نەقشبەندییەکان کە نوقم بوون لە کاروباری گشتی و چەکدا، تەریقەتی “ڕیفاعی” بە قووڵی لە ژیانی گشتی دابڕاوە، و زیاتر کار لەسەر رێورەسم دەکات؛ ڕەنگە ئەمەش لەژێر کاریگەری دەوروبەرە شیعییەکەیدا بێت، زۆرترین قورسایی لە ناوچە تێکەڵاوەکانی بەغدا و باشووردا دەبینرێت، و مەزارگەی دامەزرێنەرەکەی دەکەوێتە قەزایەک کە ناوی ئەوی لەسەرە لە پارێزگای میسان (402 کم لە باشووری بەغداوە).

ڕێبازی ڕیفاعی بە هەندێک ڕێوڕەسمی سەیر بەناوبانگ بوو، وەک لێدان بە شمشێر و “شیش”، خواردنی شووشە، و ڕۆیشتن لەسەر خەڵوزی گەش، وەک ڕێگەیەک بۆ سەلماندنی “کەرامات” ی ئەوانەی پەیوەستن پێیەوە.

بەشێوەیەکی گشتی، تەریقەتی ڕیفاعی لەناو بازنەی سوننەکان دا جێی بایەخ نەماوە، لەگەڵ زیادبوونی ڕەوتی سەلەفییەکان و گەڕانەوەی دەروێشەکانیان بۆ ڕێوڕەسم و ویردەکانیان، لە کاتێکدا گۆڕەکەی ڕیفاعی بۆتە مەزارگەیەک کە زۆرێک لە شوێنکەوتوانی سۆفیگەری لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق سەردانی دەکەن.

هاوپەیمانی لایەنی سەرکەوتوو

لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە پارێزگا سوننەکان لەدوای شکستی “داعش” ڕوویاندا، چەندین گروپی ئایینی و سیاسی سەریان هەڵدا، لەنێویاندا “ئەنجومەنی زانایانی ئەلڕیبات ئەلموحەمەدی”، کە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هەبوو، ئەمە وایکرد ئەندامەکانیان چەندین پۆستیان لە حەشد و لیژنە حکومییەکانی “بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی”دا هەبێت.

ئەمڕۆش چالاکییەکانی ئەنجومەنەکە لە موسڵەوە تا بەسرە درێژدەبێتەوە، لەوێدا هەوڵدەدات – وەک  زۆرێک دەڵێن – زۆرترین ژمارەی مزگەوتەکان کۆنترۆڵ بکات، و بۆ بەرژەوەندی گوتارەکەی بیانقۆزێتەوە، کە دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ بیری سەلەفی و “وەهابیەت” ڕادەگەیەنێت.

ئەنجومەنەکە، بەدرێژایی چەند ساڵێک، ئامادەیی هەبوو لە هەندێک دامەزراوەی حکومی لە ئەنبار و نەینەوا و بەسرە، بەڵام دامەزراندن یان پشتیوانی لە هیچ ئۆرگانێکی ڕێکخراوەیی بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتدا ڕانەگەیاند، سەرەڕای هاوپەیمانییە درێژخایەنەکانی لەگەڵ لایەنە حکومی و ناحکومییەکان لە چەندین پارێزگادا.

جگە لەم ئەنجومەنە، گروپی بچووک و پەرشوبڵاوی سۆفیگەری سەریان هەڵدا، بەڵام لە گۆڕەپانەکەدا کاریگەر و چالاک نین، و پشتیوانییەکی جەماوەری زۆریان نییە، تەنها ئەو حاڵەتە نەبێت کە دەتوانرێت بە “ناوازە” وەسف بکرێت بۆ تەریقەتی کەسنەزانی، کە بە هێواشی و بە شێوەیەکی ئاسۆیی و ستونی لەناو هەرێمی کوردستاندا فراوان دەبێت – کە ڕێبەرە ڕۆحییەکەی تێیدا نیشتەجێیە – و هەروەها لە دەرەوەیش.

سەرەڕای هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کە ڕوویاندا، ئەم تەریقەتە لە گۆڕەپانی عێراقیدا دوورنەکەوتۆتەوە، و چەندین ڕۆڵی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە دوای ساڵی 2003 بینیوە، بەڵام هێشتا بەربەستی زۆری لەبەردەمدایە، دیارترینیان ئەو نائارامییەیە کە لەناو بازنەکانی ئایینی سوننەدا بە گشتی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، و قسەکردن لەسەر ئەو پەیوەندییە ناڕوونەی کە لەگەڵ ڕژێمی ئێران و ئەمریکا لە هەمان کاتدا هەیانە.

سۆفیگەری سیاسی

ڕۆژی 4ی تەمووزی 2020، ڕێبەری ڕۆحی تەریقەتی کەسنەزانی، شێخ محمد عەبدولکەریم، لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد، کە لەوێ چارەسەری وەردەگرت. نەهرۆی کوڕی کە پێشتر لە ساڵانی دوای 2003 دا هەندێک ڕۆڵی سیاسی و ئایینی بینیبوو، پێگەی جێبەجێکردن و ڕۆحی خۆی لە باوکی بە میرات وەرگرتووە.

نەهرۆ محمد عەبدولکەریم خاوەنی کۆمەڵێک بڕوانامەی ناوەوە و دەرەوەی عێراقە، وەک لە ژیاننامەکەیدا کە لەسەر پلاتفۆرمەکانی سەر بە تەریقەتەکە بڵاوکراوەتەوە، بە ژیاننامەی مشتومڕاوی و پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی و هەوڵدانەکەی ناسرابوو بۆ “نوێکردنەوەی” تەریقەتەکە، وفراوانکردنی بازنەی ئەندامەکانی و پێشکەشکردنی بە شێوەیەکی سەردەمانە و مۆدێرنتر لەوەی پێشتر.

کەسنەزانییەکان دەڵێن دژایەتی ڕژێمی پێشوویان کردووە. لە ساڵی 1991 ئەوەی ناویان لێنابوو “گردبوونەوەی یەکێتی نیشتمانی”یان دامەزراند، کە لە دوای ساڵی 2003 بە ئاشکرا سەریهەڵدا و ڕۆژنامەی ناسراوی “مەشرەق”یان دەرکرد، پاشان کەناڵی ئاسمانی مەشرەق، کە دواتر بە هۆکاری دارایی داخرا، وەک لەو کاتەدا دەگوترا.

هەروەها بنەماڵەی کەسنەزانی کۆمەڵێک ڕێکخراو و ناوەندیان دامەزراند، هەروەها کۆلێژێکیان بە ناوی “کۆلێژی زانکۆیی ئەلسەلام” لە بەغدا دامەزراند، کە دواتر بوو بە یەکێک لە ناوەندەکانی دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییەکانیان.

سەرەڕای ئەو پەیوەندییە نزیکەی لەگەڵ عیزەت ئەلدووری هەیانبوو و گرتنەبەری  ئەلدووری بۆ تەریقەتەکەیان و پاڵپشتیکردنی لەسەر حیسابی کەسانی دیکە، پەیڕەوانی تەریقەتەکە هەوڵدەدەن خۆیان دووربگرن لە ڕژێمەکەی سەدام حوسێن و تۆمەتباری دەکەن بە چەوساندنەوەیان و دەستگیرکردنی هەندێک لە کەسایەتییەکانیان.

هەندێک ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ڕۆژئاواییەکان باس لەوە دەکەن کە بنەماڵەی نەهرۆ خاوەنی بەرژەوەندی ئابووریی گەورەن لە ئەمریکا و ئەوروپا، و کۆمپانیای ئەمنی و بازرگانی و نەوتییان هەیە، کە ئەو بنەماڵەیە لە ڕێگەی مێژوویەکی دوور و درێژی پەیوەندییەکانیانەوە کە لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات و کاریگەر لە واشنتۆن و لەندەن بەدەستییان هێناوە.

ئەمەش بە ڕوونی لە سەردانەکەی نەهرۆ بۆ ئەمریکا لە ساڵی 2018 دا دەرکەوت، و بەسەربردنی 26 ڕۆژ لە “هۆتێل تڕامپ” کە سەر بە گروپی کۆمپانیاکانی دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە، بە پێی ڕاپۆرتی رۆژنامەی “واشنتۆن پۆست.”

ڕۆژنامەکە هەروەها پشتڕاستی کردووەتەوە کە نەهرۆ لە مانگی تەمووزی 2018 نامەیەکی بۆ جۆن بۆڵتنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی و مایک پۆمپێیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناردووە و پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ لاوازکردنی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران و نەهێشتنی نفوزی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا دووپاتکردۆتەوە.

ڕێککەوتن و تۆمەتەکان

کەسنەزانییەکان دروشمی جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت بەرز دەکەنەوە و لە ڕۆژی یەکەمەوە لە پڕۆسەی نوێی سیاسیدا ئامادەبوون، بەڵام بەشێک نەبوون لە ڕێککەوتنە کاریگەرەکان؛ بەهۆی لاوازی کاریگەری جەماوەرییان، و بێتوانایی ئەوان لە بەدەستهێنانی کورسی بەرچاو لە پەرلەمان.

بەڵام سەرەڕای ئەمەش، لە چوارچێوەی هەندێک ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ هێزە کاریگەرەکانی شیعە، لە ساڵی 2014 پشکی خۆیان لە حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی بەدەست هێنا، لە ڕێگەی مەڵاس محەمەد عەبدولکەریم کەسنەزانی برای نەهرۆ و یەکێک لە سەرکردەکانی حزبەکەی، وەزارەتی بازرگانی لەسەر پشکی هاوپەیمانی کوردستانی وەرگرت.

ماوەیەکی زۆری نەخایاند وەزیرە نوێیەکە بە تۆمەتی گەندەڵی سزا درا و لە ساڵی 2015 لە کارەکەی دوورخرایەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ دوو بەرپرسی وەزارەتەکەیدا بە تۆمەتی بردنی 14.3 ملیۆن دۆلار تۆمەتبار کران، بەڵام دەستی حکومەت و دادگای پێنەگەیشت.

پێشتریش مەڵاس بە دۆسیەی تر تۆمەتبار کرابوو، ئەمەش وایکرد ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە 27ی شوباتی 2014 نوسراوێک دەربکات و تێیدا کاندیدبوونی ئەوی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق قەدەغەکرد، چونکە پێشتر بەپێی بڕگەکانی مادەی (289) لە قانونی سزاکان، سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەهۆی ساختەکردنی بەڵگەنامەی فەرمی.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 دا، کاندیدەکەیان غاندی کەسنەزانی، کە هاوپەیمانی “هاوپەیمانی تەقەدوم” بوو – کە هاوکات برای نەهرۆیە- توانی سەرکەوتن لە قەزای 12ی بەغدا بەدەست بهێنێت کە ژمارەیەک ناوچەی کەرخ لەخۆدەگرێت، لەوانە ئەلمەنسور، یەرموک، حەی ئەلجامیعە ، قادسیە، خەزرا و عامریە.

بەڵام ئاماژەیەک هەیە کە پەیوەندی نێوان ئەو دوو لایەنە گرژی تێکەوتووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرکردایەتی تەریقەتەکە چووە پاڵ نەیارانی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان.

لە شتێکدا کە پێدەچێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی یان یاریکردن بێت لەسەر پەتەکان لە نێوان واشنتۆن و تاران، مەشیەخەی کەسنەزای لە سلێمانی پەیوەندییەکی نزیکی هەیە لەگەڵ ڕژێمی ئێراندا، بوونی سەدان هەزار موریدی ئەو تەریقەتە لەودیوی سنور، لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، ئەم پەیوەندییەی بە‌هێزتر کردووە.

لە هەموو بۆنەیەکی ئاینی پەیوەست بەم تەریقەتە، بنکە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران پێشوازی دەکەن لە هەزاران موریدی قژ درێژ، کە جلوبەرگی نەریتییان لەبەرە. ئەوان ئارەزووی ئەوە دەکەن لە ناو خاکی ئێرانەوە بێنە بارەگای تەکیە لە سلێمانی، بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی تەریقەتەکە و بۆ ئەوەی بە دیداری شێخەکەیان بەرەکەتدار بن.

داهاتووی نادیار

ڕەنگە پرۆسەی کێشانی نەخشەی هێزە سۆفییەکان و قەبارە و قورسایی ئەوان لە عێراقی ئەمڕۆدا شتێکی ئاسان نەبێت، بەو پێیەی مەسەلەکە بەهۆی ئاڵۆزی زۆر و هەندێک وردەکاری کە شاراوەن، و کە ناتوانرێت بە ڕوونی بپێورێت.

بەڵام بە خوێندنەوەی مێژووی هاوچەرخی عێراق، و بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی ئەم چەند دەیەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک دەرئەنجامی لێدەکەوێتەوە، کە گرنگترینیان کزبوونی سۆفیگەرییە بە گشتی لە ناوچە سوننەنشینەکان، هەروەها کەمبوونی ئامادەیی  و کاریگەریی سۆفیگەرییەتی، لە بەرامبەردا سەرهەڵدانی هەندێک بزووتنەوەی ئاینییەکانی دیکە کە دینامیکیتر و کاریگەرترن.

ئەم زیانە یەک لە دوای یەکانە وای لە هەندێک تەریقەتی سۆفیگەری کرد هەوڵی قەرەبووکردنەوەیان بدەن لە ڕێگەی هاوپەیمانیکردن لەگەڵ هێزە کاریگەرەکان و ڕۆڵی گرنگ لە پرۆسەی سیاسیدا بگێڕن، سەرەڕای دروشمی دوورکەوتنەوە لە سیاسەت و دوورەپەرێزی لێی.

لایەنە شیعەکان کە کاریگەرییان لە گۆڕەپانەکە هەیە، هەوڵیانداوە هەناسەیەک بدەن بە جەستەی گروپە سۆفییەکان لە ناوچە ئازادکراوەکان، ئەویش بە هاوکاریکردنیان لە ڕووی داراییەوە و پاڵپشتیکردنیان لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە، بۆ ئەوەی ببنە بەدیلێک بۆ ئەو گروپە سەلەفییانەی کە هەڵوێستی توند بەرامبەر شیعەگەری دەگرنە بەر، بەڵام ئەم هەوڵانە هێشتا نەبووەتە هۆی دروستبوونی بزووتنەوەی جەماوەری لەو ناوچانە کە کاریگەریی لە ناو خەڵكدا هەبێ.

بەشێوەیەکی گشتی ناکرێت گروپە سۆفیگەرییەکان لە یەک سەبەتەدا دابنرێن، یان بە یەک پێوەر پێوانە بکرێن، بەو پێیەی جیاوازییە فیکری و میتۆدۆلۆژییەکانی نێوانیان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕوونە و لەوانەیە ڕووداوگەلێک هەندێکیان جارێکی تر بگەڕێننەوە گۆڕەپانەکە، لەبەر ئەو ئاییندارییە “نەرمە”ی پێشکەشی دەکەن و هەڵوێستە ناتوندەکانیان بەرامبەر بەو کەسانەی لە ڕووی ئایینەوە جیاوازن، و هەروەها خۆبەدوورگرتنیان لە سیاسەت و کاروبارەکانی.

به ڵام هەموو ئەمانه تەنها وەک ئەگەر دەمێننەو و هیچ شتێک له واقیعدا پاڵپشتیان ناکات، به تایبەت که دامودەزگا ئایینیه سوننییەکان له عێراق چیتر متمانەیان بەم تەریقەتانە نەماوە و هاوکارییان ناکات، و هەوڵ نادات کۆنتڕۆڵیان بکات. دوای ئەو ئەزموونانەی کە ئەوەندە بەرهەمدار نەبوون ئەو متمانە و پشتگیرییەی پێببەخشن، وەک ئەوەی نەیارەکانیان بۆی دەچن.

* بابەتەکە بە پاڵپشتی و سەرپەرشتی تۆڕی عێراقی بۆ ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە لە ماڵپەڕی جەمار بڵاوکراوەتەوە

شیکاری

Analysis

شیکاری","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":22736}" data-page="1" data-max-pages="1">