

دێژین سدقی
هەرکاتێک هەرزینی تەمەن(32 ساڵ) لەبەردەم نەخۆشخانەی سوتاوی لە پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، بۆ ساتێک سەیری ژووری مانەوەی نەخۆشەکان و ڕاڕەوە لاوەکییەکان وحەوشەی پشتەوە دەکات کە ئامێری سوتاندنی پاشماوە پزیشکییەکانی تێدایە و دوکەڵە ژەهراوییەکانی بە ئاسماندا بڵاو دەکاتەوە، پێش ئەوەی لووتی داپۆشێت وبەخەمی لەدەستدانی دایکی لەوێ دوور بکەوێتەوە.
ئەو کچە تاقانەی خێزانەکەیەتی وفرمێسک بە چاوەکانیدا دەهاتە خوارەوە کاتێک ئەو ڕۆژانەی بەبیردەکەوێتەوە کە سێ ساڵ لەمەوبەر لە نەخۆشخانە بووه، کاتێک لەگەڵ دایک وباوکی بوو کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوون.ئەو بەخەمبارییەوە دەڵێت:”هەموو بەیانی و ئێوارانێک جلەکانیانم دەشت و لە دەرەوە بەدوای شوێنێکی پاک دەگەڕام بۆ ئەوەی وشکیان بکەمەوە.”
هەرزین هیچ هەڵبژاردنێکی نەبوو جگە لە باخێکی بچووک کە لە پشت قاوشێکی نەخۆشەکانەوە بوو کە پڕ بوو لە تووشبووانی ڤایرۆسەکە، ئەو پێی وابوو کەمترین شوێنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە کوشندەکانە.
ئەو بەردەوام دەبێت ودەڵێت:”بارودۆخ لە قاوشەکان ترسناک بوو، تووشبووەکان لە هەموو تەمەنەکان بەدوای ڕزگاربووندا دەگەڕان، هەندێکیان لەژێر ئامێری ئۆکسجین بوون، هەندێکی تریش ئامێری( CPAP ) بەکاردەهێنا کە ڕێڕەوی هەناسەدانی کارا دەکرد بۆ پاڵنانی ئۆکسجین بۆ سییەکان لە ڕێگەی لووتەوە.تاکە پانتاییەک بۆ رزگاربوون لەو دۆخە، تەنها ئەو باخە بچووکە بوو کە لە پشتەوەی قاوشەکانەوە بوو، بەڵام مەترسییەکی تر هەبوو، ئەویش بوونی (سوتنەگەیەکی) کۆن بوو کە ژەهرەکانی بەهەوادا بڵاو دەکردەوە.”
“من لە دووری چەند مەترێکەوە (سوتنگەکەم) دەبینی کە دوکەڵی ڕەشی خەست و بۆنی ناخۆشی بەبەرزی چەندین مەتربە ناوهەوادا بڵاو دەکردەوە، ئەو بۆنانەی کە دەبنە هۆی هەناسە تەنگی، هەستم کرد ئەو( سوتنەگەیە) رێگری لەئۆکسجین دەکات لە هەوادا”.هەرزین وادەڵێت
نەخۆشخانەی سوتاوی دەکەوێتە گەڕەکی دیاری ڕۆژهەڵاتی شارەکە و لەتەنیشتیەوە مزگەوتی سەلاحەددین و پەیمانگای شەریعەت و لەلایەکی دیکەشەوە بارەگای حزبێکی سیاسی هەیە کە جموجۆڵی بەردەوامی بەخۆوە دەبینێت ودەیان ماڵ و فرۆشگا لە دەوروبەریدا هەیە. دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەپارێزگای دهۆک لەساڵی 2020 دا نەخۆشخانەکە بۆ ماوەیەکی کاتی تەرخانکرا بۆچارەسەرکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وئامێرێکی سوتاندنی قەبارە مامناوەندیشی (سوتنگە) تێدایە کە دەکەوێتە بەشی پشتەوەی نەخۆشخانەکە.
دکتۆر کەریم محەمەد ئەحمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکاری وسوتاوی لە نەخۆشخانەکە دەڵێت: “ئەمە کارەساتێکی گەورەیە، کە ئامێرەکانی سووتاندن
لەناو نەخۆشخانەکانن، دووکەڵی سووتاندنی پاشماوە پزیشکییەکان پلاستیک و ئەوانی تر زۆر مەترسیدارن وەک میکرۆب وڤایرۆس.”
پزیشکەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو جلوبەرگ وسەرچەفانەی کەلە نەشتەرگەریەکاندا بەکاردەهێنران تا چەند ساڵێک لەمەوبەر بە ئاو پاک دەکرانەوە، بەڵام لە ئێستادا سوتاندن جێگەی گرتووەتەوە، چونکە شتن دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئاو و مەترسی بۆ ژینگە، بەڵام ئەوەی ئێستا ڕوودەدات زۆر مەترسیدارترە، چونکە پێکهاتەکانی دووکەڵی (سوتنگەکە) دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی هەناسەدان وهەستیاری وشێرپەنجە.

پاشەڕۆی سوتنگەکان هەڕەشە لە ژینگەی هەموو ناوچەکانی عێراقدا دەکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای کۆن وبوونی لەناو نەخۆشخانەکاندا کە بەشێکی زۆریان دەکەونە نزیک گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون دەبێتە هۆی مەترسێکی گەورە لەسەر تەندرووستی گشتی، کە پێویستە بەزووترین کات چارەسەر بکرێت ورێگە بگیرێت لەپیسبوونی ژینگە بەماددە مەترسیدارەکان.
قەزای شێخان یەکێکە لەناوچە جێی ناکۆکەکان لە نێوان هەردوو حکومەتی هەولێر وبەغدا ودەکەوێتە دووری( 47 کم لە باکوری موسڵ) وچارەنووسی پەیوەستە بەجێبەجێکردنی ماددەی(140)ی دەستوور وئەمەش وادەکات بەشێوەیەکی کاریگەر لەلایەن دوو ئیدارەوە بەڕێوەببرێت،
یەکێکیان سەر بەبەغدایە وئەوەی دیکەیان سەر بەهەولێرە کە هەردووکیان بەپێی پێویست گرنگی نادەن، بۆیە لە نێوان ئەو دوو ئیدارەیەدا کەرتی خزمەتگوزاری وتەندروستی بەدەست دەیان کێشەوە دەناڵێنێت.
نەخۆشخانە وناوەندە تەندروستییەکان توانای سنوورداریان هەیە وهیچ پرۆسەیەکی گەشەپێدان ومۆدێرنکردن لە رابردوودا نەبووە کە بگونجێت لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا.
لە تاکە نەخۆشخانەی ناوەندی قەزاکە وهەروەها لە ژمارەیەک بنکەی تەندروستیدا ئامێری سوتاندنی کۆن لە ناوەڕاستی گەرەکەکان بەکاردەهێنرێت کە هاوکاتە لەگەڵ نەبوونی چاودێری وبەکارهێنانی سووتەمەنی کوالێتی نزم لە پرۆسەی سوتاندندا.

دوو ئیدارەیی لە قەزەکدا کاریگەری نەرێنی لەسەر ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان کردووە وەک پەروەردە و شارەوانی و کاریگەری لەسەر لایەنی تەندروستیش هەبوو، چونکە دامەزراوەکان و دەزگاکانی دادوەری سەر بە دوو کەرتن یەکەمیان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای نەینەوایە، دووەمیان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای دهۆکه و دووەمیان تەنها (25 )بنکەی تەندروستی لەخۆ دەگرێت.
دڵکەش محەمەد تەمەن( 25ساڵ) دەرچووی پەیمانگایە وفرۆشگاکەی وئەو خانووەی کە تێدا دەژی دەکەوێتە نزیک نەخۆشخانەکەوە بە دەنگێکی بەرز وتی:” چ شتێکی درووست لێرە بوونی هەیە بۆ ئەوەی هەواکەمان پاک بێت.”
ئەو بەردەوام بوو:”ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بە تەندروستی بژین، بەڵام ئەو شوێنەی کە دەبێت چارەسەرمان بکات ئازارمان دەدات و هەڕەشە لە تەندروستیمان دەکات.”
دڵکەش، گومان لە کاریگەری پرۆسەی سوتاندنی ناو نەخۆشخانەکە دەردەبڕێت و دەڵێت: “پسپۆڕان دەڵێن سوتاندنی ئەم پاشماوەیە بەشێوەیەکی کاریگەر وبەتەواوی ئەنجام نادرێت، بەگوێرەی ئەوەی ئێمە لە بازاڕی ئێرە دەیزانین ئەگەر دووکەڵی سووتاندن ڕەش بێت لەوانەیە سووتەمەنی خراپ بەکاربهێنرێت.بەداخەوە، هیچ کەسێک گرنگی بەم کێشانە نادات، ژیانی هاوڵاتیان بەلایانەوە هیچ گرنگ نییە.”
کەریم کەمال علی، بەرێوەبەری تەندروستی شێخان، ئاماژەی بەسروشتی کەرتی تەندروستی قەزاکە کرد وئاماژەی بە دوو کەرت دا، کە بریتین لەنەخۆشخانەی گشتی شێخان سەر بە ئیدارەی پارێزگای نەینەوایە وئەو (25)بنکە تەندروستیانەی کە لەسەرانسەری قەزاکەدا بڵاوبوونەتەوە وسەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆکن
وتیشی”سێ ئامێری سوتاندن(سوتنگە) هەیە کە خاوەندارێتی دەگەرێتەوە بۆ تەندروستی دهۆک ودەکەونە ناوەندە تەندروستییەکانی (باعەدرێ و قەسروک و کەلکەجی) وهەموویان لە ناو بنکەکاندا دانراون وڕۆژانە بەکاردەهێنرێن لە پرۆسەی سوتاندنی پاشماوە پزیشکییەکان”.
فیراس محەمەد ساڵح، یاریدەدەری پزیشکیە وبنکەی تەندروستی قەسرۆک بەڕێوە دەبات، سەبارەت بە جۆری پاشماوە پزیشکییەکان کە لە بنکە تەندروستییەکاندا دەسووتێنرێت دەڵێت: “هەموو جۆرە سرنج، ڤاکسین، دەرزی، کەرەستەی نەشتەرگەری بچووک، کەرەستەی چارەسەرکردنی نەخۆشەکان وئەوکەرەستانەی کە پزیشکان بەکاری دەهێنن، لەلایەن ستافێکی تایبەتەوە دەسوتێنرێن.”
دەشڵێت:”هەموو ڕۆژێک کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ، کاتێک کارەکانمان تەواو دەکەین وزۆرینەی دانیشتوان بۆ نانی نیوەڕۆ دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان، کارمەندی سووتاندن دەست بەکارەکەی دەکات، بۆ ئەوەی کاریگەری پرۆسەی سووتاندن لەسەر خەڵک کەمتر بێت.”

بەڵام ئەو ڕەخنە لەشوێنی بنکە تەندروستییەکە دەگرێت، کە دەکەوێتە ناوەندی شارکەوە ودەورەدراوە بە بازاڕ وباخچەی ساوایان وفرۆشگا کە تەنها 20 مەتر دوورن وخانووەکانیش تەنها (50) مەتر دوورن.
ئیسلام موسا عەتۆ تەمەن(35 ساڵ)، کارمەندی سووتاندنی زبڵ وخاشاکە لە بنکەی تەندروستی قەسرۆک وماوەی (10ساڵە) ئەو کار دەکات، دەڵێت:”هیچ ڕاهێنانێکی تایبەتم لەسەر ئەم کارە پێنەکراوە، تاوەکو سێ ساڵ لەمەوبەر ئامێری سوتاندن دانرا کاتێک بنکەکە نۆژەن کرایەوە، ئەندازیارەکە هەندێک زانیاری پێدام لەسەر چۆنیەتی کارپێکردنی.”
ئیسلام دەڵێت:”ئەم ئامێرە کارەکەی ئاسانتر وباشتر کرد، پێشتر پاشماوە وخاشاکم دەخستە ناو بەرمیلێکەوە ودواجار دەمسوتاند یان چاڵێکم لەزەوی هەڵدەکەند وئاگرم تێبەردەدا، هەندێک جار لە کاتی پرۆسەی سوتاندن هەندێک قوتوو دەتەقێتەوە کارەکە قورس بوو، بەڵام ئێستا ڕۆژانە کیسەیەکی ڕەشی گەورەی پڕ لە پاشماوە پزیشکییەکان دەخەمە ناو ئامێری سووتاندنەوە ولەماوەی نیو کاتژمێر دەسوتێت”.
ئیسلام دەڵێت، لە کاتی کارکردندا هەست بەهیچ کێشەیەکی تەندروستی ناکات و دەشڵێت:”پێم وانییە ببێتە هۆی ناڕەحەتی، بەڵام نازانم لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر تەندروستیم دەبێت یان نا؟.”
ماوەی مانگێکە ئیسلام شێوازی پێشووی بەکارهێناوەتەوە ودەستیکردووە بە سووتاندنی پاشماوە پزیشکییەکان لەناو بەرمیلێکی بەتاڵدا، چونکە ئامێری سوتاندنەکە بەهۆی خراپی بزوێنەرەکەیەوە لە کارکەوتووە.
لەناحییەی باعدرێ لە نزیک ناوەندی قەزای شێخان، ئامێرێکی بچووکی سوتاندن لە بنکە تەندروستییەکەدا هەیە، دەلحەق جانگیر، بەڕێوبەری بنکەکە ناڕەزایی بەردەوامی دانیشتوانی نزیک بنکە تەندروستییەکە سەبارەت بە دوکەڵ وبۆنی ماددە پزیشکییەکان ناشارێتەوە وئاماژەی بەوەدا کە دانیشتوانی دەوروبەری بنکەکە بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنن بەڵام هیچ چارەسەرێکیان بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخەکە نییە.

دەردانی ڕەش مانای چییە؟
پسپۆڕان وچالاکوانانی ژینگە کە پەیوەندییان پێوە کراوە هاوڕان لەسەر مەترسی دوکەڵی (سوتنگە کۆنەکان) کە کاریگەری مەتدرسیداریان هەیە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ وژینگە بەگشتی، چونکە یەکێکە لە سەرچاوەکانی پیسبوونی ژینگە وهەندێکیان پێیان وایە گەورەترین مەترسی لە دووکەڵی ڕەشدایە کە لە هەندێک لە ئامێرەکانی سوتاندندا دەردەچێت
پرۆفیسۆر دکتۆر سەلاح نوعمان ئامێدی، ڕاوێژکاری بەشی کیمیا لەزانکۆی زاخۆ ئاماژە بەوە دەکات کە کێشەیەک هەیە کاتێک دووکەڵی سوتنگەکانی نەخۆشخانەکان ڕەش دەبێت ودەڵێت: “ئەمە بەهۆی بەکارنەهێنانی کارەبا ودابیننەکردنی وزەی پێویستە”.
دەشڵێت:”هەموو پرۆسەیەکی سوتاندنی دروست دەبێت
لەنێوان (1200 بۆ 1300) پلەی سیلیزی بێت وگڕی ئاگرەکە ڕەنگی شین بێت ودووکەڵ بڵاونەکاتەوە، چونکە دوو ماددەی سەرەکی نادیار دەردەچن کە بریتین لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن وهەڵمی ئاو”.
“بەڵام ئەم ئامێرانە سووتەمەنی دیزل ونەوتی ڕەش بەکاردەهێنن، بۆیە پرۆسەی سوتاندن وچارەسەرکردنەکە بە تەواوی و بە دروستی ئەنجام نادرێت و لەبەر ئەوە دووکەڵی ڕەش دەردەچێت کە ماددە زیانبەخشەکان و گازەکانی وەک تاکە ئۆکسیدی کاربۆن لەخۆ دەگرێت کە دەبێتە هۆی مەینی خوێن یان زیان گەیاندن بە کۆئەندامی هەناسەدان، جگە لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن وهەڵمی ئاو کە لە هەموو پرۆسەکانی سوتاندن بەرهەم دەهێنرێن بەڵام نابینرێن”.
موراد قاسم، سەرۆکی بەشی دڵنیایی کوالێتی وکۆنتڕۆڵکردنی پەتاکان لەبەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی پارێزگای دهۆک دەڵێت:” ئامێرەکانی سوتاندن لە ناوەندی شاری دهۆک بەهەردوو سیستەمی دیزل و کارەبا کار دەکەن و دەرکەوتنی دووکەڵی ڕەش لەسەر بۆری سوتاندن دەگەڕێتەوە بۆ کۆن بوونیان، نەخۆشخانەی ئازادی کە گەورەترین نەخۆشخانەی دهۆکە دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو وهەندێک جار هۆکارەکەشی نەبوونی کارەبای نیشتمانییە بۆیە مۆلیدە بچووکەکان کار دەکەن … ئەمە دووکەڵی ڕەش دروست دەکات.”
سەبارەت بەوەی کە ئایا پرۆسەی سووتاندن بەپێی مەرجە ژینگەییەکان ئەنجام دەدرێت یان نا، دەڵێت:”سووتاندن بە دوو سووتێنەردا تێدەپەڕێت، یەکەمیان بۆ سووتاندنی پاشەڕۆ ودووەمیان بۆ چارەسەرکردنی دووکەڵی سووتاندن”.
بەختیار زێباری، چالاکوانی ژینگە پارێز پێیوایە ئەو دووکەڵە ڕەشەی کە لە نەخۆشخانەکان دێتە دەرەوە “کاریگەری لەسەر تەندروستی و دەروونی نەخۆش و سەردانکەرانی نەخۆشخانە درووست دەکات”.
ئاماژەی بەوەشکرد:”کە ئەم کێشەیە تەنیا بۆ پارێزگای دهۆک وهەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی نیگەران کردووە کە بەدوای چارەسەری تردا دەگەڕێن. بەڵام کارەساتەکە لێرە بە دڵنیاییەوە گەورەترە.”
باس لەچەندین چارەسەری هاوچەرخ دەکات کە لەئێستادا لە لێکۆڵینەوەدان و بۆ سەلامەتی ژینگە پێویستن، یەکەمیان دوورخستنەوەی ئەو ئامێرانە لەنەخۆشخانەکان ودانانی لەناوچەکانی دوور لەشار وکۆمەڵگەی نیشتەجێبوون
هەروەها باس لە بەکارهێنانی ماددە پلاستیکییەکان دەکرێت کە دەتوانرێت دووبارە بەکار بهێنرێن یان بنێژرێن بۆ نموونە لە بیرێکی قووڵ تا 700 مەتر بە مەرجێک ئاو دڵۆپە نەکات و کاریگەری لەسەر خاک و ئاو و هەوا نەبێت یان دروستکردنی سندوقی تایبەت بە ئاسن وکانزای ڕەق کە بەرگەی پەستان بگرێت وئەم ماددانە بە شێوازی پەستان کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی ببنە قەبارەی بچووک، توێژەران پشتگیری لە جێبەجێکردنی ئەم بیرۆکانە دەکەن بۆ فڕێدانی پاشماوە مەترسیدارەکان بە شێوەیەکی سەڵامەت.
(س.م)، پەرستارە لە نەخۆشخانەی گشتی شێخان، نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت، خۆی وهاوکارەکانی لەگەڵ دووکەڵی ڕەش ڕاهاتوون کە سوتنگەکان لەهەوادا بڵاویدەکەنەوە، هەروەها دەزانن کە ئەو مەترسییەی دروستی دەکەن چەند زيان بەخشە، بەڵام هیچ چارەسەرێکیان نیە.
پەرستارە کە بەردەوام دەبێت ودەڵێت:”ئێمە پێشتر لەگەڵی ڕاهاتووین، کاتێک هەموو ڕۆژێک لەسەر کار دەبم ئەم دووکەڵە ڕەشە دەبینم، لای من بووە بە شتێکی ئاسایی، بەڵام هەندێک جار لە خۆم دەپرسم ئەم دووکەڵە ڕەشە چی لە جەستە وسییەکانمان دەکات لە چەند ساڵی داهاتوودا.”
“لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە ئێمە لە کەرتی تەندروستی کار دەکەین بۆ پاراستنی تەندروستی خەڵک، بەڵام لە دووکەڵ و گازە زیانبەخشەکان نقوم بووین”. ئەو دووبارەی دەکاتەوە:”ئێمە هیچ چارەسەرێکمان نیە، دەبێت بەرپرسان کێشەکە بە جدی وەربگرن وکار بۆ چارەسەرکردنی بکەن”.
لایەنە پەیوەندیدارەکان چی دەڵێن؟
سەرەڕای بەردەوامی میکانیزمی ئاسایی سوتاندن وبەکارهێنانی هەمان ئامێری کۆن لەزۆربەی نەخۆشخانەکانی دهۆک، بەڵام دکتۆر سەرکار وەحیددین سۆرچی، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زانیاری جۆراوجۆر لەبارەی کاری سوتنگەکان دەخاتە ڕوو وئاماژە بەوەدەکات کە کێشەکە چارەسەر کراوە
سۆرچی وتی:”ئێستا کێشەی دووکەڵ وپیسبوونی ژینگە لە نەخۆشخانەکان نەماوە دوای هەماهەنگی نێوان وەزارەتی تەندروستی ودەزگای پاراستنی ژینگە، پاڵاوگەیەک دانراوە کە ئامێرێکی تایبەتی هەیە بەناوی (Autoclave Shreder) کە پاشماوە پزیشکییەکان لەناودەبات.”
سۆرچی وتیشی:”32 لەو ئامێرانە لەلایەن رێکخراوی ( UNDP )دابینکراون و ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کراون و بەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراون.”
بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوزانیارییانه بەدواداچوونمان بۆ ژمارەیەک لەنەخۆشخانه کانی دهۆک کرد وبۆمان دەرکەوت کەهێشتا بەپێی میکانیزمی کۆن کاردەکەن چەند جارێک هەوڵماندا پەیوەندی بەوتەبێژی تەندروستییەوە بکەین بۆ وەرگرتنی لێدوان، بەڵام هیچ وەڵامێکمان نەبوو.
مستەفا ئیسماعیل عومەر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی مایکرۆبایۆلۆجی ژینگەیی لەزانکۆی دهۆک ڕاسپاردە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو سوتنگانەی کە ژینگە پیس دەکەن وهەڕەشە لە تەندروستی گشتی دەکەن پێشکەش دەکات وجەخت لەسەر گرنگی مامەڵەکردن لەگەڵ میکانیزمی کارکردنیان دەکاتەوە.
سەبارەت بەجۆری ئەو ئامێرانەی کە کەمترین کاریگەرییان لەسەر ژینگە هەیە، دەڵێت:”ئەوانەی هەوا تێکەڵ دەکەن لە کاتی کارکردندا بۆ ژینگە باشترن ودەبێت بەپێی چەند ڕێنماییەک بەکار بهێنرێن”.
هەروەها دەڵێت:”دەبێت هەوا بەباشی بپەستێنرێت بۆ ئەوەی دووکەڵ نەچێتە دەرەوە، ودەبێت توانای کارکردنی ئەوەندە گەورە بێت بۆ ئەوەى بتوانێت لە یەک کاتژمێردا پەنجا کیلۆگرام پاشماوە بسوتێنێت، هەروەها گرنگە هەموو پاشەڕۆ بەیەکەوە نەسووتێنرێن، بەڵکو هەر جارێک لە ( 15٪ بۆ 20٪ ) پاشەڕۆ زیاد بکرێت بۆ ئەوەی بە باشی بسوتێنرێت.”
لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە دەبێت هەندێک ئامێر لەجیاتی دووکەڵکێش دابنرێت بۆ ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی گازە پیسکەرەکان وەک sox (ئۆکسیدی گۆگرد)، NOX (ئۆکسیدی نایترۆجین)، (دایۆکسین وفریۆن) لەگەڵ هەوا، چونکە دەبنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە”.
توێژینەوە وڕاپرسی خولی، کە لەلایەن توێژەران وڕێکخراوە پسپۆڕیەکانەوە ئەنجامدراوە، ئەوە دووپات دەکاتەوە کە پیسبوونی ژینگە لەشارەکانی هەرێم بەتایبەتی لەدهۆک لەزیادبووندایە بەهۆی زیادبوونی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە وەک پاڵاوگە بێ مۆڵەتەکان ور لال کارگە وچالاکیەکان کە لەگەڵ ستانداردە ژینگەییەکاندا ناگونجێن وهەروەها هەزاران مۆلیدە کە لەنێو گەڕەکەکانی نیشتەجێبووندا کار دەکەن وئەمەش مەترسییەکی زیاتر لەسەر تەندروستی گشتی دروست دەکات ویەکێک لەنیشاندەرەکانی زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجەیە.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، چالاکوانانی ژینگە نەخشەیەکیان بڵاوکردەوە کەنیشانی دەدات پیسبوونی ژینگە لە دهۆک زۆرزیادیکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە لە ساڵی 2023 دا( 9 هەزار و 911) حاڵەتی شێرپەنجە تۆمارکراوە، لە ساڵی 2022 دا( 9 هەزار و 610 )حاڵەت و لە ساڵی 2021 دا( 7هەزار و904 )حاڵەت تۆمارکراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2020 دا (6 هەزار و 293) حاڵەت تۆمار کراوە.
ئەحمەد حەسەن، لە تەنیشت ماڵەکەیەوە دوو سەرچاوەی پیسکەر هەیە وهەڕەشە لە ژیانی خێزانەکەی دەکەن، دەڵێت:”لە دووری 80 مەتر مۆلیدەی تایبەت هەیە کە ڕۆژانە زیاتر لە 12 کاتژمێر کاردەکات ولە پشتی ماڵەکەمەوە ئامێرێکی سوتاندنی پاشماوە پزیشکییەکان هەیە کە ژەهر وبۆنی ناخۆش لەکەش وهەوای ناوچەکەدا بڵاودەکاتەوە”.
ئەو بە زەردەخەنەیەکەوە ئاماژەی بە سەرچاوەی سێیەمی پیسبوونی ژینگەی ناوچەکە دەکات کە جۆگەیەکە و ئاوەڕۆی تێدا دەڕوات، دواتر بەدەنگێکی بەرزەوە وتی:”ئێمە چۆن ڕزگارمان دەبێت لە هەموو ئەمانە، ئێمە نازانین؟”
ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیرج بۆ راپۆرتە بنکۆڵکارییەکان ئەنجامدراوە لەچوارچێوەی”رۆژنامەگەری بنکۆڵکاری بۆدۆزینەوە وبەدواداچوون”.
ڕاپۆرتی گێڕانەوە
Reports
ڕاپۆرتی گێڕانەوە","field":"name"}],"number":1,"meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":29886}" data-page="1" data-max-pages="1" data-start="1" data-end="1">


