Uncategorized @ku: بازاڕی خانوبەرە لە کوردستان: زۆریی خستنەڕوو، قەیرانی نەختینە و پەککەوتنی ئاسانکاریی بانکی بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە

بازاڕی خانوبەرە لە کوردستان: زۆریی خستنەڕوو، قەیرانی نەختینە و پەککەوتنی ئاسانکاریی بانکی بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە

لە نێوان گەشەسەندنی بەرچاوی کۆمەڵگە وەبەرهێنانەکان و کەمیی نەختینەیدا، فەرمانبەران و خاوەن داهاتە سنووردارەکان لە شارەکانی خۆیاندا هەست بە نامۆیی دەکەن، لەوێدا ئاسانکارییە قەرزاوییەکان بەر واقیعی چەقبەستوویی مووچەکان دەکەون، بەمەش خانووبەرە لە پەناگەیەکی ئارامی نیشتەجێبوونەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی وەبەرهێنان کە لەلایەن سەرمایەی سیاسی و دەرەکییەوە قۆرخکراوە، ئەمەش هەزاران خێزانی جێهێشتووە کە لەژێر سەقفی کرێنشینیدا بەدوای خەونێکی دواخراودا وێڵن.

هەردی باشووری

ئاری حوسێن (48 ساڵ)، مامۆستای زمانی کوردییە لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان و باوکی سێ منداڵە. ئەو ماوەی پانزە ساڵە واتە لەو کاتەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ ئاوات محەمەدی مامۆستای سەرەتاییدا کردووە خەونی بەوەوە بینیوە ببێتە خاوەنی خانووێک، تا لە دەست تێچووی قورسی کرێچییەتی ڕزگاری بێت کە بڕستی لە بودجەی مانگانەی خێزانەکەی بڕیوە.

ئاری بە دەنگێکی توند و لە کاتێکدا سەری ڕادەوەشاند، گوتی: “چەندین جار هەوڵماندا بڕە پارەی پێشەکیی کڕینی یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە یەکێک لەو کۆمەڵگە وەبەرهێنانانە کۆبکەینەوە کە ڕیکلامەکانیان تەلەفزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە، بەڵام نەمانتوانی”.

سەبارەت بە هۆکارەکەشی ڕوونکردنەوەی دا و گوتی: “هەر کاتێک لە بەدیهێنانی ئەو خەونە نزیک دەبووینەوە، دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە دەهات و پلانەکەی لێ تێکدەداین، بە داخەوە ئێستا مووچە 45 ڕۆژ جارێک دابەش دەکرێت، ئەمەش هاوکێشەی پاشەکەوتکردنی مەحاڵ کردووە؛ چونکە ئێمە لەژێر باری گرانیی کرێی خانوو و بژێویی ژیانداین کە مانگ بە مانگ ڕوو لە هەڵکشانە”.

“ئازار و پارادۆکسەکە لە لێدوانەکەیدا لێرەدا کورت دەبێتەوە، کاتێک باسی ئەو پارەیەی دەکات کە ناوی ناوە “سەرمایەکی بەندکراو”، کۆی گشتیی ئەو مووچە پاشەکەوتکراوانەی کە خۆی و هاوسەرەکەی لای حکومەت هەیانە، دەگاتە نزیکەی 50 ملیۆن دیناری عێراقی. ئەم بڕە پارەیە وەک قەرزێکی کەڵەکەبوو لەسەر شانی حکومەت ماوەتەوە، کە دەرئەنجامی 10 ساڵ لە پەیڕەوکردنی سیستمی ”پاشەکەوتی زۆرەملێ”، لێبڕینی مووچە و دواکەوتنی بودجەیە؛ قەیرانێک کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی “سەربەخۆیی ئابووری” و فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە جیا لە حکومەتی فیدراڵ، یەخەی دارایی ناوچەکەی گرت.

ئەو بە حەسرەتەوە لەسەر ئەم دۆخە دەڵێت: “ئەم پارەیە ئەگەر ئازاد بکرێت، بەش دەکات بۆ کڕینی خانووێکی بچووکی کەم‌ڕووبەر، یان دەبێتە دابینکردنی بەشە شێرەکەی قیستی شوقەیەکی نیشتەجێبوون”.

نرخی شوقەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بە تێکڕا لە نێوان 50 بۆ 75 هەزار دۆلاردایە، ئەمەش بۆ هەر فەرمانبەرێکی کورد بڕە پارەیەکی خەیاڵییە، چونکە کۆکردنەوەی ئەو بڕە پێویستی بە زیاتر لە 20 ساڵ کارکردن هەیە.

ئاری، وەک زۆربەی دانیشتووانی هەرێم لە فەرمانبەران و کاسبکاران، گڵەیی لەو ململانێ بەردەوامە دەکات کە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان دەیکەن، کە بەهۆی هەڵاوسانی ئابوورییەوە بەرز دەبنەوە، لە کاتێکدا هێشتا هیوای خاوەندارێتی خانووێکی بچووکیان لەدەست نەداوە.

ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی زۆر لە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ فرۆشتن بە ئاسانکاریی بێوێنە لەلایەن کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی خانوبەرەوە دەخرێنە ڕوو، بەڵام لە بەرامبەردا توانای دارایی زۆربەی هاووڵاتیان زۆر لاوازە، ئەمەش بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە درێژخایەنەی بەرۆکی هەرێمی گرتووە و تێیدا حکومەت ناتوانێت مووچەی نزیکەی ملیۆنێک و250 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە کاتی خۆیدا دابەش بکات.

ئاسانکاریی گەورە و پێشوازیی کەم

بەپێی گوتەی پسپۆڕانی ئەم بوارە، شاری سلێمانی بە یەکێک لە دیارترین مەڵبەندەکانی کەرتی خانوبەرە لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بەڵام دۆخی بازاڕکردن تێیدا ڕەنگدانەوەی وێنەیەکی ئاڵۆزە لە بەربەستە ئابوورییەکان و دەرفەتە جیاوازەکانی وەبەرهێنان.

محەمەد حەمید، شارەزای بواری خانوبەرە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستادا شاری سلێمانی شایەتی ستراتیژییەتی بازاڕکردنی نەرمە کە لەلایەن کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانەوە پەیڕەو دەکرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو سستی و داکشانەی لە بازاڕدا هەیە، وەک پێشکەشکردنی “ئۆفەری سەرنجڕاکێش و ئاسان” بە پێچەوانەی ئەوەی لە ڕابردوودا هەبوو.

ناوبراو سەرنج بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە چەندین بژاردەی جۆراوجۆر بۆ نرخەکان خراونەتە ڕوو، بە شێوەیەک پێشەکییەکە لە پێنج هەزار یان دە هەزار دۆلارەوە دەست پێدەکات، لەگەڵ قیستی مانگانەی گونجاو کە لە نێوان دووسەد بۆ سێسەد دۆلاردایە. ئەمەش هەزاران فەرمانبەری دەرەوەی هەرێمی کوردستان هان دەدات کە یەکەی نیشتەجێبوون لە سلێمانی بکڕن، چونکە مووچەکانیان بە شێوەیەکی جێگیر و بەردەوام دابەش دەکرێت.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک لە کۆمپانیاکان هەوڵ دەدەن سەرنجی خاوەن داهاتە سنووردارەکان ڕابکێشن، ئەویش لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی قیستە قۆناغبەندییەکان (ئەوانەی لە کاتی چوونەپێشەوەی پڕۆژەکەدا دەدرێن) و تەنیا بەسەرکردن بە قیستی مانگانە، لەگەڵ دواخستنی بڕە پارە گەورەکە بۆ کاتی ڕادەستکردنی کلیل.

جگە لەمەش، زۆرێک لە کۆمپانیاکان “کاتی دانی قیستەکانیان بەستووەتەوە بە کاتی دابەشکردنی مووچەوە، کە هەندێک جار خولی دابەشکردنی لە هەرێمدا 45 ڕۆژ تێپەڕ دەکات، هاوکات ڕازی بوون بە وەرگرتنی قیستەکان بە دیناری عێراقی و بەپێی نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی لەبری دۆلار”.

ئەو شارەزایە پێی وایە ئەم هەنگاوانە “دەرفەتێکی دارایی درێژخایەن” بە کڕیار دەبەخشن و”باری گرانیی ناجێگیریی نرخی دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا لەسەر شانی هاووڵاتیان سووک دەکەن، سەرڕای پێداگریی ژمارەیەکی کەم لە کۆمپانیاکان لەسەر وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان بە دراوی بیانی (دۆلار)”.

زۆربەی کڕیاران لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن

سەرەڕای هەموو ئەم ئاسانکارییانە، کارمەندانی بواری خانوبەرە و عەلی حوسێنی وەبەرهێنەریش کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێشوازیی ناوخۆیی لەلایەن دانیشتووانی سلێمانییەوە هێشتا سنووردارە و تەنیا نزیکەی یەک لەسەر سێی بازاڕەکە پێکدەهێنێت، لە بەرامبەردا کڕیارانی پارێزگاکانی “ناوەڕاست و باشووری عێراق، لەگەڵ دانیشتووانی دیالە و کەرکووک” ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

عەلی حوسێن هۆکاری ئەم جیاوازییە بۆ”سەقامگیریی دارایی و ڕێکوپێکیی دابەشکردنی مووچە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەگێڕێتەوە، لە بەرامبەر ئەو تەنگژە داراییە قورسەی کە کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە”.

بە بڕوای حوسێن، کێشە ڕاستەقینەکە لە فەوتان و تەواوبوونی پاشەکەوتە کەسییەکان دایە، ئەو لەم بارەیەوە ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت:”دەیەی ڕابردوو لە کوردستان، لە ساڵی 2014وە تا ئێستا، پڕ بوو لە قەیرانی ئابووری، ئەمەش زۆربەی فەرمانبەرانی ناچار کرد ئەو پارەیەی لە ماوەی چەندین ساڵدا پاشەکەوتیان کردبوو، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بژێویی ژیانیان خەرجی بکەن. بەم هۆیەوە خەونی خاوەندارێتی یەکەیەکی نیشتەجێبوون، سەرڕای هەموو هاندەر و ئۆفەرە بازاڕکارییەکان، بۆ ئەو کەسانەی کە بە تەواوی پشت بە مووچە ناڕێک و چەقبەستووەکەیان دەبەستن، بووەتە خەونێکی مەحاڵ”.

لەلایەکی دیکەوە، شوان نەوزاد، نوێنەری یەکێکە لە کۆمپانیاکانی خانوبەرە کە خاوەنی چەندین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنانە لە ناوچەکانی (قۆلەرەیسی) و (تانجەرۆ) لە سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمپانیاکەیان ئۆفەری زۆر ئاسانی پێشکەش کردووە کە “ئاسانکاریی ناوازە بۆ هاووڵاتیان” لەخۆدەگرێت.

ئەم ئۆفەرانە بریتین لە شوقەی نیشتەجێبوون بە ڕووبەری جیاواز کە لە نێوان ٩90بۆ137 مەتردووجار، بە پێشەکییەک کە لە 5 هەزار دۆلارەوە دەست پێدەکات و دەگاتە 7 هەزار و 500 دۆلار، لەگەڵ ڕێگەدان بە بژاردنی بڕە پارەی ماوە لە ڕێگەی قیستی مانگانەوە کە لە نێوان 200 بۆ250 دۆلاردایە. هاوكات میکانیزمی وەرگرتنی قیستەکان بەپێی نرخی فەرمیی گۆڕینەوەی بانکی ناوەندیی عێراق دیاریکراوە، کە بریتییە لە 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک.

شوان نەوزاد جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆمپانیاکەیان سیستمی پێدانی بڕە پارە گەورەکانی (دەفعات) هەڵوەشاندووەتەوە، کە پێشتر لە نێوان واژۆکردنی گرێبەست و ڕادەستکردنی کلیلدا وەردەگیرا و بڕەکەی لە نێوان 10 هەزار بۆ 15 هەزار دۆلاردا بوو، لەبری ئەوە ماوەی بژاردنی قیستە مانگانەکانیان درێژکردووەتەوە تا بگاتە 60 مانگ (5 ساڵ).

خانووەکانی (فۆرم)

کەمال قادر، خاوەنی نووسینگەیەکی ڕاوێژکاری خانوبەرە لە گەڕەکی (قۆلەرەیسی) لە سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات کە بازاڕی خانوبەرە لە شارەکەدا شایەتی قۆناغێکی “ڕاستکردنەوەی ڕوونی نرخەکانە لە بەراورد لەگەڵ سێ ساڵی ڕابردوودا”. ئەمەش بە ڕوونی لەو خانووانەدا ڕەنگدەداتەوە کە نزیکەی دەیەیەک و نیو لەمەوبەر لەسەر ڕووبەری 150 مەتر دووجا و بە دوو نهۆم دروستکراون، لە کاتێکدا پێشتر نرخەکانیان لە هێڵی 100 هەزار دۆلار نزیک دەبووەوە، ئێستا پاشەکشەیان کردووە و بەپێی کوالێتی بیناسازی و شوێنی گەڕەکەکە، لە نێوان 60 بۆ 80 هەزار دۆلاردا جێگیر بوون.

ناوبراو دەشڵێت: “بابەتەکە تەنیا لەمەدا ناوەستێت، چونکە لە ناوچە نوێیەکاندا بژاردەی ئابووریتر و گونجاوتر سەرهەڵدەدەن،بە شێوەیەک خانووی هاوشێوە بە هەمان ڕووبەر و بە مۆدێلی نوێ بەردەستن کە نرخەکانیان لە 50 هەزار دۆلار تێپەڕ ناکات، تەنانەت لە ڕووبەرە بچووکترەکاندا نرخەکان دادەبەزن بۆ سنووری 40 هەزار دۆلار، ئەمەش نەرمی و گۆڕانکارییەکی نوێ لە بازاڕدا نیشان دەدات کە پێشتر باو نەبووە”.

لە دەوروبەری شاری سلێمانیدا، دیاردەیەک هەیە کە بە بازرگانیکردن بە خانووەکانی (فۆرم) دەناسرێت، ئەم ناوەش لە وشەی ئینگلیزیی (Form)ەوە هاتووە کە بە عەرەبی بە واتای (الاستمارة أو القائمة) دێت، مەبەستیش لێی ئەو خانووانەیە کە لەسەر ئەو زەوییانە دروستکراون کە بەپێی لیستی ناوی فەرمی و بە بڕیاری وەزاری، بەسەر کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکاندا دابەشکراون.

ئەم خانووانە بەوە جیادەکرێنەوە کە تازە دروستکراون و بە نرخێکی ڕێژەیی هەرزان دەخرێنە ڕوو کە لە نێوان (25 بۆ35) هەزار دۆلاردایە. ڕێکارەکانی گواستنەوەی خاوەندارێتییان لە ڕێگەی فەرمانگەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەکرێت، نەک لە ڕێگەی فەرمانگە تایبتمەندەکانی وەک شارەوانی و تۆمارکردنی خانوبەرە (تاپۆ)، ئەویش لە بەرامبەر ڕسووماتێکی کەمدا. ئەم دۆخەش وایکردووە ئەم ناوچانە لە هەندێک خزمەتگوزاریی سەرەکی بێبەش بن، وەک شەقامی قیرتاو، تۆڕەکانی ئاو و کارەبا، کە ئەمەش هۆکاری سەرەکیی کەمیی نرخەکانیانە.

کەمال قادر دەڵێت، ناوچەکانی فۆرم ئێستا بوونەتە “دیفاکتۆ” ئەمری واقیع، و ڕۆژ بە ڕۆژ لە دەوروبەری شاردا لە کشاندا و کڕین و فرۆشتنیان بە شێوەیەکی ئاسایی تێدا دەکرێت. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ کێشەیەکی یاسایی لە خاوەندارێتیاندا نییە: “زەوییەکان لە لای وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە تۆمارکراون، لەو کاتەوەی ئەم ناوچانەش دروستکراون، دانیشتووانەکەی ڕووبەڕووی چوونەدەرەوە یان ڕووخاندن نەبوونەتەوە، تەنانەت ئێستا لە هەندێک ناوچەدا ڕێکارەکانی تۆمارکردنی خانوبەرە (تاپۆکردن) بۆیان ئاسان دەکرێت”.

ئەو پێی وایە بەشێک لەو زەوییانەی بەسەر کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکاندا دابەشکراون، بەتایبەت ئەوانەی لە نزیک شەقامی سەد مەتریی بازنەیین، لە داهاتوودا دەبنە “دەرفەتێکی وەبەرهێنانی باش لە حاڵەتی تەواوبوونی ژێرخانەکەیاندا”، چونکە لە ئێستادا زەوی بە ڕووبەری (150) مەتر بە نرخێک لە نێوان (8 بۆ 15) هەزار دۆلاردا دەخرێتە ڕوو. ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم ناوچەیە دەرفەت بۆ ئەو کەسانە دەڕەخسێنێت کە (30) هەزار دۆلاریان هەیە، تا لە باری گرانیی کرێچییەتی ڕزگاریان بێت و ببنە خاوەنی نیشتەجێبوونی تایبەتی خۆیان.

سەرەڕای هەموو ئەم هاندەرە داراییانە و ئۆفەرەکانی وەبەرهێنان،”جووڵەی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە” هێشتا لە دۆخی سستیدایە، کە قادر هۆکارەکەی بۆ “کەمیی نەختینە لەلای هاووڵاتیان” دەگێڕێتەوە، چونکە بەهۆی ناڕوونیی دۆخی ئابوورییەوە، خەڵکی پێیان باشترە خۆپارێزیی دارایی بکەن و پاشەکەوتەکانیان لای خۆیان بپارێزن.

سستیی بازاڕ لە بەرامبەر زۆریی خستنەڕوودا

گوڵالە سدیق، شارەزای کاروباری ئابووری ئاماژە بەوە دەکات کە نرخی خانوبەرە لە عێراق بە گشتی، لە بەها ڕاستەقینەکەی خۆی و لە مامناوەندی توانای کڕینی زۆربەی هاووڵاتیان تێپەڕیبوو، بە شێوەیەک هەندێک ناوچە، بەتایبەت لە سەنتەری شارە سەرەکییەکاندا، شایەتی تۆمارکردنی نرخی خەیاڵی بوون کە جاران لە نرخی خانوبەرەی دەوروبەری شارە ئەوروپییەکانیش بەرزتر بوو.

ئەو شارەزایە هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە کە بە “شێتانە” ناوی دەبات، بۆ “تەشەنەسەندنی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی دەگێڕێتەوە، کە تێیدا بەرپرسانی خاوەن دەسەڵات لە ڕێگەی بریکارەکانیانەوە، ئەو پارانەیانەی لە دەستبەسەرداگرتنی ماڵی گشتییەوە بەدەستیانهێنابوو، ڕەوانەی بازاڕی خانوبەرەیان کرد بە مەبەستی کڕینی زەوی و یەکەکانی نیشتەجێبوون، ئەمەش نرخەکانی بۆ ئاستێکی بێپێشینە بەرزکردەوە”.

سەرەڕای ئەوەش، گوڵالە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستادا بازاڕەکە بەهۆی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی پێکهاتەیییەوە دەستی بە پاشەکشە و دابەزینی نرخەکان کردووە، کە دیارترینیان بازدانی بەرچاوە لە ژمارەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی ستوونی (شوقە) و زیادبوونی خستنەڕووی شوقەکان، بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی، ئەمەش قۆرخکاریی لە کەرتی خانوبەرە تەقلیدییەکاندا شکاند و چەندین بژاردەی دیکەی نیشتەجێبوونی هێنایە ئاراوە.

هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، “داکشانێکی توند لە توانای کڕینی هاووڵاتیاندا هەیە، ئەمەش بەهۆی کەڵەکەبوونی قەیرانەکانی بژێویی ژیان لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا، کە بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە و ئەو سستییە ئابوورییە گشتییەی بەسەر هەرێمدا زاڵ بووە، زیاتر قووڵ بووەتەوە”.

ئەو شارەزایە سەرنج بۆ هۆکاری “تێربوونی بازاڕی خانوبەرە”ش ڕادەکێشێت؛ بە جۆرێک لە پاڵ هۆکارە ئابووری و سیاسییەکاندا، ڕێژەی خاوەندارێتی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیادی کردووە، ئەمەش توندیی داواکارییە بەردەوامەکانی کەم کردووەتەوە.

ناوبراو لە کۆتاییدا دەڵێت: “ئەم ئاوێتەبوونە لە نێوان زیادەی خستنەڕوو، لاوازیی نەختینەی دارایی لای چینی مامناوەند، و کەمبوونەوەی ئارەزووی وەبەرهێنەران، لە ئێستادا واقیعێکی نوێ دەسەپێنێت کە ڕێڕەوی ئەو نرخە هەڵاوساوانە ڕاست دەکاتەوە کە ساڵانێکی درێژ لەژێر سێبەری سەرمایە سیاسییەکاندا بەسەر بازاڕدا زاڵ ببوو”.

 9 هەزار شوقە بۆ 28 هەزار داواکار: کێبڕکێی توندی کەمدەرامەتان لەسەر نیشتەجێبوون

بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، تەنیا کەرتی خانوبەرە (%29.24.)ی کۆی گشتیی سەرمایەی وەبەرهێنانەکانی هەرێمی کۆنتڕۆڵ کردووە، بە جۆرێک (216) پڕۆژەی فەرمیی تۆمارکردووە. هاوکات ئاماژە بەوەش دەکرێت کە ژمارەی ڕاستەقینەی پڕۆژەکان زۆر لەمە زیاترە، ئەوەش بەهۆی ڕووبەکردنی وەبەرهێنەران بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لە وەزارەتەکانی دیکە، لەو حاڵەتانەی کە زەوییەکان بەشێوەی شەخسی موڵکی خۆیان بووە.

لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی، عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی ئاشکرای کرد کە نزیکەی (90) هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ڕێگەی کەرتی وەبەرهێنانەوە جێبەجێ کراون، کە تا ئێستا (60) هەزار یەکەیان تەواو کراون.

ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە (86) مۆڵەت بە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی دراوە، کە (50) کۆمەڵگەیان بەتەواوی کۆتاییان هاتووە و (36) کۆمەڵگەش هێشتا لە قۆناغی جێبەجێکردن دان. ئاماژە بەوەش دەکات کە قەبارەی وەبەرهێنانی دارایی لەم پڕۆژانەدا نزیکەی (22) ملیار دۆلار بووە، و سەرجەمیان بە ڕێژەی (%100) لەلایەن وەبەرهێنەرانی ناوخۆییەوە جێبەجێ کراون.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم بازدانە لە کەرتی وەبەرهێناندا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون لەسەر هێڵێکی خزمەتگوزاری کاردەکات بە ئامانجی دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خاوەن داهاتە سنووردارەکان؛ لەم بارەیەوە توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت ڕایگەیاند کە نزیکەی(60) هەزار هاووڵاتی داواکارییان بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون پێشکەش کردووە، دوای وردبینیکردنیش فۆرمی(26)هەزار کەسیان وەرگیراوە، بەڵام ئەو ژمارەیەی کە پلانی بۆ دانراوە بۆ دروستکردن، تەنیا 9004 شوقەیە.

ئەم شوقانە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆ جیاوازەکانی کوردستاندا دابەش کراون، سلێمانی شێری شێرپەنجەی بەرکەوتووە و زۆرترین پشکی پێدراوە کە (3876) شوقەیە، لە دوای ئەویش هەولێر بە (1356) شوقە، پاشان دهۆک بە (2116) شوقە دێت، پشکەکانی دیکەش بەسەر هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ و سۆراندا دابەش بوون.

ئەم پڕۆژەیە چەندین ساڵە ڕووبەڕووی کێشەی تەواوکردن و دابەشکردنی شوقەکان بووەتەوە بەهۆی نەبوونی تەرخانکردنی دارایی پێویست، سەرڕای ئەوەی ڕێژەی جێبەجێکردنی هەندێک لە پڕۆژەکان گەیشتووەتە (%95)، چونکە کۆتاییهێنان بە سەرجەم شوقەکان پێویستی بە بودجەیەکی دارایی هەیە کە بە (267) ملیار دینار دەخەمڵێندرێت. دەستپێکردنەوەی کارەکانیش گرێدراوە بە دابینکردنی بودجەی پێویست، کە لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەردەست نییە.

200  هەزار کرێنشین لە کوردستاندا

ئامارەکانی کۆمەڵەی کرێنشینان ئاماژە بە بوونی نزیکەی (200) هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستاندا دەکەن، هاوکات شارەزایان دەڵێن ژمارەیەکی هاوشێوەش هەن کە بەهۆی نەبوونی توانای دارایی بۆ کرێکردنی خانووی سەربەخۆ، ناچارن لەگەڵ خێزانەکانیاندا لە دۆخێکی سەختدا بژین؛ ئەمەش جیاوازییە گەورەکەی نێوان خستنەڕووی سستی حکومی و پێداویستیی ڕاستەقینەی کەرتی نیشتەجێبوون نیشان دەدات.

لەسەر ئاستی یاسایی و دارایی، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی سلێمانی ڕوونکردنەوەی دا کە یاسای وەبەرهێنانی ژمارە (4)ی ساڵی 2006، ئاسانکاریی بەرفراوان پێشکەش دەکات، لەوانە لێخۆشبوونی باج و گومرگی بۆ ماوەی10ساڵ، لەگەڵ دابینکردنی زەوی بەخۆڕایی (بێبەرامبەر) لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی بۆ شارەکە لەلایەن وەبەرهێنەرەوە.

لە کاتێکدا بەشی ئابووری لە دەستەی وەبەرهێنان، نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەپێی لێکۆڵینەوەی سوودی ئابووری و پێوەرەکانی بیناسازی دیاری دەکات، کاسترۆ مەعرووف، ئەندامی پێشووی لیژنەی وەبەرهێنان پێی وایە ئەم پڕۆژانە لە پلەی یەکەمدا لە خزمەت وەبەرهێنەرەکاندان،ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون کە لە نێوان (60 بۆ 160) هەزار دۆلاردان، پێداویستییەکانی چینی هەژار و خاوەن داهاتە سنووردارەکان دابین ناکەن، ئەمەش سەرڕای ئەو ئیمتیازانەی کە وەبەرهێنەر لە دەوڵەت وەریدەگرێت.

لەلایەکی دیکەوە، وەبەرهێنەرێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، پێی وایە سەقامگیریی ئەمنی، ژینگەی کۆمەڵایەتی- ڕۆشنبیری و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان، هۆکاری هاندەرن بۆ وەبەرهێنان و قازانجەکانیش هێشتا لە ئاستێکی پەسەنددان، ئەوەش سەرڕای ئەو ئاستەنگانەی کە بەهۆی “پاشەکشەی توانای کڕین لە کوردستان” و ناجێگیریی نرخی گۆڕینەوەی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی هاتوونەتە ئاراوە.

ئەو وەبەرهێنەرە ڕوونی دەکاتەوە کە ناجێگیریی نرخی گۆڕینەوەی دراو، باڵی بەسەر بازاڕی خانوبەرەدا کێشاوە و توانای دارایی هاووڵاتیانی لاواز کردووە، ئەمەش جۆرێک لە شڵەژانی لە مامەڵەکردنی نێوان دراوی ناوخۆیی و بیانیدا دروستکردووە؛ قەیرانێک کە دەرهاویشتەکانی تا ئێستاش وەک بارێکی گران بەسەر شانی ئەم کەرتەوە ماونەتەوە.

زۆربەی کڕیاران لە دەرەوەی شاری سلێمانین

بەرهەم قەرەداغی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان، ئەو تەوژم و گەشەسەندنە تەلارییەی کە شاری سلێمانی بەخۆیەوەی دەبینێت، وەک ڕوواڵەتێکی وەبەرهێنان پێناسە دەکات کە “لە پشت خۆیەوە دوورخستنەوەیەکی سیستماتیکی چینی زەحمەتکێشی دانیشتووانی شارەکە دەشارێتەوە”.

ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو پڕۆژانەی کە بە گوتەی ئەو “ئاسۆی شارەکەیان تەنیوە”، سەرڕای “ئەو درەوشانەوەیەی کە لە سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەخرێتە ڕوو، لە ڕێڕەوە مرۆیی و خزمەتگوزارییەکەی خۆیان لایانداوە و گۆڕاون بۆ کاڵایەکی وەبەرهێنان کە فەرمانبەران یان خاوەن داهاتە سنووردارەکان تەنانەت ناوێرن خەون بە خاوەندارێتیشیانەوە ببینن”.

سەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێت، ئەو قسانەی کە باس لە پێشکەشکردنی ئاسانکاریی دارایی لەلایەن کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانەوە دەکەن: “لەگەڵ ئەو واقیعە تاڵەدا ناگونجێن کە هاووڵاتیان دەستبەجێ دوای واژۆکردنی گرێبەستەکە ڕووبەڕووی دەبنەوە، چونکە خۆیان لەژێر باری فشارێکی دارایی قورسدا دەبیننەوە کە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر سەقامگیریی بژێویی ژیانیان”، هاوكات ئاماژە بەوەش دەکات کە ڕادەستنەکردنی پڕۆژەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا، کێشەیەکی دیکەی سەرەکییە.

لەو بارەیەوە ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: “کڕیار ناچار دەبێت مانگانە کرێی خانوو بدات کە لە 300 هەزار دینار کەمتر نییە، لە هەمان کاتیشدا داوای لێدەکرێت قیستی مانگانەی پڕۆژە نوێیەکان بدات کە لە نێوان 200 بۆ 400 دۆلاردایە، ئەمەش بارگرانییەکی داراییە کە لە سەرووی توانای ئەم چین و توێژانەوەیە، و بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخی سستی لەم پڕۆژانەدا”.

قەرەداغی پێی وایە دەرچە بۆ ڕزگاربوون لەم “قەیرانە” بریتییە لە دەستێوەردانی حکومەت لە ڕێگەی کاراکردنەوەی (سندووقی نیشتەجێبوون) وەک ئەوەی لە ڕابردوودا پەیڕەو دەکرا، بە جۆرێک “دەوڵەت بەشداری بکات لە دابینکردنی بودجەی بیناسازی و پاشان دوای ڕادەستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون، بڕە پارەکان لە ڕێگەی قیستی درێژخایەنەوە کە بگاتە 20 ساڵ لە هاووڵاتیان وەربگرێتەوە، لەبری ئەو ماوە کورتەی کە لە نێوان سێ بۆ پێنج ساڵدایە و ئێستا لەلایەن کۆمپانیاکانەوە دەسەپێندرێت”.

بەرهەم قەرەداغی ئاشکرای دەکات کە ڕێژەی ئەو هاووڵاتییە خۆجێییانەی دانیشتووی سلێمانین و ئەم یەکەی نیشتەجێبوونانە دەکڕن، لە زۆربەی پڕۆژەکاندا لە (%10) تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا (%90 )ی کڕیارەکان ئەو هاووڵاتیانەن کە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون، کە لە نێوانیاندا بازرگان و کەسانی دەوڵەمەند هەن و هەندێکیان لای خۆیانەوە تەواوی باڵەخانەکانیان کڕیوە، ئەوەش بەهۆی ئارەزووی گەڕخستنی سەرمایەکانیان لە دەرەوەی سیستمی بانکی کە متمانەیان پێی نییە.

سەبارەت بە ئامارە فەرمییەکانی لای کۆمەڵەکە، ناوبراو ئاماژە بە بوونی نزیکەی (34) هەزار خێزانی کرێنشینی تۆمارکراو لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا دەکات، بەڵام دانی بەوەدا نا کە ژمارەی ڕاستەقینە “زۆر لەمە زیاترە”، چونکە چەندین خێزان هەن کە ناویاندا لە تۆمارەکانی کۆمەڵەکەدا تۆمارنەکراوە.

فەرمانبەران بەدەم چاوەڕوانیی چەندین دەیەوە و حکومەتیش تەماشاچییە

سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان ڕەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت بەهۆی “نەبوونی جدییەت لە چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبووندا” و وەک بەڵگەیەکیش ئاماژە بە دۆسیەی ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانە دەکات کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون لە ساڵی (2012)ەوە دروستی کردوون و ژمارەیان (9000) یەکەیە.

ناوبراو دەڵێت: “سەرڕای ڕاگەیاندنی لیستی ئەلیکترۆنی بۆ دابەشکردنی یەکەکان لە ساڵی (2023)دا، بەڵام تا ئێستاش ئەم یەکانە ڕادەستی شایستەکانیان نەکراون، جگە لەوەی زۆربەیان بێبەشن لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان”. لە کۆتایی قسەکانیشدا تیشک دەخاتە سەر بوونی (3620) یەکەی نیشتەجێبوون لە ناوچەکانی (سیتەک و زڕگوێز) کە دابەشکردنیان بەهۆی هۆکارگەلێکی نادیارەوە تا ئێستاش پەکیکەوتووە.

تاهیر خواکەرەم (53 ساڵ)، فەرمانبەر لە فەرمانگەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە سلێمانی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بیست و دوو ساڵ خزمەتی فەرمانبەریی نەیتوانیوە بڕەخسێنێت ببێتە خاوەنی نیشتەجێبوونی تایبەت بە خۆی وهاوسەرەکەی و چوار منداڵەکەی. ئەو ئێستا لە ململانێدایە لەگەڵ باری گرانی بژێویی ژیان کە بڕستی لێ بڕیوە، سەرڕای تێچووی کرێی خانوو کە مانگانە 350 هەزار دینارە.

خەونی خاوەندارێتی خانوو، لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی وەک فەرمانبەر لە ساڵی 2004دا لە مێشکیدا چەکەرەی کرد،لە ساڵی 2006دا یەکەم دەرفەت دەرکەوت کاتێک حکومەت دابەشکردنی زەویی ڕاگەیاند، ئەویش پەلەی کرد لە پڕکردنەوەی فۆرمەکە، بەڵام زمانی ژمارەکان و سیستمی خاڵبەندی “زۆر دڵڕەق بوون”.

دابەشکردنی زەوییەکان بەپێی میکانیزمی ئەژمارکردنی خاڵەکان بوو بۆ دیاریکردنی لەپێشینەیی، تاهیر لەو کاتەدا تەنیا (11) خاڵی بەدەستهێنا، کە بەم شێوەیە ئەژمار کرابوون: (بڕوانامەی بەکالۆریۆس 4 خاڵ، هاوسەر 2 خاڵ، هەر ساڵێکی خزمەت 1 خاڵ، لەگەڵ ژمارەی منداڵەکان کە ئەو کاتە 3 منداڵ بوون و بۆ هەر منداڵێک 1 خاڵ دیاریکرابوو).

بەپێی ئەم میکانیزمە، بڕیاردرا زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت و پێشینەی خانووبەرەشیان بگرێتەوە، بەڵام زەوییەکان بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشکران کە کەمترین ئاستی خاڵەکانیان (15) خاڵ بوو، بۆیە ناوبراوی نەگرتەوە و لەسەر لیستی چاوەڕوانی مایەوە بە بەڵێنی “ژمارەیەکی دیکەی داهاتوو” کە تەنانەت دوای بیست ساڵیش هەرگیز نەهات.

ئەم زەوییانە لەو کاتەدا دابەشکران کە دوو ئیدارەیی و دوو حکومەتی لە کوردستاندا هەبوو، ئیدارەیەک لە سلێمانی و ئەوی دیکە لە هەولێر، بەڵام کاتێک لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2006دا هەردوو ئیدارەکە لە هەرێمی کوردستاندا یەکخران و حکومەتی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا و نێچیرڤان بارزانی بوو بە سەرۆکی حکومەت، بڕیاردرا دابەشکردنی زەوی ڕابگیرێت و ئاڕاستەکە بەرەو دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون (شوقە و خانوو) بڕوات.

“تاهیر” تەسلیمی بێئومێدی نەبوو، قیبلەنمای هیوای خۆی ئاڕاستەی پڕۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوون و ئەو شوقانە کرد کە حکومەت لەو مێژووەوە (واتە لە ساڵی ٢٠٠٧) ەوە بەڵێنی بە فەرمانبەران و مامۆستایان دابوو. دیمەنەکە وەک خۆی دووبارە بووەوە، فۆرمی نوێ، وردبینیکردن لە خاڵەکانی “ساڵانی خزمەت، بڕوانامە و ژمارەی منداڵەکان”، بەڵام ئەنجامەکە وەک جارەکەی پێشوو نائومێدکەر بوو.

بەم شێوەیە تاهیر بەهۆی کەمیی خاڵەکانی و ساڵانی خزمەتییەوە نەیتوانی یەکەیەکی نیشتەجێبوون بەدەستبهێنێت، ڕیزە درێژەکانی ئەو کەسانەی پێشتر سوودمەند نەببوون، دەرفەتە بەردەستەکانیان لەبەردەم چاویدا قووت دەدا، و ئەیانمایەوە لەگەڵ تاڵیی کرێچییەتی و میزاجی خاوەن خانووەکاندا بجەنگێت، تەنانەت وەک خۆی دەڵێت: “خەریک بوو ژمارەی ئەو جارانەم لەبیربچێتەوە کە کەلوپەلەکانم کۆکردووەتەوە بۆ گواستنەوە لە خانوویەکەوە بۆ خانوویەکی دیکە”.

لەگەڵ سەرەتای ساڵی 2025دا، بە بڕیارێکی نوێی حکومەت بۆ دابەشکردنی زەوی، هیواکان نوێ بوونەوە، سەرڕای ئەوەی شوێنە پێشنیارکراوەکان لە دەوروبەری دووری شاری سلێمانین و بەهای بازاڕییان “زۆر کەمە” وەک خۆی دەڵێت، بەڵام بە دەرفەتێکی نوێی دەزانی.

بەم شێوەیە بە ڕەسیدێکی خاڵەوە کە لە (26) خاڵ تێپەڕیبوو چووە ناو کێبڕکێیەکە، بەڵام شۆکەکە دووبارە چاوەڕوانی دەکرد، چونکە “سوپایەک لە فەرمانبەران و مامۆستایان هەبوون کە خاڵەکانیان لە سنووری )45( خاڵ تێپەڕیبوو، و ماوەی سێ دەیەیە بێ خانووی موڵکی خۆیان ماونەتەوە، بۆیە لەپێشینەیی جارێکی دیکە بۆ ئەوان بوو”.

کەمێک بیر دەکاتەوە و لە کاتێکدا دەستەکانی لەسەر سنگی لێک دەنێت، دەڵێت: “دەبێت جارێکی دیکە چاوەڕوان بم، کێ دەزانێت، ڕەنگە لە تەمەنی خانەنشینیدا دەرفەتێکی خاوەندارێتی نیشتەجێبوون لە نیشتمانەکەمدا بەدەستبهێنم، ئەوەش بۆ یەکەمجار لە ژیانمدا!”.

Uncategorized @ku

Uncategorized @ku","field":"name"}],"number":1,"meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":34795}" data-page="1" data-max-pages="1" data-start="1" data-end="1">