بنکۆڵکاری: هەرزەکاران لەریزەکانی حەشدی شەعبیدا.. کاتێک مێردمنداڵێکی چەکدار بەگاڵتەوە بەباوکە چەکدارەکەی دەڵێت “من بەرلەتۆ دەمرم، باوکە”

هەرزەکاران لەریزەکانی حەشدی شەعبیدا.. کاتێک مێردمنداڵێکی چەکدار بەگاڵتەوە بەباوکە چەکدارەکەی دەڵێت “من بەرلەتۆ دەمرم، باوکە”

لەمیا ئەحمەدو سەعد وەردی

لەناوچەی گەرمەی دەروازەی باکوری پارێزگای بەسرەدا، تابلۆیەکی گەورە لەسەر ستونێکی رووناککەرەوەدا هەڵواسروەو تێیدا ” لیوای مونتەزیر” کە یەکێکە لەپێکهاتەکانی ئەو هێزەی بەحەشدی شەعبی ناسراوەو شەڕ دژی رێکخراوو دەوڵەتی ئیسلامی دەکات، هەواڵی کوژرانی ئەندامێکی خۆی بڵاوکردۆتەوە بەم شێوەیە “شەهیدی پاڵەوان ئەحمەد جەلاو کە لەکاتی بەرگریکردن لەعەقیدەو نیشتماندا شەهید بووە”.

نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر بەئاراستەی باکور دوورتر لەم تابلۆیە، رێک لای کارگەی کاغەز، بەهەمان شێوە لەلایەن”کەتیبەکانی درعی شیعە”وە تابلۆیەکی تری کوژراوێک هەڵواسراوەو بریتییە لە وێنەی “شەهید ئیبراهیم برێسەم” کە بەجلێکی سەربازییەوە چەکێکی کلاشینکۆفی بەدەستەوەیە.

بەم شێوەیە دەیان تابلۆی دیکە لەگۆڕەپانە گشتییەکان، لەسەر دیواری باڵەخانەکانی حکومەت و ماڵەکاندا هەڵواسراون، هەروەها بەدرێژایی ٤٥ کیلۆمەتری نێوان شاری بەسرەو ناحیەی دێر لەباکورەوە رێگاکە پڕکراوە لەم جۆرە تابلۆیانە، بەڵام ئەوەی ئەم بانگەوازەی مەرگی چەکدارەکان لەوانەی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە هەردووکیان هەرزەکاربوون و نەگەشتوونەتە تەمەنی یاسایی چەکداربوون و بەشداریکردن لەشەڕەکان.

ئەحمەد (١٦ ساڵ)و ئیبراهیم (١٥ ساڵ) بوو و خەڵکی شاری بەسرەن، ئەو پارێزگایەی ژمارەی کوژراوەکانی لەریزەکانی حەشدی شەعبیدا لەهەمووان زیاترە، بەپێی سەرچاوە بەرپرسەکانی حەشدی شەعبی نزیکەی ١٠٠٠ کوژراو دەبن.

هەردوو میردمنداڵەکە دوای تێپەڕبوونی تەنها هەفتەیەک بەسەر فەتوای “جیهادی کیفائی” پەیوەندییان بەهێزەکانی حەشدی شەعبییەوە کردووە، کە لە١٣ی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا لەلایەن مەرجەعی باڵا ئایەتوڵلا عەلی سیستانییەوە دراوە بۆ روبەڕوبوونەوەی رێکخراوی”داعش” لەدوای کۆنترۆلکردنی موسڵ و ناوچەی بەرفراوانی هەردوو پارێزگای سەلاحەدین و ئەنبار خەریک بوو لەدەرگاکانی بەغدای دەدا.

هەریەکە لەهێزەکانی حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراقی بەشێوەیەکی فەرمی ئەوە رەتدەکەنەوە منداڵ و هەرزەکارانی وەک ئەحمەدو ئیبراهیم لەناو دەیان گروپی چەکداری شیعیدا بن، هەندێکجار دان بەوەدادەنێن مەشق و راهێنان بەمنداڵان دەکەن بەڵام تەنها لەقوتابخانەکاندا، کەچی بەردەوامی پرسەو تابلۆکانی راگەیاندنی مردن و کوژرانەکان لەشارەکانی ناوەڕاست و باشوری ولاتدا جەختدەکەنە سەر قوربانیانی ریزەکانی پێشەوەی شەڕەکان.

 

کۆتاییەکەیان یەک بوو

ئەحمەد جەلاو و ئیبراهیم برێسەم لەرۆژی پەیوەندیکردنیان لە ٢٠ی حوزەیرانی ساڵی دا٢٠١٤، هاوشانی دەیان کەسی تری خەڵکی ناوچەکە چوونەتە خولی مەشقکردن لەسەر بەکارهێنانی چەک لەو سەربازگانەی کە بەخێرایی لەهەردوو ناحیەی گەرمەو نەشوەدا کرابوونەوە.

سەربازگەکان پێشتر گۆڕەپانی خاڵی بوون، مێردمنداڵان یاری تۆپی پێیان تێدا دەکرد. لەمبارەیەوە دایکی ئە‌حمەد دەڵێ “دەبوو بۆماوەی دوو هەفتە بەبەردەوامی لەکەش و هەوایەکی سەرووی ٤٥ پلەی سەدییەوە مەشق و راهێنان لەسەر بەکارهێنانی چەک بکەن، زۆر بەکەمی دەمانبینی، چونکە کە دەگەڕایەوە بەهۆی مەشق و راهێنانەوە شەکەت دەبوو”.

دواتر هەردوو مێردمنداڵەکەیان برد بۆ ناوچەیەک شارەزای نەبوون، ئەویش کەرتی دوجەیل بوو لەپارێزگای سەڵاحەدین(باکوری بەغدا)، لەوکاتەشدا ئەو شوێنە لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی”داعش”ەوە گەمارۆدرابوو.

قەدەر وایکرد بەیەکەوە بکەونە سریەی پێنج لە لیوای نۆی سەر بەحەشدی شەعبی، کۆتاییەکەشیان وەکو یەک بوو، ئەویش لەهێرشێکی رێکخراوەکەدا بوو لەسەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤.

دایکی ئەحمەد کوڕە کوژراوەکەی وەک کەسێکی “خرۆشاو” وەسفدەکات کە لە دوارۆژەکانیدا حەزو ئارەزوێکی زۆر دایگرتبوو بۆبەشداریکردن لەشەڕی دژ بەداعش و وتی “من لەو حەزو ئارەزووەی ئەو تێدەگەیشتم، بۆیە رێگرنەبووم لەبەردەم پەیوەندیکردنی بەمەشق و راهێنانەکانەوە”. بەڵام ” بەخەیاڵمدا نەدەهات کوڕەکەم وەک شەڕکەرێک لەهێڵەکانی پێشەوە دەبێ، پێموابوو بەپێی تەمەن و توانای جەستەیی خۆی لەیەکەکانی حەشدی شەعبیدا رۆڵێکی گونجاوی پێدەدرێت، یان لانیکەم لەشوێنێکی دوور لەهێڵی پێشەوەی جەنگ دادەنرێت”.

ئەم خانمە گلەیی لەدەزگاکانی راگەیاندن و پارتە ئایینییەکان کرد بەوەی کە لەدوای دەرچوونی فەتوای جیهادی کیفائی لەلایەن مەرجەعی باڵاوە، کاریان لەسەر جۆش و خرۆش و وروژاندنی هەستی لاوان کرد و وتی “کەناڵە تەلەفزیۆنییە فەرمییەکانی سەر بەحزبە ئاینییەکان بەبێ گوێدانە تەمەن و توانای جەستەیی و شەڕکردن، منداڵەکانیان هاندەدا”.

دایکی ئەحمەد نەیتوانی بۆدواهەمینجار بڕوانێتە تەرمی کوڕەکەی، بەهەمان شێوە کەسوکاری ئیبراهیمیش نەیانتوانی. هێزەکانی سوپا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لەپێنج مانگ بەسەر کۆتاییهاتنی شەڕەکەدا پاشماوەی هەردوو تەرمەکە بگەڕێننەوە، ئەویش ئەوکاتەی کە توانرابوو “داعش” لەناوچەی نەباعی سەر بە قەزای دوجەیل وەدەرنێن، بەڵام لەمەراسیمی ماڵئاواییکردنی تایبەت بە”شەهیدانی حەشدی شەعبی” لەگۆڕستانی وادی سەلامدا لەشاری نەجەف ئامادەبوون ولەدوورەوە چاودێری هەردوو تەرمەکەیان دەکرد کە لەسەر شان هەڵگیرابوون و بەئاڵای عێراق داپۆشرابوون و بەدەوری هەردوو مەزارگەی زی القەباب و مەنائیری زێڕیندا دەیانگێڕان.

پارتەکان فەتواکەیان بۆخۆیان قۆستەوە

فەتواکەی سەید سیستانی ١٠٠ ساڵ دوای ئەو فەتوای جیهادە بوو کە دژ بەداگیرکاری ئینگلیزەو هات و کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەهاندانی باوەڕداران بۆ خۆبەخشین، بەتایبەت کە لەلایەن مەرجەعە ناسراوەکانی ترەوە پشتگیری لێکرا وەک ئایەتوڵلاکانی بەشیر نەجەفی و ئیسحاق فەیاز، محەمەد تەقی مودەڕیسی، محەمەد سەعید حەکیم، هیچی کامێکیان لارییان نەبوو ىێجگە لە کەسایەتی ئاینیی مەحمود سورخی کەپێیوابوو “سەرەتایەکە بۆشەڕی تایەفیی موسڵمانانی شیعەو سوننە”.

لەفەتواکەدا هیچ وردەکارییەکی تایبەت بەوە نەهاتبوو ئاخۆ دەبێت کێ بەشداری لەشەڕەکەدا بکات، بەڵکو تەنها ئاماژەدرابوو بەوەی “هەر کەسێک توانای هەبێ چەک هەڵگرێت”. لەمبارەیەشەوە شێخ عەبدولمەهدی کەربەلایی کە لەمەزارگەی ئیمام حوسێن لەناوەڕاستی کەربەلادا فەتوای جیهادی راگەیاندو وتی “پێویستە ژمارەی ئەوانەی بەرگری لەعێراق دەکەن بگاتە ئاستی پێویست، بەشێوەیەک ئەگەر بێتوو ١٠ هەزار چەکدار ئامادەبوون و بەرگریان کرد، بەڵام ئامانجەکە نەپێکرا ئەوا دەبێ ١١ هەزار یان زیاتر بێ، تا بڕی پێویست بەدەستدێت”.

بەڵام دواتر لەنوسینگەی سیستانییەوە روونکردنەوەیەک راگەیەنرا، بەدیاریکراوی لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٤، لەوکاتەدا کەناڵی ئاسمانی عێراقییە بلاویکردەوەو تێیدا هاتبوو “فەرمانبەران بۆ ئەم ئەرکەی بەرگریکردنە راسپێردراو نین، تا ئەو کاتەی پێویست دەبێ”.

رۆژنامەنوس محەمەد جەعفەر سەواد، پێیوایە فەتواکەی جیهادی کیفایە لەلایەن ئەو پارتە شیعییانەوە بەکاردەهات کە کێبڕكێ لەنێویاندا هەیە لەسەر دەسەڵات و پارەو بەمەبەستی فراوانکردنی بنکەی جەماوەریی خۆیان”.

وتیشی” ئەم پارتانە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەچەکدارکردنی فەرمانبەرو قوتابی و خۆبەخشانی تەمەن بچوک و هەموو ئەو کەسانەی دەهاتنە نوسینگەکانیان، چونکە دەیانەویست هێزو بنکە جەماوەرییەکانیان زیاتر بکەن و لەم رێگەیەشەوە هاوکاری ماددی زیاتر لەحکومەت وەربگرن”.

سەواد ئاماژەشیدا بەوەی کە “مەرجەعی شیعی لەدوای راگەیاندنی فەتواکەدا زنجیرەیەک رێنمایی دەرکرد لەپێناو دانانی سنورێک بۆ ئەو ئاژاوەیەی لێیکەوتەوە، لەوانە پاڵپشتیکردنی پڕۆژە یاسای “پاسەوانی نیشتیمانی” بەمەبەستی پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی تایبەت بە چەکدارانی نا نیزامی گروپە شیعییەکان یان هۆزە سوننیەکانی ژێر چەتری دەوڵەت”.

چەک… هێز و شانازیی

پارتە شیعییەکان کە لەگەڵ حزبە کوردی و سوننیەکاندا دەسەڵاتیان دابەشکردووە، بەم شێوەیەو لە١٣ی حوزەیرانی ساڵی رابردووەو لەکەشێکی “شەڕی چارەنوسساز”دا گروپی چەکداری پێکدەهێنن و لەنوسینگەکانیاندا پێشوازی لە خۆبەخشەکان دەکەن، هەرچەندە هەندێک لەگرنگترین گروپەکانی وەک عەسائیبی ئەهلی حەق پێشترو بەر لەفەتواکە بەکردار بەهۆی ئەو شەڕەی کە لەسوریا هەیە دامەزراندنی خۆی راگەیاندبوو، هەندێکیشیان لەساڵانی شەڕی ناوخۆدا شەریکێکی کارا بوون.

داواکاری خۆبەخشین لەژێر سایەی دروشمە ئاینییەکان و خواستنی میراتە عەقیدەییەکاندا دەخرانەڕوو، کە دیارترین مۆتیڤ و پاڵنەر بوو، گروپە چەکدارەکان بەمەبەستی راکێشانی خۆبەخشەکان پەنایان بۆ بردووە. لەبەغداو پارێزگاکانی باشوری عێراقدا ئاڵاو پەرچەمی زیاتر لە ٤٠ گروپ هەڵواسراون، هەموویان ناوەکانیان ئاماژەی مەزهەبیان لەخۆوەگرتووە، بەپێی لێدوانە فەرمییەکان ژمارەی چەکدارەکانیان دەگاتە ١٥٦ هەزار چەکدار، نزیکەی ١٠٠ هەزاریان مووچەکانیان لەدەوڵەت وەردەگرن.

بەڵام هاوکات پاڵنەرو مۆتیڤی دیکەش هەبوون، لەوانە خۆبەخشین سەبارەت بەهەرزەکارو لاوان هەلێکە بۆخۆدەرخستن لەنێو کۆمەڵگایەکدا تێیدا هێزی چەک لەرووی کۆمەڵایەتی و ئەمنییەوە خۆی دەسەپێنێت، بەشێوەیەک هەڵگرتنی چەک ئاماژەیە بۆ جوامێری و شانازی.

پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی رێگەنادەن زانیاری دەربارەی منداڵە خۆبەخشەکان بلاوبێتەوە، ئەوان بەفەرمی دان بەوەدانانێن بەهیچ شێوەیەک منداڵ لەبەرەکانی جەنگدا هەبێ، ئەگەر لەچەند حاڵەتێکی دەگمەنیشدا دان بەوەدابنێن کە لەمەشقەکانیاندا منداڵ بەشدار بووە، هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی تەنها لەپێناو پاراستنی ناوچەکانیانە لەهەر هێرش و پەلامارێکدا.

بەڵام ئەفسەرێک لە”لیوای ئەبو فەزڵی عەباس” کە گروپێکە لەحەشدی شەعبی، “شانازی” دەکات بەوەی گروپەکەیان پێش پێکهاتە چەکدارییەکانی تر توانیویەتی چەکداری منداڵ لەخۆوەبگرێت، وتی “لەلیواکەماندا شەهید هەیە تەمەنی ١٥ سالانی تێنەپەڕاندووە”. ئەو پێیوایە بەشداریپێکردنی منداڵ لەشەرەکاندا هاوشیوەی “ئیمامی حوسێن و منداڵەکانیەتی، ئەو کاتەی لەساڵی (٦١ی کۆچیدا) بەشدارییان لەشەڕی کەربەلادا کردو شەرەفی شەهیدبوونیان بەدەستهێنا”.

رەفتارە جیاوازەکان

حەشدی شەعبی قەوارەیەکی سەربازیی یەکانگیر نییە، بەپێچەوانەی ئەوەی کە لەدەزگاکانی راگەیاندندا باس دەکرێ، لەنێو گروپەکانیدا کێبڕکێیەکی زۆر هەیە لەسەر بەدەستهێنانی پاڵپشتی شیعەکانی عێراق، بێجگە لەهەبوونی ناکۆکی قووڵ لەنێوانیاندا لەبواری ئینتیمای عەقیدەیی و لایەنی پارەدارکردن و چەکدارکردن و ئامانجە سیاسییەکانەوە.

توێژەر محەمەد موسا زەیدی هێزەکانی حەشدی شەعبی دابەشدەکاتە سەر سێ کۆمەڵەی سەرەکی کە لەبارەی بەسەربازگرتنی منداڵاندا رەفتارو هەڵسوکەتی جیاوازییان هەیە، یەکەمیان سەر بەئێرانە، دیارترینیان “فەیلەقی بەدر”ە بەسەرکردایەتی هادی عامری و”عەسائیبی ئەهلی حەق” بەسەرکردایەتی قەیس خزعەلی، و”کەتیبەکانی حزبوڵلا” بەسەرکردایەتی ئەبو مەهدی موهەندیس، و “سرییەکانی خوراسانی”، و “نەجیبەکان” بەسەرکردایەتی ئەکڕەم کەعبی، و “کەتیبەکانی رەوتی ریسالی” بەسەرکردایەتی عەدنان شەحمانی.

زەیدی دەڵێت “ئەم کۆمەڵەیە لەبوارەکانی چەکدارکردن و رێکخستن و مەشق و راهێناندا بەهێزترینییانە، هەروەها لەشەڕی دژ بەرێکخراوی”دەوڵەتی ئیسلامی”دا لەهەمووان کاریگەرترە، بێجگە لەوەی تموحی سیاسی ئایندەیی هەیەو دەیەوێ جیاواز لەسوپای عێراقی مامەڵەیەکی تایبەتی سەربەخۆی لەگەڵدا بکرێت. لەبەرئەوە بەردەوام بوو لەفراوانبوونی بنکەکەی و بەسەربازکردنی زۆرترین ژمارەی خۆبەخشان بەهەرزەکارانیشەوە، هاوکات بەبەراورد لەگەڵ پێکهاتە چەکدارییەکانی دیکە مووچەی زیاتری دابەشدەکرد”.

دەربارەی کۆمەڵەی دووەم، زەیدی وتی “ئەم کۆمەڵەیە سەر بەپارتە شیعییە تەقلیدییەکانە، گرنگترینیان “سرییەکانی سەلام”ی سەر بەرەوتی صەدریی، و “سرییەکانی جیهادو بینا”و سرییەکانی عاشورا”و”سرییەکانی ئەنساری عەقیدە”ی سەر بە “ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی”، و کەتیبەکانی “غەزەبی حەیدەریی” و گروپی “لیوای شەبابی ریسالی” سەر بەحزبی فەزیڵە، و بەشداری ئەم گروپانە لەشەڕەکاندا سنووردارەو بۆ چەکداربوونیش پشت بەحکومەت دەبەستن ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی سنووردارە،”چەندین حاڵەتی بەسەربازگرتنی هەرزەکاران لەریزەکانیاندا دەستنیشانکراون، بەڵام بەشێوەیەکی کەمتر لە کۆمەڵەی یەکەم”.

دوایین کۆمەڵەش چەند گروپێکی هەواداری مەرجەعی بالا عەلی سیستانین و لەدوای راگەیاندنی فەتوای جیهادی کیفایەوە پێکهاتوون، نوسینگەو نوێنەرانی مەڕجەعەکە سەرپەرشتی دامەزراندنی ئەم گروپانەی کردووە، دیارترینیان “لیوای عەلی ئەکبەر”و “سرییەکانی عەتەبەی موقەددەس”و “سرییەکانی عەتەبەی حوسەینییە”و “کەتیبەکانی سەیدی شوهەدا”و بزوتنەوەی ئەنساروللای ئەوفیا”. ئەم گروپانە هیچ مەبەست و ئامانجی سیاسییان نییەو خۆیان داوەتە دەست حکومەت، بەوە جیادەکرێنەوە کەمتر لەدەزگاکانی راگەیاندن دەردەکەون و ژمارەی چەکدارانیان زۆرەو کەمتر چەکداردەکرێن، بەدەگمەن هەرزەکاریان تێدا بەدیدەکرێت”.

زەیدی پێشیوایە “ئامانج لەچەکدارکردنی هەرزەکاران لای هەندێک لەگروپەکان تەنها بۆ ریکلامە، ئەگینا هەموویان بەشی خۆیان چەکداری پیاویان هەیە”. هەروەها دەڵیت “بوونی منداڵ لەریزەکانیاندا وەک بەڵگەیەکی رەمزی وایە بۆ رۆچونە نێو قوڵایی شەقام، بێجگە لەوە بابەتێکە وەک ریکلام بۆ ئەوەی پێگەیشتوان هانبدات ببن بەخۆبەخش، ئەمەش لەو فیلمانەدا دەردەکەوێت کە گروپەکان بڵاویدەکەنەوە شانازی دەکەن چەکداری تەمەن بچوکیان هەیەو هەیانە کوژراویشن”.

بەر لەتۆ دەمرم

وێڕای ئەوەی “جیهادی کیفائی” کە دەقی فەتوای مەرجەعیەتی شیعییە راسپاردنێکی گشتگیران نییە، بەڵکو بەبەشداریکردنی کەسانی پێویست ئەرکەکە لەسەر خەڵکانی دیکە نامێنێت، بەڵام زۆر لەخانەوادەکان وەک فەرمانێکی پێویست بۆ هەموو ئەندامێکی رەگەزی نێر مامەڵەیان لەگەڵ کرد، هەروەک جەلیل عەبدولهادی(٥٢ساڵ) کەخانەنشینێکی دانیشتوی ناحیەی جەدوەلی خۆرئاوای کەربەلایە.

عەبدولهادی دەڵیت “لەغەزەبی خوا دەترسم ئەگەر رێگە لەهەر چوار کوڕەکەم بگرم پەیوەندی بەشەڕەکانەوە بکەن، یەکێکیان  ١٥ساڵ و یەکێکی تریشیان ١٧ ساڵیە. وتیشی “تەنانەت ئەگەر رێگریشیان لێبکەم، ئەوان خۆیان دوای بانگەوازەکە دەکەون و پەیوەندی بەسەربازگەکانەوە دەکەن”.

ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە “یوتوب”دا بڵاوبوونەتەوە، ئاشکرایدەکەن کە “چەکدارانی تەمەن منداڵ لەشەڕەکانی ناوچەکانی باکورو خۆرئاوای عێراقدا بەشداری دەکەن، هەروەها نەوجەوانی دیکەش وێنەکانیان لە پەیجە تایبەتەکانی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(فەیسبوک)دا بڵاودەکەنەوە کە لەبەرەکانی جەنگدا گرتویانن، هاوکات کەناڵە ئاسمانییەکان لەنێویاندا کەناڵی ئاسمانی عێراقییە دوودڵ نین لەبڵاوکردنەوەی چیرۆکی ئەو هەرزەکارانەی پەیوەندییان بەریزەکانی حەشدەوە کردووە.

خانەوادەی ئەبو عەلی لەناحیەی فەزیڵەی سەر بەقەزای شیوخ لەسنوری پاریزگای زیقاڕ(٣٥٠ کم باشوری بەغدا) نموونەیەکی روونی کەوتنەژێر کاریگەری گوتاری پارتە دینییەکانە، ئەوەتا لەتەک باوکێکدا کەتەمەنی ٣٨ ساڵە، کوڕە ١٥ ساڵییەکەیشی پەیوەندیکردووە بەکەتیبەکانی”حزبوڵلا”ی عێراقی.

ئەبو عەلی، کە لەناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٥ لەشەڕێکی قورسدا لەسنووری پاڵاوگەی بێجی بەسەختی برینداربوو، پێیوایە گوێڕایەڵی ئیمامەکانی مەزهەبی شیعە دەکات، بەوەی کە منداڵەکەی لەتەک خۆیدا دەجەنگێ”. لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانی لەسەر کوڕە هەرزەکارەکەی بوو کە لە مانگی نیسانی ساڵی ساڵی ٢٠١٥دا بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک لەتکریت کوژراوە.

ئەبو عەلی چەند هەڵوێستێکی مرۆیی بیردێتەوە کە لەبەرەکانی جەنگدا کۆیکردوونەتەوە، ئەویش کوڕەکەی بوو کە سوور بوو لەسەر ئەوەی زۆر لەباوکی دوورنەکەوێتەوە” ئەو بەگاڵتەوە پێیدەوتم بەر لەتۆ دەمرم باوکە، من ناتوانم لەدوای تۆ بەرپرسیاریەتی ماڵەوە لەئەستۆ بگرم”. ئەو لەبەردەمی ئێمەدا دووجار بەمشێوەیە وەڵامی دایەوەو هۆن هۆن فرمێسک لەچاوەکانیدا دەهاتەخوارێ”.

گوێڕایەڵبوون ئەرکە

وێڕای بێدەنگیی مێدیاکان لەپارێزگاکانی باشورو ناوەڕاستدا چەندین حاڵەتی پەیوەندیکردنی هەرزەکاران بەبەرەکانی جەنگ دووبارەدەبنەوە لەتەک باوکیاندا.

لەگەڕەکی میلادی دەروازەی باکوری شاری نەجەف، ١٦٠ کم باشوری بەغدا، کەگەڕەکێکی هەژارنشینە، ئافرەتێک خۆی و خانەوادە پێنج کەسییەکەی لەنێو خانوێکی سادەدا دەژین کە رووبەرەکەی ١٠٠ مەتری چوارگۆشە تێناپەڕێنێت، خانەوادەکەی پێنج کەسن، ٣ کچ و دوو کوڕ، پێشتر حەوت کەس بوون، باوکەکە ٤٣ ساڵ و کوڕێکی دیکەی بەناوی کەڕار ١٦ سالان بووەو پەیوەندییان بەریزەکانی “سرییەکانی سەلام”ی سەر بەرەوتی صەدرییەوە کردووەو لەیەکێک لەروبەڕوبوونەوەکانی چەکدارییدا لە فەلوجەی سەر بەپارێزگای ئەنباردا کوژراون.

دایکی کەڕار لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا نەبوو کوڕەکەی لەروبەڕوبوونەوە چەکدارییەکاندا بەشداربێ، وتی”کوڕەکەم منداڵ بوو، کێشی کەم بوو، لەو ئاستەدا نەبوو بەشداری لەشەڕدا بکات و روبەڕووی سەختییەکان ببێتەوە”. بەڵام “هاوسەری کۆچکردووم بۆ رازیکردنی کوڕەکەم پەنای بردۆتە بەر چیرۆکی شەڕە ناسراوو مێژوییەکەی کەربەلاو ئەو منداڵانەی شانبەشانی ئیمامی حوسێن جەنگاون”.

لەگەڵ ئەوەشدا دایکی کەڕار باوەڕی بەوە هەیە “گوێڕایەڵی مەڕجەعە شیعییەکان، ئەرکە”. لەوەش تێدەگات کە ویستی باوکی منداڵەکانی لەدەرەنجامی ئەو ئارەزووە بووە بۆ”پارێزگاریکردن لە ئەهلی شیعە لەدەست چەقۆکانی داعش کە بەردەوام هەڕەشەی سەربڕینی دەکرد”.

ئەمەش هەڵوێستی زۆر لەخانەوادەکانە، ئەوانەی هیچ کێشەیەک لەوەدا نابینن منداڵە هەرزەکارەکانیان وەک خۆبەخش پەیوەندی بەریزەکانی حەشدی شەعبییەوە بکەن و لەروبەروبوونەوەکانی دژ بەداعشدا بەشداری بکەن، تا ئەوکاتەی ئەرکێکە لەرووی “ئاینیی و کۆمەڵایەتیی”ەوەو لەسایەی بەردەوامی هەرەشەکانی رێکخراوەکە لەسەر وڵاتدا.

ترس لە”دوژمنێک کە هەمووان سەردەبڕێت و دەسوتێنێت و لەسێدارەدەدات” وەک کەشێکی زاڵ بەسەر ناوچە شیعەنشینانی بەغداو تێکڕای شارەکانی باشوری عێراق، بەس بوو بۆئەوەی هەزاران هەرزەکار لەریزی گروپەکانی حەشدی شەعبیدا ببن بەچەکدار، ئەو گروپانەی راسپێردراون روبەڕووی دوژمنێک ببنەوە کە پیشتر سوپای نیزامی لەبەرامبەریدا شکستی هێناوە، ئەم ژمارانە ئەگەرچی لەوانەیە لەگەڵ کەمبوونەوەی مەترسیی داعشدا کەمتربووبنەوە، بەلام هەرچەندێک بێ دواجار “ژمارەیەکی گەورەیەو مایەی نیگەرانییە”، لەگەڵ نەبوونی یاسایەک بۆ رێکخستنی کارەکانی حەشد و دانانی مەرجەکانی خۆبەخشین تێیدا، هەروەها بەبوونی چەند گروپێکی چەکدار پێیوابێ چەکدارکردنی منداڵان دەرفەتێکە بۆپتەوکردنی ریزەکانیان”. وەک توێژەر سەلیم هەمزە باسی لێوەدەکات.

هەمزە هۆشدارییدەدات لەوەی وێنەی “مندالە شەهیدکراوەکان”و چیرۆکی کەوتنیان لەبەرەکانی شەڕ، لەشەقامی عێراقیدا دەمێنێتەوە، تا ئەوکاتەی شەڕەکە دەگاتە قۆناغەکانی کۆتایی خۆی”. منداڵانێک هەن لەم بەرەیەدا وەک خۆبەخش بوون بەچەکدار، لەبەرەی بەرامبەریشدا منداڵی دیکە هەیە داعش چەکداری کردوون و بەزۆر لەشەڕەکاندا بەشدارییان پێدەکات… ئەوان لەهەردوولا شەڕدەکەن و دەمرن لەبەر هۆکارێک کە نازانن چییە”.

*****

دیارترین گروپە چەکدارییەکانی ناو حەشدی شەعبی: سەرایای سەلامی سەر بەرەوتی صەدر، رێکخراوی بەدر(باڵی سەربازیی)، کەتیبەکانی حزبوڵلای عێراقی، عەصائیبی ئەهلی حەق، بزوتنەوەی حزبوڵلای نەجیبەکان، کەتیبەکانی سەیدی شەهیدان، سرییەکانی جیهاد و بونیادنان، کەتیبەکانی رەوتی ریسالی، سرییەکانی خوراسانی، سرییەکانی عاشورا سرییەکانی عەتەبات، فەیلەقی وەعدی صآدق، لیوای ئەسەدوڵلای غائیب، کەتیبەکانی ئەنساری حوجە، لیوای قارعە، سرییەکانی زەهرا، سریەکانی ئەنساری عەقیدە، کەتیبەکانی غەزەب، بزوتنەوەی ئەبدال، لیوای مونتەزیر، کەتیبەکانی دەرعی شیعە، سوپای موختار و حزبوڵلای تۆڵەکار.

كانون الاول ديسمبر 2015

December 2015

لەم چەند گرتە ڤیدیۆیەدا منداڵ و هەرزەکارانی ناو حەشدی شەعبی دەردەکەون

https://www.youtube.com/watch?v=-nJsBRlxm78

https://www.youtube.com/watch?v=cQb-Onf8kDk

https://www.youtube.com/watch?v=IsFRkFMHQ3U

https://www.youtube.com/watch?v=6ctwWQBXYKQ

https://www.youtube.com/watch?v=nrKLnIhDh1E

https://www.youtube.com/watch?v=YMiTbWSp2tM

https://www.youtube.com/watch?v=x8sBxLHhxKY

https://www.youtube.com/watch?v=Xp-1yXTsFCc

http://hakaek.net/?p=20295

  • ئەم بەدواداچوونە بەهاوکاری تۆڕی رۆژنامەوانی بەدواداچوونی عێراقی(نیریج)و بەسەرپەرشتی رۆژنامەنوس کمي مولحم بەرهەمهاتووە.

بنکۆڵکاری

Investigations

بنکۆڵکاری","field":"name"}],"number":"1","meta_query":[[]],"paged":1,"original_offset":0,"object_ids":21479}" data-page="1" data-max-pages="1">