

“بۆنى ناخۆشى ئاوی چەمی بەردەم ماڵەکانمان ژیانى تاڵکردوین، به تایبه‌ت له وه‌رزى هاویناندا کە بۆگەنی ئاوەکەوە وای لێکردوین تەنانەت نەتوانین فێنككه‌ره‌وه به‌كاربهێنین، ئەمە جگە لە بوونی مێشوله و مێروی جیاجیا، له زستانیشدا ترسى ئەوەمان هەیە ئاوەکە بێتە ناو ژورەکانمانەوە کە چەندین جار رویداوە”، ئەمە وتەی تاهیر سهرگهلى-یە کە هاوڵاتییەکی شاری دهۆکە، ئاوی پیس و زێراب هەڕەشەی لەسەر ژیانی خۆی و خێزانەکەی و دانیشتوانی ناوچەکەی دروستکردوە.
بەگوێرەی قسەکانی سەرگەلی، حكومه‌ت ده‌مێكه باسى دروستكردنى پڕۆژه‌ى گه‌شتیارى و ریسایكلینى ئاوی چەمەکە ده‌كات کە ناوی (هشکەڕو)ە و به‌دواداچون و سه‌رژمێری ده‌كات، به‌ڵام تا ئێستا هیچی دیار نییه، چەمی هشكهڕو بە درێژایی 15کیلۆمه‌تر زیاترە کە له سه‌ره‌تاى شارى دهۆكه‌وه تا كۆتایى شار ده‌ڕوات و ده‌ڕژێته ناو به‌نداوى موسڵ، پێشتر چه‌ندین كانى ده‌ڕژانه ناو روبارەکە، به‌ڵام ئێستا وشكیان کردوە و ئاوى باران و زێرابی گهڕهكەکان بونەتە سەرچاوەی چەمەکە، وه‌ك به‌شێك له گه‌ڕه‌كى نزاركێ، به‌رۆشكێ، سووك ئەلعهسرى، شێلێ، ناو بازاڕ، کێشەی سەرەکی دانیشتوانی نزیك ئەم چەمە بڵاوبونەوەی بۆنی ناخۆش و مێشولە و چەندین جۆر مێش و مەگەزی ترە.
دكتۆر ره‌مه‌زان هه‌مزه، پسپۆر له بوارى ستراتیجیه‌ت وسیاسهتهكانى ئاو، هەروەها ڤه‌گێر ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ئاوی دهۆك پێیانوایە لە کۆی گشتی ئەو ئاوەی لە شارەکەدا بە هاوڵاتیان دەدرێت رێژەی 85%ی دەچێتە ناو ئاوه‌ڕۆ و سەر شه‌قامەکان، بێ ئه‌وه‌ى هیچ سودێكی لێى وه‌ربگێریت”.

دكتۆر ره‌مه‌زان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە “دەکرێت ئەو ئاوە له رێگەى ریساكلینەوە بۆ زۆر مه‌به‌ستی دیکە دوباره بهكاربهێنرێتەوە، به تایبه‌ت بۆ ئاودانى دار وباخچهكان و چاندن”، لەم بارەیەوە دەڵێت، “راستە ئه‌و ئاوه پیسه بۆ ئاودان نابێت، به‌ڵام هیچ سه‌رچاوه‌ى دیكه نییه” لەو بڕوایەشدایە کە کاریگەری خراپ ناکاتە سەر درەختەكانى وه‌كو هه‌نجیر و ترێ و هه‌نار، چونكه رهگهكهیان نزیكه‌ى 5 بۆ 10 سه‌نتیمه‌تر له ژێر خاکدان، خۆیان ئاوی پیس فیلتەر دەکەن و له مادده‌ى زیانبه‌خش پاكی دەکەنەوە، به پێچه‌وانه‌ى ره‌گى روهكهكانى دیكه‌ی وه‌كو خه‌یار و ته‌ماته و به‌رهه‌مه‌كانى تر”.
جومعه سه‌برى، دانیشتوى ناوه‌ندى دهۆكه ماڵه‌كه‌ى 100 مه‌ترێك له چه‌مى هشكهڕو دوره، له پێش خانووه‌كه‌ى له‌سه‌ر روبه‌رى دو دۆنم دارى هه‌نجیر و ترێ و هه‌ناری روواندوە، وەك خۆی باسی دەکات ساڵانه به لایه‌نى كه‌م هه‌زار كیلو هه‌نار له‌گه‌ڵ 400 كێلوى هه‌نجیر ده‌فرۆشێت، له‌مباره‌یه‌وه ئەویش پێیوایە کە “ئاوه‌كه زۆر پیسه به‌ڵام لەبەر ئەوەی هیچ سه‌رچاوه‌ى دیكه نییه به ناچاریی پەنا بۆ ئەم ئاوە دەبات”، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد کە ته‌ماته و خه‌یار و به‌رهه‌مه‌كانى تر ناڕوێنێت لەبەرئەوەی بەرگەی ئاوی پیس ناگرن، ئاماژەشی بەوەدا کە “ئەگەر ئەو ئاوە ریسایکلین بکرێتەوە ئەوا سودی بۆ هەمو بەرهەمێکی کشتوکاڵی دەبێت و هەزاران خاوەن باخ و زەوی کشتوکاڵی سودمەند دەبن”.

سەبری لە هەشتاکانی سەدەی رابردوەوە هەر بەو ئاوە باخەکەی ئاو دەدات و دەڵێت، “جاران ئاوی کانیاوەکان پاك بون، لەم چەمەی هشکەڕودا راوە ماسیمان دەکرد، بەڵام بەم دواییانە بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی زێرابی ماڵان و شوێنە گشتییەکان بە تەواوەتی گۆڕاوە”، داواش دەکات ئیدارەی پارێزگای دهۆك بە زوترین کات ئەو پڕۆژەیەی چەمەکە جێبەجێ بکات.
سەبارەت بە زیانە تەندروستییەکانی پیسبونی ئەو چەمە، دکتۆر چه‌كدار ئه‌حمه‌د، پزیشكى پسپۆڕى نه‌خۆشییه‌كانى خوێن له دهۆك دەڵێت، “ئاوى چه‌مى هشكهڕو لە ئەنجامی تێکەڵبوونی ئاوی زێرابەوە جۆرەها ماددەی كیمیاوى و به‌كتریاى تێدایە”، ئاماژەشی بەوەدا کە ئەگەر ئەو ئاوە بۆ ئاودانی هەر جۆرە بەرهەمێکی کشتوکاڵی بەکاربهێنرێت مرۆڤ توشی چەندین نەخۆشی دەکات، لەوانەش؛ شێرپەنجەی قۆڵۆن و گەدە”. ئەو پزیشکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە تاکە چارەسەر ئەوەیە ئاوەکە ریسایکلین بکرێتەوە ئینجا بۆ کاری کشتوکاڵی بەکاربهێنرێت.
سێ ڕێگەی زانستی هەن بۆ ریسایکلینکردنی ئاو
ئه‌ندازیار حه‌سه‌ن محه‌مه‌د، به‌رپرسى به‌شى شارستانى له فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى دهۆك سەبارەت بە ریسایکلینکردنی ئاوى ئاوه‌ڕۆ و شوێنه گشتیه‌كان پێیوایە به سێ رێگە ئەنجام دەدرێت “یه‌كه‌میان بە رێگەی ئیریشهن واتا پڕۆسەی پاككردنه‌وه‌ى هه‌وا بۆ ئاوه‌كه ئەنجامدەدرێت، دوه‌م مادده‌ى ئه‌لوم واته “شه‌پ” ده‌كرێته ناو ئاوه‌كه، ئه‌وه‌ش بۆ له‌ناوبردنى مادده‌ى كاربۆنى و به‌كتریاییه‌كان، سێیه‌م مادده‌ى كلۆرى تێدەکرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌كتریا یان میكرۆبەکانی ناوی بکوژێت”.
ئاماژەشی بەوەدا کە “دوای ریسایکلکردن ده‌توانرێت ئاوه‌كه بۆ ئاودانى درەخت و باخچه‌كان به‌كاربهێنرێت”، هەروەها وتی، “به‌پێى زانیارییه‌كانم ریسایكلینكردنى ئاوى ئاوه‌رۆ و چه‌مى ههشكهڕو له دهۆك پێویستى به نزیکەی 250 ملیون دۆلاره، ئه‌وه‌ش بڕه پاره‌یه‌كى زۆره”.
چۆنیه‌تى بهكارهێناوهى ئاوى ئاوه‌رۆ و ئاسته‌نگ و كێشه‌كانى
بە بۆچونی د. ره‌مه‌زان هه‌مزه، وەك شاره‌زایەکی ستراتیجه‌ت و سیاسه‌ته‌كانى ئاو “به‌كارهێنانه‌وه‌ى ئاوى ئاوه‌ڕۆ و شوێنه گشتییه‌كان دو لایه‌نى هه‌یه، یه‌كه‌میان لایەنی كۆمه‌ڵایه‌تییە بەوپێیەی تا ڕادده‌یه‌ك قورٍسه بتوانیت بڕوا بە خەڵك بهێنیت بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان بە ئاوی ئاوەڕۆ و شوێنە گشتییەکان ئاو بدرێن، ئەگەر بۆشیان رونبکەیتەوە کە ریسایکلین کراوە زەحمەتە بە ئاسانی باوەڕ بکەن”، پێشیوایە کە ئەم کێشەیە لە وڵاتانی دیکەش هەن، لەوانە لە شانشینی ئوردن.

لایەنی تەکنیکییە، ده‌بێت سەرەتا بزانین چۆن ئاوه‌كه‌ى دهۆك خاوێن دەکرێتەوە ئایا ده‌كرێت بە ئاوى رەساسى (زێرابه‌كان)
دەربارەی لایەنی دوەمی بەکارهێنانەوەی ئاوی ئاوەڕۆ و شوێنە گشتییەکان ناوبراو دەڵێت، “لایەنی تەکنیکییە، ده‌بێت سەرەتا بزانین چۆن ئاوه‌كه‌ى دهۆك خاوێن دەکرێتەوە ئایا ده‌كرێت بە ئاوى رەساسى (زێرابه‌كان)، یان ئاوى ڕه‌ش (مه‌نهۆڵ)؟ ئه‌گه‌ر ئاوى ڕه‌ش بێت له‌گه‌ڵ هى مه‌نهۆله‌كان ئەوە زۆر قورس دەبێت، چونكه ده‌بێت جارێكى تر بگۆزارێتهوه بۆ سه‌ر مه‌جارى و سه‌ر له نوێ مهجارییهكان دروست بكرێنه‌وه”.
هەروەها لەو باوەڕەدایە کە “دەکرێت پڕۆژه‌كه جێبه‌جێ بكرێت، حكومه‌ت پڕۆژه‌كه بداته وه‌به‌رهێنه‌رێك له به‌رانبه‌ر ریسایكلینكردنى ئاودا 70% یاخود 80 ئاوه‌كه بفرۆشێته جووتیاران و شاره‌وانییه‌كان، تەنیا بەمەبەستی ئاودان بەکاریبهێنن، بەڵام ئه‌مه پێویستى به كاتێكى درێژه، چونكه ده‌بێت تۆڕێكى نوێی دابه‌شكردنى ئاو دروستبكرێت، واتا هه‌ر ماڵێك دوو بۆڕى هه‌بێت، یه‌كێكیان بۆ ئاوى خاوێن ئه‌وه‌ى تریان بۆ ئاودان، ئه‌مه‌ش خەرجییەکی زۆری دەوێت”.
بەپێی قسەی ڤه‌گێر ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ئاوى دهۆك ریسایکلینکردنی ئاوی بەکارهاتو سودی بۆ فەرمانگەکەیان دەبێت، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتیان کەمتر ئاو بەفیڕۆ بدەن، بەو پێیەی دەزانن ریسایکلینکردنی ئاوی بەکارهاتوو چەندە خەرجی هەیە”.

له‌ناوه‌ندى دهۆك نزیكه‌ى 145 باخچه و 8 پارك هەن، کە زیاتر لە 30 هه‌زار درەختی جۆراوجۆریان لەخۆگرتوە
“له‌ناوه‌ندى دهۆك نزیكه‌ى 145 باخچه و 8 پارك هەن، کە زیاتر لە 30 هه‌زار درەختی جۆراوجۆریان لەخۆگرتوە، بە رێژەی 50%ی ئاودانیان پشت به ئاوى بیره‌كان ده‌به‌سترێت، وەك كاروان ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌رى باخچه‌كان و ئه‌ندازه‌ى پاركه‌كانى دهۆك باسی لێوە دەکات.
وتیشى، “به‌ڕێوەبه‌رایه‌تى ئاوى دهۆك هه‌ندێك بیری رادەستی ئێمە کردوە كه ئاوه‌كه‌یان به كه‌ڵكى خواردنه‌وه نایەت، هه‌روه‌ها خۆشمان هه‌ندێكى بیرمان هه‌یه، ئاوی ئه‌و بیرانه ده‌چێته ناو خهزانهكانمان، دواتر هه‌ر له رێگەى تۆڕى دابه‌شكردنى ئاوی تایبه‌ت به خۆمان ئاو ده‌درێن”.
ئاماژەشی بەوەکرد، پاركێكى تازەیان دروستکردوە تا ئێستا نزیكه‌ى 4 هه‌زار درەختی تێدا رواوە وه‌كو هه‌نگاوى یه‌كه‌م وا بڕیاره سود له ئاوى چه‌مى هشكهڕو وه‌ربگرن، بەڵام لە قۆناغی دوای ریسایكلینكردنیدا، بەڵام چونکە پڕۆژەکە پێویستی بە بودجەیەکی گەورەیە تا ئێستا هیچ وادەیەك بۆ جێبەجێکردنی دانەنراوە، تەنیا پلانی بۆ دانراوە”.
پلان و به‌رنامه‌ى حكومه‌ت بۆ دوباره به‌كارهێنانه‌وه‌ى ئاوى ئاوه‌ڕۆ چیین؟
سەبارەت بە پلان و بەرنامەکانی حکومەت بۆ ئەم مەبەستە یونس جانۆ، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوه‌ڕۆ له شارى دهۆك رونی دەکاتەوە کە “هه‌رچه‌نده هه‌ندێك هه‌وڵ دراون بۆ ریسایکلینكردنى ئاو به‌ڵام سه‌ركه‌وتو نه‌بون، پڕۆژه‌ى یه‌كه‌م چه‌ند ساڵێك بەر لەئێستا بو، بۆ ریسایكلینكردنى ئاوى قه‌سته‌ره‌ى كه‌مپه‌كانى ئاواره و په‌نابه‌ران دروستكرا، به‌ڵام به‌هۆى خراپى دیزانهكهیەوە، پڕۆژه‌كه سه‌ركه‌وتو نه‌بوه”.
هەروەها وتی، “پڕۆژه‌ى دوه‌م، لە ساڵى 2011دا بو، کە بریتی بو لە پڕۆژه‌ى ئاوه‌ڕۆى چه‌مى ههشكهڕو له‌ناو دهۆك، بڕى 81 ملیۆن دۆلاری بۆ ته‌رخانكرا، بەڵام ئەو پڕۆژەیە ماوەی زیاتر له 10 ساڵه وه‌ستاوه و ته‌واو نه‌كراوه”.
پاشماوەی به‌شى زۆر ماڵانى دهۆك لە هه‌ردو جۆرى ئاوى ڕه‌ش و رەساسى له‌گه‌ڵ ئاوى باران دێته سه‌ر چه‌مى هشكهڕو
ئەو دەربارەى وه‌ستانى پرۆژه‌ى چه‌مى هشكهڕو دەڵێت، “پاشماوەی به‌شى زۆر ماڵانى دهۆك لە هه‌ردو جۆرى ئاوى ڕه‌ش و رەساسى له‌گه‌ڵ ئاوى باران دێته سه‌ر چه‌مى هشكهڕو، بە جۆرێك ئاوه‌كه ئه‌وه‌نده پیسه ره‌نگى وه‌كو قیڕ ده‌رده‌كه‌وێت، جگه له بۆنێكى ناخۆش و پیسكردنى ژینگه، هاوكات چه‌ند به‌رهه‌مێكى وه‌كو كه‌ره‌وز و خه‌یار و ته‌ماته بەو ئاوە پیسە ئاو دەدرێن، ئه‌وه‌ش كاره‌ساتێكى زۆر گه‌وره‌یه”.
یونس جانۆ وتیشى، “له‌به‌ر دو هۆكار پڕۆژه‌كه وه‌ستا یه‌كه‌م دەبو پێش دروستكردنى پرۆژه‌كه بە مەبەستی گلدانەوەی ئاوەکە سێ بەنداویان دروست بکردایە، هۆکاری دوه‌م پەیوەندی بە قەیرانی داراییەوە هەیە، دوای ئەوەی پڕۆژه‌كه لە ساڵی 2011 بڕی 81 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرابو، بەڵام دوای قەیرانی دارایی و شەڕی داعش پڕۆژەکە وەستا”.
ئاشکراشی کرد، کە ماستەرپلانێکیان داناوە جارێکی تر کار لەسەر پڕۆژەکە بکرێتەوە و وتی، “ئه‌مجاره كردومانه دو شتى سه‌ره‌كى یه‌كه‌م بۆ ئاوى ڕه‌ش و رەساسى پێكه‌وه و چه‌ند وێستگەیەکمان داناوه بۆ چارەسەرکردنی ئاوه‌كه، به‌شى دوه‌میشیان بۆ ئاوى باران، له مانگى 12ى 2023 له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران باسى ئه‌م بابه‌ته‌مان كردوه، باسمان لەوە کردوە ئه‌گه‌ر به‌یه‌كجاریش نه‌بێت ده‌توانین پڕۆژه‌كه بكه‌ینه سێ قوناغ تا هه‌موى ته‌واو دەبێت”.
دڵشاد عه‌بدوڵره‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه له دهۆك لای خۆیەوە بەهەمان شێوە پێیوایە “ریسایكلینكردنى ئاوى ئاوه‌ڕۆ و چه‌مى ههشكهڕو پێویستى به بودجه‌یه‌كى زۆره، پلانیشیان هەیە کە دەبێت بۆ ئاوى زێرابه‌كان سەرەتا مهجارییهكى تازه دروستبكرێت تا ئاوى بهكارهاتوى ماڵان بچێته ناو ئه‌و مهجارییه ئینجا چه‌ند یه‌كه‌یه‌كى چارەسەرید ئاو له كۆتایى شارا دروست بكرێن”.

هه‌روه‌ها ئاوى هشكهڕوش به شێوه‌یه‌كى كاتى ده‌توانرێت چاره‌سه‌ربكرێت ئه‌ویش له رێگەى دروستكردنى به‌نداوێك ئینجا ئه‌و ئاوهدێته به‌نداوه‌كه دواتر به رێگەیهكى زانستى چاره‌سه‌ر بكرێت”.
له كۆبونه‌وه فه‌رمیه‌كاندا باس له‌وه‌كراوه كه پڕۆژه‌یه‌ك دابنرێت بۆ ریسایكلینكردنى ئاوى ئاوه‌ڕۆ و شوێنه گشتییه‌كان
“له كۆبونه‌وه فه‌رمیه‌كاندا باس له‌وه‌كراوه كه پڕۆژه‌یه‌ك دابنرێت بۆ ریسایكلینكردنى ئاوى ئاوه‌ڕۆ و شوێنه گشتییه‌كان، بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه ژێرخانى سیسته‌مى دابه‌شكردنى ئاو به‌پێى ستانداردە جیهانییه‌كان بێت، هه‌روه‌ها توڕى دابه‌شكردنى ئاو بێ كێشه بێت ئینجا ده‌توانین پڕۆژه‌ى ریسایكلینكردنى ئاویش دروست بكه‌ین”، ڤه‌گێر ئه‌حمه‌د واى وت.
سه‌فین ئاغا عومه‌ر، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێرى له خولی رابردوی په‌رله‌مانى كوردستان له باره‌ى پڕۆژه یاسایه‌كى تایبه‌ت به پاراستنى ئاو و پابه‌ندكردنى حكومه‌ت و هاوڵاتیان به‌و یاسایه‌وه، وتى، “ئێمه وه‌كو لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێرى له په‌رله‌مانى كوردستان پڕۆژه یاساییه‌كى تایبه‌تمان به‌م بابه‌ته ئاماده‌كردوه و له قۆناغى پێشكه‌شكردندا بو، به‌ڵام به هۆى به‌سه‌رچونى كاتى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان هیچ خوێندنهوهكى بۆ نه‌كرا”.
ئاماژەشی بەوەدا کە یاساكه باس له رێگریكردن له دروستكردنى پۆنت دەکات واته به‌نداوى بچوك و لێدانى بیرى ئیرتیوازى، لەگەڵ پابەندکردنی هاوڵاتى به هه‌ندێك رێنمایی تایبه‌ت به پاراستنى ئاوى سه‌رزه‌وى و ژێرزه‌وى به ههدهرنهدانى ئاو”.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ی دهۆك ئه‌وه‌شى خسته‌ڕو، كه “نه‌ك هەر ته‌نیا ئاوى زێرابه‌كان سه‌رچاوه‌ى پیسبونى ئاون، به‌ڵكو پاشماوه‌ى كارگه پیشه‌سازییه‌كان و كۆمهڵگەكانى نیشته‌جێ بون و فڕێدانى زبڵ و پیسكردنى روباریش به شێوه‌یه‌كى به‌رچاو زیان به ژینگه و پیسبونى ئاوى سه‌رزه‌وى و ژێرزه‌وى ده‌گه‌یه‌نن”.

بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى كێشه‌ى پیسبونى ژینگه بكه‌ین د. ره‌مه‌زان هه‌مزه وتی، “ده‌بێت كار له سه‌ر هۆشیارکردنەوەی خەڵك بکەین و بەشێوەیەکی زانستی چۆنییەتی فیلتەرکردن و پاککردنەوەی ئاوی زێرابەکان رونبکرێنەوە و نیشان بدرێت ئاوی ریسایکلینکراو ده‌شێت بۆ چاندن و به‌رهه‌مهێنانى روهك به‌كاربهێنرێت بێئه‌وه‌ى زیانی تەندروستییان پێبگەیەنێت، ئەوەش لەلایەك ئەرکی راگەیاندن و رێکخراوەکانە و لەلایەکی دیکەش پێویستە لەسەر حکومەت بودجەیەکی تایبەت بە ریسایکلینکردنی ئاو تەرخان بکات”.
ڕاپۆرتی گێڕانەوە
Reports
ڕاپۆرتی گێڕانەوە","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":23972}" data-page="1" data-max-pages="1" data-start="1" data-end="1">