ڕاپۆرتی گێڕانەوە: پرۆژەکانی نیشتەجێبون لە گەرمیان “لەسەر حسابی ژینگە و کشتوکاڵ” دروستده‌كرێن

پرۆژەکانی نیشتەجێبون لە گەرمیان “لەسەر حسابی ژینگە و کشتوکاڵ” دروستده‌كرێن

زریان محەمەد 11/2023:

فاتیح عه‌لى محه‌مه‌د، جوتیارێكە لە ناوچەی (كه‌رتى 101ى بنگرد) لە قەزای کەلار، لە پارچە زەوییەکی‌ كشتوكاڵیدا، ساڵانه‌ چه‌ندین به‌رهه‌مى جۆراوجۆرى وەک پاقله‌، ته‌ماته‌، بامیه‌و سه‌وزه‌، هەروەها برنج و گه‌نم و جۆی به‌رهه‌م دەهێنا‌، ئێستادا بەشێکی زەوییەکەی کەوتوەتە به‌ر پرۆژه‌یه‌كى نیشته‌جێبون، بەو شێوەیەش شانسی ئەوەی نامێنێت وەک جاران بەروبومەکانی لە عەلوەی شاری کەلار دابەش بکات و بیانفرۆشێت، ئەویش بەهۆی فراوانبونی ڕوبەری نیشتەجێبون لە شارەکەدا.

فاتیح دەڵێت، “پرۆژه‌یەکی نیشتوجێبون بەناوی (زۆنی 2) كە دەکەوێتە سه‌ر روبارى سیروان، نزیکەی 19 دۆنم زه‌وى كشتوكاڵیی دەگرێتەوە كه‌ له‌ شه‌سته‌كانی سەدەی رابردوەوە‌ تاوه‌كو ئێستا به‌ده‌ستمانه‌وه‌یەو کاری تیا دەکەین”.

تا ئێستا قه‌ره‌بو نه‌كراوینه‌ته‌وه‌ له‌ كاتێكدا به‌شێك له‌ زه‌وییه‌كانیان گرێبه‌ستان هه‌بوه‌

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، نەک تەنها بەشێکی زەوییەکەی لەدەستداوە، بەڵکو تا ئێستا قه‌ره‌بوش نه‌كراوەتەوە، “تا ئێستا قه‌ره‌بو نه‌كراوینه‌ته‌وه‌ له‌ كاتێكدا به‌شێك له‌ زه‌وییه‌كانیان گرێبه‌ستان هه‌بوه‌و هیچ پرسێكیان پێنه‌كراوە و بردویانه‌”.

جوتیارێكى دیكه‌ى قه‌زاى كه‌لار 22 دۆنم زه‌وی به‌ر زۆنى هەمان پڕۆژه‌ كه‌وتوه،‌ كه‌ 4 دۆنمى باخى خورما بوه‌

بەهەمان شێوە لوقمان عه‌بدولقادر محه‌مه‌د، کە جوتیارێكى دیكه‌ى قه‌زاى كه‌لاره‌ 22 دۆنم زه‌وی به‌ر زۆنى هەمان پڕۆژه‌ كه‌وتوه،‌ كه‌ 4 دۆنمى باخى خورما بوه‌و 52 دارى به‌رداری تێدا بوه‌، هه‌موى له‌لایه‌ن كۆمپانیایەکی (بێست روڵس) دروستکردنی خان و بەرەوە‌ لەناو‌ براون.

له‌ ساڵى 2013ه‌وه‌ به‌بێ ئاگادارى ئێمه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێندراوەتەوە

لوقمان دەڵێت، “تاوه‌كو ئێستا قه‌ربونه‌كراوینه‌ته‌وه،‌ له‌ كاتێكدا به‌شێك له‌ زه‌وییه‌كه‌ گرێبه‌ستى هه‌یه‌و ساڵانه باجمان داوە‌، كه‌چى له‌ ساڵى 2013ه‌وه‌ به‌بێ ئاگادارى ئێمه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێندراوەتەوەو له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵى كه‌لاره‌وه‌ له‌ ماوه‌كانى پێشوتر  كه‌ ته‌نها گرێبەستی سێ دۆنم ماوەتەوە‌”.

ئەو لەناوبردنەی زەوی کشتوکاڵ و بەرهەمهێن لە کاتێکدایە، یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2008 کە تایبەتە بە پاراستن و پەرەپێدانی بەروبومی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان، زەوییە کشتوکاڵییەکان وەک سامانی نیشتمانین ئەژمار دەکات و نابێ رێگابدرێت لەناوبچن یان زیانیان پێبگات. بەدیاریکراوی لە ماددەی سێیەمی یاساکەدا هاتوە، “هەر کارێك زیان بە زەوی کشتوکاڵ بگەیەنێت وەك بەکارهێنان بۆ مەبەستی دی بێجگە لە کشتوکاڵ یا وازهێنان یا کارێك بە پیتیبوونی خاك کەم بکاتەوە یا خاکی لێ هەڵکەندرێ و بگوارێتەوە بۆ شوێنی دی، یا تەرخانکردنی بۆ شوێنی تایبەتی خێزانی یا گەشتوگوزار یا هەر کارێکی لەم شێوەیە، سەرپێچییە لەم یاسایە”.

لەناوبردنی زەوی کشتوکاڵ و بەپیت، لە یاسا عێراقیەکانیشدا قەدەغەکراوە، بەڵام زۆربەی یاساکان کۆنن و سزاکانیان سوکە، ئەوەی کە ئێستا بەرکارە بڕیاری ژمارە (50)ی حکومەتی عێراقە، ساڵی 2016، کە قەدەغەی کردوە زەوی کشتوکاڵ و باخ و بێستان بکرێت بە شوێنی نیشتەجێبون، لەهەمان کاتدا رێگەشی داوە رەگەزی زەوییەکە بگۆڕدرێت بەڵام ئەمەیان بەپێی بڕیاری 1187ی ساڵی 1982.

 بەشێوەیەکی نایاسایی زەوی و داری بەردار لە کەلار، ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبونەوە ده‌درێنه‌ به‌ر شۆفڵ

لەپاڵ بونی ئەو مادە یاسایانەیەشدا کە ئاماژەیان پێکرا، وەک جوتیارە زیان لێکەوتوەکان دەگێڕنەوە، بەشێوەیەکی نایاسایی ئه‌م زەوی و داری بەردار لە کەلار، ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبونەوە ده‌درێنه‌ به‌ر شۆفڵ و تەخت دەکرێن، هەندێکیان لەلایەن خاوەنەکانیانەوە دەفرۆشرێن، چونكه‌ قازانجیان زیاترە لەوەی هەر بە زەوی کشتوکاڵی بمێنێتەوە، بەڵام ئەو جوتیارانەی لەم ڕاپۆرتەدا قسە دەکەن، خواستیان نیە زەوییەکانیان لەناو ببرێن و بکرێنە پرۆژەی نیشتەجێبون.

 16 دۆنم لە زه‌ویه‌كه‌مان نزیكەی‌ 3 هه‌زار دارى به‌ردارى تێدا بو، کەوتوەتە به‌ر پرۆژه‌ى نیشتەجێبون

فاروق محەمەد، وەک فاتیح و لوقمان، ساڵانێکی زۆرە لەسەر زەوی کشتوکاڵیی کاردەکات، وەک دەگێڕێتەوە، ماوەی 85 ساڵە خانەوادەکەی لە کەلارن، 60 دۆنمى باخی به‌رداری هەبووە. “16 دۆنم لە زه‌ویه‌كه‌مان نزیكەی‌ 3 هه‌زار دارى به‌ردارى تێدا بو، وه‌ك خورما، زه‌یتون، هه‌نارو مزره‌مه‌نیه‌كان، 44 دۆنمەکەی تریش بۆ بەرهەمەکانی وەك برۆكلى، قه‌ڕنابیت، له‌هانه‌، سه‌وزه‌، ته‌ماته‌ و خه‌یار و باینجان و شوتى”، زەوییەکەی فاروق محەمەد کەوتوەتە به‌ر پرۆژه‌ى نیشتەجێبونی شارى (شكۆ) کە دەکەوێتە سه‌ر رێگه‌ى كه‌لارو ناحیه‌ى رزگارى.

فاروقیش، هاوشێوەی جوتیارەکانی تر تا ئێستا قه‌ره‌بو نه‌كراوەتەوەو دۆسیه‌كه‌ له‌ دادگایه‌

فاروقیش، هاوشێوەی جوتیارەکانی تر تا ئێستا قه‌ره‌بو نه‌كراوەتەوەو دۆسیه‌كه‌ له‌ دادگایه‌، له‌كاتێكدا‌ به‌پێى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى كه‌ هه‌یەو ئاماژەی بۆ دەکات، “پێویستە بەرێژەی‌ 3% قه‌ره‌بو بکرێینەوە، هاوکات دەبێ لە نرخی زەوییەکەشدا قەرەبو بکرێینەوە کە بە یەك ملیار دینار خەملێنراوە”.

شادیه‌ حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵى گه‌رمیان، جگە لە پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی دەستبردن بۆ زەوی کشتوکاڵیی، ئاماژە بۆ زیانەکان دەکات، بەگوێرەی وته‌كانی ئەو، لەو زۆنەی دەکەوێتە سەر روباری سیروان، كه‌ روبه‌ره‌كه‌ى 400 دۆنمه‌ و نزیكه‌ى 200 جوتیار خەریکی کاری تیا دەکەن، ئەم بەڕێوەبەرە، پشتگیریی خۆی بۆ جوتیارەکان و داخوازییەکانویان ناشارێتەوە.

 دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون بێپلانى زۆرى پێوە دیارە،

بیابان نوری رۆستەم، پسپۆرى بوارى دارایی و ئابورى و مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌رمیان وایدەبینێت دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون بێپلانى زۆرى پێوە دیارە، لەبری چارەسەرکردنی گرفتی نیشتەجێبون و کەمکردنەوەی کرێنشین، تەنها بوەتە جێگەی کێبڕکێ لە نێوان کۆمپانیاکان بۆ دەستخستنی قازانج، ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت، “كه‌لار شارێکی بازرگانییه‌ و مه‌رزى له‌سه‌ره‌،‌ به‌رده‌وام پێویستى به‌ فراوانبونه‌، بۆیە لەبری ئه‌و زه‌ویانه‌ى كشتوكاڵین و سیفه‌تیان ده‌گۆڕدرێت بۆ نیشته‌جێبون، دەکرێت به‌پێى یاساکانی وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ، خاوەنەکانیان بەزەوی دیکە قه‌رەبوە بكرێنه‌وه‌”‌.

سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار رەتیدەکاتەوە زەوییە کشتوکاڵییەکان کرابن بە شوێنی نیشتەجێبون

لایخۆیەوە ئەکڕەم ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار رەتیدەکاتەوە زەوییە کشتوکاڵییەکان کرابن بە شوێنی نیشتەجێبون و رایدەگەیەنێت ئەوەی کراوە بە شوێنی نیشتەجێبون بەردەلان بوە، ئەو دەڵێت، “زه‌وى كشتوكاڵى به‌كار نه‌هێنراوەو ئەوەی هەیە‌ ته‌نها 612 دۆنم زه‌وىیە کە بۆ كه‌س و كارى زیندانیانى سیاسى ته‌رخان كراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ ساڵى 2012 تاوه‌كو ئێستا كارى له‌سه‌ركراوه‌ و دره‌نگ ره‌زامه‌ندى كشتوكاڵى وه‌رگرتوه‌”.

ناوبراوە دابه‌شنه‌كردنى زه‌وى له‌ ساڵى 2006ەوه‌ بە یەکێك لە هۆکارەکان دادەنێت دەست بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان، چونکە شار فراوان بوه‌و ژمارەی دانیشتوان زیادىكردوه‌، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ نرخى زه‌وى و خانوو لە شارەکەدا بەرزبێتەوە”.

ئەو پێیوایە نەبونی ماسته‌ر پلان نه‌ك هه‌ر گرفته،‌ به‌ڵكو هه‌بونیشى گرفته‌و ده‌بێت به‌ به‌رده‌وامى نوێ بكرێته‌وه‌،

ئەو پێیوایە نەبونی ماسته‌ر پلان نه‌ك هه‌ر گرفته،‌ به‌ڵكو هه‌بونیشى گرفته‌و ده‌بێت به‌ به‌رده‌وامى نوێ بكرێته‌وه‌، بەپێی قسەکانی ئەو نه‌خشه‌یه‌كى بنه‌ڕه‌تی بۆ قه‌زاكه‌ دروستکردوە و هه‌ندێك رێكارى ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بکرێت به‌ ماسته‌ر پلانێك.

به‌ پێچه‌وانه‌ى شاره‌وانى كه‌لار، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ کە بەشێك له‌ پرۆژەکانی لەسەر زەوی کشتوکاڵیی ئه‌نجام دراون، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیەکە هونه‌ر مه‌حمود، دەڵێت، “ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ هه‌ن و له‌ قۆناغى جێبه‌جێكردندان روبه‌ڕوى گرفتێکی زۆر بونه‌ته‌وه،‌ چونكه‌ بەگەڕانەوە بۆ ڕەگەزی زەوییەکان، به‌شێكیان كشتوكاڵین، ئه‌وه‌شى كه‌ دێته‌ لاى ئێمه‌ سەرەتا ته‌رخانكراوەو ئینجا روی لە ئێمە کردووە‌”.

دەستدرێژی بۆ سەر زەوی کشتوکاڵیی

باسی ئەوەش دەکات لە ئەمەكێشه‌یەکی زۆری بۆ كۆمپانیاكان دروستكردوه‌ و بوەتە هۆکاری به‌ریه‌كه‌وتن له‌ نێوان جوتیاران و كۆمپانیاکاندا، بۆ ئەمەش پێویستە کۆمپانیا قەرەبوی جوتیاران بکاتەوە. لەم بارەیەوە دەڵێت، “به‌پێى یاساى ژماره‌ 3ى ساڵى 2021 هه‌ر ته‌رخانكردنێك، ئەگەر زه‌ویەکە كشتوكاڵى بێت یان نا “ده‌بێت بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بگه‌ڕێته‌وه‌و كۆمپانیاشى ناچاركردوه‌ به‌ قه‌ربوکردنەوەی ئەو کەسانە کە‌ زه‌وییان به‌ر پرۆژه‌ ده‌كه‌وێت”.

ئه‌و جوتیارانه‌ى كه‌ گرێبه‌ستیان هه‌یه‌ ده‌بێت له‌ %3 قه‌ربو بكرێنه‌وه‌ له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنەوە بێت یان حكومه‌ت

دەربارەی قەربوکردنەوە، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵى گه‌رمیان، شادیه‌ حسێن ده‌ڵێت، “به‌پێى یاساو رێنماییه‌كان، ئه‌و جوتیارانه‌ى كه‌ گرێبه‌ستیان هه‌یه‌ ده‌بێت له‌ %3 قه‌ربو بكرێنه‌وه‌ له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنەوە بێت یان حكومه‌ت”. لەبەرامبەردا ‌هاوكار وه‌لى وته‌بێژى كۆمپانیاى (ده‌شتى به‌رلوته) کە جێبه‌جێكارى پڕۆژه‌ى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبونى شارى شكۆیه‌، دەڵێت، “ئێمه‌ وەك کۆمپانیا، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و 330 دۆنمه‌ى كه‌ به‌ر پرۆژه‌كه‌مان كه‌وتووەو زه‌وى و باخى 7 جوتیاره‌، قه‌ره‌بوى جوتیارنمان كردوه‌ته‌وه‌، 32 خانومان داوه‌ به‌ جوتیاران كه‌ نرخی هه‌ر یه‌كێك له‌و خانوانه‌ 5 ده‌فته‌ر و 85 گه‌ڵایه‌، هاوكات له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و باخانه‌ى كه‌ به‌ر پرۆژه‌كه‌ كه‌وتوه‌ 550 هەزار دۆلار قه‌ربو كراونه‌ته‌وه‌”.

روبەری باخەکانی ناوچەکەی‌ زیاتر له‌ 200 دۆنمن،‌ 150 جوتیار زیاتر كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن

سەبارەت بە روبەری ئەو باخانەی دەکرێن بە شوێنی نیشتەجێبون، یه‌حیا محه‌مه‌د عه‌لى، نوێنه‌رى باخه‌وانه‌كانى شاره‌دێى گردەگۆزینە، باس لەوە دەکات کە روبەری باخەکانی ناوچەکەی‌ زیاتر له‌ 200 دۆنمن،‌ 150 جوتیار زیاتر كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ساڵانه‌ش به‌رهه‌میان هه‌یه‌ و ده‌یخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌، بەگوێرەی ئامارەکانی ناوبراو، له‌و باخانەدا‌ میوەیەکەی زۆری وەک هه‌نار، هه‌نجیر، پرته‌قاڵ، خورما، ترێ و لیمۆ به‌رهه‌مدێت. ئەو دەڵێپ، ” بەرهەمی جوتیارەکان لە نێوان  15 تا 50 ته‌ن بەرووبومی میوەی هەمەجۆری هەیە‌، باغ هه‌یه‌ 300 بۆ 400 دارى خورمای تێدایە و ساڵانه‌ 12 بۆ 13 ته‌ن خورما بەرهەم دەهێنێت”‌.

نزیکەی ملیۆن و نیوێک دۆنم زه‌وى كشتوكاڵی لە سنورەکەدا هەیە و 5 هه‌زار جوتیار له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ناوبراو فایلى تایبه‌تیان هه‌یه‌

بەگوێرەی ئامارێكى ئەمدواییانەی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتوكاڵى گه‌میان، نزیکەی ملیۆن و نیوێک دۆنم زه‌وى كشتوكاڵی لە سنورەکەدا هەیە و 5 هه‌زار جوتیار له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ناوبراو فایلى تایبه‌تیان هه‌یه‌. بەگوێرەی ئامارەکان، 2243 دۆنم زەوی لەشاری کەلارو دەوروبەری کراون بە یەکەی نیشتەجێبون، بە پشتبەستن بەئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، نزیکەی 2500 دۆنم زه‌وى لە 14 پڕۆژەدا كراون به‌ یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون کە نزیکەی‌ 9 هه‌زار یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوونە، ئەوەش پشتراست دەکاتەوە کە نزیکەی 1900 دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى به‌ر پرۆژەی‌ نیشتەجێبون یان پیشه‌سازى کەوتون، لە هەمان ئاماردا هاتوە کە ‌نزیكه‌ى 275 جوتیار كاریان له‌سه‌ر ئەو زەویانە كردوه‌ و به‌شێكى زۆریان گرێبه‌ستیان هه‌بوه‌.

زیانە ژینگەییەکان

د.ساڵح نه‌جیب مه‌جید، پسپۆرى بوارى زانسته‌ ژینگه‌ییه‌كان و مامۆستا له‌ زانكۆى سلێمانى، ده‌ڵێت، “به‌پێى سه‌رچاوه‌ زانستییەکان روبەری وشکانیی لەسەر هەسارەی زەوی، 152 ملیۆن كێلۆمه‌ترە،‌ ڕوبەریش ئاویش 348 ملیۆن كێلۆمه‌ترە، له‌ رێژەی‌ وشكانیی %10 بۆ كشتوكاڵكردن لەبارە، ئەمەش ڕوبەرێکی سنوردارەو‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت ده‌ستى بۆ ببرێت”.
باس لەوەش دەکات کە “رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى وه‌ك ناسا وUN عێراق و ناوچەکانی‌ گه‌رمیان کەشوهەوای گۆڕاوە و مه‌ترسى به‌ بیابان بونیان له‌سه‌ره”.

 دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون کێشەی ژینگەیی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت

ئەو پسپۆڕە جەخت دەکاتەوە لە سەر هەبونی ماستەرپلانێکی تایبەت و پرۆسەی هەڵسەنگاندنی کارتێکەرە ژینگەییەکان، بەپێچەوانەوە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون کێشەی ژینگەیی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەلای ئەوەوە کەرتی کشتوکاڵ له‌ هه‌مو سیسته‌مێكى ژینگه‌ییدا له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا دێت، کەچی لێرە‌ راسته‌وخۆ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ زه‌وى كشتوكاڵین یان ڕووبەری داپۆشراون بەڕووەک، ئه‌مه‌ش له‌ هیچ شوێنێك قبوڵكراو نییه‌.

رووه‌ك خاك له‌ ڕاماڵین دەپارێزێت، كه‌ش و هه‌وا سازگار ده‌كات، رێگه‌ له‌ خۆڵبارین ده‌گرێت

پسپۆرەکە لەم بارەیەوە دەڵێت، “رووه‌ك خاك له‌ ڕاماڵین دەپارێزێت، كه‌ش و هه‌وا سازگار ده‌كات، رێگه‌ له‌ خۆڵبارین ده‌گرێت، سەرچاوەی ئۆكسجینەو وەرگری دوانه‌ ئۆكسیدی کاربۆنە،‌ جگه‌ له‌وه‌ى کە بنەڕەتییە بۆ پێكهاته‌ى گلوكۆزە وەک سەرچاوەی ژیان و دروستکردنی خۆراک”.
“گۆڕینی باخ و ڕوبەری سەوزایی بۆ‌ یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون راسته‌وخۆ کاریگەری خراپی دەبێت و کەشوهەوای ناوچەکە بە ئاراستەیەکی خراپدا دەگۆڕێت”، ئەوە قسەی بەڕێوبەری فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان دورەید سەلیمە.

ئەو پێیوایە زۆربونی ژماره‌ى دانیشتوان وایکردوە پێداویستى و خواست له‌سه‌ر یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون زۆربێت

ئەو پێیوایە زۆربونی ژماره‌ى دانیشتوان وایکردوە پێداویستى و خواست له‌سه‌ر یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون زۆربێت، بەڵام نابێ ئەمە لەسەر حسابی ڕوبەری سەوز بێت، ئەوەش ناشارێتەوە کە نەبونی ماستەرپلان، هۆکاری ئەوەیە خەڵکی کەلار بەشێوەیەکی هە‌ڕه‌مه‌كى پەنا ببەنە بەر دروستکردنی خانوبەرە، کە زۆرجار زه‌وى كشتوكاڵییەکان بەکاردەهێنن.

گۆڕینی زەوی کشتوکاڵی بۆ جێگەی نیشتەجێبون، دەبێتە هۆکارێکی تری گەرمبون

ئه‌یاد محه‌مه‌د، چالاكوانی ژینگه‌یی له‌ گه‌رمیان، پێیوایە کە گۆڕینی زەوی کشتوکاڵی بۆ جێگەی نیشتەجێبون، دەبێتە هۆکارێکی تری گەرمبون، چونکە زەوییەکان کۆنکریتیان لەسەر بنیاد دەنرێت و ئەمەش گەرمی دەبەخێشت و کاریگەری خراپی بۆسەر ژینگە دەبێت، “هەر لەبەر ئەمەش لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بەهیچ شێوەیەك ره‌گه‌زى زەوی لە کشتوکاڵییەوە بۆ بیناسازی ناگۆڕن”.
ئه‌یاد محه‌مه‌د جەخت لەسەر گرنگیی پاراستنی ئەو ناوچانە دەکاتەوە، چونکە سودی گشتییان هەیەو دەڵێت، “کاری دروست و گرنگ ئەوەیە، ماستەر پلاندا بەشێویەک دابڕێژرێت، دەستکاری ئەو ڕووبەرانە نەکرێت کە سودی گشتییان هەیە، گرنگن بۆ ناوچەکە لە ڕوی دابینکردنی ئۆکسجین و هاوسەنگی کەشوهەوا”.
ئەو ڕەخنە لە سیاسەتەکانی حکومەت دەگرێت لەبارەی کەرتی کشتوکاڵ دەڵێت، “حکومەت لەجیاتی هاوکاریی جوتیارو خاوەن زەوییەکان و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لەناوخۆدا، هەروەها یارمەتیدانیان لەدابینکردنی ئامێر و پێداویستییەکانی کاری کشتوکاڵیی، دەستدرێژی دەکاتە سەر زەوییەکان و لە بەرژەوەندی شەخسی و کۆمپانیاکاندا دەکرێنە سیتی و ڤێلا.” لەو بارەیەوە دەپرسێت لەناو بردنی روبەری زۆری سەوزایی و تێکدانی زەوی کشتوکاڵیی، بەچی قەرەبو دەکرێتەوە؟ بێگومان لەڕوی ژینگەییەوە قەرەبو ناکرێتەوە، كاریگه‌رىیەکانیش تەنها لەسەر خاوەن زەوییەکان و سەرچاوەی دەرامەتیان نابێت، به‌لكو كۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتى زیانی بەردەکەوێت”.

چارەسەر چییە؟

د. ساڵح نه‌جیب مه‌جید، پێیوایە کە پێویسته‌ ده‌سته‌ى ژینگه‌ رێگه‌نه‌دات زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانى ده‌ستىان بۆ ببرێت و بكرێنە جێگەی نیشته‌جێبون، “چونكه‌ ئه‌و خاكه‌ نزیكه‌ى 1500 ساڵى ویستوه‌ تاوه‌كو روه‌كێكى له‌سه‌ر گه‌شه‌ بكات، به‌پێى رێكخراوى تەندروستی جیهانیش هه‌ر تاكێك پێویستى به‌ 9 مه‌تر سه‌وزاى هه‌یه”‌، پسپۆرەکە وا دەڵێت.

بۆ یه‌كه‌مجار له‌ كۆى 11 مۆڵه‌ت كه‌داومانه‌ به‌ پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنانن 5 له‌و پرۆژانه‌ پرۆژه‌ى كشتوكاڵین

لایخۆیەوە هونه‌ر مه‌حمود، باسی ئەوە دەکات کە جیاواز له‌ ساڵانى ڕابردو، ئێستا گرنگى به‌ پرۆژه‌ى كشتوكاڵى ده‌درێت له‌ بوارى وه‌به‌رهێنان، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ كۆى 11 مۆڵه‌ت كه‌داومانه‌ به‌ پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنانن 5 له‌و پرۆژانه‌ پرۆژه‌ى كشتوكاڵین، یه‌كێكیان باخێكى خورمایه‌ 50 دۆنم زه‌ویى بۆ ته‌رخان كراوه‌.
هاوكات به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵى گه‌رمیان باسی پێکهێنانی لیژنەیەك بە سەرۆکایەتی راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ دەکات بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبون لە زۆنەکانی سەر روباری سیروان کە بەتایبەگتی باخەکانی گردەگۆزینە بەردەکەون، بەڵام تا ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکە لە چاوەڕێی وەزارەتدایە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

ڕاپۆرتی گێڕانەوە

Reports

ڕاپۆرتی گێڕانەوە","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":21455}" data-page="1" data-max-pages="1">