ڕاپۆرتی گێڕانەوە: کۆنترین گوندی کشتوکاڵی لە جیهاندا مەترسی کۆتاییهاتنی کشتوکاڵی لەسەرە

کۆنترین گوندی کشتوکاڵی لە جیهاندا مەترسی کۆتاییهاتنی کشتوکاڵی لەسەرە

ئەحمەد مستەفا  11/2023:
شاخەوان مەحمودی تەمەن 60 ساڵ، جوتیارێکی گوندی دێرینی بێستانسورە، کە بە کۆنترین گوندی کشتوکاڵی دادەنرێت لە جیهاندا، بەتەنیا لەنێو کێڵگەیەکدا سەرقاڵی مەرەزەکردن بو، ئەو نیگەرانە لە کەمبونەوەی ئەو بڕە ئاوەی دەگاتە ناو زەوییەکەی کە کاریگەری خراپی کردوه‌تە سەر چاندنی برنجەکەی، کە دەبێت بەوهۆیەوە چەند کاتژمێرێك چاوەڕێ بکات تا نۆرەی بێت و ئاوی پێبگات، لە کاتێکدا گوندەکەی ئەو خاوەنی پێنج سەرچاوەی ئاوە.

شاخەوانی جوتیار پێشتر 10 دۆنم مەرەزە (برنج)ی دەکرد، کەچی ئێستا بەهۆی کەمی ئاوەوە تەنیا سێ دۆنمی کردوە، لەکاتێکدا بە وتەی بەرپرسێکی کشتوکاڵ بێت “%20ی ئاوی گوندەکە کەمیکردوە”.
دیارە ئەگەر کەمی ئاو بەو شێوەیە بەردەوام بێت جوتیارەکان واز لە چاندنی برنج دێنن، بەوپێیەی پێویستی بە بڕێکی زۆری ئاو هەیە.

گوندی بێستانسور تەمەنی بۆ نۆ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە و لە داتاکانی شوێنەوار و رێکخراوی یونسکۆ وەك کۆنترین گوندی کشتوکاڵی ناسێندراوە، بەدوری پێنج کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری شارۆچکەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی، بەڵام ئێستا جووتیاران و خەڵکی ناوچەکە شاهیدی بینینی کەمبونەوەی ئاوی سەرچاوەکانی گوندەکەن، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە.
15ی (ئاب/8)ی 2023 وەزارەتی سامانە ئاوییەكانی عێراق بڵاویكردوەتەوە، بڕیاریاندا چاندنی برنج و گەنمەشامی لە پلانی كشتوكاڵی هاوینەدا هەڵبگرن لەبەر مەترسی کەم ئاوی، وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە مانگی ئابدا قەبارەی چاندنی کرد بە رێژەیی و سنوردار و بە رێنمایی بۆ بەڕێوه‌بەرایەتییە گشتییەکانی نارد، هەروەها بە نۆرە وەرگرتنی ئاو و دابەشکردنی بەپێی سەعات، بەسەر جۆگەکاندا.

ژیان لە بێستانسورەوە دەستیپێکردوە

لە پێنج سەرچاوە باس لە ناوی بێستاسنور کراوە، کە بەشێک لەو سەرچاوانە لە مۆزەخانەی سلێمانی پارێزراون، لەوانە دەستنوسەکانی پاش ئەسکەندەری مەکدۆنی (ئەسکەندەری مەزن)ن، کە لە ساڵانی پێش زایین هاتوەتە گوندی بێستانسور، بەڵام دیارترین ناویان (باسام سوار)-ە کە لە ناوی پیاوێکی سوارچاک و تفەنگچی سەردەمی ئەسکەندەری مەکدۆنییەوە ناونراوە، ئەم ناوە بە تێپەڕبونی کات گۆڕاوە بە بێستانسور، بە درێژایی تەمەنی گوندێکی سەوز و ئاودار بووە، لە چەند ساڵی رابردو ژمارەی دانیشتوانی گوندەکە بۆ 280 ماڵ زیادیکردوە، بەڵام وەک ئەنجومەنی گوندەکە بە ئامادەکاری ئەم راپۆرتەی وت، “بە تێپەڕبونی کات زیاتر لە 50 ماڵ گوندەکەیان بە هۆکاری جیاواز جێهێشتوە، لەوانە کۆچ بۆ شار، کەمبوونەوە و سەختی کشتوکاڵکردن و ئاژەڵداری”.

بەوتەی عەلی ئەبوبەکر، ئەنجومەنی گوندی بێستانسور بێت، سەرچاوەی یەکەمی ئاو لە ناوچەکە بە دوری سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری رۆژهەڵاتی گوندەکە، بەڵام “بومەلەرزەیەک لە نزیک سەرچاوەی ئاوەکە زیاتر لە 200 ساڵ پێش ئێستا رویداوە و ئاوەکەی ڵێڵ کردوە، بەپێی ئەو گێڕانەوانەی باب و باپیرانیان بۆ ئەنجومەنی گوندەکەیان گێڕاوەتەوە و جێهیشتوە، بەهۆی شەقبونی زەوی و گۆڕینی دەمارە ئاوییەکانی وشکی کردووە، پاش ونبوونی ساڵی 1880کان هەمان سەرچاوە، دەنۆلکە ئاوییەکانی لەناو گوندەکەوە و لە هەشت شوێنەوە سەریان دەرهێناوە”.
لەوکاتەوە ئەم سەرچاوە ئاوییە هۆکارێکی سەرەکی بوە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ زیاتر لە هەشت هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی ناوچەکە لەوانە شەش هەزار دۆنم زەوی دەیم، و دو هەزار دۆنم بەراو.
ئاوەکە بۆ بەرهەمهێنانی (گەنم، جۆ، نیسک و پاقڵە) لە زستاندا و لە هاوینیشدا بۆ بەرهەمهێنانی (تەماتە، خەیار، بامێ، شوتی، لۆکە، چەڵتوک، گەنمەشامی و کونجی) کە سەرچاوەی بژێویی زۆربەی دانیشتوانی گوندەکەیە.

بەگوێرەی وتەی بەڕێوبەری فەرمانگەی ئاوی شارەزور، رەمەزان عارف بێت، “جگە لە کشتوکاڵ، هەریەک لە قەزای شارەزور، ناحیەکانی عەربەت و وارماوا و کۆمەڵگەی برایەتی و نەسر و کەمپی ئاوارەکانی رۆژئاوا و ئێزدییەکان، سودیان لە ئاوی سەرچاوەکانی گوندی بێستانسور بینوە بۆ خواردنەوە، کە ژمارەی سەرجەمی سوودمەندانی زیاتر لە 250 هەزار کەسە”.
بەپێی داتایەکه گوندەکە “خاوەنی پێنج سەرچاوەی ئاو و 12 کانیاوە، سەرجەمیان دەکەونە ناو دو پرۆژەی ئاوەوە کە ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە دابین دەکات کە بریتین لە پرۆژەی یەکەم/ ئاو بۆ ناحیەکانی زەرایەن و عەربەت دەگوازێتەوە. هەروەها پڕۆژەی دوەم/ ئاو بۆ قەزای شارەزور و کۆمەڵگە و ئاوارەکانی سنورەکە دابیندەکات”.
ئەوەیشی سەرڕێژ دەبێت دەچێتە ناوزەوی جوتیارەکان و بەشێکیشی لەگەڵ چەمی تانجەرۆ، لەیەک دەدەن و لەو ڕێگەیەوە دەچێتە چەمی سیروان بۆ نێو بەنداوی دەربەندیخان

ئاو کەمبوە و بۆنی گرتوە

بەڵام لەم جەند ساڵەی دواییدا ئاوەکە چەندجارێک بۆنی پەیداکردوە، گوندنشینەکان یەکەم دیاردەی کەمبونەوەی ئاو و بۆگەنبونی بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێننەوە، عەلی مام عومەر، کە لە ساڵی 1956 لە گوندی بێستانسور لە دایکبوە، “پێیوایە سەرچاوە ئاوییەکانی گوندەکە چەند ساڵێکە بەرێژەیەکی کەم روی لە دابەزین کردوە”.
لەبارەی کەمبونەوەی ئاوی ئەو ناوچەیە، دابان محەمەد، بەڕێوه‌بەری ناحیەی عەربەت، دەڵێت “سێ ساڵە سەرچاوە ئاوییەکانی گوندەکە و ئاستی ئاو بەشێوەیەکی رێژەیی کەم دەبنەوە”.

وەك پشتڕاستکردنەوەیەك بۆ قسەکانی بەڕێوبەری ناحیەی عەربەت، بەڕێوه‌بەری ئاوی ژێرزەوی سلێمانی عەباس عەلی لەبارەی رادەی کەمبونەوەی ئاو لە عەربەت (بێستانسور)، ئاماژە بەوە دەکات، “لە مانگی (شوبات/2)ی ساڵی 2019 بۆ سەرەتای ساڵی 2023 ئاستی ئاوی ژێرزەوی و حەوزەکانی ئەو ناوچانە 12 مەتر و چوار سانتیمەتر دابەزیوە”، ئەو بەرێوبەرە پێیوایە “بارانی بەخوڕ کاریگەری ئەوتۆی نابێت لەسەر ئاوی ژێر زەوی، چونکە زو دێت و زو دەڕوات، نە سەرچاوەکانیش دەبوژێنێتەوە، نە هۆکارێکی سەرەکی دەبێت بۆ جوتیاران تا وەک کۆگایەک سودی لێوەربگرن”.
هەروەک وتیشی، “ئاوی ژێرزەوی ستراتیژی گەورەی ئایندەیە، باشترە هۆشیاری کۆمەڵایەتی زیادبکرێت و ئاوی سەر زەوی بەکاربهێنرێت”.


مام عەلی، پیاوە بە تەمەنەکەی گوند پێیوایە کە “دەبو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو گەرەنتیکردنی بەردەوامبونی کاری چاندن و کشتوکاڵ لەجیاتی بەتەواوەتی پشتبەستن بە ئاوی بێستانسسور، لە هەریەکە لە قەزای شارەزور و ناحیەی عەربەت 10 بۆ 12 بیری هەڵبکەندایە، تەنیا سوودی لە ئاوی بێستانسوروەرنەگرتایە وەك تاکە سەرچاوە”.

وەرگرتنی ئاو بەنۆرە

شاسوار جەلال، بەڕێوبەری کشتوکاڵی عەربەت کە بێستانسور دەکەوێتە سنورە جوگرافیەکەی دەڵێت، “کشتوکاڵێکی زۆر لەسەر ئاوەکە دەکرا، بە تایبەت مەرەزە ئەمە دەبوە هۆی بەهەدەردانێكی زۆر لە کاتێکدا سەرچاوەی ئاوەکە رو لە کەمییە، بۆیە بڕیاری ناچاریماندا جوتیارەکان بە نۆرە ئاو وەربگرن و روبەرێکی کەم بکەن بە مەرەزە یان کشتوکاڵ”.
ئاشکراشی دەکات کە کشتوکاڵ بە قەبارەی ساڵانی پێشوو نەکراوە و دەڵێت، “هاوتای کەمبونەوەی %20ی ئاو، کشتوکاڵ کردنیش لە سەدا 20 کەمتر کراوە”، داواشیکرد، جوتیاران دەست بە ئاوەوە بگرن.

ئەوەش ناشارێتەوە، کە “کە رۆژانە هاوبەشی نوێ بۆ داواکردنی ئاو هەیە، هەروەک گەرمبونی زەوی وایکردوە زەوییە کشتوکاڵییەکان بە ئاوێکی زیاتر ئاو بدرێن، پێویستی ژیانکردن بە ئاو زیاتر لە جاران خواست و داوای لەسەرە، ئەوانەش هۆکاربون تا پێداویستی لەسەر ئاوەکە زیاد بکات، بەردەوامیش خواست رو لە بەرزییە، “سەرەڕای ئەوەش خەڵك ناڕەزازییە لە خاوێنی ئاوەکە، بەڵام ناچارن بەکاریبهێنن”.
هەروەها بەپێویستی دەزانێت “چاکسازی لە تۆڕەکانی ئاوی بێستانسور بکرێت، بۆ گەرەنتیکردنی کواڵێتی ئاو و نەهێشتنی هیچ گومانێك لەسەر خاوێنبونییەوە”.

مەرەزە نەکەن

دابان محەمەد، بەڕێوبەری ناحیەی عەربەت مانگی 8ی ئەمساڵ (2023)، بەهۆی کەمبونەوەی ئاوی کانیاوەکان و سیاسەتی پاراستی سەرچاوەکان، پاڵپشی بە بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، جوتیارانی سنورەکەی ئاگادارکردەوە کەوا ئەمساڵ (2023) مەرەزەی(برنج) نەکەن یان بە رێژەیەکی کەمتر بیچێنن.
بۆ ئەوەش جوتیارانی هەریەک لە گوندەکانی (بێستانسوری گەورە و بچوک، قازاو، زێڕینجۆی گەورە و بچوک و کاژاو) دەکەونە نێو ئەو زۆنەی داوایان لێکراوە مەرەزەی برنج نەکەن.
دابان محەمەد، بەڕێوه‌بەری ناحیەی عەربەت، دەڵێت، “لە مانگەکانی هەشت و نۆ، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە حەوزی بێستانسور رو لە کەمی دەکەن، ئەوەش کاریگەری بەرێژەی نزیکی 50% دروستدەکات، لەسەر پێگەشتنی ئاو بە جوتیاران و هاوڵاتیانی نیشتەجێ بوو”.

لەمبارەیەوە شاخەوان مەحمود، کە یەکێکە له جوتیارانی گوندەکە، دەڵێت، “ئەمساڵ ئێمە چەند جوتیارێك بەیەکەوە کۆبوینەوەتەوە مەرەزەمان کردوە، نەک هەر جوتیارە و چەندین دۆنم مەرەزەی کردبێت” بەوتەی ئەو جوتیارە بێت “کەم ئاوییەکە هۆکار بوە”، ئەو ئاشکرایکرد بەڵێنیان وەرگرتوە وتا کێشە لەنێوان جوتیاران دروست نەبێت “بە هەماهەنگی و پشکێکی کەم مەرەزە بکەن”.
بەوتەی شاسوار جەلال، بەڕێوبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی عەربەت بێت، “ساڵانی رابردوو نزیکەی 100 دۆنم زەوی ناوچەکە کراوە بە مەرەزەی برنج، بەڵام ئەمساڵ نزیکەی 20 دۆنم مەرەزە کراوە”.
بەرێوه‌بەری ناحیەی عەربەت، لە بارەی رێگەدان بە ژمارەیەک لە جوتیارەکان تا مەرەزە بکەن، دەڵێت ئامانج لەو داواکارییە ئەوەیە “خەڵک زیانی پێنەگات”، جەختیش دەکاتەوە کە “ئەوان ناتوانن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە پۆلیس لەگەڵ هەر جوتیارێک دابنێن، ئەو  خەڵکەشی سەربەخۆیانە مەرەزە ئەکات دواتر مەرەزەکەی وشک دەبێت، بۆیە باشتر وایە هەماهەنگی بە هاوتای قەبارەی ئەو رێژە کەمە ئاوەی لە سەرچاوەکانەوە سەرڕێژ دەبێت مەرەزە بکرێ”.
ساڵانە لە مانگی (ئایار/5) بۆ مانگی (تشرینی دوەم/11) مەرەزەی برنج دەستپێدەکات، تا دەگات بەوەی گوڵ بکات، 20 رۆژێک بە بەردەوامی ئاوی پێویستە.
شاخەوان مەحمودی جوتیار، دەڵێت “ئەمساڵ لە ناوچەیەکی خوار گوندەكە، بەهۆی ئەوەی کێشە لەنێوان جوتیارەکان دروست نەبێت لە جیاتی مەرەزەی برنج، بامیە چێنراوە، کە پێویستی بە رێژەیەکی کەمتر لە ئاو هەیە”.

کۆچی جوتیاران و گۆڕانی کەشوهەوا

“ساڵی2007 بەرزترین رادەی گەرمی لە چەقی گوندی بێستانسور 25 پلەی تۆماردەکرد، بەڵام ئەمساڵ(2023) پلەی گەرمی گوندەکە بۆ 30 پلە بەزربوەوە، پاش 16 ساڵ جیاوازی نێوان هەردو رێکەوتەکە، ئەوە جگە لەوەی ناحیە و کۆمەڵگەکانی دەوروبەری گوندەکە بۆ نزیکەی 40 پلە بەرزبوونەتەوە”، ئەوەش بە گوێرەی داتا راگەیەندراوەکانی بەشی کەشوهەوای بەڕێوه‌بەرایەتی کشتوکاڵی شارەزور.
داتاکان دەڵێن، “لە کاتێکدا رێژەی باران بارین لە گوندی بێستانسور لە ناحیەی عەربەت، لە ساڵانی پێش 2007  لە نێوان 800 بۆ 850 یان زیاتر باریوە، بەڵام لە ساڵی 2023 بەکۆی گشتی 605.1 ملیمەتر باران باریوە”.
فەرەیدون حوسێن، کە بەڕێوه‌بەری کشتوکاڵی شارەزورە دەڵێت، “زۆربەی ئەو جوتیارانەی دەکەونە بەشی خوارەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی بێستانسور ئێستا بۆ ناوچەکانی پێنجوێن کۆچیان کردوە”، هێماشی بۆ ئەوەکرد کە “گۆرانی کەشوهەوا و بەرزبونەوەی پلەی گەرمی کاریگەری راستەوخۆی هەبوە لە کەمبونەوەی رێژەی ئاو و کشتوکاڵکردن، چونکە وەك جاران لە سەرچاوە ئاوییەکانی گوندەکەوە ئاو ناگات بە گوندەکانی تر”.

جاران لە ڕێژەیەکی فراوان، شوتی، تەماتە، خەیار و سەوزەواتێکی زۆر لە دەشتی شارەزوور دەکرا

“جاران لە ڕێژەیەکی فراوان، شوتی، تەماتە، خەیار و سەوزەواتێکی زۆر لە دەشتی شارەزوور دەکرا، بەڵام ئێستا زۆر کەمیکردوە تەنیا لە قەراغی گۆمەکان دەکرێ، کە زۆرینەی ئەو زەوییانە بە ئاوی گوندی بێستانسورەوە بەندن”، فەرەیدون لە درێژەی لێدوانەکەیدا وا دەڵێت.
ئاشکراشی دەکات کە “جۆگە نەماوە و زۆربەیان وشك بون، ئەو رێژەی کەمەی جوتیاریش کە ماونەتەوە بە ئاوی قەترە یان سۆندەی بیر، ئاوی زەوییەکانیان دەدەن”.
بەڕێوه‌بەری وتیشی، “بەهۆی کەمبونەوەی ئاو و بەرزبونەوەی پلەی گەرماوە جوتیارەکانی ناوچەکانی (سەیدسادق، شارەزور، سیروان و عەربەت) و چەند ناوچەیەکی دیکە بەرەوە پێنجوێن کۆچیان کردوە (96کم باشوری رۆژهەڵاتی سلێمانی) ئەمەش وایکردوە لە مانگی حوزەیرانی رابردوەوە ئەم دەشتە هیچ کشتوکاڵێکی تێدا نەکرێت”.

کەمبونەوەی ئاو و دۆزینەوەی چارەسەر و جێگرەوە

شارەزایەکی کشتوکاڵ و ئاودێری پێیوایە کەمبونەوەی ئاو لەناکاو دروست نابێت، داواش لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەکرێت، کۆتایی بەو شێوازە کۆنانەی ئاودێری بهێنێت کە ئاو بەفیڕۆ دەدەن، هەروەها چاندنی برنج رابگیرێت، کە دەبێت بەدرێژایی مانگەکانی هاوین لە ئاودا بمێنێتەوە.
دکتۆر عیسام حجی، لێکۆڵەری ئاو، دەڵێت، “بەهۆکاری گۆڕانی هەنگاو بەهەنگاوی کەشوهەوا و گۆڕانی دیموگرافی لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، ئاو کەم دەبێت، ئەم تەنگوچەڵەمەیە، بەرۆکی زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتوە”، هاوکات پێیوایە چارەسەرکردنی ئەو کیشەیە پێویستی بە “پلانی درێژخایەنە”.

چاندنی برنج لە ساڵی رابردوەوە لە سەرتاسەری عێراق نزیکەی 90% کەمیکردوە

بەگوێرەی داتاکانی کشتوکاڵی عێراق، “چاندنی برنج لە ساڵی رابردوەوە لە سەرتاسەری عێراق نزیکەی 90% کەمیکردوە”، چونکە لە زۆربەی ناوچەکانی عێراقدا و تەنانەت لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانیشدا کە بە خاکە بەپیتەکەیە ناسراوە ئاستی ئاوی ژێر زەوی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت، دەڵێت، “جاران کە دو هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی پێئاو دەدرا، ئێستا سەرچاوە ئاوییەکە ئەو توانایەی نەماوە”، هەرتەنیا ئەوە نا بەڵکو “لە ئێستادا وەک ئاوی خواردنەوە کێشەی درەنگ پێگەشتنی ئاویان هەیە”.

لە سنوری قوشتەپە (20 کیلۆمەتر باشوری هەولێر) بیری ئاو لێدەدرێت قوڵییەكەی دەگاتە 670 مەتر

پێشتر هەر لەمبارەیەوە پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، کە “لە سنوری قوشتەپە (20 کیلۆمەتر باشوری هەولێر) بیری ئاو لێدەدرێت قوڵییەكەی دەگاتە 670 مەتر، ئەوەش مایەی دڵخۆشی نیە”.
دەربارەی سیاسەتی وەزارەتی کشتوکاڵ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ روبەروبەنەوەی وشکەساڵی و لەناونەچونی کشتوکاڵ، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت، “شار بە شار، ناوچە بە ناوچە، لادێ بە لادێ هەڵسەنگاندنی تەواویان بۆ ڕێژەی كەمبونەوەی ئاو كردوە”. ئاشکراشی دەکات کە بڕیاروایە “نزیكەی 25 پۆند لە هەرێمی كوردستان بۆ گلدانەوەی ئاو دروست بكەن”.

حكومەت بەتەنیا ناتوانێت روبەرو ببێتەوە و پێویستی بە تێگەیشتنی تەواوەتی جوتیارانیش هەیە

وەزیری ناوبراو رای وایە “حكومەت بەتەنیا ناتوانێت روبەرو ببێتەوە و پێویستی بە تێگەیشتنی تەواوەتی جوتیارانیش هەیە، بۆ ئەوەی بە یەكەوە بتوانن دەست بە ئاوەوە بگرن”.
لەگەڵ کەمبونەوەی بڕی ئاوی بەردەست بۆ کشتوکاڵ بەشێوازی کۆن، پێویستە بەدوای شێوازی دیکەی نوێدا بگەڕێین، بەو پێیەی جوتیاران و گوندنشینان ناتوانن دەستبەرداری کشتوکاڵ بن چونکە سەرچاوەی سەرەکی بژێوییانە.
شاسوار جەلال، بەڕێوبەری کشتوکاڵی عەربەت دەڵێت، “ناتوانین چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان قەدەغە بکەین، چونکە پێداویستی خەڵکە و هاوسەنگی بازاڕیش دەپارێزێ”.
جەختیشی کردەوە کە “بازاڕەکان بۆ یەک وەرزیش بێت، پێویستیان بە بەرهەمی ناوخۆیی هەیە و بژێوی جوتیارەکانی پێوە بەندە”، بۆیە بەرەو جێبەجێکردنی بڕیارەکەی قەدەغەکردنی چاندن هەنگاو نانێن”، جەختیش دەکاتەوە کە مەبەست لە کارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تەنیا “پاراستن و بەفیڕۆنەدانی ئاوە”.

پێش ساڵی 2013 وەزارەتی کشتوکاڵ داوای دروستکردنی زیاتر لە 400 بەنداوی کردبو

پێش ساڵی 2013 وەزارەتی کشتوکاڵ داوای دروستکردنی زیاتر لە 400 بەنداوی کردبو، کە لەنێویاندا بێستانسور داواکرابو پشکنینی بۆ بکرێت تا چەند لە روی جوگرافی و کۆگاوە دەگونجێت، به‌ڵام قەیرانی دارایی ئەم هەنگاوە راگرت.

بابان عەلی، ئەندازیاری روپێو (مهندس المساحه‌) پێیوایە، دروستکردنی بەنداو لە ناوچەکە دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ زۆربونی ئاو و بوژانەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی گوندەكه، کە دەکرێت سەرەتا بە پۆند و دواتر بە بناغەکردنی بەنداو هەوڵ بۆ پاراستنی بدرێت.
باران بارین کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاوی بێستانسور هەیە، ئەو ئەندازیارە پێی وایە، “بۆ سود وەرگرتنەوە لە ئاوی بێستانسور، دەکرێت بۆ زیاتر لە جارێك سودی لێوەربگیرێت، ئاوی سەرچاوەکە راستەوخۆ بە خەڵك بدرێت، دواترد بە پڕۆژەی ریسایکلینا تێبپەڕێت بۆ باخچە و نافورەکانی قەزا و ناحیەکان، بەو هەنگاوەش سەرچاوەکە دەپارێزرێت و کشتوکاڵیش لاواز نابێت”.

پرژاندن و دڵۆپاندن

پێشتر، کاروان سەباح، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بۆ میدیا خۆجێیەکانی وتی، “ئەو کشتوکاڵەی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت بەرهەمەکەی زۆر کەمترە بە بەراورد بەو ئاوەی رۆژانە لە کەرتی کشتوکاڵی بەکاردەهێندرێت”.
ئەوە بو بەهۆکاری ئەوەی بیر لە جێگرەوەی چارەسەر بکرێتەوە، پڕۆژەی سیستمی ئاودانی زیرەک بۆ کاری کشتوکاڵی لە 2008 وە لە ئەمریکا و 50 وڵاتی دیکە سودی لێوەردەگیرێت، بۆ دانانی سیستمەکە بۆ هەر دۆنمێک 4500 دۆلار پێویستە، ئێستا وەک چارەسەر بۆ جوتیاران پێشنیار کراوە، تا رێگە لە بەفیڕۆدانی ئاو بگرێت.
دکتۆر عیماد زەنگەنە، مامۆستا لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی پێیوایە، سیستمەکە زۆر بەشێوەیەکی ئاسان کاردەکات و پێویستی بە کارەبا نییە، تەنیا تانکییەکە لە شوێنێکی بەرزبێت لە رێگەی ئەو ئامێرە، کۆنتڕۆڵی پەستانی ئاوەکە دەکات، بە پرژاندن و دڵۆپاندن 75%ی ئاوەکە دەگێڕێتەوە.

سەرچاوە سەرەكییەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان پێنج روبارن

سەرچاوە سەرەكییەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان پێنج روبارن، زۆربەیان لە رۆژهەڵات و باکوری کوردستانەوە دەڕژێنە هەرێمی کوردستان، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ساڵانە 5 ملیار مەتر سێجا ئاو لە کەرتی کشتوکاڵدا بەکاردەهێندرێت و دو ساڵیشە 70% ئاستی ئاوی سەرزەوی کەمیکردوە.

ڕاپۆرتی گێڕانەوە

Reports

ڕاپۆرتی گێڕانەوە","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":21452}" data-page="1" data-max-pages="1">