“هێشتا با بێت، هێشتا با بێت!” هێمن مەجید هاوڵاتییەکی دانیشتوی گەڕەکی گەلاوێژە لە باشوری شاری هەولێر، لە کاتی پڕکردنی تانکی ئاوی سەربانەکەیدا وەها هاواری دەکرد بۆ ئەوەی دەنگی بە شوفێری ئەو تانکەرە ئاوە بگات، کە بەهۆی نەبونی ئاوەوە بە ناچاری دوو تانکی ئاوی بە 15 هەزار دینار لێ کڕیبو.
ئەو بە خەمێکی قوڵەوە دەڵێت، “کە هاوین دێت لە دەست بێ ئاوی داد و بێدادمانە، تەنانەت لە وەرزی زستانیشدا وەکو پێویست ئاو نییە، بۆیە واملێهاتوە بیر لەوە بکەمەوە خانوەکەم بفرۆشم و ڕو بکەمە گەڕەکێك لە هاویندا ئاوی باش بێت”.
ساڵانێکی زۆرە تەنگژەی کەمی ئاو له ههولێر ههیه
ساڵانێکی زۆرە تەنگژەی کەمی ئاو لە زۆربەی گەڕەکەکانی سەنتەری شاری هەولێردا هەیە، ئەو تەنگژەیە لە وەرزی هاوین زیاتر دەردەکەوێت، بۆ چارەسەریشی لە ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری هەڵکەندنی 138 بیری دیکەی دەرکردوە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ هەمو ئەو بیرانە لێدراون، وتیشی “بە شێوەیەکی گشتی، ساڵانە لە کوردستان تاوەکو 100 بیر لێدەدرێت، چ بیری نوێ بن یان هەڵدانەوەی بیرە وشکبووەکان بن”.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ستۆپ کە بەهاوبەشی لەگەڵ تۆڕێ میدیایی موڵك نیوز ئامادەکراوە، ڕێژەی 60%ـی دانیشتوانی سەنتەری شاری هەولێر کە ژمارەیان سەروی ملیۆنێک و 500 هەزار کەس دەبن و لە 80 گەڕەک نیشتەجێن، پشت بە ئاوی بیر دەبەستن.
ڕێكخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵیSOAC-؛ ڕێكخراوێكی كوردستانییە و ساڵی 2011 لە فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان تۆماركراوە و لە بواری ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بەهێزكردنی بواری لێپرسینەوە و شەفافیەت كاردەكات.
زۆریی ژمارەی بیرەکان، کاریگەرییان لەسەر کەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوی ههیه
لەو ڕاپۆرتەدا ڕونکراوەتەوە، کە زۆریی ژمارەی بیرەکان، کاریگەرییان لەسەر کەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوی کردوە بە جۆرێك بە ڕێژەی نزیکەی 700% ئاوی ژێر زەوی کەمی کردوە.
هەروەها هێما بۆ ئەوەکراوە کە گەشەی دانیشتوانی سەنتەری شاری هەولێر لە ڕوی ڕووبەرەوە، لەساڵی 1984، لەسەر ڕوبەری 35 کیلۆمەتر چوارگۆشە بوە، بەڵام ئێستا 250 کیلۆمەترە، ئەوەش پێمان دەڵێ؛ هەولێر لە 40 ساڵدا بە ڕێژەی 700% زیادی کردوە.
لە نێوان 2004 بۆ 2023، 80 شاری نیشتەجێبون مۆڵەتی دروستکردنیان وەرگرتوە
لەلایەکی ترەوە بەپێی ژمارەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبون کە لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتوە و لەسەر ماڵپەڕی دەستەکە بڵاوکراونەتەوە، تەنها لە نێوان ساڵی 2004 بۆ سالی 2023، بە دیاریکراوی 80 شاری نیشتەجێبون مۆڵەتی دروستکردنیان لە دەستەی وەبەرهێنان وەرگرتوە کە کۆی گشتیان دەکاتە سەروی 50 هەزار یەکەی نیشتەجێبون.
بەڵام “ئەو شارانەی لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتوە، بە تۆڕی ئاو نەبەستراونەتەوە، بۆیە بۆ ئاوی خواردنەوە پشت بە بیر دەبەستن” ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.
ڕونیشیدەکاتەوە کە “پڕۆژەی وا لە هەولێر هەیە 250 یەکەی نیشتەجێبونە تەنها یەک بیری هەیە، بەڵام هەیانە سێ هەزار و 400 یەکەی نیشتەجێبونە 13 بیری هەیە، بۆیە بە گشتی ئامارێک لەبەردەستدا نییە تایبەت بە ژمارەی بیرەکانی شارەکان، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە سەنتەری هەولێر نزیکەی هەزار و 30 بیری ئاوی خواردنەوە هەیە”. ئاماژەشی بەوە دا کە “ژمارەی بیرەکان لە هەمو کوردستاندا، زۆر بوە، بۆیە پێویست دەکات پڕۆژەی ستراتیژی ئەنجامبدرێت و چیتر پشت بە بیرەکان نەبەسترێت”.
بەڕێوەبەری ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاشکراشی دەکات کە “11 پڕۆژەی ستراتیژیی هەیە بۆ هەمو کوردستان، ئەگەر بودجەیان بۆ دابین بکرێت لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵدا جێبەجێ دەکرێن و سەرجەم شارەکان بە تۆڕی نیشتمانی ئاو دەبەسترێنەوە، ئەمەش وا دەکات زۆرینەی کێشەکانی ئاو چارەسەربکرێن و ڕێژەی 75%ـی دانیشتووان پشت بە ئاوی سەر زەوی ببەستن”.
حەوزی ئاوی دەشتی هەولێر، حەوزێکی زۆر گەورەی ئاوی ژێرزەوییە، ڕوبەرەکەی سێ هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دابەشی سەر سێ بەش دەبێت، ئەوانیش کەپران کە روبەرەکەی 915 کیلۆمەترە و ناوەڕاست روبەرەکەی هەزار و 400 کیلۆمەترە و باشور یان باشتەپە روبەرەکەی 885 کیۆمەترە، وەک لە توێژینەوەیەک لەسەر ئاسایشی ئاوی ژێر زەوی بڵاوکراوەتەوە.
تەنها لە سەنتەری شاری هەولێر 14 هەزار و 90 بیر هەن
دکتۆر هێرش شکاك، ساڵی 2022 بە هاوکاری رێکخراوی بیمە کە رێکخراوێکی ناحکومییە بۆ مافە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان، توێژینەوەیەکی بڵاوکردوهتەوە و وێنەیەکی دەست ئامادەکاری ئەم بابەتە کەوتوە و دەریدەخات، کە “تەنها لە سەنتەری شاری هەولێر 14 هەزار و 90 بیر هەن، لەنێویاندا هەشت هەزاریان یاسایین و ئەوانەی تر ناسایین”.
هەروەها باس لەوە دەکات کە “لەم هەشت هەزارەدا، دو هەزار و 942 بیر بۆ مەبەستی خواردنەوە و چوار هەزار و 980ـیان بۆ کشتوکاڵ و 168ـیان بۆ پیشەسازی بەکاردێن”.
لە درێژەی توێژینەوەکەدا هاتوە، “ڕێژەی 35- 42%ـی ئاوی خواردنەوە بە فیڕۆ دەچێت، ئەوەش بڕێکی زۆرە و دەریدەخات کە هیچ ستراتیژیەك بۆ ئیدارەدانی ئاو لە هەولێردا بونی نییە، بە هۆکاری کەمبونەوەی مەترسیداری ئاوی ژێر زەوی لە 30 ساڵی رابردو لە هەولێر دادەنێت، لەئەنجامدا وایلێهاتوە ڕۆژانە 250 هەزار مەتر سێجا ئاوی پیس و بەکارهاتوو بە فیڕۆ بچێت و نەتوانرێت دوبارە سودی لێوەربگیرێتەوە”.
لەسەر زێی گەورە، لە ڕێگەی سێ پڕۆژەی ئاوی (ئیفراز 1-2-3) ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر دابیندەکرێت، کە بە هەرسێکیان ڕێژەی 40%ـی ئاوی پێویستی دانیشتوان دابین دەکرێت، ساڵانێکیشە قسە لەسەر ئیفراز 4 دەکرێت، کە بە قسەی ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، بە هەر چوار پڕۆژە دەتوانن 75%ـی پێویستی خەڵکی هەولێر بۆ ئاو دابین بکەن.
کەمی ئاو لە هەولێر، ئێستا بوەتە یەکێك لە مەرجەکانی کڕین و فرۆشتنی خانو، وەک هەڤاڵ ئەحمەد دەڵێت؛ ئەو دۆخە کاریگەری لەسەر کۆچی ناوشار دروستکردوە.
هەڤاڵ هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری تەندروستی ژینگە، باس لە کاریگەرییەکانی کەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوی بەسەر شاری هەولێر دەکات و دەڵێت، “یەکێك لە لێکەوتەکانی ئەو دۆخە بوەتە هۆی ئەوەی دانیشتوانی ناو شار لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی تر کۆچ بکەن”.
دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی بە جۆرێك کاریگەری لەسەر هەولێر دروستکردوە، گەیشتوەتە ئەو ڕاددەیەی لە سالی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربونەوەی کەمی ئاوی خواردنەوە بڕیار بدات 138 بیری نوێ لێبدرێن.
ڕێژەی 70%ـی بیرەکان، بریتی بوە لە لێدانی بیرێکی جێگرەوە
لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕێزان سەعدی، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی دەوروبەری راگەیاندوە، ڕێژەی 70%ـی بیرەکان، بریتی بوە لە لێدانی بیرێکی جێگرەوە بە تەنیشت بیرێکی پێشوتر کە وشکی کردوە.
کەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوی لە کاتێکدایە ساڵی 1980، ژمارەی دانیشتوانی هەولێر بە گوێرەی توێژینەوەکەی دکتۆر شکاش بێت، 755 هەزار کەس بوە، بەڵام ئێستا دو ملیۆن و 200 هەزار کەسە.
هیچ توێژینەوەیەك لە دەستەی ژینگە دەربارەی لێکەوتەکانی سەر ژینگە نەکراوە
لەبارەی کاریگەرییەکانی کەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوی بەسەر ژینگە، رەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی ژینگە بە ئامادەکاری ئەم راپۆرتەی راگەیاند، هیچ توێژینەوەیەك لە دەستەی ژینگە دەربارەی لێکەوتەکانی سەر ژینگە نەکراوە، بەڵام لە هەمو حاڵەتەکاندا نابێت دەسکاری ئاوی ژێر زەوی بکرێت، بەڵکو دەبێت بۆ پێداویستییەکانی رۆژانە ئاوی بە فیڕۆچو بەکاربهێنرێتەوە”.
ئەو لەو بڕوایەدایە کەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوی کاریگەری راستەوخۆی نابێت بەسەر ژینگە، بەڵکو کاریگەرییەکەی لە کەمبونەوەی ڕووبەری سەوزایی دەردەکەوێت کە بەهۆی نەبونی ئاوەوە لەناو دەچن، لێرەدا دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما کە ئەمە دەرکەوتە ڕاستەوخۆکەیەتی کە دەبێتە هۆی تێکچوونی ژینگە.
“لە بنەڕەتدا ئێمە لەگەڵ لێدانی بیرنین و مۆڵەتیش نادەین، پرسی ئاو پەیوەندی بە وەزارەتی شارەوانی و کشتوکاڵ هەیە”.
هەنگاوێکی تری حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای پاراستنی ئاوە کە وەزیری کشتوکاڵ سەرۆکایەتی دەکات بە ئەندامیەتی سەرۆکی دەستەی ژینگە و وەزیری شارەوانی.
ڕەزاق خەیلانی دەڵێت، “لەو ئەنجومەنە ڕێوشوێن دەستنیشان دەکرێت بۆ ئیدارەدانێکی باشتری ئاو و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو”.
وتیشی “سەرۆکی دەستە لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنەکە ڕاسپاردەی دەستەی ژینگەی پێداون، بەڵام ئاگادار نیم هیچ بڕیارێك لە ئەنجومەنەکە درابێت”.
دانیشتوانی شارەكانی نیشتەجێبون لە هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستن
بە گوێرەی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان، مۆڵەت بە 80 شاری نیشتەجێبون لە هەولێر دراوە، کە بە هەمویانەوە زیاتر لە 50 هەزار یەکەی نیشتەجێبونن، هەر هەمویشیان پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستن و نەبەستراوەنەتەوە بە تۆڕی ئاوی ئیفراز.
هەروەها ئەو زانیارییەشی ئاشکراکردوە، کە لە هەرێمی کوردستاندا 165 ستی لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتوە، لە هەولێر 80، سلێمانی 41، دهۆك 35، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین پێنج و ئیدارەی سەربەخۆی گەمیان چوار، هەر هەمویشیان لە ڕێگەی بیرەوە ئاوی خواردنەوەیان بۆ دانیشتوان دابین کراوە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی ئاو، هیوا عومەر، سەرۆکی ڕێکخراوی بیمە بە ئامادەکاری ئەم بەدواداچونەی وت، “یەکێك لە هۆکارەکانی دابەزینی ئاو ئەوەیە لە شار کەمتر سود لە ئاوی سەر زەوی وەردەگیرێت و بەردەوامیش ئاوی ژێر زەوی بەکاردەهێنرێت، بێئەوەی حکومەت هیچ دونیابینییەکی هەبێت”، ئاشکراشیدەکات کە نزیکەی 30 هەزار بیری نایاسایی هەیە بۆ بەرژەوەندی تایبەت هەڵکەنراون و لەهەمانکاتدا ئاوی ژێرزەوی بۆ کاری کشتوکاڵیش بەکاردەهێنرێت.
لە کۆتاییشدا دەڵێت، “وێڕای نیشاندانی هەمو ئەو مەترسیانە، وەزارەتی کشتوکاڵ لە ڕێنمایی تازەیدا ڕێگەیداوە هاوڵاتیان بیر لێبدەن، لەبەر ئەوە لەو بڕوایەدام وابڕوات هەولێر بەرەو وشکەساڵی بچێت”.
زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەویدا، مەترسییەکی گەورەیە
توێژینەوە زانستییەکان و ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاوی ژێر زەوی، لەناویاندا ڕێکخراوی یونیسکۆ، پشتڕاستیان کردوەتەوە، کە ئاوی ژێر زەوی سەرچاوەیەکی نوێ بوەوە نییە. بە پشت بەستن بەم ڕاستییە، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەویدا، مەترسییەکی گەورەیە و ئاماژەیەکی ڕونە کە لە داهاتودا شارەکە توشی قەیرانێکی گەورەی ئاو دەبێتەوە. ئەگەر بەراوردێکی بیست ساڵی ڕابردو لەگەڵ واقیعی ئێستای ئاوی ژێر زەوی هەولێر بکەین، ڕاستییەکە زیاتر ڕون دەبێتەوە، بەتایبەتی لێدانی بیرێک زیاتر لە 500 مەتری پێویستە بۆ گەیشتن بەئاو، لە کاتێکدا لە 30 ساڵی ڕابردودا ئەو قوڵایییە نەدەگەیشتە 150 مەتر.
ڕاپۆرتی گێڕانەوە
Reports
ڕاپۆرتی گێڕانەوە","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":24957}" data-page="1" data-max-pages="1">