بنکۆڵکاری: کارگە وپاڵاوگەکانی “کۆواچی” لە دهۆک لە دەرەوەی ستانداردە ژینگەییەکان کاردەکەن وزەوی وهەڕەشە لە تەندروستی گشتی دەکەن

کارگە وپاڵاوگەکانی “کۆواچی” لە دهۆک لە دەرەوەی ستانداردە ژینگەییەکان کاردەکەن وزەوی وهەڕەشە لە تەندروستی گشتی دەکەن

بەگوێرەی لێدوانەکانی چالاکوانانی ژینگەیی وتوێژەران وپسپۆڕانی تەندروستی، ئەو پیساییانەی کە لەلایەن دامەزراوە پیشەسازییەکانەوە لە ناوچەکەدا کەڵەکەیان کردووە کێشەی ژیان دروست دەکەن بوون بە سەرچاوەی مەترسی بۆهەزاران کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە ودەوروبەری، بەپێی لێدوانەکانی چالاکوانانی ژینگەیی وتوێژەران و پسپۆڕانی تەندروستی،هەندێکیان جەختلەوە دەکەنەوە کە خاک و ئاو و هەوا پیس بوون و مەترسییەکان تەنانەت هەڕەشەش لە سامانی ئاژەڵ دەکەن وبابەتەکە گەیشتووەتە "تێکدانی هاوسەنگی سیستمی ژینگەیی".

( ئ- م) تەمەن ٤٢ ساڵ، کە لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی “باستاکی” لە باکوری دهۆک لە هەرێمی کوردستان دەژی، کۆنترۆڵی داخستنی پەنجەرەکانی ماڵەکەی دەکات، فێنککەرەوەکە دەکوژێنێتەوە وداوا لە منداڵەکانی دەکات بچنە ماڵەوە لەگەڵ دەست پێ کردنی کاتژمێرەکانی ئێوارە لەبەر ئەوەی پاڵاوتگە سەرەتاییەکانی نەوت لەمەودایەکی نزیکەوە کاردەکەن، پیساییەکانیان دەردەن ودووکەڵەکانیان بەرەو ئاسمان دەروات وبۆنی ناخۆش بڵاودەکەنەوە

بەپەنجەی ئاماژەی بۆ ناوچەی پیشەسازی “کۆواچی” کرد، بەتووڕەییەوە ژنەکە وتی،”چیدی بەرگە ناگرێن، ئێمە چەندین ساڵە لەم دۆخەداین، چەندین مەترسی هەیە بۆ سەر ژیانی ئێمە، بەڵام کەس ناتوانێت بیانوەستێنێت.”

بەگوێرەی لێدوانەکانی چالاکوانانی ژینگەیی وتوێژەران وپسپۆڕانی تەندروستی، ئەو پیساییانەی کە لەلایەن دامەزراوە پیشەسازییەکانەوە لە ناوچەکەدا کەڵەکەیان کردووە کێشەی ژیان دروست دەکەن بوون بە سەرچاوەی مەترسی بۆهەزاران کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە ودەوروبەری، بەپێی لێدوانەکانی چالاکوانانی ژینگەیی وتوێژەران و پسپۆڕانی تەندروستی،هەندێکیان جەختلەوە دەکەنەوە کە خاک و ئاو و هەوا پیس بوون و مەترسییەکان تەنانەت هەڕەشەش لە سامانی ئاژەڵ دەکەن وبابەتەکە گەیشتووەتە “تێکدانی هاوسەنگی سیستمی ژینگەیی”.

چەندین ساڵە چالاکوانی ژینگەیی ئیدریس ئەسهی، کەتەمەنی 50 ساڵە، زۆر جاریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوێت هۆشداری دەدات لەسەر مەترسی ئەو پاڵاوتگانە وتیشک دەخاتە سەریان وبە”مەترسییەکی ژینگەیی وتەندروستی گەورە” وەسفیان، کە زۆربەیان لەگەڵ ستانداردە ژینگەییەکاندا ناگونجێن”.

ئەسهی، یاریدەدەری پزیشک لە بەشی تەندروستی ناوچەی سێمێل (15 کم لە باکووری ڕۆژئاوای دهۆک) دەڵێت،” لێرەدا پاشماوە مەترسیدارەکان لەهەموو شوێنێک بوونیان هەیە، زەوی و ئاو وهەوا پیس دەکەن وهەڕەشە لە دانیشتوانی دەوروبەری دەکەن بە کۆمەڵێک نەخۆشی و کاریگەرییەکانیان لەهەوا وئاودا زۆر دەمێنێتەوە”.

وەک دانیشتوویەکی ناوچەکە، ئەسهی، بەردەوام داوا لە حکومەت وهێزە دەسەڵاتدارەکان دەکات کە دانیشتوانی ناوچەکانی دەوروبەری “کۆواچی” لە مەترسییەکانی پیسبوونی پاڵاوتگەکان ڕزگاربکەن بە ڕاگرتن یان تەنانەت کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی.

 لەگەڵ ئەوانی دیکەدا،ئەو چەندین جار سکاڵای لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکەدا تۆمارکردوە، بەڵام دەنگ وهەوڵەکانیان بە بێ سوودبوون، ولە بەڵێنی دووبارەکراو هێچیان دەست نەکەوتووە”.

 بەتۆرەییەوە ئاماژە بەوەدا،” کە دەسەڵاتدارانی دادوەری کارەکانی ئەو شوێنانەیان ڕاگرت، بەڵام ئەمە تەنها چەند ڕۆژێکی خایاند، بۆیە دووبارە دەستیان بە کارەکانیان کردەوە.” ئاشکرایە کە کاری ئەم دامەزراوانە لە دەسەڵاتی ناوخۆیی و لایەنە پەیوەندیدارەکان زیاترە.”

کێشەی کۆواچی سنووردارنییە بە پێشێلکردنی ژینگەیی لەڕێگەی بڵاوبوونەوەی دووکەڵ ودەردانی گازەکانەوە، ئەسهی دەڵێت،”ناوچەکە چەندین پاڵاوتگەی نەوتی تێدایە کە خاوەنەکانیان بەشێوەیەکی نایاسایی دەستیان بەسەر زەوییەکاندا گرتووە ومۆڵەتی کارکردنی حکومیشیان نییە”.

چالاکوانە ژینگەییەکە هۆشداری دەدات کە فێڵ لە یاسا و ڕێنماییەکان دەکرێت، کارگەکان لە سەرەتا لەژێر ناوی دیاریکراودا وبۆ مەبەستێکی جیاواز دادەمەزرین، بەڵام دواتر ئەو مۆڵەتە بەکاردەهێنن بۆ مەبەستێکی دیکە وەک پیشەسازی نەوت.

بەڵام ئەم پاڵاوتگە سەرەتاییانە چی بەرهەم دەهێنێن؟ بەبەرزکردنەوەی هەردوو دەست، ئەسهی پرسیار دەکات، پاشان وەڵامی خۆی دەداتەوە: “ساڵ لە دوای ساڵ، ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لەهەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە. لە ساڵی 2019، ژمارە تۆمارکراوەکان گەیشتن بە( 1300) کەس، بەڵام لە ماوەی دوای پەتای کۆڤید-19، بەهۆی وەستانی چالاکییە پیشەسازییەکان کە ژینگە پیس دەکەن، رێژەکە تاڕادەیەک کەمیکرد.”

هیچ ئامارێک لەسەر ژمارەی حاڵەتی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و سنگ و شێرپەنجە لە نزیک ناوچەی پیشەسازی کۆواچی نییە بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەنەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە ناوچەکەدا، بەڵام چالاکوانانی ژینگەیی وپزیشکە تایبەتەکان دڵنیان لە کاریگەرییە مەترسیدارەکانیان لەسەر تەندروستی.

“ئەوە وەک ئەوە وایە کە بوتڵێکی گازی کراوە لە ماڵەوە هەبێت وپێویستە شەو وڕۆژ ئەو گازە هەڵمژیت.” ئەسهی ئەومەترسییەی کە دووچاری خەڵکی ناوچەکە بووەتەوە بەو شێوەیە وێنا دەکات.

ترس لەتووشبوون بەنەخۆشییە مەترسیدارەکان وهەڵهاتن لەو بۆنە ناخۆش و خراپەی کە لەلایەن دامەزراوە پیشەسازییەکانەوە بەدرێژایی کاتژمێرەکانی شەو بڵاودەکرێتەوە، دەیان دانیشتوانی ناوچەکەی ناچارکردوە شوێنەکەیان بەجێبهێڵن،  دانیشتوویەکی کۆمەڵگەی”باستاکی” کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت وتی،”: “ئەگەر گەشتێکی بچووک بە ناوچەکەدا بکەیت دەبینیت کە زۆرێک لە خانووەکان لەسەر دیوارەکانیان نووسراون بۆفرۆشتن،”دوو ڕۆژ لەمەوبەر خێزانێک ناوچەکەی بەجێهێشت وپێشتریش دراوسێکەم باری کرد وئێستا لە زاخۆ نیشتەجێیە، منیش نیازی ئەوەم هەیە خانووەکەم بفرۆشم وباربکەم بۆ شارێکی تر.  

ڕووبەری کۆواچی دووهەزار ودووسەد دۆنمە، 175 دامەزراوەی پیشەسازی  تێدایە کە موڵەتی فەرمییان وەرگرتووە، لەوانە سێ کارگەی ئارد، هەروەها دەیان پاڵاوتگەی بچووک، کەهەندێکیان لەڕووی ژینگەییەوە مۆڵەتیان نییە، بەپێی  فەرمانگەی شارەوانی سێمێل.

پاشماوەکانی ئەو پاڵاوتگە و کارگانەی کە لەناوچەکەدان، کۆمەڵێک پاشەڕۆیان  بەجێهێشتووە کە وەک تەپۆڵەکە وگردی لێهاتووە کە دەتوانرێت لە دوورەوە ببینرێت، هەروەها دوو جۆگەی پاشماوەی نەوت کە لەلایەن پاڵاوتگەکانی نەوتەوە دەردەچێت درووستبووە، لەکاتێکدا ئاسمان بەستوونی دووکەڵ داپۆشراوە وبۆنی ناخۆش بەسەر چەند کیلۆمەترێکدا بڵاودەبێتەوە.

پێشێلکارییە ژینگەییەکان

ئەندازیار موحسین عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری بەشی شارەوانی سمێل دەڵێت،” ناوچەی “کۆواچی” کارگەی بەرهەمە قورسەکانی وەک ئاسن و پلاستیک و تەپەدۆر وبەرهەمە جۆراوجۆرەکانی دیکە لەخۆ دەگرێت، هەروەها لەبەر ئەوەی ڕێگەپێدراو نییە ئەو جۆرە پێشەسازیانە لە ناو شارەکاندا هەبێت، ئەم ناوچەیەیان بۆتەرخانکراوە.”

جێی ئاماژەیە کە ئەم کارگانە ڕەزامەندی فەرمییان هەیە ومۆڵەتەکانیان لەدوو جۆرن: “پەرەپێدانی پیشەسازی و وەبەرهێنان”، وداواکاری مۆڵەت پێشکەش بە لیژنەیەکی باڵا دەکرێت کە لەلایەن پارێزگای دهۆکەوە سەرپەرشتی دەکرێت، دواتر ڕەوانەی شارەوانی دەکرێت کە شوێنی گونجاو بۆ هەرکارگەیەک یان دامەزراوەیەکی پیشەسازی تەرخان دەکات دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پلاندانانی شار، لەگەڵ تەواوبوونی ئەم ڕێوشوێنانە، هەموو مۆڵەتەکان لەلایەن پارێزگاوە پەسەند دەکرێن.

ئەگەرمۆڵەتەکە وەبەرهێنان بێت، موڵکەکە دەکرێت بەناوی دەستەی وەبەرهێنانەوە وگرێبەستێک لەگەڵ وەبەرهێنەرەکە ڕێکدەخرێت، بەڵام ئەگەر مۆڵەتەکە لەڕێگەی گەشەپێدانی پیشەسازییەوە بێت، ئەوا گرێبەستەکان لە شارەوانی ڕێکدەخرێن و لەلایەن وەزارەتی پیشەسازییەوە سەرپەرشتی دەکرێن.

بەڕێوەبەری شارەوانی سێمێل جەختلەوە دەکاتەو کە پاڵاوتگەکان لەناوچەی کۆواچی بەبێ مۆڵەتی فەرمی کاردەکەن وفەرمانگەکەی مۆڵەتی بە خاوەنەکانیان نەداوە وگرێبەستیان بۆ رێکنەخستوون.

ئاماژەی بەیەکێک لەڕێگاکانی بازدان بەسەر یاسا ورێنماییەکاندا کرد: “لە سەرەتادا زەوی تەرخان دەکرا ومۆڵەت دەدرا بەهەندێک پڕۆژە، دواتر خاوەنەکان سەرپێچیان کرد وجۆری کارەکەیان گۆڕی بەبێ ڕەزامەندی ئێمە، بۆیە ئاگادارکردنەوەیان بۆ دەرچوو وماوەیەکی کاتیان پێدرا کە دەبێت کارکردن بەپێی  ئەو مۆڵەتانە بێت کەپێیان دراوە، هەریەکەیان بەپێی ئەو(پۆلێنکردنە)ى کەبۆی تەرخانکراوە، ئەگەرنا مۆڵەتەکەی لێی دەسێنرێتەوە.

بەگوێرەی پارێزەر شێروان ئەکرەم، سەرۆکی بەشی یاسایی، بەشەکەی 34 پاڵاوتگە وکارگەی لە کۆواچی سزا داوە وبەگوێرەی پلەی پیسبوونەکە بڕی ئەو سزایانەیان لێی سەندراوە کەسزای دارایین

ئەکرەم دەڵێت،”لیژنە تایبەتەکانی ژینگە بەردەوام بەدواداچوون بۆ سەرچاوەکانی پیسبوون دەکەن، جاسەر بە کۆمپانیا بن یان کەسانی تایبەت بن، لە سەرەتادا ڕاستەوخۆ لەلایەن بەشەکەیەوە سزا دەدران، بەڵام لە ساڵی 2022 ەوە ئەرکەکە بووەتە بەشێک لەدەسەڵاتی دادگای (کەتنەکان)، لە کاتێکدا بەشی ژینگە وەک سکاڵاکەر دەچێتە ناو کەیسەکانەوە.

بەگوێرەی ئەم گۆڕانکارییە، لەنێوان ساڵانی 2022 بۆ 2023، وەزارەتی ژینگە 32 سکاڵای یاسایی دژی کارگەکان و پاڵاوتگەکانی نەوت لە کۆواچی تۆمارکردووە، پارێزەر شێروان دەڵێت: “ئێمە سکاڵامان تۆمارکردووە وەک سکاڵاکەرێک لەڕێگەی داواکاری گشتی لە دادگای کەتنەکانی سیمێل وسزای دارایی بەسەر زۆربەیاندا سەپێنراوە بەپێی ڕێنماییەکانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە (2)ی ساڵی 2023.

ئاماژەی بەوەشکردووە، 12 پاڵاوتگە مۆڵەتیان پێدراوە  وبەردەوامن لە کارەکانیان بەهۆی پابەندبوونیان بەڕێنماییە ژینگەییەکانەوە، هەرچەندە کارەکانیان بە تەواوی لەگەڵ ئەو ڕێنماییانەدا ناگونجێت”.

لە لایەکی دیکەوە، حەکیم عەبدولواحید یونس، داواکاری گشتی لە دادگای سێمێل، دەڵێت،”چەندین نووسراومان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ناوچەی کۆواچی، لەوانە نووسراوێک بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی ناوچەی سێمێل کراوە کە لێکۆڵینەوە وگرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی (20) پاڵاوتگەی نەوت ودەستپێدەکات کە خاوەنەکانیان دەستدرێژییان کردوەتە سەر زەوی دەوڵەت وبەشێوەیەکی نایاسایی دەستیان بەسەردا گرتووە وبوونەتە هۆی دەردانی گازی ژەهراوی کە زیان بەژینگە وتەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت.

یونس جەختیلەوەکردەوە، کە سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە کە لەوانەیە زیندانیکردن یان سزای دارایی یان هەردووکیان لەخۆ بگرێت وبەپێی بڕگەکانی یاسای پاراستن وباشترکردنی ژینگە ژمارە (8) ی ساڵی 2008، سزا داراییەکان دەگاتە 200 ملیۆن دیناری عێراقی.

کارگەی جیاکردنەوەی پاشەڕۆ

بەگوێرەی شارەوانی قەزای سێمێل، لەساڵی 2005وە ڕەزامەندی فەرمی دراوە بۆ ئەوەی “کۆواچی” ببێت بە ناوچەیەکی پیشەسازی، ودوای 10ساڵ چەندین کارگە لەوێ دامەزراوە کە دەستیان بە فڕێدانی پاشەڕۆی شل وڕەق کردووە بەبێ چارەسەر، پاشان پاڵاوتگەکان بوونە هۆی زیادبوونی رێژەی دەردانی گازی چارەسەرنەکراو.

حکومەت پێش کاری کارگەکان وپاڵاوتگەکان کەوت وبڕیاریدا بەدامەزراندنی کارگەیەک بۆ جیاکردنەوەی پاشەڕۆ وبەرهەمهێنانی( پەین) لەسەر ڕووبەری(1360000م2) کە لە ئایاری 2011 دا دامەزرا، بەڵام ئەو وێستگەیەی کە دەبوو چارەسەری پاشەڕۆی ڕەق بکات وسەرچاوەی پیسبوون کەم بکاتەوە، ئێستا بووەتە سەرچاوەی پیسبوون له “کۆواچی” !!

ژیان سلێمان، مامۆستا لەزانکۆی دهۆک، ئەم پڕۆژەیەی لە لێکۆڵینەوەیەکدا بە ناونیشانی (دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشەڕۆی ڕەق لە ناوچەی پیشەسازی “کۆواچی” – لێکۆڵینەوەیەک لە جوگرافیای پیسبوون” دەڵێت: ” لە لێکۆڵینەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردوە کە پاشماوەکان لە سێ سەرچاوەی سەرەکییەوە هێنراون بۆ کارگەکە بە جۆرێک قەبارەی ئەو پاشەڕۆیانە ڕۆژانە دەگاتە  850 بۆ 950 تۆن،

لە کاتێکدا توانای کارگەکە لە نێوان 250 بۆ 300 تۆندایە، بۆیە ئەو بڕەی ماوەتەوە بەشێوازێکی هەڵە دوور لەرێگا زانستییەکان وبەدەر لەڕوانگەی ژینگەییەوە دەشارێنەوە ودەخرێنە ژێرخاک، چونکە لە چاڵێکی ئاساییدا شاراونەتەوە کە ئەستووری ئەوخۆڵەی بەسەردا کراوە لە(10 سانتیمەتر) تێناپەڕیت وهەندێک جار ئەم پاشەڕۆیانە دەسووتێنرێن ولەئەنجامی کارلێککردنی ماددەکان لەگەڵ یەکتر دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی دەوروبەری خاک وئاو.

توێژینەوەکە کە لەگۆڤاری زانستی زانکۆی دهۆک بڵاوکراوەتەوە ئەوەی ئاشکرا کردووە کە پرۆسەی جیاکردنەوەی پاشماوەکان لە کارگەکەدا بە كوالێتییەکی بەرز ئەنجام نادرێت ولە 50٪ی پاشماوە جیاکراوەکان سودیان لێ وەرناگیرێت: “کە دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی لە نزیک کارگەکە وئەم پاشەڕۆیانە تەڕن ئەوەش دەبێتە هۆی دەردانی گازە زیانبەخشەکان وەک(دوانە ئۆکسیدی کاربۆن ومیسان).

هەروەها بڕێکی زۆر لەئاو بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی پاشەڕۆ بۆ پیتێنەری ئەندامی( پەین) کە دەبێتە هۆی پیسبوونی خاکەکە بەمادەی نیتراتی ئایۆنی NO-3 کە پێویستی ڕووەکەکان لەزیاد بەدەر تێدەپەڕێنێت ودەبێتە هۆی لەناوچوونیان،هەروەها دەردانی گازی هایدرۆجینی گۆگرد H2S کەکرێکارانی کارگەکە ڕۆژانە بەرکەوتنیان لەگەڵدا هەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندرووستیان درووستدەکات.

ئەندازیار حەسەن بامەرنی، پسپۆڕی بواری کیمیایی وبەرپرسی بەشی ژینگەی شارستانی لەبەشی ژینگەی دهۆک، پێی وایە پیسبوونی ناوچەی “کۆواچی” بەهۆی ئەو پاشەڕۆیەوەیە کە لەلایەن هەمووکارگەکانەوە دەردەچێت، جا پەیوەندی بەبەرهەمە نەوتییەکان، کارگەکانی خۆراک، کارگەکانی تێکەڵکردنی ئاسن و ئەوانی ترەوە هەبێت.

ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک لە کارگەکان یەکەی چارەسەری سەرەتایییان هەیە، وەک کارگەی تەنککردنەوە پێست (دباغة)، دروستکردنی پاتری، هتد، کە  بەپێی پێویست نیین، چونکە چارەسەرەکە ڕێژەییە.”

وتیشی،”بیرێکی (ئیرتیوازی) لە ناوچەی نیشتەجێبوونی نزیک “مرینا” بەهۆی  کاریگەری پیسبوونی ناوچەی”کۆواچیی”ەوە پێس ببوو، بۆیە بەم دواییانە لەلایەن  فەرمانگەی ئاوەوە داخرا بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی”.

دانەری لێکۆڵینەوەکە هەوڵیدا پەیوەندی لەگەڵ کارگێڕی ژمارەیەک لە کارگەکان و پاڵاوتگەکانی نەوت لە کۆواچی بکات، سەبارەت بە پاشماوەکانیان وئەو ڕێوشوێنانەی کە دەیانگرنەبەر بۆ سنووردارکردنی زیانەکانیان، بەڵام هیچ وەڵامێکی لەلایەن هیچ کام لەوانەوە وەرنەگرت، هەروەها بەربەستە یاساییەکان ڕێگربوون لەوەی دەستی بگات بە وردەکاری ئەوسکاڵایانەی کە لە دژی هەندێکیان تۆمارکراون، چونکە هێشتا لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدان.

بانگەوازی فریاکەوتن

ئەبو ئەحمەد، کرێکارێکی بیناسازی تەمەن 46 ساڵ کە لە کۆمەڵەی مرینا دەژی، پێی وایە دامەزراوە پیشەسازییەکان بەگوێرەی پێداویستییە ژینگەییەکان کار ناکەن، ونەخۆشی کوڕە هەشت ساڵانەکەی خراپتر کردووە کە نەخۆشی دڵی هەیە.

 بەنیگەرانییەوە دەڵێت :” ئەو کێشەی (دەمەوانەی دڵی) هەیە، دووکەڵی پاڵاوتگەکانی نەوت و کارگەکانی دیکە وبۆنی ناخۆش کە لە پاشماوەکەیانەوە سەرچاوە دەگرێت، دەبێتە هۆی هەناسە کورتی وخراپتربوونی دۆخەی تەندرووستی.”

“تا ئێستا 20 هەزار دۆلارم بۆچارەسەرکردنی لە هەرێم و دەرەوە خەرج کردووە ، ئەو پارەی خەرجم کردووە بۆ چارەسەرکردنی بڕێکیم قەرزکردووە، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ چاکبوونەوەی”.

دەشڵێت” دەبێت حکومەت چارەسەرێک بۆ ئەم پیسبوونە بدۆزێتەوە “.

میدیا ناوخۆییەکان وتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بەردەوامی بانگەوازی فریاکەوتن لە خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەری کۆواچی بۆ دەزگا حکومییەکان بڵاودەکەنەوە بۆ ڕاگرتنی پیسبوونی ژینگە.

ڕەمەزان مەجید، پزیشکێکی پسپۆڕە لە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ناوچەی کۆواچی بە بەدەست “پیسبوونێکی سەختەوە” دەناڵێنێت، جا لە خاک وئاو یان هەوادا بێت”.

پزیشکەکە کە چالاکە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی پیسبوونی ژینگە وکاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی گشتی وتوێژینەوەی لەم بوارەدا هەیە، پێی وایە ئاوی پیس کە دەچێتە ناو خاکەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر درەختەکان و ڕووەکەکان وئاژەڵەکان.

دەڵێت: “ئاوی ژێر زەوی، کە دانیشتوانەکەی “کۆواچی” زۆر پشتی پێ دەبەستن بۆ  بە دەستخستنی ئاوی سازگار لەڕێگەی بیرە ئیرتیوازییەکانەوە هەڕەشەی لەسەرە”.

دکتۆر ڕەمەزان ئاماژەی بەوەدا،” کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەوە دووپات دەکاتەوە کە له 30٪ی حاڵەتەکانی جەڵتەی مێشک وجەڵتەی دڵ و شێرپەنجە بەهۆی پیسبوونی هەواوە دروست دەبن. پیسبوونی هەوا دەتوانێت ببێتە هۆی نەخۆشی، بەتایبەتی کاتێک تەنۆلکە پیسەکان تێکەڵ دەبن لەگەڵ ئاو یان هەناسەدان، ئەمەش ئەو شتەیە کە لە کۆواچی ڕوودەدات.”

پزیشکەکە ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا سەرقاڵە بە ئەنجامدانی شیکردنەوەی تاقیگەیی لەسەر هەوا و خاک و ئاو لە ناوچەی کۆواچی، چونکە پێی وایە کۆواچی یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی شێرپەنجە لە ناوچەکەدا.

هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک یان ئامارێک نییە کە ڕێژەی هەندێک نەخۆشی مەترسیدار بە پیسبوونی ئەو ناوچانەوە ببەستێتەوە کە ئەم دامەزراوە پیشەسازییانە تێیدا بڵاوبوونەتەوە ولەژێر ستانداردە ژینگەییە نێودەوڵەتییەکاندا کارناکەن، بەڵام توێژەران ڕێژەی بەرزی ئەم نەخۆشییانە بە زیادبوونی پیسبوونی ژینگەوە دەبەستنەوە لەم ساڵانەی دواییدا.

بەپێی ئامارەکانی سەرۆکایەتی تەندروستی دهۆک، ژمارەی حاڵەتە تۆمارکراوەکانی شێرپەنجە لەهەرێم لە 486 حاڵەتەوە بەرزبووەتەوە کە لە ساڵی 2013 تۆمارکراوە بۆ 1180 حاڵەت کە لە ساڵی 2023 تۆمارکراون، کە بەرزترین ئاستی تووشبوون لە ساڵی 2022 تۆمارکراوە، کە گەیشتە 1434 حاڵەت.

سەبارەت بە ناوچەی سێمێل کە نزیکە لە سەرچاوەی پیسبوونی کۆواچی، ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی 2013 دا تەنها 10 حاڵەت تۆمارکراوە، کە لە ماوەی 10 ساڵدا زیاتر لە شەش هێندە زیادی کردووە، لە ساڵی 2023 دا 68 حاڵەت تۆمارکراوە.

لە کاتێکدا سەرچاوە تەندروستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە حاڵەتەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراون، کە خاوەنەکانیان لە دەرەوەی وڵات پشت بە چارەسەر دەبەستن، بەتایبەتی بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە زۆربەی شارەکانی هەرێم.

تێکچوونی سیستەمی ژینگەیی

نووسەری لێکۆڵینەوەکە گەشتێکی پشکنینی سەرچاوەکانی پیسبوونی کۆواچی کرد لەگەڵ  دکتۆرنەجمەدین نیرۆی، پرۆفیسۆرێکی زانکۆ کە تایبەتمەندە لە کاروباری ژینگەیی،  ئەو جەختلەوە دەکاتەوە کە ناوچەکە دووچاری ناهاوسەنگی سیستەمی ژینگەیی بووەتەوە

ئەو دەڵێت: “تەنها لە 1٪ی پاشماوەکان بەسە بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر پێکهاتە و کرداری خاک وپیسبوونی ئاوی خواردنەوە درووست بکات، کە دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی ژینگە.”

نیروویی هۆشداری دەدات لەوەی کە نابێت زۆرترین بڕی ڕێگەپێدراوی خوێی ڕەق لە ئاودا لە 500 میلیگرام/ل تێپەڕێنێت، “بەڵام لێکۆڵینەوەکانم لە ناوچەی کۆواچی ئەوەیان سەلماندووە کە ئەو خوێیە بۆشەش هێندە زیادی کردووە، ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ژینگە.”

ئەو ڕوونی دەکاتەوە: “ئەم بەرزبوونەوەیە لە پیسبوون دەتوانێت هەمەچەشنی بایۆلۆجی کەم بکاتەوە وکاریگەری نەرێنی لەسەر زیندەوەرەکان هەبێت، بە ماسیشەوە، ئەم کاریگەرییانە سەلامەتی ئاژەڵەکانی دیکەش دەخاتە مەترسییەوە”.

ئەو باوەڕی وایە کە هەنگاوەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی پاشەڕۆی ئاوی پیس، کە لەئەنجامی پرۆسە پیشەسازییەکانەوە دروست دەبێت، زۆرجار لەسەر بنەمای بناغەی زانستی دروست نییە، سەرەڕای ئەو هەوڵانەی دەیدات و ئەو ڕێنماییانەی دەریدەکات،”چونکە زۆربەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و کارگەکان پابەند نین پێیانەوە.”

دکتۆر مستەفا ئیسماعیل، پرۆفیسۆر لە بەشی زەوی وئاو لە کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵی لە زانکۆی دهۆک هۆشداری دەدات لە مەترسی پیسبوونی ئاو لە ئەنجامی پیشەسازییە قورسەکانی ناوچەی کۆواچی  کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ بەگشتی وئاژەڵەکان بەتایبەتی.

بەگوێرەی دکتۆر مستەفا، نزیکەی 10 هەزار مەڕ تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بوون بەهۆی خواردنەوەی ئەو ئاوە قورسەی کە بە دەشتی ناوچەی سلێڤانیدا تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە بەنداوی موسڵ وناوچەی کۆواچی، ئاماژە بەوەش دەکات لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لە 50٪ی مەڕەکان تەنها لە ماوەی ساڵێکدا دووچاری لەبارچوون بوونەتەوە”.  

توێژەرەکە، بوونی توخمە مەترسیدارەکان وەک (کادیۆم وقوڕقوشم) لەخوێنی ئاژەڵەکان وشیرەکانیان پشتراست دەکاتەوە کە سنووری ستانداردەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێپەڕاندووە، هەروەها لەنموونەی خوێنی ئەو کەسانەی لەو ناوچەیەدا دەژین. ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لە منداڵاندا زۆر بەرزە.

دانەری لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەدا کە دەسەڵاتی چاودێری لەوە تێگەیشتووە پیسبوونی ژینگەی کۆواچی کاریگەری لەسەرئاژەڵداری هەیە، بۆیە فەرمانگەی ژینگەی دهۆک سزای بەسەر ئاژەڵدارەکانی ناوچەکەدا سەپاندووە، ئەمەش لەلایەن پارێزەر شێروان ئەکرەم، بەرپرسی هۆبەی یاسایی لە فەرمانگەکە پشتڕاستکراوەتەوە.

وتیشی،” پێشتر فەرمانگەکەی خاوەنی مێگەلێکی ئاژەڵی بە بڕی( 8 ملیۆن) دیناری عێراقی (زیاتر لە 6000 دۆلار) سازا داوە بەهۆی بوونی مێگەلەکەی لە نزیک ناوچە پیسبووەکان لە کۆواچی”.

کاریگەرییەکانی پیسبوونی زەوی جوتیارانی ناوچەکە نیگەران دەکات، حاجی عەبدولعەزیز، 73 ساڵ، دانیشتووی گوندی کولمینی، کە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە کۆواچییەوە دوورە دەڵێت: ” کاتێک هەموو ئەو شتانەی دەربارەی مەترسییەکان پیسبوونی ژینگە دەیبیستم، چیتر ئازایەتی ئەوەم نامێنێ هیچ شتیک بچێنم”.

“پێشتر گوندەکە سەرچاوەی زۆرێک لە بەروبوومی سەوزە و میوە بوو، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی دامەزراوە پیشەسازییەکان، زەوییەکە بووەتە ناوچەیەکی وشک کە بۆ کشتوکاڵ گونجاو نییە،” ئەو بەتۆنێکی ڕەخنە ئامێزەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئاوی پیس تێکەڵ بە ئاوی سروشتی گوندەکە بووە، کە سەرچاوەی سەرەکی ئاودێرییە، لە ئێستادا بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە بەروبوومە کشتوکاڵییەکان.

حاجی عەبدولعەزیز سەیری دەوروبەری دەکات ودەڵێت: “ئێستا ئێمە تەنها گەنم دەچێنین، کەپشت بەئاوی باران دەبەستێت و وازمان لەچاندنی هەموو بەروبوومەکانی تر هێناوە”.  

چارەسەر وڕێکارەکان

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرچاوەکانی پیسبوونی ژینگە لە دهۆک، کە پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ وئاژەڵ و ڕووەک، بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی دهۆک جدییەتی خۆی نیشان دەدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی پیسکەرەکان.

ئەندازیار دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری  فەرمانگەکە، دەڵێت،” ئەوان لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانە دەکەن کە ژینگە پیس دەکەن، جا تاکەکان بن یان دامەزراوە بن، “ئێمە ڕێوشوێنی یاسایی پێویست دەگرینەبەر وسەرپێچیکاران دەدەین بە دادگا”.

وتیشی:” هەموو رێکارێک دەگرینە بەر بۆ پارێزگاریکردن لە ژینگە، سکاڵا وزانیاری هاوڵاتیان کە لەڕێگەی دەزگا فەرمییەکانی وەک شارەوانی وبەشی ئاو و ئاوەڕۆوە پێمان دەگات بەهەند وەردەگیرێت و وەڵام دەدرێنەوە و دوای شیکردنەوەی نموونەکان لە تاقیگەدا  کە لەسەر بنەمای دوو تاقیکردنەوەی سەرەکی (BOD-COD) دەکرێن، کاتێک ئەنجامەکان لەو ئاستە تێدەپەڕن کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە دیاریکراوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕێوشوێنی ئیداری ویاسایی دەگرێتەبەر دژی سەرپێچیکاران.”

هەمان شت بۆ پاشەڕۆی ڕەقیش ڕاستە وەک پاشەڕۆی ئاسایی یان بەرهەمهێنراو، هەروەها دەردانی گاز، لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت وسزای پێشێلکاران دەدرێت،    زررێک لە حاڵەتەکان  ڕەوانەی دادگا کراون.

پارێزەرعەبدوڵا محەمەد ئیبراهیم ئاماژەی بەوەدا کە بڕگەکانی یاسای ژمارە (8) ی ساڵی 2008 سەبارەت بە پاراستن وباشترکردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق باس لە بەرپرسیارێتی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دەکات، چونکە ماددەی (21) مافی سکاڵا بۆ ئەو کەسانە دەدات کە بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە زیانیان بەرکەوتووە.

جەخت لەسەر گرنگی ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت ئەوانەی دەبنە هۆکاری پیسکردنی ژینکە بەرپرسیارێتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان هەڵبگرن ولابردنی زیانەکان وگەڕاندنەوەی بارودۆخەکە بۆ دۆخی جاران و لە حاڵەتی فەرامۆشکردن یان نەهاتنە ژێرباری جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی قەربووکردنەوە، ئەوا دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار مافی ئەوەیان هەیە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ لابردنی زیانەکان وناچارکردنی کەسانی سەرپێچیکار تێچوو وخەرجییە ئیدارییەکان بگرنە ئەستۆ”

بوونی ئەم یاسایانە لەڕاستیدا ڕێگری لە بەردەوامبوونی پیسبوونی ژینگە ناکات، بۆیە چالاکوانان وپسپۆڕان پێیان وایە کێشەکە لە یاساکاندا نییە، بەڵکو لە جێبەجێکردنیاندا، لەوانە چالاکوانێکی ژینگەیی کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، وتی،” کارگەکانی نەوت وپاڵاوتگەکانی کۆواچی بەپانتایی 22 کیلۆمەتر  مادە پیسکەرەکان بڵاودەکەنەوە”.

ئەوهۆشداری دەدات کە تەنها لە ساڵی 2023 دا وبەهۆی دەردانی گاز لە پاڵاوتگەکانی نەوت لە کۆواچی هەزاران حاڵەتی هەناسەدانی هەستیاری لەلایەن دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە سێمێل وناوچەکانی دەوروبەری تۆمارکراوە

ئەو پێیوایە چارەسەری ڕاستەقینە ئەوە نییە کە سزای دارایی بسەپێنرێت و ئاگادارکردنەوە دەربکرێت، بەڵکو چارەسەر ئەوەیە کە دەستبەجێ هەموو ئەو پاڵاوتگانە ڕابگرن بەبێ هیچ جیاوازییەک وناچاریان بکەن کەهەڵبوەشێننەوە یان ڕێوشوێن بگرنەبەر بۆڕێگریکردن لە دەردانی گاز ودەرچوونی شلەیان،”وەک دانانی ئەگزۆزی دژە پیسبوون وفلتەر ودانانی یەکەکانی چارەسەری پاشەڕۆی شل”.

سدیق بیدو، فەرمانبەرێکی خانەنشینکراوی تەمەن 57 ساڵ کە لەگەڵ 10 ئەندامی خێزانەکەی لە کۆمەڵگەی باستاکی دەژی، دەڵێت “400 خێزان لەم کۆمەڵگەیە دەژین، کە هەموویان بەبۆنی گازی ژەهراوی ئابڵۆقە دراون، بەتایبەتی لە ماوەی دوای خۆرئاوابوون وتا بەیانی.”ئێمە دەیان ساڵە ناتوانین تەنانەت بۆ ماوەی خولەکێک لەسەر سەربانەکانمان بخەوین لە وەرزی هاویندا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە خۆی وهەموو خەڵکەکە بە بەردەوامی دەرگا و پەنجەرەکان دابخەن، “تەنانەت ناتوانین فێنککەرەوەکانی هەوا هەڵ بکەین، چونکە هەوای پیس دەکێشن.”

سدیق، جگە لە مووچەکەی هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی نییە و وەک ئەوانی دیکە ڕووبەڕووی کێشەی دارایی بووەتەوە بەهۆی دواکەوتنی مووچە لە کوردستان: ” خانووەکەم پارە ناکات بۆئەوەی بیفرۆشم وخانوویەک لە شوێنێکی دیکە بکڕم، بۆیە زەحمەتە بۆئێمە بڕۆین وژیانمان ڕزگاربکەین وەک ئەو کەسانەی کەتوانای داراییان هەیە.”

ئەو هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژێت وبە دڵشکاوی دەڵێت: “هیچ بژاردەیەکم نییە جگە لەوەی کە لە ناوەڕاستی مەترسییەکانی ئەم پیسبوونانەدا بمێنمەوە، یان خانووێک لە ناوچەیەکی دیکە بە کرێ بگرم، بەڵام دواتر چۆن بژێوی ژیانی10 کەس بەڕێوەببەم لە کاتێکدا تەواوی مووچەکە بۆکرێ دەڕوات؟”

*ئەم لێکۆڵینەوەیه لەژێر چاودێری تۆڕی”نیریج “ئەنجام درا وەک بەشێک لەپرۆژەی”ڕۆژنامە گەری ژینگەیی” کەلەلایەن رێکخراوی ئینتەرنیوزەوه بەڕێوەدەبرێت.

بنکۆڵکاری

Investigations

بنکۆڵکاری","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":26465}" data-page="1" data-max-pages="1" data-start="1" data-end="1">