“چەند ساڵێکە هەست بەوە دەکەین تۆزێکی ڕەشباو لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی سنوری قەزای بازیان نیشتوەتەوە و چەند نەخۆشییەک ڕویان لە زەوییە کشتوکاڵییەکان کردوە. بەوهۆیەوە جوتیاری وا هەبوە لە ساڵێکدا بەهۆی ئەو نەخۆشییانەوە 100 ملیۆن دینار زیانی بەرکەوتوە”، ئەمە قسەی محەمەد عومەرە کە جوتیارێکی ناوچەی بازیانە.
ئەو کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە خانوە پلاستیکییەکاندا کشتوکاڵ دەکات، ساڵانە چەند تەنێک بەرهەمی بیبەر، خەیار، تەماتەو چەندین جۆر بەرهەمێکی دیکەی هەیە، ئاماژە بە دەرکەوتنی هەندێک نەخۆشی لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەکات کە پێشتر لە ناوچەکەدا نەبون.
بازیان یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی، دەکەوێتە بەشی باشوری ڕۆژئاوای شاری سلێمانی، ژمارەی دانیشتوانەکەی لە 75 هەزار کەس زیاترە، لە سنوری قەزاکەدا، زیاتر لە 200 کارگەی قەبارە جیاواز هەن، 35 لەوانە کارگەی گەورەن.
بازیان سەردەمێك نازناوی سەبەتەی خۆراکی کوردستانی پێ بەخشرابو
بازیان سەردەمێك نازناوی سەبەتەی خۆراکی کوردستانی پێ بەخشرابو، ئێستاش دڵی پیشەسازیی عێراقە، کاتێك لە دورەوە سەیری ناوچەکە دەکەیت، لەسەر زەوی دەیان کارگە و لە ئاسمانیش دوکەڵی چڕ دەبینیت، ساڵانێکە دانیشتوانی ناوچەکە چیرۆکی جیاواز و ناجۆر لە ڕابوردوی ناوچەکەیان دەگێڕنەوە، کە پەیوەستن بە گۆڕانێکی گەورە لە ژینگەیەکی کشتوکاڵیی خاوێنەوە بۆ زۆنێکی پیشەسازییە قورسەکان.
چیرۆکەکە لە ساڵی 2005ەوە دەستیپێکردوە، تا ئەوکات بازیان تەنها وەکو زەوییەکی گونجاو بۆ کشتوکاڵ سەیر دەکرا و دەیان جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی لێ بەرهەمدەهێنرا، بەڵام لەدوای ئەو ساڵەوە ئیدی وردە وردە سیمای ئەو ناوچەیە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەرداهات و لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەشدا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژینگەکەی بەرەو پیسبون دەڕوات و کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ و دانیشتوان دروستکردوە.
ئێستا لە شوێنی زەوییەکەی من کۆگا بۆ یەکێك لە کارگەکان دروستکراوە
لەناو ئەو چیرۆکە ئاڵۆزەدا، کارەکتەری جیاواز هەن، ئەحمەد قادر کە بە (حاجی ئەحمەد) ناسراوە، یەکێکە لە جوتیارە دێرینەکانی دەشتی بازیان، ئەو نزیکەی نۆ ساڵە دەستبەرداری زەوییە کشتوکاڵییەکەی بوە، بەم شێوەیە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە “ئەوکات لەگەڵ کوڕەکانم کشتوکاڵم لە زەوییەکەمدا دەکرد، هاتن و وتیان بۆ کارگە ئیشمان بە زەوییەکەت هەیە، من نەمدەویست بیفرۆشم، بەڵام کوڕەکانم ئەوەیان پێ باش بو، ناچار بوم بیفرۆشم، ئێستا لە شوێنی زەوییەکەی من کۆگا بۆ یەکێك لە کارگەکان دروستکراوە”.
لەدوای ساڵی 2005ەوە تائێستا بەردەوام زەوی کشتوکاڵیی بۆ کارگە و کۆگا و مەبەستی جیاواز بەکاردەهێنرێت
زانیار تۆفیق، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بازیان زانیارییەکەی حاجی ئەحمەد پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت، “لەدوای ساڵی 2005ەوە تائێستا بەردەوام زەوی کشتوکاڵیی بۆ کارگە و کۆگا و مەبەستی جیاواز بەکاردەهێنرێت، بەشێوەیەک کە نزیکەی پێنج هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی کراوە بە کۆگا و گەراج و شوێنی پەیوەست بە کارگەکان، ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر کەمبونەوەی رێژەی زەوی کشتوکاڵی هەبوە”.
بەپێی داتاکانی ئیدارەی بازیان، ڕوبەری زەوی کشتوکاڵی لە قەزاکە نزیکەی 53 هەزار دۆنم زەوییە، لەو روبەرەش 15 هەزار و 913 دۆنمی زەوی دێمە و 42 هەزار و 915 دۆنمیشی زەوی بەرئاوە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 16 هەزار خانوی پلاستیکی لە سنوری قەزاکەدا هەن کە چوار وەرزە بەرهەمی کشتوکاڵییان هەیە %40ی کۆی خانوە پلاستیکییەکانی کوردستانە.
هەرچەندە جوتیارەکان بە ڕونی ئاماژە بەوە دەکەن کە کاریگەری پیسبونی ژینگە لەسەر بەرهەمەکانیان دەرکەوتوە، بەڵام هێشتا لایەنی فەرمیی بەڵگەیەکی ئەوتۆی بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە بەدەستەوە نییە.
بڕیار عومەر، بەڕێوەبەری تاقیگەی کشتوکاڵیی بازیان ئاماژە بەوە دەکات؛ خاکی بازیان لەڕوی پێکهاتەوە خاکێکی زۆر گونجاوە بۆ کشتوکاڵکردن، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا چەند نەخۆشییەکی سەخت بە شێوەیەکی خێرا لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا بڵاوبوونەتەوە.
“نەخۆشیی ڕەگ و نەخۆشی نیماتۆدا، دو لە بڵاوترین نەخۆشییەکانن کە توشی زەوی و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بون لە سنوری بازیان، بەهۆی ئەو نەخۆشییانەوە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ڕەگەکانیان دەڕزێن و ماددە خۆراکییەکان ناگەنە بەشەکانی دیکەی بەرهەمەکە، نەخۆشییەکان گوازراوەن و بە چەندین ڕێگە بڵاودەبنەوە، دەکرێت چەند هۆکارێکی جیاواز لە پشت ئەم نەخۆشییەوە بن” بڕیار عومەر وا دەڵێت.
لەبارەی هەمان پرسەوە زانیار تۆفیق، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بازیان ئاماژە بەوە دەکات؛ زۆر جار هەبوە، جوتیاران هاتونەتە لای ئێمە سکاڵایان کردوە و باسی ئەوەیان کردوە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان توێژاڵێکی ڕەشیان لەسەر بوە، یان کاریگەریی پیسبونی ژینگەیان لەسەر بوە، بەڵام تا ئێستا ئەوە بە توێژینەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
“تائێستا توێژینەوە و دیراسەیەکی ورد لەبارەی کاریگەری دوکەڵ و پاشماوەی کارگەکان لەسەر کشتوکاڵی بازیان نەکراوە، بۆیە ناتوانرێت بە داتا ڕون بکرێتەوە کاریگەرییەکە لە چ ئاستێکدایە” بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بازیان وادەڵێت.
لێکدانەوەیەکی زانستییانە بۆ پیسبوونی ژینگەی بازیان
دابان بابان مامۆستای زانکۆیە و پسپۆڕی زانستی کیمیایە، بە وردی ئاماژە بۆ لێکەوتە نەرێنییەکانی سێکتەری پیشەسازیی لەسەر پیسبونی ژینگە دەکات و دەڵێت، “پیشەسازیی بە شێوەیەکی گشتی لە چەند ڕێگەیەکی جیاوازەوە لێکەوتەی لەسەر ژینگە دەبێت، هەندێک لەو ڕێگایانە راستەوخۆ و بەشێکیان ناراستەوخۆن”.
ئاماژە بەوەش دەکات؛ پیسبونی هەوا یەکێکە لە دیارترین لێکەوتەکانی بونی کارگە لە ناوچەیەکدا، دوای ئەو تێکەڵبوونی پاشەڕۆی کارگەکانە لەگەڵ ئاو و خاک، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك جۆری بەرهەمی پیشەسازی هەر خۆیان ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی پیسبونی ژینگە ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت.
ئەوەی لە بازیان و ناوچە هاوشێوەکانی رودەدات دەکرێت بەوە جیای بکەینەوە، سەرەکیترین لێکەوتەی کارگەکان لەسەر هەوایە بە پلەی یەکەم، بە پلەی دوەمیش لێکەوتەی دوکەڵ و پاشماوەکانە لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە کە ناڕاستەوخۆ دەبنە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە.
کۆمەڵێك ماددەی وەکو جیوە، قورقوشم و کادنیۆم هەن، ئەوانە هەندێکیان لە پاشماوە پیشەسازییەکاندا هەن
ئەو پسپۆڕەی بواری کیمیا باس لەوەش دەکات کە “کۆمەڵێك ماددەی وەکو جیوە، قورقوشم و کادنیۆم هەن، ئەوانە هەندێکیان لە پاشماوە پیشەسازییەکاندا هەن، هەندێکیشیان لە پرۆسە پیشەسازییەکاندا دەڕژێنە سەر زەوی، لەوێ تێکەڵی خاك و تێکەڵی سەرچاوەکانی ئاو دەبن”.
ڕونیشی دەکاتەوە کە “پرۆسێسێك هەیە لە زانستدا پێی دەوترێت بایۆئەکیویڵەیشن، لەو پرۆسێسەدا مادە کانزاییەکان دەگوازرێنەوە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، لەو حاڵەتەشدا دو دەرئەنجام دێنەئاراوە، یان خودی کشتوکاڵەکە دوچاری نەخۆشی دەبێت و تیادەچێت، یان ئەو بەرهەمە خۆراکییەی لێی دەستدەکەوێت بەرهەمێکی مەترسیدار دەبێت و دەبێتە هۆی جۆرەها نەخۆشی لەناویاندا شێرپەنجە”.
دۆخەکە بەشێوەیەکە کە پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی داهاتودا کاریگەری گەورەی لەسەر کەمبونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵ لە بازیان هەبێت، بڕیار عومەر، بەڕێوەبەری تاقیگەی کشتوکاڵیی بازیان پێشبینی ئەوە دەکات؛ لەماوەی 10 ساڵی داهاتودا کەرتی کشتوکاڵ لە بازیان بەشێوەیەک پاشەکشێ دەکات کە هەرگیز چاوەڕوانی نەکراوە.
چارەسەرەکان لاوازن!
لەگەڵ سەختی ئەو دۆخەی کە ژینگەی بازیانی پێدا تێدەپەڕێت، ئەو ڕێکارانەی بۆ چارەسەری کێشەکە دەخرێنەڕو بەشێوەیەکی گشتی لاوازن و تائێستا نەیانتوانیوە بەشێکی کەمیش لە خەمی هاوڵاتیان کەم بکەنەوە. یەکێک لەو چارەسەرانە، ڕێکارێکە کە لەلایەن شارەوانی بازیانەوە جێبەجێ دەکرێت، بە وتەی نەوزاد جەلال، سەرۆکی شارەوانیی بازیان “هەر هاوڵاتییەك خانو بکات، لە سنوری بازیان، دەبێت لە بەردەم خانوەکەیدا دو نەمام بڕوێنێت و خزمەتیان بکات”.
ئەو کارگانەی لە سنورەکە هەن بەراورد بە ساڵانی ڕابردو کارەکانیان پێشکەوتنی بەخۆیانەوە بینیوە
لەلایەکی دیکەوە لیژنەی ژینگەی بازیان، دەیەوێت لە رێگەی سزادانەوە کارگەکان پابەند بکات بە پاراستنی ژینگە، ئاکار محەمەد، سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، “ئەو کارگانەی لە سنورەکە هەن بەراورد بە ساڵانی ڕابردو کارەکانیان پێشکەوتنی بەخۆیانەوە بینیوە لە روی ژینگەییەوە، تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2023 نزیکەی 14 پسولەی ئاگادارکردنەوە و سزادان بۆ کارگەکان کراون”.
کشتوکاڵی بازیان، بوەتە قوربانییەکی سەرەکیی چیرۆکە تراژیدییەکەی ژینگەی ئەو قەزایە، ئەوەی خەمەکەی قوڵتر کردوەتەوە ئەوەیە نەک هەر هەوڵەکانی چارەسەر لاوازن، بەڵکو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ فاکتەرەکانی پیسبونی ژینگە زیاتر دەبن و مەترسییەکانی سەر کشتوکاڵ زیاتر و زیاتر دەبن.
ڕاپۆرتی گێڕانەوە
Reports
ڕاپۆرتی گێڕانەوە","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":24831}" data-page="1" data-max-pages="1">