ڕاپۆرتی گێڕانەوە: موەلیدە و بەنزینی خراپ؛ مەترسی و هەڕەشەن بۆ سەر تەندروستی گشتیی

موەلیدە و بەنزینی خراپ؛ مەترسی و هەڕەشەن بۆ سەر تەندروستی گشتیی

رۆز سەڵاح/ ديسمبر 2023:
بەگوێرەی ئەو ئامارەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم دراوە بۆ ئامادەکاری ئەم راپۆرتە، تەنھا لە ساڵی 2020دا سەروی 50 ھەزار ئۆتۆمبێل ھێنراونەتەوە ھەرێمی کوردستان و زیاتر لەنیوەی ئەو ژمارەیە لە سلێمانی تۆمارکراوە، هەر لە هەمان ساڵدا نزیکە 2900 روداوی هاتوچۆ تۆمارکراون زیاتر لە 430 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، 171 کەسیان لە سلێمانی بوە.
ئەو ئامارە کە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەیخاتەڕو، بەشێکی کەم و لەبەرچاوی زیانەکانی زۆربونی ئۆتۆمبێل لەشارەکانی هەرێمی کوردستاندا پیشان دەدات، ئەگەر کەمێک بگەڕێینە دواوەو تێبینی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بۆ زیادبونی ئۆتۆمبێل لە کوردستاندا بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردودا، زیاتر لە 2 ملیۆن و 150 هەزار ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمارکراون،  نزیکەی 700 هەزار لەو ژمارەیەک تەنها لە پارێزگای سلێمانیدا بوە.

دیوە شاراوەکەی کاریگەریی زۆربونی ئۆتۆمبێل

ئەم راپۆرتە، دیوە شاراوەکەی زۆربونی ئۆتۆمبێل و سوتاندنی بەنزین لە پارێزگای سلێمانی دەخاتەڕو، ئەویش پیسکردنی هەوایە کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەتەندروستی گشتی و تەشەنەکردنی نەخۆشیی جۆراوجۆرەوە، لەناویاندا نەخۆشی شێرپەنجە، بەدواداچون و ئاماری زانستیی دەریدەخەن کە سوتاندنی بەنزین یەکێکە لە فاکتەرەکانی تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە.

 زیاتر 14 هەزار و 600 هاوڵاتی توشبوی نەخۆشییه‌کە لەژێر چارەسەری پزیشکیدان

بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا بۆ شێرپەنجەو نەخۆشییەکانی خوێن لە سلێمانی کە ئامارە لەلایەن د. محەمەد بەرپرسی بەشی ئامار دراوە بۆ ئەم راپۆرتە دەڵێت، لەحاڵی حازردا زیاتر 14 هەزار و 600 هاوڵاتی توشبوی نەخۆشییه‌کە لەژێر چارەسەری پزیشکیدان، هەر بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا، تەنها ساڵی 2022 لە شاری سلێمانی زیاتر 3 هەزار و 300 توشبوی شێرپەنجە تۆمارکراون.
فایەق محەمەد کە تەمەنی لەنێوان 45 بۆ 50 ساڵان بو، یەکێکە لەو کەسانەی توشی شێڕپەنجەی سییەکان بوەو شەوانە تا بەیانی لە تاو ئازاری نەخۆشییەکەی خەوی لێناکەویت، ئه‌و سەرەتای توشبونی نەخۆشییەکەی بۆ دو مانگ پێش ئێستا دەگەڕێتەوەو بەجۆرێک بوە سەرەتا توشی پەتایەک بوە دوای ئەوەی چەند جارێک بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نۆرینگەی پزیشکی کردوە، بەڵام ئازارەکەی خراپتر بوە و کۆکەو هەناسە توندییەکەی زیاتر بوە، دواجار ناچاربێت پەنا بباتە بەر پزیشکی تایبەت بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی.

ئەو، بێئاگا بوە لەوەی توشی پەتایەك بوە سەرەتایە بۆ توشبون بە نەخۆشییەک کە رەنگە کۆتایی بە ژیانی بهێنێت

ئەو، بێئاگا بوە لەوەی توشی پەتایەك بوە سەرەتایە بۆ توشبون بە نەخۆشییەک کە رەنگە کۆتایی بە ژیانی بهێنێت، هاوسەری فایەق کە لە نەخۆشخانە لەگەڵیدا بوە دەڵێت، دوای ئەوەی رۆژ بە رۆژ دۆخی فایەق خراپتر بوە بۆ زانینی هۆکاری توندیی کۆکەکەی چەند پشکنینێکمان بۆی ئەنجامداو دەرکەوت گرێیەک لەسەر سییەکانی دروستبوە، فایەق تا ئەو کاتەی لە نەخۆشخانەی ئەڵمانی بۆ کۆئەندامی هەناسە خەوێنرابوو نەیزانیبوە کە توشی شێرپەنجە بوە.
چیرۆکی توشبونی فایەق بە شێرپەنجە هاوشیوەی هەزاران کەسی دیکەی کۆمەڵگەی کوردییە کە توشبوی شێرپەنجەن و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن و بەدەست ئازاریی نەخۆشییەکەیانەوە دەناڵێنن.

ساڵ بە ساڵ ژمارەی توشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە بە رێژەیەکی زیاتر لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمار دەکرێت

ساڵ بە ساڵ ژمارەی توشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە بە رێژەیەکی زیاتر لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمار دەکرێت، بەرپرسانی نەخۆشخانەکەش هۆشداری دەدەن لەوەی کە ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بێت، رەنگە چەند ساڵێکی دیکە وای لێبێت ماڵ نییە نەخۆشییەکی وای تێدا نەبێت.
د. سەروەر محەمەد، پزیشکی پسپۆڕی گشتی پیسبونی هەوا بە هۆکاری سەرەکی نەخۆشی شێرپەنجە دادەنێت لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت، “بێگومان سوتاندنی زۆری بەنزین لە دەرەنجامی زۆربونی ژمارەی ئۆتۆمبێل وبەکارهێنانی لە کوردستاندا، هەروەها سوتاندنی گاز بۆ ژمارەیەکی زۆری موەلیدە ئەهلییەکان هۆکارێکی سەرەکی توشبونن بە نەخۆشییەکان”.

 زۆربەی جۆرەکانی پیسبونی هەوا تێکەڵەیەک لە چەندین مادەی زیانبەخشن

بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی شێرپەنجەی کەنەدا، زۆربەی جۆرەکانی پیسبونی هەوا تێکەڵەیەک لە چەندین مادەی زیانبەخشن، لەوانە گەردیلە بچوکەکانی ناو هەوا، ئۆکسیدی گۆگرد، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆکسیدی نایترۆجین، پێکهاتەی ئۆرگانیکیی فڕیو، بەنزین و هایدرۆکاربۆنە بۆنخۆشەکان کە زەنجیرەی پێکەوەگرێدراون.
ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لەسەر شێرپەنجە بە پشتبەستن بە پەیوەندییان لەگەڵ شێرپەنجە جۆرەکانی پیسکەری هەوا پۆلێن دەکات، لەوانە غازی دەرچوی ئەکسۆزی ئۆتۆمبێل وەک ئەگەری شێرپەنجەیی پۆلێن دەکرێت، هەروەها گازەکانی ڕادۆن و ئەکسۆزی بزوێنەری دیزڵ و پیسبوونی هەوای دەرەوە وەک مادەی شێرپەنجەیی ناسراو پۆلێن دەکرێن، ئاژانسەکە بەشە جیاجیاو تاکەکانی پیسبونی هەواش وەک مادەی شێرپەنجەیی ناسراو پۆلێن کردوە کە بریتین لە کەرەستەی گەردیلەیی، هەندێک پێکهاتەی ئۆرگانیکی سووک لە فڕین و بڵاوبونەوەی وەک بەنزین و هەندێک هایدرۆکاربۆنی بۆنخۆشی زنجیرەیی وەک (بێنزۆ پورین) کە پێکهاتەیەکی کیمیایی ئۆرگانیکییە لە ئەتۆمی کاربۆن و هایدرۆجین.

کوالێتی بەنزین لە کوردستان

خراپی کوالێتی بەنزین هۆکاری سەرەکییە بۆ پیسبونی ژینگە بە جۆرێك پەرلەمانتاری پێشوو عەلی حەمە ساڵح کە لە خولی پێنجەمی پەڕلەمانی کوردستاندا سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان بوە، دەڵێت، “کێشەی گەورەی خراپی کوالێتی بەنزین لەو پاڵاوگانەوە سەرچاوە دەگرێت کە نا فەرمین و هیچ چاودێرییەکیان لەسەر نییە، ئەوانیش نەفتاو و کۆمەڵێك ماددەی دیکە تێکەڵ دەکەن کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگە دروستدەکات”.
عەلی حەمەساڵح باسی ئەوە دەکات لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 180 پاڵاوگەی نافەرمی هەن و لە بەرامبەریدا تەنها 6 بۆ 10 پاڵاوگەی فەرمی هەن لە ژێر چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستاندان، بەوپێیەی پاڵاوگە فەرمییەکان لەتوانایاندا نییە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕبکەنەوە، چونکە هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە زیاتر لە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، تەنها بۆ ناوخۆی سلێمانی رۆژانە 2 ملیۆن و نیو تاوەکو 3 ملیۆن لیتر بەنزین بەکاردێت و دوکەڵی بانزینەکە تێکەڵ بە هەوا و ژینگە دەبێت.

ئەو ئامێرانەی لە کوردستان بۆ پشکنینی کوالێتی بەنزین کاریان پێدەکرێت کوالێتییان خراپە

سەبارەت بە پشکنینی کواڵێتی بەنزین، کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (ئەنجومەنەکە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هەڵوەشاوەتەوە) باس لەوە دەکات، کە “ئەو ئامێرانەی لە کوردستان بۆ پشکنینی کوالێتی بەنزین کاریان پێدەکرێت کوالێتییان خراپە و لەتوانایاندا نییە رێژەی ماددەکانی گۆگرد و رەساس دیاریبکەن”. ئاشکراشی دەکات کە “لە ناوچەی تانجەرۆی سلیمانی بازرگانەکان نەفتاو و چەند ماددەیەکی دیکە لەناو چەند حەوزێکدا تێکەڵدەکەن و لە بەنزیخانەکاندا بەناوی بەنزینەوە دەیفرۆشن”.
جگە لە خراپیی کوالێتی ئەو بەنزین و گازەی کە ئۆتۆمبێلەکان رۆژانە دەناسوتێنن، فاکتەرێکی تری پیسبونی هەوای شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ژمارەیەکەی زۆری موەلیدەی کارەبا .

قوڕقۆشمی بکوژ

بەگوێرەی بەدواداچونەکانی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە کوردستان کە ساڵی 2020 لەلایەن ژمارەیەک لە پزیشک و کارمەندی تەندروستی و تەندروستکار و چالاکوانی تەندروستییەوە دامەزراوە، دەستکاریکردنی ئۆکتانی بەنزین وزیانە تەندروستییەکانی لە چەند ساڵی رابردودا رێژەی قورقوشمی لە هەوای کوردستاندا بە رێژەیەکی ترسناک زیادیکردوە،  تۆڕەکە هۆکاری ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی قورقوشم لە بەرهەمهێنانی بەنزیندا لە کاتێکدا لەسەر ئاستی هەمو جیهان قەدەغەکراوە، جگە لە سوتاندنی بەنزین، هۆکارێکی تری بڵاوبونەوەی قوڕقۆشم لە هەوادا، دەگەڕێتەوە بۆ زیادبونی دیاردەی لەناوبردنی پاتری بەکارهاتوی ئۆتۆمبیلەوە کە دوای تەواوبونی تەمەنیان بە شێوەیەکی نازانستی فرێدەدرێن.

زیادبونی قوڕقوشم حاڵەتەکانی کەم خوێنی و دابەزینی توانای عەقڵی منداڵان و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاد دەکات

دەربارەی زیانە تەندروستییەکانی قورقوشم دەڵێت “زیادبونی قوڕقوشم حاڵەتەکانی کەم خوێنی و دابەزینی توانای عەقڵی منداڵان و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاد دەکات، چونکە ماددەیەکی کیمیایی قورسەو لە زۆربەی ماددەکانی باوەکانی تر چڕترە”، قوڕقۆشم نەرم و کوتۆکە، پلەی گەرمی توانەوەی نزمە، کاتێک بە تازەیی لەت دەکرێت ڕەنگێکی زیوی کەمێک شینی هەیە، کاتێک بەر هەوا دەکەوێت رەنگی دەگۆڕێت بۆ خۆڵەمێشیی لێڵ، کاتێك لەگەڵ بەنزیندا تێکەڵ دەکرێت دەبێتە هۆی زو سوتانی بەنزینەکە، بەڵام هاوکات دوکەڵەکەی زیاتر دەبێت، بەمەش دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ پیسبوونی هەوا.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی ئەو زانیارییەش ئاشکرا دەکات کە “جگە لە قورقوشم ماددەی بەنزینا بەکاردەهینرێ بۆ زیادکردنی پلەی ئۆکتان، کە شلەیەکی بێ ڕەنگەو یەکێکە لە پێکهاتەکانی بەنزین، کە زوو بڵاوە دەکات و دەبێتە هەڵمێکی گڕاویی، بەنزینا مادەیەکی شێرپەنجەییەو بۆنێکی بەهێز و ناخۆشی هەیەو کە لە بەنزینخانەکاندا بۆن دەکرێت، بە گوێرەی ستانداردە جیهانیەکان نابێ رێژەی ئەو ماددەیە لە 0.62 زیاتر بێ، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان رێژەکە زۆر لەوە زیاترە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ زیادبونی رێژەی شێرپەنجە.

هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا تەنها سوتاندنی سوتەنی کوالێتی نزم و خراپ نین

هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا تەنها سوتاندنی سوتەنی کوالێتی نزم و خراپ نین، بەڵکو دەگەڕێنەوە بۆ هەندێ هۆکاری تری وەک دەرکردن و لەناوبردنی بەردی سالۆنسای ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر. یادگار جەزا، خاوەنی دوکانێکی میکانیکییە لە شاری سلێمانی باس لەوە دەکات یەکێك لە کارەکانی دەرکردنی ئەم بەشەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانە. ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت، “بەشی زۆری ئەو ئۆتۆمبێڵانەی کە بە دووتەنی ناسراون، بەردی ساڵنسەکانیان دەردەکەن بۆ ئەوەی کێشیان سوک بێت و توانای بارکردنی زیاتریان هەبێت و توانای بزوێنەرەکە زیاد بکات”.
بەردی سالۆنسا وەک یادگار جەزا باسی دەکات، سیستمێکە وەک پاککەرەوە کار دەکات و ناوەوەی ئەم سیستەمە مادەیەکی سیرامیکی لەسەر شێوەی شانە هەنگی تێدایە، ئەو گازە ژەهراویانەی بەردەکە هەڵیان دەمژێت بریتین لە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆکسیدی نایترۆجین و هایدرۆکاربۆن، کاتێك ئەم بەردە لە ئۆتۆمبێڵ دەردەهێنرێت گڵۆپی بزوێنەر بۆ هەمیشە دادەگیرسێت، چونکە ئەم کردارە کار دەکاتە سەر هەستەوەرەکانی ئەگزۆز و هەبوونی دەنگی زیاتری بزوێنەر، لەلایەکی ترەوە، کاتێک بزوێنەر بەتەواوی تواناییەوە کار دەکات و بەردی ساڵۆنسات لابراوە، ئەوا لێرەدا توندی دەنگ دەگاتە سەروی 110 دێسی بێل، لە کاتێکدا توندی لە سەرو 85 دێسی زیان بە گوێیەکان دەگەیەنێت، لە هەموشی گرنگتر ئەوەیە ڕەنگە لە پشکنینی هاتوچۆ دەرنەچێت.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانش لەسەر ئەم دیاردەیە باس لەوە دەکات کە “هیچ سزایەک لە وەزارەتی ناوخۆوە بۆ ئەو حاڵەتە تۆمار نەکراوە، بەڵام لەکاتی پشکنینی ساڵانەدا دەبێت ئەو کەموکورتییە چارەسەر بکرێت”.

هۆکارەکانی زیادبونی ئۆتۆمبێل

سەندیکای شۆفێرانیش نەبوونی ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی بۆ زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەت دەگەڕێنێتەوە، لەوبارەیەوە ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی لقی سلێمانی دەڵێت، “لە سلێمانی تەنها هەزار و 650 پاس وەک گواستنەوەی گشتی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان هەیە و لەو رێژەیەش زیاتر لە 500 پاسیان لە مۆدێل کۆن و بەسەرچون، هاوڵاتییان کەمتر هاتوچۆی پێدەکەن”. لەبارەی ژمارەی تەکسییەوە، ڕونی دەکاتەوە، کە لە سلێمانیدا نزیکەی 27 هەزار تاکسی هەیە، ئەم ژمارەیەش هێندە زۆرە ئەگەر بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت بە سێ هاووڵاتی تاکسییەکان بەردەکەوێت، ئەم ڕێژەیەش وەک بەراوردی دەکات دوو هێندەی رێژەی تاکسییە لە شارێکی گەورەی وەک ئیستانبوڵ.
ئازاد ئەحمەد پێیوایە کە نەبونی سیاسەتێكی حکومیی پەیوەست بە باشترکردنی گواستنەوەی گشتی بوەتە هۆی ئەوە هاووڵاتیان بەرێژەیەکی زۆر پەنا ببەنە بەر بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت یان تاکسی، هەرچەندە ئەمە زیانێکی گەورەی ئابورییە بۆ داهاتەکانیان، هەمە بەهەدەردانی پارەیەو هەمیش وادەکات بڕێکی زیاتری سووتەمەنی بەکاربهێنرێت، لەم سۆنگەیەوە، بەلای ئەوەوە حکومەت بەشی هەرە گەورەی بەرپرسیارێتی پیسبونی ژینگەی دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە بایەخی بە گواستنەوەی گشتی نەداوە، بگرە خەڵکی هانداوە ئۆتۆمبێڵی تایبەت بکڕن.

ئۆتۆمبێل هەواو ژینگەی سلێمانی پیسکردوە، دەستەی ژینگەش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری گرفتەکە نانێت

دەربارەی پیسبونی هەواو ژینگەی سلێمانی، ملکۆ بازیانی سەروکی پارتی سەوزی کوردستان دەڵیت، “ئۆتۆمبێل هەواو ژینگەی سلێمانی پیسکردوە، دەستەی ژینگەش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری گرفتەکە نانێت”، لە پێناو خستنەڕوی تەواو زانیاری و بۆچونەکان، لە کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا، چەند جارێک پەیوەندیم کرد بە دەستەی ژینگەی سلێمانییەوە، بەڵام ئامادەنەبون هیچ قسەیەک لەم بارەیەوە بکەن.

زیانە ئابوری و دەرونیەکان

بەگوێرەی وته‌ی نەبەرد کەریم، پسپۆری دارایی و ژمێریاریی زیانەکانی زۆربونی ئۆتۆمبێل و سوتاندنی بەنزین و گاز، تەنها تەندروستی گشتی ناگرنەوە، بەڵکو ئابوری تاک و وڵاتیش بەرەو داڕوخان دەبەن.
ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، “دورکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێلی تایبەت و بەكارهێنانی هێڵە گشتییەکان چەندین سودی هەیە، کەمتر دوکەڵ دەچێتە ژینگەوەو پێکدادان کەم دەبێتەوە، لە ڕوی ئابوریشەوە هاوڵاتی کەمتر تێچوی دەبێت و داهاتی خۆی بەفیڕۆ ناچێت”، ئەو پسپۆرە پێیوایە کە دەبێت حکومەت بەشێوازێکی سەردەمییانە کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان بکات و هێلە گشتییەکانی گواستنەوە دەستەبەر بکات، هەروەها پێویستیشە ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیان لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلدا بەرزبکرێتەوە کە چۆن لەڕوی تەندروستیی و ئابوریەوە زیانی زیاتر پێدەگات لە سودەکانی.

 هۆکاریشن بۆ دروستبونی دڵەڕاوکی و تێکچونی میزاجی تاک، جەنجاڵی و گیروگرفتەکانی رێگاوبان

بەلای د. رێزان عومەر، پڕۆفیسۆری ژینگەیی و مامۆستای زانکۆوە زیانەکانی زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەت تەنها پەیوەست نین بە مەترسییەکانی سەر تەندروستی جەستەییەوە، بەڵکو هۆکاریشن بۆ دروستبونی دڵەڕاوکی و تێکچونی میزاجی تاک، جەنجاڵی و گیروگرفتەکانی رێگاوبان لە ڕوی بینین و بیستنەوە، هۆکارێکی بارگرانی و تێکچوونی ژینگەن لەسەر تاک، وتیشی، “ئەگەر بەنزینەکە کوالێتی لەئاستی ستانداردە جیهانییەکان نەبێت و ڕێژەی ئۆکتانی تیا بەرز بێت، دەکرێ ببێتە هۆکاری توشبون بە جۆرەکانی نەخۆشی شێرپەنجە”.
بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی پیسبونی ژینگە، ئەم پسپۆڕە ژینگەییە وای دەبینێت کە باشترین چارەسەر بۆ پاکبونەوەی هەوا لە دوکەڵ، بەکارهێنانی پاسکیلەو هۆشیارکردنەوەی هاونیشتیمانیانە بۆ ئەوەی کەمترین کات ئۆتۆمبێڵی تایبەت بەکاربهێنن. هەروەها پێشنیاریش دەکات، “هاوشێوەی پۆلیسی هاتوچۆ، پۆلیسی پاراستنی ژینگە لە شەقامەکان هەبن تاوەکو هەر هۆکارێک لەلایەن شۆفێرانەوە ببێتە هۆی پیسبونی ژینگە ئەوە سزایان بدات یاخودکامێراکانی پۆینت تو پۆینت چاودێری تەنها تیژڕەوی نەکەن چاودێری شۆفێران بکەن نۆپاراستنی ژینگە”.

 شەقامەکانی سلێمانی باریکن و کۆنن، جیاکردنەوەی خەتی پاسکیل ئەستەمە

لەبەرامبەردا، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی، زەردەشت رەفیق پێیوایە شەقامەکانی سلێمانی باریکن و کۆنن، جیاکردنەوەی خەتی پاسکیل ئەستەمە و تا ئێستا هیچ پالنەرێک نییە بۆ ئەوەی هانی هاوڵاتیان بدرێت پاسکیل بەکاربهێنن.
وشیار ئەحمەد، بریکاری کۆمپانیای چێری لە کوردستان سەبارەت بە هاوردەکردنی ئۆیۆمبێلی کارەبایی و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئۆتۆمبێلی بانزین کلە هەوڵدان و ئێستا تەنها یەک تۆتۆمبێلیان وەک تیست لە جۆری هایبرد واتا بە کاەبا و بانزین کاردەکان هاوردە کردوە و دەڵیت لە پلانمانە لە ساڵی 2024، 10 ئۆتۆمبێلی دیکە بێنین تاوەک و بزانین خواستی لەسەرە یاخود نا.
د. ساڵح نەجیب، مامۆستای زانستە ژینگەییەکان لە زانکۆی سلێمانی، دەڵێت، “بۆ باشکردنی ئۆکتانی بەنزین دەبێت پاڵاوگەی پڕۆفیشناڵ و فەرمی دروستبکریت، کە پێی دەوترێت “فڕاکشنال دیسپلەیشن” کە توانای جیاکردنەوەی ئاوێتەکانی هەیە بۆ ئەو ماددانەی کە لەسەر و کوڵانی 20 تاوەکو سەرو 400 دەستمانەکەوێت و لە ناواخنیشدا کۆمەڵێک ئاوێتە و پێکهاتەی جیاواز دەست دەکەوێت و سوتەمەنێکی تەندروستمان دەبێت کە ناوی بەنزینە و نابیت پێکهاتەی بەنزین 1% زیاتر بێت و ژمارەی کاربۆن یان ئۆکتانەکەی لە 8 نمرە زیاتر بێت”.

نابێت تێترا ئیپایل لیت یان قورقوشم بەکار بهێنرێت بۆ زیادکرردنی ئۆکتان چونکە توشبون بە نەخۆشی ئەنیمیا زیاد دەکات

بەگوێرەی ئەو پسپۆرە ژینگەییە، نابێت تێترا ئیپایل لیت یان قورقوشم بەکار بهێنرێت بۆ زیادکرردنی ئۆکتان چونکە توشبون بە نەخۆشی ئەنیمیا زیاد دەکات و بە ملیۆنان منداڵ توشی ئەو نەخۆشییە بون.
ئەو بەنزینەی بەکاردێت پێویستە ژمارەی کاربۆنەکەی 8 بێت و ئاستی رێگە پێدراو پێکهاتەکانی ئۆکسجین و  کاربۆن زیاد بکرێت و ئیپانۆپی بۆ بەکار بهێندریت، لە ئاستی جیهانیدا، BTX کە بریتییە لە بەنزین و تۆلۆین و زایلین، هایدرۆکاربۆنە بۆنخۆشەکان کە لە پیشەسازی نەوت و پترۆکیمیاییدا بەکاردەهێنرێن، قەدەغەکراوەو بەهیچ جۆرێک بەکار نەیەت بۆ پێکهاتەی بانزین، لەبەرامبەردا دەبێت تەنها ئیسانۆڵ بەکار بێت بۆ بەرزکردنەوەی ئۆکتان بەڕێژەی 5% بۆ 10% کە کاریگەری جێناهێڵێت و دەبێتە زیادبونی ئۆکسجین.

ڕاپۆرتی گێڕانەوە

Reports

ڕاپۆرتی گێڕانەوە","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":21447}" data-page="1" data-max-pages="1">