خەدیجە ئەحمەد (۷۹ ساڵ) دوایین ئەندامی خێزانەکەیەتی کە لەدایک وباوکێکی دەوڵەمەند وشەش برا ماوەتەوە، کەسیێانیان نێرن، بەڵام هیچ موڵکێکی جوڵاو ونەجوڵاو( خانووبەرە وپارەی نەختینە) لەموڵک ومیراتی باوکی وەرنەگرتووە، کە لەسەر زەوییەکی بەرفراوان لە پارێزگای دهۆک بنیاد نراوە ولەنێوان براکانی ودواتر لەنێو منداڵە نێرەکانیاندا دابەش بووە.
باوکی سەرکردەیەکی خێڵەکی بوو وکاریگەرییەکەی لەسەر ناوچەیەکی فراوان لەسەرسنووری عێراق وتورکیا لە باکوری دهۆک هەبوو، بەڵام ئەو نەریتەی کە ژنان زەوی یان پارە بە بەمیرات بۆیان نامێنێتەوە، ڕێگری لە خەدیجە وخوشکە گەورەکەی کرد کە چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد، لەوەرگرتنی بەشێک لە موڵکی خێزانەکەی.
لەسەر بنەمای هەمان نەریت، ژنەکە سکاڵای لە دادگا تۆمارنەکردووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی… برازاکانی دەستیان بەسەر هەموو شتەکاندا سەپاندوە، ئەو گوتی،” شەرمەزارییەکی گەورەیە ژنێک سکاڵای یاسایی دژی خێزانەکەی تۆمار بکات”.
بەگوێرەی ياساناسانی تایبەت لە بواری خانووبەرەدا، زۆربەی ئەو ژنانەی کە میراتیان لەدەستچووە بەهۆی ستەمکاری نەریتە خێڵەکییەکانی کۆمەڵگای عێراقی لە باکوور وناوەند وباشوور بێدەنگ دەمێننەوە و لە کاتێکدا زۆربەیان بە شێوەیەکی خۆبەخش نەوە لەدوای نەوە پابەندن بەونەریتەوە، بەڵام هەندێک کەس هەن کە ناچاردەکرێن پابەندبن یان ژیانیان لەدەست دەدون.
خەدیجە دەڵێت:”دەزانم کە بەپێی یاسای خودا من مافی وەرگرتنی میراتم هەیە لە میراتی باوکم، زۆر جار گفتوگۆ لەنێوان من ومنداڵەکانمدا لەوبارەیەوه درووستبووە، بەڵام دایکم وداپیرم میراتی خۆیان دەستنەکەوت، بۆیە من لەوان باشترنیم”.
نەریتی خێڵەکی
پارێزەر محەمەد ئەحمەد یونس، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەو کەسانەی کە لەم بابەتە لادەدەن، بەپشتگیری هاوسەرەکانیان یان منداڵەکانیان، دەتوانن مافەکانیان بەدەست بهێنن لەڕێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە، جەختیشکردەوە، کە ئەمە بووەتە هۆی ناکۆکییەکی زۆر لەنێوان خێزانەکان وخێڵەکاندا وهەندێک جار بەدابڕانی خێزانی کۆتایی دێت.
چەندین شێوەی بێبەشکردنی ژنان لە میرات لە کۆمەڵگای عێراقیدا بوونی هەیە، بەوەی “باوەک لە ژیاندا موڵکەکانی دەدات بەکوڕەکانی وکچەکانی بێ بەشدەکات یان کچەکان ناچار دەکرێن دەستبەرداری مافی خۆیان بن دوای مردنی باوکیان یان دایکان، یان وەک هاوبەشێکی بێ ماف لەسەر کاغەز دەمێننەوە بەبێ ئەوەی هیچ سوودێک بەدەست بهێنێن، لە کاتێکدا براکانیان(نێریینەکان) موڵکەکە بەکاردەهێنن یان دەیدەن بەکرێ.
هۆکاری بێبەشکردنی ژنان لە مافەکانیان، بەتایبەتی لە میراتی خانووبەرەدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نەوەک کچەکانیان لەئایندەدا شوو بەکەسانی دەرەوی خێزانەکە یان خێڵەکە بکەن ولەدوایدا خاوەندارێتی زەوییەکان یان موڵکەکان بەکەوێتە ژێردەستی کەسانی نامۆ.”
ئەمە نەریتێکی خێڵەکی وخێزانی ڕوون دەکاتەوە کەکچان لەگەڵ کەسانی نامۆدا هاوسەرگیری ناکەن وزۆرجارهاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکانیان دەکەن. ئەم نەریتە لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا لە شارەکانیشدا باو بووە، کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی خێڵەکان کۆچیان کرد لە لادێوە بۆ شار بەهۆی خراپبوونی دۆخی کشتوکاڵ وشکەساڵی یان تێکچووتی بارودۆخی ئەمنی وئابووری”.
دکتۆر وعدغانم، توێژەری پسپۆڕ لەکاروباری کۆمەڵایەتی، لەوباریەوە دەڵێت،”بێبەشکردنی مێینەکان لە میراتییەکانیان یەکێکە لەو بابەتانەی کە کۆمەڵگا لێی بێ دەنگە، چونکە کۆمەڵگا حەز ناکات خۆی ئاشکرا بکات، ودان بەبوونی ئەو جۆرە بابەتانەدا نانێت.”
مەنال مەحمود، پارێزەرێکی تایبەتمەند لە کەیسەکانی باری کەسی، دەڵێت،” بێ بەشکردنی مێینە لە میرات لەلایەن هەندێک کەسەوە پێچەوانەی سروشتی ئەو کۆمەڵگایەیە کە زۆربەی ئەندامەکانی پەیوەستن بە ئاینەوە، چونکە ئیسلام کە ئایینی فەرمی وڵاتەکەیە، “بە ڕوونی مافی ژنی لە میرات دیاریکردووە وتەنانەت دادپەروەریشی لەگەڵدا کردووە بە بەخشینی گەورەترین ڕێژە لە هەندێک حاڵەتدا، وەک کچێکی تاقانە لەگەڵ باپیریدا وژنێکی بێوەژن لەگەڵ منداڵەکانی، چونکە ئەو بە پەرۆشە بۆ دابەشکردنی میرات بە زووترین کات بۆئەوەی نەبێتە هۆکاری دەوڵەمەندبوونی بەشێک لە ئەندامانی خێزانەکە لەسەر حیسابی خاوەن مافەکان.
بەپێی یاسای باری کەسی عێراقی، ژمارە ۱۸۸ی ساڵی ۱۹٥۹، مێنە ئەگەر، کچ، ژن، دایک، داپیرە، خوشک، پوور، وخزمێکی دیکەی مێینە بێت، بەشێکی جیاواز لە میرات وەردەگرن.
بێ بەشکردن ڕەگی لەکۆنەوە داکووتاوە
ڕەنا موحسین، توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، “بێبەشکردنی ژنان لە مافەکانیان لە زەوی، ڕەگێکی کۆنی هەیە وتەنها لە ناو کۆمەڵگای عەرەبیدا نییە، بەڵکۆ لەناو نەتەوە وکۆمەڵگاکانی تریش بوونی هەیە، بۆیە ئەمە لەنێو کورد، تورکمان و ئەوانی تردا دەبینین.”
ئاماژە بەوە دەکات،”زۆر کەس ژن وەک بەشێک لە میرات سەیر دەکەن هەتا ئەو کاتەی لەناو خێزانەکەدا بێت وئەگەرهاوسەرگیری کرد، ئەوا وەک موڵکێک دەگوازرێتەوە بۆ مێردەکەی، چونکە خێزانەکەی چیدی بەرپرسیارێتییەکەی ناگرنە ئەستۆ دوای هاوسەرگیری، بۆیە میرات هی خێزانەکەیە، بەتایبەتی نێرەکان، وڕێگە نادرێت بچێتە دەرەوەی ئەم مەودایە.”
ڕانا، بەگشتی خێزانی عێراقی تۆمەتبار دەکات بە جیاکاری لە نێوان نێر ومێ، چونکە گرنگی بەنێر دەدات وگرنگی بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونیان دەدات لەگەڵ منداڵ ونەوەکانیان، رێگە دەدرێت بەمانەوەی کوڕەکە لە ماڵی خێزانەکە بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت، بەڵام “کچەکە ماڵی خێزانەکە بەجێدەهێڵێت لەگەڵ هاوسەرگیرییەکەی وئەگەر جیاببێتەوە یان مێردەکەی بمرێت، زۆربەی خێزانەکان ڕەتی دەکەنەوە منداڵەکانیان بگرنە خۆیان،وەک منداڵی کەسێکی نامۆ سەیریان دەکەن”.
پاراستنی بەرژەوەندی خێڵەکە
شێخێکی خێڵەکی لە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕەتی دەکاتەوە ئەو بابەتە بە “بێبەشکردنی میرات”، وەسف بکرێت بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە میراتی خانووبەرەوە هەیە، ودەڵێت،” لە بری ئەوە پێویستە دەستەواژەی “پاراستنی بەرژەوەندی باڵای هۆزەکە یان خێزانەکە” بەکاربهێنرێت”.
ئەو شێخە دەڵێت،”هۆزەکان لەگەڵ خێزانەکانیان زۆر پەیوەستن بەزەوییەوە، چونکە بە ناوچەی مێژوویی خێڵەکە دادەنرێت، بۆیە پەرۆشی ئەوە هەیە کە زەوییەکە لە خاوەندارێتی هۆزەکە وخێزانەکەدا بمێنێتەوە، ولەبەر ئەوەی ژنەکە هاوسەرگیری دەکات ودەکەوێتە ژێر دەستی مێردەکەی، کە لەوانەیە لە هۆزێکی دیکەوە بێت، بۆیە باشترە ناوی لە نێو میراتگرانی زەوییەکەدا نەبێت، کۆکبوونێکی خێڵەکی لەسەر ئەوبابەتە هەیە”.
دەشڵیت” کێ مسۆگەری ئەوە دەکات کە مێردەکەی یان منداڵەکانی ناچاری نەکەن بەشەکەی بفرۆشێت بە کەسێکی نامۆ، پاشان کێشە وناکۆکی لەنێوان هۆزەکاندا ڕوودەدات وئەمە لە عێراقدا زۆر ڕوویداوە.”
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو پێی وایە بەگشتی ڕەوا نییە ژنان مافی میراتیان نەبێت کە دەتوانرێت ڕازی بکرێن بەپێدانی بەهای پشکەکانیان لەزەوی یان موڵکەکەدا، هەروەها ئاساییە کەجگە لە مافی میرات،وەک زێڕ، کەلوپەل، ئۆتۆمبێل، بەروبوومی زەوی یان کێڵگە یان کرێی موڵکیان پێی بدرێت”.
ئەو شێخ لەو باوەڕەدایە کە هێشتنەوەی خاوەندارێتی زەوی لەنێو خێزانەکەدا، بەتایبەتی پیاوان، “نەریتێکە وهێزی یاسا هەیە” وبۆ چەندین سەدەیە لەنێو هۆزەکاندا جێبەجێکراوە، بەڵام لەم چەند دەیەیەی دواییدا بارودۆخەکە کەمێک گۆڕاوە “لەگەڵ دەرکەوتنی داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان و کراوەیی کۆمەڵگا بەڕووی ڕۆژئاودا، هاوکات یاساکانیش هانی ئازادی ژنان دەدەن بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا”.
نەریت لەگەڵ ئاین یەک ناگرێتەوە
شێخ عەبدولجەبارعەبدولڕەحمان لە بەغداوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە یاسای ئیسلامی مافی ژنان مسۆگەر دەکات بۆ میراتگری موڵک یان بە پێچەوانەوە، و ئەگەر باوکی یان دایکی کۆچی دوایی بکەن ویەکێکیان موڵکێکی هەبێت، ئەوا کچەکە بەشی خۆی بەپێی ئەو یاسایە هەیە وهەرکەسێک بەزۆر وەریگرێت “بە دزی لە قەڵەم دەدرێت ئەوا پارەی کەسانی تر بەحەرام خواردوە.”
وتیشی،”هیچ کێشەیەک نییه ئەگەر ژنەکە بەڕەزامەندی تەواوی خۆی واز لە مافەکەی بهێنێت، بەڵام ئەم حاڵەتەیش پێویستی بەمەرج هەیه وەک له ژێر چاودێری خێزانەکەی بێت وهەموو پێداویستییەکانی دابین کرابێت یان هاوسەرگیری کردبێت دۆخی دارایی باشبێت نەک بەدەست هەژاریەوە بناڵێنێت، چونکه لێردا وازهێنان لەمافەکەی زیان به خۆی وخێزانەکەی دەگەیەنێت”.
ئەو لەو باوەڕەدایە،”وازھێنانی ژنان لەمافەکانیان بەشێوەیەکی خۆبەخشانە بە تایبەتی لەمیراتی خانووبەرە “فێڵێکە” کە لەلایەن زۆرێک لەخێزان وخێڵەکانەوە ئەنجام دەدرێت، بۆئەوەی خۆیان وا نیشان بدەن کە ئەوان بە پێچەوانەی ئاین ویاسا کارناکەن، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەی حاڵەتەکانی وازھێنان لەژێر زەبر وزۆردارکردن جا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت ئەنجام دەدرێن.”
خاتوونێکی تەمەن ٤٠ ساڵیە، ژنی ماڵەوەیە ودایکی پێنج منداڵە، خۆی و خوشکەکانی تووشی دۆخێکی ئابووری سەخت بوونەتەوە، باوکی لەمیرات بێ بەشیکردوون، بەڵام ئەو بابەتە نەبووەتە کێشە بۆئەوان هەرچەندە سور دەزانن باوکیان ئاینی ئیسلامی پێشێلکردووە، ئەو باوەڕی وایە کە لەناو هەموو خێڵەکانی پارێزگای دهۆکدا بابەتەکە یەکلایکراوەتەوە، کە کچان زەوی وەک میرات بۆیان نامێنتەوە وهەر قسەیەکیش دەربارەی ئەوە دەرگای ناکۆکی دەکاتەوە کە نەک تەنها بەجیابوونەوە ودابڕان لەگەڵ خێزانەکەیان کۆتایی دێت بەڵکو دەبێتە دوژمنایەتییەکی درێژخایەن وئەگەری هەیە بگاتە حاڵەتی بەکارهێنانی چەک.
ئەو خاتوون بەزەردە خەنەیەکەوە وتی،”لە هەردوو وەرزی هاوین وپایزدا، براکانم هەندێ بەروبوومی باخەکانیان پێی دەدەن وهیچی تر”.
یاسا پارێزگاری دەکات بەڵام!
دادوەر سالم ڕوزان ئەلموسوی، دەڵێت، کەس ناتوانێت فێل لە یاسا بکات ومافی میراتی ژنان زەوت بکرێت، چونکە بەگوێرەی یاسای باری کەسی ژمارە ۱۸۸ی ساڵی ۱۹٥۹ ئەو مافە پارێزراوە، کەمیرات ڕێکدەخات.
ئەلموسوی دەڵێت،”لە ماددەی (89) دا مافی مێینەکان دیاری کراوە ولە ماددەی (91) ی هەمان یاسادا مافی زیاتری بۆهەندێک لە سوودمەندەکان زیاد کردووە، لەوانە ژنەکە دوای مردنی مێردەکەی، هەروەها کچەکە کە برای نییە، دادوەرەکە ئەمەی بە پێشکەوتنێک لە دادپەروەری ژنان لە میراتدا دانا، وئاماژەی بەوەدا کە لەیاسا ئیسلامیدا بەباشترین شێوە مافی ژنان دەستنیشان کراوە ویاسایی باری کەسی عێراقیش سەرچاوەی لە یاسا ( فقه)ی ئیسلامییەو وەرگرتووە لە سەر یەک (ئاینزا)ش رانەوەستاوە “.
سەبارەت بەشێوازی چۆنێتی پێشکشکردنی دواکاری بۆ وەرگرتنی میرات، داوەرەکە دەڵێت،” ئەمە لە ماددەی (310) ی یاسای ( مورافەعات)ه مەدەنییەکانی ژمارە (83) ی ساڵی 1969 دا ئاماژەی پێکراوە.
ئەگەر میراتگر ژن بێت، جا کچ بێت، یان هاوسەر، دایک بێت یان هەر ژنێکی دیکەی میراتگران، ئەوا مافی ئەوەی هەیە داواکارییەکە پێشکەش بە دادگای باری کەسی بۆ موسڵمانان ودادگای کاروباری تایبەتی بە ناموسوڵمانەکان بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “کێشە دروست دەبێت کاتێک دابەشکردنی یاسایی دەردەکرێت (قسام شرعي)، چونکە میراتگرە نێرینەکان کۆپییەک لەتۆماری باری شارستانی مردووەکە (خاوەن میراتەکە) دەهێنن وناوی کچەکە، یان ژنەکە یان خوشکەکە لادەبن، بۆیە میراتەکە بەبێ ئاماژەدان بەو ناوە دابەشدەکرێت.”
ئەم بابەتە بەتۆمارکردنی سکاڵایەکی یاسایی (ڕاستکردنەوەی قەسام) لەلایەن ئەو کەسەوە کە ناوەکەی شاردراوەتەوە چارەسەر دەکرێت:”ئەمڕۆ ئەم کێشەیە لە پێوەرێکی بچووکدا ڕوودەدات، چونکە دادگاکان پشت بەهێنانی کۆپیەکی تۆماری باری شارستانی لەلایەن کارمەندەکانیانەوە بەستووە، ئەمەش واییکردووە دەستکاریکردنی ناوی میراتگرانی مردووەکەی تاڕادەیەکی باش کەمبێتەوە”.
دادوەر سالم، جەختیلەوەکردەوە کە دادگاکانی باری کەسی لە عێراق پڕن لە سکاڵای یاسایی پەیوەست بەو کەیسانەوە، وباسی ئەوەشی کرد کە بێ بەشکردنی کەسەکان لە میرات تەنها سنووردار نییە بەمافی میراتی مێینەکان لە خانووبەرە وموڵک، بەڵکو هەندێ جار نێرینەکانیش تووشی ئەو گرفتە دەبنەوە، بۆیە ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەوڵی داوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامرازە ئەلیکترۆنییەکانەوە ئەو باتە ئابڵووقە بدات، ئەوەش لەرێگەی درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ فەرمانگەکانی باری شارستانی بۆدابینکردنی کۆپی باری کەسی”.
وتیشی،”ئەومیراتگرەی کە مافی خوراوە، دەتوانێت بچێت بۆ دەسەڵاتی دادوەری وسکاڵایەکی یاسایی تۆماربکات بۆڕاستکردنەوەی بەشە یاساییەکە و ڕێوشوێنەکان لە ئێستادا ئاسان بوون کە لە ڕێگەی پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنییەوە لە ماڵپەڕی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدایە ئەنجامدەردرێت”.
دادوەران وداکۆکیکارانی مافەکانی ژنان پێیان وایە پێویستە عێراق بەپەلە بەرنامەی هۆشیاری یاسایی بۆژنان پەخش بکات بۆ ئەوەی لە مافەکانیان ئاگاداریان بکاتەوە بەگوێرەییاسا بەرکارەکان،هەروەها بەکارهێنانی میدیا، بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو مافانە و چۆنیەتی دەستخستنیان.
پارێزەر دلۆڤان حەسەن دەڵێت،” دەتوانم بڵێم دەیان هەزار حاڵەتی بێبەشکردنی میرات لە نێوان ژناندا بوونی هەیە”.
ئەوپارێزەی کەپسپۆرە لەکەیسەکانی بەهێزکردنی ژنان، دەشڵێت:”لە دەیەکانی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا، زۆر دەگمەنە خێزانێکی عێراقی بدۆزرێتەوە کەهیچ حاڵەتێکی بێبەشکردنی ژنان لە مافەکانیاندا نەبێت وچیرۆکی ئازاربەخشی داپیرە و پوورەکانی نەبیستبێت کە ژیانێکی ناخۆشیان بەسەر برد لە کاتێکدا براکانیان چێژ لە موڵک ومیراتەکیان وەردەگرت.”
ئەو پارێزەرە هۆشداری دەدات ودەڵێت،” بێبەشکردنی ژنان لەمیرات بە شێوەیەکی نەرێنی ڕەنگدانەوەی لەسەر توانای ئابووریان هەبووە وبە شێوەیەکی کاریگەر دەسەڵاتی نێرینەی بەهێزتر کردووە، بۆیە ئێستا پیاوان خاوەنی زەوی وخانووبەرە و بیناسازین، لە کاتێکدا ژنان هێشتا لە پەراوێزدان”.
کۆمەڵگایەکی نێرینەیی
تەها مەحمود، کە تەمەنی 33 ساڵە وخەڵکی بەغدایە، باسی کێشەی دایکی لەگەڵ براکانی دەکات سەبارەت بەموڵکی باپیری(باوکی دایکی) لەگەڵ خاڵەکانی و شانازی بەوە دەکات ودەڵێت: “ئەگەر سووربوون وداکۆکی باوکم نەبووایە، دایکم نەیدەتوانی میراتەکەی وەربگرێت،هەروەک خوشکەکانی تری بێبەش دەکرا.”
داپیرە وباپیری لەساڵی ۲۰۰٤دا کۆچی دواییان کردووە وخاوەنی حەوت منداڵ بوون، سێ کوڕ وچوارکچ، لەوانە دایکی، ئەو میراتەی لە باپیریەوە بۆماوەتەوە پێکهاتووە لە دوو خانو لەناوچەکانی ڕەحمانیە وبەیاع وشوقەیەک لە شەقامی حەیفا و زەوییەک لە ناوچەی عەلی ساڵح.
تەها دەڵێت،”دوای مردنی باپیری وتەنها دوای مانگێک خاڵەکانی لەگەڵ خێزانەکانیان لە دوو خانووەکە وشوقەکەدا نیشتەجێبوون وپارچە زەوییەکەشیان کرد بە گەراجێکی ئۆتۆمبێل وسوودیان لە داهاتەکە وەردەگرت بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بدەن بە دایکی وپورەکانی”.
“کاتێک گفتوگۆی دۆستانەی دایکم وبراکانی سەرکەوتوو نەبوو، دایکم پەنای برد بۆ باوکم وداوای لێکرد یارمەتی بدات بۆ ئەوەی مافی خۆی لە میراتی باوکی وەربگرێت، وداوای لە خوشکەکانیشی کرد هەمان شت بکەن، واتە داوای یارمەتی لە مێردەکانیان بکەن وداوای مافی میراتەکەیان بکەن”.
تەها دەربارەی ئەوە دەڵێت،” وەڵامی براکان بۆ داواکارییەکانی خوشکەکانیان ئەوە بوو کە هەڕەشەیان لێکردن کە چیدی نایاناسن وڕەتیان دەکەنەوە، ئەم ڕەتکردنەوەیە تەنها قسە نییە، ڕاستە کە ئێمە لە پایتەخت دەژین، بەڵام لە بنەڕەتدا پێشینەیەکی خێڵەکییمان هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە کەخوشک وپورزاکانم لە هاوسەرگیری بێبەش دەکرین یان ئەگەری هاوسەرگیریان کەم دەبێتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو، چونکە هەرکەسێک نیازی ئەوەی بێت یەکێک لە خۆشکەکانم یان پورزاکانم داوابکات ئەگەر بزانێت خاڵەکانم خۆشکانیان ڕەتکردووەتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە لە داوای هاوسەرگیرییەکە دەکشێتەوە”.
بەڵام ئەمە نەبووە رێگر لەوەی دایکی سکاڵایەکی یاسایی لەبەردەم دادگای لە بەغداد تۆمار بکات، لە کاتێکدا خوشکەکانی کە یەکێکیان بێوەژنە، ئەوی دیکەیان مێردەکەی خاوەن پێداویستی تایبەته، ودوایینیان مێردەکەی، ڕەتی کردەوە خۆی تووشی کێشە بکات، بۆیە ڕێگریی لێکرد سکاڵای یاسایی پێشکەش بکات.
ئەو بەبیری خۆی هێنایەوە کە کۆبوونەوەیەکی خێزانی برا وخوشکەکانیان کۆکردەوە بەبی ئامادەبوونی دایکی تەها، داوایان لێکردن کە دەستبەرداری مافەکانیان بن لەمیراتی باوکیان، کاتێک یەکێک لە پورەکانی ڕەتی کردەوە واز لە مافەکەی بێهێنت،بە توندی لێیاندا وبەم شێوەیە ناچاریان کرد وەکالەت نەمایەکی گشتی ئیمزابکات واز لەبەشەکەی بهێنێت، ولە تەممووزی ۲۰۲۳دا، کاتێک بڕیاری لابردنی هاوبەش دەرچوو( إزالة الشیوع) لەلایەن دادگاوە، دایکی تەها تاکە کەسە بوو لەخوشکەکانی کە توانی مافی خۆی لەمیراتی باوکی وەربگرێت.
سارا جاسم، چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە چیرۆکی دایکی تەها هاوشێوەی چیرۆکی هەزاران ژنی عێراقییە کە “لە میراتەکەیان بێبەشکراون، جا بەهۆی زۆردارکردن لەژێر هەڕەشەدا بێت، یان توندوتیژی دژیان یان ساختەکاری، و زۆربەیان وەک کەیسی شەرەف کوژراون و تۆمارکراون بۆ شاردنەوەی دزینی میراتەکەیان.”
ئەودەڵێت کەهۆزە عێراقییەکان دەتوانن یەکێک لە کوڕەکانیان بکەنە قوربانی و پاڵی پێوە بنێن بۆکوشتنی میراتگری مێینە کە لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەری داوای مافەکانیان دەکەن، “زۆر چیرۆک دەربارەی ئەمە دەزانم، کە لەنێو خەڵکدا ئاشنا و ناسراون و وا لە ژنان دەکەن دەستبەرداری میراتەکەیان بن لە ترسی ژیانیان.”
زۆربەی خێزانەکان زاڵن بەو بیرۆکەیەی کە ژن مافی ئەوەی نییە موڵکی دایک و باوکی وەربگرێت”بە بیانووی ئەوەی کە هاوسەرگیری کردووە وموڵکەکە دواتر دەچێتە بەرژەوەندی پیاوێکی نامۆوە.”
چالاکوانانی مافەکانی ژنان دەسەڵاتی دادوەری وحکومەت بە بەرپرسیار دەزانن لەو پێشێلکاریانەی کە دژ بە ژنان دەکرێن ئاماژە بەوە دەکەن کە “یاسای توندوتیژی خێزانی” کە چەندین ساڵە لە پەرلەماندا وەستاوە، ئەگەر پەسەند بکرێت، ژنان بەهێز دەبن و ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژییانە دەبنەوە کە لەلایەن براکانیان یان منداڵەکانیانەوە لە دژیان ئەنجام دەدرێت وئەگەری ئەوەیان کەمترە لە مافە میراتییەکانیان بێبەش بکرێن.
سارا لەو باوەڕەدایە کە کۆمەڵگەی عێراقی “پیاوسالارییە وزاڵە بەسەر ژناندا، هەروەها بە کەمی سەیری ئەو ژنانە دەکات کە سکاڵایەکی یاسایی تۆمار دەکەن بۆ لابردنی هاوبەشی ( إزالة الشیوع) بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، بەتایبەتی ئەو ژنانەی هاوسەرگیریانکردووە، ڕەتدەکرێنەوە یان تۆڵەیان لێ دەکرێتەوە.”
ئەوهۆشداری دەدات لە فاکتەرێکی دیکە جگە لە توندوتیژی وهەڕەشە، کە لەپشت شکستی زۆرێک لە ژنانەوەیە لە داواکردنی مافەکانیان، “نەخوێندەواری یان نەزانینی مافەکانیان، بۆیە ئاسانە هەڵخەڵەتێن وایان لێ بکەن دەستبەرداری مافەکانیان بن لەبەردەم دادنووسدا.
هیچ بژاردەیەک نییە جگە لە گوێڕایەڵی
نەهلە ژنێکە لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا لە پارێزگای کەربەلا لە باشوری بەغدای پایتەخت دەژی، جیابووەتەوە وکچ وکوڕێکی هەیە لە تەمەنی بیست ساڵیدان، میراتێکی لەباوکییەوە هەیە کە لە ساڵی 2000 دا کۆچی دوایی کردووە، کە زەوییەکی کشتوکاڵییە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکەوە، بەڵام خۆی وسێ خوشکەکەی مافەکانیان لە میراتی باوکیان بەدەست نەهێناوە، چونکە پێنج برایان هەیە ودەستیان بەسەر زەوییەکەدا گرتووە وبۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوە بەبێ ئەوەی هیچ شتێکیان پێ بدەن.
بە دەنگێکی بەرزنەهلە وتی،”هەروەها مانگا، مەڕ، دار خورما، کۆگایەکی پڕ لە خورمایان هەیە، کاتێک من وخوشکەکانم لەڕۆژانی عاشورادا سەردانیان دەکەین، دەبینین کە دەیان سەردانکەر لەوێن و شتیان پێ دەدەن وئێمەش وەک ئەوان تەنها میوانین بەبێ ماف.”
دەشڵێت،”یەک فلسەم لەمیراتی باوکم وەرنەگرت، من وخوشکەکانم تەنها نزا دەکەین خودا تۆڵەمان لەبراکانمان بکاتەوە وهیچی ترناکەین”.
نەهله دەڵێت،”خۆم وخوشکەکانم بیر لە بەرزکردنەوەی سکاڵای یاسایی ناکەینەوە، چونکە نهێنییەکی خێزانی هەیە کە ڕێگری دەکات لەوەی ئەو کارە بکەین، براکانم هەمیشە چیرۆکی پوورێکیمان بیردەخەنەوە، کە برا گەورەکەم لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا کاتێک هەرزە کاربوو بەچەکی ڕاوکردن (تاپەڕ) کوشتوویەتی بەفیتی باوکم، چونکە داوای مافی خۆی کردبوو لەمیراتی باوکی بۆ ئەوەی بتوانیێت کوڕەکەی چارەسەر بکات کە تووشی نەخۆشی ببوو”.
ئەو خاتوونە بەردەوام دەبێت لە قسەکانی ودەڵێت،”براکانمان بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەمان لێ دەکەن بە دووبارەکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەو چیرۆکە، ئەوان دەتوانن زۆربە ئاسانی بمانکوژن دواتریش وەک”مو لە هەویر لێی دەربچن”، دەتوانن لەرێگەی یەکێک لە کوڕە هەرزکارەکانیانەوە ئەو کارە بکەن بە بیانووی نامووس وکەیسی شەرف”.
وتیشی،”ساڵانێکی زۆرە نزا دەکەین خودا تۆڵەمان بکاتەوە، بەڵام نزاکانمان هیچ سوودێکی نەبووە وهیچ ڕوونادات”.
ڕەشا(ناوێکی نەخوازراوە) ژنێکی تەمەن چل وپێنج ساڵەی خەڵکی دیوانییە، کە چوار برا وسێ خوشکی هەیە، کە دایکی لە سەرەتای ساڵی 2020 دا کۆچی دوایی کردووە، خاوەنی باخێکە ودوو خانوو، باوکیان بە کچەکانی وتووبوو دەبێت دەستبەرداری بەشی میراتی دایکیان بن بۆ براکانیان، هەروەها لەگەڵ بەشەکەی خۆی وئەو موڵکەی کە لە ژیانیدا هەیەتی، بۆ ئەوەی کێشە لەنێوان براکانی دروست نەبێت دوای مردنی.
رەشا بەچاوێکی پڕگریان وخەمەوە وتی،” ناچاربووین بە قسەی باوکمان بکەین وداواکەی ڕەتنەکەینەوە،خوشکەکانم دۆخی بژێویان زۆرخراپە، ئەوان پێویستیان بە میراتەکەی دایکەم بوو بۆئەوەی بتوانم بەسەربەرزی بژین، منیش هاوسەرگیرم نەکردووە بۆیە ناچارم خزمەتی باوکم وبرازاکانم بکەم تا ئەوڕۆژی دەمرم”.
ئەو بیری دەکەوێتەوە کە ئێوارەیەک لەگەڵ باوکی قسەی دەکرد کاتێک چایان دەخواردەوە، وسەرەتا داوای لێکرد کە توڕە نەبێت، چونکە ئەوە تەنها شتێکە کە بۆماوەیەک لە مێشکیدا بووە. دوای ئەوەی بەڵێنی دا کە گوێی لێبگرێت، بە دوودڵییەوە پرسیاری لێکرد:
ئایا بڕیارەکە بۆ بێبەشکردنی ئێمە لە میراتی دایکم دادپەروەرانەیە؟ تۆ بارودۆخی سەختی خوشکەکانم دەزانیت، گەورەکە کوڕێکی کەمئەندامی هەیە، خوشکە ناوەنجییەکەم لە ژوورێکدا لەگەڵ هاوسەرەکەی وپێنج منداڵەکەی لە ماڵی باوکی مێردەکەی دەژی، خوشکە بچووکەکەشم مێردەکەی بێکارە ولەگەڵ منداڵەکانی لەسەر خێروسەدەقە دەژی،من هاوسەرگیریم نەکردووە، چیم بەسەر دێت دوای مردنت، تەمەن درێژبیت”.
باوکی زۆر لەسەر خۆ وەڵامی دەداتەوە:”تۆ بەرپرسیارنێت لە خۆشکەکانت ئەوان هاوسەرگیریان کردووە ومێردەکانیان بەرپرسیارن لە دابینکردنی بژێوی ژیانیان، تۆش هاوەسەرکەت بەرپرسیارێتیت دەگەرێتە ئەستۆ کاتێک شوو دەکەیت، یان یەکێک لە براکانت بەرپرسیارێت هەڵدەگرێت من پیاوم گەورەکردووە”.
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن تۆڕی نیریج لە چوارچێوەی پڕۆژەی نزیک ئەنجامدراوە Qaribmedia