بنکۆڵکاری:  کۆچکردن .. بوونی کرستیانەکان لەعێراق ریشەکێش دەکات… ئاسایش، ئابووری، نوێنەرایەتی لە حکومەت، هۆکاری سەرەکین

 کۆچکردن .. بوونی کرستیانەکان لەعێراق ریشەکێش دەکات… ئاسایش، ئابووری، نوێنەرایەتی لە حکومەت، هۆکاری سەرەکین

لە مانگی حوزەیرانی 2014 دا دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر ناوچەکانیاندا گرت، دەیان هەزار کرستیان ناچار بوون ڕوو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وشارۆچکەکانی دەشتی نەینەوا بکەن کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کرستیانن، یان رووبکەنە دەرەوی وڵات.

ئیهاب تەمەن ( 37 ساڵ)،کریستیانێکی ئاوارەی دهۆکە، کاتێکی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی لە سروشتی ئەو ژیانەی کە چاوەڕێی دەکات تێبگات، لەهاوینی 2017 دا ودوای ئازادکردنی شارەکەی “تەلئەسقوف” لە دەستی داعش، ئیهاب گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی کە دەکەوێتە دەشتی نەینەوا، چونکە ماڵەکەی کە دوو ساڵ پێش ئاوارەبوونی لە ساڵی 2014 تەواوی کردبوو بووە بە وێرانە، شارەکەی ئیهاب، لە ئێستادا پێویستی بەخزمەتگوزاری وژێرخانی ئابووری وهەلی کار وئیدارەیەکی بە بەتوانا هەیە بۆ ئەوەی ژیانی بۆبگەڕێتەوە.

لە کاتێکدا وڵاتەکە لەململانێی سیاسی وکێشەی ئەمنی وگەندەڵی وخراپ بەڕێوەبردنی دەیناڵاند، ئیهاب هیچ بژاردەیەکی نەبوو جگە لەوەی لەگەڵ هاوسەرەکەی ودوو منداڵەکەی بەرەو لوبنان بڕۆن وهەوڵ بدەن لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە داوای پەنابەرێتی مرۆیی لە ئوسترالیا بکەن.

ئەو گەنجە کە پێش کۆچکردن، کاری سەربەخۆی دەکرد وتی، “پاش ئەوەی داعش لە هاوینی 2014 دا دەستی بەسەر تەلئەسقوفدا گرت، ناچار بووین بەرەو پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان هەڵبێین و سێ ساڵ بە پەرۆشێکی زۆرەوە چاوەڕێمان کرد بۆ ئەوەی شارۆچکەکەمان بەدەست بهێنینەوە وبگەڕێینەوە بۆ ماڵەکەمان، بەڵام بارودۆخەکە ترسناک بوو.”

ماوەیەک بیری کردووەوە دواتر بەردەوام بوو لەقسەکانی وتی” شەڕی ڕزگارکردن، ماڵەکەی ئێمەی خاپۆرکردبوو وپێش ئەوەش کاتێک ئاوارە بووین چەکدارانی داعش هەموو شتێکمانی دزی، بۆیە بڕیارماندا کۆچ بکەین بۆ وڵاتێکی تر و ژیانێکی نوێ دەست پێبکەین، بۆیە چیتر هیچمان لە عێراق نەماوە”.

ڕێگای کۆچکردنی ئیهاب وخێزانەکەی، گوڵرێژ نەکرابوو، ئازاری چاوەڕوانی لە دۆخێکی سەختی ژیاندا ونەبوونی هەلی کار بۆ ماوەی سێ ساڵ درێژەی کێشا، جگە لە دڵەڕاوکێی وترس لە گەڕانەوە بەبێ بەدەست هێنانی هیچ ئەنجامێک وگریان وئازار وکێشەی نامۆبوون، ئەمانە هەمووی دووچاری خێزانەکەی بوویەوە.

ئەوبە قسەی پچڕ پچڕ ولێوی لەرزین بەردەوام دەبێت ودەڵێت “لە ساڵی 2020 دامافی پەنابەریمان پێدرا. ئەوە باشترین شت بوو کە هەمانبوو، وگەشتمان کرد بۆ ئوسترالیا بۆدەستپێکردنی ژیانێکی نوێ. ژیانێکی شایستە کە داهاتوویەکی باشتر بۆ منداڵەکانمان مسۆگەر بکات.”

ئیهاب، یەکێکە لەو دەیان هەزار مەسیحیەی کە لە مانگی حوزەیرانی 2014 دا دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر ناوچەکانیاندا گرت، ناچار بوون ڕوو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وشارۆچکەکانی دەشتی نەینەوا بکەن کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کرستیانن، یان رووبکەنە دەرەوی وڵات.

ڕێکخراوی”داعش” کە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دەستی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی دەشتی نەینەوادا گرت لە باکوری ڕۆژهەڵاتی موسڵ، سێ بژاردەی بەسەر مەسیحییەکاندا سەپاند: “یان ببەن بە موسڵمان یان دەبێت جزیە بدەن یان دەبێت هەمووشتێکیان بەجێبهێڵن، ئەوانیش دوایین بژاردەیان هەڵبژارد”.

لەبەرامبەر بەردەوامی کۆچکردن، ترس لە کۆتاییهێنان بە بوونی مەسیحییەکان لە عێراق زیادیکردووە ولەگەڵ ئەوەشدا کڵێساکانی ناوخۆ و ڕێکخراوە مرۆییەکان هەوڵ دەدەن ئەو کەسانە ڕازی بکەن کە کۆچ نەکەن وبە شێوازی جۆراوجۆر هانیان بدەن بۆ مانەوەیان، لەوانە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگاکانیان کە ئەم لێکۆڵینەوەیە بەدوایدا دەڕوات”.

جارێکی تر کۆچکردن

سەرچاوە نافەرمییەکان ژمارەی كرستیانەکان لە عێراق پێش ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە نیسانی 2003 دا، بە نزیکەی (یەک ملیۆن و 500 هەزار) مەسیحی دەخەمڵێنن، ئەو ژمارەیە لەلایەن لویس مارکوس ئەیوب، ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەیمانی کەمایەتییە عێراقییەکان پشتڕاست کرایەوە وتی ” لە ئێستادا ژمارەیان کەم بووەتەوە بۆ نزیکەی ( 400 هەزار) کەس.

کرستیانەکان، زیاتر لە پارێزگای نەینەوا نیشتەجێبوون، بەتایبەتی لە شارۆچکە مێژووییەکانیان لە دەشتی نەینەوا،وەک بەغدیدا (قەرەقوش)، ناوەندی قەزای حەمدانییە، قەزای تەلکەیف، قەزای بەرتەلە وئەلقوش، هەروەها لە ناوەندی شاری موسڵ.

لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیان بە بەردەوامی کەم دەبووەوە بەهۆی هێرشەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، بەتایبەتی ئەلقاعیدە، چ لە بەغدا و چ لە دەشتی نەینەوا یان موسڵ کە ( 20)هەزار مەسیحی تێیدا دەژیان و نزیکەی( 30)هەزار خێزان لە شارۆچکەکانی دەشتی نەینەوا دەژیان.

تەنانەت پێش ئەوەی داعش نەینەوا کۆنترۆڵ بکات لە مانگی حوزەیرانی 2014دا کۆچکردنی مەسیحییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر بەردەوام بوو بۆ دەربازبوون لە جیاکاری کۆمەڵایەتی وهێرشە تیرۆریستییەکان لەسەر بنەمای ئایینی، وبە پێی خەمڵاندنەکانی توێژەرانی مەسیحی، پێش هێرشی ڕێکخراوەکە تەنها هەزار خێزانی مەسیحی لە موسڵ و(15) هەزار خێزان لە دەشتی نەینەوا هەبوون،بەڵام  دوای پەرەسەندنی گرژییەکان، لەماوەی چەند هەفتەیەکدا، نەینەوا خاڵی بوو لە مەسیحییەکان.

قەشە یوسف شەمعون، لەوباریەوە دەڵێت،” ژمارەی کرستیانەکان پێش ئەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان کۆنترۆڵی ناوچەکانی عێراق بکەن لە |( 5%)ی دانیشتوانی عێراقیان پێکدەهێنا، بەڵام ئەمڕۆ تەنها لە  1)%)ه وبەبۆچوونی ئەو پێویستیان بە یەکڕیزی وتەبایی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە”.

لێکۆڵەرەوەکە ڕاپرسییەکی ئۆنلاینی لەسەر( 128) مەسیحی لە دەشتی نەینەوا و کۆپی چاپکراوی بەسەر کڵێسا وکۆمەڵگاکاندا بۆ ماوەی شەش هەفتە ئەنجامداوە، بۆ تێگەیشتن لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردنی مەسیحییەکان سەرەڕای گەڕانەوەی سەقامگیری ئاسایش و دەستپێکردنی پلانەکانی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەکانیان.

راپرسییەکە (10) پرسیاری لەخۆ گرتبوو کە لایەنە جۆراوجۆرەکانی هۆکارەکانی کۆچکردن وئاستەنگەکانی بەردەم کۆچبەران لەخۆ دەگرێت و پرسیارەکان بریتین لە ئاسایش، دەرفەتی ئابووری، پەروەردە و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی.

ئایا کرستیانەکان بەڕاستی دەیانەوێت کۆچ بکەن؟

راپرسییەکە بە پرسیارێک دەستی پێکرد کە پەیوەستە بە ئارەزووی مەسیحییەکان بۆ کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات، وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە  لە بەرژەوەندی ئەوانەدا شکایەوە کە دەیانەوێت کۆچ بکەن، وەک لە هێڵکاریی خوارەوەدا نیشان دراوە:

 (62) کەس کە دەکاتە) ٪48) لە بەشداربووان ئارەزووی خۆیان بۆ کۆچکردن بۆ دەرەوەی عێراق دەربڕیوە، کە ڕێژەیەکی زۆرە، بەهۆی بوونی بارودۆخێکی نائاسایی کە پاڵ بە ئارەزووی کۆچکردنەوە دەنێ.

ئارەزووی نزیکەی نیوەی کۆمەڵگەی مەسیحی بۆ کۆچکردن نیگەرانییەکان دووپات دەکاتەوە سەبارەت بە هەڕەشەی جددی بۆ سەر بوونی مەسیحییەکان لە وڵاتەکەدا.

بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی بەشداربووان بەرامبەر کۆچکردن وکەی بڕیاریان داوە؟ ئەمە تەوەری پرسیاری دووەم بوو لە ڕاپرسییەکەدا:

 ئەوەی ڕوونە کە لە ( 32٪) ـی بەشداربووانی راپرسییەکە لە ساڵی 2014 ەوە بیریان لە کۆچکردن کردووەتەوە و( 20٪) ـی بەشداربووان لە ساڵانی پێش 2024 وە بیریان لە کۆچکردن کردووەتەوە.

چەندین هۆکار وپاڵنەر لەپشت کۆچکردنەوە هەن کە هەندێکیان دوای ئازادکردنی دەشتی نەینەوا لە دەستی داعش لە ساڵی 2016 سەریان هەڵدا، قورسبوونی تای تەرازوو بۆ بەرژەوەندی کەمایەتیەکانی تر لەسەر حسابی کرستیانەکان وەک (شەبەکەکان) یان نەبوونی هەلی کار کە لایەنی ئابووری کاریگەری بەرچاوی لەسەر بڕیارەکە هەبووە، یان نەبوونی هەستکردن بە سەقامگیری بەتایبەتی دوای ئەوەی ئاگرێک لە هۆڵی بۆنەکانی شارۆچکەی قەرەقوش لە 26ی ئەیلولی 2023 دا کەوتەوە ودەیان کرستیان بەهۆیە کوژران، هەرچەندە بەرپرسانی ئاسایش جەختیانلەوە کردەوە کە ڕووداوەکە لە ئەنجامی کردەوەی تیرۆریستی نەبووە.

نەدا تەمەن( 34 ساڵ) مامۆستا بوو لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە قەرەقۆش، یەکێک بوو لەوانەی کە باجێکی قورسی دا بە هۆی ئامادەبوونی لەو ڕۆژەدا ،چونکە ئەو بۆنەیە ئاهەنگی هاوسەرگیری خزمێکی بوو، مێردەکەی و سێ منداڵەکەی لەگەڵیدا بوون کاتێک هەموو شتێک زۆر بە خێرایی ڕوویدا ولە هەموو لایەکەوە بە ئاگر گەمارۆدران.

ئەو دیمەنەکانی ئەو ڕۆژە بە دڵشکاوییەوە دەگێرێتەوە ودەڵێت “هەموو شتێک بە خێرایی ڕوویدا، وەک ئەوەی خێراییەکەی لە خێرایی ڕووناکی ودەنگ خێراتر بێت، ئاگر تەشەنەی کرد ودەستی کرد بە سوتاندنی جەستەمان وهەتا دەهات هاوارەکان بەرزتر دەبوونەوە.”

فرمێسک لە چاوەکانی کۆدەبێتەوە وبەردەوام دەبێت ودەڵێت: “من منداڵەکەم نەغەم  لەدەست دا، ئەو لە تەمەنی هەشت ساڵیدا بوو زۆر جوان بوو بێ وێنە بوو.” بە دەنگێکی لەرزۆک و قسەی پچڕ پچڕ بەردەوام بوو ولۆمەی خۆی دەکرد وتی “نازانم بۆچی ڕزگارم بوو، تەنها بەشێک لە جەستەم سووتا”.

ئەو کارەساتە برینی قووڵی لەسەر ڕۆحی نەدا بەجێهێشت وبڕیاری دا لەگەڵ هاوسەرەکەی ودوو منداڵەکەی گەشت بکات بۆ وڵاتی ئوردن ولەوێ داوای پەنابەرێتی مرۆیی پێشکەش بەنەتەوە یەکگرتووەکان بکات، بە ئامانجی ئەوەی بچێت بۆ ئوسترالیا کە خوشکێکی ماوەی چوار ساڵە لە(مێلبۆرن) دەژیت.

نەدا دەڵیت “هیچ هێوایەکمان بە باشتربوونی دۆخەکە نەماوە، بۆیە ناچاربوونی ئەم هەنگاو بنێن، ئێمەی کرستیان دووچاری چەندین رووداوی سەخت ونەخوازراو بووینەتەوە، وەک کارەساتی هێرشکردنە سەر پاسەکانی خوێندکارە مەسیحییەکانی لە ساڵی 2010 و هێرشی داعش بۆ سەر شارەکانمان ومانەوەمان بۆ ماوەی سێ ساڵ لە هەولێر ولەدەستدانی ئازیزانمان لە هۆڵی بۆنەکانی( قەرەقۆش) کە تا ئێستا ڕاست ودرووستی  هۆکاری رووداوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئاشکرا نەکراوە

سەبارەت بە چاوەڕوانییەکەی کە لەوانەیە چەند ساڵێک بخایەنێت پێش ئەوەی کۆچ بکات وتی” ژیان لە ئوردن زۆر سەختە، هەندێک یارمەتی لەلایەن کڵێساکانەوە پێشکەش دەکرێت، کە زۆر سنوردارە، ژیان لێرە زۆر گرانە، بەڵام ئێمە بەرگە دەگرین و چاوەڕێ دەکەین، چونکە هیچ ڕێگەیەکی ترمان نییە”.

هۆکارەکانی کۆچی کرستیانەکان

هۆکاری زۆر لەپشت کۆچکردنی مەسیحییەکانەوە هەیە، بارودۆخی سیاسی لەپێشەوەی هۆکارەکانی کۆچکردنی مەسیحییەکانە لەعیراق، چونکە زۆربەیان مانەوەیان لەو وڵاتە بەچاکبوونی ئەو وڵاتەوە دەبەستنەوە، وەک تاکە چارەسەر بۆ کۆچنەکردن، بەڵام بۆچی بارودۆخی سیاسی ئەوەندە گرنگە بۆ مەسیحیەکان؟

زۆرێک لەوانەی لێکۆڵەرەوەکە پەیوەندی پێوەکردبوون بەکۆی دەنگ وەڵامیان دایەوە کە بارودۆخی سیاسی سیستەمێکە پەیوەستە بە سەقامگیری کارگێڕی و خزمەتگوزاری وئاسایش وگەشەپێدانی ئابووری وباشترکردنی واتە دەستەبەرکردنی هەموو ئەمانە.

“ئ ج” تەمەن ( 29 ساڵ) کە خەڵکی قەرەقوشە دەڵێت “هەر لە منداڵییەوە تا ئێستا زاراوەی بارودۆخی سیاسی بیستووە، بۆیە پێیوایە هەموو شتێک لە عێراقدا پەیوەندی بەم لایەنەوە هەیە وکاتێک بەرەو باشتر دەڕوات وسەقامگیر دەبێت   دۆخی عێراقییەکان بەگشتی بەرەو باشتر دەچێت”.

جۆزێف سلیوا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، باسی بارودۆخی سیاسی مەسیحییەکان كرد وتی “هیچ نوێنەرایەتییەکی مەسیحی کلدانی وسریانی و ئاشووری لە عێراق وناوچەکەدا نییە، هەرچەندە ( کۆتا) بۆ ئەوان هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی ڕاستەقینە نوێنەرایەتی مەسیحییەکان ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی پارتە دەسەڵاتدارەکان دەکات لە حکومەتەکانی بەغدا وکوردستانی عێراق”.

راپرسییەکە دوو پرسیاری تری تێدایە بۆ تێگەیشتن لەوەی ئایا بارودۆخی ئێستا کاریگەری لەسەر بوونی کەمایەتییە ئاینییەکان هەیە؟، لەوانە کرستیانەکان، هەروەها ڕێوشوێنەکانی حکومەت بۆ پاراستنیان:

وەڵامەکان دەریدەخەن کە( 65) کەس لە بەشداربووانی ڕاپرسییەکە پێیان وایە حکومەت وەک پێویست کاری نەکردووە و کەلەپووری ئایینی و رۆشنبیری مەسیحییەکانی ناپاراستووە، لەوانە شوێنەوارە مێژووییەکان، چونکە هەوڵ دەدرێت دیزاینی بنەڕەتی شاری موسڵ لەسەر حسابی شارۆچکەکانی “شەبەک و مەسیحییەکان” لە دەشتی نەینەوا فراوان بکرێت.

سەرکردە سیاسییە مەسیحییەکان نیگەرانن لە گۆڕانی دیمۆگرافی لەسەر حسابی ئەوان لە هەندێک ناوچەی نەینەوا، واتا پەراوێزخستنیان لەسەر بنەمای ژمارەیەکی کەمی لە ناوچەکەدا، وسڕینەوەی ناسنامەی کەلتوورییان لە داهاتوودا.

هەر فراوانکردنێک لە سنوورەکانی موسڵ لەسەر حسابی ناوچە بچووکەکان نیگەرانی ئەمنی زیاتر دەکات، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی ململانێ تایەفییەکان، چونکە فراوانبوونی ئەم ناوچەیە ئاسانکاری بۆ هاتنە ناوەوەی گروپە چەکدارەکان و توندڕەوەکان دەکات.

لویس مارکوس ئەیوب، ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەیمانی کەمینەکانی عێراق دەڵێت” ترسی مەسیحییەکانی موسڵ کە ئاوارە بوون، لە ترسی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا گەورەترە، چونکە ئەوان شاهیدی توندڕەوی و دەستدرێژییەکانی داعش ودزینی ماڵ وسامانیان بوون کە هەموو ئەمانە وایکرد کاردانەوەیان هەبێت بۆ لەدەستدانی متمانە بەدەسەڵات.

هۆکاری دووەم کە دەیخاتە ڕوو ئەوەیە “نەبوونی یاسایەک کە پێکهاتەی مەسیحی بپارێزێت وماف بە ئەندامەکانی بدات وەک هاووڵاتی پلە یەک هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکە، چونکە کەمایەتییەکان لەعێراق هاووڵاتی پلە دوون و جیاکاری لە بەرامبەریان دەکرێت ومافی کار و پلە تایبەتیان پێنادرێت لە ناوەندی پارێزگای نەینەوا.”

پێکهاتەی ئیدارەی پارێزگای نەینەوا لە پارێزگارێک ودوو جێگر و ژمارەیەک ڕاوێژکار ویاریدەدەر پێکهاتووە، بەڵام لەم پێکهاتەیەدا هیچ کەسایەتییەک لە پێکهاتەی کرستیانەکان نابینین.”

سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوە، پێدەچێت ڕۆڵی حکومەت لەم بوارەدا بچووک بێت و ئەو هەوڵانەی لە بنیاتنان وئاوەدانکردنەوەی خانوو دوکانەکان چڕکردووەتەوە کە لەشەڕی ڕزگاری دژ بەداعش ڕووخاون یان وێران کراون، کە زۆرینەی لەلایەن ڕێکخراو و دامەزراوە خێرخوازییەکان ئەنجامدراوە. بۆیە زۆرێک لە کرستیانەکان هەست دەکەن کە پشتیوانی حکومەت بۆ پێکهاتەی مەسیحی لاوازە و لە دروشمەکان تێپەڕ ناکات.

هەڵوێستی کڵێسا سەبارەت بە کۆچکردن

مەریەم تەمەنی ( 35 ساڵە) ودایکی سێ منداڵە و پێش ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەی هەڵبێت بۆ پارێزگای دهۆک، دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر نەینەوادا گرت، ماوەیەک بیری لەوە دەکردەوە کۆچ بکات بۆ ئوسترالیا کە ژمارەیەک لە خزمەکانی لەوێ دەژین، بەڵام بە دەستێوەردانی کڵێسای ناوچەکە کە پشتگیری و یارمەتی پێویستیان بۆ خێزانەکەی دابین کرد، مەریەم بڕیاری دا لە عێراق بمێنێتەوە

دوای ئازادکردنی تەواوی موسڵ لەساڵی 2017 دا، مەریەم گەڕایەوە بۆ موسڵ و دەستی کرد بە بەشداریکردن لە چالاکیەکانی کڵێسا بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگا و هاندانی کرستیانەکان بۆ مانەوەیان لە ناوچەکانی خۆیان.

ڕاپرسییەکە پرسیارێکی تایبەتی دەربارەی ڕۆڵی کڵێسا لە کۆچکردندا خستەڕوو و ئەنجامەکانیش جیاوازی بیروڕا و هەڵوێستیان نیشان دا:

 (52) کەس یان ( 40.6٪) (زۆرینەی بەشداربووان) لەو باوەڕەدان کە کڵێسا ڕێگری لە کۆچکردن دەکات. لەبەر چەند هۆکارێک وەک پاراستنی ناسنامەی ئایینی وکەلتووری، چونکە نەینەوا لانکەی مێژوویی مەسیحییەکانە و شوێنەواری ئایینی وکلتووری گرنگی تێدایە.

کڵێساکانی مەسیحی، بەگشتی لەو باوەڕەدان کە ئەرکی خۆیانە هانی کرستیانەکان بدەن خاکەکەیان جێنەهێڵن ودژایەتی کۆچکردن بکەن وهەموو خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکەن بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی خۆیان، چونکە کۆچکردن هەڕەشە لە  بوونی کرستیانەکان دەکات لە عێراق.

چەند مەسیحییەکی دیکەی نزیک لە پیاوانی ئاینی مەسیحی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت دەڵێن “کڵێسا هانی مەسیحییەکان دەدات بمێننەوە بۆ پاراستنی هاوسەنگی دیمۆگرافی، چونکە کۆچکردن واتە جێهێشتنی زەوییەکانیان کە لەوانەیە ببێتە موڵکی پێکهاتەکانی تر کاتێک ناوچەکانیان جێدەهێڵن، بۆیە کڵێسا ڕەتی دەکاتەوە زەوی وزاری مەسیحییەکان لە نەینەوا کڕێن وفرۆشتنی پێوە بکرێت.

بەڵام لایەنێکی دیکەش پەیوەستە بە بەرژەوەندی خودی کڵێسا لە وەستاندنی کۆچکردنی مەسیحییەکان لە دەشتی نەینەوا وناوچەکانی دیکەی بڵاوبوونەوەیان، کە ئەمەش مانای ئەوەیە کەهێزی بوونی ئایینی هەر دەمێنێتەوە وکۆچ بە مانای کەمبوونەوەی ژمارەی ئامادەبوونی خەڵک لە کڵێساکان لە کاتی چالاکی وئاهەنگە ئایینییەکاندا وبەم شێوەیە پێویستی بەقەشە و”مەترانەکان” کەم دەبێتەوە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەڕێوەبردنی کاروباری کڵێسا دەبێت وکاریگەرییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکەی کەم دەکاتەوە.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکە لەم بارەیەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە( 45) کەس وەڵامیان داوەتەوە کە هەڵوێستی کڵێسا سەبارەت بە کۆچکردن نازانن، هەندێک پێیان وایە کڵێسا بەڕەتکردنەوەی کۆچکردن دژ بە ویستی زۆرێک لە مەسیحییەکان دەوەستێتەوە. (9) کەس لەوانەی وەڵامی پرسیارەکەیان دایەوە وتیان کڵێسا هانی کۆچکردن دەدات وئەم گروپە بچووکە پێدەچێت ڕەنگدانەوەی ئەزموونی تاکەکەسی بێت.

سەبارەت بە کڵێسا، هەڵوێستی فەرمی ڕوونە ئەویش ڕەتکردنەوەی کۆچکردنە وەک پاتریارک “مار لویس ساکۆ” هۆشداریدا لەوەی کە بە “شەپۆلی کۆچکردنی مەسیحیەکان”وەسفی کرد بەهۆی زیادبوونی قەیرانەکان و چڕبوونەوەی ململانێکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ونیگەرانکەر.

ساکۆ لە وتارێکیدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی پاتریارکی بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت” لە ئێستادا (هەزار و 200) خێزانی کۆچبەری مەسیحی لە تورکیا و هەزار خێزان لە ئوردن و( دوو هەزارو 500 ) خێزان لە لوبنان.

ساکۆ ڕاشیگەیاند “کۆچکردن جاران لە ناو هەمان وڵاتدا ڕوویدەدا، بەڵام ئێستا بووە بە دیاردەیەکی جیهانی، وادەکات مرۆڤ نیشتیمانی خۆی بەجێبهێڵێت، ڕەگەکانی هەڵبکێشێت و بەرەو وڵاتێکی ترملبنێت کە نایناسێت وهیچ ئینتمایەکی بۆنییە “.

ئەو ڕوونیکردەوە “بڕیاری مانەوە یان ڕۆیشتن بڕیارێکی شەخسی، خێزانی، مێژوویی وچارەنووسسازە کە دەبێت لە هەموو ڕوویەکەوە بە بیرکردنەوە بێت، چونکە کۆچبەر دەبێت بزانێت کە لە سەفەردا نییە بۆ بەهەشت ناڕوات، بەڵکو ڕووبەڕووی چەندین تەحەدا و گرفت دەبێتەوە لە جۆرێکی دیکە، لەوانەیە توندتر بن، بەتایبەتی ناهاوسەنگی ئازادی.”

ئەو دەشڵێت” بوونی مەسیحییەکان لە عێراق مێژووییە، چونکە ئەوان دانیشتووانی ڕەسەنی عێراقن، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو ئازار وتەنگانە و بارودۆخە سەختانە، نابێت مەسیحییەکان ناچاربکەن خۆیان بەدەستەوە بدەن یان کۆچ بکەن”.

ساکۆ داوای لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ وحکومەتی هەرێمی کوردستان کرد گرنگی بە شارۆچکەکانی دەشتی نەینەوا و شارۆچکە مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان بدەن لەڕێگەی چەسپاندنی چەمکی هاووڵاتیبوون وجێبەجێکردنی یاسا ودادپەروەری ودابینکردنی مافی مەدەنی یەکسان بۆهەمووان ودابینکردنی خزمەتگوزاری وهەلی کار وقەرەبووکردنەوەی ئەو لەدەستدانەی بەهۆی داعش و شەڕە تایەفییەکانی ترەوە لەدەستیانداوە.

 کۆچکردن بۆ کوێ ؟ ئایا هیچ گەڕانەوەیەک هەیە؟

ئەگەر هەڵبژاردەی نزیکەی نیوەی مەسیحییەکانی عێراق کۆچکردن بێت، ئەوا بۆ کوێ کۆچ دەکەن، راپرسییەکە ئەم پرسیارەی کرد:

زۆرترین رێژەی بەشداربووان کۆچکردن بۆ ئوسترالیا پەسەند دەکەن و بە باشترین بژاردە دادەنرێن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک کە یەکێک لە بەشداربووان ئاماژەی پێکرد: “سەقامگیری وئاسایشی گەورە لەگەڵ دەوڵەتێک کە باوەڕی بە مافەکانی مرۆڤ وئازادی و سەروەری یاسا هەیە، هەروەها دەرفەتی تێکەڵاوبوونی خێرا، چونکە کۆمەڵگاکەی سروشتی کۆمەڵگایەکی کۆچبەرەی هەیە، لەگەڵ هێزی ئابووری وهەلی کار، هۆکارێکی سەرەکین بۆ بیرکردنەوە لەو وڵاتە.”

هەروەها وتی “بوونی کۆمەڵگەیەکی گەورەی مەسیحی عێراقی هۆکارێکی هاندەرە، چونکە وایان لێدەکات کەمتر هەست بە نامۆبوون بکەن.”

سەبارەت بە پرسیارێک کە لە بەشداربووان کرا سەبارەت بەوەی ئایا بیریان لەوەکردووەتەوە دوای کۆچکردن جارێکی تر بگەڕێنەوە ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوون: “67 کەس (52.3٪) دەڵێن نازانن.

( ئ. س) پیاوێکی ئاینییە لە قەزای حەمدانیە، لە وەڵامی تێڕوانینەکەی سەبارەت بە ڕێگاکانی وەستاندنی کۆچکردنی مەسیحییەکان بۆ دەرەوەی وڵات دەڵێت” سەقامگیری گرنگترین هۆکارە بۆ ڕێگریکردن لە کۆچکردن”.

هەروەها پێیوایە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری ودابینکردنی خزمەتگوزاری و بەهێزکردنی ئابووری ودەستەبەرکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و پێدانی قەرز بۆ کردنەوەی پڕۆژەی بچووک “هەموو ئەمانە بوونی پێکهاتەی مەسیحی لە عێراق بەهێز دەکات”.

ئەو پیاوە ئاینییە، کە چەندین ساڵ لە ژیانی لە ژێر گەمارۆی نێودەوڵەتی وهەژاری بەسەربردووە لەسەردەمی رژیمی پیشووی عێراق، هاوکات خراپبوونی دۆخی ئاسایش لە ئەنجامی ململانێی ناوخۆیی وکوشتنی بەکۆمەڵ لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە بینیوە، دان بەسەختی بارودۆخی عێراقدا دەنێت ونیگەرانی راستەقینەی هەیە سەبارەت بە داهاتووی بوونی مەسیحییەکان لەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ بۆچوونی کڵێسادا هاوڕایە کە مانەوە بڕیارێکی “شەخسی و ڕۆحییە”. ئەو دەڵێت “ڕەگەکانمان وکڵێساکانمان لێرەن، ومن هەست دەکەم ئەرکی خۆمە کە بەشێک بم لە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگا دوای هەموو ئەو شتانەی بەسەریدا تێپەڕیوە.”

ئەو بۆ ساتێک دەوەستێت ودەڵێت “بەڕای من کۆچکردن لەدەستدانی ناسنامەیە، چونکە ئێمە خاکی باوباپیرانمان بەجێ دەهێڵین وئەوان هەمان بارودۆخی ئێمەیان تێپەڕاندووە، بەڵام خۆشەویستییان بۆ خاکەکەیان بەسەریاندا زاڵ بووە”.

زۆرینەی ئەوانەی شایەتیان داوە داوای ئاشکرانەکردنی ناوەکانیان کردووە، لەبەر هۆکاری تایبەتی.

•ئەم بەداوادچوونە بەسەرپەرشتی تۆری نیرج بۆ بەداواچوونە بنکۆڵکارییەکان ئەنجامدراو، لەچوارچێوەی پڕۆژەی “ڕۆژنامەگەری بنکۆڵکاری بۆدۆزینەوە و بەدواداچوون”.

بنکۆڵکاری

Investigations

بنکۆڵکاری","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":27054}" data-page="1" data-max-pages="1" data-start="1" data-end="1">