ماوه‌ى زیاتر له ساڵێكه ده‌ركه‌وتنى گوێچكهماسى له‌نێو ده‌ریاچه‌ى دوكان وەك حاڵەتێکی ئەرێنی بووه‌ته جێگه‌ى سه‌رنج و خۆشحاڵى هاووڵاتیان و راوچیان، زۆر به روونى له قهراخى ده‌ریاچه‌كه و ئه‌و چه‌م و رووبارانهى كه دهڕژێنهسهرى ده‌بینرێن. هەندێك هۆکاری دروستبوونی ئەم حاڵەتە بۆ داكشانى ئاوى ده‌ریاچه‌كه و وشكه‌ساڵى دەگەڕێننەوە و شارەزایەکی زیندەوەرە ئاوییەکانیش پێیوایە لەمێژە گوێچکە ماسی لەو ناوچەیەدا هەیە، بەڵام دەرکەوتنەکەی بەو رێژەیە پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە.
شاخه‌وان محه‌مه‌د، ماسیگرێکی ته‌مه‌ن 37 ساڵه، ماوه‌ى 15 ساڵى ژیانی خۆی له راوكردن له‌نێو ده‌ریاچه‌كه و چەم و رووباره‌كانى سه‌ر دەریاچەی دۆکان به‌سه‌ربردووه. چیرۆكى ئه‌و رۆژه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه تێیدا بۆ یه‌كه‌مجار گوێچكهماسى بینیوه و ده‌ڵێت “رۆژێكیان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم بەمەبەستی گەشت و سەیران چووین بۆ رووبار‌ى قه‌مته‌ران ( لە سنووری قەزای چوارقوڕنە باکوری رۆژهەڵاتی سلێمانی)، ئاوی رووبارەکە بەهۆی وشکەساڵییەوە زۆر كشابوو، چه‌ند دانه‌یه‌ك گوێچکە ماسیمان دۆزییه‌وه، سەرەتا نه‌مانده‌زانى چییه، پێمان سه‌یر بوو كه له كوردستان گوێچكه ماسى هه‌یه. پاش ئه‌و رۆژه چه‌ند جارێك هاتین، هه‌ر جارەی نزیكه‌ى 100 بۆ 200 دانه‌مان ده‌دۆزیه‌وه”.
گوێچکە ماسی کە خواردنێکی گرانبەهای دەریاییە، جۆرە گیاندارێکی ئاویی سەدەفییە و سەر بە کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە،بەپێی ئه‌و دابه‌شكارییه‌ى كه دامه‌زراوه‌ى نه‌ته‌وه‌یی ده‌ریا و كه‌شوهه‌وا سه‌ربه وه‌زاره‌تى بازرگانى ئه‌مریكا كردوویه‌تى، “گوێچکە ماسی جۆرێکە لە نەرمۆکە دوو قاوغییەکان، تەنیا لە ئاوە سوێرەکاندا دەژی هەروەها لە زەریاکان و گردی ناو ئاو و کەناراوە بەردەڵانەکانیشدا دەژی، 200 جۆری سەرەکی هەیە و دەتوانێت رەگەزی خۆی بگۆڕێت و بەوە ناسراوە مرواری دروست دەکات”.
شاخه‌وان جگه له راوكردن، هاوکات لە قەزای چوارقوڕنە خاوه‌نى دوكانى پێداویستىیەکانی راوه‌ماسیه، كار له‌گه‌ڵ راوچییه‌كانیش ده‌كات، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، “له‌ماوه‌ى 15 ساڵى ته‌مه‌نى كاركردنیدا هه‌م وه‌ك راوچى و هه‌میش وه‌ك دوكاندار گوێچكهماسى نه‌بینیوه”.
هه‌ر شاخه‌وان نییه كه سەری لە ده‌ركه‌وتنى گوێچكهماسى سوڕمابێت، هه‌ڵكه‌وت عەبدوڵلا بەهەمان شێوە یه‌كێكه له راوچیهكانى ناحیه‌ى چوارقوڕنه، ماوه‌ى 10 ساڵه كارى راوه ماسى ده‌كات. له‌باره‌ى چیرۆكى ئه‌و رۆژه‌ى كه تێیدا بۆ یه‌كه‌مجار گوێچكهماسى بینیوه ده‌ڵێت: “لە گەشتێکماندا بۆسەر رووبارەکە ئەو زیندەوەرەمان دۆزییەوە، سەرەتا، نه‌مانده‌زانى چییه، پاشان بۆمانده‌ركه‌وت ئه‌مه گوێچكه ماسیه”. پێشیوایه “هۆكارى ده‌ركه‌وتنه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دابه‌زینى ئاستى ئاوه‌كه”.
به‌پێى زانیارییەکانی دامه‌زراوه ئەمریکییەكه کە ئامادەکاری ئەم راپۆرتە پشتی پێ بەستوە “گوێچكهماسى بۆ ئه‌وه‌ى بژى پێویستى به ناوچەی ژێرەوەی ڕەق (بەردین) هەیە، چونکە ئەگەر لەسەر ناوچە نەرمەکان بن نوقمی ناو قوڕ و لم دەبن و دەمرن. هەروەها حەزیان لەوەیە لە لێواری ئاوەکاندا بژین بەهۆی لێشاوی ئاوی باش کە خۆراکی زیاتریان بۆ دەهێنێت. لە قووڵایی 20-26 پێ لە ئاودا گەشە دەکەن”. زانیارییەکانى دامه‌زراوه‌كه له‌باره‌ى گوێكچكهماسیهوه باس له‌وەش دەکەن کە “له‌ڕووى سیستەمی ژینگەییهوه، ده‌توانن له چه‌ندین ژینگەی جۆراوجۆردا بژین له‌وانه، دەوروبەری رووباره‌كان، ئاوی سازگار و ئاوی سوێر، کەنارە لمییەکان، قوڕ و لمی تەخت کەنارە بەردینەکان، نێو گیای دەریا، لە زەلکاوەکان”.
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا هاتووە “ئه‌و ئاوه‌ى كه به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایی گوێچكه ماسى تێدا ده‌ژى، پێویسته پى تیهكهى 5 بۆ 35 بێت، هاوكات ئاوێك كه پى تیهكهى 14 بۆ 28 بێت زۆر گونجاوه بۆ ژیانى گوێچكه ماسی”. روونیشیکردۆتەوە کە “باشترین پلەی گەرمی ئاو بۆ ژیانى گویچکە ماسی لە نێوان 20 بۆ 32 پله‌ى سیلیزیه، بەڵام گەورەکان دەتوانن بەرگەی ئاوی سارد بگرن و له پله‌ى گه‌رمى 3 پله‌ى سیلیزیدا بژین”.
دانیشتوانى ناوچه‌كه سەبارەت بە هۆكارى ده‌ركه‌وتنى گوێچكه ماسیه‌كان رای جیاوازیان هەیە، به‌ڵام زۆرینه‌یان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى داكشانى ئاستى ئاوى به‌نداوى دوكان و رووبار و چۆمهكانى ده‌وروبه‌رى هۆكارى سه‌ره‌كى ده‌ركه‌وتنى گوێچكهماسیهكانه.
عومەر جەلال، تەمهنى 50 ساڵه و دانیشتووى گوندی تۆربەی سەر بە ناحیەی خدرانە لە قەزای دوکان باکوری رۆژهەڵاتی سلێمانی، نزیکەی 30 ساڵە راوچییە. ئەو یه‌كه‌مجارى نییه گوێچكه ماسى له نێو ئاوى ده‌ریاچه‌ى دوكان و ئه‌و رووبارانهى ده‌ڕژێنه‌سه‌ر ده‌ریاچه‌كه بیبینێت. لەم بارەیەوە ده‌ڵێت: “دەرکەوتنی ئەم زیندەوەرە ئاوییە دوای ساڵی 2019 بوو کە ڕێژەی ئاوی دوکان به‌شێوه‌یه‌ك بەرزبووەوە و پاش دەیان ساڵ به‌نداوه‌كه سەرڕێژی کرد”. ئەو پێیوایە دواتر، “رێژەی بارانبارین زۆر کەمیکرد و وشكه‌ساڵى دروستبوو ئەو شوێنانەی لە ساڵی 2019 پڕ ئاو بوون وردەوردە ئاستى ئاوه‌كه‌یان داكشا تاكو ئاستى وشكبوون، بە تایبەت لە ساڵی 2022 بۆ 2023 ئەمەش وای کرد گوێچکەماسی لەناوەڕاست بەرەو کۆتایی 2023 بەشێوەیەکی بەرچاو دەربكهوێت”.
لەهەمانکاتدا شارەزاو پسپۆڕێکی بواری زیندەوەرە ئاوییەکان پێیوایە، “ده‌ركه‌وتنى گوێچكه‌ماسی به‌شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان له‌نێو ده‌ریاچه‌ى دوكان پەیوەندی بە گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌واوە هەیە”.
د.نەسرین محێدین، کە لەو بوارەدا هەڵگری بڕوانامە دکتۆرایە و مامۆستایه له بەشی ڤێتێرنەریی زانکۆی سلێمانی، له‌باره‌ى ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌وه و مێژووى ژیانى گوێچكه ماسى له‌نێو ئاوى ده‌ریاچه‌ى دوكانەوە وتی: “له‌مێژه‌وه له‌ناو ئاوى ده‌ریاچه‌ى دوكان و ده‌ربه‌ندیخان گوێچكه ماسى ده‌ژى، چونكه ژینگه‌ى ئاوه‌كه له‌باره، به‌ڵام ده‌ركه‌وتن و زۆربوونى رێژه‌كه‌یان په‌یوه‌ندى به گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌واوه هه‌یه، چونكه ئێستا كه‌شه‌كه له‌باره بۆ زیاتر ده‌ركه‌وتنیان. هۆكارى ئه‌وه‌شى كه ئێستا خەڵك لەچاو رابردوو زیاتر هه‌ستی پێده‌كات گەڕاندەوە بۆ ئه‌وه‌ى كه له رابردوودا خه‌ڵك زۆر ئاشناى خواردنه ده‌ریاییه‌كان نه‌بووه، به‌ڵام ئێستا له‌گه‌ڵ ئاشنابوون به‌و كولتورەى خواردنه دهریاییهكانەوە خەڵك زیاتر هه‌ستی پێدەکات و حەزدەکات کۆیانبکاتەوەو بیانخوات”.
مامۆستا عەبدوڵموتەلیب خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە بەڕێوەبردنی ئاو و سەرچاوەکانی ژینگە، مامۆستای لە زانکۆی گەرمیان دەربارەی پیسبوونی ئاوی دەریاچەکە و دەرکەوتنی گوێچکە ماسی وایدەبینێت، “ئاوی هەموو دەریاچەکان لەعێراقدا پیسبوون بەهۆی ڕژانی ماددە نەوتییەکان و ئاوەڕۆکان پاشماوە پزیشکیەکانەوە بەتایبەت لە دەریاچەی دووکان ئەمەش رێژەی ماددە قورسەکانی وەك قورقوشم و سیانیدی بەرزکردووەتەوە”. روونیشیکردەوە کە، “هەرچەند رێژەی ئەو ماددانە لە ئاودا بەرز بێت، رێژەی ئۆکسجینی تواوە دا دەبەزێت.ئه‌مه‌ش واده‌كات ژیانی زیندەوەرە ئاوییەکان بکەوێتە مەترسیەوە ئەمە لەکاتێکدایە زۆربەی زیندەوەرە ئاوییەکان پێویستیان بەڕێژەی لەسەدا30 لەئۆکسجینی تواوەی ئاو هەیە بەڵام بۆ گوێچکە ماسی دەتوانێت تا لە 20٪ یش ژیان بکات”.
بەپێچەوانەی ئەم بۆچوونە، دکتۆر یونس سابیر، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری زیندەوەری ئاویی تایبەت بە ماسی پێیوایە، “هۆکارەکە پیسبوونی ئاو نییە، چونکە ئەگەر زیندەوەری نوێ لە دەریاچەکاندا دەرکەوت و گەشەی کرد، ئەوا مانای وایە ئاوەکە پاکە، بەپێچەوانەشەوە هەر کاتێك پاشەڕۆی زێراب، تێکەڵاوی ئەو ئاوە بوو یان سەرچاوەکەی پیس بوو، دەبێتە هۆی لەناو بردنی زیندەوەرەکان”.
هەروەها پێیوایە ئەم بابەتە هەستیارەو پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردترهەیە، هاوکات ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات، “ماوەیەك لەمەوبەر لە زێی گەورە ماسی سەلەمون دەرکەوت کە لە عێراقدا نییە، بەڵام پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت بەهۆی سەرڕێژی سەرچاوە ئاوییەکانی زێی گەورەوە لە تورکیاوە هاتوونەتە ناو زێی گەورە”. لەو بڕوایەشدایە، “ئەگەر حکومەت گەرای بۆ گوێچکە ماسی نەهێنابێت رەنگە بەشێکی دەرکەوتنەکەی سەرچاوە ئاوییەکانی دەریاچەکە بێت، بەتایبەت ناوچەی سەردەشت لەڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ساڵی 2019 ڕێژەی سەرچاوە ئاوییەکانی زۆر زیادی کرد و بووە هۆی سەرڕێژبوونی خودی دەریاچەکەش”.
گوێچکە ماسی لە دنیادا وەك خۆراکێکی گرنگ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و بەو هۆیەشەوە تا دێت لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە گرنگییەکەی زیاتر دەبێت، بەتایبەت لەو وڵاتانەی لە کەنار دەریاکاندان، بەڵام لەهەمانکاتدا بازرگانیکردنەکەی بەهۆی پیسبوونی ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە روبەڕووی گرفت دەبێتەوە. لە دوو ساڵی رابردوودا کۆی بەرهەمهێنانی لەسەر ئاستی جیهاندا گەیشتووەتە زیاتر لە حەوت ملیۆن تۆن و ساڵانەش رێژەکەی بەرزتر دەبێتەوە. لە کوردستانیشدا وەك ئەحمەد سدیق، هاوردەکارێکی زیندەوەرە ئاوییەکان باسی دەکات، بازرگانیکردنی گوێچکە ماسی زۆر کەمە و خواستی لەسەر نییە، بەشێوەیەکی کەمیش بەکاردەهێنرێت. ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت: “تەنیا لە چەند جێگایەکدا وەك خواردن بەکاردەهێنرێت و ئەویش زیاتر تورکیاوە هاوردە دەکرێت”.
راستە گوێچکە ماسی سوودی تەندروستی زۆری هەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا وەك پزیشك و شارەزایانی بواری خۆراك باسی لێوە دەکەن هەندێكجار زیانیشی هەیە، لە ماڵپەڕی توبی کە پلاتفۆرمێکی تایبەتە بە بواری تەندروستی ئاماژەدراوە بە لایەنە خراپەکانی خواردنی گوێچکە ماسی بەوەی کە بەکتریای زیانبەخشی هەیەو رەنگە ببێتە هۆی ژەهراویبوونی خۆراك و خوێن، هەروەها زیانی بۆ ئافرەتانی دوو گیان هەیە و لەوانەیە ببێتە هۆی لەباربردن یان زوو لەدایکبوونی منداڵ یاخود لەدایکبوونی کۆرپەلە بە مردوویی.
دکتۆر سەلمان جاف، پزیشکێکی پسپۆڕی خۆراکە و لەوبارەیەوە ده‌ڵێت “گوێچکە ماسی پڕۆتینێکی زۆری تێدایە لەگەڵ بڕێکی باش لە چەوری، رێژەی چەورییە باشەکەی زیاترە، هەروەها بڕێکی یەکجار زۆر لەڤیتامین و کانزاکانی تێدایە وەک ڤیتامین دی وڤیتامین بییەکان بەتایبەت بی 12 و کانزاکانی وەک زینك و ئاسن و مەگنیسیۆم و مەنگەنیز و سیلنیۆم، لەبەرئەوە ئەگەر بەشێوازێکی ڕێک و تەندروست بخورێت، سودێکی زۆری بۆجەستەی مرۆڤ دەبێت، بەتایبەت بۆ کۆ ئەندامی بەرگری دژی نەخۆشییەکان و بۆ پێست و قژ و ماسوولکەکان”. بەڵام لەهەمانکاتدا پێیوایه، “بەهۆی بەرزی ڕێژەی کانزا‌کان لەناو گوێچکەماسیدا پێویستە ئاگاداری ئەو بڕە بین کە دەخورێت”. وای بەباش دەزانێت، “بەشێوەیەکی مامناوەند بخورێت ئەوەی کە بەشێوەی ستاندارد دیاریکراوە لەڕۆژێکدا نابێت لە 10 دانەی بچوك زیاتر بخورێت، بێجگە لەوە پێویست ناکات ڕۆژانە بخورێت و زیاد خواردنیشی مرۆڤ تووشی ژەهراوی بوون دەکات”.
سەبارەت بە چۆنیەتی ئامادەکردن و خواردنیشی ئاماژە بەوە دەدات کە لە کولتورێکەوە بۆ کولتورێکی تر جیاوازە “هەیە بە خاوی دەیخوات و هەشە بە سوورکراوی و کوڵاوی یان وەك چەندین جۆر خۆراکی تر لە قوتوونراوە و ئامادەکراوە، بەڵام تەندروستترینیان ئەوەیە کە بە شێوازی هەڵم ئامادە دەکرێت یان کەمێك بکوڵێنرێت”. هۆشداریش دەدات لە بەخاوی خواردنی چونکە “زۆر کات بەهۆی بەکتریای ژەهراوی یان بوونی ماددەیەک لەسەرییەوە مرۆڤ تووشی نەخۆشی و ژەهراوی بوون دەکات”. جەختیش دەکاتە سەر ئەوەی کە توێژینەوە پزیشکییەکان سەلماندوویانە، “خانمانی دووگیان و منداڵان شیردەر بەهیچ جۆرێک نابێت خواردنی دەریایی بە خاویی بخۆن، بەڵام دەکرێت لە ژێر رێنمایی پزیشکیدا بەشێوەی کوڵاو یان هەرجۆرێکی دیکەی ئامادەکراو بخورێت”.
شاره‌زایانى ئابوورى و هه‌نارده‌كارانى گوێچكهماسى جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه، جگه له سووده ته‌ندروستیه‌كانى گوێچكهماسى ده‌كرێت ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كى باشى ئابوورى”، له‌و باره‌یه‌وه، ئەحمەد سدیق كه هاورده‌كارى ئه‌م زینده‌وه‌ره ئاوییەیه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه کە لە کوردستانیش دەتوانرێت لەڕێگەی حەوزەوە بەرهەم بهێنرێت، چونکە ئەوان پێویستیان بەئاوێکی تاڕادەیەک سوێر هەیە.
هه‌رچه‌نده كه‌سانى ئه‌كادیمى و پزیشكان و هاووڵاتیان بۆچوونى جیاوازیان هه‌یه له‌سه‌ر هۆكارى ده‌ركه‌وتنى گوێچكهماسى له‌نێو ده‌ریاچه‌ى دوكان، به‌ڵام سه‌رجه‌میان كۆكن ئه‌م بابه‌ته چ په‌یوه‌ستبێت به گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا یاخود نا پێویستى به توێژینه‌وه‌ى ورد هه‌یه، وه‌ك د. یونس سابیر ده‌ڵێت: “ئه‌و حاڵه‌ته شازانهى له ده‌ركه‌وتنى زینده‌وه‌ره ئاویه‌كاندا رووده‌ده‌ن هۆكارى جیاوازیان هه‌یه، بۆیه زۆر گرنگه حكومه‌تى هه‌رێم پشتیوانى پرۆژه‌ى توێژینه‌وه‌ى بكات له‌سه‌ریان تاوه‌كو وردهكارییهكهى له‌ڕووى زانستیه‌وه روون بێت”.
ڕاپۆرتی گێڕانەوە
Reports
ڕاپۆرتی گێڕانەوە","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":25345}" data-page="1" data-max-pages="1">