بنکۆڵکاری:      بەکارهێنانی ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا بۆ مەبەستی ئایینی

     بەکارهێنانی ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا بۆ مەبەستی ئایینی

لە کۆمەڵگایەکی فرە کەلتووری وئایینی و لەژێر سایەی سیستمی دیموکراسیدا، پێویستە بوارەکانی فێرکرن وخوێندن سەربەخۆ بن و رێگا نەدرێت بکەونە ژێر کاریگەری هیچ ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، بۆ ئەوەی دواتر نەبێتە هۆی ئەوەی ئاراستەی خوێندن و فێربوون بەلاڕێدا ببرێت، ماوەیەکە تێبینی دەکرێت لەچەند شوێنێکی جیاجیای هەرێمی کوردستاندا هەوڵدەدرێت ناوەندەکانی خوێندن وەك سەکۆیەك بۆ ریکلامی ئایینی بەکاربهێنرێن، ئەمەش بەبۆچوونی شارەزایان زەنگێکی مەترسیدارە بۆسەر کۆمەڵگا وپرسی بەیەکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی، رەنگە رێگە خۆشکەر بێت لە داهاتوودا نەوەیەکی توندڕەوی ئایینی دروست بێت.

لیا خوێندکاری قوتابخانەیەکی ئینتەرناشنالە لە شاری سلێمانی، لە ماڵەوە لەتەنیشت خوشکە (14) ساڵانەکەیەوە دانیشتبوو کە لە هەمان  قوتابخانەی ئینتەرناشناڵ دەخوێنن، دوو چیلکەی بەدەستەوەبوو ونانی پێدەخواردن ولەناکاو و بەوپەڕی بێزارییە وتی “لە رۆژێکی رەمەزانی ئەمساڵدا لە قوتابخانەکەمان داوایانکرد هەر کەسێك توانای هەبێت بۆ خوانی بەربانگ بڕی (10) هەزار دینار لەگەڵ خۆیدا بهێنیت، لەگەڵ هاوڕێکانمدا چوووین بۆ قوتابخانە و بینیمان جیا لە خوانی بەربانگ مامۆستای ئایینیان هێنا بوو نوێژی بە کۆمەڵیان پێدەکردین لەگەڵ چەند چاڵاکییەکی تری ئایینی کە ئێمە هیچمان لەبارەیەوە نەدەزانی”.

وتیشی “ئێمە بۆ ئەوە رۆیشتبووین لە قوتابخانەدا لەگەڵ هاوڕێکانمان کاتێکی خۆش بەسەربرین، بەڵام ئەو کەشی چوونەدەرەوەیان لە ئێمە تێکدا”.

باسکردنی ئەم بابەتە وایکرد هەندێک سەرنج بخەینە سەر بابەتەکەو سەرنجمان لەسەر خواردنەکە نەما، پرسیارمان لە هەر یەکە لەو دوو خوشکە کرد کە ئایا لە خوێندنگە کاتێک سیمینار یان هەر شتێکی لەو جۆرەتان بۆ ڕێکدەخرێت باسی چیتان بۆ دەکەن؟

وەڵامەکانیان جێی پرسیار بوون، هی ئەوە نەبوون لەئاستی خوێندنگایەکی پەروەردەیی ئینتەرناشناڵ بێت و وتیان”بۆنەکانی ئاهەنگ گێڕانی کریسمس و هاڵەوین و زۆر بۆنەو یادی دیکە لە قوتابخانەکەمادان قەدەغە کراون، بەبیانووی ئەوەی ئەمانە نەریتی دینی ئیسلام نین و موسڵمان نابێت بەشداری لە بۆنەی بەم جۆرەدا بکات!”

ئەوان هەرجارە و یەکێکیان بەنیگەرانییەوە قسەیەکی سەیریان دەکرد و هەرکات یەکێکیان قسەکانی تەواو دەکرد ئەوی دیکە شتێکی دیکەی بەبیر دەهاتەوە و زیاتریان بۆ باسدەکردم، تا گەیشتە ئەوەی یەکێکیان باسی لە سیمینارێک کرد کە لەلایەن یەکێک لە بەناوبانگترین توێژەرە کۆمەڵایەتیەکانی ئەمشارەوە بۆیان ڕێکخراوە ووتویەتی “هەرکەسێک ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیکڵاسی پێبوو بەدڵنیایەوە گرفتی ئەخلاقی هەیە! “.

وڵاتی مەدەنی و دەستووری و فرە کەلتووری کە تیایدا یاسا سەروەر بێت،­ پێویستی بەوە هەیە لە هەمووو بوارێکدا لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا کێبڕکێ بکات، ئەمەش بەبێ سیستمێکی مۆدێرن و پیشکەوتووی فێرکردن ناکرێت، ئەو سیستمەش پێویستی بەوە هەیە رێز لە فرە ئایینی و فرە کەلتووری بگرێت. لە دنیای پێشکەوتوودا نابێت بواری پەروەردە و فێرکردن بەمەبەستی تایبەتی ئایدیۆلۆژی یان سیاسی و رەگەزی و هەر مەیلێکی دیکەی تایبەت بەڕێوەبچێت، بەوپێیەی کە لە بڕگەی دووەمی ماددەی (26)ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە پێویستە “پەروەردە بە ئامانجی پەرەپێدانی تەواوەتی کەسایەتی مرۆڤ و بەرەوپێشبردنی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان بێت. هەروەها پێویستە لێکتێگەیشتن ولێبوردەیی و دۆستایەتی لە نێوان هەموو گەلان و هەموو گروپە ڕەگەزی یان ئایینییەکان بەرەوپێش ببات”.

” سەرپۆش لەسەر بکەن، بەهیچ جۆرێك گوێ لە گۆرانی نەگرن”.

نیما  (تەمەن ١١ ساڵ)، لەلایەن دایکییەوە بەمەبەستی فێربوونی خوێندنی قورئان و بنەماکانی ئایینی ئیسلام نێردراوەتە یەکێك لەو ماڵانەی لە شاری سلێمانی وەك ناوەندێکی فێربوونن و لەلایەن رێکخراوە ئیسلامییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، دەڵێت “بەزۆر پێمان دەڵێن سەرپۆش لەسەر بکەین و داوامان لێدەکەن بەهیچ جۆرێك گوێ لە گۆرانی نەگرین، چونکە حەرامە و مرۆڤ بەرەوە هەڵە و خراپەکاری دەبات.”

بەهۆی ئەو هەموو پرسیارەی لە مێشکیدا دروستببوو، لەدوای چوونی بۆ یەکێک لە سەیرانەکان کە لەلایەن هەمان ناوەندەوە ڕێکخرابوو بەردەوام نینۆکەکانی دەخوارد و زۆر بە پرسیار و گومانەوە دەیپرسی، باشە بۆچی لە پاسەکە نەیانهێشت گۆرانی لێبدەین؟ باسی لەوەش کرد کە چۆن مامۆستاکەی لێی توڕەبووە و وێنەکانی پێسڕیوەتەوە کاتێک بینیویەتی کە لەگەڵ کەسێکی بەناوبانگی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کە لەهەمان سەیرانگا بووە بەڕێکەوت، وێنەی گرتووە و مامۆستاکەی پێی وتووە “پێویستە دایک و باوکیشتان ئاگادار بکەینەوە و نابێ بەهیچ جۆرێک نزیکی کەسانی بەناوبانگ ودەرکەوتوو بکەون، چونکە ئەوانە کەسانی لەخوا دوور و بێباوەڕ و خراپەکارن و ئەبێ لێیان دوربین! “

مامۆستاکەی بەدرێژایی ڕێگای گەڕانەوە باسی ئەوەی کردبوو، تەماشاکردنی خەڵک و گۆرانی بێژ و ئەوانەی دەرکەوتوون، دەبنە هۆی تاوان و چوونە دۆزەخ، بەمەش دنیایەک ترس و پرسیار لەلای نیما دروستببوو، کە نەیدەوێرا بۆ هەرکەسێکی باس بکات و هەرگیز لێیان تێنەدەگەیشت!

دایکی نازێ کە تەمەنی کچەکەی تەنها پێنج بەهارە و دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە، بەوپەڕی نیگەرانییەوە باس لەو دۆخەدا دەکات کە بۆ منداڵەکەی دروستبووە و نازانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات، نازێی کچی کە هێشتا لە باخچەی ساوایانە و بەباشی فێری نووسین و خوێندنەوە نەبووە، بەڵام “لە یوتیوب بە دەنگ داوای ئاڵای ئیسڕائیل و فەڵەستین دەکات، چەند جارێك ئەمەی دووبارە کردەوە، وێنەی هەردوو ئاڵاکەی دەکێشا و زەڕبێکی بەسەر ئاڵای ئیسڕائیلدا دەهێنا و نیشانەی راستیشی لەبەرامبەر ئاڵای فەڵەستین دادەنا، لەکاتێکدا بەتەواوەتی نازانێت ئاڵای کوردستان دروست بکات”.

لەم بارەیەوە دەڵێت “خۆم پێنەگیراو نەمتوانی لەسەر بابەتەکە نەپرسم و چیتر لام ئاسایی نەبوو، ئاخر بۆیە منداڵەکەمم بردبووە باخچەیەکی تایبەتی هەڵەبجە تا دڵنیاتربم لە پەروەردەی منداڵەکەم و لەو ئاشتی و منداڵیەی کە لەمێشکیدا دەیچەسپێینن و مانگانە بڕە پارەیەکی زۆرم بۆ ئەو مەبەستە دابین دەکرد”.

ئەو دەپرسێت “چۆن دەکرێت منداڵەکەم لەبری کێشانی وێنەی گوڵ و گیا وشاخ و چۆلەکەکان، ئاڵای وڵاتەکانی ئیسڕائیل و فەڵەستین بنەخشێنێ! مەگەر ئەم منداڵە و لەو تەمەنە چی لەو بابەتانە تێدەگات و بۆچی دەبێت تێبگات؟”

ئەوەی کە زۆر نیگەران و بێتاقەتی دەکرد وەڵامی منداڵە پێنج ساڵەکەی بوو کاتێک بە بە هێواشی لێی پرسیبوو “بۆچی ئەم کارە دەکەیت؟ ئەویش لە وەڵامدا وتبووی ئەمە ئاڵای فەلەستینە و مسوڵمانن و ئەگەر خۆشمان بوێن دەچینە بەهەشت، بەڵام گەر ئیسرائیلمان خۆشبووێت ئەوا کافرین و خودا دەمانسوتێنێت!”

ناوەندێکی پەروەردەیی ئایینی: منداڵان لەسەر ئاداب و ئەخلاقی بەرز بە پەروەردەیەکی ئیسلامی رادەهێنن

لەسەر ئەم بابەتە مامۆستایەکمان دواند کە لە یەکێک لەو ناوەندانەی وانەی پەروەردەیی و ئاینیان تیادا دەوترێتەوە مامۆستایە و سەر بە کۆمەڵی دادگەرییە، کە رێکخراوێکی ئیسلامی سیاسی دیارە لە کوردستاندا. ئەو نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە و رەتیکردەوە بەرنامەکەیان هیچ جۆرە توندوتیژییەکی تێدا بێت و ئەوەی هەیانە تەنها “منداڵان لەسەر ئاداب و ئەخلاقی بەرز بە پەروەردەیەکی ئیسلامی و کەلتوورێکی جوان رادەهێنن، بۆ ئەم مەبەستەش خەڵك بە مەمنوونی منداڵەکانیان لای ئەوان ناونووس دەکەن”.

سەبارەت بەو بابەت و چیرۆکانەی لەبارەی ئەوانەوە باسکراون وەك هاندان بۆ پەرگیڕی و وێنەنەگرتن لەگەڵ کەسە ناسراوەکانی سۆشیال مێدیا و بە حەرامزانینی گۆرانی و دژایەتیکردنی جوو، روونیکردەوە کە ئەم بابەتە پەیوەندی بەوەوە هەیە “بەرپرسیاریەتی منداڵانمان لەئەستۆدایە نابێت شتێك بکەین لەسەر ئێمە بکەوێت، بەڵام بۆ گۆرانی وتنیش ئەمە حەقیقەتێکە رێگای پێنادەین چونکە پێمانوایە منداڵ بەشێوازێکی موسڵمانانەی خۆمان پەروەردە بکەین”.

هەروەها نەیشاردەوە کە بەبێگومان “منداڵەکان لەسەر دژایەتی جوو پەروەردە دەکەن چونکە فەڵەستینییەکان برای ئایینین و ستەم و ناهەقییان بەرامبەر دەکرێت”.

وەزارەتی پەروەردە: رێگا نادرێت لەناو خوێندنگاکاندا هیچ جۆرە چالاکییەکی دەرەوەی میتۆدی خوێندن هەبێت

ئێمە لە وڵاتێکداین قوربانی دەستی گرووپە تیرۆریستییەکان بووە و تا ئێستایش هەڕەشەی تیرۆر و پەڕگیری لەسەرە، لەبەر ئەوە پێویستە دامەزراوەکانی خوێندن و فێرکردن لە ریزبەندی پیشەوەی ستراتیژیەتی ئاسایشی نیشتیمانیدا بن، دەوڵەت و دامەزراوە پەروەردەییەکان هەموو هەوڵێکیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە ئایندەدا نەوەیەکی لێبوردە و دوور لە وتوندڕەوەی دروست بێت، ئەمەش بەوە دەکرێت سەرەتا میتۆدی خوێندن چاك بکرێت و دواتر چاودێرییەکی باش لەسەر ناوەندەکانی خوێندندا هەبێت.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەوروەردە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی قسەی بۆ کردین و وتی ” وەزارەتی پەروەردە ساڵانە ڕێنمایی تایبەتی هەیە تایبەت بە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و فێرکردن کە تیایدا بەروونی هاتووە رێگا نادرێت هیچ جۆرە چالاکییەکی ئایینی لەدەرەوەی مەنهەجی خوێندن هەبێت، هەروەها بەهەموو شێوەیەك هەوڵدان بۆ پەڕگیری و دروستکردنی جیاوازی و دژیەکی ئایینی وکلتور و قبووڵنەکردنی جیاوازییەکان و تۆخکردنەوەی جیاوازی و دروستکردنی ڕقەبەرایەتی قەدەغەیە”.

هەر سەرپێچییەکیش لەمبارەیەوە هەبێت “وەزارەت بەدواداچوون و سزای دەبێت و چاوپۆشی لە هیچ خوێندنگایەك ناکات”.

نووسەرێك: هەر شتێك لە ناو خوێندنگاکاندا بکرێت بە رەزامەندی دەسەڵاتدارانی دەکرێت

سەبارەت بە هۆکاری بوونی ئەم حاڵەتانە لەناو دامەزراوەکانی پەروەردەدا، ئاوات ئەحمەد سوڵتان، نوسەرو ڕووناکبیر پێیوایە “ئایین بە گشتی بەتایبەت ئیسلام لە سیاسەت جیاناکرێتەوە، هەر لەسەرەتاوە ئامادەیی هەبووە لەناو سیاستەوە، خۆی جۆرێکە لە سیاسەت، لەبەرئەوەی هەتا سیستمی سیاسی گەندەل و ستەمکارتر بێت ئەو زیاتر دەگەشێتەوە”. ئاماژەش دەدات بەوەی کە “لە سیستمی خراپدا خەلك بێئومێد دەبێت ئایین ئومێدی پێدەبەخشیتەوە. ئومێد بە دنیایەکی خۆشتر و کامەرانتر و ئاسودەتر لە جێگایەکی تر و ژیانێکی تردا، ئەم جۆرە ئومێدانەش بەتایبەتی بۆ مرۆڤی گەنج و منداڵان زۆر سەرنجراکێش و دڵگیرە”.

سوڵتان لە درێژەی قسەکانیدا روونیدەکاتەوە کە ” سەرنجی ئایین بەردەوام لەسەر غەریزەکان و ئامانجەکەش هەمیشە ئامانجێکی سیاسییە و وەرگرتنی دەسەڵات و کۆکردنەوەی جەماوەرە بۆ ئەو رێکخراوانەی ئەم کارە دەکەن، چونکە ئاین هەرگیز هیچ کارێک بەبێبەرامبەر ناکات، مرۆڤی دیندار بەخۆڕایی دەستی منداڵێك ناگرێت لە شەقامدا بیپەڕێنێتەوە، ئەو کارە دەکات بۆ ئەوەی خوا چاکەی بۆ بنووسێت”.

سەبارەت بە دەستێوەردانی لە بوارەکانی پەروەردە بە ناوی ئایینەوە وایدەبینێت کە “کاتێك سیستم گەندەڵ دەبێ یەکێک لەهەرە دیارترین و بەرچاوترین ئاکامەکانی تیکچوونی سیستمی پەروەردە و زیادبوونی ئاستی نەخوێندەوارییەوە، سیستمی گەندەڵ ڕێکەوتنی ژێربەژێری نەنوسراو لەگەڵ لایەنە دینییەکان دەکات بۆ ئەوەی خەریکی گەندەلی خۆی بێت و لایەنەکانیش خەریکی جەماوەری خۆیانبن، پێیان ئەڵێ دین بۆ تۆ و دونیاش بۆ ئێمە”.

ئەو پێیوایە هەر شتێك لە ناو خوێندنگاکاندا بکرێت بە رەزامەندی دەسەڵاتدارانی دەکرێت “تەنانەت مزگەوتێک ناتوانرێت دروستبکرێت ئەگەر سیستم ڕێگەی پێنەدات، مامۆستایەك ناتوانێت نوێژ بە منداڵان بکات ئەگەر بەڕێوبەرەکەی ئاگادارنەبێت، بەڕێوبەریش هیچی بۆ ناکرێت و تەنانەت داشنامەزرێت ئەگەر دەسەڵات گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵنەکات”.

لە کۆمێنتێ کۆتاییشدا وتی “لە دونیادا هەمیشە هێزە ئیسلامییەکان هەوڵی بەدەستهێنانی وەزارەت و پەروەردە دەدەن، چونکە دەزانن چەند کاریگەرە، بەڵام لە کوردستان هێزە ئیسلامییەکان ئەم درکەشیان نەبوو کەچی دەسەڵاتی سیاسی، چونکە هەستی بە گرنگی پەروەردە نەکردووە بەجۆرێك لەجۆرەکان رازی بووە ئەم بوارە لەژێر کاریگەری ئەواندا بێت”.

“نابێت ڕێگا بدرێت کەلتوری ڕق وقینە لە ناخی منداڵانماندا بچەسپێنرێت”

دکتۆر محەمەد تەها حوسێن، نووسەر و مامۆستای دەروونناسی لە زانکۆی سەڵاحەدین بۆچوونی وایە بابەتی توندوتیژی یان پەروەردەی توندوتیژی لە خودی سیستمی بەهاکان و خودی سیسیتمی پەروەردەی سەرچاوە دەگرێت لە هەر کۆمەڵگایەکدا وەكو ستاندارد وەکو نۆرمێکی گشتی پەیڕەو دەکرێت، هەرچەندە کە توندوتیژی بەشێکە لە سایکۆلۆژیای مرۆڤ، بەڵام دەبێت ئەو پاڵنەر و مۆتیڤ و هەستە پاڵ بەمرۆڤەوە دنێت بەرەو وێرانسازی و مەرگدۆستی بەشێوەیەك پەروەردە بکرێت وبەخێوبکرێت، تا ئەو وزەیەی لە وێرانکردندا سەرفی دەکات بیخاتە خزمەتی بیناسازی و پێکەوەژیان و بەرهەمهێنانی شارستانیەت و مەدەنیەت.

زیاتر روونی دەکاتەوە کە”مەدەنیەت دەبێت بۆ بنیاتنانی لەڕووی سایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجیەوە دەبێت ئەو وزەیەی مرۆڤ بۆ توڕەبوون هەیەتی هەمان ئەو هێزە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و دەخرێتە خزمەت بونیادنانی شارستانیەت و پێکەوەژیان ئەمەش بە ئاسانی وبەبێ پەروەردە نابێت، چونکە سیستمی پەروەردە پڕۆسەیەکە مرۆڤ بەجۆرێک داخڵی دەبێت و بە جۆرێکی دیکە لێی دەردەچێت”.

 ئەو باسی هەستیاریی بابەتەکە دەکات و وایدەبینێت بەجۆرێکە کە رەنگە هەندێك جار “دێڕێک لە ئەدەبیات و شیعر و پەخشان و چیرۆکێك هانی منداڵێک یان خوێنەرێک بدات رەفتاری توندوتیژی بنوێنێت، لەبەرئەوە بەکارهێنانی زمان لە نووسیندا دەبێت بەجۆرێك بێت گیانی لێبوردەیی و ئاشتییان تێدا بێت”.

هاوکات وەك سایکۆلۆجستێك جەخت دەکاتە سەر هەبوونی “کەموکوریی گەورە لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ووەك پڕۆژەیەکی ستراتیژی سەیر ناکرێت، کە دەبێت منداڵەکان لەو سیستمەدا لە بیری توندوتیژی دوور بن و ڕایان بێنین لەسەر یەکتر قبوڵکردن و جیاوازی و خوێندنەوەی بەرامبەر کە دەرەنجام دەیانکاتە هاوڵاتی و مرۆڤێکی ناو مەدەنییەت و شارستانیەت”.

هەروەها پاککردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە سەرەتاییەوە تا بگرە خوێندنی باڵا لە سیمبۆڵەکانی توندوتیژی بە ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی ومرۆڤدۆستیی هەر سیستم و ئۆرگانێکی پەروەردەیی دەزانێت لە دنیادا بەتایبەت لە وڵاتی خۆماندا کە قوربانیی ئەو توندو تیژییەیە، بۆیە “نابێت ڕێگا بدرێت کەلتوری ڕق وقینە لە ناخی منداڵاندا بچەسپێنین، بەپێچەوانەوە دەبێت فێربن کە قبووڵکردنی جیاوازییەکان، دەمانگەیەنێتە ئامانج و دەبێت ڕێز بگرین تا ڕێزمان لێبگیرێت”.

*ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە لەچوارچێوەی پڕۆژەی “رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوون”، بە سپۆنسەری کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر.

بنکۆڵکاری

Investigations

بنکۆڵکاری","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":27016}" data-page="1" data-max-pages="1" data-start="1" data-end="1">