ڕاپۆرتی گێڕانەوە: پاڵاوگە و کارگەكان هەڕەشەن بۆ سەر ژینگەی دهۆك؛ توشبون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان زیاد دەکەن

پاڵاوگە و کارگەكان هەڕەشەن بۆ سەر ژینگەی دهۆك؛ توشبون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان زیاد دەکەن

دێژین صدقی   
  
“چەند ساڵێك لەمەوبەر لەوکاتەی لە پۆلی نۆی بنەڕەتیدا بوم، لە قوتابخانەکەم بورامەوە و هۆشم لە دەستدا، جارێکی دیکەش لە کاتی هاتنە خوارەوەم لەسەر بانی ماڵەوە، بێ هۆش بوم و کەوتمە خوارەوە، لەئەنجامدا بڕبڕەکانی پشتم شکان”، رەمزییە رەمەزانی، دانیشتوی گوندی باستکێی سنوری پارێزگای دهۆك، وا بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی بزانێت هۆکاری بورانەوەو لە هۆش خۆچونەکەی چییە.

پشکنینی پزیشکی ئاشكرای دەکات، رەمزییە، تەمەن 20 ساڵان، توشی نەخۆشی هەوکردنی سییەکان بوه، هۆکارەکەیشی پیسبونی ژینگەى شوێنی دانیشتنەکەیەتی کە چەندین پاڵاوگەی نەوت و کارگە تیادایە بە بێ مەرجە ژینگەیی و تەندروستییەکان، ئەم پاڵاوگانە بونەتە سەرچاوەیەکی مەترسیدار بۆ سەر تەندروستی و ژیانی هەزاران کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە. 

پیسبونی ژینگە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بەگشتی لە ئاستێکی خراپدایە، تا ئاستێکی وا کە هەموان کۆکبن لەسەر ئەوەی بوەتە جێی مەترسی، بەتایبەتی لە ناوچە پیشەسازییەکاندا، کۆمەڵگای کواشێ لە سنوری قەزای سێمێل نمونەیەکە لەو ناوچە پیشەسازییانە.

لەو ناوچەیەدا خەڵكێکی زۆر نەهامەتی و چیرۆکی ناخۆشیان لە گەڵ ژینگەکەیدا هەیەو تەندروستی گشتییان کەوتوەتە ژێر مەترسییەوە، نەخۆشی جۆراو جۆر لەناو دانیشتواندا بڵاوبووەتەوە.

باستکێ گوندێكی بچوكی سەر بە كۆمەڵگەی موقبلێی قەزای سێمێلە، (16کم رۆژئاوای دهۆك) نزیكەی 50 خێزانی تێدا دەژین، كەمتر لە دو كیلۆمەتر لە كۆمەڵگەی كواشێی پیشەسازییەوە دورە، بەڵام دوكەڵ و بۆنی ناخۆشی پاڵاوگە نەوتییەكان و کارگەکان نەك تەنیا كاریگەریی تەندروستیی لەسەر گوندەكە هەیە، بەڵكو هەمو كۆمەڵگەكانی دەوروبەری و قەزای سێمێلی گرتووەتەوە.

“چەند ساڵێك لەمەوبەر باوکم بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دواییکرد، خوشکەزاکەم تەمەنی نۆ مانگ بو بەهۆی هەوکردنی سییەکانەوە کۆچی دوایی کرد”، ئیلهام رەمەزان ئەحمەد کە خوشکی رەمزییەیە وا دەڵێت.

لە دوای ساڵی (2003)وە ژمارەیەك پاڵاوگەی نەوت و كارگەی جۆراوجۆر لە گوندی كواشێی دامەزراون و ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەیان ڕو لە زیادبون دەکات، لەوە بەدواوەو ژینگە جوانەکەی سروشتەکەیان کەوتە مەترسییەوە، خەڵكی ناو قەزاکە و ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری بە دەست نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە و شێرپەنچە و چەندین نەخۆشی تر دەناڵێنن.

ئەو قەزایە كە نۆ كۆمەڵگە و ژمارەیەك گوند لەخۆدەگرێت سەرەڕای ئەوەی دانیشتوانەکانیان چەندان جار دەنگی خۆیان گەیاندوەتە لایەنە پێوەندیدارەكان “بەڵام كەس ئاوڕیان لێناداتەوە و ژینگەکەیان بە هەرسێ توخمییەوە، ئاو و خاک و هەوا، بەردەوام لە ژێر مەترسی و زیانەکانی ماددە ژەهراوییە پاشماوەکانی کارگەو پاڵاوگەکاندان”، ساڵح رەمەزان شاباز موختاری گوندەکە وای وت.

رەمەزان عەبدی محمد (68 ساڵ) دانیشتوی گوندی باستکێ دەڵێت، “بێزاربوم لە دەست ئەم بۆنە ناخۆشەی گوندەکەم و توشی نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان بوم، سێ نەشتەرگەریم بۆ کراوە”. 

ئەو بە هەردو دەستی ئاماژە بە کۆمەڵگای کواشێ دەدات و بەچەند رستەیەك درێژەی بە قسەکانیدا و وتی، “ئەم کارگەو پاڵاوگانە بونەتە سەرچاوەی نەخۆشی بۆ خەڵكەکە، کەسیش نایەت لە دۆخی ئێمە بپرسێت، سەردانی هەر پزیشکێك دەکەم هەر بڵێم خەڵکی گوندەکانی نزیك کۆمەڵگەی پیشەسازی کواشێم، دەڵێن هەوای پیسی کۆمەڵگاکە هۆکارە بۆ توشبون بە ژمارەیەکی زۆری نەخۆشی”.

منداڵێکی تەمەن یەك ساڵ و نیو، بە ناوی محەمەد ئازاد عەبدی لەم نەهامەتییەی گوندەکەی بە دورنییە و بەم تەمەنە بچوکە توشی تەنگە نەفەس و هەوکردنی سییەکان بوە و چارەسەر وەردەگرێت.

باوکی دەڵێت، “ئەو لەکاتی لە دایکبونیدا تەندوستی باشبوەو هیچ کێشەیەکی نەبوە، دواتر رۆژ لە دوای رۆژ هەستمان بە تێکچونی تەندروستی ئەو کرد و سەردانی چەندین نەخۆشخانەی کوردستانمان کرد تاکو زانیمان توشی ئەم نەخۆشییە بوە”.

سەرچاوە پزیشکییەکان هۆشداری دەدەن لە پیسبونی ژینگەی سنورەکە و زیاتر بڵاوبونەوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان، پسپۆڕانی بواری تەندروستی دوپاتی دەکەنەوە کە یەکێك لە هۆکارە دیارەکانی توشبون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و کۆئەندامی هەناسە و سکچون و کۆلێرا و هەوکردنی جگەر و نەخۆشییەکانی چاو و نەخۆشییە میکرۆبییەکان پیسبونی ژینگەیە.

پزیشکێکی پسپۆڕ (لە پارێزگای دهۆك) ئاماژە بەوە دەدات، “بەدیاریکراوی کۆمەڵگای پیشەسازی کواشێ کاریگەری خراپی تەندروستی  بۆ سەر تەندروستی خەڵکی ناوچەکە هەیە، بۆیە دەبینین خەڵکێکی زۆری ئەو ناوچەیە تووشی ئەم نەخۆشییانە دەبن و سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن”.

د.هەکار موستەفا، هێتیتی پزیشکی شارەزا لە بوارەکانی دڵ، سنگ و هەناو و تایبەتمەندی وردی شەبەکە و باڵۆن، لە بارەی زیانەکان و ئەو نەخۆشییانەی لەئەنجامی ئەو کۆمەڵگا پیشەسازییەی کواشێەوە دروست دەبن دەڵێت، “بونی پاڵاوگەی نەوتی خاو و کارگە جۆراوجۆرەکان و دەرکەوتنی گازو ماددە ژەهراوییەکان کاریگەرییەکی زۆر لە سەر تەندروستی مرۆڤ دەکات بە پلەی یەکەم کۆئەندامی هەناسە، لەوانە نەخۆشی شێرپەنچەی سییەکان، چونکە نەخۆشی تەنگەنەفەسی و هەستیاریی و لە ناوچونی سییەکان کە دواتر ئەمانەش دەبن بە شێرپەنجە”. 

رونیشیدەکاتەوە کە “بە پلەی دوەم نەخۆشییەکانی پێست دێن، دەبنە هۆکاری دروستبونی هەستیاری و هەوکردنی درێژخایەنی پێست، گواستنەوی میکرۆبەکان لەرێگەی هەواوە هۆکاری سێیەمی بڵاوبونەوەی چەندین نەخۆشی مەترسیدار، نەك هەر تەنها لەناو کۆمەڵگاکە یان گوندەکەدا، بەڵکو تا مەودایەکی دوور کاریگەریی خراپی دەبێت”.

ژینگە چۆن بە هۆی ئەم پاڵاوگە و کارگانە پیس دەبێت؟

د.محه‌مه‌د تاهیر سەڵاحەدین بریفکانی، شارەزای بوارى ژینگە، دەڵێت، “هەبونی کارگەی جۆراوجۆری وەك کارگەکانی دروستکردنی بلۆك و بەرهەمەکانی پێستی گیانەوەرو دروستکردنی زەیت و نایلۆن پاڵاوگەکانی نەوتی خاو ئەمانە هەمویان بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری خراپیان بۆ سەر هەر سێ توخمی ئاو و هەوا و خاك هەیە”. 

ئاماژەش دەدات بەوەی “دوای چەندین پشکنین و بەدواداچون و بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەستمان کەوتوە کوالێتی کارگەکانی ئەو ناوچەیە باش نییە و سەلامەت نیین، بەپێی ستانداردی جیهانی دانەمەزراون، بێجگە لەوەی دەرکەوتوە کە ئاوی ژێر زەوی هیچ کەڵکی نەماوە و تەنانەت بۆ کاری کشتوکاڵیش ناشێت”.

ناوبراو دەربارەی چارەسەری ئەم کێشەیە پێیوایە کە “دەبێت مەنزومەی یەکەی چارەسەرکردن هەبێت بۆ ئەو ئاوەی لە ژێر زەوی دەردەهێنرێت، ئەوەش وا دەکات ئاوەکە و خاکەکە بەپاکی بمێننەوە”، سەبارەت بە هەواکەش شێوازێکی زانستی هەیە پێویستە پەیڕەوبکرێت ئەویش بریتییە لە دانانی “فیلتەری تایبەت بە پاککردنەوە یان ئەو هەوا پیسەی لەکارگەکانەوە دێتە دەرەوە دوبارە بۆ گەرمیی خوودی کارگەکە بەکاربهێنرێتەوە”.

ساڵح رەمەزان شاباز کە موختاری گوندی باستکێیە وایدەبینێت “ئەگەر خاوەنی کارگەو پاڵاوگەکان بیانەوێت زۆر رێگا هەن بۆ کەمکردنەوەی ئەم هەوا پیسە، وەك بەکارهێنانی ئامێرێك بە ناوی شەمع کە هەڵدەسێت بە فلتەرکردنی هەوای پیس و دەردانی بەشێوەی ئاگر واتە سوتاندنی نەوت و بۆنی پیسبو، لە کاتی کارکردنی ئاسایی رۆژانەدا بۆ چەند کاتژمێرێك ئەم ئامێره بەکاردێنن”. 

زانیارییەکیش ئاشکرا دەکات کە هەر کارگەیەك پێویستی بە یەك دانە لەو ئامێرە هەیە و نرخی هەر ئامێرێكیش 10 هەزار دۆلارە، بەڵام بەداخەوە دەڵێت”کارگەکان ئێواران لەدوای  تەوابونی کار، ئامێرەکە دەکوژێننەوە ئیتر لەوێوە خەڵکی گوندەکە دەبێت هەوا پیسکە هەڵمژن”.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆك لەماوەی چوار ساڵی رابردودا نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە بەهەمو جۆرەکانییەوە (هەودان، هەستیاریی، رەبو، نەخۆشییەکانی بۆڕی هەوا و سییەکان و هتد…) لە سنووری قەزای سمێل و دەوروبەری بەرزە و لە دو ساڵی رابردودا رێژەکە زیاتر بوە.

لە ساڵی 2018 ژمارەی توشبوان گەیشتە 36152 کەس لە ساڵی 2019 لە ماوەی نێوان مانگی ئەیلول تا مانگی کانونی یەکەم ژمارەکە 32584 کەس بون، هەروەها لەماوەی ساڵی 2020دا ئەو ژمارەیە دابەزی بۆ 23280 کەس کە ئەوکاتە سەردەمی کۆرۆنا بو سەردانی نەخۆشخانەکان کەمی کردبو هاوکات بەشێكی زۆر لە کارگەکان داخرا بون، و لە 2021 جارێکی تر بەرزبوەوە و گەیشتە 30511 کەس و لە 2022 ژمارەکە زیاتر بەرزبووەوە و گەیشتوه‌تە 39494 کەس.

لە هەمانکاتدا لە ئامارەکەدا هاتوە کە “رێژەی توشبوانی شێرپەنچەی سییەکان لە ناوچەکە زیادکردوە بە شێوەیەك لە ساڵی 2018  تەنها سێ کەس توشی ئەم نەخۆشییە بون، بەڵام لە ماوەی ساڵی 2022 دا 14 کەس توشبون، ئەمەش تەنها ئەو حاڵەتانەن کە بەشێوەیەکی فەرمی تۆمارکراون”. 

د. رەمەزان هەمزە، شارەزای ستراتیجیەت و سیاسەتەکانی ئاو وردتر لەوبارەیەوە قسە دەکات و دەڵێت، “گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و نیترات لەوجۆرە گاز و ماددە سەرەکیانەن کە لە پاڵاوگە و کارگەکانی ئەو ناوچەیەدا دەردەکەون، چونکە سیستمەکەیان زۆر کۆن و سەرەتاییە و لەگەڵ سەردەمی ئێستادا ناگونجێت”.

بێجگە لەوەش ئاراستەی دانانیان دروست نییە “دەبو بە ئاڕاستەی باکور یان رۆژهەڵاتی کۆمەڵگاکە بونایە بۆ گۆڕینی ئاراستەی با”.

هەمزە هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەر کێشەی بونی پاڵاوگە و کارگەی جۆراوجور لە کۆمەڵگای کواشێ چارەسەرنەکرێت و رۆژ لە دوای رۆژ زیادبن و لە کارکردن بەردەوام بن “دەبنه هۆی بە تەواوی تێکچون و پەککەوتنی خاك و ئاوهەوای کۆمەڵگاکە و دەوروبەری و تەنانەت شاری دهۆکیش، بەم شێوەیە رۆژ لە دوای رۆژ نەخۆشییەکان زیاد دەبن”.

دانیشتوانی سمێل و دەوروبەری تا ئەوکاتەی چارەسەرێکی ریشەیی و کۆتایی بۆ ئەو کێشەیە دەدۆزرێتەوە هەڕەشەی توشبون بە نەخۆشی مەترسیدار و مردنیان لەسەرە، هەروەك ئەوەی کە رەمزییە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بێگومان هەرچەند پاشماوەی پیس زیاتر کەڵەکە بێت بەتێپەڕبونی کات بارودۆخەکە کاریگەری بۆسەر لەشی مرۆڤ خراپتر دەبێت.

خه‌لیل مه‌حمود، قائمقامی قەزای سێمێل باس له‌وه‌ده‌كات، کە هەمو  کارگە و پاڵاوگەکانی کۆمەڵگای کواشێ بەردەوام لە ژێر چاودێری و بە جێهێنانی رێنمایی حکومەتدان و پشتگوێ ناخرێن لە پێناو کەمکردنی پیسبوونی ژینگە و مەترسییەکانی، هەمو کارگەکان  مۆڵەتیان هەیە و بە رەسمی ئیش دەکەن  ‌پاڵاوگەکانی نەوتیش پێشتر چل و پێنچ  پاڵاوگەی نا یاسایی بون ئێستا تەنیا 11 ماون کە لە ژێر چاودێری و بەجێهێنانی رێنمایەکانی حکومەتدان (شارەوانی و ژینگە و سامانی سروشتی) و بە شێوەیەکی کاتی ئیش دە کەن.

ناوچەی سمێل کە ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و بەوە بەناوبانگە ئاژەڵ و مەڕوماڵاتی تێدا بەخێو دەکرێت، کەڵەکەبونی سەرچاوەکانی پیسبونی ژینگە کاریگەری خراپی بەسەر کشتوکاڵ و مەڕوماڵات دەبێت.

سه‌ڵاح رەمەزان-ی تەمەن 45 ساڵان یەکێکە لە جوتیارەکانی ئەو گوندە کە پیشەی چاندن و بەخێوکردنی مەڕۆ ماڵات بو پێش سێ سال گوندەکەی خۆی بە جێهشت و روی لە گوندێکی تر کرد ئەو وتی، “مانەوەم بێ کەڵک بو جگە لەوەی کە هەمو رۆژێک هەوای پیس هەڵدەمژین ئیتر خاکەکەی گوندەکەشمان بە کەڵک ژیان و جوتیاری نەدەهات لەم دە ساڵەدا نزیکەی شەست خێزان کە زۆربەیان هۆکارەکەی مەترسییەکانی ژینگەیە گوندەکەیان بە جێهشتوت و رویان لە گوند و کۆمەڵگاکانی تری پارێزگای دهۆک یاخود شارەکە کردوە|.

ڕاپۆرتی گێڕانەوە

Reports

ڕاپۆرتی گێڕانەوە","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":24064}" data-page="1" data-max-pages="1">