

30هه‌زار كه‌س له عێراق كه نه‌خۆشی تالاسیمیایان هه‌یه به هیوای ئه‌نجامدانی چاندنی مۆخی ئێسك و دابینكردنی ده‌رمان و پێداویستیه مۆدێرنه‌كانن له‌گه‌ڵ درووستكردنی تۆمارێكی تایبه‌ن به(هیستۆلۆجی) كه هیوای چاكبوونه‌وه‌یان پێده‌به‌خشێت و رزگاریان ده‌كات له گێژاوی چاره‌سه‌ری به‌رده‌وام به‌هۆی كاریگه‌رییه ته‌ندروستی و جه‌سته‌یی و ده‌روونییه سه‌خته‌كه‌یه‌وه و هه‌زاران له‌وانه له مه‌ترسی نه‌شته‌رگه‌ری له وڵاتانی ئاسیا ڕزگار ده‌كات.
غوفران ته‌مه‌نی (23 ساڵه) كچێكه خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی وه‌حده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی موسڵه (305 كیلۆمه‌تر له باكوری به‌غدا) نه‌خۆشی تالاسیمای هه‌یه یان ئه‌وه‌ی به نه‌خۆشی كه‌م خوێنی ده‌ریای ناوه‌ڕاست ناسراوه، غوفران ته‌مه‌نی ته‌نها یه‌ك ساڵ بووه كه تووشی نه‌خۆشییه‌كه بووه، بۆیه ناچاربووه خوێن له به‌خشه‌ره‌كان وه‌ربگرێت له سه‌نته‌ره تایبه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری ڕۆژانه بۆ راكێشانی ئاسنه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كه‌ی ناو جه‌سته‌ی.
ئه‌و به ده‌نگێكی نزمی ماندوو دوای وه‌رگرتنی خولێكی چاره‌سه‌ر ده‌ڵێت: “به درێژایی ژیانم ئه‌مم كردووه و هه‌موو ئازاره‌كانیم چه‌شتووه و به‌رده‌وامیش ده‌بم، هیچ شتێكی تر ناكرێت!”.
ئه‌و بۆماوه‌یه‌ك بێده‌نگ بوو و دواتر به‌رده‌وام بوو وتی: “هه‌موو ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وی ئه‌وه‌یه كه نه‌خۆشخانه‌كان پێداویستی و چاره‌سه‌رمان بۆ دابین بكه‌ن، هیچی تر!”.
غوفران، وه‌ك سه‌دان نه‌خۆشی دیكه، هیوای ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستداوه كه ڕۆژێك له‌و نه‌خۆشییه ڕزگاری بێت كه له ئه‌نجامی هاوسه‌رگیری خزمایه‌تی ڕووده‌دات، چونكه باوه‌ڕی وایه كه به درێژایی ژیانی له‌گه‌ڵی ده‌بێت هاتا ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نی هه‌ڵده‌كشێت كه ئیتر هیچ هیوایه‌كی نامێنێت بۆ نه‌شته‌رگری (چاندی مۆخی ئێسك) كه تێچووه‌كه‌ی زۆره و پێویستی به‌تیمێكی پزیشكی تایبه‌ت و ئامێری پێشكه‌وتوو و پشكنینی ورد هه‌یه، ئه‌وه‌ش له عێراق نییه.
تالاسیمیا یه‌كێكه له نه‌خۆشییه بۆماوه‌ییه‌كانی خوێن كه له‌و ناوچانه‌دا بڵاوده‌بێته‌وه كه ژماره‌یه‌كی زۆر له “هاوسه‌رگیری خزمایه‌تی” تێدایه و گوێنادرێت به پشكنینه‌كانی پێش هاوسه‌رگیری، ئه‌و دایك و باوكانه‌ی كه هه‌ڵگری نه‌خۆشییه‌كه‌ن خۆیان هه‌ستی پێ ناكان و ئازاریان نییه دواتر كه هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن و ده‌یگوازنه‌وه بۆ منداڵه تازه له‌دایكبووه‌كانیان، نیشانه‌ی نه‌خۆشییه‌كه له یه‌كه‌م مانگی ژیانی كۆرپه‌له‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت.
تووشبووانی تالاسیمیا ناتوانن خڕۆكه سووره‌كانی خوێن به‌رهه‌م بهێنن، بۆیه پێویسته مانگانه به‌لانی كه‌مه‌وه جارێك خوێن له به‌خشه‌ره‌كان وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی ژیانیان به‌رده‌وام بێت. به‌ڵام دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌بێته هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئاسن له جه‌سته‌یان و ئازار ده‌گه‌یه‌نێت به سپڵ و له‌وانه‌یه كاریگه‌ری خراپیشی هه‌بێت بۆسه‌ر دڵ و جگه‌ر، بۆیه كه‌سی تووشبوو به‌و نه‌خۆشییه ڕۆژانه پێویستی به ده‌رمان هه‌یه بۆ كشانه‌وه‌ی ئاسن له جه‌سته‌ی له ڕێگه‌ی میزه‌وه و دوو به‌ناوبانگترین جۆری ئه‌م ده‌رمانه (دێسڤێراڵ وئه‌كسجید)ه.
وه‌ك هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه تالاسیمیایان هه‌یه، غوفران به‌ده‌ست دواكه‌وتنی گه‌شه‌ی جه‌سته‌ی و كه‌م خوێنی و لاوازی و ماندووبوون و كه‌می ته‌ركیز و له‌ده‌ستدانی حه‌زی خواردنه‌وه ده‌ناڵێنێت له پێش وه‌رگرتنی خوێن.
له بارودۆخی ئاسایی‌دا، ئه‌و هه‌موو مانگێك سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی حه‌دبا ده‌كات بۆ نه‌خۆشییه‌كانی خوێن (هێماتۆلۆجی) له موسڵ بۆ وه‌رگرتنی خوێن له‌وێ و وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر. سه‌ره‌ڕای ئازاره‌كانی، غوفران له ساڵی 2023دا خوێندنی زانكۆی ته‌واو كردووه و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی به‌ده‌ستهێناوه.
بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه
تاهیر ئیبراهیم ئه‌لتائی، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی تالاسیمیا له نه‌ینه‌وا، ده‌ڵێت،” نه‌خۆشییه‌كه بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1997 له موسڵ تۆماركرا و له ماوه‌ی ساڵانی سزا ئابوورییه‌كانی سه‌ر عێراق ژماره‌ی توشبووه تۆماركراوه‌كان به‌ره‌به‌ره زیادی كرد و گه‌یشته نزیكه‌ی 250 توشبوو”.
وتیشی،”ژماره‌ی ڕاسته‌قینه له‌وه زیاتر بوو، به‌ڵام به‌هۆی لاوازی سیستمی پزیشكی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، نه‌توانراوه ژماره‌ی درووست ده‌ستنیشان بكرێت”.
“له‌ساڵانی دواتردا، ژماره‌كه زیادی كرد، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌ستنیشانكردنی خێرای نه‌خۆشییه‌كه دوای ئه‌وه‌ی ستافی پزیشكی ئه‌زموونی پێویستیان به‌ده‌ستهێنا و ژماره‌ی نه‌خۆشه‌كان له ساڵی 2017 دا گه‌یشته زیاتر له 1200 نه‌خۆش كه له نه‌ینه‌وا تۆماركراون”، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی تالاسیمیا له نه‌ینه‌وا وای وت.
ئه‌لتائی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه “سه‌دان تووشبووی نه‌خۆشییه‌كه به‌هۆی نه‌بوونی چاره‌سه‌ری پێویسته‌وه گیانیان له‌ده‌ست داوه”.
به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق له 68%ی هاوسه‌رگیرییه‌كان له عێراق له نێوان خزمه‌كاندا ڕووده‌دات، له‌به‌رئه‌وه‌ی كولتوورێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌و جۆره هاوسه‌رگیریانه فاكته‌ری سه‌ره‌كیین له زیادبوونی حاڵه‌ته‌كانی تالاسیمیا كه له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت به‌درێژای هه‌موو ژیانی و به‌ده‌ست هه‌موو كاریگه‌رییه‌كان و مه‌ترسیه‌كانیه‌وه ده‌ناڵێنێت، تاكه چاره‌سه‌ریش ته‌نها ئه‌وه‌یه نه‌شته‌رگری چاندنی مۆخی ئیسك بۆ تووشبووه‌كه بكرێت كه ئه‌وه‌ش پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆز و گرانبه‌هایه و ده‌گمه‌نه له عێراقدا، چونكه پێویستی به پزیشك و تیمی پسپۆڕ هه‌یه.
ئه‌میر جومه‌یلی، سه‌رۆكی ڕێكخراوی “زیندووه‌كان” بۆ فریاكه‌وتنی تووشبووانی تالاسیمیا، ده‌ڵێت،”به‌پێی خه‌مڵاندنه‌كان نزیكه‌ی 30 هه‌زار تووشبووی تالاسیمیا له عێراق هه‌یه”.
جومه‌یلی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكی ڕۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه “ڕێكخراوه‌كه‌ی له ساڵی 2013ه‌وه ده‌ستی كردووه به تۆماركردن و ژماردنی نه‌خۆشه‌كان و تێبینی ئه‌وه‌یان كردووه كه ساڵانه ژماره‌كه زیاد ده‌كات”.
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له 7%ی دانیشتوانی جیهان جینی نه‌خۆشی هیمۆگلۆبینیان هه‌یه و ساڵانه 300 هه‌زار بۆ 500 هه‌زار منداڵ كه له‌دایك ده‌بن هه‌ڵگری ئه‌و نه‌خۆشییه‌ن و له 30% یان تالاسیمیایان هه‌یه و 90 هه‌زار بۆ 150 هه‌زار منداڵ ساڵانه به نه‌خۆشی تالاسیمیاوه له‌دایك ده‌بن و ساڵانه 50 هه‌زار بۆ 100 هه‌زار به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌وه گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
توێژه‌ر خه‌لیل ئه‌شره‌ف، زیادبوونی ساڵانه‌ی تووشبوون به نه‌خۆشییه‌كه ده‌به‌ستێته‌وه به‌ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ریته خێڵه‌كییه‌كان، كه له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی عێراقدا زاڵن و هانی هاوسه‌رگیری نێوان خزمه‌كان ده‌دات، جگه له پێشكه‌وتنی شاره‌زایی و ئه‌نجامه‌كانی تاقیگه‌كان كه وایكردووه نه‌خۆشییه‌كه به خێرایی ده‌ستنیشان بكرێت.
ترووسكایی هیوا
ژماره‌ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه له سه‌نته‌ری تالاسیمیای پارێزگای نه‌ینه‌وا تۆماركراون 1100 نه‌خۆشن، كه زۆربه‌یان نه‌خۆشییه‌كه زاڵبووه به‌سه‌ریاندا و به‌هۆی له‌ده‌ستدانی هیوای چاكبوونه‌وه و ئازاری سه‌ختی جه‌سته‌یان و نه‌بوونی به‌خشه‌ری (مۆخی ئێسك) ته‌نها چاوه‌ڕێی مردن ده‌كه‌ن.
دكتۆر مه‌دیه‌ن غرێری، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی حه‌دبای تایبه‌ت به نه‌خۆشییه‌كانی خوێن و گواستنه‌وه‌ی (مۆخی ئێسك) كه له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2023دا له موسڵ كراوه‌ته‌وه و به‌یه‌كه‌م نه‌خۆشخانه‌ی له‌وجۆره له شاره‌كه‌دا داده‌نرێت، ده‌ڵێت،” ڕێژه‌ی مردن به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌وه له نه‌ینه‌وا له نێوان 2 بۆ 3 حاڵه‌تدایه له ساڵێكدا”.
جه‌ختیكرده‌وه كه “له ئێستادا هیوایه‌كی گه‌وره هه‌یه، چونكه پێشكه‌وتنێكی باش له پارێزگاكه‌دا ڕوویداوه كه هاوكاته له‌گه‌ڵ وه‌ستانی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشییه‌كه له ساڵی 2023 ه‌وه، له‌ئه‌نجامی په‌یڕه‌وكردنی به‌رنامه‌ی ڕێگریكردن و خۆپارستن به هاوكاری كۆمه‌ڵه‌ی تووشبووانی تالاسیمیا و پارێزگای نه‌ینه‌وا و ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری”.
دكتۆر مه‌دیه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ” له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی حه‌دبا، شه‌ش نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی (مۆخی ئێسك) ئه‌نجامدراوه له ماوه‌ی دوو مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2024 دا وله ژێر سه‌رپه‌رشتی تیمێكی پزیشكی ئیتاڵی كه ڕاهێنان به ستافی پزیشكی نه‌خۆشخانه‌كه‌ش ده‌كه‌ن”.
“تاكه هیوا بۆ چاكبوونه‌وه‌ی تووشبوویه‌كی تالاسیمیا به‌هه‌میشه‌یی ئه‌وه‌یه كه به‌خشه‌رێكی مۆخی ئێسك به‌ده‌ست بهێنێت كه له ڕووی هیستۆلۆجییه‌وه 100% هاوشێوه‌ی مۆخی ئێسكی جه‌سته‌ی بێت، به‌ڵام ئه‌مه زۆر ده‌گمه‌نه و له‌وانه‌یه ته‌نها بۆ خوشك و برا دوانه‌كان سنووردار بێت”. دكتۆر مه‌دیه‌ن وای وت.
وتیشی: “ته‌نانه‌ت وه‌رگرتنی به‌خشه‌ر كۆتایی به كێشه‌كه ناهێنێت، به‌ڵكو ده‌بێت نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی مۆخی ئیسك له هیندستان و ئیتاڵیا ئه‌نجامبدرێت، چونكه پێش كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی حه‌دبا، عێراق ژێرخان و توانای پزیشكی نه‌بوو بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و جۆره نه‌شته‌رگه‌رییانه كه تێچووه‌كه‌ی له‌نێوان 70 هه‌زار بۆ 250 هه‌زار دۆلاره كه ده‌كاته (91 ملیۆن دینار بۆ 325 ملیۆن دینار) “.
له نێوان ساڵانی (2005-2022) كۆمه‌ڵه‌ی تالاسیمیا له نه‌ینه‌وا، 49 نه‌خۆشی له‌گه‌ڵ به‌خشه‌ره‌كانی مۆخی ئێسك ڕه‌وانه‌ی وڵاتی ئیتاڵیا كرد، به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتنێك كه له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌كانی ئیتاڵیا واژووكراوه، هه‌روه‌ها له‌وێ نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی مۆخیان بۆ كراوه، كه 47 كه‌سیان به ته‌ندروستیه‌كی باش گه‌ڕاونه‌ته‌وه و ته‌نها دوو كه‌سیان گیانیان له‌ده‌ستداوه.
نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بۆ چاندنی مۆخی ئێسك
به‌گوێره‌ی دكتۆر مه‌نصور مه‌عروف، كه ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی نه‌ینه‌وای پێ به‌خشراوه: “له‌ماوه‌ی دوو مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2024دا، بۆ یه‌كه‌م جار شه‌ش نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی مۆخی ئێسك له پارێزگاكه‌دا ئه‌نجامدرا، سێیان بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه ته‌مه‌نیان گه‌وره‌یه و ئه‌وانه‌ی تریش بۆ منداڵان”.
وتیشی: “نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له نه‌خۆشخانه‌ی حه‌دبا ئه‌نجام دران و سه‌ركه‌وتنی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییانه مانای ئه‌وه‌یه كه نه‌ینه‌وا له داهاتوویه‌كی نزیكدا نه‌خۆشی تالاسیمیا تێده‌په‌ڕێنت”.
دوای چه‌ندین ساڵ چاوه‌ڕوانی له‌لایه‌ن تووشبووانی نه‌خۆشییه‌كانی خوێن و تالاسیمیاوه كه بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی نه‌ینه‌وایان ده‌كرد، نه‌خۆشخانه‌ی حه‌دبا له 15ی ئایاری 2023دا كرایه‌وه به توانای 81 قه‌ره‌وێڵه و تێچووی 38 ملیار دینار (25 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، نه‌خۆشخانه‌كه سه‌نته‌ری تالاسیمیای تێدایه، پشكنینی هیستۆلۆجی تێدا ئه‌نجام ده‌دات و چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشه‌كان دابین ده‌كات و خوێنیان بۆ دابین ده‌كات.
پێش كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه له 13ی ئازاری 2023دا، گرێبه‌ستێكی ڕاهێنانی چاندنی مۆخی ئێسك له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی ئیتاڵی AVSI واژووكرا بۆ ئاماده‌كردنی كادری پزیشكی كه توانای ئه‌نجامدانی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریه‌یان هه‌بێت.
دكتۆرمه‌دیه‌ن غرێری، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی حه‌دبا، ده‌ڵێت: “نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی مۆخی ئێسك بێ مه‌ترسی نییه و ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی له سه‌دا 90ه و تا ته‌مه‌نی تووشبووه‌كه گه‌نجتر بێت، ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی زیاتر ده‌بێت”.
دكتۆرمه‌دیه‌ن، هێواشی خواست هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی تالاسیمیایان هه‌یه ده‌رفه‌تی چاندنی مۆخی ئێسكیان بۆ بڕه‌خسێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه “سه‌ركه‌وتنی ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه پشت ده‌به‌ستێت به باری ته‌ندروستی نه‌خۆشه‌كه و ڕێژه‌ی ئاسن له جه‌سته‌یدا و چوستی جگه‌ر، هه‌روه‌ها بوونی به‌خشه‌رێكی هاوشێوه له ڕووی هیستۆلۆجییه‌وه، كه باشتره هه‌مان جۆری خوێنی هه‌بێت، هه‌روه‌ها پشت ده‌به‌ستێت به‌وه‌ی كه ئایا نه‌خۆشه‌كه پێش نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه چاره‌سه‌ری باشی وه‌رگرتووه یان نا”.
تاهیر ئه‌لتائی، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمه‌ڵه‌ی تالاسیمیا له نه‌ینه‌وا، له باره‌ی تێچووی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانه‌وه ده‌ڵێت: “له وڵاتی هیندستان تێچوونی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی مۆخ ده‌گاته زیاتر له 70 هه‌زار دۆلار، به‌ڵام رێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی كه‌متره، له كاتێكدا له ئیتاڵیا تێچووه‌كه‌ی نزیكه‌ی 250 هه‌زار دۆلاره و ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی زیاتره، ئه‌مه‌ش واده‌كات ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه له‌سه‌ر حسابی تایبه‌تی كه‌سه‌كه ئه‌سته‌م بێت”.
تائی، داوایكرد پشتیوانی نه‌خۆشخانه‌ی هێماتۆلۆجی له‌موسڵ بكرێت، چونكه ناوكی چاره‌سه‌ری تووشبووانی تالاسیمیایه له عێراق، و داواشی له حكومه‌تی خۆجێی نه‌ینه‌وا كرد پلانێكی پشتیوانی و به‌رده‌وام بۆ نه‌خۆشخانه‌كه مسۆگه‌ر بكات كه له ئێستادا به‌ده‌ست كه‌می ته‌رخانكردنی داراییه‌وه ده‌ناڵێنێت.
هه‌روه‌ها تائی، داوای له‌حكومه‌تی خۆجێی نه‌ینه‌وا كرد جارێكی دیكه ڕێككه‌وتنه‌كه له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئیتاڵیدا چالاك بكات بۆ ناردنی وه‌جبه‌ی نوێی نه‌خۆشه‌كان بۆ ئه‌و وڵاته به‌مه‌به‌ستی چاندنی مۆخی ئێسك، چونكه نه‌خۆشخانه‌ی حه‌دبا توانای ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ هه‌موو حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون نییه.
له‌سه‌ر لیستی چاوه‌ڕوانی
نه‌بوونی ته‌رخانكردنی داریی و كارمه‌ندانی شاره‌زا و پێداویستییه‌كانی دیكه، سه‌دان نه‌خۆشی تالاسیمیا ده‌خاته لیستی چاوه‌ڕوانییه‌وه به‌هیوای ئه‌وه‌ی ڕۆژێك بێت كه له ئازاره‌كانی ڕۆژانه‌یان ڕزگاریان بێت.
“داوا له به‌رپرسان ده‌كه‌م كوڕه‌كه‌م له چاندنی مۆخی ئێسك بێبه‌ش نه‌كه‌ن”
نادیا (47 ساڵ)، دانیشتووی گه‌ڕه‌كی “گه‌یاره”یه له باشووری موسڵ، هیوا ده‌خوازێت كوڕه 12 ساڵانه‌كه‌ی محه‌مه‌د نه‌شته‌رگه‌ری بۆ بكرێت.دایكه‌كه له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌یدا مانگی جارێك سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی حه‌دبا ده‌كات بۆ وه‌رگرتنی خوێن، ئه‌و ده‌ڵێت: “باوكی پۆلیس بوو، له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2012 دا كوژرا و محه‌مه‌دی كوڕم له‌و كاته‌دا ته‌مه‌نی كه‌متر له دوو ساڵ بوو”.
ئه‌و هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵیدا و پێش ئه‌وه‌ی له‌قسه‌كانی به‌رده‌وام بێت وتی: “باوكی ده‌یبرد بۆ وه‌رگرتنی خوێن له موسڵ، هه‌ندێك جار نه‌یده‌توانی خوێن دابین بكات، بۆیه ناچارده‌بوو (باوكی) خوێنی پێ ببه‌خشێ”.
دواتر به‌تۆنێكی پڕ له‌خه‌م و په‌ژاره وتی:”هه‌موو ئاواته‌كه‌م ئه‌وه‌یه محه‌مه‌دی كوڕم نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی مۆخی ئێسك ئه‌نجامبدات، نامه‌وێت كوڕه‌كه‌م بمرێت، و ده‌مه‌وێت ژیانێكی ئاسایی وه‌ك ئه‌وانی تر بژی به‌بێ نه‌خۆشی و به‌بێ خوێن و ده‌رمان”.
وتیشی:” كاتێك خۆێنی بۆ ده‌گوازنه‌وه دووچاری گێژاوێكی په‌ڕ نیگه‌رانی و ترس ده‌بمه‌وه”.
سه‌ركه‌وتنی به‌رنامه‌ی خۆپاراستن
تاهیر ئه‌لتائی، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی تالاسیمیا له نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌ی پشتڕاستكرده‌وه كه ڕێژه‌ی تووشبوون به تالاسیمیا له پارێزگاكه‌دا له ماوه‌ی 12 ساڵی ڕابردوودا به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌می كردووه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و پشكنینه‌ی كه بۆ تالاسیمیا ئه‌نجام ده‌درێت پێش ئه‌نجامدانی گرێبه‌سته‌كانی هاوسه‌رگیری له دادگای باری كه‌سی له نه‌ینه‌وا، كه ئه‌و رێكاره وایكردووه ڕێژه‌ی تووشبوون به نه‌خۆشییه‌كه له نزمترین ئاستدایه.
وتیشی:”له ساڵی 2012وه دادگاكان له نه‌ینه‌وا پابه‌ندی ئه‌وه‌ن كه به‌بێ ئه‌نجامدانی پشكنینی تالاسیمیا گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری به‌هیچ جۆرێك ناكه‌ن”.
ئاسه‌وار و كێشه ده‌روونییه‌كان
دكتۆرئه‌سما غانم، پسپۆڕی پزیشكی ده‌روونی و مامۆستای زانكۆی پزیشكی هه‌ولێر ده‌ڵێت: “لێكۆڵینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه كه له 30%ی ئه‌و كه‌سانه‌ی تالاسیمیایان هه‌یه ئه‌گه‌ری تووشبوونیان به خه‌مۆكی هه‌یه”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد:” قۆناغی كاریگه‌ری ده‌روونی نه‌خۆشه‌كه له‌منداڵییه‌وه ده‌ست پێده‌كات، كه له‌و قۆناغه‌دا نه‌خۆشییه‌كه ده‌ستنیشان ده‌كرێت”.
ده‌شڵێت: “ئه‌و منداڵه تووشبووه پێویستی به‌سه‌ردانی پزیشك و نه‌خۆشخانه و تاقیگه‌كان و خوێن گواستنه‌وه‌ی به‌رده‌وام هه‌یه، بۆیه دووچاری نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ ده‌بێته‌وه” و”هه‌روه‌ها نه‌خۆشه‌كه ناچار ده‌بێت له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا پشت به كه‌سانی دیكه ببه‌ستێت، ئه‌مه‌ش وای لێده‌كات هه‌ست به كه‌می بكات”.
دكتۆره ئه‌سما روونیكرده‌وه،” له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی ڕۆژه‌كان، ئاستی خوێندنی منداڵه‌كه كه‌م ده‌بێته‌وه، به‌هۆی ئاماده‌نه‌بوونی به‌رده‌وام له قوتابخانه به‌هۆی وه‌رگرتنی خوێن و چاره‌سه‌ر و هه‌ندێك جار ترسی نه‌خۆشخانه و ده‌رزی و ته‌نانه‌ت جلوبه‌رگی دكتۆریشی هه‌یه”.
دكتۆره ئه‌سما به‌رده‌وام بوو له قسه‌كانی و وتی: “له قۆناغی پێش و پاش هه‌رزه‌كاریدا بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه جیاوازه له‌وانی تر، به‌هۆی كه‌می باڵای و دواكه‌وتنی نیشانه‌كانی هه‌رزه‌كاری، هه‌روه‌ها كێشه‌ی خۆگونجاندنی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای ده‌وروبه‌ریدا هه‌یه، كه یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی خه‌مۆكی و له‌وانه‌یه نیشانه‌ی توندوتیژی له دژی هاوڕێكانی نیشان بدات و زۆرجاریش دایك و باوكی تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی كه ئه‌وان هۆكاری تووشبوونی ئه‌ون به نه‌خۆشییه‌كه”.
توانج و دڵه‌ڕاوكێی به‌رده‌وام
عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، ته‌مه‌نی 22 ساڵه و خوێندكاره له كۆڵیژی یاسا له زانكۆی موسڵ و نه‌خۆشی تالاسیمیای هه‌یه، ئه‌و ئازاری خۆی ناشارێته‌وه له‌وه‌ی كه زۆر جار تووشی ته‌نز و توانجی خه‌ڵكانی ده‌وروبه‌ری ده‌بێت، جا له گه‌ڕه‌ك بێت یان له زانكۆ یان له‌بازاڕ، ئه‌و ده‌ڵێت: “هه‌ندێك جار سه‌یركردنی كه‌سێك بۆ روخسارم و باڵا كورته‌كه‌م به‌جۆرێك له میهره‌بانی، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ناخم بریندارم بكات”.
ده‌شڵێت: “هه‌ندێك جار ڕووبه‌ڕووی پرسیار ده‌بمه‌وه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه، كه زۆر ئازاری هه‌یه بۆمن، پێم ده‌ڵێن بۆچی ڕوخسارت كاڵه؟ بۆچی سپیایی چاوه‌كانت زه‌ردن؟ بۆچی گۆشت و مه‌عده‌نۆس ناخۆیت؟ بۆچی ناچیت بۆ لای شێخێك بۆ ئه‌وه‌ی دوعا و ڕوقیه‌ی شه‌رعیت بۆ بكات؟”.
عه‌بدوڵا به ته‌واوی ئاگاداری ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ده‌رفه‌تی چاندنی مۆخی ئێسكی به به‌راورد له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه گه‌نجه‌كاندا كه‌مه، به‌ڵام هیواداره ڕۆژێك له ڕۆژان له نه‌خۆشییه‌كه ڕزگاری بێت وتی:”جگه له گه‌شبینی هیچی دیكه‌م نییه”.
كێشه‌ی خوێن گواستنه‌وه
نه‌بوونی ته‌كنه‌لۆژیای پاڵاوتنی خوێن له عێراق، واته جیاكردنه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی و پێدانی ئه‌وه‌ی ته‌نها پێویسته به نه‌خۆشه‌كه، ده‌بێته هۆی ئازارێكی جه‌سته‌یی زۆر بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی تالاسیمیایان هه‌یه، كه هه‌ندێكیان له ئه‌نجامدا تووشی هه‌ستیاری ده‌بن.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش تووشبووانی تالاسیمیا به‌ده‌ست كه‌می خوێنه‌وه له بانكی خوێن ده‌ناڵێنن، بانكه‌كه زۆرجار یه‌ده‌كی پێویستی نییه، بۆیه لیژنه‌یه‌كی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش پێكهاتووه له بانكی خوێن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وه‌قفی سوننه له نه‌ینه‌وا و كۆمه‌ڵه‌ی تالاسیمیا كه سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌تی خوێن به‌خشین ده‌كه‌ن و مزگه‌وته‌كان و زانكۆی موسڵ و ئه‌ندامانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و هاوڵاتیان به‌گشتی ده‌كه‌نه ئامانج.
پزیشكه پسپۆڕه‌كان ده‌ڵێن: “جیاوازیه‌كی جه‌سته‌یی ڕوون هه‌یه له نێوان نه‌خۆشه‌كانی تالاسیمیا له عێراق و وڵاتانی ئه‌وروپا، بۆ نموونه، نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له ئه‌وروپییه‌كان دیارنییه و ژیانیان درێژتره به‌هۆی چاودێری پزیشكی و وه‌رگرتنی ئه‌وه‌ی پێویسته له خوێنی “فلته‌ركراو” له كاتێكدا عێراق تاقیگه‌ی نییه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی خوێن”.
دكتۆر محه‌مه‌د ده‌واج خالید، به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی خوێن له نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت: “ده‌رگاكانی بانكه‌كه 24 كاتژمێر كراوه‌یه بۆ نه‌خۆشه‌كان و به‌خشه‌ره‌كان، نه‌خۆشه‌كانی تالاسیمیا ڕۆژانه زیاتر له 75 كیس خوێنیان هه‌یه به خۆڕایی و 23 نه‌خۆشخانه‌ی حكومی و تایبه‌ت له پارێزگاكه هه‌فتانه یه‌ك یان دوو به‌شی خوێنیان هه‌یه و به‌شێكیش بۆ حاڵه‌ته‌كانی له‌ناكاو دابینكراوه”.
نوێنه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی حه‌دبا هه‌موو ڕۆژێك سه‌ردانی بانكی خوێن ده‌كات بۆ وه‌رگرتنی 70 بۆ 75 كیس خوێن بۆ نه‌خۆشه‌كانی تالاسیمیا و ئه‌وانه‌ی جۆری خوێنی ده‌گمه‌نیان هه‌یه، هه‌ندێك جار ناچار ده‌كرێن له پارێزگاكانی تر به‌دوایدا بگه‌ڕێن.
به‌ڵام نه‌خۆشه‌كانی تالاسیمیا و هه‌ندێك له دایك و باوكان ده‌ڵێن: “هه‌میشه خوێن له بانكه‌كه‌دا نادۆزنه‌وه و زۆر جارناچاربوون بچنه مزگه‌وت و زانكۆی موسڵ وخۆیان به‌دوای به‌خشه‌ردا بگه‌ڕێن”.
كه‌می ده‌رمان
(Desveral) ئه‌و ده‌رمانه‌یه كه نه‌خۆشه‌كانی تالاسیمیا ڕۆژانه به‌كاری ده‌هێنن بۆ ده‌ركردنی ئاسن له جه‌سته‌یان به‌هۆی دووباره‌بوونه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێن گواستنه‌وه، كه چاره‌سه‌رێكی 500 گرامه كه له‌گه‌ڵ ئاوی پاگژه‌كراو تێكه‌ڵ ده‌كرێت و پاكێجه‌كه‌ی له‌ناو په‌مپێكی بچو‌وكدا دانراوه، ده‌رمانه‌كه له ڕێگه‌ی بۆرییه‌كه‌وه په‌مپ ده‌كات كه به ده‌رزییه‌ك كۆتایی دێت پێی ده‌وترێت (په‌پووله) كه له پێستی سك ومل یان شانی نه‌خۆشه‌كه جێگیرده‌كرێت بۆ ماوی 10 بۆ 12 كاتژمێر.
ئه‌سعه‌د هانی، ته‌مه‌ن 55 ساڵ، دانیشتووی شاروچه‌كه‌ی (حه‌زه‌ر) له باشووری موسڵ، ده‌ڵیت: “خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی كاتێك كوڕه 15 ساڵانه‌كه‌یان ده‌خه‌وێت ئه‌وكات ده‌توانن ده‌رمانی پێی بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابن له‌وه‌ی ئه‌و ده‌رزییه‌ی كه له‌ژێر پێستی دانراوه لا نه‌بات، بۆیه تا ڕۆژ ده‌بێته‌وه ئه‌وان چاودێری ده‌كه‌ن”.
به‌ڵام ته‌نها چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، ده‌رمانێكی نوێ به ناوی ئه‌كسجید (ئه‌بیجید) گه‌یشت، كه بریتییه له حه‌بێك و ده‌خرێته ناو په‌رداخێكی 100 بۆ 200 میلی لیتر شه‌ربه‌تی پرته‌قاڵ یان ئاو و به كه‌وچكێكی پلاستیكی تێكه‌ڵ ده‌كرێت و محه‌مه‌د له‌سه‌ر گه‌ده‌یه‌كی به‌تاڵ ده‌یخواته‌وه دوای نیو كاتژمێر پێش خواردن.
ئه‌سعه‌د ده‌ڵێت:” ژیانی كوڕه‌كه‌م گۆڕا دوای ئه‌وه‌ی ده‌رمانه نوێیه‌كه‌ی به‌كارهێنا، له ڕووی ده‌روونیشه‌وه هه‌ست ده‌كه‌م زۆر گۆڕاوه به تابیه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ئیتر پێویست به‌وه ناكات ده‌رمانه‌كه له رێگه‌ی ده‌رزیه‌وه وه‌ربگرێت”.
به‌ڵام هه‌موو نه‌خۆشه‌كان وه‌ك محه‌مه‌د به‌خته‌وه‌ر نین كه جه‌سته‌ی ده‌رمانی ئه‌كسجید قبوڵ ده‌كات، و پزیشكه پسپۆڕه‌كان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه كه‌سانێك هه‌ن هه‌ستیارییان هه‌یه به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌رمانه به‌هۆی بوونی ڕێژه‌یه‌كی زۆر ئاسن له‌جه‌سته‌یاندا، بۆیه ده‌بێت به‌رده‌وام بن له به كارهێنانی ده‌رزی (دێسڤێراڵ).
هاوشێوه‌ی هیستۆلۆجی
كێشه‌یه‌كی دیكه نه‌بوونی تۆمارێكی هاوشێوه‌ی هیستۆلۆجییه (التطابق النسیجی) له عێراق، هاوكات وڵاته‌كه‌ش ئه‌ندام نییه له تۆماری (هاوتاكردنی نێوده‌وڵه‌تی هیستۆلۆجی).
به‌گوێره‌ی پزیشكه پسپۆره‌كان، ئه‌گه‌ر كه‌سه تووشبووه‌كه دوانه‌یه‌كی ته‌ندروست یان برایه‌كی هاوشێوه‌ی هیستۆلۆجی نه‌بێت، ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه كه دایك و باوكه‌كه ده‌بێت سه‌ركێشی بكه‌ن و منداڵێكی دیكه‌ی ته‌ندرووست بخه‌نه‌وه و دواتر بزانن كه ئایا له ڕووی هیستۆلۆجییه‌وه هاوشێوه‌یه له‌گه‌ڵ برا نه‌خۆشه‌كه‌ی. میكانیزمی پشكنینی (هاوشێوه‌ی هیستۆلۆجی) ئه‌وه‌یه كه نموونه‌یه‌ك له‌خوێنی به‌خشه‌ره‌كه له‌گه‌ڵ نموونه‌یه‌ك له خوێنی نه‌خۆشه‌كه ده‌نێردرێت بۆ تاقیگه و له سه‌ر بنه‌مای ئه‌مه‌دا ڕێژه‌ی هاوتابوون دیاری ده‌كرێت، كه زۆر ده‌گمه‌نه بگات به 100% كه پێویسته بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری مۆخی ئێسك.
چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه، تاقیگه‌یه‌ك له به‌غدای پایته‌خت پشتی پێده‌به‌سترا بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و جۆره پشكنینه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار شكستی هێنا له پێشكه‌شكردنی ئه‌نجامی ڕاست، نه‌خۆشه‌كان ناچاربوون پشكنینه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌نجام بده‌ن.له ئێستادا نه‌خۆشه‌كان له نه‌ینه‌وا پشت به تاقیگه‌یه‌ك ده‌به‌ستن كه له پارێزگای دهۆكه، به‌گوێره‌ی دكتۆر مه‌دیه‌ن: “تاقیگه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی هیستۆلۆجیان هه‌یه له نه‌خۆشخانه‌كه كه به‌م دواییانه ده‌ستی به‌پشكنین كردووه و پشت به ئه‌نجامه‌كانی ده‌به‌ستن بۆ پشكنینه سه‌ره‌تاییه‌كان پێش چاندنی مۆخی ئێسك”.
( ت.ب) باوكێكه كه كوڕێكی ته‌مه‌ن 15 ساڵانی هه‌یه و هه‌ڵگری نه‌خۆشی تالاسیمیایه، ئه‌و داوای كرد ته‌نها ئاماژه به دوو پیتی یه‌كه‌می ناوه‌كه‌ی بكرێت، وتی: “چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌ردانی تاقیگه‌یه‌كمان كرد له به‌غدای پایته‌خت بۆ پشكنینی (هاوشێوه‌ی هیستۆلۆجی) كوڕه تووشبووه‌كه‌م له‌گه‌ڵ براكه‌یدا، ئه‌نجامه‌كه ئه‌وه‌ی نیشاندا هیستۆلۆجی هه‌ردووكیان به‌رێژه‌ی سه‌د له سه‌د هاوشێوه‌یه”.
باوكه‌كه به‌رده‌وام بوو له قسه‌كانی وتی: “دواتر داوام له كۆمه‌ڵه‌ی تالاسیمیا كرد ڕه‌وانه‌مان بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری له ئیتاڵیا، پاره‌ی پێویستم نه‌بوو، كۆمه‌ڵگای تالاسیمیا ئاگاداری هه‌موو شتێك بوو، خه‌ونی گه‌شتكردنمان بۆ ئیتاڵیا هاته دی”.
وتیشی:” ئه‌مه پێش ئه‌وه ڕوویدا كه داعش له ساڵی 2014 موسڵی كۆنتڕۆڵكرد”.
باوكه‌كه به‌رده‌وام بوو وتی: “هه‌موو رێكاره‌كانمان ته‌واو كرد بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شته‌كه‌مان ئه‌نجام بده‌ین وه‌ك ڤیزا، بلیتی هێڵی ئاسمانی، له ڕاستیدا ڕۆیشتین”.
ئه‌و چاوه‌كانی داخست وه‌ك ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه به یاده‌وه‌رییه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌دا بكات، پێش ئه‌وه‌ی به‌دڵێكی گه‌رمه‌وه بڵێت: “دوای ئه‌وه‌ی به‌هه‌موو هیواكانمانه‌وه گه‌یشتینه ساردینیا، له‌وێ بۆمان ده‌ركه‌وت كه پشكنینی هاوشێوه‌ی هیستۆلۆجی كه له به‌غدا ئه‌نجامماندا بوو ڕاست نییه و كوڕه بچووكه‌كه‌م نه‌یتوانی مۆخی ئێسك ببه‌خشێت به برا نه‌خۆشه‌كه‌ی”.
ویستی كۆنتڕۆڵی گریانه‌كه‌ی بكات و به‌رده‌وام بێت له‌قسه‌كردن، وتی: “ئه‌و شۆكه چه‌ندین ساڵه ئاسه‌واره‌كه‌ی له‌سه‌ر ئێمه ماوه، به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌بم به‌و هیوایه‌ی كه ڕۆژێك به‌خشه‌رێكی مۆخ به‌ده‌ست بهێنین و نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه لێره ئه‌نجام بده‌ین”.
ئه‌م به‌دواداچوونه له‌لایه‌ن تۆڕی”نێریج” ئه‌نجامدراوه له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی نزیك Qaribmedia
بنکۆڵکاری
Investigations
بنکۆڵکاری","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":26130}" data-page="1" data-max-pages="1" data-start="1" data-end="1">