ئەبو محەمەد، تەمەنی 45 ساڵە، لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی(بەسمایە) لە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری بەغدا پایتەخت دەژی، سکاڵای لەسەر دەردانی گازی ژەهراوی هەیە کە لەلایەن کارگەکانی ناوچەی(ئەبوسێلە)ی دراوسێوە دەردەچێت، کە بەبەردەوامی ئاسمانی دەوروبەری ناوچەکەی داپۆشیوە، ئەمەش ترسی خۆی ودراوسێکانی لە کاریگەرییە ژینگەیی وتەندروستییەکانی لەسەر دانیشتوانەکە وئەگەری تووشبون بە نەخۆشی ترسناک نەشاردەوە.
ئەبو محەمەد، خاوەنی خێزانێکی پێنج کەسیە، تووشی هەناسە کورتی بووە ودەبێت هەر کاتێک لە ماڵەوە بچێتە دەرەوە بەناچاری دەمامکێک لەسەر دەموچاوی دابنێت، بەتایبەتی لە کاتژمێرەکانی ئێوارەدا، ئەو دەڵێت کە “بە بەردەوامی دەرمانی تایبەت بە هەستیاریی بەکاردەهێنێت، بەهۆی بۆنی گۆگرد ودووکەڵی کارگەکانی قیڕ و ڕۆن لە نزیک کۆمەڵگەکەوە”.
ئەو پیاوە نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە سەلامەتی منداڵان و ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وداوای لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت کرد دەستێوەردان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و وتی:” بەلانی کەمەوە دڵنیامان بکەنەوە کە ئەو دووکەڵەی ئێمەی داپۆشیوە ماددەی ژەهراوی تێدایە نییە ولە ماوەیەکی کورت ودرێژخایەندا خۆمان و منداڵەکانمان تووشی نەخۆشی ترسناک ناکات.”
لە بارەی کاریگەرییەکانی دووکەڵ وئەوگازانەی کە لەلایەن کارگەکانی ناوچەی (ئەبو سێلە) بڵاودەکرێتەوە، پسپۆڕان وبەرپرسان دەڵێن، پێداویستییە ژینگەییەکانیان لەبەرچاو نەگرتووە،(دایکی جود) کە ماڵەکەی دەکەوێتە مەودایەکی نزیک لە کارگەکانی ناوچەی (ئەبو سێلە) ترسی خۆی لە دۆخەکە ناشارێتەوە، چونکە کوڕێکی بچوکی هەیە کەنەخۆشی (ڕەبوو)ی هەیە وبەهۆی نەخۆشییەکەیەوە ناچارە بەبەردەوامی دەرگا وپەنجەرەکانی ماڵەکەی دابخات.
وەک هەموو دانیشتوانی دیکە ناوچەکە چاوەڕێی حکومەت دەکات بۆ وەڵامدانەوەی سکاڵا دووبارەکراوەکانیان ودۆزینەوەی چارەسەر بۆکێشەی پیسبوونی هەوا ودەڵێت:”ئێمە دەبێت لەناو ماڵەکانمان بمێنینەوە، وەک ئەوەی کە دەستگیرکراوین، چونکە ناتوانین بەرگەی ئەو بۆنە ناخۆشەی دەرەوە بگرین” ئەو بە توڕەییەوە پرسیاری کرد و وتی:”بەڵام چۆن دەتوانین ڕێگری لەوە بکەین منداڵەکان نەچنە دەرەوە؟”.
کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی (بەسمایە) هەشت گەڕەکی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت کە بە(ستوونی) درووستکراوە ولە چەندین باڵەخانە پێکهاتووە وژمارەی دانیشتوانەکەی لەنێوان 80 بۆ 100 هەزار کەسدایە ویەکێکە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی مۆدێرن کە تەنها 10 کیلۆمەتر لە سنووری شاری بەغداوە دوورە، بەڵام کۆمەڵگە دەکەوێتە تەنیشت ناوچەی (نەهروان وئەبو سێلە) کە کارگە ودامەزراوەی پیشەسازی بچووک ومامناوەندی تێدایە.
پسپۆڕانی ژینگەیی وتوێژەران ودانیشتوانی ئەم کۆمەڵگەیە هەندێک لە کارەگەکان تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی چالاکییەکانیان بەبێ ڕەزامەندی فەرمی، ئەمەش بەهۆی شکست لاوازی “دامەزراوەکانی ڕێکخستن” لە بەدواداچوون و لێپرسینەوەیان، هەروەها گومانیان لەوە هەیە کە پابەندن بەهەر ستانداردێکی ژینگەییەوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی دەرچوونی گاز ودووکەڵ بەهۆی کارکردنیانەوە.
ئەمە ئەو شتەیە کە ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵی ئاشکراکردنی دەدات بە پاڵپشتی کۆمەڵێک بەڵگەنامە وئەنجامی پێوانەی ئەو ئامێرانەی کە تایبەتن بەزانینی جۆری هەوا وئەو شتانەی پەیوەستن بەدووکەڵی چالاکییە پیشەسازییەکان لە نزیک کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بەسمایە.
کۆمەلێک پێشێلکاری ژینگەیە
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی بەغدا سکاڵایان لە وەزارەتی ژینگە تۆمارکردووە سەبارەت بە دەردانی گاز ودووکەڵی کارگەکان و ئازارەکانیان بەهۆی بۆنە ناخۆشەکانیانەوە. بەگوێرەی سەرچاوەکانی وەزارەت و بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لەلایەن لێکۆڵەرەوەکەوە بەدەستیان گەیشتووە، وەزارەت لێکۆڵینەوەی مەیدانی ئەنجام داوە کە بوونی “پیسبوونی ژینگەیی” لە ناوچەکە وناوچەکانی دیکەی دەوروبەری پشت ڕاستکردووەتەوە.
ئەم دۆکیومێنتانە ئەوە نیشان دەدەن کە تیمە تەکنیکییەکان ئەرکی لێکۆڵینەوەی مەیدانییان ئەنجامداوە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە لە ناوچەکەدا و بەڵگەی حاشاهە ڵنەگریان دۆزیوەتەوە لەسەر بوونی پیسبوون وپێشنیاری سەپاندنی سزایان کردووە بەسەر ئەو کارگانەدا کە فەرامۆشی بارودۆخی ژینگەیی و یاساکان دەکەن.
تیمی لێکۆڵینەوەکە بەڵگەنامەی ئەوەیان دەست کەوتووە کە هەندێک لە کارگەکانی قیڕ لە ناوچەی (ئەبوسێلە) تەنها لە شەودا کاردەکەن، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی دووکەڵ وبۆنی گۆگردیە، ئەمەش وای لە وەزارەتی ژینگە کرد لە 26ی تشرینی یەکەمی 2023دا بەفەرمی داوا لە وەزارەتی ناوخۆ ودەزگای ئاسایشی نیشتمانی بکات، چالاکییەکانی ئەو کارگانە ڕابگرن کە ڕەزامەندی ژینگەیییان نییە “بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە کە زیان بە دانیشتوان و زیندەوەرەکان دەگەیەنێت”.
بەڵگەنامەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە 20 کارگەی بەرهەمهێنانی قیڕ لە ناوچەی (ئەبو سێلە)ی سەر بە قەزای (مەدائن) هەیە، کە 16 یان لە کاتی شەودا کار دەکەن تا کاتژمێرەکانی بەیانی.هەموو ئەمانە پێچەوانەی بارودۆخی ژینگەیین وتۆمەتبارن بە ئاستێکی بەرز لە پیسبوونی هەوا لە شاری بەسمایە وناوچەکانی دەورووبەری.
بەڕێوەبەرایەتی پاراستن وچاککردنی ژینگە لە ناوچەی ناوەڕاست و بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی بەغدا نەیانتوانی هیچ کام لەو کارگانە بوەستێنن (لەبەر هۆکارێک کە ئاشکرایان نەکرد)، سەرەڕای دەرکردنی ئاگادارکردنەوە و دەربارەی داخستنی ژمارەیەک لەو کارگانە.
وەزارەتی ژینگە:”ڕێژەی پیسبوونی هەوا لە عێراق شەش جار لەو ڕێژەیە زیاترە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دیاریکردووە کە کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە”.
پیسبوونێکی مەترسیداری هەوا
لووئەی سادق ئەلموختار، بەڕێوەبەری بەشی کۆنترۆڵکردنی کیمیایی و هەڵسەنگاندنی پیسبوون لەوەزارەتی ژینگە پشتڕاستی دەکاتەوە کە “ڕێژەی پیسبوونی هەوا لە عێراق بۆ شەش جار لەو ڕێژەیە زیاترە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دیارییکردووە”، ئاماژە بەوەش دەکات کە “عێراق 70 بەش لە ڕێژەی پیسبوون لە ملیۆنێکدا تێپەڕاندووە بەپێی وێستگەکانی پێوانەکردن کە لە بەغدایە، لە کاتێکدا تەندروستی جیهانی 10بەش لە ملیۆنێکدایە وەک ستاندارد دیاریکردووە .”
ئەو دەڵێت:”جۆرایەتی هەوا لە نێوان رەنگی زەرد و پرتەقاڵیدایە کە کاریگەری خراپی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ، بەتایبەتی ئەوانەی کێشەی هەناسەدانیان هەیە،بۆیە ئەو کەسانەی کە کێشەی تەندروستییان هەیە دەبێت لە ماڵەوە دانیشن و پەنجەرەکان دابخەن.”
عەلی جابر، بەڕێوەبەری بەشی کۆنترۆڵکردنی هەوا و پیسبوون لە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی شارستانی لە وەزارەتی ژینگە، ئاماژەی بە مەترسییەکانی دیکە کرد کە کاریگەرییان لەسەر جۆرایەتی هەوا هەیە:”سوتاندنی پاشەڕۆ بە کراوەیی، چونکە هیچ “سیستەمێکی ریسایکلینی” یەکخراو لە عێراقدا نییە، کە دڵنیا بێت لە کۆکردنەوە و دووبارە بەکارهێنانەوە وگۆڕینی بۆ وزەی کارەبای دۆستی ژینگە.”
ئەو دەڵێت:”هەروەها لە نزیک کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بەسمایە، ناوچەی ژێر خاکردنی پاشماوە تەندروستییەکان هەیە کە دەکەوێتە نزیک نەهروان، سەرباری بوونی کارەگەکانی بەرهەمهێنانی قیڕ”.
جەختیشکردەوە:” بەشێوەیەکی گشتی کەشوهەوای شاری بەغدا بەدەست پیسبوونی هەواوە دەناڵێنێت وڕێژەی سنووری نیشتمانی تێپەڕاندووە و کاریگەرییەکانی لە وەرزی هاویندا خراپتر دەبێت لەگەڵ زیادبوونی دەردراوەکان لە ئەنجامی چالاکییە پیشەسازییەکان وکارکردنی مۆلیدەکان”.
پێشێلکارییە یاساییە ئاشکراکان
بەگوێرەی پسپۆری یاسایی فەلاح خدرغازی، یاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگەی عێراقی ژمارە 27ی ساڵی 2009 ستانداردی تەکنیکی تایبەت بۆ چالاکییە پیشەسازییەکان دیاری کردووە، لەوانە ناچارکردنی خاوەن پڕۆژەکە بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک کە خەمڵاندنی کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی پڕۆژەکە لەسەر ژینگە لەخۆ دەگرێت پێش ئەوەی دەست بە دامەزراندنی پڕۆژەکە بکات”.
هەروەها ناچارکردنی خاوەن پرۆژەکان بۆ ڕێگریکردن لە دەرچوونی دووکەڵ و گاز یان هەڵم. لە حاڵەتی پابەندنەبوون بە یاساکە، یاسا دەسەڵاتی ڕاگرتنی کارەکان یان داخستنی کاتی دەدات بۆ ماوەیەک کە لە 30 ڕۆژ زیاتر نەبێت، کە دەتوانرێت درێژ بکرێتەوە هەتا ئەو کاتەی پێشێلکارییەکە لادەبرێت، هەروەها سزایەکی دارایی بسەپێنێت کە لە (یەک ملیۆن) دینار کەمتر نەبێت ومانگانە لە ( 10 ملیۆن) دینار زیاتر نەبێت تا ئەو کاتەی پێشێلکارییەکە لادەبرێت.”
ئەو پسپۆرە یاساییە پێی وایە کە وەزارەتی ژینگە تەنها رێکاری سەپاندنی سزای دارایی جێبەجێدەکات، هەروەها باوەڕی وایە کە پێویستە رێکاری داخستنی کارگە پابەندنەبووەکان جێبەجێبکرێت وسزاکان تووندتربکرێنەوە وئەگەر بەردەوامبوون لە سەر پێشێلکارییەکانیان، ڕەوانەی دادگاکان بکرێن.
شارێکی نوێ لە نێو ماددە پیسکەرەکاندا
تاڵیب ئەلسعیدی، نوێنەری کۆمەڵەی کارگەکانی نەهروان بۆ بەرهەمهێنانی خشت، ، دان بە بوونی دەردراوەکاندا دەنێت کە لە ئەنجامی “پرۆسەی سوتاندنی خشتەکان” دروست دەبێت وئاماژە بەوە دەکات کە چارەسەرکردنی دەردانەکان پێویستی بەپشتیوانی حکومەت هەیە.
ئەو سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لە پێدانی ڕەزامەندی ژینگەیی لەلایەن دەزگا حکومییەکانەوە بۆ بنیاتنانی شاری (عەلی وەردی)، کە تەنها حەوت کیلۆمەتر لە لە کارگەکانی خشتی نەهروانەوە دوورە!
سعێدی هۆکاری بەردەوامبوونی دەردانی دووکەڵ وپیسکەرەکان لە کارگەکانی دروستکردنی خشت دەگەڕێنێتەوە بۆ”نەبوونی توانای خاوەنەکانیان” لە ڕووی داراییەوە بۆ گۆڕینی ئۆڤنە کۆنەکانی سوتانی خشت.
وداوای پشتیوانی حکومەتی کرد،”بۆ کەمکردنەوەی سوتان وپیسبوونی هەوا بە گۆڕینی کارگەکان لە دۆخە سەرەتاییەکانیانەوە بۆ دۆخێکی پێشکەوتووی پیشەسازی.”
لە ئەیلوولی 2023، خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی عێراق، سەردانی ناوچەی پیشەسازی نەهراوانی کرد وبەڵێنی دا کە 90 کارگەی دابخات، بەڵام هیچ شتێک ڕووی نەدا، ئەمەش ئاماژە بەوە دەکات کە لایەنەکان لەپشت پێشێلکردنی بڕیارەکانی داخستنن.
لە نەهروان 270 کارگەی مۆڵەتپێدراو هەیە بۆ بەرهەمهێنانی خشت، لەوانە 70 کارگە لە ساڵی 2015 دامەزراون و90 ئۆڤنی سوتانی خشت بەبێ ڕەزامەندی کراونەتەوە. وەزارەتی ژینگە بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ژینگەیی فەرمانی داخستنی 19 کارگەی قیڕ لەبەسمایە داوە و ئاگادارکردنەوەی بۆ ژمارەیەک کەسی دیکە دەرکردووە بەهۆی پێشێلکردنی یاساکان.
ڕەغد ئەسەد عوبەیدی، بەڕێوەبەری گشتی بەشی پاراستن وچاککردنی ژینگە لە ناوچەی ناوەڕاست ڕایگەیاند،”ژمارەیەک لەو کارگانە فەرمانەکانی داخستن تێدەپەڕێنن وشەوانە کاردەکەن، ئەمەش وەزارەت ناچار دەکات پشت بە هێزە ئەمنییەکان ببەستێت بۆ نەهێشتنی ئەو پێشێلکارییانە، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی دووکەڵ ودەرچوونی بۆنی گۆگرد، کە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان”.
مردنێکی لەسەر خۆ
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی نەهروان لە نزیک کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بەسمایە، ژیان لە نزیک کارەگەکانی ناوچەکە بە “مردنێکی لەسەرخۆ” وەسف دەکات. ئەو دەڵێت:”حاڵەتەکانی توشبوون بە شێرپەنجە ساڵانە لێرە تۆمار دەکرێن ودەگاتە 100 حاڵەت، وئێمە تێبینی زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون لەنێو منداڵاندا دەکەین جگە لە تۆمارکردنی چەندین حاڵەتی جەڵتەی مێشک.”
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە،”لە ڕۆژێکدا لە نێوان 10 بۆ 15 حاڵەتی هەناسە کورتی هەیە وڕەنگە ژمارەکە بگاتە 70 حاڵەت لە هەندێک ڕۆژدا.”
حاڵەتەکانی هەناسەکورتی وخنکاندن، بەهۆی بڵاوبوونەوەی دوانە ئۆکسیدی گۆگرد ڕوودەدات، کە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان وەک ڕەبوو، وهەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان، شێرپەنجەی سییەکان وهەروەها نەخۆشی گورچیلە.
سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە،”کە جەڵتەی مێشک بە بەراورد بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان بەرێژەی لە 10٪زیاد کردووە”..
ڕوانگەی ژینگەیی هۆشداری دەدات
لە کاتێکدا کێشەکە بەردەوام دەبێت وهەوڵەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی ماددە پیسکەرەکان شکست دەهێنن، “ڕوانگەی چاودێری سەوزی عێراقی” هۆشداریدا لەوەی کە پیسبوونی ژینگە هێشتا چارەسەر نەکراوە وبووەتە هۆی پیسبوونی هەوا لە خودی پایتەختدا.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دیارترین پیسکەرەکان “دوانە ئۆکسیدی گۆگرد(SO2) وئۆکسیدی نایترۆجینن، ئاماژە بەوەش دەکات “ئەم ماددانە هەوای شاری بەغدایان پیسکردووە وبەگوێرەی پێوەری جۆرایەتی جیهانی زیاد کردووە، بەمەش بەغدا لە ڕیزبەندی 124 میندایە لەنێو شارەکانی جیهاندا”.
خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی
بەپێی یاسای پاراستن وباشترکردنی ژینگە ژمارە 27ی ساڵی 2009، پێویستە هەر کارگەیەک بەپشتێنەیەکی سەوزی درەختی هەمیشەیی دەورە بدرێت و لەسەر بنەمای بوونی ئەو پشتێنە سەوزە، ڕەزامەندی ژینگەیی پێدەدرێت. بەگوێرەی بەڕێوەبەری گشتی بەشی پاراستن وچاککردنی ژینگە لە ناوچەی ناوەراست، ڕەغد ئەسەد ئەلعوبەیدی.
لە بەرامبەریشدا ئەلعوبەیدی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کارەگەکانی قیڕ وتوانەوە پێداویستییە ژینگەییەکانیان جێبەجێ نەکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دووکەڵ وگازەکان ومادە پیسکەرەکان. کارگەکان دەبێت لە دەرەوەی سنووری شارەوانییەکاندا بن.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی پیشەسازی وکانزاکان، بەرپرسیارە لە کارەگەکانی خشت و قیڕ و پێویستە سیستمی سووتانی ئۆتۆماتیکی بۆ خاوەن کارگەکان دابین بکات بۆ ڕێگریکردن لە دەردانی دووکەڵ ومادە پیسکەرەکان لە هەوادا.
ئەحمەد ماجید، کە تەمەنی50 ساڵە،خاوەنی فرۆشگایەکی خۆراکە لە بەغدا، ویەکێکە لەوانەی چەند مانگێک لە مەوبەر شوقەکەی خۆی فرۆشت و لەباکوری شاری بەغدای پایتەخت نیشتەجێبوو، ئەو دەڵێت، “من ئەوەم کرد لەبەر سەلامەتی خێزانەکەم، مەترسی پیسبوون هەڕەشەی لەسەر هەموومان دەکرد، ئێستا دەتوانین لە دەرەوەی ماڵەکەمان بین بەبێ ترس لە دووکەڵ.”
ئەو پێیوایە کێشەکە بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە گەندەڵی لایەنە فەرمییەکانەوە هەیە، کە “رێگەیان بە درووستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە نزیک ناوچەی پیشەسازی نەهروان وشوێنی بەژێرخاککردنی پاشماوە تەندروستییەکان وناوچەی ئەبو(سێلە) داوە”.
لێکۆڵینەوەکە بەسەرپەرشتی تۆڕی”نیریج” ئەنجامدراوە وەک بەشێک لە پرۆژەی ڕۆژنامەوانی ژینگەیی کە لەلایەن رێکخراوی”ئینتەرنیوز”ەوە بەڕێوە دەبرێت.