تۆڕى (نیریج) یەکەم تۆڕى رۆژنامەوانیى بنکۆڵکارییە لە عێراق، بە هەوڵى دەستەبژێرێک لە رۆژنامەنوسانى پرۆفێشناڵى بەدواداچوون لە 9ى ئایارى ساڵى 2011 دامەزراوە. لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە کارى لەسەر دەستەبەرکردنى پاڵپشتیى تەحریرى و دارایى و راوێژکارى کردووە بۆ رۆژنامەنوسانى عێراقى تایبەتمەند لە بوارى بەدواداچوون بۆ ئەنجامدانى بەدواداچوونى چڕوپڕ کە پشت دەبەستێت بە گەڕان بە دواى راستییە بەڵگەدارەکان و سەرچاوەى جۆراوجۆرى پەیوەندیدار بۆ بەدواداچوونەکە بەکاردەهێنێت.
ئەرکى سەرەکیى نیریج، جگە لە ئەنجامدانى بەدواداچوونى رۆژنامەوانیى چڕ و پڕ، بریتییە لە باشترکردنى کارامەیى رۆژنامەنوسانى عێراقیى تایبەتمەند لە بوارى رۆژنامەنوسیى بەدواداچوون و کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەى کولتورى بەدواداچوون لە رۆژنامەنوسیى عێراقیدا، بۆ ئەوەى ببێتە ئامرازێکى چاودێرى بۆ دەستنیشانکردنى هەڵەکان و چاودێریکردنى کەیسەکانى گەندەڵى دارایى و ئیدارى و دەستنیشانکردنى هەر لادان و هەڵەیەک لە رەفتارى فەرمى و مەدەنى و ئەو پێشێلکارییانەى لە بەرامبەر چین و توێژە جۆراوجۆرەکانى کۆمەڵگاى عێراقیدا ئەنجام دەدرێن.
لەم رووەوە نیریج کاردەکات بۆ هاوکاریکردنى رۆژنامەنوسانى بنکۆڵکاریی لە عێراق بۆ هەڵبژاردنى راپۆرتى بەدواداچوونى چڕ وپڕى تایبەت بە کەیسەکانى گەندەڵى دارایى و ئیدارى و ئەو پێشێلکارییانەى لە کۆمەڵگادا بەرامبەر بە ژنان و منداڵان و چینە لاوازەکانى کۆمەڵگا پیادە دەکرێن لە کۆمەڵگایەکى وەک کۆمەڵگاى عێراقیدا کە گۆڕانێکى گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، هەروەها کاردەکات بۆ تەواوکردنى گریمانەى تایبەت بە راپۆرتى رۆژنامەنوسانى بوارى بەدواداچوون و گرتنەئەستۆى تێچوونى راپۆرتەکان لە وەرگێڕانى بەڵگەنامە و هاتوچۆ و مانەوە و تێستى تاقیگە و راوێژ و چاپ و پەیوەندى و سەرجەم ئەو پرۆسانەى بۆ ئەنجامدانى بەدواداچوونێکى چڕوپڕ پێویستن.
جگە لەوە (نیریج) سەرجەم قۆناغەکانى ئەنجامدانى راپۆرتەکە لە ئەستۆ دەگرێت، ئەوەش لە رێگەى سەرپەرشتیکردنى راستەوخۆى راپۆرتەکەوە و هاوکاریکردنى رۆژنامەنوسەکە بۆ تەواوکردنى بونیادى راپۆرتەکە و پێداچوونەوەى بۆ چەند جارێک و دواجار ئامادەکردنى و بڵاوکردنەوەى لە دەزگا راگەیاندنە عێراقى و عەرەبییەکان و وەرگێڕانى بۆ هەردوو زمانى کوردى و ئینگلیزى.
هاوکات (نیریج) لە پلانى ساڵانە و نیمچە ساڵانەى خۆیدا، کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنى هەلى راهێنان بۆ رۆژنامەنوسانى عێراقیى تایبەتمەند لە بوارى بەدواداچوون لە ناوخۆ و دەرەوەى عێراق و ئامادەکردنى کۆمەڵێک رۆژنامەنوسى دیار بۆ ئەوەى دواتر وەک سەرپەرشتیار یان راهێنەر لە تۆڕى نیریج کاربکەن.
نیریج لە رۆژى یەکەمى کارکردنییەوە کارى لەسەر چەسپاندنى کولتورێکى بەدواداچوونى پرۆفێشناڵ کردووە لەسەرجەم جومگەکانى کارى رۆژنامەنوسیدا لە عێراق، هەروەک دەخوازێت ببێتە خاوەنى شێوازێکى تایبەت لە بەدواداچوون کە ببێتە ئامرازێک بۆ پەردە داماڵین لەسەر راستییە شاراوەکان و دەرخستنى ئەو راستییانەى کە دواجار گۆڕانکارییەکى پۆزەتیڤ لە کۆمەڵگاى عێراقیدا بەدى دەهێنن.
نیریج کۆمەڵێک خزمەتگوزارى پێشکەش بە رۆژنامەنوسى عێراقى دەکات بۆ تەواوکردنى هەر راپۆرتێکى چڕ وپڕ کە پشت بە شێوازێکى پرۆفێشناڵانە دەبەستێت بەمەبەستى دەرخستنى راستییەکان بۆ جەماوەر:-
١. تێچوونى هاتوچۆ و مانەوە و تێچوونى دیکەى پێویست بۆ چاوپێکەوتنى سەرچاوەکان یان سەردانى ئەو پێگانەى بۆ بەدواداچوونەکە پێویستن.
٢. تێچوونى دەستکەوتنى بەڵگەنامە و چوونە نێو داتابەیسە عێراقى و عەرەبى و جیهانییەکان.
٣.کرێى سەرپەرشتیارانى راپۆرتەکانى بەدواداچوون.
٤.کرێى پسپۆڕێکى یاسایى بۆ هەڵسەنگاندنى راپۆرتەکە و دڵنیابوون لەوەى کە هیچ پێشێلکارییەکى یاسایى تێدا نییە بەر لەوەى لە دەزگاکانى راگەیاندندا بڵاوبکرێتەوە.
٥.دەستەبەرکردنى پاڵپشتیى یاسایى بۆ رۆژنامەنوس ئەگەر دواى بڵاوکردنەوەى راپۆرتەکە رووبەڕووى لێپرسینەوەى یاسایى بوەوە.
٦.وەرگێڕانى بەدواداچوونەکە بۆ هەردوو زمانى کوردى و ئینگلیزى و بە پێچەوانەشەوە.
٧.کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەى بەدواداچوونەکە لە دەزگا راگەیاندنە عێراق و عەرەبییەکان پێگەى (نیریج)دا.
٨.هاوکاریکردنى رۆژنامەنوسانى بوارى بنکۆڵکاریی بۆ ئەوەى بتوانن بە راپۆرتەکانیان بەشداریى پێشبڕکێ عێراقى و عەرەبى و جیهانییەکان بکەن.
٩.لەسەرو ئەوانەشەوە، نیریج بڕى 500 بۆ 750 دۆلار دەداتە ئەو رۆژنامەنوسەى بەدواداچوونەکە ئامادە دەکات، ئەوەش لە دواى دوو هەفتە لە بڵاوبوونەوەى.
تۆڕى رۆژنامەوانیى بنکۆڵکاریى عێراقى (نیریج) لەلایەن رێکخراوى پاڵپشتیى میدیاى نێودەوڵەتى (IMS)ەوە هاوکارى دەکرێت.