لە چایخانەیەکی شەقامی “سالم” لە ناوەندی شاری سلێمانی، ئیحسان مەلا فوئاد، ڕۆژنامەنووسی کورد، بە وردی سەرنجی لەو شاشەی تەلەفزیۆنە گرتبوو کە بە دیوارەکەوە هەڵواسرابوو، ئەو لە نێوان ناسراوترین کەناڵە ئاسمانییەکانی کوردستاندا کناڵبەقاڵێی دەکرد و چاودێریی ڕوماڵە “بەرگریكار و هێرشبەرانە”کانیانی دەکرد، لە ناو کەشێکی بارگاوی بە گرژیی سیاسی و ئاڵوگۆڕی تۆمەت لە نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێم سەبارەت بە بەرپرسیارێتی پەکخستنی ژیانی سیاسی.
ئیحسان بەزەردەخەنەیەکەوە وتی: “ئەم کاتانەی ئێوارە لوتکەی کاتەکانی بینینن، کەناڵەکانیش گرنگترین بڵاوکراوەی هەواڵەکانیان پێشکەش دەکەن کە قورسترین پەیامەکانیانی تێدایە.. سەیرکە، هەموو شتێک ناوازەیە، ستۆدیۆ گەورەکان بە دیکۆری شیک و ڕووناکی سەرنجڕاکێش و مۆسیقای جۆشاوەوە، وردەکاریی بێوێنە لە دەنگ و ڕەنگدا، لێهاتوویی لە دەرهێناندا، هەروەها پێشکەشکارانی شۆخوشەنگ بە جلی فەرمی و ڕێکپۆشەوە.. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دەنگوباسەکان هەواڵ نین، بەڵکو ڕیکلامی پارەبۆدراون”.
چەقبەستوویی سیاسی ولەشکری میدیایی
بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی کوردستان کە ئەنجامە یەکلاکنەرەوەکانی بوونە هۆی داخرانی پەرلەمان و پەککەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، پارتە سەرەکییەکان کەوتنە ناو زنجیرەیەک گەڕی ئاڵوگۆڕی تۆمەتەوە، کە تێیدا دەیان دەزگای ڕاگەیاندنی سەرەکییان (ئاسمانی، ڕادیۆ، و سەکۆ دیجیتاڵییەکان) بە توندی و پەرۆشییەوە بەشدارییان تێدا کرد.
ئەم کەمپینە میدیاییانە، لە ڕێگەی بڵاوکراوەکانی هەواڵ و بەرنامە گفتوگۆییەکانەوە، تەنها لە سنووری ڕەخنەی سیاسی و ناردنی پەیامی ناڕاستەوخۆدا نەوەستانەوە، بەڵکو وەک هەمیشە و لە ڕێگەی شەپۆلەکانی “هەواڵ و پۆستی چەواشەکارانە و ساختە” کە لەلایەن سوپا میدیاییە حزبییەکانەوە بڵاودەکرانەوە، گەیشتنە ئاستی تۆمەتبارکردن بە خیانەت و تەنانەت بەرزکردنەوەی “ناونیشانگەلێک” کە پڕوپاگەندەیان بۆ بیرۆکەی گەڕانەوەی سیستمی دووئیدارەیی لە کوردستاندا دەکرد.
ئیحسان، کە ڕاهاتووە کاتەکانی ڕۆژی لەگەڵ هاوپیشەکانیدا لە چایخانەیەکی دیاریکراودا بەسەر ببات، دوای ئەوەی خۆی لە نێو ئەو دۆخەدا بینییەوە کە پێی دەڵێت “خانەنشینی زۆرەملێ” ئەویش بەهۆی ئەو وەرچەرخانە میدیاییانەی هەرێم بەخۆیەوە بینیویەتی پێی وایە ئەم شەڕە حزبییە میدیاییەی ئێستا “گەڕانەوەی هەمان زمانی شەڕی ناوخۆیە کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا باڵادەست بوو”، بەڵام ئێستا بە بەکارهێنانی میدیایەک کە خێراتر دەگات، کاریگەریی بەهێزترە و بەربڵاوترە، لە هەمان کاتدا کەمتر ورد و بابەتییە، و بە ئەجێندای حزبیی دوور لە هەموو بنەما پیشەیییەکان بەڕێوە دەبرێت.
مەلا فوئاد دوای ساڵانێکی درێژ لە کارکردنی ڕۆژنامەنووسی، کارەکەی لەدەستدا کاتێک ئەو دامەزراوە میدیاییەی لێی دەستبەکاربوو کە سەر بە سەرمایەدارێکی ناسراوی سلێمانی بووداخرا، و نەیتوانی کارێکی دیکە بدۆزێتەوە کە لەگەڵ بیروباوەڕ و ئاڕاستەکانیدا بگونجێت.
ئەو پێی وایە، هەرچەندە خۆی و زۆرێک لە هاوپیشەکانی لەناو ئەم “خانەنشینییەدا” دەژین، بەڵام ئەمە زۆر باشترە لە کارکردن بۆ بەرەیەکی حزبی. لە کاتێکدا چرچی دەکەوتە سەر رووخساری، لە کۆتاییدا وتی:”باشە کە ئێمە بەشدار نین لە گۆڕینی ڕاگەیاندن لە مینبەرێکی ئاشکراکردن و لێپرسینەوەوە بۆ تەنها سەکۆیەکی پڕوپاگەندە و بانگەشە”.
مەینەتیی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ
زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی کورد، نائومێدانە دەڕواننە واقیعی ڕاگەیاندنی کوردی، سەرەڕای ئەوەی بودجە و تەرخانکراوە داراییەکان دەیان جار زیادیان کردووە و ژمارەی سەکۆ میدیاییەکانیش ڕووی لە زیادبوون کردووە. نووسەر و ڕۆژنامەنووس، حوسێن ئەسکەندەر، دەڵێت کە زۆرینەی هەرە زۆری ئەم دەزگایانە خاوەندارێتییان بۆ پارتە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە و وەک ئامرازی بانگەشە بەکاریان دەهێنن، دەرگاکانیشیان بە ڕووی هەر کەسێکدا داخراون کە بە بوێرییەوە بنووسێت یان هەوڵی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و بەدواداچوون لە دۆسیەکانی گەندەڵی و خراپیی بەڕێوەبردندا بدات.
ئەسکەندەر کاتێک پێدەکەنێت، دەڵێت: “ئەم جۆرە کەسانە لە زۆربەی دامەزراوە میدیاییەکاندا، چ حزبییەکان یان ئەوانەی لە ژێر سێبەردا هاوکارییان دەکەن، پێشوازییان لێناکرێت.. چی چاوەڕوان بکەین لە سەکۆگەلێک کە بە پارەی بێسەرچاوە بەڕێوە دەبرێن و کەس نازانێت موازناتەکەیان چەندە، و ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانیشیان دژبەیەک و ناكۆکن لەگەڵ هەڵوێستە ڕاستەقینەکانیاندا؟.. ئایا دەکرێت ئەمانە ببنە دەنگی ڕاستی؟”.
ئەو ئاماژە بەوەش دەکات کە ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ بەدەست دۆزینەوەی سەکۆیەکی میدییاییەوە دەناڵێنن کە قبووڵیان بکات، ئەوەش لەبەرامبەر مووچەیەکی کەمدا کە زۆرجار ناگاتە چارەکی مووچەی ڕاگەیاندنکارانی حزب؛ ئەوان تێدەکۆشن بۆ ئەوەی نەبنە دەنگی بەرە حزبییەکان.
هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان، بەردەوام لە ڕێگەی نووسینی وتار یان کۆمێنت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕەخنە لە واقیعی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان دەگرن. ڕۆژنامەنووس فەرمان سادق دەڵێت کە پارتە کوردییە دەسەڵاتدارەکان چیتر بەدوای ڕۆژنامەنووسی بەئەزموون و پیشەییدا ناگەڕێن کە دەنگی شەقام بگوازنەوە، یان تەنانەت کەسانێک کە خاوەن دیدگای نەتەوەیی بن، بەڵکو ئەوان تەنها ڕوخساری میدیاییان دەوێت کە بەپێی بەرنامە و ئەجێندای ڕیکلامی حزبی کار بکەن، ئەو بابەتانە زەق بکەنەوە کە حزب دەیدەوێت و ئەوانەش بشارنەوە کە حزب نایەوێت نیشان بدرێن.
پارەی سیاسی.. پڕوپاگەندە و ڕیکلام
ڕۆژنامەنووسێکی دیاری کورد کە پێی باش بوو ناوی ئاشكرا نەکرێت، دەڵێت کە ڕاگەیاندنی کوردی لە دوو دەیەی ڕابردوودا وەرچەرخانی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە؛ چیتر خەم و کێشەکانی خەڵک بەرنامەی دامەزراوە گەورەکان دیاری ناکەن، گوتاری نەتەوەیی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیش کاڵ بوونەتەوە، هاوکات ئەخلاقیاتی کارکردن لەرزۆک بووە و سەکۆ میدیاییەکان تەنها بەدوای بینەر و فۆڵۆوەردا دەگەڕێن نەک ڕاستی و کاریگەری.
ئەو دەڵێت”:پارتەکانی دەسەڵات ئێستا ڕۆژنامەنووسێکیان دەوێت کە زیاتر لە ڕاگەیاندن، شارەزای پڕوپاگەندە بێت.. ڕوخسارگەلێکیان دەوێت قبووڵی بکەن کە ڕۆژنامەگەری تەنها پیشەیەک بێت بۆ پەیداکردنی پارە، نەک پەیام و بەرپرسیارێتی. ئەوان زۆرێک لەم جۆرە کەسانەیان دۆزیوەتەوە و لە پێگەی بەرپرسیارێتیدا دایانناون لەو کەناڵە سێبەرانەی کە لەلایەن پارەی سیاسییەوە سەرپەرشتی دەکرێن و لە ڕووداوەکاندا زۆرێک لە ڕێسا پیشەیی و ئەخلاقییەکان دەبەزێنن”.
ئەو پێی وایە ئەم جۆرە ڕاگەیاندنە، تەنانەت ئەگەر ملیۆنان بینەریشی هەبێت، ناتوانێت ببێتە دەسەڵاتی چوارەم بۆ چاودێریکردن و لێپرسینەوە. هەروەها دەڵێت: “ئەم میدیایە ناتوانێت ڕای گشتییەک دروستبکات کە ڕێڕەوە چەوتەکان ڕاستبکاتەوە یان فشار بکات بۆ بنیاتنانی هەڵوێستێکی سیاسیی نیشتمانی؛ ئەمە تەواو پێچەوانەی ئەو ڕاگەیاندنەیە کە ئێمە خەونمان پێوە دەبینی”.
داڕمانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و سەرهەڵدانی میدیای سێبەر
ڕۆژنامەنووسان پێیان وایە ئەو پارە سیاسییەی کە دارایی دەیان سەکۆی میدیایی لە هەرێمی کوردستان دابین دەکات، کێشەکانی ڕۆژنامەگەری قووڵتر کردووەتەوە و کۆتایی بەو “ڕاگەیاندنە سەربەخۆیە” هێناوە کە هەوڵی دەدا خۆی دارایی خۆی دابین بکات. بەم شێوەیە، ڕێژەی هەرە زۆری ڕاگەیاندنی کوردی بووەتە حزبیی پەتی، لە کاتێکدا میدیا سەربەخۆکان داڕمان و دەرگاکانیان داخران.
لە دوای ڕاپەڕینی 1991 و لەدایکبوونی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی و کارگێڕی، بەهۆی لاوازیی دامەزراوە نیشتمانییە کۆکەرەوەکان و باڵادەستیی بیرکردنەوەی حزبی لە بەڕێوەبردندا، هیچ ئاژانسێکی هەواڵی فەرمی یان دەزگایەکی ڕاگەیاندنی گشتی دانەمەزرا کە دەنگی هەرێمەکە بێت نەک دەنگی پارتەکانی. لەگەڵ توندبوونی ململانێ حزبییەکان، ڕاگەیاندنی حزبی باڵادەست بوو، پێش ئەوەی لە دەیەی ڕابردوودا وەرچەرخانێک ڕووبدات؛ ئەویش بە سەرهەڵدانی ئەو ڕاگەیاندنەی کە لەلایەن کەسایەتییەکانی ناو پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە دارایی دەکرێت میدیای سێبەر کە ئێستا بەهۆی ڕشتنی دەیان ملیۆن دۆلار تیایدا، بووەتە میدیای باڵادەست.
لە گەشەسەندنی دیموکراسییەوە بۆ قەیرانی میدیایی
لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕۆژنامە کاغەزییە سەربەخۆکان دەرکەوتن کە لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی پیشەیییەوە بەڕێوە دەبران. ئەوان دیاردەیەکی میدیایی کاریگەریان دروستکرد کە نزیکەی دەیەیەک بەردەوام بوو، ئەمەش بەهۆی سوودوەرگرتن لە کەشی ئاشتی، ململانێی حزبی، و سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سایەی دیموکراسییەکی ساوادا کە دەسەڵاتێکی کارا و ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزی لەخۆدەگرت. بەڵام ئەو ڕۆژنامانە پێگەی خۆیان لەدەستدا لەگەڵ پاشەکشەی پڕۆسەی دیموکراسی و کەوتنی هەرێمەکە ناو گێژاوی قەیرانە سیاسی، ئەمنیی و ئابورییە یەک لەدوای یەککان.
ڕۆژنامەنووس نەوزاد ئەحمەد پێی وایە کە پارتە دەسەڵاتدارەکان لە دوای ساڵی 2013، دەرفەتی سستبوونی پڕۆسەی دیموکراسی و میکانیزمەکانی چاودێری و لێپرسینەوە، لەگەڵ پاشەکشەی دامەزراوە میدیاییە سەربەخۆکانیان قۆستووەتەوە؛ بە جۆرێک “دەیان کەناڵ و وێستگەی تەلەفزیۆنییان دامەزراند کە بە ناوی خۆیانەوە قسە دەکەن، جگە لە کەناڵەکانی دیکە کە لە ژێر سێبەری ئەواندا و بە بودجەی زەبەلاح کار دەکەن، بۆ ئەوەی ڕۆڵی پڕوپاگەندەیی یان هێرشبەرانە بگێڕن کە ڕەنگە کەناڵەکانی دیکە نەتوانن ئەنجامی بدەن”.
1700دەزگای ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان
بەپێی ئامارێکی نیمچە فەرمی لە سەرچاوەیەکی بەرپرسی حکومییەوە، کە بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی لێدواندان داوای کردووە ناوی نەهێندرێت، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 1700دەزگای ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و دەرەکی هەن؛ لەوانە: بینراو (کەناڵە ئاسمانی و ناوخۆییەکان)، بیسراو (ڕادیۆکان)، و خوێندراوە (ڕۆژنامە، گۆڤار و ماڵپەڕە هەواڵییە ئەلیکترۆنییەکان). زیاتر لە 90٪ی دەزگا ناوخۆییەکان خاوەندارێتییان بۆ لایەنە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە و بە شێوازی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن حزبەوە تمویل (بودجە دابینکردن) دەکرێن.
ڕۆژنامەنووسانی کورد، لەنێویاندا ئازا ئیبراهیم، سەرنووسەری تۆڕی میدیایی KNNی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان، پێیان وایە کە بوونی سەدان دامەزراوەی ڕاگەیاندن، ئەگەرچی فەزایەک بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەڕەخسێنێت، بەڵام هاوکات “مەترسی جۆرێک لە پشێوی و فەوزا”ی لێدەکرێت.
ناوبراو دەڵێت کە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە و داهاتە سەرەکییەکانی هەرێم لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)، وای لێکردوون کە بتوانن دامەزراوەی ڕاگەیاندن بە “بودجەی دارایی کراوە و بێ هیچ شەفافییەت و چاودێرییەک” دابمەزرێنن.
هەروەها جەخت دەکاتەوە کە زۆربەی ئەم دامەزراوانە مووچەی گەورە بە کارمەندەکانیان دەدەن کە هەندێک جار دەگاتە هەزاران دۆلار، ئەمەش “بۆ دەستەبەرکردنی دڵسۆزییان و بەدەستهێنانی دەنگیانە، لە کاتێکدا شەفافییەت لە سەرچاوەی دارایی ئەم دامەزراوە میدیاییانەدا بوونی نییە”. تەنانەت هەندێک جار مووچەی مانگانەی فەرمانبەرێکی باڵا لە دامەزراوەیەکی حزبی، هاوتایە لەگەڵ کۆی گشتیی مووچەی سەرجەم کارمەندانی پلاتفۆرمێکی میدیایی سەربەخۆ.
ئیبراهیم ڕەخنە لەم جیاوازییە توندە دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دۆخە “ڕەنگدانەوەی واقیعە سیاسی و ئابوورییە بەئازارەکەی کوردستانە”، و بووەتە هۆی دابەشبوونی ڕۆژنامەنووسان بۆ دوو چین: “چینی یەکەم کە لە مووچەی خەیاڵی بەهرەمەندن، و چینی دووەم کە بەدەست تەنگژەی داراییەوە دەناڵێنن”.
ئەوەش دەخاتە ڕوو کە هەردوو حزبەکە پەرۆشن بۆ ڕاکێشانی کەسایەتییە میدیاییە ناسراوەکان کە جەماوەرێکی فراوانیان لە هەرێمدا هەیە، ئەمەش لە ڕێگەی پێشکەشکردنی “مووچەی فەلەکی بۆ گۆڕینیان بۆ دەوقوڵی (بوقی) لایەنە تمویلکارەکان”.
بەم شێوەیە، بەخشینی مووچەکان لەسەر بنەمای “دڵسۆزی و توانای گەیاندنی پەیامە سیاسییەکانە، بەتایبەت لە کاتی ململانێ و ناکۆکییە ناوخۆییەکاندا، نەک لەسەر بنەمای لێهاتوویی و کارامەیی ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارەکە”.
باڵە ئەمنییەکان لە ململانێکاندا بەکاردەهێنرێن
ئازا ئیبراهیم، پارتە دەسەڵاتدارەکان تۆمەتبار دەکات بەوەی میدیایان گۆڕیوە بۆ شتێک هاوشێوەی “باڵی” سەربازی و ئەمنی، و “لە ململانێکانیاندا بۆ لێدان و لاوازکردنی نەیارەکانیان بەکاریان دەهێنن”.
ناوبراو داوای دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە کاری ڕاگەیاندن لە کوردستان دەکات کە “کەمترین مووچە بۆ کارمەندانی بواری ڕاگەیاندن دیاری بکات و ڕێگری لە سپیکردنەوەی سامانی گشتی لە ڕێگەی میدیای حزبییەوە بکات”.
بەپێی پێداچوونەوەیەک کە ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە بە هاوکاری کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس ئەنجامی داوە، بودجەی هەندێک لە کەناڵە ئاسمانییە ناسراوەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە پارتە سیاسییە گەورەکانن، مانگانە لە نێوان 1.5 ملیۆن بۆ 2 ملیۆن دۆلاردایە.
ئەمە لەکاتێکدایە بودجەی هەندێک کەناڵی دیکە، بەتایبەت ئەوانەی نووسینگە و پەیامنێریان لە وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپیدا هەیە، مانگانە دەگاتە نزیکەی 3 ملیۆن دۆلار، و تێکڕای مووچەی کارمەندەکانیشیان لە نێوان 2000 بۆ 7000 دۆلاردایە لە مانگێکدا.
پارتە دەسەڵاتدارەکان و پشکی شێر
داتا نیمچە فەرمییەکان دەربارەی ژمارەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بینراو، بیسراو و چاپکراوی سەر بە دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان ئەوە دەخەنە ڕوو، کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک) خاوەندارێتی لە 8 کەناڵی ئاسمانیی گەورە و ناسراو دەکات؛ لەوانە (ڕووداو، ئاڤا میدیا، زاگرۆس، K24، کوردستان تیڤی). ئەمە جگە لە نزیکەی 15 کەناڵی ناوخۆیی (وەک هەولێر و دهۆک)، نزیکەی 20 وێستگەی ڕادیۆیی، دەیان ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی وەک (باسنیوز)، و سەدان پەڕە و ئەکاونت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە وەک نموونە دەکرێت ئاماژە بە پەڕەی (خۆر) بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ینک) کە ڕکابەری سەرەکییەتی، خاوەنی نزیکەی چوار کەناڵی ئاسمانیی گەورە و ناسراوە (وەک کوردسات و کەناڵی هەشت)، زیاتر لە 10 کەناڵی ناوخۆیی (لەوانە سلێمانی، کەرکووک، BMC)، زیاتر لە 15 وێستگەی ڕادیۆیی (وەک گەلی کوردستان و کوردسات)، دەیان ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی وەک (PUKmedia و SNN)، جگەلە لە سەدان پەڕە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە (میللەت) نموونەیەکیانە.
ڕاستیی بوونی ئەم ژمارە زەبەلاحە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لە ئامارەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیشدا ڕەنگدەداتەوە. ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ئاشکرای دەکات کە لە هەرێمدا نزیکەی 30 کەناڵی ئاسمانی، زیاتر لە 100 کەناڵی ناوخۆیی، و زیاتر لە 100 وێستگەی ڕادیۆیی و ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی بوونیان هەیە.
نەقیبی ڕۆژنامەنووسان کە لە تەممووزی 2011دا لە سێیەمین کۆنگرەی سەندیکاکەدا هەڵبژێردرا و بەهۆی بەربەستەکانی بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی نوێوە تا ئێستاش لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە ڕوونی دەکاتەوە کە سەندیکاکەیان مۆڵەتی کارکردن دەبەخشێتە ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان، ڕۆژنامە و گۆڤارەکان. لە کاتێکدا وەزارەتی ڕۆشنبیری مۆڵەتی کارکردن دەداتە کەناڵە ناوخۆیی و ڕادیۆکان، و وەزارەتی ناوخۆش بەرپرسە لە بەخشینی مۆڵەت بە دامەزراوە میدیاییە گەورەکان. نەقیب ئاماژە بەوەش دەکات کە پێدانی مۆڵەتی پەخش (فریکوێنسی) بۆ کەناڵەکان، لە تایبەتمەندیی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمدایە.
میدیای حزبی لەژێر پەردەی سەربەخۆییدا
زۆرینەی هەرە زۆری ئەو دەزگا میدیاییانە، میدیای حزبیشن و لەلایەن هێزە سیاسییە گەورەکانەوە پارەدار دەکرێن، بەڵام لەژێر ناونیشانی “سەربەخۆ”دا کار دەکەن. ئەوان ڕەتیدەکەنەوە وەک دامەزراوەی سەر بە حزب یان زمانحاڵی ئەوان بناسرێن، بەمەش بەستنەوەی ناوەڕۆکی پەخشەکەیان بە سیاسەتی حزبیی ئاڕاستەکراوەوە ڕەتدەکەنەوە و هەمیشە لە ئاشکراکردنی سەرچاوەکانی داراییان خۆیان لادەدەن.
لەم چوارچێوەیەدا، نەقیبی ڕۆژنامەنووسان دەڵێت:”هیچ ئامارێکی ورد دەربارەی ژمارەی میدیا حزبییەکان لەبەردەستدا نییە؛ چونکە زۆربەی دامەزراوەکان کاتێک داواکاریی مۆڵەتی کارکردن پێشکەش بە وەزارەتی ڕۆشنبیری یان سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەکەن، وەک لایەنێکی حزبی خۆیان ناناسێنن، بەڵکو وەک دامەزراوەی سەربەخۆ دێنە پێشەوە و ناسنامە حزبییەکەیان دەشارنەوە.”
ئازاد حەمەئەمین ئاماژە بەوە دەکات کە بەخشینی مۆڵەت بە هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن لە هەرێمدا، بەندە بە جێبەجێکردنی مەرجە تەکنیکییەکان، پابەندبوون بە یاسا، و پاراستنی پێوەرە پیشەیی و ڕۆژنامەوانییەکان، بێگوێدانە ئەوەی سەر بە چ لایەنێکن. ناوبراو ڕوونیشی دەکاتەوە کە ئەو ڕسووماتەی سەندیکا بۆ مۆڵەتی کارکردن و نوێکردنەوەی ساڵانەی ڕۆژنامە، گۆڤار و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان وەری دەگرێت، بڕی ٥٠ هەزار دیناری عێراقییە.
سەبارەت بە وێستگەکانی ڕادیۆ، تێچووی بەشداریی سەرەتایی کە دەدرێتە سەندیکا نزیکەی 3 ملیۆن دینارە، لەگەڵ ڕسووماتی ساڵانە بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری کە نزیکەی ملیۆنێک و نیو دینارە. بەڵام وەک ئازاد حەمەئەمین دەڵێت، تێچووی بەشداریی کەناڵە ئاسمانییەکان زۆر بەرزە و دەگاتە چەندین ملیۆن دینار.
قەیرانی دارایی و هەڵکشانی ژمارەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن!
سەرەڕای ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییەی کە لە ساڵی 2013ەوە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە بەهۆی شکستی ئەوەی لەو کاتەدا ناونرا “سەربەخۆیی ئابووری” و بەهۆی بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا، کە دەرەنجامەکەی نەدانی زیاتر لە ٥٠50مووچەی مانگانە بوو بە شێوازی تەواو یان بەشەمووچە کەچی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حزبی لە ڕووی ژمارەوە بەردەوام لە زیادبووندان.
بەپێی گوتەی چوار ڕۆژنامەنووس کە پەیوەندییان پێوە کراوە، قەیرانی دارایی بە شێوەیەکی گشتی کاریگەریی نەرێنی نەکردووەتە سەر دارایی میدیا حزبییەکان یان ئەو میدیایانەی کە بە ناڕاستەوخۆ لەلایەن پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە پارەدار دەکرێن، بەپێچەوانەوە، چەندین دامەزراوەی گەورەی نوێ دەرکەوتوون و دامەزراوە تەقلیدییەکانیش زۆربەی ستاف و کادیرانی خۆیان پاراستووە. بەمەش سەقفی تەرخانکراوی دارایی بۆ ڕاگەیاندنی حزبی بەرزکراوەتەوە، کە بڕی تێچووەکە و سەرچاوەی ڕاستەوخۆی داراییەکەی وەک نهێنییەکی تایبەت دەهێڵرێتەوە و ئاشكرا ناکرێت، تەنانەت لەلایەن ئەو دەزگا میدیاییانەشەوە کە خۆیان بە پیشەگەر و پەیڕەوکەری بنەما نێودەوڵەتییەکان دەزانن.
بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، تێکڕای مووچەی کارمەندان لە چەندین دامەزراوەی میدیایی سەر بە دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی کوردستاندا بەتایبەت لە کەناڵە ئاسمانییەکاندا لەنێوان 2,000 بۆ 7,000 دۆلاری ئەمریکیدایە، و هەندێک جار دەگاتە 10,000 دۆلار یان زیاتریش.
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، هاوڕایە کە ئەو ژمارانە ڕاست و دروستن، بەتایبەتی بۆ کادیرانی ئەو دامەزراوانەی کە لەلایەن سەرکردە باڵاکانی هەرێمەوە پارەدار دەکرێن. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک لەو میدیایانەی لە “سێبەر”دا کار دەکەن، تێکڕای مووچەی فەرمانبەرانیان دەگاتە 3,000 دۆلار. بەڵام دۆخەکە بۆ کادیرانی ڕاگەیاندنە حزبییە فەرمییەکان جیاوازە، بە جۆرێک تێکڕای مووچەکانیان لە دەوروبەری 600 دۆلاردایە، وەک ئەوەی لە میدیا فەرمییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەبینرێت.
ناوبراو ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە میدیا حزبییە ڕاستەوخۆکاندا کار دەکەن (کە وەک میدیای حزبی ناسراون)، مووچەکانیان کەمترە لەو هاوکارانەیان کە لەو دامەزراوانەدا کار دەکەن کە دروشمی “میدیای ئازاد و سەربەخۆ”یان بەرزکردووەتەوە و بە ناڕاستەوخۆ لەلایەن حزبەکانەوە بودجەیان بۆ دابین دەکرێت.
کاروان ئەنوەر لەم بارەیەوە دەڵێت: “ئەم جیاوازییە غەدرێکی گەورەیە و لە سایەی نەبوونی پێوەر و سلمێکی یەکگرتوو بۆ مووچە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند دەبێتەوە.”
سکرتێری لقی سلێمانی هۆکاری ئەمەش بۆ “جێبەجێنەکردنی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان” دەگێڕێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە هەر دامەزراوەیەکی میدیایی پەیڕەوی لە سلمی مووچەی تایبەت بە خۆی دەکات کە لە هیی ئەوانی دیکە جیاوازە. ئەنوەر بە توندی ڕەخنە لەوە دەگرێت کە پێی دەڵێت “پێشێلکاری و پاشگەزگەری” لەو سلمی مووچەیەی کە لە ناوخۆی ئەم دامەزراوە میدیاییانەدا پەیڕەو دەکرێت.
سەکۆیەک بۆ هێرشی سیاسی
ڕۆژنامەنووسان دەڵێن کە ئەم کەناڵانە، سەرەڕای ئەوەی کادیرەکانیان خۆیان وەک ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری پیشەگەر و بێلایەن دەردەخەن، بەڵام هاوشێوەی کەناڵەکانی دیکە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی هێرشی سیاسی بەکاردەهێنرێن. لە زۆر بڕگەدا، هەر خۆیان ڕێبەرایەتیی هەڵمەتەکانی هاندان و ناوزڕاندن دەکەن، بە شێوەیەکی بەرفراوانیش ڕیکلامی سیاسی و تەنانەت بازرگانی لەناو گەشتەکانی هەواڵیاندا تێپەڕدەکەن، و دەبنە سەکۆیەک تەنها بۆ بەئامانجگرتنی نەیارە سیاسییەکانیان.
سەدان ملیۆن دۆلار
بەپێی سێ سەرچاوە لەناو دامەزراوە ناسراوەکانەوە، تێکڕای بودجەی کەناڵە ئاسمانی و تیڤییە کوردییە گەورەکان ساڵانە لە نێوان 20 بۆ 30 ملیۆن دۆلاردایە، لە کاتێکدا بودجەی هەندێک لە کەناڵە زەبەلاحەکان ساڵانە دەگاتە نزیکەی 40 ملیۆن دۆلار. بەشە هەرە زۆرەکەی ئەم بودجەیەش بۆ کاروباری هونەری و تەکنیکیی کەناڵەکە دەڕوات، جگە لە مووچەی پێشکەشکارانی بەرنامە و بێژەران، هەروەها شارەزایانی هونەری و تەکنیکی.
هەمان ئەو سەرچاوانە جەخت دەکەنەوە کە تێکڕای بودجەی هەندێک لە ماڵپەڕە هەواڵییە ئەلیکترۆنییەکان ساڵانە دەگاتە نزیکەی 350 هەزار دۆلار، و تێکڕای ژمارەی کارمەندان لەو ماڵپەڕانەدا نزیکەی 30 کەسە، لە هەندێکیشیاندا ئەم ژمارەیە بۆ 50 کەس زیاد دەکات.
ئەو سەرچاوانە ژمارەی دەقیقیان سەبارەت بە ژمارەی کارمەندانی میدیا گەورەکان نەخستووەتە ڕوو، بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەندێکیان خاوەنی سەدان کارمەندن بە گرێبەستی کاری جیاواز، بەتایبەت ئەو کەناڵانەی کە نووسینگە و پەیامنێریان لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم، بەغدا، هەندێک لە پارێزگاکانی عێراق، لەگەڵ تورکیا، ئێران، سووریا و هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپیدا هەیە.
پاڵاوگەکانی نەوت و دەروازە وەهمییەکان پارەی ڕاگەیاندنی کوردی دابین دەکەن
شارەزای ئابووری، فەرمان حوسێن، پێی وایە زۆربەی دامەزراوە میدیاییە حزبییە گەورەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی چاودێریی دارایی و ڕێکخستندا کار دەکەن.
ئەو دەڵێت کە ئەو دامەزراوانە سەرپێچی ئەو یاسایانە دەکەن کە کارەکانیان ڕێکدەخەن، و “سەرچاوەکانی دابینکردنی داراییان ناخرێنە ژێر وردبینی و چاودێرییەوە”. ناوبراو گومانی هەیە لە سەرچاوەی دابینکردنی دارایی زۆرێک لە دامەزراوەکان کە “ڕوون نین، بەهۆی نەبوونی دامەزراوەی چاودێریی ڕاستەقینە لە کوردستاندا کە کار بۆ وردبینیکردنی سەرچاوەکانی دارایی و دڵنیابوونەوە لە پاکێتییان بکەن، لەپاڵ نەبوونی پەرلەمانێک کە کارەکانی خۆی لە چاودێریکردن و لێپرسینەوەدا پەیڕەو بکات، چونکە چەند ساڵێکە پەکخراوە”.
حوسێن هۆکاری کاریگەرنەبوونی میدیا گەورەکانی سەر بە پارتە سیاسییەکان بەو قەیرانە داراییەی کە لە ساڵی 2013وە بەرۆکی هەرێمی گرتووە، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەو دامەزراوانە پڕۆژەی بنەڕەتیی پارتە دەسەڵاتدارەکانن و بۆ بانگەشە و ململانێی سیاسی و هێرشکردنە سەر یەکتری بەکاردەهێنرێن، “بۆیە لە ڕێگەی ڕێککەوتنی تایبەتەوە، بودجەی زەبەلاحیان بۆ تەرخان دەکرێت”.
ئەو ڕوونکردنەوە دەدات ودەڵێت:”بۆ نموونە، پارتەکان ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت یان پاڵاوگەکان دەکەن بۆ دابینکردنی دارایی ئەو دامەزراوانە، یان لەگەڵ کۆمپانیاکانی پەیوەندی کورت یان غاز. لە ئەنجامی ئەمەشدا، مووچەی فەرمانبەرانیان بەرزە و بە قەیرانە داراییەکان کاریگەر نابن”، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمە یەکێکە لە لایەنەکانی گەندەڵی، چونکە لە کۆتاییدا ئەو دامەزراوانە باس لە سروشتی گرێبەست و پڕۆژەکانی ئەو کۆمپانیایانە ناکەن.
دووبارە جەخت دەکاتەوە کە دامەزراوە میدیاییە گەورەکان کە مووچەی کارمەندەکانیان دەگاتە هەزاران دۆلار و بودجەی ساڵانەیان ملیۆنان دۆلارە، بە زنجیرەیەک “پڕۆژەی گەندەڵی”یەوە بەستراونەتەوە؛ چونکە پارەدارکردنەکە لە پاڵاوگەکان یان دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان، یان کارگە نایاساییەکان، یان لەلایەن ئەو بانک و جێگایانەوە دێت کە سەر بە پارتەکانی دەسەڵاتن و نیشانەی پرسیار لەسەر کارەکانیان هەیە، بۆیە پارتەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان “هیچ پارەیەک لە دابینکردنی دارایی ئەو دامەزراوە میدیاییانەدا نادۆڕێنن”.
(ئـ.ئـ) وەک وێنەگرێکی ڕۆژنامەوانی لە میدیایەکی کوردیی سەربەخۆدا کار دەکات بە مووچەی مانگانەی 300 هەزار دینار، کە بە زەحمەت مانگانە دەستی دەکەوێت بەهۆی ئەوەی ئەو دامەزراوەیەی کاری تێدا دەکات هیچ پاڵپشتییەکی دارایی حزبی نییە.
ئەو دەڵێت سەرچاوە سەرەکییەکەی تری دابینکردنی دارایی، ڕیکلامە بازرگانییەکانە کە خۆی لە ژینگەیەکی ناپەیداکەری ئابووریدا وەک هەرێمی کوردستان کەمە. تێبینی ئەوەش دەکات:”تەنانەت ئەو ڕیکلامانەش سەر بەو کۆمپانیایانەن کە بەرپرسانی حزبی یان سەرمایەدارانی سەر بە پارتەکان خاوەندارییان دەکەن، بەمەش بۆ بەرژەوەندیی دامەزراوە میدیاییە حزبییەکان قۆرخ دەکرێن”.
پێی وایە کە پارەی سیاسی کە لە گرێبەست و پڕۆژە ناڕوونەکانەوە بەدەست دێت، کۆنترۆڵی زۆرینەی هەرە زۆری میدیاکانی لە کوردستاندا کردووە، ئەمەش لە نێوان نەبوونی نیمچە تەواوی شەفافیەت و چاودێریدا، لە ژێر سێبەری پارتە دەسەڵاتدارەکاندا کە کۆنترۆڵی دەسەڵات، چەک و پارەیان کردووە، و شێتییە ئەگەر چاوەڕوان بکرێت ئەوان لێپرسینەوە لەگەڵ خۆیاندا بکەن.
ئەو پێی وایە، ساڵانی زێڕینی ڕۆژنامەگەریی ئازاد لە کوردستاندا ڕۆیشتن و ناگەڕێنەوە، لەگەڵیشیدا کاریگەریی دەسەڵاتی چوارەم لە دروستکردنی چاودێری و لێپرسینەوەدا کۆتایی هات، هەروەها لە ژێر سێبەری ئەوەشدا کۆمەڵگەی مەدەنی لەناوچوو، و “لێپرسینەوە بووە شتێکی خەیاڵی”.
بۆ تەواوکردنی دیدگای (ئـ.ئـ) ڕۆژنامەنووس حوسێن ئەسکەندەر دەڵێت، لەگەڵ تێکدانی دەسەڵاتی چوارەم و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێگەی دروستکردنی سەدان سەکۆی میدیایی حزبی و ڕێکخراوی حزبییەوە، ڕێڕەوی دیموکراتی لایدا و ئازادییەکان پاشەکشەیان کرد، کاریگەریی هەموو ئەمانەش لەسەر واقیعی ئابووری، سیاسی و کارگێڕیی کوردستان ڕوون بووەوە، بە جۆرێک زنجیرەکانی شکست دەوری هەموو شتێکیان داوە و گەیشتوونەتە ئاستێک کە تەنانەت هەڕەشە لە قەوارەی دەستووریی هەرێمەکەش دەکەن.