بنکۆڵکاری: هەڵەی پزیشکی، هەڕەشەیەکی ترسناک لەسەر ژیانی هەموومان!

هەڵەی پزیشکی، هەڕەشەیەکی ترسناک لەسەر ژیانی هەموومان!

ماوەی چەند ساڵێکە هەڵەی پزیشکی و پزیشکان بووەتە جێگەی باس و خواسی میدیا وهاووڵاتیان، بێ ئەوەی قسە لەسەر هۆکارەکانی ئەم هەڵانە بکرێت زۆربەی جار دەخرێتە ئەستۆی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی.هەڵەی پزیشکی بریتییە لە لادانی لایەنی تەندروستی لەو ئەرکانەی کە پێیان سپێردراوە و جێبەجێ نەکردنیان بە باشی و بەهۆی کەمتەرخەمی ئاشکرا و نەبوونی هۆشیاری لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆش و باری تەندروستی و پاراستنی مافە تەندروستییەکانی، هەڵەی پزیشکی دەکرێت بەدوو بەشەوە، هەڵەی تەکنیکی: ئەم هەڵەیە پەیوەستە بە بنەماکانی پیشە لە دەسەڵاتی پزیشکی وەک نووسینی دەرمانی حەساسیەت یان چارەسەرێکی نوێ کە پێشتر تاقی نەکرابێتەوە. هەڵەی ماددی: ئەم هەڵەیە پەیوەندی بە ئەرکی گشتی و پابەند نەبوون بە ئەرکەکانی بەرامبەر بە نەخۆش هەیە، وەک پزیشک بە ئامێری پاگژەنەکراو نەشتەرگەری ئەنجام بدات یان هەندێک کەرەستەی پزیشکی بەکارهاتوو لە نەشتەرگەرییەکە لەناو سکی نەخۆشدا بەجێ بهێڵێت.

لە کەشێکی خۆرەتاودا پۆل پۆل خەڵکی سەردانی ماڵی “مەلا ئارام” دەکەن، ئەو کە لە ژوورێکی ماڵەکەیدا بەدەستێک جلی کوردی ڕەشەوە خۆی چەماندووەتەوە، بەدەم ژماردنی ئەو سۆندانەی کە دەیکێشێتە ژێر پێیەکانی شێنێ تەمەن (30) ساڵ، جار بە جار خۆی ڕاست دەکاتەوە، ئەو ئارەقەی کە بەناو چاوی هاتووەتە خوارەوە تاوەکو ڕیشە یەک بستەکەی دەسڕێت و سەیری براو هاوسەرەکەی شێنی دەکات و دەڵێت” قایم بیگرن با نەجووڵێت، وە ئاسانی ئەم جنە لە لاشەی دەرناچێت”

چاودێرانی بواری تەندروستی و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی هۆکاری بەشێک لەو هەڵە تەندروستییانە دەگێڕنەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری بەدەر لە توانای ئەوان، نکۆڵی لەوەش ناکەن کە هەندێکجار هەڵەی مرۆیی هەیە و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لێی بەرپرسیارن، کە ئەمەش لە هەموو وڵاتێکی تردا بەڕێژەیەکی دیاریکراو بوونی هەیە و هیچ وڵاتێک نییە لە سیستەمی تەندروستییەکەیدا هەڵەی پزیشکی ڕوونەدات.

لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراقدا، هیچ داتاو ئامارێکی ورد و دروست و ڕاست بوونی نییە، سەبارەت بە کەیسی هەڵەی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەم بابەتە روونادات بگرە بە پێچيوانەوە  خەریکە زۆر بە فراوانی لە شارەکانی عێراقدا بڵاودەبێتەوە، ئەمەش پەیوەندی بە کەمتەرخەمی پابەند نەبوونە بە میکانیزم و رێنماییە پزیشکییەکان لەلایەن ئەوانەی کە دووچاری هەڵەکە دەبن.

 راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بەشێوەیەکی گشتی  ئاماژەدەدەن بەوەی ساڵانە لە ئەمریکا نزیکەی) 250-440 (هەزار کەس دەکوژێت بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە، هەروەها لە بەریتانیا نزیکەی )23 ( هەزارکەس بە هەمان هۆکار گیانلەدەستدەدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، کۆمەڵە کەسانێک هەن تووشی کێشە و گیروگرفت و نەخۆشی دەروونی بوون، هەرچەندە کە پێویستە سەردانی پسپۆڕێکی دەرووناسی بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گیروگرفت و نەخۆشیە دەروونیە، کەچی سەردانی کەسانێک دەکەن بە ناوی(مەلا، شێخ…هتد)، بە بیانووی(دەرهێنانی جن، بەتاڵکردنەوەی نوشتەو جادوو، ڕوقەیەی شەرعی، لابردنی چاوەزار…هتد)، ئەم کارەش لەڕووی ئایینییەوە پشتیوانیەکی گەورەی لێدەکرێت.

ئەو کاتەی کە شێنی هەردوو باڵی لەلایەن هاوسەر و براکەیەوە گیرابوو وەکو شەق شەقەیەک هەڵدەلەرزی لە ژێر دەستیانە، دەنگی گریان و هاوارکردنەکەی دەچووە کەشکەلانەی فەلەک، لەو کاتەدا “مەلا ئارام” مۆبایلەکەی دەرهێناو بەبێ ڕەزامەندی وەرگرتن دەستیکرد بە تۆمارکردن ڤیدیۆ.

ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە “مەلا ئارام”  تاکە کەسێک  نییە بە ئەم کارە هەستابێت،  بەڵکو ئەگەر گوزەرێک بکەین بە توڕە کۆمەڵاییەتیەکاندا، دەبینین سانێکیش کە خۆیان ناوزەند دەکەن بە (مەلا، شێخ…هتد)، لە تۆڕە کۆمەڵاییەتەیەکاندا تۆماری ڤیدیۆی ئەو کەسانە بڵاودەکەنەوە سەردانیان دەکەن  بۆ مەبەستی (دەرهێنانی جن، بەتاڵکردنەوەی نوشتەو جادوو، ڕوقەیەی شەرعی، لابردنی چاوەزار…هتد)، ئەگەرچی ئەم بابەتە لە زانستی پزیشکیدا بە نەپاراستنی نهێنی نەخۆش دادەنرێت و دەچێتە قاڵبی هەڵەی نەخۆشیارییەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش یاسای  ماف و ئەرکەکانی نەخۆش دانراوە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا ئەم کارە بەردەوامە

بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆی نەخۆش بەبێ ڕەزامەندی بە تەنها لەلایەن بەناو(مەلا و شێخ…هتد)، ڕوو(نا)دات، بەڵکو لەلایەن خودی پزیشکانەوە جار بە جار ڕوودەدات، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر کەسێک پێش ئەوەی ببێتە پزیشک وانەی پاراستنی مافی نەخۆش دەخوێنێت، لە دوایین کەیسیشدا بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆی نەخۆشێک بوو، کە ئاسنێکی لە سکا چەقیبوو، پزیشکێک بە کۆسەرەیەک ئاسنەکەیی دەبڕیەوە، کۆمەڵە پزیشکێکی دیکەیش بەبێ دەست کێش و دەمامک لە هۆڵی نەشتەرگەریەکەدابوون.

لە توێژینەوەیەکی پزیشكانی زانکۆی کۆڵۆمبیا کە لەسەر چەند پزیشكێكی نەشتەرگەری ئەنجامدراوە، لە ژووری نەشتەرگەری چالاکی دڵیان پێوانە کراوە و دواتر ئەگەری روودانی هەڵەی نەخۆشیاریان روونکردووەتەوە و ئەنجامەکانی توێژینەوەکەی زانکۆی کۆڵۆمبیا لە گۆڤاری پزیشكانی نەشتەرگەری گشتی بەریتانیا بڵاوکراوەتەوە لەساڵی(2018)

 لەلایەن د. پیتەر دوپۆنت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە کاتێك پزیشكێك سەرقاڵی ژاوەژاوی ئامێرەکانی ژووری نەشتەرگەرییە، هەروەها گفتوگۆی زۆرتر لەگەڵ هاوڕێكانی دەکات و گووشاری لەسەر زۆرترە، مەترسی روودانی هەڵەی نەخۆشیاری بەرێژەی 66% زیاترە.

سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەی زانکۆی کۆڵۆمبیا هەروەها دەڵێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی رووداوی هەڵەی پزیشكی، لەنێو هۆڵی نەشتەرگەری، دەبێت کەمترین ژاوەژاو و گفتوگۆی ناپەیوەست بە نەشتەرگەرییەکە بکرێن.

کاتێك شێنێ هەڵ لەرزینەکەی نەما “مەلا ئارام” لەسەر سەریی وەستابوو، بەدەستنووس دەستیکرد بە نووسینی ناوی ئەو “دەرمانانە” لە سەر پارچە کاغەزێک، کە هەموو پێکهاتەکەی گژوگیابوو

 نووسینی ناوی دەرمان بە دەستی بە تەنها ئیشی ئەو کەسانە نییە، کە بە ناوی(مەلا، شێخ…هتد)، بە بیانووی(دەرهێنانی جن، بەتاڵکردنەوەی نوشتەو جادوو، ڕوقەیەی شەرعی، لابردنی چاوەزار…هتد) کۆمەڵە کەسانێک سەردانیان دەکەن، بەڵکو تاوەکو ئێستایش بەشێکی پزیشکەکان ڕەچەتەی دەرمانەکانیان بە دەستی دەنووسن

ئەگەرچی بەپێی فەرمانێکی سەندیکای پزیشکان بڕیاردراوە کە سەرجەم پزیشکان بە کۆمپیتەر ناوی دەرمانەکان بنووسن

ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە کە بەهۆی ناشرینی دەست و خەتی پزیشکەوە، دەرمانسازەکان کە لێ تێناگەن و بەو هۆیەوە دەرمانی هەڵە دەدەن بە نەخۆشەکان، ساڵانە لەسەرتاسەری جیهان بە سەدان هەزار نەخۆش گیان لەدەست دەدەن

ئەو کاتەی “مەلا ئارام” کە لیستی ناوی گژوگیاکانی دا بە براو هاوسەرەکەی شێنێ، تاوەکو پێش دەرگای ماڵەکەی خۆی لەگەڵیاندا ڕۆیشت و بەدەست  ناونیشانی ئەو دوکانی “دەرمانی سروشتی کوردەواریەی” کە لەسەر کۆڵانەکەبوو، پێیانی وت بڵێ “مەلا ئارام ناردوومێتی خاترتان دەگرێت ناسراوی خۆمە”.

لە زۆربەی هەرە زۆری شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا، پڕن لە ئەو دوکانانەی کە بەناوی “دەرمانی سروشتی کوردەواریەی” گژوگیا دەفرۆشن بە خەڵک بۆ نەخۆشیە جۆراوجۆرو جیاوازەکانیان، بەبێ ئەوەی ئەو کەسە دەرمان سازبێت

بەڵام لەڕووی زانستی پزیشکیەوە بەتەواوەتی ئەم کردارە ڕەتدەکرێتەوە بۆ ئەو مەبەستەیش دکتۆ ئەحمەد ساڵەی ڕایگەیاند کە” لە هەرێمی کوردستاندا، دادگایەکی تایبەتمەند نییە، بۆ یەکلایکردنەوەی ئەو کەیسانەی کە تایبەتمەندن بە هەڵە نەخۆشیارییەکانی هەرێمی کوردستان، هیچ پرۆسەیەکی دادگایکردنی نیشتیمانیش نیە، بۆ ئەو ەی هەموو  ئەو هەڵە پزیشکیانەی کە ڕوودەدەن، تاوانبارەکان بە سزای یاسای خۆیان بگەیەنرێن و مافیش بگەڕێنرێتەوە بۆ تاوانلێکراوەکان، لە هەمانکاتیشدا قەرەبووبکرێنەوە، هەر بۆیە ئەم کەیسی هەڵەی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

لە دادگاکاندا بە پێى ماددەى (411 بڕگەى 1،2 )لە یاساى سزادانى عێراقى مامەڵە لەگەڵ کەیسى هەڵەى پزیشکى دەکرێت. سزاى هەڵەکارانیش زیندانى کردن و پێبژاردنە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەڵەی پزیشکی دەبەستێتەوە بە هەڵەی (دەستنیشانکردن، ڕەچەتەی هەڵە، خراپ بەکارهێنانی دەرمان و بڕینەوەی هەڵە). ئامارەکان دەریدەخەن کە لە هەر( 10) نەخۆشێک، یەک نەخۆش لە ناوەندەکانی تەندروستی گشتی تووش دەبێت.

ساڵانە ملیۆنەها نەخۆش بەهۆی خراپی چاودێری تەندروستی لە سەرانسەری جیهاندا زیانیان پێدەگات و ساڵانە( 2ملیون و600) هەزار کەس گیان لەدەست دەدەن تەنها لە وڵاتانی داهاتی مامناوەند و نزم.

کاریگەری هەڵەی پزیشکی لەرووی (کەسیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری) زیانی ملیارەها دۆلاری لە سەرانسەری جیهاندا لێدەکەوێتەوە.

دکتۆر تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس، بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە وباریەوە دەڵێت “نابێت هیچ کەسێک لەکاتی وەرگرتنی چاودێری تەندروستیدا زیانی پێبگەیەنرێت، بەڵام لە جیهاندا لانی کەم (5) نەخۆش لە هەر خولەکێکدا بەهۆی چارەسەری ناسەلامەت گیان لەدەستدەدەن”.

دەشڵێت ” پێویستە کەلتوورێکی سەلامەتی نەخۆش دابمەزرێنین کە هاوبەشی لەگەڵ نەخۆشەکان پەرە پێبدات وهانی ڕاپۆرتکردنی هەڵە و فێربوون بدات و ژینگەیەکی دوور لە گلەیی دابین بکات کە کارمەندانی تەندروستی بتوانن هەڵەکان کەم بکەنەوە و ڕابهێنرێن”.

مەترسی هەڵەی پزیشکی جیاوازە لەنێوان ئەوەی کە بە دەستێوەردانی پزیشکی دووەم چارەسەر دەکرێت و ئەوەی کاریگەری هەمیشەیی وشێواندن بەجێ دەهێڵێت کە لەوانەیە بگاتە ئاستی کەمئەندامی،  یان قوربانییەکە ژیانی لەدەست بدات و ئازار و خەم لە دڵی خێزانەکاندا بەجێ  بهێلێت، وەک ئەوەی لە چیرۆکی (ت. ق) هەیە کە لە ساڵی 2018 دا لە نەخۆشخانەیەکی عێراقدا بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە کوڕەکەی لە تەمەنی نۆ ساڵیدا لەدەستدا.

قسەمان لەگەڵ دایکە تەمەن( 45 ساڵ)نەکە کرد کە چەندین ساڵی لە ڕاڕەوەکانی دادگادا بەسەربردووە بۆ سەلماندنی هەڵەی پزیشکی لە ڕووداوی مردنی کوڕەکەی.

 ( ت . ق ) وتی”  کوڕەکەم بەهۆی کلۆرەوە تووشی هەوکردنی قوڕگ بووە و دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە باری تەندروستی جێگیر بووە، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک  تێبینی ئەوە م دەکرد کە دۆخی تەندرووستی منداڵەکەم بەرەوە خراپی دەروات لە ئەنجامی پێدانی دەرمانی نەگونجاو لەگەڵ کێش، کە ئەوەش وایکرد جوڵە لەدەستبدات و کۆئەندامی هەناسەدانی تووشی  هەوکردن بێت کە بووە هۆی مردنی

ئاماژەی بەوەدا ” ڕاپۆرتەکانی پشکنین دەریانخست کەئەو جۆرە دەرمانەی دراوە بە منداڵەکەم  گونجاو نەبووە زیانی گەیاندووە  بە جگەر و گورچیلەکانی”.ئەو دەڵێت “کوڕەکەم بەهۆی خراپی بەدواداچوونی پزیشکی و کەمتەرخەمی لەدەست دا”.

بە خەمباریییەکی زۆر ودەنگێکی لەرزۆکەوە وتی،” تا ئەمڕۆش سەرەڕای باوەڕم بە قەزا و قەدەر، تاڵی ئەو ڕووداوە قووت دەدەم و دوودڵ نابم لە بەدواداچوونی کەیسەکە و پێداگری لەسەر لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی کە پشتگوێیان خستووە و کەمترخەمبوون لە بەرپرسیارێتیەکەیان”.

چاودێرانی بوارەکە پێیان وایە  هەندێک جار  هەڵەی پزیشکی  لەدەرەوەی بەرپرسیارێتی پزیشک و کارمەندانی تەندروستییە، بەشێکیان حکومەت لێی بەرپرسیارە و بەشێکیان کەرتی تایبەت.

هەندێک جاریش هەڵەی کارگێڕی و ستافی تەندروستی دەخرێتە ملی پزیشک، بۆ نمونە هەڵەى دەرمانخانەکانى لاکۆڵان و دەرزی لێدان و گلنەدانەوەی نەخۆش.

هاوردەکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوەیە و لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە قۆرخکراوە کە بەرپرس و کەسانی حزبی لە پشتییەوەن و خاوەندارێتی دەکەن. هەندێکجاریش بەهۆی جۆری دەرمانەکانەوە هەڵەی پزیشکی ڕوودەدات هەروەک لە ساڵانی رابردوودا دەرزی ئاڤاستین  بووە هۆی کوێرکردنی چاوی دەیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستان.

سەرەرای ئەوەی هاوردەکردنی دەرمان لە لایەن کەرتی تایبەتەوە قۆرخکراوە و کەسانی باڵادەستیان لە پشتەوەیە، لەهەمان کاتدا حکومەتی هەرێمیش کۆنتڕۆڵی جۆر و کوالیتی دەرمانی پێ ناکرێت و ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی نەخۆش و هاوڵاتیان دەرمانی ئێکسپایەر و کوالیتی خراپ بەکاربهێنن.

لە سەر ئاستی جیهانی چوار لە( 10) نەخۆش لەکاتی وەرگرتنی چاودێری تەندروستی سەرەتایی و فریاگوزاریدا زیانیان پێدەگات. زۆربەی هەڵە زیانبەخشەکان پەیوەندی بە دەستنیشانکردن، ڕەچەتە و بەکارهێنانی دەرمانەوە هەیە. هەڵەی دەرمان ساڵانە نزیکەی( 42) ملیار دۆلاری تێدەچێت، لە کاتێکدا نەشتەرگەری ناسەلامەت دەبێتە هۆی  درووستبوونی ئاڵۆزی بۆ ( ٪25 ) نەخۆشەکان و ساڵانە یەک ملیۆن کەس لە کاتی نەشتەرگەری یان ڕاستەوخۆ پاش نەشتەرگەری گیان لەدەست دەدەن.

سیستمی تەندروستی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە هۆکاری بوونی هەڵە پزیشکییەکان، ئەویش بە هۆکاری ئەوەی بەهۆی کەمی مووچە و کەمی ئیمتیازاتی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی وا دەکات ڕوو لە کەرتی تایبەت بکەن و زۆر گرنگی بە دەوامی کەرتی گشتی نەدەن.

پزیشک و کارمەندانی تەندروستی گلەیی ئەوەیان هەیە کە موچەکەیان بەشی بژێوی ژیانیان ناکات بۆیە ناچار دەبن پەنا بۆ دۆزینەوەی کارێکی تر ببەن لە کەرتی تایبەت و کەمتر لە کەرتی گشتی دەوام بکەن و پابەندبن بە کاتەکانیانەوە.

بەشێک لە چاودێرانی تەندروستی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لێنەپرسینەوە لەهەڵە پزیشکییەکان و بێ ئەنجامی ئەو لیژنانەی بۆ بەدوادچوون لە هەڵە پزیشکییەکان پێکدەهێنرێن بەشێکن لە هۆکاری دووبارە بونەوەی ئەو هەڵانەی کە هۆکارەکانی مرۆیین و تیایدا پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لێی بەرپرسیارن. لە کاتێکدا لە وڵاتانی تردا بە تایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکا ساڵانە سەدان پزیشک و کلینیکی پزیشکی لە کارکردن ڕادەگیرێن و مۆڵەتەکانیان لێدەسێنرێتەوە بەهۆی هەڵەی  پزیشکییەوە.

*ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە لەچوارچێوەی پڕۆژەی “رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوون”، بە سپۆنسەری کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر.

بنکۆڵکاری

Investigations

بنکۆڵکاری","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":27074}" data-page="1" data-max-pages="1" data-start="1" data-end="1">