ئه‌حمه‌د ریاز، ئه‌و گه‌نجه‌ى ماوه‌ى ساڵێكه به‌هۆى تێپه‌ڕاندنى ته‌مه‌نى یاساییه‌وه له خانه‌ى بێ نه‌وایان ده‌ركراوه، شوێنێكى له باخچه‌ى ئوممه‌ى ناوچه‌ى بابولشهرقى ناوه‌ڕاستى به‌غداى پایته‌خت كردووه‌ته جێگه‌ى حهوانهى خۆى. هه‌رچه‌نده ئه‌حمه‌د به پاره‌ى ئه‌و بتڵه ئاوانه ده‌ژى كه رۆژانه له نزیك گۆڕه‌پانى ته‌حریرى نزیك باخچه‌كه‌وه ده‌یانفرۆشێت، به‌ڵام پێى وایه حاڵى زۆر له نه‌بیل عه‌باسى هاوڕێى باشتره كه ئه‌ویش ماوه‌ى ساڵێكه له خانه‌ى بێ نه‌وایان وهدهرنراوهو ئێستا له زینداندایه‌و سزاى سێ ساڵ زیندانیى به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه به‌تۆمه‌تى ئه‌ندامێتى له “باندێكى دزینى ئۆتۆمبێل”دا.
نه‌بیل عه‌باس، دواى مانه‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ له سه‌ر شهقامهكانى به‌غدا، له بێ نهوایهكهوه بووه “دزێكى پرۆفێشناڵ”، كه‌سیش نازانێت دواى ته‌واوبوونى ماوه‌ى حوكمهكهىو ئازادكردنى چیى به‌سه‌ر دێت.
هاوكات پێده‌چێت ئه‌ركان محه‌مه‌دیش، كه دواى چه‌ند مانگێك له ده‌ركردنى له خانه‌ى بێ نه‌وایان ده‌ستگیركرا، هه‌مان چاره‌نوسى نهبیلى هه‌بێت. ئه‌ركان هه‌تا ئێستا نه‌یتوانیوه قه‌ناعه‌ت به ئه‌فسه‌رانى لێكۆڵینه‌وه بكات كه ئه‌وكاته‌ى له نێو “سهلاجهیهكى شكاو”دا له رۆژهه‌ڵاتى به‌غدا له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیركراوه، نیازى كرده‌وه‌ى تیرۆرستیى نه‌بووه به‌ڵكو دواى ده‌ركردنى له خانه‌ى بێ نه‌وایان، ئه‌وه ته‌نها جێگه‌ى حه‌وانه‌وه‌ى بووه.
ئه‌حمه‌د ریاز و نه‌بیل عهباسو ئه‌ركان محه‌مه‌دو زۆرى تریش، سه‌رجه‌میان “به زۆره‌ملێ بێ شوێن‌و ڕێ” كراون‌و قوربانیى سوربوونى حكومه‌تى عێراقین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ئه‌و یاسا كۆنه‌ى بێ نه‌وایان كه 28 ساڵى به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه. به‌پێى ئه‌و یاسایه هیچ كه‌سێك له سه‌روو ته‌مه‌نى 18 ساڵییه‌وه بۆى نییه له خانه‌ى بێ نه‌وایاندا بمێنێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دواجار بكه‌وێته سه‌ر شه‌قامه پڕ توندوتیژییه‌كانى شاره‌كانى عێراقیش، ئه‌و شارانه‌ى به‌پێى زۆرێك له راپۆرته‌كان به مه‌ترسیدارترین شاره‌كانى جیهان ئه‌ژمارده‌كرێن.
یاسایه‌كى “كۆن” بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كى هه‌میشه گۆڕاو
به‌پێى یاساى نه‌وجه‌وانانى ژماره 76ى ساڵى 1983، “بێ نه‌وا” ئه‌و كه‌سه‌یه كه ته‌مه‌نى له 15 ساڵ زیاتر نییه‌و له‌كاتى سواڵكردندا له شوێنه گشتییه‌كان ده‌دۆزرێته‌وه، یان به گه‌ڕۆكى كارێكى وه‌ك بۆیاخچێتى یان جگه‌ره فرۆشتن ده‌كات، یان هه‌ر كارێكى تر ده‌كات كه ده‌شێت ببێته هۆى لادانى. هاوكات یاساكه نه‌وجه‌وان به بێ نه‌وا داده‌نێت ئه‌گه‌ر شوێنێكى مانه‌وه‌ى دیاریكراوى نه‌بێت یان شوێنه گشتییه‌كانى كردبێته شوێنى حه‌وانه‌وه‌ى خۆى‌و نه‌یتوانیبێت به‌شێوه‌یه‌كى شه‌رعى بژێویى خۆى دابین بكات، یان به‌بێ پاساوێكى گونجاو ماڵى به‌خێوكه‌ره‌كه‌ى به‌جێهێشتبێت.
پسپۆڕانى یاسا‌و كۆمه‌ڵناس‌و توێژهرانو لایه‌نه فه‌رمییه په‌یوه‌ندیداره‌كان به پرسى بێ نه‌وایان، ره‌خنه‌ى توند له یاساى بێ نه‌وایان ده‌گرن كه ماوه‌ى 28 ساڵه ههموارنهكراوه، له‌كاتێكدا عێراق له ماوه‌ى سێ ده‌یه‌ى رابردوودا به زنجیره‌یه‌ك جه‌نگى یه‌ك له‌دواى یهكو ململانێ‌و گۆڕانكاریى ئابورى‌و كۆمه‌ڵایه‌تیدا تێپه‌ڕیوه.
توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى عه‌بدولڕه‌زاق سڵێمان، له‌و رووه‌وه ئاماژه به ئاستى بێده‌سه‌ڵاتیى حكومه‌ت دهكاتو پێى وایه “كه‌س هه‌ست به گرنگیى هه‌مواركردنى یاساى خانه‌ى بێ نه‌وایان ناكات”، له‌كاتێكدا ئه‌و یاسا “له‌رزۆكه”مان له رژێمى پێشوه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه، عه‌بدولڕه‌زاق له هه‌مان كاتدا وێنه‌یه‌كى بهرفراوانو مهرگهساتئامێزى دۆسیه‌ى بێ نهوایانى عێراق له كۆتایى ساڵى 2011دا ده‌خاته‌ڕوو.
ئه‌و توێژه‌ره باس له سێ جه‌نگى ماڵوێرانكه‌ر ده‌كات كه عێراق له ماوه‌ى ئه‌و 30 ساڵه‌دا پێیدا تێپه‌ڕیوه، یه‌كه‌میان (جه‌نگى یه‌كه‌مى كه‌نداو 1980 بۆ 1988) ده‌یان هه‌زار هه‌تیوو بێ نه‌واى لێكهوتهوه كه باوكیان له جه‌نگدا گیانى له‌ده‌ستداو كه‌س نه‌بوو سهرپهرشتیارىو به‌خێوكردنیان بگرێته ئه‌ستۆ، نه كهسوكاریانو نه داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ت كه ئه‌وكات سه‌رقاڵى جه‌نگ بوون “چونكه هیچ ده‌نگێك له ده‌نگى مه‌یدانى جه‌نگ به‌رزتر نییه!”. جه‌نگى دووه‌میش (جه‌نگى كوه‌یت 1990 بۆ 1991 و ئه‌و راپهڕینانهى به‌دوایدا هاتو چه‌ندین شارى عێراقى گرته‌وه) بووه هۆى گیانله‌ده‌ستدانى سه‌دان هه‌زار سه‌ربازى عێراقى‌و 300 هه‌زار هاوڵاتیى مه‌ده‌نى كه له‌لایه‌ن رژێمى پێشووه‌وه له‌سێداره‌دران وه‌ك له راپۆرتى رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هاتووه، ئه‌وه‌ش سه‌دان هه‌زار هه‌تیو و بێ نه‌واى لێكهوتهوه كه كه‌وتنه نێو گێژاوى داڕمانه ئابوورییه گه‌وره‌كه‌ى عێراق له نێوان ساڵانى 1991 – 2003 به‌هۆى ئه‌و ئابڵوقه ئابووریه‌ى كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌سه‌ر عێراقیدا سه‌پاندو بووه هۆى داڕمانى ژێرخانى ئابووریى عێراق‌و بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌ژارى له‌نێو زیاتر له 90%ى چین‌و توێژه‌كانى گه‌لى عێراقدا.
دوا جه‌نگیش، جه‌نگى سێیه‌مى كه‌نداو له ساڵى 2003، كه تێیدا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان عێراقى داگیركرد‌و زنجیره‌یه‌ك كرده‌وه‌ى كوشتن‌و راگواستنى تایهفىو ئاواره‌بوونى به‌دواداهات كه له دواى ساڵى 1948ه‌وه له جیهاندا هاوشێوه‌ى نه‌بووه.
دواجار ئه‌و توێژه‌ره ده‌گاته ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ى كه دۆسیه‌ى بێ نه‌وایان له عێراق دۆسیه‌یه‌كى مهگهساتئامێزهو پاشهاته‌كانى به‌و یاسا چه‌قبه‌ستووه چاره‌سه‌ر ناكرێت كه نزیكه‌ى 30 ساڵى به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه.
ئامار‌و ژماره‌ى دژیه‌ك
وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه تا ئێستا هیچ ئامارێكى ئه‌وتۆى نییه كه له‌ڕێگه‌یه‌وه ژماره‌ى راسته‌قینه‌ى بێ نه‌وایان بزانێت. وته‌بێژى وه‌زاره‌ت عه‌بدولزه‌هره هنداوى له‌لایه‌ن خۆیه‌وه نه‌بوونى ئه‌و ئامارانه ده‌گێڕێته‌وه بۆ دواخستنى به‌رده‌وامى سه‌رژمێری گشتیى دانیشتوان له عێراق، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌و ململانێ سیاسییانه‌وه كه په‌یوه‌ستن به دۆسیه‌ى سه‌رژمێرییه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه ماوه‌ى هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر رووخانى رژێمى پێشوودا تێپه‌ڕیوه.
دوا سه‌رژمێریى دانیشتوان له عێراق ساڵى 1977 ئه‌نجام دراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌نانه‌ت ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ش هیچ ئاماژه‌یه‌كى به بێ نه‌وایان تێدا نییه، به‌ڵام هنداوى پێى وایه رێگه‌ى نمونه‌یى بۆ دانانى پلانى راهێنانو چاره‌سه‌ركردنى كێشه هه‌میشه‌ییه‌كانى بێ نه‌وایان به زانینى ژماره‌ى راسته‌قینه‌یان ده‌ستپێده‌كات.
ناوبراو ره‌خنه له‌و راپۆرتانه ده‌گرێت كه له وه‌زاره‌تى پلاندانه‌وه “ژماره‌یه‌كى وههمىو ناڕاست”یان وه‌رگرتووه به‌مه‌به‌ستى سیاسى به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به بارودۆخى بێ نهوایانهوه هه‌بێت. رونیشیكرده‌وه كه به‌پێى ئه‌و راپۆرتانه كه وه‌زاره‌تیان كردۆته سه‌رچاوه، ژماره‌ى بێ نه‌وایان له عێراق له دواى رووخانى رژێمى پێشووه‌وه گه‌یشتۆته 500 هه‌زار كه‌س، ئه‌مه جگه له 5 ملیۆن بێ دایك‌و باوك و 5 ملیۆن بێوه‌ژن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هنداوى ئاماژه به‌وه ده‌دات كه ئه‌و ژمارانه له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كى باوه‌ڕپێكراوه‌وه پشتڕاست نهكراونهوتهوه.
توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى سه‌لام ئه‌عره‌جى به گاڵته‌جاڕییه‌وه ئامارى نێو ئه‌و راپۆرتانه به “ئه‌فسانه‌ى ژماره ملیۆنییه‌كان” ناوده‌بات، هه‌روه‌ك به هه‌مان شێوه له “ساویلكه‌یى” ئه‌و ژمارانه ده‌دوێت كه ده‌زگا حكومییه عێراقییه‌كان ئاماژه‌ى پێ ده‌ده‌ن، چونكه ناوبراو پێى وایه ناكرێت ژماره‌ى بێ نه‌وایان له وڵاتێكى وه‌كو عێراقدا له چه‌ند سه‌د كه‌سێك تێپه‌ڕنه‌كات له‌كاتێكدا ئه‌و وڵاته به‌سێ جهنگو ئابڵوقه‌یه‌كى ئابووریى دوورودرێژو ململانێیه‌كى تایهفهگهریى چه‌ند ساڵه‌دا تێپه‌ڕیوه.
ئه‌عره‌جى پێى وایه “ونبوونى بێ پاساوى” ئاماره‌كانى تایبه‌ت به بێ نه‌وایان وا ده‌كات كۆنترۆڵكردنى كێشه‌كه‌و هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌ركردنى مه‌حاڵ بێت، هه‌روه‌ك گومان ده‌كات له‌وه‌ى حكومه‌تى عێراقى جدى بێت له چاره‌سه‌ركردنى دیارده‌ى بێ نه‌وایان له‌كاتێكدا ئه‌و حكومه‌ته پێى وایه ژماره‌ى بێ نه‌وایان له عێراق له چه‌ند سه‌د كه‌سێك تێناپه‌ڕێت.
هاوكات به‌پێى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هه‌ردوو خانه‌ى بێ نه‌وایان له عێراق (خانه‌ى بێ نهوایانى كچان‌و خانه‌ى بێ نهوایانى كوڕان)، ته‌نها 62 بێ نه‌واى نێر و 47 بێ نه‌واى مێ له‌و دوو خانه‌یه نیشته‌جێن.
ئه‌عره‌جى ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه له‌نێوان ئه‌و دوو ئاماره جیاوازه‌و ئه‌و بۆشاییه گه‌وره‌ى نێوانیاندا ( 109 بێ نه‌وا به‌پێى ئاماره فه‌رمییه‌كان‌و 500 هه‌زار بێ نه‌وا به‌پێى هه‌ندێك له راپۆرته‌كان)، بێ نه‌وا راسته‌قینه‌كانى عێراق له بارودۆخێكى مه‌ترسیداردا ده‌ژین كه هه‌تا ئێستا حكومه‌تى عێراقى شكستى هێناوه له چاره‌سه‌ركردنى یان تێگه‌یشتنى به‌شێوه‌یه‌كى راست‌و دروست، داواشى له حكومه‌ت كرد “جارێ چاوه‌ڕوان بێت، هه‌تا بۆ خۆى ده‌بینێت چۆن دۆسیه‌ى بێ نه‌وایان ده‌روازه‌یه‌كى فراوانى توندوتیژى له داهاتووى عێراقدا ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر له ئێستادا كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌یه نه‌كات”.
توندوتیژى .. یه‌كه‌م ده‌رگاى ئاوه‌ڵا
سه‌فاى تازه‌پێگه‌یشتوو، كه دواى كوژرانى سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى له بۆردومانێكى هێزه‌كانى ئه‌مریكادا له فه‌لوجه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك سه‌ربازى عێراقییه‌وه ره‌وانه‌ى به‌غدا كرا، هێشتا به گومانه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌گه‌رى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ شارهكهىو گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو ئه‌و بارودۆخه‌ى واى له باوكى‌و دووان له مامه‌كانى كرد په‌یوه‌ندى به رێكخراوى قاعیده‌وه بكه‌ن.
سه‌فا كه شه‌ش ساڵى له چوارچێوه‌ى دیواره‌كانى خانه‌ى بێ نه‌وایاندا به‌سه‌ربردووه، دواى چه‌ند مانگێك ئه‌و خانه‌یه بهجێدههێڵێتو هه‌تا ئێستا نازانێت دواى ئه‌وه روو له كوێ ده‌كات.
مانه‌وه له سه‌ر شه‌قامه ترسناكه‌كانى به‌غدا هیچ مه‌ترسیى كه‌متر نییه له گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و فهلوجهیهى تێیدا باوك‌و مامه‌كانى، به‌ر له كوژرانیان، هاوشانى چه‌ندین گروپى چه‌كدارى ده‌جه‌نگان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یاساى بێ نه‌وایان ئه‌وه به‌سه‌ر سه‌فادا ده‌سه‌پێنێ كه خۆى به شوێن رێگه‌یه‌كدا بگه‌ڕێت.
به‌رپرسێكى دیارى فه‌رمانده‌یى پرۆسه‌كانى به‌غدا، كه دۆسیه‌ى ئه‌منیى شاره‌كه‌ى له ئه‌ستۆ گرتووه، پێى وایه بێ نه‌وایان هه‌تا ئێستاش مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ن له‌سه‌ر سه‌رتاپاى ژیان له عێراق، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى به مه‌سه‌له‌ى توندوتیژیى چه‌كدارییه‌وه هه‌بێت. ده‌ركه‌وتووه كه ژماره‌یه‌كى زۆر له بێ نه‌وایان له كرده‌وه‌ى توندوتیژییه‌وه گلاون، وه‌ك دانانى بۆمبى چێنراو و بۆمبى لكاو بۆ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى ده‌كرێنه ئامانج، یان چاودێریكردنى هێزه ئه‌منییه‌كانى نێو خاڵه‌كانى پشكنین بۆ زانینى ژماره‌یان، هه‌ندێكیان به بیانوى فرۆشتنى ئاو یان شیرینى گوێیان له سه‌ربازانى دهورییهكان گرتووه‌و هه‌ر زانیارییه‌كان ده‌ستكه‌وتبێت به پاره‌یه‌كى كه‌م گه‌یاندویانه‌ته گروپه چه‌كداره‌كان.
ئه‌و به‌رپرسه روونیشیكرده‌وه كه فه‌رمانده‌یى پرۆسه‌كان فه‌رمانی ده‌ركرووه به دوورخستنه‌وه‌ى بێ نهوایانو فرۆشیاره گه‌ڕۆكه‌كان له نزیك خاڵه‌كانى پشكنین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و رێوشوێنه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ناكات له‌كاتێكدا ئه‌وانه بوونه‌ته “ئامرازێك” كه ده‌كرێت به ئاسانى له‌لایه‌ن گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه به‌كاربهێنرێن.
ئه‌و به‌رپرسه ئاماده‌نه‌بوو ئاماژه به ژماره‌ى ئه‌و بێ نه‌وایانه بكات كه كارى چه‌كدارییان ئه‌نجام داوه یان تێیدا به‌شدار بوون، به‌ڵام دانى به‌وه‌دا نا كه زیاتر له 24 كه‌س له بێ نه‌وایان له چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا كوژراون كه به ویستى خۆیان ئه‌نجامیان داوه یان به‌بێ ئاگاى خۆیان جه‌سته‌یان به‌كارهێنراوه بۆ ئه‌نجامدانى ته‌قینه‌وه له ناوچه قه‌ره‌باڵغه‌كاندا.
بهپرسهكهى فه‌رمانده‌یى پرۆسه‌كان ئه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه چۆن رێكخراوى قاعیده به شێوازى جۆراوجۆر پێداویستیى منداڵانى بێ نه‌واى بۆ پاره قواستۆتهوهو له كرده‌وه‌ى ته‌قینه‌وه‌دا به‌كاری هێناون. یه‌كێك له‌و چیرۆكانه چیرۆكى سه‌عید بوو، ئه‌و بارهه‌ڵگره بچووكه‌ى پیاوێك داواى لێكردبوو چه‌ند عه‌لاگه‌یه‌ك میوه‌ى بۆ بگوازێته‌وه بۆ لاى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى له كۆتایى بازاڕه‌كه، سه‌عید له‌و كاته‌دا كه به دواى ئه‌و پیاوه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه له‌نێو خه‌ڵكه‌كه‌دا خۆى ون ده‌كات، ئه‌و ماده‌ى C4 هى له‌نێو له عهلاگهكاندایه ده‌ته‌قێته‌وه‌و پارچه‌كانى جه‌سته‌ى سه‌عید تێكه‌ڵ به پارچه‌ى جه‌سته‌ى چه‌ندین رێبوارى ناو بازاڕه‌كه ده‌كات.
رێكخراوه‌كه له ناوچه‌كانى دیكه‌ى عێراقیش هه‌مان رێگه‌ى به‌كارهێناوه، نوسهرى ئه‌م به‌دواداچوونه له چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى پۆلیسى پارێزگاى دیاله، هه‌وڵیدا چاوى به 14 منداڵى بێ نه‌وا بكه‌وێت كه له كرده‌وه‌ى چه‌كدارییه‌وه گلاون به‌رامبه‌ر به بڕێكى كه‌م پاره. به‌ر له گه‌یشتنى نوسهرى به‌دواداچوونه‌كه به چه‌ند كاتژمێرێك، ئه‌و منداڵانه بۆ زیندانى دیكه گوێزرانه‌وه به‌مه‌به‌ستى ره‌وانه‌كردنیان بۆ دادگا.
به‌پێى لێكۆڵینه‌وه‌كانى پۆلیس یه‌كێك له‌و منداڵانه به‌رامبه‌ر به ته‌نها 20 هه‌زار دینار (17 دۆلارى ئه‌مریكى) بۆمبێكى لكاوى له ئۆتۆمبێلى فه‌رمانبه‌رێكى خاوه‌ن پۆستێكى باڵادا داناوه كه ته‌قینه‌وه‌ى بۆته هۆى له‌ده‌ستدانى قاچێكىو له‌كاركه‌وتنى زۆربه‌ى ئه‌ندامه‌كانى له‌شى.
ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ منداڵه بێ نه‌واكان كردووه، وێنه‌ى ئه‌و منداڵه‌ى بیر نه‌چۆته‌وه كه له هۆش خۆى چووه كاتێك زانیویه‌تى ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌ى به‌رامبه‌ر به 10 هه‌زار دینار (7 دۆلار) گه‌یاندویه‌تى، ده‌بێته هۆى زیندانیكردنى بۆ ماوه‌ى نزیكه‌ى 7 ساڵ.
ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌ى “پیاوێكى نه‌ناسراو” داواى لێكردبوو بیگه‌یه‌نێته ده‌ستى خاوه‌ن دوكانێكى قوماش له‌وپه‌ڕى بازاڕه‌كه، بۆمبێكى چێنراوبووه له كارتۆنێكدا كه دواتر ته‌قیوه‌ته‌وه‌و بۆته هۆى كوژرانى خاوه‌ن دوكانه‌كه‌و برینداربوونى چه‌ند كه‌سێكى دیكه كه له ده‌وروبه‌رى بوون.
بێ نه‌وایان … و سه‌رۆكى بانده‌كان
جگه له به‌كارهێنانى بێ نه‌وایان له‌لایه‌ن گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه بۆ ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ى توندوتیژى، بێ نه‌وایان خۆشیان ده‌كه‌ونه ململانێوه له‌گه‌ڵ چین‌و توێژه‌كانى تر‌ى كۆمه‌ڵگا، ئه‌ویش له رێگه‌ى ئه‌و باندانه‌وه كه پێكى دههێننو به لێهاتوویه‌وه سه‌ركردایه‌تییان ده‌كه‌ن یان ده‌بنه ئه‌ندام تێیاندا.
تۆماره‌كانى پۆلیسى به‌غداد پڕن له دۆسیه‌ى ئه‌و باندانه‌ى كوشتن‌و دزىو پاره‌كێشانه‌وه كه له‌لایه‌ن بێ نهواكانهوه سه‌ركردایه‌تى ده‌كرێن.
زۆربه‌ى ئه‌و بێ نهوایانهى له‌لایه‌ن نوسهرى ئه‌م به‌دواداچوونه‌وه له زیندانى نه‌واجه‌وانان له به‌غدا بینران، به‌هۆى ئه‌ندامێتییان له بانده‌كانى دزىو گروپه چه‌كداره‌كاندا ده‌ستگیركراون، زۆربه‌یان ئه‌ندامى ئه‌و خێزانانه‌ن كه كاریان تاوان‌و دزىو توندوتیژى بووه‌و پاڵیان به منداڵهكانیشیانهوه ناوه بۆ گرتنه‌به‌رى هه‌مان رێگا. هه‌ندێكى تر له‌و تۆمه‌تبارانه به ویستى خۆیان ژیانى بێ نهواییان هه‌ڵبژاردووه به‌ڵام به وته‌ى ماجد حوسامه‌دین توێژه‌رێكى زیندانى نه‌وجه‌وانان، سه‌رجه‌میان قوربانیى ههژارىو بڵاوبوونه‌وه‌ى به‌رفروانى دیارده‌ى تاوانن كه له نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه ته‌شه‌نه‌ى سه‌ندووه.
به وته‌ى ناوبراو ترسناكترین ئه‌و باندانه‌ى له ماوه‌ى ساڵانى كۆتایى سه‌ده‌ى رابردوو هه‌تا رووخانى رژێمى پێشوو له نیسانى 2003 له به‌غدا سه‌ریان هه‌ڵداوه، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك گه‌نجى بێ لانه‌وه سه‌ركردایه‌تییان كراوه كه به‌رده‌وام له‌نێو راڕه‌وى بانكه حكومی‌و ئههلییهكانو بازاڕه‌كانى زێڕدا له‌كاتى ئه‌نجامدانى دزیدا یه‌كتریان كوشتووه.
دواتر زۆرێك له‌و باندانه كه‌وتنه پاكتاوكردنى یه‌كتر، ئه‌وانه‌ش كه له جه‌نگى پاكتاوكردنى جه‌سته‌یى رزگاریان بوو، خزانه نێو گروپه چه‌كداره‌كان یان میلیشیاكانهوهو له قۆناغى توندوتیژیى تایه‌فیدا، كه له ساڵى 2006 بۆ 2008 درێژه‌ى كێشا، بوونه خراپترین ئامرازى كوشتن. ئه‌و توێژه‌ره ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه له ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردوودا هه‌ر قۆناغێكى نائارامى هاتبێته پێشه‌وه، بۆته هه‌لێكى گونجاو بۆ ئه‌وه‌ى بێ نهوایانى لاو چالاكییه تاوانكارییهكانیان ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه.
ماجید حوسامه‌دین ئه‌وه‌ش باس ده‌كات كه چۆن له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى به‌هارى عه‌ره‌بى له سه‌ره‌تاى ساڵى رابردوودا، نرخى ئه‌و مقهستانه به‌رز بۆته‌وه كه تواناى شكاندنى قفڵى ئاسنینى گه‌وره‌یان هه‌یه، ئه‌وكات ئه‌و باندانه‌ى له‌لایه‌ن بێ نهواكانهوه سه‌رپه‌رشتى ده‌كران به ئاشكرا به نزیك دوكانى زهڕهنگهرو ته‌نانه‌ت بانكه‌كاندا تێده‌په‌ڕین له چاوه‌ڕوانیى هه‌ر پێشهاتێكى ئه‌منیدا كه به‌هۆى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه رووبدات، چونكه له عێراقدا هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك ده‌بێته هه‌لێك بۆ باندى بێ نه‌واكان بۆ ئه‌وه‌ى تۆڵه له كۆمه‌ڵگا بكه‌نه‌وه‌و ده‌ست به‌سه‌ر هه‌ر شتێك‌دا بگرن كه ده‌ستیان ده‌كه‌وێت.
بێ نه‌وایان .. هه‌رزانترین كاڵا له بازاڕى ئه‌ندامه مرۆییه‌كاندا
ئه‌فسه‌رى لێكۆڵینه‌وه له وه‌زاره‌تى ناوخۆ ره‌حیم لامى باسى له‌وه كرد كه له‌نێو 25 كه‌یسى بازرگانیكردن به ئه‌ندامه‌كانى له‌شى مرۆڤه‌وه 14یان له بێ نه‌وایان بوون كه ته‌مه‌نیان له 18 ساڵ كه‌متر بووه.
لامى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو كه زۆربه‌ى ئه‌و كه‌یسانه تایبه‌ت بووه به فرۆشتنى گورچیله‌ى كه‌سانى بێ نه‌وا كه له‌لایه‌ن باندى رێكخراوه‌وه له به‌غداو پارێزگاكانه‌وه ره‌وانه‌ى چه‌ند پارێزگایه‌كى دیكه كراون كه نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به نه‌خۆشییه‌كانى گورچیله‌یان تێدایه.
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌و رێوشوێنانه نه‌دا كه گرتویانه‌ته‌به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و دیارده‌یه، به‌ڵام باسى له‌وه‌كرد كه ژماره‌یه‌ك له‌و قوربانییانه‌ى گورچیله‌یان فرۆشتووه پاساویان بۆ كاره‌كه‌یان هێناوه‌ته‌وه‌و پێیان وابووه له‌ده‌ستدانى به‌شێك له جه‌سته به‌رامبه‌ر به چه‌ند هه‌زار دۆلارێك زۆر باشتره له له‌ده‌ستدانى جه‌سته‌و رۆح به‌هۆى تێوه‌گلان له كاره تاوانكارییه مه‌ترسیداره‌كان یان له برسا مردن.
لامى ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه گواستنه‌وه‌ى یه‌ك گورچیله نزیكه‌ى 25 ملیۆن دینار (22 هه‌زار دۆلار)ى تێده‌چێت، له‌و پاره‌یه‌ش كرێى نه‌شته‌رگه‌رى پسپۆڕ‌و تێچوونى نه‌خۆشخانه‌و كرێى نێوهندكارهكانى لێ ده‌رده‌كرێت، دواجار ئه‌وه‌ى بۆ “خۆبه‌خش”هكه ده‌مێنێته‌وه له 5 بۆ 6 ملیۆن دینار (5 هه‌زار دۆلار) زیاتر نییه‌و دواى ته‌واوبوونى ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش، “خۆبه‌خشه‌كه” سه‌رله‌نوێ ده‌گه‌ڕێـته‌وه بۆ سه‌رشه‌قام، به‌ڵام ئه‌م جاره به یه‌ك گورچیله‌وه.
“كۆیله”ى شه‌قامه‌كان
له نزیك ده‌رگا ره‌نگ شینهكهى خانه‌ى (یان زیندانى) كچانى بێ نه‌وا له به‌غداى پایته‌خت، چه‌ند پیاوێك به چرپه له‌نێو خۆیاندا قسه‌یان ده‌كرد، به‌ر له‌وه‌ى دواجار رێگه‌یان پێ بدرێت بچنه ژووره‌وه بۆ ئه‌و خانه‌یه‌ى كه ماوه‌ى دوو ساڵه (نه‌جات)ى كچیان تێیدا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات.
نه‌جات كه بابه‌تى مشتومڕێكى دورودرێژى نێوان به‌ڕێوه‌به‌رى خانهكهو كه‌سوكاره‌كه‌ى بوو، كه سه‌رجه‌میان جلوبهرگیى عه‌ره‌بیى ته‌قلیدییان له‌به‌ردا بوو، له ماڵى یه‌كێك له مامه‌كانى هه‌ڵهاتووه به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌رپرسانى خانه‌كه یان خۆى باسى هۆكاره‌كانى ئه‌و هه‌ڵهاتنه بكات. وه‌ك به‌رپرسى خانه‌كه وتى “مه‌سه‌له‌كه ههستیارو مه‌سه‌له‌یه‌كى عه‌شایه‌رییه به‌ر له‌وه‌ى هه‌ر شتێكى تر بێت”.
یه‌كێك له كه‌سوكاره‌كه‌ى نه‌جات چه‌ند قسه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ كرد به‌ر له‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پیاوه‌كانى تر بچێته ده‌ره‌وه‌ى خانه، هه‌روه‌ك بهڵێننامهیهكى له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى خانه‌كه به‌جێهێشت كه نه‌جات لاى خۆى بپارێزێت ئه‌گه‌ر راده‌ستى ئه‌و بكرێت.
به وته‌ى به‌رپرسى خانه‌كه، كه پێنه‌ده‌چوو ئه‌و بهڵێننامهیهى كه‌سوكاره‌كه‌ى نه‌جات هیچ دڵنهواییهكى پێ به‌خشیبێت، چیرۆكه‌كه‌ى نه‌جات زۆر له چیرۆكى كچه‌كانى دیكه‌ى خانه‌ى بێ نه‌وایان جیاواز نییه، به‌ڵام ئیداره‌ى خانه‌كه نایه‌وێت ئه‌و چیرۆكانه ئاشكرا بكات چونكه ده‌یه‌وێت نهێنیى ئه‌و كچانه بپارێزێت كه په‌نایان بۆ بردووه.
توێژه‌ر حه‌نان مسته‌فا پێى وایه چیرۆكى زۆربه‌ى كچه بێ نه‌واكان تا راده‌یه‌كى زۆر هاوشێوه‌یه، زۆربه‌یان له ماڵى كه‌سوكاریان ههڵهاتوونو په‌نایان بردۆته به‌ر پایته‌خت یان سه‌نته‌رى شاره‌كان، ئه‌ویش له ئه‌نجامى ئه‌وه‌ى به‌لاڕێدا براون یان تووشى لادانى ڕه‌وشتى بوون یان به‌هۆى ههژارىو مامه‌ڵه‌ى توندوتیژه‌وه. زۆربه‌ى جاریش تۆڕه‌كانى له‌شفرۆشى چاوه‌ڕوانیان ده‌كات هه‌تا بیانقۆزێته‌وه بۆ كارى له‌شفرۆشى یان كاركردن له یانه‌كانى شهوانو دواتریش ده‌ستبه‌رداریان ده‌بێت ئه‌گه‌ر ده‌ستگیركران‌و ره‌وانه‌ى چاكسازیى نه‌وجه‌وانان یان خانه‌كانى بێ نه‌وایان كران.
ئه‌و توێژه‌ره ئاماژه به‌وه ده‌دات كه مه‌ترسیى به‌لاڕێدابردنى كچانى بێ نه‌وا له‌سه‌ر ده‌ستى ئه‌و تۆڕانه، ته‌نانه‌ت دواى ده‌رچوونیشیان له خانه‌ى بێ نه‌وایان به‌رده‌وامه چونكه ئه‌وه‌ى له خانه‌ى بێ نه‌وایان بۆیان دابین ده‌كرێت شتێكى كه‌مه به به‌راورد به‌و جێگه‌و ڕێگه‌و پاراستن‌و پاره‌یه‌ى له فرۆشتنى جه‌سته‌یان ده‌ستیان ده‌كه‌وێت.
به‌رپرسى خانه‌ى بێ نه‌وایان له‌و باره‌یه‌وه باس له‌و هه‌نگاوه پێشكه‌وتووانه ده‌كات كه ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان گرتویانه‌ته به‌ر بۆ رێگرتن له هه‌ر لادانێكى كچه بێ نه‌واكان دواى ده‌رچوونیان له خانه. هه‌نگاوى یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه كه رێگه به‌وانه ده‌درێت كه‌ته‌مه‌نیان 18 ساڵه بۆ ماوه‌ى چوار ساڵى دیكه بمێننه‌وه (واته هه‌تا ته‌مه‌نى 22 ساڵى). پێده‌چێت ئه‌م چاره‌سه‌ره كاتییه‌ش بوار به‌و كچانه بدات له‌و ماوه‌یه‌دا كارێكى گونجاو بدۆزنه‌وه یان كێشه‌كه‌یان به پێكه‌وه‌نانى خێزان‌و هاوسه‌رگیرى كۆتایى بێت، یان به لایه‌نى كه‌مه‌وه له ته‌مه‌نى 22 ساڵیدا تواناى رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى پێداویستییه‌كانى ژیانیان زیاتر ده‌بێت.
ئه‌و به‌رپرسه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه جگه له‌و هه‌نگاوانه، به به‌رده‌وامى خولى راهێنان له‌لایه‌ن خانه‌ى بێ نه‌وایان یان رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه سازده‌كرێت كه تێیدا كچانى بێ نه‌وا فێرى دروومان یان كۆمپیوته‌ر ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ى كارێكیان ده‌ست بكه‌وێت كه له دهستكورتىو لادان بیانپارێزێت، هاوكات فێرى نوسین‌و خوێندنه‌وه دهكرێنو له‌لایه‌ن پسپۆڕانه‌وه وانه‌ى رۆشنبیرى‌و په‌روه‌رده‌ییان پێ ده‌وترێته‌وه.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى نه‌جلا حه‌سه‌ن پێى وایه ئه‌و خولانه‌ى بۆ بێ نه‌وایان ده‌كرێته‌وه، زیاتر “رۆتینییه”و وه‌ك به‌جێگه‌یاندنى ئه‌ركێك رێكدهخرێتو به‌شێوه‌یه‌كى كه‌م نه‌بێت كاریگه‌ریى له‌سه‌ر باشتركردنى كه‌سایه‌تیى بێ نه‌وایان نابێت.
له ماوه‌ى ئه‌و ساڵانه‌دا كه نه‌جلا له خانه‌ى بێ نه‌وایان كارى كردووه، “زۆر به ده‌گمه‌ن” كچێكى بێ نه‌واى بینیوه كه به‌هره‌یه‌كى تێدا بێت یان ئاماده بوبێت ههڵسوكهتى بگۆڕێت. زۆربه‌ى ئه‌و كچانه جگه له چیرۆكى سواڵكردن‌و به‌دڕه‌وشتى هیچ نازانن‌و زۆربه‌ى كات به چاڵ هه‌ڵكه‌ندن بۆ یهكترو شه‌ڕى توندوتیژو جنێودان به یه‌كترى به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
به‌ر له‌وه‌ى نوسهرى ئه‌م به‌دواداچوونه خانه‌ى بێ نهوایانى كچان به‌جێبهێڵێت، شه‌ڕێكى توند به دهستو به‌رد له‌نێوان ژماره‌یه‌ك له كچه بێ نهواكاندا له باخچه‌ى خانه‌كه‌دا دروست بوو، له‌و شوێنه‌ى ژماره‌یه‌ك مێزو جۆلانه‌ى لێ دانرابوو، كاتێكیش ژنه پاسه‌وانه‌كان په‌لامارى كچه‌كانیان دا بۆ ناوبژیوانیكردنیان، یه‌كێك له توێژه‌ره‌كان به گوێى نوسهرى به‌دواداچوونه‌كه‌یدا چرپاند كه “زۆربه‌ى ئه‌و كچانه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان په‌روه‌رده بوون‌و چه‌ندین ساڵیان له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامانه به‌سه‌ربردووه، ئێمه‌ش ترسمان هه‌یه ئه‌و رهوشتو هه‌ڵسوكه‌وته بگوازنه‌وه بۆ ئه‌و كچانه‌ى به‌هۆى بارودۆخى ئینسانییه‌وه په‌نایان بۆ خانه هێناوه”.
ترس له سبه‌ى
توێژه‌رى كۆمه‌لایه‌تى عه‌لى خه‌فاجى هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانى كه‌وتنه سه‌رشه‌قام له عێراق ده‌گێڕێته‌وه بۆ “ههژارىو بڵاوبوونه‌وه‌ى بێكارىو كاریگه‌ریى جهنگو په‌رتبوونى خێزان”، ئه‌مه جگه له “ئه‌و راگواستنه زۆرهملێیهى له ماوه‌ى ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ى دواییداو له‌كاتى ناكۆكییه تایهفییهكاندا له عێراق روویان دا”.
له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یدا، كه خه‌فاجى له‌سه‌ر 30 بێ نه‌واى خانه‌ى بێ نه‌وایان ئه‌نجامى داوه، بۆى ده‌ركه‌وتووه كه زیاتر له نیوه‌ى بێ نه‌وایان به باشى نوسین‌و خوێندنه‌وه نازانن، 60%یان یه‌كێك له دایكوباوكیان له‌ده‌ست داوه، هاوكات 26%یان هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كى داهاتیان نییه‌و خێزانى 56%ى ئه‌و بێ نه‌وایانه له خانوى كۆنى یه‌ك ژوورى یان دوو ژووری‌دا نیشته‌جێن له گه‌ڕه‌كه چینكۆكانى قه‌راغ شاره‌كان.
ئه‌و هه‌ژارییه‌ى كه خه‌فاجى به هۆیه‌كى سه‌ره‌كیى كه‌وتنه سه‌ر شه‌قامى ده‌زانێت، واى له (ئامال)ى ته‌مه‌ن 16 ساڵ كردووه له‌ماوه‌ى كه‌متر له دوو ساڵدا سێ جار بگه‌ڕێته‌وه بۆ خانه‌ى بێ نه‌وایان، ئه‌وه‌ش به‌هۆى هه‌ڵهاتنى له ژیانى خێزانه هه‌ژاره‌كه‌ى كه كاریان كۆكردنه‌وه‌ى بتڵى به‌تاڵى خواردنه‌وه گازییهكانو فرۆشتنهوهیانه.
ئامال باس له‌وه ده‌كات كه خێزانه‌كه‌ى له خانویه‌كى چینكۆى رۆژهه‌لاتى به‌غدا نیشتهجێبوونو هه‌ر جارێك به كه‌فاله‌تى خێزانه‌كه‌ى له خانه چوبێته ده‌ره‌وه، ناچار كراوه بوتڵى به‌تاڵ كۆبكاته‌وه یان سواڵ بكات، بۆیه ئه‌ویش ههڵدێتو په‌نا ده‌باته‌وه به‌ر خانه‌ى بێ نه‌وایان، لێره كه‌س داواى لێ ناكات نان بۆ خۆى په‌یدا بكات.
“لێره هه‌رچیم پێویست بێت بۆم دابین ئه‌كرێت، جێگاى خه‌وتن‌و خواردن‌و مامه‌ڵه‌یه‌كى باشتر له مامه‌ڵه‌ى خێزانه‌كه‌م”، ئامال ترسیشى له دواڕۆژ نییه چونكه ئه‌زانێت “له برساندا نامرێت”و “هه‌میشه بوتڵو قوتوى به‌تاڵ هه‌یه بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه”.
به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه قاسم كه گه‌نجێكى تر‌ى بێ نه‌وایه، ته‌واو تۆقیوه له رۆژانى دواى خانه‌ى بێ نه‌وایان. قاسم كه له‌كاتى گوێگرتن له گفتوگۆى نێوان به‌ڕێوه‌به‌رى خانه‌و نوسهرى به‌دواداچوونه‌كه‌دا چاوه‌كانى ده‌سوڕاند، شێوه‌ى دایك‌و باوكى خۆى بیر نه‌ماوه. جگه له‌وه‌ش هیچى ده‌رباره‌ى رابردووى خۆى بیر نه‌ماوه ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه به‌ر له چه‌ند ساڵێك وه‌ك كه‌سێكى ون له شارى به‌سره‌ى باشورى عێراق (590كم باشورى به‌غداد) دۆزراوه‌ته‌وه‌و به فه‌رمانێكى دادوه‌رى ره‌وانه‌ى خانه‌ى بێ نه‌وایان كراوه.
به‌ڕێوه‌به‌رى خانه‌ى بێ نه‌وایان نازانێت چیرۆكى قاسم چۆن كۆتایى دێت، چونكه بارودۆخى ده‌ره‌وه‌ى دیواره‌كانى خانه ته‌نانه‌ت بۆ گه‌نجێكى ئاساییش زه‌حمه‌ته، چ جاى كه‌سێكى وه‌كو قاسم كه به ده‌ستێكى گۆجو قاچێكى قورس كه به زه‌حمه‌ت به‌دواى خۆیدا رایدهكێشێتو چهناگهیهكى ناڕێكهوه له‌دایك بووه.
كه‌موكوڕییه‌كانى یاساى بێ نه‌وایان
به‌رپرسانى هه‌ردوو خانه‌ى بێ نه‌وایان، ئه‌و پسپۆڕ‌و توێژه‌رانه‌ى به‌شداریى ئه‌م به‌دواداچوونه‌یان كردووه، دادوه‌رو پارێزهرانو چالاكه‌وانانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى، پێیان وایه كێشه‌ى كه‌وتنه سه‌ر شه‌قام ده‌بێته مه‌ترسیدارترین كێشه كه هه‌ڕه‌شه له داهاتووى سه‌قامگیرى له عێراق ده‌كات، چونكه دواى داخستنى دۆسیه‌كانى توندوتیژیى په‌یوه‌ست به گۆڕانه سیاسییه‌كانى ئێستا، بێ نه‌وایان ده‌بنه سه‌رچاوه‌یه‌كى ستراتیژى بۆ بانده‌كانى تاوانى رێكخراو و بانده ئاساییه‌كان.
سه‌رجه‌م ئه‌و كهسو لایه‌نانه پێیان وایه ناكرێت هه‌مواركردنى یاساى بێ نهوایانو چاره‌سه‌ركردنى كهمو كوڕییه‌كانى له‌وه زیاتر دوابكه‌وێت، چونكه ئه‌وه هه‌نگاوى یه‌كه‌مه له‌سه‌ر رێگه‌ى چاره‌سه‌ركردنى دیارده‌ى كه‌وتنه سه‌ر شه‌قام.
پسپۆڕى یاسایى عه‌بدولوه‌هاب سائیغ ده‌ست ده‌خاته سه‌ر كۆمه‌ڵێك “كهمو كوڕیى ئاشكرا” كه له یاساى بێ نهوایانى عێراقدا هه‌یه.
یه‌كه‌م كهمو كوڕى ئه‌وه‌یه كه ته‌نها جێبه‌جێكردنى یاسایه‌كى كۆن كه له قۆناغ‌و سه‌رده‌مێكى ته‌واو جیاواز له ئێستادا دانراوه، خۆى له خۆیدا هه‌ڵه‌یه‌كه كه ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ چاره‌سه‌ر بكرێت. یاسا كۆنه‌كه له هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوودا دانراوه بۆ پاراستنى شێوه‌و “كه‌رامه‌تى” ده‌سه‌ڵاتى پێشووى عێراق له‌به‌رده‌م جیهانى ده‌ره‌وه‌دا، نه‌ك بۆ چاودێریكردنى بێ نه‌وایان، بۆیه ئێستا ئه‌و یاسایه هیچ بایه‌خێكى نه‌ماوه.
هاوكات ئه‌و پسپۆڕه یاساییه پێى وایه ناڕوونیى چه‌مكى “بێ نه‌وا” وایكردووه رێوشوێنى ناردنى بێ نه‌وایان بۆ خانه‌كان په‌یوه‌ست بێت به بۆچوون‌و “مه‌زاجى دادوه‌ره‌كان” خۆیانه‌وه، چونكه به‌پێى ئه‌و چه‌مكى “بێ نه‌وا”یه‌ى له یاساكه‌دا هاتووه، ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له ئێستادا ده‌توانێت نیوه‌ى منداڵانى عێراق ره‌وانه‌ى خانه‌ى بێ نه‌وایان بكات. ئه‌و ئاڵۆزییه‌ش له‌وه‌وه هاتووه كه بێ نهوایانى عێراق جیاوازن له بێ نهوایانى وڵاتى دیكه‌ى جیهان، به‌وه‌ى كه ته‌نها 5%یان خێزانیان نییه، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه خێزان‌و كه‌سوكاریان هه‌یه‌و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌توانێت ناچاریان بكات ئه‌و منداڵانه لهخۆبگرنو چاودێرییان بكه‌ن له‌جیاتیى ئه‌وه‌ى هه‌موو قورساییه‌كه بخرێته ئه‌ستۆى دهوڵهتو كۆمه‌ڵگا.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه سه‌رۆكى لیژنه‌ى ژنان‌و منداڵان له په‌رله‌مانى عێراق سه‌میره موسه‌وى پاڵپشتیى بۆچوونه‌كه‌ى عه‌بدولوه‌هاب سائیغ دهكاتو پێى وایه زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر شهقامنو مامه‌ڵه‌ى بێ نه‌وایان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، خێزانیان هه‌یه به‌ڵام خێزانه‌كانیان به‌كاریان ده‌هێنن بۆ پاره په‌یداكردن به‌شێوه‌ى جۆراوجۆر.
به بڕواى موسه‌وى ده‌بێت حكومه‌ت به‌رنامه‌ى تایبه‌ت جێبه‌جێ بكات بۆ باشتركردنى بارى ئابوریى چینه په‌راوێزخراوه‌كان له عێراق، له‌جیاتیى ئه‌وه‌ى هه‌مووان بخاته خانه‌ى بێ نهوایانهوهو هه‌لى كه‌مكردنه‌وه‌ى دیارده‌كه له‌ده‌ست بدات.
ژنه دادوه‌رێك له دادگاى نه‌وجه‌وانان وه‌ڵامى سائیغو موسه‌وى ده‌داته‌وه به‌وه‌ى دادوه‌ران زۆر به‌باشى ئاگایان له قه‌باره‌ى ئه‌و گۆڕانه‌یه كه كۆمه‌ڵگاى عێراقى له دواى ئابڵوقه‌ى ئابوریى نه‌وه‌ده‌كان‌و دواى ساڵى 2003 به‌خۆیه‌وه بینیوه، بۆیه هه‌میشه مه‌به‌ستیانه بڕیاره‌كانیان له به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌و كه‌سانه‌دا بێت كه به بێ نه‌وا تۆمه‌تبار كراون، ئه‌وانه‌ى بێ دایك‌و باوكن یان هه‌ژارن به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، یاساكه‌ش ته‌نها به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا جێبه‌جێ ده‌كرێت كه ته‌مه‌نیان له 15 ساڵ كه‌متره‌و به‌بێ ئاماده‌یى یه‌كێك له كه‌سوكاریان له شه‌قامه‌كاندا كار ده‌كه‌ن.
به وته‌ى ئه‌و دادوه‌ره، كه نه‌یویست ناوى ئاشكرابكات، ته‌نانه‌ت له‌م حاڵه‌ته‌ى دواییشدا نه‌رمى نواندن هه‌یه چونكه ئه‌وه له‌به‌رچاو ده‌گیرێت كه رێژه‌ى هه‌ژارى له عێراق 24%ى دانیشتوانى تێپه‌ڕاندووه، چونكه ده‌شێت ئه‌و كه‌سه‌ى وه‌ك بێ نه‌وا ده‌ستگیر ده‌كرێت، بۆ به‌خێوكردنى خێزانه‌كه‌ى ئه‌و كاره‌ى كردبێت نه‌ك به‌هۆى نه‌بوونى چاودێرییه‌وه كه‌وتبێته سه‌ر شه‌قام.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه دادوه‌ر سائیب عومه‌رى پێى وایه گه‌وره‌ترین كه‌موكوڕیى یاساى بێ نه‌وایان بریتییه له ناچاركردنى ئه‌و بێ نهوایانهى ته‌مه‌نى 18 ساڵیان تێپه‌ڕاندووه به به‌جێهێشتنى خانه‌ى بێ نه‌وایان، به‌بێ ئه‌وه‌ى له رووى كار یان فێركردنه‌وه ئاماده‌كرابن یان شوێنێكى نیشته‌جێبوونى گونجاویان بۆ دابین كرابێت كه بیانپارێزێت له‌و لادان‌و تاوانه‌ى له ده‌ره‌وه چاوه‌ڕێیان ده‌كات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارێزه‌ر حه‌سه‌ن شه‌عبان ئه‌و “پاشاگه‌ردانییه‌ى دۆسیه‌ى بێ نه‌وایان” ده‌گێڕێته‌وه بۆ كهمو كوڕییه‌كانى یاساكه‌و خراپیى جێبه‌جێكردنى، چونكه بێ نه‌وایان دواى ده‌رچوونیان له خانه له‌لایه‌ن هیچ داموده‌زگایه‌كى ده‌وڵه‌ته‌وه چاودێرى ناكرێن، له‌كاتێكدا كۆمه‌ڵگا به چاوێكى كه‌مه‌وه ته‌ماشایان ده‌كات.
به وته‌ى حه‌سه‌ن، ئه‌م پێكهاته ئاڵۆزه‌ى بارودۆخى بێ نه‌وایان له ده‌ره‌وه‌ى دیواره‌كانى ده‌وڵه‌ت، ده‌یانكاته ئامرازێكى گوێڕایه‌ڵ به‌ده‌ست رێكخراوه چهكدارهكانو بانده‌كانى دزییه‌وه، ته‌نانه‌ت دهشیانكاته پارویهكى ئاسان بۆ گروپ‌و كه‌سانى به‌دخو.
چاودێریى دواتر … یاسایه‌كى له‌كاركه‌وتوو
ژنه دادوهرهكهى دادگاى نه‌وجه‌وانان پێى وایه ده‌كرێت كه‌موكوڕییه‌كانى یاساكه چاره‌سه‌ربكرێت، ئه‌ویش به چه‌ند هه‌مواركردنێك كه بارودۆخى ئێستاى بێ نه‌وایان له‌به‌رچاوبگرێت، به‌ڵام كێشه‌كه ده‌گێڕێته‌وه بۆ جێبه‌جێنه‌كردنى یاساى (چاودێریى دواتر) له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌شێوه‌یه‌كى راست‌و دروست. ئه‌و یاسایه كه دوو بڕگه‌ى ته‌رخان كردووه بۆ ئه‌و بێ نهوایانهى ته‌مه‌نى یاساییان تێپهڕاندووهو هیچ شوێنێكى نیشته‌جێبوونیان نییه، “به یه‌كجارى لهكارخراوهو له‌وه ناچێت كه‌س به‌م زووانه كار بۆ چالاككردنى بكات”.
(چوارچێوه: یاساى چاودێریى دواتر، هه‌ردوو بڕگه‌ى 104و 105 بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى ئه‌و بێ نهوایانهى دواى گه‌یشتن به ته‌مه‌نى یاسایى، هیچ شوێنێكى نیشته‌جێبوونیان نییه. بڕگه‌ى 104 تایبه‌ته به دابینكردنى خانوو بۆ ئه‌وانه‌ى ماوه‌ى مانه‌وه‌یان له خانه‌ى بێ نه‌وایان ته‌واوكردووه‌و هیچ شوێنێكیان نییه كه رووى تێ بكه‌ن، بۆ ماوه‌یه‌ك كه له سێ مانگ زیاتر نه‌بێت. له‌كاتێكدا به‌پێى بڕگه‌ى 105 ،ئه‌گه‌ر له دواى ئه‌و سێ مانگه‌ش ده‌ركه‌وت كه نه‌وجه‌وان به ته‌واوى له چاودێریى خێزان بێ به‌شه، پێویسته له یه‌كێك له خانه‌كانى بێ نه‌وایان داڵده بدرێت).
به وته‌ى دادوهرهكهى نه‌وجه‌وانان هۆكارى له‌كاركه‌وتنى ئه‌م یاسایه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌میى ئه‌و خانه حكومییانه‌ى بۆ ئه‌و چینه ته‌رخان كراوه كه ژماره‌یان له دوو خانه‌ى بێ نه‌وایان تێپه‌ڕناكات‌و هه‌ردووكیان ده‌كه‌ونه به‌غداى پایته‌خته‌وه، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بارودۆخى ئه‌منیى هه‌ندێك ناوچه‌و داخستنى هه‌ندێك ناوچه‌ى دیكه به هۆكارى تایه‌فى، رێگه به توێژه‌رانى كۆمه‌ڵایه‌تى نادات سه‌فه‌ر بۆ ئه‌و ناوچانه بكه‌ن به‌مه‌به‌ستى چاودێریكردنى باوردۆخى ئه‌وانه‌ى خانه‌كانى بێ نه‌وایان به‌جێده‌هێڵن.
هاوكات به‌بۆچوونى پسپۆڕ‌و توێژه‌ران، بوونى ته‌نها دوو خانه بۆ بێ نه‌وایان له سه‌رانسه‌رى عێراقدا ته‌واو جێگه‌ى سه‌رسوڕمانه، گه‌ر ژماره‌ى دانیشتوانى وڵاته‌كه (33 ملیۆن)و ئه‌و بارودۆخه له‌به‌رچاوبگیرێت كه وڵاته‌كه‌ی پێدا تێپه‌ڕیوه له جهنگو كاره‌سات. بۆیه چاوپۆشى له پێویستیى دامه‌زراندنى خانه‌ى نوێ بۆ بێ نه‌وایان “كاره‌ساتێكى مرۆیى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌و ده‌بێت ده‌وڵه‌ت به‌ر له‌و كاره‌ساته بگرێت بۆ ئه‌وه‌ى ناچار نه‌بێت دواجار له به‌رامبه‌ر هه‌ر خانه‌یه‌كدا كه داینهمهزراندووه، سێ زیندانى نوێ دابمه‌زرێنێت”.
توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى عه‌بدولڕه‌زاق سڵێمان پێى وایه دامه‌زراندنى خانه‌یه‌كى بێ نه‌وایان بۆ كوڕان‌و خانه‌یه‌ك بۆ كچان له هه‌ر یه‌كێك له 18 پارێزگاكه‌ى عێراق، هیچ نییه به به‌راورد به‌و بودجه زه‌به‌لاحه‌ى عێراق كه ساڵانه له 80 ملیۆن دۆلار تێدهپهڕێتو بودجه‌ى ساڵى 2012ش كه پێده‌چێت بگاته 112 ملیار دۆلار.
ده‌سته‌به‌ركردنى هه‌لى كار، ده‌روازه‌یه‌ك بۆ رزگاربوون له كه‌وتنه سه‌ر شه‌قام
داواى سه‌ره‌كیى سه‌رجه‌م ئه‌و بێ نهوایانهى له‌لایه‌ن نوسهرى ئه‌م به‌دواداچوونه‌وه بینران، بریتیى بوو له “هه‌لى كارێكى شه‌ره‌فمه‌ندانه”.
بێ نه‌وایان بیر له‌و ده‌كه‌نه‌وه كه حكومه‌ت رۆژێك له رۆژان دواى ده‌رچوونیان له خانه‌ى بێ نه‌وایان كاریان بۆ بدۆزێته‌وه. هاوكات ژماره‌یه‌ك له‌و توێژه‌رو به‌رپرسانه‌ى له‌لایه‌ن نوسهرى ئه‌م به‌دواداچوونه‌وه بینراون پاڵپشتیى هه‌مان بیرۆكه ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌رپرسێكى حكومیى باڵا نیشانه‌یه‌كى پرسیارى گه‌وره ده‌خاته سه‌ر پێشنیارهكهو پرسیار ده‌كات كه ئه‌بێ حاڵى وڵاته‌كه چیى به‌سه‌ر بێت ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م خێزانه‌كان مناڵه‌كانیان بنێرنه سه‌ر شه‌قام به نیازى ده‌ستكه‌وتنى “كارێكى حكومى” له دوارۆژدا.
توێژه‌ر عه‌بدولڕه‌زاق سڵێمان پێشنیارى بیرۆكه‌ى دیكه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ جۆر و قه‌باره‌ى پرسى بێ نه‌وایان له عێراق بگونجێت وه‌ك گه‌شه‌پێدانى تواناى بێ نهوایانو پێدانى هاوكاریى كاتى یان كردنه‌وه‌ى پرۆژه‌ى به‌رهه‌مهێنانى بچووك كه ژماره‌یه‌ك له بێ نه‌وایان له‌خۆبگرێت، و تواناى ئه‌وه‌یان پێ بدات كه وه‌ك ده‌سته‌یه‌كى “به‌رهه‌مهێن” نه‌ك “مشه‌خۆر” سه‌رله‌نوێ تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵگا ببنه‌وه.
به‌بۆچوونى ئه‌و توێژه‌ره ده‌كرێت كارێكى له‌و شێوه‌یه بێ نه‌وایان، دواى ده‌رچوونیان له خانه، بپارێزێت له‌و لادانه‌ى له ده‌ره‌وه چاوه‌ڕوانیان ده‌كات. روونیشیكرده‌وه كه ده‌كرێت ده‌وڵه‌ت كارى زۆر به‌رفروان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بكات‌و مه‌سه‌له‌كه ته‌نها پێویستى به هه‌ندێك گرنگیپێدانو جدیه‌ت هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و دۆسیه مه‌ترسیداره.
كۆتاییه‌كان
باسل كه ماوه‌ى نزیكه‌ى ساڵێكه خانه‌ى بێ نهوایانى به‌جێهێشتووه، باس له‌وه ده‌كات كه دواجار توانیویه‌تى كارێكى ساده بۆ خۆى بدۆزێته‌وه‌و شوێنێكى نیشته‌جێبوونیشى ده‌ست كه‌وتووه به هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ پاسه‌وانى یه‌كێك له باڵه‌خانه‌كانى ناوچه‌ى بهییاعدا.
باسل پێى وایه حاڵى زۆر له‌و هاوڕێیانه‌ى باشتره كه له خانه‌ى بێ نه‌وایان دهرچوونو له ئێستادا له باخ‌و له ژێر پرده‌كاندا ده‌خه‌ون، به‌ڵام ئه‌وه‌ى باسل خۆى باسى نه‌كرد، توێژه‌ر عه‌بدولڕه‌زاق سڵێمان ئاشكرایكرد كه ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌و له‌و كاته‌وه كه چۆته خانه‌ى بێ نه‌وایان چاودێریى ده‌كات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پاسه‌وانه‌ى باسل له‌گه‌ڵیدا ده‌ژى “ناوبانگێكى خراپى هه‌یه”و پێده‌چێت “هۆمۆ سێكچواڵ” بێت ، ئه‌مه‌ش جێگه‌ى نیگه‌رانیى ئه‌و توێژه‌ره‌یه كه له دواڕۆژى باسلو سه‌دان بێ نه‌واى وه‌ك ئه‌و ده‌ترسێت كه ده‌سه‌ڵات ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه چاوپۆشیى لێ كردوون.
دوور له‌و 109 بێ نه‌وایه‌ى كه به‌ته‌نها خۆیان له‌لایه‌ن ده‌زگا فه‌رمییه‌كانى عێراقه‌وه سیفه‌تى بێ نه‌وایان پێ دراوه، بهبڕواى توێژه‌ر عه‌بدولڕه‌زاق سڵێمان دۆسیه‌ى بێ نه‌وایان زۆر له‌وه تاریكتره كه ده‌زگا حكومى‌و رێكخراوه مهدهنىو عهشایهرىو ئاینییه‌كانى عێراق ده‌ستیان بۆ بردووه.
ئه‌و توێژه‌ره به‌ده‌م سه‌یركردنى شاره چینكۆكانى ده‌وروبه‌رى به‌غداوه ده‌پرسێت، “بێ نه‌وا” كێیه. به‌پێى زانیاریى نێو ئه‌و راپۆرتانه‌ى به‌م دواییه بڵاوكراونه‌ته‌وه، نزیكه‌ى پێنج ملیۆن عێراقى له‌و خانووه چینكۆ رهقو ته‌قانه‌دا ده‌ژین كه هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كى تێدا نییه، هه‌موو بهیانییهكیش كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ منداڵانى ئه‌و ماڵانه ده‌كه‌ونه سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ كۆكردنه‌وه‌ى بوتڵو قوتوى به‌تاڵ یان سواڵكردن له‌سه‌ر سوچى شه‌قامه‌كان.
كاتێك نوسهرى ئه‌م به‌دواداچوونه گه‌ڕایه‌وه بۆ گه‌ڕان به شوێن ئه‌حمه‌د ریازى ئاو فرۆشدا، ژماره‌یه‌ك بێ نه‌وا كه تازه كه‌وتبوونه سه‌ر شهقامو له نزیك گۆڕه‌پانى ته‌حریر كۆببونه‌وه، پێیان راگه‌یاند كه ئه‌حمه‌د به‌ر له مانگێك له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م بێ نهواكانى ئو گۆڕه‌پانه ده‌ستگیر كراوه، ئه‌وه‌ش دواى ته‌قینه‌وه‌ى بۆمبێكى چێنراو كه كوژرانى چوار هاوڵاتیى مهدهنىو سێ پۆلیسى لێ كه‌وتۆته‌وه.
* ئه‌م به‌دواداچوونه به هاوكاریى كۆڕبه‌ندى به‌دواداچوونى عێراقى (نایریج) ئه‌نجام دراوه.
به‌دواداچوونى : میلاد جبورى
به‌سه‌رپه‌رشتیى: محه‌مه‌د روبه‌یعى
وه‌رگێڕانى: وه‌هاب عه‌زیز