یونس ئەلشێخ، تەمەن ( 27ساڵ)،هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە کارگێڕی وداراییەکان لە زانکۆی جیهان لەهەرێمی کوردستان، زیاتر لە دوو ساڵ دوای دەرچوونی لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە داواکاری کار بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان دەنێرێت وسەردانی نووسینگەکانیان دەکات، بەبێ ئەوەی وەڵامێکی ئەرێنی وەربگرێت، بەبێ کار ماوەتەوە وتائێستا نەیتوانیەوە خەونەکانی بەدی بهێنێت.
ئەو گەنجە کوردە دانیشتووی شاری هەولێرە، دەڕوانێتە بڕوانامەی دەرچوونەکەی کە لەسەر دیوارەکە هەڵواسراوە ودەڵێت “ماوەی دوو ساڵە لە هەوڵدام بۆ بەدەستهێنانی کارێک کە گونجاو بێت، سەرەتا بە ئیمەیل وتەلەفۆن وپاشان سەردانی بارەگای کۆمپانیاکان دەکرد و ڕاستەوخۆ داواکاریم پێشکەش دەکردن، بەڵام بێسوود بوو، جگە لە ڕەتکردنەوە وداوای لێبوردن هیچی ترم دەست نەکەوت”.
“زۆربەی کۆمپانیاکان بیانی، سوری وتورک وئێرانی دادەمەزرێنن، چونکە کاتژمێری درێژتر کار دەکەن یان بە مووچەی کەمتر کە لەگەڵ بارودۆخی خۆیاندا دەگونجێت، ئەو پارەیەی کە دەستیان دەکەوێت دەینێرن بۆ وڵاتەکانیان کە تێچووی ژیانیان کەمترە، بەڵام بۆ من وکەسانی تری وەک من کە لە هەولێر دەژین، بەدڵنیاییەوە خەرجیی ژیانم دابین ناکات”.
سەدان هەزار گەنج لەهەرێمی کوردستان کە ڕێژەیەکی زۆریان بڕوانامەی زانکۆیان هەیە، بەدەست نەبوونی هەلی کار دەناڵێنن، لەبەر ڕۆشنایی بڵاوبوونەوەی کرێکاری بیانی وبوونی سەدان کۆمپانیای ناوخۆیی وبیانی کە کرێکاری بیانی زۆر بەکاردەهێنن لەبری خۆماڵی.
ئاشتی عەلی، کە حەوت ساڵ لەمەوبەر کۆلێژی ئەندازیاریی شارستانی تەواو کردووە، دەڵێت “تۆ بیهێنە بەرچاوی خۆت، ئەم هەموو پرۆژەی بیناسازییە لێرە دەیبینیت، بەڵام کار نادۆزیتەوە، کۆمپانیا تایبەتەکان ئەندازیارانی ئێرانی وسوری پەسەند دەکەن کە بە مووچەیەکی کەمتر کار دەکەن، هەروەها دەرچووانی عێراقی تازە هەن کە بەخۆڕایی کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەزموون پەیدا بکەن.”
بەهۆی نائومێدی لە دۆزینەوەی کار، هەزاران گەنج دووچاری مەترسی کۆچکردن بوونەتەوە لەڕێگەی قاچاخەوە بۆ ئەوروپا بەهیوای دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ، دوای ئەوەی شکستیان هێنا لە کێبڕکێ لەگەڵ کرێکارانی بیانی، سەرەڕای بڕیاری حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە کوردستان، بەڵام زۆربەی کۆمپانیاکان پێوەی پابەند نەبوون، بەهۆی نەبوونی چاودێری وکەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکان.
وەزارەتی کار وکاروباری کۆمەلایەتی لە هەرێمی کوردستان ژمارەی کرێکارانی بیانی بە زیاتر لە(100) هەزار کرێکار دەخەمڵێنێت کە زۆرترین ڕێژەیان سورین جگە لە تورک و ئێرانی ومیسری وئاسیایی.
کێشەی بێکاری گەورەترین کێشەی توێژی گەنجانە لە کوردستاندا و ڕێژەی بێکاری لە هەرێم بەپێی ئامارەکانی لایەنە جۆراوجۆرەکان دەگاتە نێوان( 16٪ بۆ 20٪)، ئەمە لەکاتێدایە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسە. دوایین ئامارە فەرمییەکانی دەزگای ئاماری کوردستان لە ساڵی 2021 دا ڕێژەی بێکاری بە( 16.5٪) خەمڵاندووە وسەرچاوە ئابوورییەکان پێیان وایە بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە هەرێم لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینیوە ڕێژەی بێکاری بەرزبووەتەوە.
بڕیارێکی چالاک نەکراو
لە مانگی ئەیلولی 2022 دا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری ژمارە (172) بۆ ڕێکخستنی کرێکاری بیانی لەهەرێم دەرکرد، کە تێیدا هاتووە دەبێت کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران بەرێژەی (75٪) پشت بە کرێکاری خۆماڵی ببەستن بە بەراورد بە کرێکارانی بیانی بە رێژەی (٪25)، بە مەرجێک کرێکاری شارەزا بن.
ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانی بەوەزارەتی کار وکاروباری کۆمەڵایەتی کردووە بۆجێبەجێکردنی بڕیارەکە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری، بەڵام دوای نزیکەی دوو ساڵ لە دەرچوونی، بڕیارەکە هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
جەعفەر ئەحمەدی (تەمەن 22 ساڵ)، کرێکارێکی سوریە، لە ترسی لەدەستدانی کارەکەی لەجیاتی ناوی ڕاستەقینەی خۆی ناوێکی خوازراوی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، لە بواری خزمەتگوزاری گەیاندندا کار دەکات، بۆکۆمپانیای ( تۆترز) کە تایبەتە بە گەیاندنی داواکاری خواردن وخواردنەوە لە هەولێر، دەڵێت “نزیکەی لە(٪80) کرێکارانی گەیاندن لەکۆمپانیا جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە ڕەگەز سورین، لە کاتێکدا ژمارەی کرێکارانی کورد و عەرەب لە (20%)تێناپەڕێت.”
ئەو ڕوونی دەکاتەوە “کە کرێکارە خۆماڵییەکان ئەم کارەیان ناوێت لەبەر ئەو کرێیەی کە خاوەن ئەو کۆمپانیایانە دەیدەن لەبەرامبەر ئەوکارەدا، چونکە کۆی ئەو پارەیەی کە خۆی لە ڕۆژێکدا وەریدەگرێت لە( 25) هەزار دینار تێناپەڕێت بۆ زیاتر لە (10) کاتژمێر کارکردن، واتە ( 750) هەزار دینار (570 دۆلار) بۆ( 30) رۆژی کاری یەک لەدوای یەک.
ئاماژەی بەوەدا “کە ئەو کۆمپانیایەی کە کاری تێدا دەکات، لەبەرێوەبەرایەتی بیمەی کۆمەڵایەتی تۆماری نەکردووە، بۆ ئەوەی لە ( 12%) مووچەکەی نەدات بەو بەرێوەبەرایەتییە، ئەمەش لەگەڵ زۆربەی کرێکاراندا ڕوودە دات چ عێراقی بێت یان بیانی، بەڵام بەشێوەیەکی فراوانتر، ئەمە بەسەر ئێمەی کرێکارانی سوریادا دێت”.
تۆمارکردنی کرێکاران لە فەرمانگەی دەستبەری کۆمەڵایەتی ئەوە دەردەخات کە کۆمپانیاکان سەرپێچی بڕیاری ( 172 ) دەکەن کە دەڵێت، نابێت کرێکارانی بیانی لە ( ٪25) زیاتر دابمەزرێنن، بۆیە خاوەنکارەکان خۆیان لە تۆمارکردنی کرێکارەکانیان دوور دەخەنەوە، وەک جەعفەر، چونکە کۆمپانیاکەی پابەند نییە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
جەعفەر دەڵێت “ماوەی سێ ساڵە لێرە کاردەکەم بەڵام بەزەحمەت مۆڵەتی کارکردنم بەدەست دەهێنم، چونکە تۆمار نەکراوم، بۆیە مۆڵەتی مانەوەم گەشتیارییە و لە ڕووی یاساییەوە من مەرجەکانی نیشتەجێبوونم پێشێل کردووە.”
تارا دلێمی، ئەم زانیارییە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەویش ڕەتیکردەوە ناوی ڕاستەقینەی ئاشکرا بکات بۆ ئەوەی کارەکەی بپارێزێت، چونکە وەک سەرپەرشتیاری کرێکاران لە کۆمپانیایەکی گەورەی تایبەت بە دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە هەولێر کار دەکات. ئەو دەڵێت” زۆربەی کرێکارانی کۆمپانیاکەی سووری و تورکی و ئێرانین ورێژەی کرێکارانی خۆماڵی لە ( 2%) تێناپەرێت، لە هەموو ئەو پرۆژانەی کە لە ساڵی 2015 ەوە سەرپەرشتی کردووە”.
بۆنموونە ئەگەر کۆمپانیاکە تورکی بێت سەرپەرشتیار وئەندازیار وکرێکاری تورکی دەهێنێت و ئەگەرعێراقی بێت زۆرجار ئەندازیار و سەرپەرشتیاری عێراقی دەهێنێت. وتیشی “هەمووان دەزانن لە زۆربەی پرۆژەکاندا زۆربەی کرێکارەکان بیانین و بەشێکی زۆریان تورکی و سوری و لوبنانین و بەگوێرەی کوالیتی کارکردنیان مووچەیەکی کەم وەردەگرن بەهۆی جیاوازی دراو لە نێوان وڵاتەکانیان و ناوچەکەدا.”
بە پێچەوانەی کرێکارانی عێراقی مووچەی کەم ڕەت دەکەنەوە، چونکە ناتوانن لە رێگەی ئەو مووچە کەمەوە ئەرکەکانی ژیانیان وەک کرێی خانوو و پێداویستی ڕۆژانەی خواردن وخواردنەوە وجلوبەرگ جێبەجێبکەن “.
کرێی کرێکارانی بیانی لە کۆمپانیا وچێشتخانە وهۆتێلەکان لە نێوان (450)هەزار بۆ (800 )هەزار دیناری عێراقییە کە دەکاتە (300 بۆ 550 دۆلار) و مووچەش بەپێی لێهاتوویی وشارەزایی بەرز دەبێتەوە.
زیادبوونی کرێکارانی بیانی لە هەرێم تەنها پەیوەندی بەهەبوونی هەلی کار لە هەندێک کەرتدا کەمی مووچەوە نییە، بەڵکۆ هۆکارەکەی دەگەڕێتەو بۆ جێبەجێنەکردنی یاسا وبڕیارەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، هاوکات پەیوەندیشی بە شکستی حکومەتەوە هەیە لەوەستاندنی لێشاوی کارێکارانی نایاسایی.
وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی 2024دا ڕایگەیاند” کە تەنها (٪4) ی کرێکارانی بیانی بە فەرمی و لە ڕێگەی کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان هاتوونەتە هەرێمەوە، ئەوانی تر بە نایاسایی هاتوونەتە ناوەوە یان بە ڤیزای گەشتیاری هاتوونەتە ناوەوە و پاشان دەستیان بە کارکردن کردووە و زۆربەیان سورییەکانن.
ئامارێکی ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ماڵپەڕی دەزگای ئاماری کوردستاندا بڵاوکراوەتەوە، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە لە ساڵی 2013 ەوە زیاتر لە ( 278 هەزار و171) کەسی بیانی لەهەرێمی کوردستان وەک پەنابەر تۆمارکراون کەبەشێکی زۆریان سورین وژمارەیان دەگاتە ( 259 هەزار و 448 )پەنابەر وژمارەیەکی تریش وەک پەنابەر تۆمار نەکراون. بەگوێرەی دوایین ئاماری ئاوارەکانی عێراق لەهەرێم لەنێوان کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای ئاماری کوردستان ژمارەی ئاوارەکان گەیشتووەتە (678 هەزار و138)کەس
قەیرانەکە چۆن دەستی پێکرد
لەساڵی 2013 بازاڕی کار لەکوردستان بۆ یەکەم جار لەماوەی دەیان ساڵی رابردوودا بوژانەوەیەکی بێ وێنەی بەخۆیەوە بینی و زۆرینەی کرێکارانی ناوخۆیی ڕاکێشا وسەرنجی کرێکارانی بیانیشی ڕاکێشا و ڕێژەی بێکاریش بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە(8%)ی تێپەڕنەکردووە، بەڵام خراپبوونی بارودۆخی ئەمنی وئابووری سوریا بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سەرەڕای ئەو قەیرانانەی کە توشی تورکیا وئێران لوبنان بووەیەوە وکاریگەری لەسەر ئابوورییان گەنجانی ئەو وڵاتانەی ناچار کرد بەمەبەستی دۆزینەوەی هەلی کار ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، ئەمەش دەرگای کێبڕکێی نێوان کرێکارانی ناوخۆیی وبیانی له ناوخۆی هەرێم کردەوه
یوسف کەریم، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی هەولێر دەڵێت “ململانێ لە دوای ساڵی 2014 توندتر بووە، کاتێک دەیان هەزار عێراقی لە ژێر کۆنترۆڵی داعش هەڵهاتن و ڕوویانکرد شارەکانی هەریم لە پارێزگاکانی (نەینەوا وئەنبار وسەڵاح ئەلدین)وە.
کەریم، ڕوونی کردەوە ووتی ” کرێکارە بیانییەکان بەمووچەیەکی کەم رازی دەبن لە بەرامبەر ماوەیەکی درێژی کارکردن، بەهۆی جیاوازی دراوی نێوان کوردستان و وڵاتەکانیانەوە کە دراوەکانیان هەڵئاوساوە، بۆیە لەجیاتی ئەوەی خاوەنکار یەک ملیۆن دیناری عێراقی بدات بە کرێکارێکی خۆماڵی (نزیکەی 700 دۆلار)، بۆ نموونە نیوەی ئەو بڕە پارەیە دەداتە کرێکارێکی سوری یان ئێرانی کە بە نیوەی مووچەکەی دەژی و نیوەی یان چارەکەکەی دەنێرێت بۆ خێزانەکەی لە سوریا وئێران”.
کەریم جەخت لەوە دەکاتەوە “کە زۆرێک لە کرێکارانی ناوخۆ بەهۆی کرێکارانی بیانییەوە کارەکانیان لەدەستداوە، چونکە ناتوانن بەهەمان مووچەی کرێکارە بیانییەکان بژین. تێچووی کرێی خانوو وخواردن وخزمەتگوزاری وجلوبەرگ و قوتابخانە وئەوانی تر زۆرە ومووچەکە بەشی ئەوە ناکات کە بتوانن بژێویان دابین بکات، کێشەکە ئاشکرایە”.
سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی هەولێر هۆشداری دەدات لە کێشەی ئەو کرێکارانەی کە بەبێ گرێبەست ومۆڵەتی پێشوەخت دێنە هەرێم ودەڵێت “زۆربەی کرێکارە بیانییەکان لە هەرێم بە ڤیزای گەشتیاری هاتوون ودواتر دەستیان بە کارکردن کردووە، بەڵام ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە دێن وەک فلیپین و بەنگلادیش وئەوانی تر، زۆربەیان لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە هاتوون کە کرێکاری بیانی لەدەرەوە دەهێنن.”
“زۆربەی کرێکارانی سوریا، ئێرانی، تورکی، ئاسیایی ومیسری بە کۆمەڵ دەژین و بەهاوبەشی کرێی خانوو وهۆتێلەکان دەدەن،ئەمەش وادەکات خەرجیەکانیان کەم بێتەوە”.
محەمەد وەسیم ساڵح، بەڕێوەبەری کۆمپانیای(سترونگر) بۆ عەتر و پێداویستی منداڵان دەڵێت “کرێکارە بیانییەکە بۆ مەبەستی کارکردن هاتووە، بۆیە مووچەی کەم وەردەگرێت وهەموو کاتی خۆی بۆ کارکردن تەرخان دەکات وبەرگەی هەموو فشارێک دەگرێت بە پێچەوانەی کرێکارە خۆماڵییەکە کە لەوانەیە سەرقاڵی خێزان وهاوڕێ وئەرکی ڕۆژانە بێت داوای دوو هێندەی مووچەی کرێکارە بیانییەکە بکات”.
ئەو پێیوایە کرێکاری بیانی بەرهەمدارترە وخزمەتی زیاتری وڵات دەکات، بۆیە بازرگانان توانیویانە چەندین بەرهەمی نوێ بخەنە بازاڕەوە کە وەک پیشەسازی ناوخۆیی تۆمار کراون، لە ڕێگەی کرێکارە بیانییەکانەوە، بۆ نموونە هەندێک لە سەرکەوتوترین کەرەستەکانی هەولێر لە سوریا بەرهەم دەهێنرێن وئەو ژەمانەی کە چێشتخانە سورییەکان دابین دەکەن زۆرترین خواستیان لەسەرە.
هەروەها دەشڵێت “من زیاتر لە(20) کرێکاری سوری لە کۆمپانیاکەمدا کار دەکەن ولە کارگەدا دەخەون وپابەندن بە (12) کاتژمێری کارکردن، ئەگەر بڕیاری دەرکردنیان بدەم وکرێکاری خۆماڵی بهێنم،ئەوا مانگانە نزیکەی (20)هەزار دۆلار لە دەست دەدەم، پێش ماوەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری 172 (13) کرێکاری ناوخۆییم دامەزراند، بەڵام لە (48) کاتژمێر زیاتر نەماونەوە، لە کارەکەماندا رێژەی سەرکەوتنی کرێکارانی خۆماڵی لە ( 20٪) تێناپەڕێت بەراورد بە ( 80٪) بۆ بیانییەکان.”
ساڵح جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆرێک لە هاوکارەکانی کە کارگە وکۆمپانیایان هەیە، کارەکانیان داخستووە یان بیر لە داخستنی دەکەنەوە وسەفەر دەکەن بۆ وڵاتانی ترلەژێر کاریگەری بڕیاری (172) وباوەڕی خۆی دەرببڕیت بەوەی کە بڕیارەکە ئابووری کوردستان ناسەقامگیر دەکات، بۆیە پێشنیاری ئەوە دەکات کە حکومەت لەجیاتی ئەوە “کواڵێتی کرێکارە بیانییەکان دیاری بکات، کە دێنە ناو وڵاتەوە وتەنها بۆ ئەو کرێکارانە سنووردار بکات کە سوودیان بۆ بازاڕی کار هەیە”.
یاسا چی دەڵێت؟
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کەپابەند بووە بە پەیماننامەی مافی کرێکارانی بیانی و پرۆتۆکۆلی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ولە وڵاتدا چالاکن بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆیە دەبێت بەغدا وهەولێر پابەند بن بەو یاسایانەی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کرێکارانی بیانی یەکلایی دەکاتەوە، بەڵام هەرێم یاسایەکی تایبەتی نییە بۆ ڕێکخستنی ئەو جۆرە دامەزراندنە سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی زۆر کرێکاری بیانی تێیدا.
پێشنیاری ئەوە کرابوو یاسای کاری عێراقی ژمارە (37)ی ساڵی 2015 لە هەرێم کاری پێ بکرێت، پاش ئەوەی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کرا، بەڵام کۆتاییهێنان بە یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی دەستوری پەرلەمانی کوردستان بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی لە مانگی ئایاری 2023 دا، ڕێگری لەوە کرد یاساکە پەسەندبکرێت. لەبەر ڕۆشنایی ئەم بۆشاییە یاساییە، یاسای کاری عێراقی ژمارە( 71)ی ساڵی 1987 ئێستا لە هەرێمدا کاری پی دەکرێت.
جیهاد حەوێز، شارەزای یاسایی دەڵێت “یاسا لە میکانیزمی وەرگرتنی سکاڵای کرێکاراندا کەموکوڕییەک هەیە” ودەشڵێت “هیچ میکانیزمێکی ڕوون نییە بۆ هێڵی گەرم بۆسکاڵاکان وکرێکاران هیچ زانیارییەکیان لەبارەی مافەکانیان و میکانیزمی تۆمارکردنی سکاڵا نییە کاتێک پێشێلدەکرێن.”
لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوە، ئەو جەخت دەکاتەوە، دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ کرێکارانی بیانی ڕێگەپێدراو نییە، ئەگەر کاربکەن یان نا، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕێکخستنی کارکردنیان.
بۆچوونی حکومەت
هەرچەندە ساڵ ونیوێک بەسەر دەرچوونی بڕیاری (172) دا تێدەپەڕێت، کە زۆرترین ڕێژەی (25٪)ی بۆ کرێکارانی بیانی لەو کۆمپانیایانەی لە کوردستان کار دەکەن دیاری کردووە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ نەکراوە.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار لە هەرێم هاوڕایە ودەڵێت “دوو ساڵی رابردوو وەک دوا مۆڵەت دیاریکراوە بۆ کۆمپانیاکان بۆ پۆلێنکردنی پشکی کرێکاران وجێبەجێکردنی بڕیارەکە پێش دەستپێکردنی ڕێوشوێنی فەرمی”.
ئاریان، جەختیلەوە کردەوە ” کە جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی بڕیارەکە لە سەرەتای ساڵی 2024وە دەستیپێکردووە و تیمەکانی پشکنین کە پێکهاتوون لە لیژنە هاوبەشەکانی وەزارەتی کار وناوخۆ و پارێزگا وقایمقامییەت هەڵمەتەکانیان دەستپێکردووە بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی حکومەت ولە نیوەی دووەمی ساڵی 2024دا دەگەنە سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی لە پارێزگاکانی هەرێم کار دەکەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد “وەزارەت کۆمپانیا نوێیەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت یاساکە جێبەجێ بکەن وهەڕەشەی ئەوەی کردووە کە مۆڵەتی کارکردنیان نوێ نەکاتەوە، ئەگەر هەر کۆمپانیایەک کرێکارێکی بیانی تۆمارنەکرد بێت بەبڕی( 5 ملیۆن دینار) سزا دەدرێت وجگە لە دەستگیرکردن وداخستنی شوێنی کارەکە
بە وتەی ئاریان، کۆمپانیاکان لە دامەزراندنی کرێکاری بیانی قەدەغە نەکراون، بەڵام دەبێت بەپێی ئەو مەرجانە بێت کە لە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم بۆساڵی 2022 بۆ ڕێکخستنی کار دەرکراوە.
ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران ناویان تۆمار کراوە.
لە هەوڵێکدا بۆ وەستاندنی لێشاوی کرێکارانی بیانی کە هەفتانە سەدان کرێکار دەهاتنە کوردستان، فەرمانگەی نیشنگەی هەولێر لە27 ی ئازاری 2024 بڕیاری ڕاگرتنی پێدانی ڤیزا بەسورییەکان دەرکرد ودوای هەفتەیەک بڕیارێکی دیکەی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی مۆڵەتی نیشتەجێبوون بۆ بیانییەکان، بۆیە کرێکارانی بیانی ناچاربوون دەست بەکەن بە گەڕان بەدوای کۆمپانیاکاندا بۆ تۆمارکردنیان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بتوانن مۆڵەتی مانەوەیان نوێبکەنەوە.
ئەو کرێکارانەی کە لە دەستەبەرەکەدا تۆمار نەکراون
دوایین ئامارەکان کە لە کۆتایی ساڵی 2023 دا بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بەوە دەدەن کە (48هەزار و 372) کۆمپانیا لە فەرمانگەی دەستبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێم تۆمارکراون و(28)هەزار کرێکاری بیانی کاردەکەن.
مەریوان باکوک، بەڕێوەبەری بەشی بیمە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کێشەکە لە رێژەی کرێکارانی بیانی بەراورد بە کرێکارە خۆماڵییەکان، چونکە لەگەڵ بڕیاری ژمارە)172) ناگونجێت و تی “زۆر کۆمپانیا بڕیارەکەیان جێبەجێ نەکردووە بە بەراورد لەگەڵ کۆمپانیاکانی تر وەک کارگەکانی ئاسن و چیمەنتۆ و هۆتێلەکانی 7 ئەستێرە کە داوای دوا مۆڵەتیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی، چونکە کرێکاری بیانی شارەزایان هەیە و ناتوانن دەستبەرداری ببن و جێگرەوەیان نەدۆزێتەوە، چونکە خاوەنەکانیان دەڵێن پرۆژەکانیان جگە لە شارەزایی کرێکاران لە زمانە بیانییەکاندا پێویستیان بە پسپۆری تایبەت هەیە وگلەیی لەوە دەکەن کە کرێکارانی ناوخۆ ئەو ئەم تایبەتمەندییانەی نییە و بەرگەی فشارەکان ناگرن”.
سەرپێچی کۆمپانیاکان
ئەیمەن عەبدوڵڵا (ناوی خوازراوە 25 ساڵ)، هاوڵاتییەکی سورییە ولە چێشتخانەیەک لە گەڕەکی بەختیاری کار دەکات کە چێشتخانە وکافتریا وبازاڕی مۆدێرن لەخۆ دەگرێت، دەستی بۆ دەرگایەکی لاتەنیشت درێژ کرد وتی” وەستاکەم داوا لە کرێکارە بیانییەکان دەکات لە دەرگای پشتەوەی چێشتخانەکە بچنە دەرەوە، چونکە ئەوان لای ئەو تۆمارنەکراون و گرێبەستی فەرمییان نییە وهیچ تۆمارێکیان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا نییە.”
ئەمە لە زۆرێک لە پڕۆژە و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری لە هەرێم ڕوودەدات، چونکە جێبەجێکردنی یاساکا خزمەت بە خاوەنکارەکان ناکات، بۆیە خۆیانی لێی دەزنەوە”.
شوکر عەزیز شێخ، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە وهۆتێلەکانی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە دامەزراوە گەشتیاریەکان دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی یاساکە لە کاتێکدا کۆمپانیاکان هێشتا سەرپێچی دەکەن سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم ئاسانکاری پێداون وتێچووی مانگانەی بیمەکەی کەمکردۆتەوە کە بە (٪17) دادەنرێت کە دابەش دەکرێت بۆ(٪12) لەلایەن خاوەنکارەوە بۆ کارمەندەکەی بۆ بەشی بیمە و)5٪( لەلایەن کرێکارەوە دەدرێت کە بە بەراورد بە کرێی دەستبەری کۆمەڵایەتی لەوڵاتانی تر باشە”.
بەڵام زۆرێک لە خاوەنکارەکان پێشوازییان لەو بڕیارە نەکرد وپێیان وابوو زیان بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دەگەیەنێت وزۆربەیان بە لێکۆڵەرەوەی ئەم بەدواداچوونەیان وت”کرێکاری عێراقی بەمووچەی (400) هەزار دینار رازی نابێت، بەڵام کرێکارە سوری وئێرانی و بیانییەکە رازی دەبن”.
بەگوێرەی سەندیکای کرێکارانی هەولێر،هەندێک لە خاوەن ئاریشتگاکانی ژنان سکاڵایان لە سەندیکای کرێکاران تۆمار کردووە ودەڵێن “ناتوانن کرێکاری خۆماڵی دابین بکەن”.
بێکاری وکۆچبەریی
هەزاران دەرچووی زانکۆ لە کوردستان وگەنجان گلەییان لە کەمی دەرفەتی کار هەیە بەهۆی کێبڕکێی گەورە لەگەڵ کرێکارانی بیانی، بۆیە پێیان وایە بڕیاری ژمارە (172)ی ساڵی 2022 درەنگ دەرچووە وچارەسەری ڕاستەقینەی بەدی نەهێناوە.
سیبان عەلی، کە لە ساڵی 2019 وە کۆلێژی ئەندازیاریی شارستانی تەواوکردووە داوای کارکردنی پێشکەش بە دەیان کۆمپانیا ورێکخراو کردووە، پێش ئەوەی ناچاربکرێت لە مۆڵێک کار بکات، دەڵێت ” دەرکردنی بڕیارەکە دواکەوتووە وتا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، چونکە کۆمپانیاکان بەهۆی نەبوونی چاودێریکردن خۆیان لە جێبەجێکردنی دەدزنەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە تۆمارکردنی کرێکاران لە فەرمانگەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئاماژە بەوە دەکات” کە ئەمە کاریگەری زۆری لەسەر کاری نەوەی نوێی ودەرچووانی زانکۆ کردووە”.
مەحمود عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای ئاماری سلێمانی ئەمەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژە بەوەکرد کە” ئاماری بێکاری لە هەرێم بۆ ساڵی 2013 ئاماژە بەوە دەکات کە رێژەی بێکاری تەنها(7.9٪) بووە، بەڵام رێژەی بێکاری لە ساڵی 2021 بۆ(16.5٪) بەرزبووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا کارێکی دەرئاسای ئەنجامداوە بە دابەزاندنی رێژەی بێکاری لە(56٪) لە ساڵی 1992 بۆ(8٪) لە ساڵی 2013 لە سلێمانی، (7.5٪) لە هەولێر ودهوک (8.3٪)
ئەو پێیوایە بەرزی ڕێژەی بێکاری لەنێو گەنجاندا زیادیکردووە سەرەڕای گەشەکردنی شارستانی لەشارەکانی هەرێم و زیادبوونی ژمارەی ئەو پرۆژانەی کە بڕیارە هەلی کار بۆ کرێکاران ودەرچووانی هەرێم دابین بکات، ئاماژە بەوەشدا “کە بەشێکی زۆری دەرفەتەکان بۆ کرێکارانی بیانی دەڕوات”.
سیروان گەردی، سەرۆکی تۆڕی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 دا لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئاشکرای کرد “کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە (38) هەزار گەنج کۆچیان بۆ ئەوروپا کردووە”.
وتیشی،”لەنیوەی دووەمی ساڵی 2023 دا بەهۆی سنووردارییەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا لەسەر کۆچبەران وگرژییەکانی شەڕی ئۆکرانیا وڕوسیا وزیادبوونی مەترسییەکانی سەر ڕێگاکانی کۆچکردنی نایاسایی لەنیوەی دووەمی ساڵی 2023 دا ڕێژەکە کەمی کردووە”.
دوو ئەوەندە زیانی ئابووری
زۆربەی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان ئەو پارەیەی لە هەرێم بەدەستی دەهێنن خەرج ناکەن، بەڵکو بە سوود وەرگرتن لە دابەزینی بەهای دراوی ناوخۆیی لەو وڵاتانەدا دەیگوازنەوە بۆ وڵاتەکانیان ئەمەش مانای ئەوەیە ئابووری هەرێمی کوردستان بەردەوام دراوی قورس لە دەست دەدات.
شوکر عەزیز شێخ، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل وچێشتخانەکانی هەولێر دەڵێت “کرێکارانی بیانی لە )90%(ی داهاتەکانیان دەگوازنەوە بۆ خێزانەکانیان لە سوریا، ئێران، لوبنان، تورکیا و ئەوانی تر، ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەرچوونی پارەی کاش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری هەرێم دەبێت.”
ئەو پێی وایە کاریگەری کرێکاری ناوخۆیی دەرئەنجامەکەی گەورەترە لەسەر ئابووری هەرێم، تەنانەت ئەگەر کرێکاری بیانی هەندێک جار کارامەتر بێت، “چونکە کاری کرێکارانی خۆماڵی دەبێتە هۆی ئاڵوگۆڕی سەرمایە لەناو وڵاتدا”.
نیگەرانیەکان
هەر کە بەشەقامەکانی هەولێری پایتەختی هەرێمەدا تێدەپەڕیت یان دەچیتە ناو دوکانەکانی، چێشتخانە وهەندێک لە کۆمپانیاکان وتەنانەت پارکە گشتییەکانی، خەڵکی ڕەگەزنامەی بیانی دەبینیت. لە زۆربەی بەشەکانی کەرتی تایبەتدا بەربڵاون.
دەبینیت زمانی عەرەبی بەتایبەتی شێوەزاری سوری لە زۆر شوێندا ڕکابەری کوردی دەکات وئەگەر مۆبایلەکەت بکەیتەوە بەڕووی ئەپلیکەیشنەکانی خواردن و خواردندا بۆمباران دەکرێ کە زۆربەیان سەر بە کەلتووری چێشتخانەی کوردی نین و هەندێک ناوچەش خەرێکە مۆرکی کەلتووری کوردی لەدەستدەدات
عەبدولقادر ئاسۆ، توێژەری کۆمەڵایەتیە هۆشداری دەدات لەو هەستیارییانەی کە لە داهاتوودا لەنێوان خەڵکی ڕەسەن وکرێکارانی بیانی سەرهەڵدەدات کە ژمارەیان لە هەرێمدا ڕوو لە زیادبوونە ئاماژەیدت بە گۆڕانکاری لە سروشتی هەندێک ناوچە وگەڕەک وەک (بەختیاری وعەین کاوە) لە هەولێر
وتیشی ” دەبێت بەرپرسان سەرنج بدەن وچالاکانە هەڵوێست وەربگرن بۆ ڕێگرتن لە کێشەکانی داهاتوو”.
ئەو پێی وایە زیادبوونی بڵاوبوونەوەی بێگانە لە نێو دانیشتوانی هەرێمدا بێگومان کاریگەری لەسەر زمان و کۆمەڵگا و ئابووری دەبێت “لەوانەیە لە داهاتوودا ئازار بچێژین، هەروەک ئەوروپا ئەمڕۆ بەدەست ژمارەیەکی زۆر کۆچبەرەوە دەناڵێنێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئەفریقا روویان تێکردووە.
ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە جەختی لەوەکردەوە “کە پێویستە کوردستان یاسای ڕێکخستنی ئەم دۆسیەیە دەربکات و مافی کرێکاران لەبەرچاو بگرێت بۆ ڕێگرتن لە گرژی وحاڵەتەکانی دوژمنایەتی بەرامبەر بە کرێکارانی بیانی وەک ئەوەی لە تورکیا و لوبنان ڕوویدا”.
چارەسەرەکان
خالید حەیدەر، شارەزای بواری ئابووری لەکوردستان، چارەسەر بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی پشتبەستن بەکرێکارانی بیانی دەخاتە ڕوو ودەڵێت ” ئەو کرێکارانە لەهەموو وڵاتانی جیهاندا بوونیان هەیە، بەڵام کێشەی کوردستان لەوەدایە کە ڕێژەکەیان سنوورە پەسەندکراوەکانی تێپەڕاندووە”.
ئەو ستایشی بڕیاری دانانی ڕێژەی لە (25 %) بۆ کرێکارانی بیانی دەکات و دەڵێت “جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەبێت هۆی دامەزراندنی بەشێکی زۆری بێکاران، بۆیە دەبێت فشار بخرێتە سەر کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرەکان.”
حەیدەر ئاماژەی بەوەدا” کرێکارانی خۆماڵی بەهۆی بەرزی تێچووی ژیانەوە ناتوانن بەمووچەیەکی کەم کاربکەن، بەڵام کرێکارانی بیانی بەهۆی دابەزینی بەهای دراو لە وڵاتەکانیان، کێشەیان نییە بەمووچەیەکی کەم کاربکەن”.
ئەو شارەزا ئابوورییە دوو چارەسەری بۆئەم کێشەیە خستەڕوو”یەکەمیان دابەزاندنی نرخی کاڵاکان لەلایەن حکومەتەوە بەگوێرەی مووچەی کرێکارانی خۆماڵی بەشێوەیەک کە بتوانێت پێداویستییەکانی مانگانەی دابین بکات”.
حەیدەر وتیشی “بەڵام کوردستان بەدەست کێشەی ئابووری و دواکەوتنی پێدانی مووچەوە دەناڵێنێت، بۆیە جێبەجێکردنی ئەم چارەسەرە ئاسان نییە و بەم زووانە بەدی ناهێنرێت”
“دووەم چارەسەر کە ئەو پێشنیاری دەکات ئەوەیە کە” حکومەت پێداویستییەکانی بازاڕ بە وردی بخوێنێتەوە وپاشان فۆرمێک پێشکەش بە کۆمپانیاکان بکات بۆ دیاریکردنی پێداویستییان بۆ کرێکاری بیانی و ژمارەیان و بەمەش دەربازبوون لە دۆخی پڕبوونی وڵات بە کرێکاری بیانی و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ کرێکارانی خۆماڵی.”
• ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیرج بۆ ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری ئەنجامدراوە وەک بەشێک لە پڕۆژەی “ڕۆژنامەگەری بنکۆڵکاری بۆ دۆزینەوە وبەدواداچوون”.