رابورت: سامان نوح
له‌كۆتا خاڵ كه به‌شی رۆژئاوای چیای شه‌نگال له‌و بیابانه جیا ده‌كاته‌وه كه به‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعشهوهبوو، خه‌جۆ ئیسماعیل، ژنێکی 70 ساڵ، لهچاوهڕوانیی بارهه‌ڵگرێكدا دانیشتبوو كه بیگوازێته‌وه بۆ ئەو دیو سنور‌و چونە ناو خاکی سوریا.
خه‌جۆ كه به‌ده‌سته له‌رزۆكه‌كه‌ی چاوه‌كانی ده‌سڕی، ده‌ڵێت “جارێكی‌تر چه‌ند رزگاربوویه‌ك هه‌ن كه گیانی گه‌لی ئێزیدی تا رۆژی دوایی هه‌ڵده‌گرن”.
كوڕه ته‌مه‌ن 30 ساڵانه‌كه‌ی خه‌جۆ كه ناوی مویهسهره، كه‌متر گه‌شبینه لهدایکیو كاره‌ساتی ئێزیدییه‌كانی له‌وه‌دا كورت كرده‌وه كه “ئه‌وانه‌ی ئهیانپاراستین سه‌ریان شۆڕكردینو به‌جێیانهێشتین بۆ ئه‌وه‌ی ڕوبه‌ڕوی تۆفان ببینه‌وه.. ئه‌و عهشایهرهشی به‌برای خۆمانمان ئه‌زانین خیانه‌تیان لێ كردین”.
خدر، هاوڵاتییەکی تری ئێزیدییە، بەدەم قسەکردنەوە خه‌ریكبوو له‌مه‌راقدا هه‌ره‌س بێنێت كاتێك ورده‌كاریی ئه‌و خهموژانو زووخاوهسكییهی ده‌گیڕایه‌وه كه به‌سه‌ر هاوشارییهكانیدا هاتووه “300 هه‌زار كچه ئێزیدییان خسته ته‌ڵه‌یه‌كه‌وه كه هیچ گه‌لێك پێشتر نه‌یدیوه، گونده‌كانمان بوونه قه‌سابخانه‌یه‌كی گه‌وره، له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه گه‌مارۆیان داین‌و سه‌رو ماڵ‌و شه‌ره‌فی ئێمه‌یان ده‌ویست.. هیچیترمان له‌به‌رده‌مدا نه‌بوو ئه‌م چیا سه‌خته نه‌بێت”.
چیای شه‌نگال دوا په‌ناگه بوو له‌و مه‌رگه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌كداره‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی هه‌ڵیكرد.. چیاكه بووه په‌ناگه بۆ رزگاربوون له‌و هێرشو غه‌زا یه‌ك له‌دوا یه‌كانه‌ی هه‌ڵیكرده سه‌ر ئه‌و گوند‌و شارۆچكه‌ی ئێزیدییانه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی لەلایەن دەوڵەتی خەلافەوە به “په‌رستنی شه‌یتان” تاوانبار بوون.. قوربانییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه له‌چه‌ند نمایشێكی كوشتاری به‌كۆمه‌ڵدا له‌قه‌برستانی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ردا ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كران به‌ده‌ستی چهكدارانێك كه هه‌رچییان به‌رده‌ست بكه‌وێت حه‌ڵاڵی دهكهنو هه‌ر ژنێكیان به‌رده‌ست بكه‌وێت ده‌یكه‌نه كه‌نیزه‌ك، به‌پێی قسه‌ی ده‌یان كه‌س له‌وانه‌ی له‌م كاره‌ساته به‌هه‌ر ده‌ردی سه‌رێك بووه رزگاربوون.
ئه‌م چیا بهردهڵانهی كه درێژییه‌كه‌ی 75 كیلۆمه‌تره‌و 30 هه‌زار خێزانی ئێزیدی له‌خۆ گرت، له‌ناو ئهشكهوتو رێگا‌و بانهكهیدا مهرگو تینوێتی‌و برسێتی زۆری بۆ سه‌دان كه‌س هه‌ڵگرتبوو كه له‌سه‌ربازه‌كانی بەغدادی هه‌ڵهاتبوون.. ئه‌وانه‌ی رێگەیان به‌خۆیاندا گه‌لێك كۆتایی پێ بهێنێت كه هه‌زاران ساڵه له‌نیشتمانی یه‌كه‌می خۆیدا نیشته‌جێیه.
قه‌ڵاچۆكردن له‌سه‌ر ئاوازی هه‌ره‌س‌و داڕمان
ئه‌مه هه‌مووی له‌چه‌ند كاتژمێرێكدا روویدا كه پێشمه‌رگه ده‌ستبه‌رداری بنكه‌و باره‌گاكانی خۆیان بوون‌و فه‌رمانیان لهسهركردهكانیانهوه بۆهات لهشهرێك بكشێنه‌وه كه نابهرابهرو نایه‌كسان ده‌هاته پێش چاو له‌گه‌ڵ سه‌دان چه‌كداری ده‌وڵه‌تی ئیسلامی كه پڕ چه‌ك بوون به‌و چهكو ته‌قه‌مه‌نییانه‌ی سوپای عێراق كه له 10ی حوزه‌یراندا ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو لەدهمی كۆنترۆڵكردنی موسڵ.
وه‌حید خه‌لیل كه ئێزیدییه‌كی به‌شداربووه له‌جه‌نگ ده‌ڵێت “دوای نیوه شه‌و خۆمان له‌ناو جه‌نگدا بینییه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه به‌بێ هیچ ئاگادارییه‌كی پێشوه‌خته له‌بنكه‌كانی خۆیان كشانه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌كه‌س بڵێن.. له‌كۆمه‌ڵگای سیبای شێخ خدر‌و كرزكی باشوری شه‌نگال ماوه‌ی زیاتر له‌چوار كاتژمێر جهنگاینو به‌ره‌نگارییمان كرد، به‌ڵام به‌هۆی كۆتاییهاتنی تهقهمهنییهوهو به‌هۆی به‌رده‌وامیی هاوه‌ن بارانكردنمانهوه ناچاربووین شوێنی خۆمان چۆڵ بكه‌ین‌و بڕۆین به‌لای رزگاركردنی خێزانهكانمانهوه”.
هه‌ندێ له‌پێشمه‌رگه‌كانی “هێزی پاراستنی گه‌ل”ی كوردی سوریا جه‌غت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه 700 چه‌كداری پێشمه‌رگه له‌خاڵی له‌نگه‌رگرتنی خۆیان كشاونه‌ته‌وه لهرهبیعهو ده‌وروبه‌ری شهنگالو په‌نایان بردۆته به‌ر خاكی سوریای سه‌ر سنور . ئه‌م گیڕانه‌وه‌یه پڕاوپڕ دێته‌وه له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی ئاواره ئێزدییهكانو ئه‌و گرته ڤیدیۆییانه‌ی كه كشانه‌وه‌ی چه‌كداره كورده‌كان پیشان ده‌ده‌ن به‌ره‌و سوریا بهتانكهكانیانهوه له‌كاتێكدا خه‌ڵك تكا ده‌كات به‌رده‌وام بن لهبهرگرییو شوێنی خۆیان چۆڵ نه‌كه‌ن.
له‌م دۆخه پڕ لهداڕمانو ههرهسهداو له‌كاتێكدا كه ده‌یان هه‌زار خه‌ڵكی ترسێنراو به‌ره‌و چیاكه هه‌ڵده‌هاتن، شه‌ڕو به‌ره‌نگاریی شتێكی مه‌حاڵ بوو، ده‌یان چه‌كدار له‌بناری چیای شه‌نگال كه به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا ده‌ڕوانێت بڵاو بوونه‌وه بۆ رێگرتن له‌ئه‌گه‌ری هه‌ڵكشانی چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌ره‌و چیاكه كه رێگه‌كانی پڕ بوون له‌خه‌ڵكی هه‌ڵهاتوو ئاواره‌ی شه‌كه‌ت‌و ماندوو.
خه‌لیل به‌رده‌وام دهبێتو ده‌ڵێت “به‌ر له‌سپێده‌ی به‌یان چاومان كه‌وت به تانك‌و ئوتومبیله‌كانیان كه پڕبوون له‌چه‌كی مامناوه‌ندو چوونه ناو شه‌نگاله‌وه، ئه‌مانه به‌هه‌ركه‌س گه‌شتن كوشتیان چ ئێزیدی‌و چ شیعه.. پاش چه‌ند كاتژمێرێك چه‌كه‌كانیان كۆكرده‌وه‌و گواستیانه‌وه‌و هه‌موو شتێكی به‌نرخیان تاڵان كرد كه ده‌ستیان پێ راگهشتو به‌ره‌و شارۆچكه‌كانی ته‌له‌عفه‌رو موسڵ بر‌دیانن”.
دوو رۆژ له‌دوای ئه‌وه‌ش تاڵانكاریی به‌رده‌وام بوو، ئه‌مه‌ش ئاماژهنمای ئه‌وه‌ی ده‌دا كه ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌شاره‌كه نامێنێته‌وه‌و پلان بۆ هه‌ڵهاتن داده‌نێت، به‌ڵام ئه‌مه له‌سه‌ر جووڵه‌ی هێزی پێویست‌و هێزی پێشمه‌رگه به‌ره‌و شاره‌كه وه‌ستابوو “ئه‌مه‌ش قه‌ت رووی نه‌دا”.
هه‌ڵهاتن له‌مه‌رگه‌وه بۆ مه‌رگ
هه‌ڵهاتنی به‌كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی شاره‌كه له‌ژێر گوشاری ترسی چەکدارەکانی خەلافەت، هیچ ده‌رفه‌تێكی نه‌هێشته‌وه بۆ بیركردنه‌وه له‌وه‌ی ئاواره‌و هه‌ڵهاتوو پێویستی به‌چییه له‌رێگای هه‌ڵهاتنی به‌ره‌و جێگه‌یه‌كی ئارام. زۆربه‌یان ئه‌وه‌یان بیر نه‌بوو چیاكه ئاوی تێدا نییه‌و سه‌رچاوه‌ی خۆراكیشی نییه.
خۆراك
ده‌خیل كریت ده‌ڵێت “له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ ههڵهاتینو هیچ ههستهوهرێكمان ئیشی نهدهكردو جگه لهقوتار بوون بیرمان له‌سه‌ر هیچیتر نه‌بوو، هه‌موو شتمان له‌بیر كرد، پاش چه‌ند كاتژمێرێك زانیمان له‌مه‌رگه‌وه هه‌ڵهاتوین بۆ مهرگێكیتر”.
وسی عیدۆ كه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌ل عوزێره‌وه چه‌ند خوله‌كێك له‌پێش هه‌ڵكوتانه سه‌ری، هه‌ڵهاتووه‌و پێنج رۆژ به‌پێ رێیكردووه تا گه‌شتوه‌ته سوریا، ده‌لێت “له‌ژێر بۆمب باراندا بوین‌و كه‌س بیری ئه‌وه‌ی نه‌بوو دهبهیك ئاو یان هه‌ندێ برنج‌و ئارد له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرێت.. نانه‌كه‌مان رۆژی یه‌كه‌م كۆتاییهات، سێ رۆژمان به‌بێ خواردن برده سه‌رو مه‌رگ له‌هه‌موو شت لێمانه‌وه نزیكتر بوو”.
“رۆژی یه‌كه‌م پڕبوو له‌هه‌ستی دژ به‌یه‌ك، ترس له‌مه‌رگ، سه‌رسوڕمان له‌گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه، ترس له‌وه‌ی به‌ڕێوه‌یه.. پرسیاره‌كان به‌دوای یه‌كدا ئه‌هاتن به‌بێ وه‌ڵام، چۆن ئه‌مه روویدا؟ كێ ماوه له‌شاره‌كه؟ كام له‌ئه‌ندامانی خێزان ده‌رباز نه‌بوون”. ئه‌مه قسه‌ی یاسر نه‌وافی چالاكوانی مه‌ده‌نی ئێزیدییه “هه‌ندێك هێزی پێشمه‌رگه‌یان تۆمه‌تبار ده‌كرد به‌وه‌ی فرۆشتویانن به‌داعش”.
رۆژی دووه‌م قه‌باره‌ی توڕه‌یی زیادیكرد به‌تایبه‌ت پاش بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی ئێزدییهكانو رفاندنی ژنه‌كانیان” له‌گه‌ڵ ده‌رككردن به‌وه‌ی ئه‌وان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی برسێتی‌و تینوێتیدانو پێشمه‌رگه هه‌موو ناوچه‌كه‌ی به‌جێهێشتووه بۆ رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌و ناوچه‌كه‌ش له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه گه‌مارۆی چیای شه‌نگالی داوه”.
پاش له‌تێپه‌ڕینی چه‌ند كاتژمێرێك به‌سه‌ر ده‌رنه‌كه‌وتنی رزگاركهرو وه‌ستانی ئیشكردنی هانده‌كانی مۆبایل له‌بێ شهحنیدا، خێزانه‌كان به‌شێوه‌ی گروپ‌و كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ به‌ش به‌ش بوون به‌سه‌ر ئه‌ملاولای چیاكه‌و ئه‌و بن ڕهمهنانهی كه تۆزێك سێبه‌ری ده‌كرد بۆ خه‌ڵكه‌كه تا بتوانن زیاتر به‌رگری بكه‌ن به‌رانبه‌ر مردن له‌كه‌شێكدا كه پله‌ی گه‌رمیی له‌رۆژدا 45 پله‌ی سه‌دیی تێده‌په‌ڕاند.
هه‌ندێك له‌شوێنی ئوتومبیله فڕێدراوهكاندا به‌دوای ئاودا ده‌گه‌ڕان له‌ده‌روازه‌كانی چیاكه، هه‌ندێكیش له‌كۆمه‌ڵێك بیری كۆن كه چه‌ندین ساڵه به‌كار نههاتوونو ههندێكیتریش له‌ناو ئهستێڵكو گۆماوی گه‌نیوو بۆنكردوودا سۆراغی ئاویان ده‌كرد.
ئه‌و رانه مه‌ڕانه‌ی به‌سه‌لامه‌تی گه‌شتبوون له‌ئێواره‌ی یه‌كه‌مدا سهربڕدرانو گۆشته‌كانیان به‌كاڵی خوراو هه‌ندێكیش كه‌مێك چیلكهو داریان ده‌سكه‌وت‌و برژاندیان. رۆژانیتر هه‌رچی گه‌نمێك ده‌ست بكه‌وتایه دهكوتراو ده‌كرا به‌ئاردو له‌گه‌ڵ ئاو ده‌كرا بهههویرو ده‌رخواردی مناڵه‌كان ده‌درا بۆ ئه‌وه‌ی پاروویه‌ك بڕواته گه‌ده‌ی برسییان.
رۆسته‌م رهمبوسی كه مامۆستایه‌كی سه‌ره‌تاییه، 26 كاتژمێر به‌پێ رێییكردووه له‌گه‌ڵ برا بچكۆلهكهیو دوو كچه‌كه‌یدا تا له‌گوندی خۆیه‌وه گه‌شتوه‌ته چیا “ئێمه هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ورییه‌ی چه‌كداره‌كانمان له‌سه‌ر بوو، له‌رێگای هه‌ڵهاتنمان بۆ چیا له‌دوو جێگه‌ی جیا حه‌وت ته‌رممان بینی”.
یه‌كه‌م شه‌و به‌شه‌كه‌تی گهشتینو به‌چنگه‌كڕێ شوێنی خۆمان دۆزییه‌وه، خه‌ڵكمان دی له‌سه‌ر زه‌وی رووت دانیشتبوون‌و راكشابوون، هه‌ر خه‌ڵك بوون‌و راكشابوونو كه‌س نه‌یده‌زانی نوستوون یان مردوون‌و ماڵئاواییان كردووه له‌ژیان.. ئێمه‌ش له‌نزیك خێزانێكه‌وه راكشاین كه بهپوشو په‌ڵاش ئاگرێكیان كردبوه‌وه.. دره‌نگانێكی شه‌و زریكه‌و ناڵه‌ی مناڵه برسی‌و ترساوه‌كان ئه‌و بێده‌نگییه‌ی ده‌شكاند كه باڵی به‌سه‌ر هه‌مواندا كێشابوو”.
رهمبوسی ده‌ڵێت “رۆژی پێنج شه‌ممه، كچێكی ئامۆزای خۆم دی مناڵه مردووه‌كه‌ی له‌به‌رده‌ستی خۆی دانابوو به‌كوڵ ده‌گریا به‌سه‌ریدا.. ناهه‌قی نه‌بوو به‌ر له‌وه‌ی ساڵێكی ته‌مه‌نی ته‌واو بكات دوا هه‌ناسه‌ی خۆیداو مرد، پاش چه‌ندین بێنهوبڕۆ قایلمان كرد به‌وه‌ی مناڵه‌كه به‌به‌رد دابپۆشین چونكه كه‌س توانای هه‌ڵكه‌ندنی گۆڕی نه‌بوو “.
له‌رۆژانی دوایی په‌نابه‌ره‌كان هه‌ر چاوه‌ڕوانی گه‌شتنی هه‌واڵی كردنه‌وه‌ی رێگای چیاكه بوون بۆ ده‌ربازبوون‌و به‌ته‌مای فڕۆكه‌ی فریاگوزاریی چاوه‌ڕوانكراو بوون، قسه‌كانیان هه‌ر ده‌رباره‌ی ئه‌و جێگه‌یانه بوو كه ده‌شێت ئاوی تێدا بێت له‌چیاكه له‌گه‌ڵ ژماره‌كردنی بێسهروشوێنو مردووه‌كانی خه‌ڵكی هه‌ڵهاتوو. له‌گه‌ڵ ئه‌م ماندوێتییه زۆره‌و نه‌مانی هێزو توانای رێكردن “نائومێدی رویكرده زۆرێك لهمناڵو پهككهوتهكانو ملیان كهچكرد بۆ مردن”.
به‌پێی سه‌رچاوه پهرلهمانیو میدیاییه‌كان كه ئاماری قوربانییه‌كانیان كردووه، به‌پێی وته‌ی ئاواره‌كانی چیاكه، له‌سێ رۆژی یه‌كه‌می ئاواره‌ییدا نزیكه‌ی 40 مناڵ‌و زیاتر له 27 کەسی بەتەمەن لهبرسێتیو تینوێتی‌و بێ ده‌رمانیدا مردوون.
له‌رۆژانی دواتریشدا ئه‌م ژماره‌یه زیادیكردو به‌قسه‌ی چهنگاوهرێكی چه‌كداری ئێزیدی كه ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك له‌ده‌وروبه‌ری مه‌زاری شێخ شه‌ره‌فه‌دینی پیرۆز لای ئێزیدییه‌كان بووه كه لهنزیكیدا ته‌رمی مردووه‌كان ده‌شاردرانه‌وه، له‌هه‌موو لایه‌كدا كۆما به‌ردی سه‌ر ته‌رم هه‌بوون كه له‌ژماره نه‌ده‌هاتن.. “خێزانێك نابینی كه پیرێك یان مناڵێكی نه‌مردبێ”.
لهچاوهڕوانیی فڕۆكه‌كاندا
به‌ر له‌كۆتایی هه‌فته‌ی یه‌كه‌می كه‌وتنی شهنگالو له‌گه‌ڵ زۆربوونی هه‌واڵی گه‌شتنی فڕۆكه عێراقییه‌كان كه خۆراك‌و ئاو‌و فریاگوزاری سه‌ره‌تاییان ده‌گه‌یانده سه‌ر چیا، هێزێك هاته‌وه به‌به‌ر ههڵهاتووهكاندا بۆ مانه‌وه‌و رزگاربوون له‌مردن. نایف كریت ده‌ڵێت “ئه‌وه هیوایه‌كی به‌خشی به‌خه‌ڵك، شه‌ش رۆژ به‌ته‌مای گه‌شتنی كه‌ره‌سته‌ی فریاگوزاریی بووین، زۆرێك مردن، به‌ڵام خێزانی من رزگارییان بوو، سه‌دان مه‌تر رامده‌كرد به‌دوای ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی فڕۆكه‌كان ده‌یانخسته خواره‌وه، ئیشاره‌تمان ده‌كرد بۆ فڕۆكهكانو به‌هه‌موو لایه‌كدا به‌دوایاندا رامانده‌كرد.. كه‌ره‌سته‌كان كه ده‌گه‌شتنه سه‌ر زهویو ده‌كه‌وتنه خواره‌وه خراپ دهبوونو ده‌شكان، به‌ڵام ژیانی هه‌زارانیان رزگاركرد”.
كریت ده‌ڵێت “به‌دوا یه‌كدا هاتنی گه‌شتنی فڕۆكه‌و بڕیاری ئه‌مه‌ریكی بۆ ده‌ستێوه‌ردان په‌تی رزگاربونی كۆتایی بوو “11 رۆژمان به‌سه‌ربرد، مناڵه‌كان وه‌كو گه‌ڵای پایز وهرینو به‌پێی خاوس به‌سه‌ر رێگا به‌رده‌ڵانه‌كاندا ده‌رۆشتن، هه‌ندێكیان له‌رێگادا نوستن‌و ئیتر به‌خه‌به‌ر نه‌هاتنه‌وه”.
كردنه‌وه‌ی رێگای رزگاربوون
پاش 7 رۆژ لهباڵادهستیی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌سه‌ر ته‌وای شهنكالدا جگه لهچیاكهی، چه‌كداره‌كانی لایه‌نگری پارتی كرێكارانی كوردستان توانیان رێگه‌یه‌ك بكه‌نه‌وه له‌روی رۆژئاوای چیاكه‌وه به‌رووی سوریادا، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی ره‌خساند بۆ زیاتر له 100 هه‌زار ئێزیدی تا رزگاریان ببێت”.
سه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی (په‌یه‌ده) ساڵح موسلیم ده‌ڵێت “پاش تێپه‌ڕینی كه‌متر له‌هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی رێگای چیاكه ده‌توانین باس له‌په‌ڕینه‌وه‌ی 100 هه‌زار مرۆڤ بكه‌ین بۆ ناو سوریا، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ش دووباره لهفیشخابوورهوه داخڵی عیراق بوونه‌وه، به‌ڵام 12 هه‌زاریان له‌ناو خێوه‌تگایه‌كی ناو سوریادا مانه‌وه”.
خدر دۆملی چالاكوانێكی ئێزیدییه، هه‌مان ئه‌م زانیارییه‌ی پشتڕاستكرده‌وه “هه‌زاران كه‌س ماون له‌سه‌ر چیا هێشتا چاوه‌ڕوانن كه‌سێك رزگاریان بكات، ناتوانین ژماره دیاریی بكه‌ین، هه‌یه ناتوانێ رێ بكات، هه‌یه نهخۆشو په‌ككه‌وته‌یه، هه‌یه نایه‌وێ بگه‌رێته‌وه‌و ئه‌یه‌وێ ببێته به‌شێك له‌و چه‌كدارانه‌ی ئێزیدی كه به‌چه‌كه سووكهكانیان به‌ره‌نگاریی داعش دهكهنو ناهێڵن له‌مه‌زاری شێخ شه‌ره‌فه‌دینی پیرۆز نزیك ببنه‌وه”.
سه‌رباری ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی كردنه‌وه‌ی رێگاكه ره‌خساندی بۆ 150 هه‌زار مرۆڤ كه ماوه‌ی دوو هه‌فته لهتهڵهزگهیهكی گه‌وره‌دا قه‌تیس بووبوون، پارێزه‌ر هادی خه‌ڵه‌ف كه یه‌كێكه له‌وانه‌ی بڕیاریداوه له‌چیاكه بمێنێته‌وه ده‌ترسێت ئه‌و رێگایه “سه‌ره‌تای كۆتایی ئێزیدییه‌كان بێت له‌خاكی خۆیان”و سه‌ره‌تای رێگایه‌كی پڕ له‌چه‌رمه‌سه‌ری بێت به‌ره‌و نادیار.
خه‌ڵه‌ف كه چه‌كی كڵاشینكۆفی به‌ده‌سته‌وه‌یه، ده‌ڵێت “ئێمه هه‌زاران ساڵه لێرهینو ناتوانین نیشتمانێكی نوێ بۆ خۆمان دروست بكه‌ین.. كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه خۆمان به‌ده‌ستی خۆمان ئه‌و پلانه جێبه‌جێ بكه‌ین كه بۆ قه‌ڵاچۆكردنی ئێمه دانراوه، كاره‌سات ئه‌وه‌یه كۆچ بكه‌ین‌و خۆمان راده‌ستی ئه‌و سوپایه بكه‌ین كه له‌تاریكایی بیابانه‌وه هاتوون”.
ئه‌م ده‌نگه‌ی خه‌ڵه‌ف له‌ناو ئه‌و ترس‌و تۆقهدا نابیسترێت كه چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت دروستیان كردوه‌و هیچ گوێگرێكی نییه له‌ناو هاوكێشه‌ی “كوشتن یان هه‌ڵهاتن” كه چه‌كداره‌كان لهشهنگالو چوارده‌وره بیابانهكهیدا به “یارمه‌تیی سه‌دان چه‌كداری هۆزه عهربییهكانی ته‌ماعكار لهتاڵانكاریی” سه‌پاندیان له‌كاتێكدا هیچ كۆمه‌كێكی پڕ چهككردنیئێزیدییهكان له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه نه‌بوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش كۆنترۆڵكردنی ئه‌م ناوچانه‌ی ئاسان كرد بۆ داعش.
ساری قادر كه تویژهرێكه دیمه‌نه‌كه به‌وه پوخت ده‌كاته‌وه “شه‌نگال به‌ته‌نها به‌جێهێڵرا به‌رانبه‌ر چه‌ند وه‌حشێكی برسی بجه‌نگێت كه هه‌رچی هاته رێگایان هه‌ڵیده‌لوشن، ئه‌م وه‌حشانه رۆژ له‌دوای رۆژ به‌هێزتر ده‌بن، به‌جۆرێك هه‌ڕه‌شه له‌هه‌موو ناوچه‌كه دهكهنو چیتر گهمارۆدانو كاری تاك بۆ زاڵبوون به‌سه‌ریاندا كه‌ڵكی نییه”.
• ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه به‌كۆمه‌كی تۆڕی رۆژنامه‌وانی الاستقصائیه ی عێراقی (نیریج) ئاماده‌كراوه.